onsdag 15 juli 2015

ڕەنج سەنگاوی دونگی مەڕەکانی هێنایەوە


ساڵی ١٩٦٣، لیوای چواری فیرقەی کەرکووکی سوپای عیراق، لە نزیکی گوندەکەمان (حەساری گەورە) بارەگای خستبوو. بەرپرسی لیواکە (عەقید خەلیل)ێکی موسڵاویی نوسخەیەکی تری زەعیم سدیقی بەری سلێمانی بوو. کە دڵدارییە بێئاکامەکەی نێوان شۆڕشی کورد و بەعسییەکانی ئەو ساڵە هەرەسی هێنا، لەشکرەکەی عەقید خەلیلیش، کە ئەو زستانە لەوێ خۆی مەڵاس دابوو و چاوەڕوانی فەرمانی هێرش بوو، وەخۆ کەوت و کەوتە تاڵانکردن و سووتاندنی ئەو گوندانەی دەوروبەر و یەکەم جار لە گوندەکەی ئێمەوە دەستی پێ کرد: لەگەڵ عارەبی حەویجەدا کەوتە تاڵانکردنی گوندەکەمان. یەکێ لە دەستکەوتەکانیان مێگەلە مەرێکی ماڵی باپیرم بوو کە گسکی لێ درا و عارەبی حەویجە بردیان و عەقید خەلیل بەشی خۆی لێ گل دایەوە.
بەڵێ هەموو کەس خەمبار بوو بەڵام مامم (خالید)، کە ئێستا لە ژیاندایە و لە کەرکووک دەژێ، لە هەموو کەس خەمبارتر بوو. ئەو چووە جێی سەربازگەکە و پاش ماوەیەک بە یەک گونیە دونگی مەڕەوە گەڕایەوە. کە گەیشتەوە، گونیەکەی دا بە عەرددا و گوتی: ئەوە دونگی مەڕی خۆمانە و لێمان حەرام نییە!
گۆشتی مەڕەکانیان خواردبوو و دونگەکانیان فڕەدابوو... ئەوجا وەرە بە دیار ئەو دونگانەوە خەفەت بخۆ! دەی خوا هەڵی نەگرێ، وەک هەڵی نەگرت!
من ڕێزم بۆ سەرمایەداری ئاسایی کورد هەیە کە بە بەقاڵی و پیشەی دەستی و دوکاندارییەوە دەست پێ دەکا و دەوڵەمەند دەبێ... ڕێزم بۆ کەسانی وەک (لاش ماگنوس ئێریکسۆن) هەیە کە یەکەم جار لە شوێنێکی ١٣ مەتری دوجا کارگەیەکی دانا و ئیدی پەرەی سەند تا بوو بەوەی توانای دەوڵەتێکی هەبێ، یا (ئینگڤەر کامپراد) کە لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە، بە قەڵەمفرۆشی دەستی پێ کرد و لە ئەنجامدا بوو بە خاوەنی ئەو (ئیکیا IKEA)یەی لە هەموو ئەوروپا و زۆر وڵاتانی جیهان لق و بەرژەوەندی هەیە و لە هەر شارێکی سویدیش لقێکی هەیە. بەڵام ڕێزگرتن و گێڕانەوەی ئیعتیبار بۆ دزان، ڕازیبوونە بە  گێڕانەوەی دونگەکان. یا وەک کورد دەڵێ: موویەکە لە بەراز!
لەو هەموو تاڵانی و ڕاوڕووت و ئاودیوکردن و فایلداری و دزی و کوشتن و بڕینەوە هاتە سەر ئەوەی لە بری خووێنی شەهیدان و ئاگری دڵی کەسوکاریان دەوری ١٧ ملیۆن دۆلاریان لێ ببچڕنەو! هەمان دونگی مەڕەکانە و خوا نەیبڕێ!
من دەستخۆشی لە کاک ڕەنج سەنگاوی دەکەم و هەست دەکەم ناخی دەکوڵێ، بەڵام با بە پاککردنەوەی لاپەڕەی پیسی بازرگانانی خوێن، چ هی ئەملا و چ هی ئەولا، لوقمە نانێک بۆ شەهیدان پەیدا نەکات، بەڵکو هەوڵ بدا دەستی دزەکان بۆ مێژوو ئاشکرا بکات و باسی مووچەی ئاسایی پێشمەرگە و شەهیدانە و خانەنشینی وەک ئەرکی سروشتی حکوومەت بەرانبەر بە گیانبەخشینی پێشمەرگە بکات و هۆکاری خۆکوشتنی پێشمەرگە لەقاو بدات!
ئەوەی بە کاک ڕەنجی دەڵێم، بە کەناڵی ڕووداویشی دەڵێم: بەڵێ کارێکی باشتان کرد بەڵام لەوە باشتر ئەوە بوو سەرچاوەی ئەو سامانانەیان پێ ئاشکرا بکەن! خۆ من دەزانم کار لە کار ترازاوە و دزان شکۆیان نییە تا شەرم بیانگرێ، بەڵام توخوا کارێ مەکەن منداڵی شەهیدان چاوەخواری ئەو سەرمایەدارە چاوچنۆکە ناڕەوایانە بن وەک ئێمە بۆ دەستکەوتنەوەی دونگی مەڕە تاڵانکراوەکانمان چاوەخواری لیوای چوار و عەقید خەلیل بووین!!


söndag 5 juli 2015

کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم


سەرم لەو خەڵکە سوڕماوە! تەنها دینەمۆی ڕق و ململانێی حیزبایەتی بەڕێوەیان دەبەن. پارتی، بە هەر نرخێک بێ دەیەوێ کاک مەسعوود سەرۆکی هەرێمەکەیان بێ، حیزبەکانی تریش بە ئامان و زەمان بە بێ بەرانبەر، بەوە ڕازی نابن. من پێم باشە لێیگەڕێن ئەو ئەرکانەی لە سەر شانین ئەنجامیان بدات و بە نیوەچڵی جێیان نەهێڵێ! ئاخر نە کوردستانی کردووە بە وڵاتێکی سەربەخۆ و نە ماددە دوابڕاوەکەی ١٤٠ی بە بەغدای جێبەجێ کردووە و نە نەداری و هەژاریی خەڵکی چارەسەر کردووە و نە دز و گەندەڵ و فایلدارەکانی سزا داوون! واز لە وێرانبوونی بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و زمانی کوردیش بێنە! ئەگەر ئێستا دەست هەڵگرێ و بکشێتەوە، سبەی پێی دەڵێن ئەرکەکانی جێبەجێ نەکرد و خۆی دەوڵەمەند کرد و وڵاتێکی بەو هەموو قەیرانەوە ڕادەستی خەڵکانی تر کرد!
دەبینم حیزبایەتی چۆتە قاڵبی عەشرەتبازییەوە و زەلامی ئەم عەشرەت، ناتوانێ دانی خێر بە هیچ شتێکی ئەو عەشەرەتی تردا بنێ و بڵێ: خوا هەقە ئەو کارەی چاکە! وەنەبێ تەنها یەکێ لە حیزبەکان وا بێ و ئەوانی تر وا نەبن. هەموویان، دەڵێی لە یەک مێینە کەوتوونەتەوە، یا وەک لە سلێمانی دەڵێن: یەکتریان بە دەم داناوە! هۆکاری ئەو هەموو قڕەوبڕە و ململانێیانەش تەنها یەک شتە: نەبوونی هەستی نەتەوەیی! واتە حیسابنەکردن و نەخوێندنەوەی بەرژەوەندی کورد و نیشتیمانی کورد! هەموو سەرکردەکان، چەند بە ئاسانی شەڕ لە دژی یەکتر بەرپا دەکەن و بە دەم شانازییەوە کوڕی خەڵکی دەکوژن و بە کوشت دەدەن، ئاوهاش بە ئاسانی ئامێز بە دڕندەترین دوژمنی کورددا دەکەن و وەک دۆستی کورد لە قەڵەمی دەدەن! دیارە سیاسەت وایە و ئەو خەڵکە لێی نازانن!
لە لایەکی تریشەوە، وەک بڵێی کاک مەسعوود بارزانی، ئەگەر لە پارتی دوور بکەوێتەوە، ئیتر کەسی نامێنێ و بێپشتوپەنا دەمێنێ! ئاخر ئەگەر جەنابت سەرۆکی کوردیت، دە کارێکی وا بکە خەڵکی دەرەوەی پارتیش هەست بکەن سەرۆکیانیت! ئەوەی بۆ هەوادارانی پارتی دەیکەیت بۆ دژە پارتییەکانیش بیکە! کەسی ناپارتی هەست بەوە ناکات سەرۆکێک هەیە لە کاتی لێقەوماندا پەنای بۆ دەبات یا لەو گەرداوەی کوردی تێکەوتووە فریای دەکەوێ... ئەوجا ئەو ئەرکانەی کە لە سەر شانی سەرۆکن و چاوەڕوانی جێبەجێکردنن، بنمیچێکی زەمەنییان نییە؟. کاتێ جەنابت بووی بە سەرۆک، کوڕێکی من منداڵ بوو و ئێستا وا ڕدێنی سپی کردووە بەڵام نە کوردستان بوو بە دەوڵەت و نە ماددەی قوماری ١٤٠ وەک دومبەڵە تەقییەوە! مردنیش لە ڕێی هەموومانە... چۆن بەو هەموو ئەرکە جێبەجێ نەکراوانەوە لە حزووری خوادا دەوەستیت؟
مایەی سەروەرییە مرۆڤی کورد ئەو شەرەفەی بەر بکەوێ کە پشکی لە سەربەخۆیی کوردستاندا هەبێ... ئەی ئەگەر بوو بە لەمپەر لە بەردەم ئەو سەربەخۆییەدا چی پێ دەبڕێ و چی پێ دەگوترێ؟! کابرایەکی عارەب، لە بیرم نییە کێیە، گوتوویەتی: جیاوازی ئێمە و ڕۆژاوا ئەوەیە ئەوان هاوکاری ناسەرکەوتووی خۆیان دەکەن تا سەرکەوتوو بێ و ئێمە هەوڵی تێکشکاندنی سەرکەوتووی خۆمان دەدەین! لە بواری ڕزگاریخوازیدا کێ سەرکەوت تا وەک ڕۆژاواییەکان پشتی بگرین؟! کەس!
لای ئیسلامییەکانیش، گرنگ حۆرییە جا کێ سەرۆک دەبێ یا نابێ، قیر بە فەقیر! بەڵام تۆ بڵێی خوا تەنها چاوی لەوە بێ کڕنۆشی بۆ بەرن و هیچی تر!! ئەی ڕەفتار و ئەتوار و ئەخلاق و نیشتمان؟ ئەی خیانەت لە خاک و نەتەوە؟! هەموو مەسەلەکە، دین و خواپەرستی و کوردایەتی و هەرچی هەیە و نییە لای هەندێ لەوانە تەنها حور و غیلمانە! دەی سا خوا جەزای ئەو بێموبالەتییەتان بەرانبەر کورد بەوە بداتەوە، لە بری ٧٢ حوور، ٧٢ پیاوی ڕەشپێستی واتان بە نسیب بکات، چی ناشێ پێتان بکەن! یەکێ دەڵێ دەبێ پشتی سەرۆک بگرین ئەگەر ناهەقیش بکا، یەکێ دەڵێ ناتوانم بە داعش بڵێم لادەر! یەکێ دەڵێ جیماع لەگەڵ ژنی مردوودا جایزە و یاکێ دەڵێ خوارنی گۆشتی ژن و نوێژنەکەر جائیزە! ئەوانە لە نێوان خۆشیاندا حەفتا تیرەن و ئێمەی ئوممیش نازانین کامیان ڕاستە! چار نییە هەر دەبێ بڵێین ئامین!
من پێشنیازێک دەخەمە بەر دەمی کاک مەسعوود بارزانی: یا دەست لە سەرۆکایەتی (هەرێم) هەڵگرێ یا واز لە سەرۆکایەتی پارتی بێنێ. ئەگەر هیچ کام لەو دووە نەکات، لایەنگری لە دەرەوەی پارتیدا نابێ یا کەم دەبێ. خۆ هەموو دنیاش پارتی نییە! هیوادارم گرەویشی لە سەر ئەوە نەکردبێ خەڵکی دەرەکی پشتی دەگرن، چونکە هەزار گۆزە و دیزەمان لەو ڕێیەدا بە شکاندن داوە و هیچیشمان بە هیچ نەبوو!
ئەوەتا دوادەستکەوتمان وەزارەتی ناوخۆی عیراق ڕایگەیاندووە: "ئاوەرەکان، بە یەکجاری لە هەرێم و کەرکووک نیشتەجێ بکرێن". ئیتر نازانم سەرۆک چۆن بەو چارەسەرە، کە لە ڕاستیدا نەک هەر تەعریبی کەرکووک، بەڵکو تەعریبی هەموو کوردستانە، ڕازییە و بەرانبەر بە مێژوو چ وەڵامێکی هەیە! ئەی ئەگەر هەر لە بنەڕەتدا پارتی شۆڕشی نەکردایە باشتر نەبوو؟!
لە کاک مەسعوود بگەڕێن با وەڵامی مێژوو بداتەوە! خەریکە کوردستان کوردی تێدا نەمێنێ و ئەوەی ماویشە بێزارە، کەچی دەوڵەتیش هەر دروست نەبوو و کەرکووکیش نەگەڕایەوە!