lördag 23 april 2016

گوڵەستێرەکانی کەریم کاکە کوژانەوە


حەکیم کاکەوەیس

خوێندنەوەی (گوڵەستێرەکان کوژانەوە)ی کەریم کاکە، سەفەرێکە شانبەشانی برسێتی و سەرما و گەرما و بێ جێگایی و بێ جگەرەیی، بە ڕێڕەوی نێوان ژیان و مەرگدا... بە نێوان تەسلیمبوون و یاخیبووندا. پیاسەیەکە بە ناو باخچەی وشە و ڕستەی شیریندا. بیرازکردنەوەی سەردەمی نێچیرایەتییە بەرانبەر جاش و کۆپتەری ڕاوکەر. خوێندنەوەی ئەو کتێبە، بەسەرکردنەوەی نهێنیی شکستی کوردە. کاتێ ئەو کتێبەم دەخوێندەوە، هەستم دەکرد لەگەڵ نووسەرەکەیدا بە هەورازدا هەڵدەگەڕێم و هەناسەم سوار دەبێ... لەگەڵیدا بە نشێودا دادەگەڕێم و ئەژنۆکانم شل دەبن و بەرەو قووڵایی زەوی ڕۆدەچم و دادەچۆڕێم. تاوێر و تاشەبەردی ئەو شاخ و دۆڵانەم لێ دەبن بە بزنەکێوی و ئەسپ. دەبن بە تارمایی جاش و ڕێگر. دەبن بە ژن و جێژوان. هەندێ جار لەگەڵ کەریم کاکەدا دڵۆپە ئاوی مەتارەکەم دەژمێرم و جاروباریش دوای زیافەتێکی بەلەزەتی تەحین و دۆشاو، جگەرەیەک پێدەکەم.
کەم بیرەوەریی خەباتگێڕانی کوردم خوێندۆتەوە لە ڕستە و هەواڵیان بەگومان نەبم و باوەڕی تەواو بە هەواڵەکانیان بکەم. بۆ دۆزینەوەی ڕاستیی توێی هەندێ کتێبی سیاسەتکاران، دەبێ نێوان دێڕەکان بخوێنینەوە. بەڵام ڕستە و هەواڵێکم لە کتێبەکەی کەریم کاکەدا نەدی جێی گومان بێ. چەند لە هەستەوە نزیکە ئەم نووسینە! ڕاستگۆیی چ نیعمەتێکە خوا بە کتێب و خوێنەری داوە!
کە دەستم بە خوێندنەوەی (گوڵەستێرەکان کوژانەوە) کرد، نەمتوانی دەستی لێ هەڵگرم و بچمە سەر کارێکی تر. ئەو نووسینە، لە هەندێ جێدا بۆنی دووکەڵ و بارووتی لێ دێ و لە هەندێ جێی دیکەیدا، بۆنی بەهار و ژن، بۆنی تەگەوڕی نێرەوز پەخش دەبێ. لە هەندێ جێدا دیمەنی بەهەشتی تێدا دەبینی و لە هەندێ جێی تریش دۆزەخ. دۆزەخ، بە خۆی و (ئەسفولەسسافلین)ەوە دەورت دەدا. چ ژیانێکە ئەو پێشمەرگایەتییەی کەریم کاکە باسی دەکا!
ئەگەر نیشتیمانمان داگیرکراو نەبێ، بۆ دەبێ گەنجی کورد ژیانی خۆی بەو جۆرە پێشمەرگایەتییە بە سەر ببا؟! چ دەبوو گەنجی کوردیش وەک گەنجە خواپێداوەکانی دنیا، لە بری ڕامان لە بن کلکی هێستر و بەسەربردنی ژیانی ناو سەهۆڵبەندان و خۆشاردنەوە لە چاوی کەرەسەی مرۆڤکوشتنی ئاسمان و زەوی و بەرهەمی پیشەسازیی چەپ و ڕاستی دنیای سەردەم، خەریکی گەشتوگوزار و سەردانی مۆزەخانە و کتێبخانە و پێشانگای هونەری و شانۆ و سینەما و پیاسەی باخچە و گوڵزار بێ و لە لەشولاری نمایشکارانی جلوبەرگ و شاجوانان ڕامێنێ؟ ئەگەر هەموو لایەنە سیاسییەکان یەک ئامانجی سیاسییان هەبێ (بە ئێستاشەوە)، بۆ دەبێ گەنجی شۆڕشگێڕی کورد، لە بری ئەوەی لە یەک لەشکری سەرفرازیخوازی نیشتمانیدا سەرباز بێ، سەر بەم حیزب و ئەو حیزب بێ و ئەو حیزبانەش، تەنها لە شکستدا تەبا و هاوهەڵوێست بن؟ من کە لە کڕنۆشنەبردنی ئیبلیس بۆ ئادەم بۆچوونی تایبەتی خۆمم هەبێ، ناتەبایی و ئەنجاملێڵی حیزبەکانیش وام لێ دەکەن، هەستێک لە ناخمدا چەکەرە بکات، بمەوێ ببم بە پارێزەری جاشەکان، کە لۆژیکیان لە لۆژیکی ئەو حیزبانە بەهێزتر بووە، کە بە حیسابی خۆیان شۆڕشیان کردووە و شانازییە گەورەکەیان ژمارەی زۆری شەهیدان بووە. بەڵام کاک کەریم کاکە چەند لە نووسینی (گوڵەستێرەکان کوژانەوە)دا بایەخی بە لایەنی ئایدۆلۆژی و سیاسی داوە، منیش لە خوێندنەوەی کتێبەکە و لە باسکردنیدا هەر ئەوەندەم بایەخ پێ داوون. سەرنجم لە سەر شێوەی داڕشتن و بەکارهێنانی وشە و نیگاری باسەکانی گیرساوەتەوە و لە هەندێ جێدا بەو ئەنجامە گەیشتووم ئەگەر لە سەردەمی پێش ڕێنیسانسی ئەوروپا ئەو بابەتە بنووسرابا، خاوەنەکەیان بە تۆمەتی جادووگەری هەر بە زوندێتی دەسووتاند. ئاخر کە بە بەفر دەڵێ ڕەش و نەتوانیت بەرگری لە سپێتی بەفر بکەیت، جادوو نییە؟. لە باسی عارەبێکی هاوڕێیدا لە لاپەڕە (١٨٦)دا نووسیویەتی: "تەماشام دەکرد لاپەڕەی وا هەبوو حەڤدە وشەی (سەلج)ی تێدا ڕەش دەچۆوە". بەڵام بۆ عارەبی بەفرنەدیتە حەڤدە وشە چییە؟! لە وێناکردنی سنووری نێوان تورکیا و عیراقیشدا، لە لاپەڕە(١٢٣)دا دۆڵێک وا دێنێتە بەر زەین کە لە لایەکەوە تورک خاکەکەی ڕاکێشاوە و عارەبیش لایەکی تری بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە و خاکیش لەو جێیەوە پچڕاوە و هەر لایە و بەو پچڕانە ڕازی بووە و کوردیش دەست لە گونان ماوەتەوە. نووسەر لەو جێیەدا باسی ئەوەی نەکردووە کە دەبێ کورد بۆ ئەو کارەساتە چی بکا، بەڵام خوێنەری تێگەیاندووە کارەساتێک ڕووی داوە و پێویستە چارەسەر بکرێ.
لە لاپەڕە (٣٣١)یشدا، جوێن وەک پێشمەرگە بە ڕێدا دەڕوا و هەوراز دەبڕێ... پێ دەچێ جوێنیش لە هەڵگەڕان بە هەورازدا، وەک پێشمەرگە ماندوو و برسی و تێنوو بووبێ. دەڵێ: "هەرچی جوونی پیسی دنیا هەیە، بە ئەو هەورازەیەدا پێ بە پێی پێشمەرگەی ماندوو، پێشمەرگەی برسی و تینوو، پێشمەرگەی ترساو هەڵدەگەڕا...".
لە لاپەڕە (٥٢٨)دا، گونکەهەویری بن پەڕۆ بە مەمکی ژنان دەچوێنێ. ئەو هەموو پێشمەرگەیە، لەو چیاوچۆڵە، لایەکی بیرکردنەوەیان لای ژن و مەمکی ژنان بووە: "لە مەمکان ورد دەبوومەوە، پەنجەم دەگەیاندنێ، ئەنگوتکەکانی بن پەڕۆکە سپییەکە زۆر لە مەمک دەچوون. کارۆخ ناوە ناوە لە سەر سوخمەی سپییەوە، دەستی دەگەیاندە دوو ئەنگوتکی تەنیشت یەکتر و شێوەی مەمکی دەدانێ...". هەر لەو کەمە باسەدا دەزانین حەزرەتی ئادەم بە بێ حەوا و بە تەنها، با لە بەهەشتیش بووبێ، لە چ بارودۆخێکدا بووە! ئەو نەشیزانیوە مەمک چییە تا لە دارێ یا بەردێک وێنای بکا.
ئەی ئەمانە جادوو نین؟! ئەگەر کەریم کاکە بەردەستی کەنیسەکانی پێش ڕێنیسانس بکەوێ، بە تۆمەتی جادووگەری نایسووتێنن؟!
تۆ تەماشای لاپەڕە (٤٦٦-٤٦٧)ی کتێبەکە بکە و بزانە مامۆستایەتی کەریم کاکە لە بواری ڕێزمانی کوردیدا چەند باڵایە... یەکێ لەوانەی دەوروبەری نەیزانیوە چۆن جیاوازی لە نێوان (ئەدی) و (بەدی) دەکرێ و ئەو نەزانە نەگبەتە، لە ڕێکەوتێکدا سووکایەتی بە هەولێری دەکا. ئەویش تفەنگی لێ ڕادەکێشێ و پێی دەڵێ:
-              چیم گوت بڵێ ئەدی کوو.
-              ئەدی کوو.
-              هەولێری تۆیان گ...
-              ئەدی کوو.
-              چیم گوت بڵێ بەدی کوو
-              بەدی کوو.
-              هەولێری تۆیان نەگ...
-              بەدی کوو.

ئاوها دەی! چۆن کابرا فێری ڕێزمان نابێ؟! ئەو (ئەدی) و (بەدی)یە لە زمانی عارەبیشدا هەن... لە زمانی سویدیشدا هەن. لە شێوەزاری گەرمیان، لە پرسیاری ئەرێنی وەک "چووی بۆ هەولێر"دا دەڵێین: (ئا)، یا (بەڵێ). لە وەڵامی پرسیاری نەرێنیی وەک "نەچووی بۆ هەولێر؟"یشدا دەڵێین: "با". یا "ئەی چۆن؟". لەمەی دواییاندا، وەک (کوو)ی ئەدی و بەدی، وەڵامی پرسیار بە پرسیار دەدەینەوە، بەڵام "ئا" و "با"، قسەیان لە سەر نییە کە هەر "ئەدی" و "بەدی"یەکەی کەریم کاکەن و تفەنگ سوارکردنیشی ناوێ!.
کە لە لاپەڕە (٣٠٣)دا ڕستەی "بایەکە توندە، دەستی ئاگری لە دەستە و بە هەورێدا ڕادەکات" دەخوێنمەوە، حەیفم دێ خاوەنەکەی سەری خۆی بە گەمەی هەزارڕیسکانەی بێبەرهەمی سیاسەتەوە بهێشێنێ. ئاخر ئەو لێکچواندنە هی شاکارنووسە نەک کادرێکی پەراوێز کە بە نابەدڵییەوە لە یەک کۆبوونەوەی حیزبیدا بەشداری کردبێ. ئەگەر خوێنەر بیەوێ ڕستەی وا ببینێ، دەبێ کونوکەلەبەری شاکارەکانی جاک لەندەن و کازانتزاکیس (Nikos Kazantzakis) و یەشار کەمال بپشکنێ... لە ڕاستیدا، من شوێنی وا دەپشکنم کەچی ئەوەتا کادرێکی حیزبی، یا پێشمەرگەی حیزبێکی سیاسی لە کوردستانە وێرانەکەی خۆمدا، هەر وا بە ئاسانی پێشکەشمی دەکا.

با خاتری کاک (کەریم کاکە) نەگرین و کەمێ لە سەر کەموکورتییەکانیشی بدوێین، بەڵام بە نیازپاکی و بەو هیوایەی چ گەردێ بە نووسینیەوە نەبێ. وەک زۆر نووسەری دەوروبەری هەولێر، ئەویش لە هەندێ جێدا کەوتۆتە داوی (ل) و (ڵ)ەوە و دڵم بەوەش ئاو ناخواتەوە بە هەڵەی چاپیان بزانم چونکە زۆریان دووبارە و چەندبارە بوونەتەوە. من ئەمە بە بێ توێژینەوە لە بنەچەی وشەکان دەڵێم کە دوور نییە بەو شێوەیە خولقابن کە کاک کەریم بەکاری هێناوون بەڵام من وای بۆ دەچم ئەویش بە بێ توێژینەوە لە بنەچەیان، بەو شێوەیەی بەکار هێنابن.
لە لاپەڕە (٣٠٨)دا نووسیویەتی:
"بە چەپکێ نێرگزەوە غلۆر دەبوومەوە، چل چل دابەشم دەکرد". جگە لەوەی "چل" نییە و (چڵ)ە، بۆ نێرگزیش "تاڵ یا تەڵ" دەشێ، چونکە چڵ دەکاتە لقی بچووکی دار، کە لە لقی لە خۆی گەورەتر جیادەبێتەوە. تاڵ، جیابوونەوەی تێدا نییە بەڵام چڵ جیابوونەوەی تێدایە و لە نێرگزیشدا ئەو جیابوونەوەیە نییە. بۆ تەڕەپیازیش هەمان تەڵ یا تاڵ دەگوترێ نەک چڵ. ئەمەیان چل و چڵ! هیوادارم (تەڵ)یش، نەبێ بە (تەل) چونکە (تەل)، تێلە نەک تەڵ.
لە زۆر جێدا گاگەل بووە بە (گاگەڵ) و (تۆپەڵ)یش بووە بە تۆپەل. بۆ دستنیشانکردن، بڕوانە لاپەڕە (٥٢٨)ی کتێبەکە. گوندی (زەڵێ)ش بە (زەڵێ) دەزانم بەڵام کاک کەریم (زەلێ)ی نووسیوە. قسە لەمەیان ناکەم و بۆ دانیشتوانی ناوچەکەی لێدەگەڕێم ئاخۆ کامیانە. پەڵەهەور بووە بە پەلەهەور، کەلێن بووە بە کەڵێن و مێگەلیش بووە بە مێگەڵ. نەمزانی ئەو جێگۆڕکێیانە چۆن ڕوویانداوە. بۆچی (ڵ) بووە بە (ل) و (ل)یش بووە بە (ڵ). من ئەو ڕەخنەیە دەگرم چونکە پێم قەبووڵ نییە (پلکە هەمین) بکەم بە (پڵکە هەمین) یا (پرکە هەمین).
ئەوجا لە ڕووی لۆژیکییەوە، هەندێ ڕستەم بەرچاو کەوتن کە پێم وایە بە هەڵە داڕێژراوون. وەک: "دوور نییە سەدام ئاسمانیش هەڵنەخەڵەتێنێ".  ل ٣٧٠
مەبەست ئەوەیە کە ڕێی تێدەچێ سەددام ئاسمانیش هەڵخەڵەتێنێ. کەواتە: دوورە هەڵینەخەڵەتێنێ. کە دوور نییە بە هۆی (نییە)وە نەرێنی (سەلبی) بێ، پێویستە خەڵەتاندنەکە ئەرێنی (ئیجابی) بێ. واتە (هەڵیخەڵەتێنێ) بێ. کەواتە ڕستەکە وای لێ دێ: دوور نییە سەددام ئاسمانیش هەڵخەڵەتێنێ. وەک نموونە دەڵێم: ئەگەر حیزبێک مرۆکوژ بێ و لەگەڵیدا بکەویتە کێشەیەکی گەورەوە، دەڵێین: "دوور نییە بتکوژێ". واتە زۆر ڕێی تێدەچێ بتکوژێ، یا نزیکە بتکوژێ. (دوور نییە) و (نزیکە)ش هەر یەکن.
ئەگەر هەڵنەخەڵاتاندن دوور نەبێ، کەواتە هەڵخەڵەتاندن دوورە! ئەوە مەبەستی کاک کەریمە؟ پێم وا نییە مەبەستی ئەوە بووبێ.
بەر لەو ڕستەیە، لە لاپەڕە (٢٤٨)یشدا ئەمەم خوێندەوە:
"دووریش نییە زستانان بەژنێک بەفری تێنەکات".
دەڵیین: دوور نییە بەفر ببارێ. واتە زیاتر ڕێی تێدەچێ ببارێ. کە دەڵێین دوور نییە بەفر نەبارێ، واتە زیاتر بەتەماین نەبارێ. مەبەست لەو ڕستەیەی کاک کەریم ئەوەیە کە ڕێی تێدەچێ ئەو زستانە بەژنێک بەفر ببارێ. کەواتە دەبوو بنووسێ: "دووریش نییە زستانان بەژنێک بەفری تێبکا" و مەبەستیشی هەر ئەوەیە.
ئەگەر کەسێک دووچاری نەخۆشییەکی گران بووبێ، دەگوترێ: "دوور نییە پێی بمرێ". کەواتە ئەگەری مردنی هەیە. بەڵام ئەگەر بڵێین دوور نییە پێی نەمرێ، مەبەست دەگۆڕێ و دەبێتە هیوای دەربازبوون لەو نەخۆشییە. "دوور نییە چاک بێتەوە" واتە هیوا هەیە چاک بێتەوە.

زمانەکەی کاک کەریم هێند شیرینە، بۆ ئەوە دەشێ هەوڵی لاساییکردنەوەی بدرێ بۆیە خۆزگە دەخوازم لەو وردەهەڵانە بە دوور بێ و ئەوەش کارێکی قورس نییە.

دەستخۆش کاک کەریم کە بە کوردییەکی جوان مێژووی ماوەیەکی حیزبێکت نووسیوەتەوە کە بەشێکی مێژووی کوردە  با چ پێشی نەزانن و حیسابێشی بۆ نەکەن. خۆ لە ڕووی زمانەوە حیسابی بۆ دەکرێ و جێگای شایستەی خۆی دەگرێ و قەدرێ زێڕیش زێڕنگر دەیزانێ.



سەرنج: هەر سایت و گۆڤارێک ئەم بابەتە بڵاو بکاتەوە، خێری دەگاتێ و سوپاسی دەکەم... ئێمەمانان نەختێ بێکەسین!