tisdag 27 maj 2014

شۆڕشمان کرد و لێبووینەوە



بە پێی سایتی ڕووداو، نووری مالکی گوتوویەتی: "بارزانی ئەگەر بە حكومەتەكەی من رازی نییە، با ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، لەنێو لایەنە كوردییەكاندا یەكێتی و گۆڕان هەن كە دێنە پاڵ حكومەتی من".
کەواتە یەکێتی و گۆڕان لە هەولێر، پێکەوە لەگەڵ پارتیدا حکوومەت پێکدێنن و شەریک و خەریکن، بەڵام لە بەغدا پارتی بڵێ سیر، یەکێتی و گۆڕان دەڵێن پیاز! هەر بەو پێیەش، ئەگەر خوانەخواستە پارتی لە بەغدا بە جددی داوای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بکا، ئەو دوو لایەنە کوردییە چیلکە دەخەنە بەر پێچکەی ١٤٠ و ڕێ نادەن جێبەجێ بکرێ! بەڵام کە بڕبڕەپشتی یەکێتی لە دەنگداندا ناوچە دابڕاوەکان بێ، چۆن سووک و ئاسان پشت لەو ناوچانە دەکا؟! ئەی بە قەرز ناترسێ؟!
کاتی خۆی، سەرۆکی پارتی دیموکرات ڕۆڵێکی زۆری لەوەدا هەبوو کە مالکی ئەو پۆستە لە بەغدا وەرگرێ، کەچی لە بری چاکە، وەک مار پێوەی دا. تۆ بڵێی لە بەختی یەکێتی و گۆڕان ئەو مارە تۆبەی کردبێ و بە یەکێتی و گۆڕانەوە نەدا!
من وای دەبینم ئەم جۆرە دابەشبوونە شەڕێکی ماڵوێرانکەری بە دواوەیە... دووریش نییە شەڕەکە لە دەوروبەری کۆتایی مانگی ئابدا ڕوو بدا. تۆ بڵێی ٣١ی ئابێکی تر، بە جۆرێکی تر بە ڕێوە نەبێ! بۆچی ٣١ی ئاب بۆ پارتی لە سەردەمی سەددامدا ڕووی دا و تێپەڕی، بۆ یەکێتی و گۆڕان، لە سەردەمی مالکیدا نەشێ و تێنەپەڕێ؟!
لە هەموو جیهاندا، سیاسەتمەداران وردبینن و چاویان تیژە، کەچی لە وڵاتی ئێمەدا کوێراییان داهاتووە و حۆل حۆل هەڵەی یەکتر دووبارە دەکەنەوە! ئەو دژایەتییەی ئەمڕۆ پارتی بەرانبەر بە مالکی دەیکا. دەبوو هەر ئەو ڕۆژە بیکردبا کە گوتی: "جرعفەری لە پێناوی کەرکووکدا کورسییەکەی دانا، بەڵام من لە پێناوی کەرکووکدا سەرم دادەنێم!". تۆ بڵێی ئەوەیان لێ نەبیستبێ! یا بیستیان و حیسابیان بۆی نەکرد! ئەی ئێستا دەیبیستن؟!
پێم وا بێ لە بری یەکگرتنەوەی پارچەکانی کوردستان، باشووری کوردستانیش لە سەر دەستی ئەم حیزبانە دەبێ بە سێ بەشەوە: تا دێگەڵە بۆ ئێران و لەوە بەولاوە، هەتا زاخۆ بۆ تورکیا... کەرکووکیش بۆ عارەبە سووننە چاوڕەشەکان دەبێ تا بەو دابەشکردنە ڕازی بن! ئەوەی عارەب گوتوویانە، لە سەدا سەد لە سەر ئێمەی کورد دەسەپێ: رجعنا بخفي حنين!... ئەرێ ئەو گوتەیە چۆن دەکرێ بە کوردی؟ من وای لێ دەکەم: بە ناخێری گیانمان، شۆڕشمان کرد و لێبووینەوە! حونەینیش، بە ناخێری گیانی پێڵاوی کڕی و لێبووەوە... ئەو لە جێی پێڵاو، حوشترێکی بە بارەوە لە دەست دا، ئێمەش هەموو شتێ!