lördag 17 februari 2018

سوورەتی فەتح بۆ شەڕی تورکە چاوبچووکەکانە نەک کورد


قُلْ لِلْمُخَلَّفِينَ مِنَ الْأَعْرَابِ سَتُدْعَوْنَ إِلَى قَوْمٍ أُولِي بَأْسٍ شَدِيدٍ تُقَاتِلُونَهُمْ أَوْ يُسْلِمُونَ فَإِنْ تُطِيعُوا يُؤْتِكُمُ اللَّهُ أَجْرًا حَسَنًا وَإِنْ تَتَوَلَّوْا كَمَا تَوَلَّيْتُمْ مِنْ قَبْلُ يُعَذِّبْكُمْ عَذَابًا أَلِيمًا


موفەسیرەکان، ڕای جیاوازیان لە سەر ئەو قەومە هەیە کە توندوتیژن و دەبێ شەڕیان لەگەدا بکرێ. شوعبە لە ئەبو بوشری وەرگرتووە و ئەویش لە سەعید بن جوبێر یا عەکریمە یا هەموویان و (هەشیم)یش لە ئەبی بەشری وەرگرتووە کە ئەو قەومە هۆزی (هەوازن)ن.
عەلی کوڕی ئەبو تەڵحە لە ئیبن عەباسی وەرگرتووە کە ئەو قەومە ئەهلی فارسن و کەعب الئەحباریش گوتوویەتی ئەو قەومە ڕۆمن و ئیبن ئەبی لەیلا و عەتا و حەسەن و قودادە گوتوویانە فارس و ڕۆمن. موجاهیدیش گوتوویەتی (وەثەنی)ن  و هەر ئەویش گوتوویەتی ئەو قەومە پیاوگەلێکی توندوتیژن بەڵام ڕەچەڵەکی دەرنەخستوون.
لە ئەبوو هورەیرەوە باس دەکرێ کە پێغەمبەر گوتوویەتی ئەگەر شەڕی قەومێک نەکەن کە چاویان بچووک و لووتیان بچووک و پانە و ڕوخساریان بە سەری چەکوش دەچێ، ڕۆژی قیامەت نایێ. سوفیان گوتوویەتی ئەوانە تورکن و ئیبن ئەبی عومەر گوتوویەتی ئیبن ئەبی خالید لە باوکی گێڕاویەتیەوە کە ئەبوو هورەیرە هاتووە و ئەو قسەیەی پێگەمبەری وا لێکداوەتەوە: "شەڕ لەگەڵ قەومێکدا دەکەن پێڵاویان لە مووە و گوتوویەتی (ئەوانە باریزەکانن) واتە کوردن. کە خوداش دەڵێ "تقاتلونهم او يسلمون"، واتە شەڕکردن و جیهادکردن لە دژیان بەردەوامە...
ئەوە ئەو ئایەتەیە کە تورکەکان کردوویانەتە بیانوو بۆ کوردکوشتن!!. ئێ خۆ هەمان ئایەت شانی خۆیان زیاتر دەگرێتەوە بەڵام کورد دڵی نایێ لە دژیان بیخاتە کار... تورکە مەغۆلەکان کە چاویان بچووکە و لووتیان پان و بچووکە و ڕوخساریان وەک دەمی کوتەک تەختە. هەر ئەوانن؟!
کێشەکە ئەوەیە تورک و غەیری تورک هەموو بیانوویەک بۆ کوردکوژی بەکار دێنن بەڵام کورد ئەوەندەی تێدانییە بۆ بەرگریکردنیش ئاین و قورعان و تەفسیر بخاتە کار!.
هیوادارم ئەگەر هەڵە لە بابەتەکەدا هەیە ڕاستی بکەنەوە و ڕێکی بخەنەوە دەنا ئەگەر فەرمانی ڕاستەوخۆی خوا کوردکوشتن نەبێ، ئەو تەفسیرچییانە سەریان دای لە بەرد!!. من کە بە کوردی خولقاووم، خۆ کەروێشک نیم خۆراکی گورگ و ڕزقی چەقەڵ بم!.
لاحەولەوەلا قووەتە ئیللا بیللا...

tisdag 6 februari 2018

کوردایەتی ڕێبازمە


هەوڵ دەدەم شتێ لە بارەی چەمکی "کوردایەتی"یەوە ڕوون بکەمەوە و ئاوێ بەو ئاگرەدا بکەم کە هەندێ لە ڕۆشنبیرانی ئەم سەردەمەی کورد، کە مەستی فەلسەفەی ڕۆژاوان، لە دژی ئەو چەمکە کردوویانەتەوە.
چۆن دەڵێین (ئیسلام)ەتی بەجێگایەندنی ئەرکەکانی ئیسلامە و (چین)ایەتی کارکردنە بۆ چینێکی دیاریکراو و (شێخ)ایەتی بەردەوامبوون و گەشەکردنی ڕێبازی شێخانە و (تووتن)ەوانی ڕاپەڕاندنی کاروباری تووتنە و (باخەوان)ی سەرپەرشتیکردنی باخە و... ئاوهاش (کورد)ایەتی خزمەتکردن و پێشخستنی میللەتێکی بندەستەیە کە ناوی کوردە. ئیدی چۆن لە ئیسلامەتی و چینایەتی و شێخایەتی و تووتنەوانی و باخەوانیدا خیانەت و کەموکرتی و تەمبەڵی ڕوو دەدەن، ئاوهاش لە کوردایەتیدا ئەوانە، بگرە زیاتریش ڕوو دەدەن. فڵانەکەس ڕەزەوانێکی خراپ بێ، ناکاتە ئەوەی ڕەز خۆی، یا ڕەزەوانی بە گشتی خراپە... فڵانە کەس باخەوانێکی باش نەبێ، ئەوە ناگەیەنێ باخ و باخەوانی باش نین. لە کوردایەتیشدا، ئەگەر من و تۆ خیانەتمان کرد، ئەوە ناگەیەنێ کە کورد شایستەی ئەوە نییە خزمەتی بکەیت یا کوردایەتی بەدکارییە. تۆ بڵێی بشێ بە هۆی باخەوانێکی تەمبەڵی خراپەوە بڵێین: "باخەوانی لە ناو زەلکاوی فاشیزم و ستەمکاری وجەهل و تیرۆردا مەلە دەکات"؟.
خزمەتکردنی کورد، کە کوردایەتییە، لە زۆر ڕووەوە دەکرێ: مامۆستایی و زمانەوانی و ڕۆشنبیری و پیشەسازی و پێشخستنی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و... هەموو ئەوانە، کە هەر یەکە بۆ خۆی پیشە و ئەرکە، دەڕژینە ناو ئەستێڵکی کوردایەتییەوە چونکە خزمەتی کورد دەکەن و کورد پێش دەخەن!.
کاتێ فارووق ڕەفیق دەڵێ: "کوردایەتی لە ناو زەلکاوی فاشیزم و ستەمکاری وجەهل و تیرۆردا مەلە دەکات"، واتە هەموو ئەو پیشانەی خزمەتی کورد دەکەن و پێکەوە دەبن بە کوردایەتی، ئەگەر کەموکورتییان هەبێ، ئیتر پیشەکان لە زەلکاوی فاشیزم و ستەمکاری و جەهل و تیرۆردا مەلە دەکەن!.
ئەم بابەتە، لابەلا سەگەکەی پاڤلۆڤم بیر دەخاتەوە: کە گوێی لە زەنگەکە دەبێ، خۆراکی بیر دەکەوێتەوە و لیکاو بە دەمیدا دادەچۆڕێ. فارووق ڕەفیق و ئەوانەی بە کوردایەتی تێکدەچن، کە گوێیان لە زەنگی کوردایەتی دەبێ – ئەگەر بەزمێکی دەرەکی لە بن سەریاندا نەبێ – ڕێک شەڕی ناوخۆ و جاشایەتی و خۆفرۆشی هەندێ سەرکردەیان بیر دێتەوە و دەڵێن: بەڵێ خۆیەتی... ئەوە کوردایەتییە!. بەڵام خۆ شەڕی ناوخۆ و دووبەرەکی و وابەستەبوون بە دەزگا جاسووسییەکانەوە، هیچیان کوردایەتی نین، ئیتر ئەو لیکاوە بۆ؟.
هیوادارم هەندێ لە ڕۆشنبیران، ئەمەش نەکەن بە بەزمی (مۆدێرنێتە) کە نازانم لە کام زمانەوە هێنایان و ماوەیەک بە دەوریدا کەوتنە زکرکردن، بەڵام کە بۆیان دەرکەوت زڕ و بێڕەگە، بەردێکیان لە سەری دانا.
لە بابەتێکدا باسم کردووە کە مۆدێرنێتە، هەر (Modernity) ئینگلیزی و (Modernitet)ی سویدییە و بە کورداندن دەبێتە (مۆدێرنایەتی)، نەختێ سەروگوێیان شکاندووە تا خۆیان نەبێ، کەس تێینەگا و کەس قسەی لە سەر نەکا، بەڵام هەندێ کەس هەر پێوە بوون و بێ ئەوەی بزانن چ باسە، لە سەری کەوتنە قسەکردن!!. جا وەرە بەرپرس کوێر بێ و هەنگاو بنێ!! لە کۆتاییشدا بوو بە ئاشی ئاو لێبڕاو... نە من دەنگ و نە ئەوان!!.
لە کۆتاییدا دەڵێم: کوردایەتی ئەو هەستەیە بۆ عەفرین دەمگریێنێ!... ئەو هێزەیە پاڵ بە کوردی باشوورەوە دەنێ بچێ لە عەفرین شەهید بێ... ئەو هەقپەستییەیە بەرانبەر بەو زوڵمەی کە لە کورد دەکرێ، لە نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی مرۆڤی ڕۆژاوا و قورعانبەدەستەکانیش دەتخاتە گومانەوە. کوردایەتی خواستی سروشتە و بووە بە ئەرک بە سەرمانەوە. کوردایەتی ئەو هەستەیە کە لە کاتی بینینی ئەم وێنەیەدا ناخت دەهەژێنێ: