سێ تەمەن بەش دەکا...
حەکیم کاکەوەیس
هەندێ شت، لە سنووری عەقڵی مرۆڤدا مەحاڵن. من هەندێ جار داوای ئەو مەحاڵانە لە
خوا دەکەم: خوا، بە لای کەمەوە سێ تەمەنمان لەم دنیایەدا، لە سفرەوە پێ بدات. لە
یەکێکیاندا جوولەکە بین و لەوی تریاندا مەسیحی بین و لە سێیەمیاندا موسوڵمان بین.
ئەگەر خوا ئەوەمان لەگەڵدا بکا، من ئاوها بەشەرەکان دەبینم: ئەوەی ئێستا لە سەر
ئیسلام دەکوژێ و دەبڕێ و ناشارێتەوە... لە سەر جوولەکایەتیش لە تەمەنە
جوولەکایەتییەکەی خۆیدا، هەمان شت دەکات: کڵاوێکی بچکۆلە لە سەر دەنێ و دوو بسکی
شۆڕ بەردەداتەوە و بەرانبەر دیواری لێخۆشبوون، بە تەوراتەوە خۆ دەهەژێنێ... بەرەو
پێش و بەرەو پاش! لە سەر ئەستێرەی شەشپەڕ دەکوژێ و دەبڕێ! هەر وەها لە تەمەنە
مەسیحیایەتییەکەشیدا، لە سەر عیسا، کە بە کوڕی خوای دەزانێ هەمان شت دەکا! ئەگەر ئیسلامەتییەکەی
بە مەلایەتی تێپەڕێنێ و فەتوای سەرپەڕاندن بدا، جوولەکایەتییەکەشی بە حاخامەتی و
مەسیحیەتەکەی بە قەشایەتی دەگوزەرێنێ. خۆ ئەگەر ژیانی چوارەمیش وەک زەردەشتی
بگوزەرێنێ، دەبێ بە موغ. سەیر لەوەدا دەبێ لە هەر سێ چوار ژیانەکەیدا بەڵگەی گردەبڕ
و ئاسمانی بە دەستەوە دەبێ و بە هەمان توندوتیژییەوە هێرش دەبا و بەرگری دەکا و
کەسیش لە ترسی تەکفیرکردن ناوێرێ بڵێ لەل!. کەواتە لە سەر هەر ئاینێک بیت، هەر بە
ناوی خواوە قسە دەکەیت و خوداش لە هەموو بارەکاندا یەک خودایە.
خودا بۆچی مەودای ئەم پاشاگەردانییەی داوە؟ خۆی مەبەستێتی یا ڕەوتی ژیانی بەو
شێوەیە داڕشتوە؟ من پێم وایە خوا هەموو پێداویستییەکانی ژیانی بۆ بەشەر و غەیری
بەشەر لە سەر زەوی دابین کردووە و زەویشی لەو کەونەدا وەک دەنکەنۆک ڕەها کردووە...
ئیتر بەشەریشی وەک زەوی بەرەڵای سەر دەنکەنۆکەکە کردووە: بڕۆ چی دەکەی بیکە! چاک بکەی
بۆ خۆت چاکە و خراپ بکەیت بۆ خۆت خراپە! چاک و خراپ ڕێژەییە بەڵام کاری هەرە خراپ
ئەوەیە ئەو مەرجانە بشێوێنیت کە خوا بۆ ژیان دابینی کردووە.
منیش، ئێستا بۆ ئیسلام چۆنم، بۆ جوولەکایەتی و مەسیحیایەتیش، لەو دوو ژیانەی
تردا هەر وا دەبووم! خوا لەوە گەورەترە بە نوێژێک و تۆبەیەکی کاڵفامێک بخەڵەتێ!! خوا
لەوە گەورەترە لە سەر چاوبڕکێیەک سزای تۆ بدا و دەستخۆشی لە خەلیفەیەک بکا، بە
هەزاران جارییەی هەبێ و هەندێکیان بۆی بابدەن و هەندێکیان شەرابی بۆ تێ بکەن.
لەم سەردەمەدا، ئاین بۆ ئەوە بەکار دێنن مرۆڤی ناهەمواری زاڵمی پێ ڕتووش بکەن
و مرۆڤی چاکیش، لە سەر هەر باوەڕێک بێ، هەر چاکە و ڕتووشی مەلا و حاخام و قەشەی
نەگەرەک!! ئەی خۆ چاکیش ڕێژەییە! ئیتر لەوەیاندا هەق و ناگەق دێنە زمان... ئەدی
هەقیش ڕێژەیی نییە؟! با... باشتر وایە لە سەری نەڕۆم نەوەک لە ژیانی
جوولەکایەتیمدا بکەومە چاڵێکەوە و ئەو شێرانەی داودیان نەخوارد، من بخۆن... خوایە
بمبەخشە، هەر خۆت لە سەر هەقیت! ئەمسەر و ئەوسەری فەلسەفە و دین یەک شتم فێر دەکەن:
من لە تاو حۆرییەکانت ناتپەرستم! یەکێ هەیە حۆری من بێ! بە تەماحی بەهەشتیش
ناتپەرستم چونکە بەهەشتی من گوندەکەمە و وا تیایدا دەژیم! لە دۆزەخەکەشت ناترسم
چونکە دوو جار دۆزەخی بەعسم دیوە و نابەعسییەکانیش ئاگری دۆزەخیان لێ خستبووینە
کار! ئەنفالدیتە چۆن لە دۆزەخ دەترسێ؟ دەتپەرستم خوایە، چونکە تێتناگەم! وای لەو
کەسەی بە جۆرێ باسی خوا دەکا وەک ئەوەی نان و پیازی لەگەڵدا خواردبێ و بیر لەوە
نەکاتەوە حیکمەتی خوا لە پیازەکەشدا هەیە!