måndag 8 september 2014

خوسێ مۆخیکا: سەرکردەکانی تری جیهان جێی سەرسوڕمانن



حەکیم کاکەوەیس لە سویدییەوە کردووەیەتی بە کوردی


خوسێ "پاپا" مۆخیکا، پێشتر یەکێ بووە لە سەرکردەکانی بزووتنەوەیەکی چەکداری، کە دواتر بوو بە دیاردەیەکی سیاسی. ئەو پیاوە ٧٩ ساڵییە، بە بێتەماح و کراوەیی و تا ئاستی ناسروشتی قسەلەڕوویی ناسراوە. گۆڤاری شەممە، سەردانی سەرۆکی ئۆرۆگوای لە ماڵەکەی خۆیدا کرد.

ڕێگەی سەرەکی لە (مۆنتەڤیدیۆ)وە، بە لای گەراجی گەورەی بارکردنی گۆشتی مانگا و فاسۆلیا – کە هەناردەکردنی سەرەکی ئۆرۆگواین، تێدەپەڕی. کە شارە ملیۆنییەکەمان جێهێشت بە لاڕێیەکدا ڕۆیشتین و لە ئەنجامدا بوو بە ڕێیەکی چەگلڕێژ. کێڵگەکان وشک بوون. دووکەڵ لە دووکەڵکێشەکانەوە بەرز دەبووەوە. لە نیوەی باکووری گۆی زەوی زستان بوو و پلەی گەرما، شەش پلەی سەرووی سفر بوو. دوو هەرەمی نیشانەی ڕێگا و ئۆتۆمبیلێکی ڕاوەستاوی پۆلیس، تاکە شتێک بوون کە نیشانەی ئەوە بن گەیشتووینەتە ماڵی سەرۆک: خانوویەکی بچکۆلەی ناڕێک بە سەربانی چینکۆی ڕێڕێوە.
سەعات نۆی بەیانی بوو و خانمی خێزانی سەرۆک بە تیۆتا کۆرۆڵایەکی شینی کۆنەوە لێمان ڕەت بوو. لوسیە تۆپۆلانسکی، ئەندامی کۆنگرێسە و یەکێ بووە لەو دەستەیەی کە لە شەستەکاندا لە ڕژێمە گەندەڵەکەی ئەو دەمە ڕاپەڕیبوو. ئەو ژنە، حوکمی هەتاهەتایی بە سەردا درا و دوای ئەوەی سێزدە ساڵ لە ژوورەوە بوو بەر لێبوردنێک کەوت کە بۆ گەریللاکان دەرچوو. (خوسێ مۆخیکا)ش بە قەدەر ئەو بەند کرا، بەڵام دوو ساڵ لە ژووری تاریکی تەنهاییدا مایەوە، بێ ئەوەی مەودا بدرێ کەس ببینێ. تاکە گیاندرێک کە دەیتوانی قسەی لەگەڵدا بکا، مێروولە و بۆق و مشکی ناو زندانەکە بوو.
لە میزاجی بەیانیانی سەرۆک ئاگادار کرابووینەوە. وێنەگرەکە، بە وریایی لە دەرگای دا. گوتی: ڕوخسەت هەیە بێینە ژوورەوە؟
گوێمان لە وەڵامی سەرۆک بوو: وەرنە ژوورەوە، دەرگا کراوەتەوە.
بە هۆی نزمی دەرگاکەوە سەرم خوار کرد و چوومە هۆڵەکەوە. سێ پارچە دار، لە ئاگردانەکەدا دەسووتان. وەکی دی، خانووەکە کە هەر ٦٠ مەتری چوارگۆشە دەبوو، مەیلەو تاریک بوو. وێنەگرەکە، ڕێی خۆی نەدۆزییەوە و بەرەو مەتبەخەکە ملی نا و بەرەوڕووی قیژەیەک بووەوە:
"وەرە دەرێ. لەوێ چ دەکەیت؟!". مۆخیکە لە پشت دەرگایەکەوە وای گوت.
سکرتێری ڕاگەیاندنی سەرۆک، بە پەشۆکاوی دەستی ڕاوەشاند:
"وەرە وەرە با بچینە دەرەوە".
چووینە دەرەوە و سکرتێرەکە پرسی ئاخۆ چ هەڵەیەک بووە.
- "وا دەست بە ئاو دەگەیەنم. نەختێ چاوەڕێ بن". سەرۆکی ئۆروگوای وای گوت.
خوسێ مۆخیکا، وەک سەرۆکەکانی تر نییە. نزیکەی ٩٠%ی مانگانەکەی دەبەخشێتە ڕێکخراوە خێرخوازەکان. شەش جێی فیشەک بە جەستەیەوەن و چەندین بانقی بڕیوە. لەو کاتەوە کە لە بەندیخانە بەربووە، ماوەی سیی ساڵە هەر لە خانووەکەی خۆی، لە لادێدا دەژێ. قورسترین یاسای تووتن و ماددەی هۆشبەر لە جیهاندا، لە بن سەری ئەوە. "پاپا" وڵاتی خۆی خستە سەر نەخشە و خۆشەویستی گەلەکەی خۆیەتی. بەڵام بەیانیان تووڕەیە. هەتا دەنگی ئاوپێداکردنی ئاودەستەکە نەهات زاتمان نەکرد بچینەوە ژوورێ. پاسکێلێک، بە دیوارێکی هەیوانەکەوە بوو و ڕەفتەکانیش پڕ بوون لە کەرەسە و کتێب. ئەوەندەی بەوە دەچوو چووبێتینە مۆزەخانە، پێنەدەچوو چووبێتینە سەردانی سەرکێکی خۆشەویست.
مۆخیکا لە سەر کورسییەکی ڕەش دانیشتبوو. پرسیاری ئەوەم کرد ئاخۆ بۆچی کە بووە سەرۆک نەچووە کۆشکە گەورەکەی سەرۆکایەتی کە دەڕوانێتە سەر ڕیۆ
- زۆرینەی خەڵکی وڵاتەکەی من ئاوها دەژین، ئیتر بۆچی من جیاواز بژێم؟ ئاخر من سەرۆکیانم. سەرۆکەکانی تری دنیا نائاسایین. ئەوانە وەک پاشا دەژین کەچی زۆرینەی ئەوانەی هەڵیانبژاردووە وا ناژێن. ئەوەی گوت قۆڵی بلووزەکەی هەڵکرد.
- من پیاوێکی پیریشم. شەوانە، چەندین جار بۆ میزکردن هەڵدەستم. ئەگەر لە کۆشک بژیابام، خزمەکارم دەبوو و ناچار دەبووم جلەکانم بگۆڕم. لێرە دەتوانم بە دەرپێوە بڕۆم.
کاتێ خوسێ ئەلبیرتۆ مۆخیکە ساڵی ١٩٣٥ لەدایک بوو، ئۆرۆگوای یەکێ بوو لە وڵاتە مۆدێقنەکانی جیهان. هەر زوو دەوڵەت لە کەنیسە جیا کرایەوە و دەوڵەت یەکێ بوو لەو دەوڵەتانەی کە خوێندىی زانستی بۆ هاوڵاتیانی خۆی کردە خۆڕایی. ئۆرۆگوای نموونەی سۆسیال دیموکراتی ئەمەریکای لاتینی بوو و یەکەم وڵات بوو مافی دەنگدان و جیابوونەوەی بە ژنان دا. ئۆرۆگوای، لەو وڵاتە یەکەمانە بوو کە دەستی بە سەر کۆمپانیان ئەلکهۆڵدا گرت و یاسای هەشت سەعات کاری جێبەجێ کرد. دانیشتوان، بە باشی لە سەر هەناردەکردنی خوری و گۆشت دەژیان و داهاتی تاکی وڵات بە قەدەر داهاتی تاکی فەرەنسا دەبوو. ئۆرۆگوای پێی دەگوترا "سویسرای ئەمەریکا" و یەکەم تۆپێنی جیهانی ڕێکخست و هەڵبژاردەی وڵاتەکە براوەش بوو.
کاتێ مۆخێکا بووە بیست ساڵ، وڵات کەوتە قەیرانێکی ئابووری واوە هەموو شتێکی گۆڕی. وڵات کەوتە بن قەرزەوە و کۆمپانیەکانیش هەر پارەیان کەڵەک دەکرد. جیاوازی داهاتی هەژار و دەوڵەمەند ئەوەندە زیادی کرد وڵاتانی تری ئەمەریکای لاتینی بیر دەهێنایەوە. هەندێ خوێندکار کەوتنە ژێر کاریگەری شۆڕشی کوباوە و کەوتنە ڕووتکردنەوەی بارە خۆراک و دابەشکردنی بە سەر هەژاراندا. ئەو دەستە زیادی کرد و بوون بە کریللای تۆپامارۆس و کەوتنە بڕینی بانکەکان و دابەشکردنی پارە بە سەر هەژاراندا و بۆ بەهێزکردنی خۆیان و بۆ ڕووخاندنی حکوومەت بەکاریان دەهێنا. یەکێ لە سەرکردەکان خوسێ مۆخیکا بوو، کە شارەزایەکی دەستەکە بوو بۆ بانکبڕین.
لە سەرەتای ١٩٧٠کاندا دەستگیر کرا. بەڵام بە هۆی شکاندنی بەندیخانەی (پونتە کوڕێتە)ەوە، لەگەڵ سەد بەندکراو زاتری تردا بە تونێلێکدا ڕای کرد. تونێلەکە لە دەرەوەڕا لە لایەن گریللاکانی ترەوە هەڵکەندرابوو. ململانێی گەریلاکان توندتر بوو و ئەمەریکا شارەزای ناردە مۆنتەڤیدیۆ بۆ ئەوەی پۆلیسەکان فێری ئەشکەنجەدان بکەن تا زانیاری بە دەست بێنن. توپامارۆس بەوە وەڵامی دایەوە کە بەرپرسی پۆلیسی (ئێف بی ئای) بکوژێ و خوسێ مۆخیکاش بەو کوشتنە تۆمەتبار کرا. ئەویش خۆی بزر کرد و هەر ماوەیەک لە ژێرخانێکی لێوارەکانی پایتەختدا دەمایەوە. لە یەکێ لەو بنخانانەدا، (لوسیا تۆپۆلانسکی)ی ناسی، کە خوێندکارێکی ئەندازیاری چالاکی ٢٨ ساڵە بوو و لە ناو گریلاکاندا، لە دروستکردنی پێناسەدا شارەزابوو و سەر بە چینی سەرووی مامناوەندی بوو. بە درێژایی یەک مانگی توندوتیژی، ئەو جووتە، هەر شەوە و لە بنخانێک دەخەوتن. لە حوزەیرانی ١٩٧٣دا، ڕاوەدوونان لە لایەن پۆلیسەوە کۆتایی هات. ئەو دوو دەستگیر کران و خرانە زندانەوە.
بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، حکوومەت ڕایگەیاند ئەگەر بزووتنەوەکە واز نەهێنێ، مۆخیکا دەکوژن. گەریللای ڕۆبنهوودانە کۆتایی هات و دوای یەک حەفتە سەرۆک دەسەڵاتی ڕادەستی سوپا کرد. ئیدی ئۆروگوای، ڕێک وەک دەسەڵاتی ئەرجەنتین و مەکسیک کە دراوسێی بوون، بوو بە دەسەڵاتی سەربازی و مۆخیکاش خرایە ژووری تەنهاییەوە. ئەویش بۆ ئەوەی لەو ژوورە تەڕەدا، کە پێشتر (کانی)ی ئاودانی ئەسپ بوو، وێران نەبێ، ڕۆژی چەندین سەعات بە دەم دیوارەکانەوە پیاسەی دەکرد و لە خەیاڵی خۆیدا خەریکی دروستکردنی مەکینە دەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا چەکدارەکان چەکیان دانابوو، بە بەردەوامی ئەشکەنجە دەدرا. خەڵکانێک هەن پێیان وایە ئەو تووڕەبوونەی بەیانیانی، بۆ ئەو کاتانە دەگەڕێتەوە.
پرسیاری ئەوەم لێی کرد ئاخۆ چۆن کاتی خۆی لە ژووری تەنهاییدا دەگوزەراند. مۆخێکا ئەو چاوانەی زەق کردنەوە کە زۆریان نەمابوو بە برۆکانی دابپۆشرێن.
- بە دوای ژیاندا دەگەڕام. هەر شتێ زندوو بوایە. لە بۆق ورد دەبوومەوە چۆن بە دەوری کانییەکەدا بازیان دەدا. مێروولەکان چۆن کاری خۆیان ڕێک دەخست و مشکەکان چۆن لە یەکتر تێدەگەیشتن. هەر بینینی زندەوەر یارمەتیدەرم بوو.
- دوای دوو ساڵ تەنهایی، ئەوجا گوازرایەوە بۆ ژوورێکی ئاسایی. دوای شەش ساڵی تریش ئەوجا توانی بۆ یەکەم جار هاوبەندییەکانی خۆی ببینێ و یەکەم نامەی پێ بگا. نامەی ئەو کچە قژزەردە ئەندازیارە بوو کە بەر لە دەستگیرکردنی، پێکەوە لە ژێرخانەکاندا دەژیان. پەیوەندی ئەو جووتە دروست بووەوە و نامەی ئەوینداری لە نێوانیاندا دەهاتن و دەچوون و هەر پارێزەرەکانی خۆیان بە نهێنی نامەکانیان لە نێوان ژوورەکانیاندا دەهێنا و دەبرد. نامەگۆڕینەوەیان تا ئازاری ١٩٨٥ بەردەوام بوو، ئیدی سوپا دەستی لە دەسەڵات هەڵگرت و ڕادەستی حکوومەتی مەدەنی کرد. ئەندامانی گەریلاش لێبوردنیان بۆ دەرچوو و ڕۆژی دواتر لوسیا و مۆخیکا گواستیانەوە ئەو کێڵگە چڕەی دەرەوەی مۆنتەڤیدیۆ، ئەو شوێنەی کە ئێستا بەرانبەر ئاگردانەکە لێی دانیشتووین.
لە سەردەمی دکتاتۆری سەربازیدا، سوید یەکێ بوو لەو وڵاتە کەمانەی ئەوروپا کە پەناهەندەی سیاسی ئۆرۆگوای وەردەگرت. ماوەی دوانزە ساڵی دکتاتۆری، نزیکەی ٥٠٠٠ ئۆرۆگوایی بە گەرەنتی مانەوەوە، هاتنە سوید. ئەوەشی لە ڕێی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بهاتبا، لە کاتی گەیشتنیدا نامەیەکی بەخێرهاتنی سەرەکوەزیرانی ئەو دەم، (ئۆلۆف پاڵما)یشی پێ دەگەیشت.
- پاڵمە بیرمەند بوو. پێش سەردەمی خۆی کەوتبۆوە. بە داخەوە قەت چاومان بە یەکتر نەکەوت. تەنها یەک ساڵ بوو لە بەندیخانە بەرببووم، ئەو کوژرا. ڕەخنەگرتنی ئەو لە کۆمۆنستە سۆڤیەتییەکان، بە دڵی من بوو. بە باوەڕی من، باشترین کۆمەڵگەی لە سستەمی سەرمایەداریدا پێکهێنا. ژمارەیەک لە حیزبە بچووکەکان چوونە بەرەیەکەوە بە ناوی (فرێنتە ئەمپلیۆ) واتە بەرەی فرەوانەوە و دوای دە ساڵ توانییان پۆستی پارێزگاری مۆنتەڤیدیۆ ببەنەوە. دوای دە ساڵ حیزبەکە بوو بە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەو مۆنۆپۆڵە شکا کە دوو حیزب لە ١٨٢٨ەوە کە ساڵی دامەزراندنی ئۆرۆگوای بوو، سەرۆکایەتییان بە دەست دەهێنا. یەکەم کارێ کە ئەو حکوومەتە نوێیە کردی، بەرزکردنەوەی پەیکەرێکی ئۆلۆف پاڵمە بوو لە مەیدانێکی مۆنتەڤیدیۆ.
- موخیسە دەڵێ: هەموو ڕێزلێنانێکی قەرزارین.
  ئۆرۆگوای وڵاتێکی بچووکی بەر ڕەشەبای نێوان دوو میللەتی گەورەیە، ئەرجەنتین و بەرازیل. لە ڕووی ڕووپێوەوە بە قەدەر فلۆریدای ئەمەریکا دەبێ و دانیشتوانی ٣،٣ ملیۆن کەسە بەڵام فلۆریدا ١٨ ملیۆن کەسی تێدایە. ئۆرۆگوای، وەک (مێدل پاد) دانیشتوانی کەمە و نیوەی خەڵکەکەی لە مۆنتەڤیدیۆ دەژین و نیوەکەی تریش بە وڵاتدا پەرت بوونە و لە سەدا شەستی خاکەکەی لەوەڕگەی مەڕ و مانگایە.
کاتێ ئابووری ئەرجەنتین ساڵی ٢٠٠٢ تووشی شکست بوو، قەیرانەکە لە ڕووباری (ڕیۆ)ی سنوور وەردرا و بە قورسی شانی ئۆرگوای گرتەوە. نزیکەی ٤٠ لە سەدی دانیشتوانی دووچاری هەژاری کرد و ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی نەوەی نوێ وڵاتیان بەجێ هێشت. فرێنتە ئەمپلیۆ، دوای نزیکەی دە ساڵی دەسەڵات ئابووریی خستەوە گڕ و توانی ئاستی هەژاری بۆ ١٢ لە سەد داگرێ. خوسێ مۆخیکا لە دوای ٢٠١٠ەوە پەیدا بوو و بەوە هەموو جیهانی سەرسام کرد کە ئەو مووچە یاساییەی ڕەت کرەوە کە بۆ سەرۆک کۆمار دیاری کرابوو کە بریتی بوو لە (١٢٠٠٠) دۆلار لە مانگێکدا و ڕایگەیاند کە مانگانە، بە (١٥٠٠) دۆلار دەیگوزەرێنێ و ئەوی تر دەداتە ڕێکخراوە خێرخوازەکان. ئەو مەعاشە کەمە وای کردووە پێی بگوترێ هەژارترین سەرک لە جیهاندا.
- گرنگترین شتی ژیان پارە نییە. مرۆ عاشقی پارە نابێ. بە هۆی پارەوە منداڵت نابێ. لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو کەس باسی پارە دەکا. پارە ئازادیت بۆ فەراهم دەکا، بەڵام ئەگەر بەردەوام کار بۆ ئوە بکەیت پارەی ئەو شتانە بدەیت کە دەیانکڕیت، ئیدی ئازاد نابیت.
  تاکە شتێک کە هەیەتی، (ڤۆڵگس ڤاگن)ێکی کۆنی ١٩٨٧ە، لەگەڵ باخچەیەکدا کە خۆی و ژنەکەی، دوای ئازادبوونیان لە بەندیخانە، گوڵە ئەقحەوانیان تێدا دەچاند و دوایی لە بازاڕی گوڵفرۆشانی مۆنتەڤیدیۆ دەیانفرۆشت.
- وام پێ خۆشە ژیانێکی ساکار بژێم. شتی زۆر هر سەرهێشەیە.
سەد ساڵ دوای ئەوەی ئۆرۆگوای نموونەی ئەمەریکای لاتین بوو، دیسان ئەم وڵاتە بچکۆلە سۆسیالدیموکراتە سەرنج ڕادەکێشێ. جگە لەوەی خوسێ مۆخیکا بە ویستی خۆی داهاتی خۆی کەم کردووە، توانیویەتی سێ تابوو (ترس)ی ئەمەریکای لاتین بشکێنێ. ئەو مافی لەباربردنی بۆ ژنان دابین کرد و مافی هاوسەرگیری بە هاوجنسبازەکان دا و  مۆنۆپۆلکردنی ماددە هۆشبەرەکانی تێکدا. ساڵی داهاتوو، حکوومەت دەست بە سەر فرۆشتنی (کەنابیس – حەشیش)دا دەگرێ و لە ئۆرۆگوای سستەمێکی بۆ دادەمەزرێنێ.
- با کەس پێی وا نەبێ ئێمە کۆمەڵێ چالاکوانی (مەریوانەین). مەریوانە شتێکی خراپە. ئێمە دەمانەوێ بەرنامە بۆ کێشەکە دابنێین. خراپترین چارەسەر ئەوەیە قەدەغە بکرێ و بازاڕی ڕەشی بۆ دروست بێ. بیر لەوە دەکەینەوە دزی لەوانە بکەین بازاڕی نایاسایی گەرم دەکەن. مەترسیی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، زۆر لە مەترسی ماددە هۆشبەرەکان زیاترە.
بەیاساکردنی ڕێ بۆ ئەوەش خۆش دەکا ئەوانەی ئاڵوودە دەبن، ئاسانتر چارەسەر بکرێن.
- ئەگەر هەموو ئێوارەیەک پەرداخێ ویسکی بخۆمەوە کێشە نییە، بەڵام ئەگەر هەموو ڕۆژێ بوتڵێک بخۆمەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەم. لەو حاڵەتەدا من دەبم بە ئەلکۆلست و پێویستم بە چارەسەر دەبێ. بۆ مەریوانەش هەمان شتە.

مەترسی ئەوە نییە بەکارهێنانی پەرە بسێنێ؟
- باوەڕ ناکەم. قەدەغەکردن مراق دروست دەکا. ئەگەر یاسایی بێ، ئیتر نابێتە مەراق.
سەگە سێ لاقەکەی مۆخیکا بە شەلەشەل هاتە ژوورەوە و چووە لای ئاغاکەی و وەرکەوت. گەرماییەک لە ئاگردانەکەوە پەخش دەبصص و مزێجە ناخۆشەکەی خاوەنماڵیش نامش. "ئەلپاپە" بزە دەکات و دەست دەکا بە سوعبوت و منیش دەرفەت دەقۆزمەوە و پرسیاری ئەو  قسانەی لێ دەکەم کە لە کۆنگرەی ژینگە و گۆڕانکارییەکانی )ڕیۆ(، لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٢ لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا کردبوونی. ماوەی چەندین ڕۆژ سەرۆکەکانی جیهان بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتبوون و لە بری کارکردن بۆ بابەتەکە، ڕۆژەکانیان بەوە بە سەر بردبوو بە بازاڕەکاندا بۆ کڕینی کەرەسەی گرانبەها بگەڕێن. لە دواهەمین ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا، موخیکا گەیشتە تینی.
ماوەی دە دەقیقە، زەرداوی بە سەر سەرۆکەکاندا هەڵهێنایەوە لەبەر ئەوەی تاقەتیان نەبوو بچنە سەر باسی هۆکاری بنەڕەتی تێکچوونی ژینگە: کۆمەڵگەی سەرفکەر بەوە نییە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی بەرد یا بەرەو دواوە بچین: "پێویستە لەوە تێبگەین کە ناکرێ بازاڕ، هەتا هەتا بەڕێوەمان ببا لە کاتێکدا دەبێ ئێمە بازاڕ بەڕێوە ببەین".
کاتێ گوتی: "هۆکاری تێکچوونی ژینگە ئەو شارستانەتییەیە کە ئێمە دروستمان کردووە و دەبێ تەماشا بکەین بزانین ئێمە چۆن دەژێین"، سەرۆک و سەرکردەکان ملیان با دەدا.
قسەکانی، بۆ ملیاردەها لەو خەڵکانەی کە دەنگیان پێ دابوون، دروست بوون بەڵام سەرکردەی وڵاتەکان بە شەرمەوە تەماشای یەکتریان دەکرد.
من نازانم ئەو دە دەقیقە قسەکردنە هەڵچوونی ئەو دەمە بوو یا پلانی بۆ داڕێژرابوو. موخیکا، دەستی خستنە سەر چۆکی:
- هی ئەو دەمە بوو. من لەوە تووڕە بووم کە کێشەی ئەم جیهانەی ئێمە ئیکۆلۆژی نییە بەڵکو سیاسییە. ئارەزووی سیاسی بۆ گۆڕانکاری نییە. سەرکردەی وڵاتەکان بیر لە شتی تر دەکەنەوە. ئەوان ئەو کێشەیە چارە ناکەن کە بۆ ئەوە هەڵبژێردراوون چارەسەری بکەن. تۆ تەماشای ئۆباما بکە. پیاوێکی باشە بەڵام هەردوو دەستی بەستراونەتەوە. دەبێ هەمیشە قومار لە سەر بەرژەوەندی و بەرژەوەندی و بەرژەوەندی بکا. مرۆڤ دەسەڵاتی بە سەر خۆیەوە نەماوە. ناتوانین کێشە ساکار و زۆر ئاشکراکان چارەسەر بکەین چونکە دەترسین بەرژەوەندیمان بکەوێتە مەترسییەوە. ئێمە تاکە بوونەوەری سەر زەوین کە لێکدانەوەمان هەیە. تەنها ئێمەین کە دەتوانین ژیانی سەر زەوی بپارێزین، کەچی ناشیکەین.

سەرۆکی ئۆرۆگوای پێی وایە ئێمە لە گاڵتەجاڕییەکی سەرفکردندا دەژێین.

- تۆ دە جووت پێڵاوت هەیە، بەڵام ٣٠ جووتت گەرەکە. کە ٣٠ جووتیشت دەبێ، ئەوجا دەتەوێ پەنجا جووت پێڵاووت هەبن. ئارەزووی کڕین کۆتایی نایێ. تۆ دەزانی ئایمارە هندییەکان چی دەڵێن؟
ئەو پرسیارەی کرد و بەر لەوەی خۆی وەڵام بداتەوە تەماشای چاوی کردم. ئەوجا گوتی: هەژار ئەو کەسەیە کە بەردەوام زیاتری دەوێ،
مۆخیکا ئەوەی قەبووڵ نییە سەرکردەکان ئامێریان بە دەستەوە بێ و بەکاریشی نەهێنن.
- هیچ یەکێ لەو حکوومەتانەی وڵاتە گەورەکان بیر لە بابەتە گرنگەکان ناکاتەوە. ئەوانە تەنها بیر لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەنەوە. فەلسەفە تێی هەڵدراوە. لە هەموو شتێکدا سیاسەت، سیاسەتی گیرفانە.
دوو ساڵ لە سەر یەک، خوسێ مۆخیکا پاڵێوراوی خەڵاتە ئاشتییەکەی نۆبڵە چونکە توانیویەتی بە شێوەی دیموکراسی لەو وڵاتەی ئەمەریکای لاتیندا، کە زۆر پارێزکارە، مافی لەباربردن بۆ ژن و هاوسەرگیری هاوڕەگەز دابین بکا.
پار، ڕێکخراوێکی هۆڵەندی بۆ خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ پاڵاوتیان. ئەمساڵیش دەستەیەک لە پارێزەرانی ئەڵمان هەڵیانبژاردووە. ماوەیەکی زۆر لە سەرووی لستی زۆر لە کۆمپانیاکان بوو، بەڵام چەند مانگێکە پاڵێوراوێک لە ئەرجەنتین پێشی کەوتووە. ئێستا قەشە فرانسیسکۆس، کە وەک "ئەل پاپا" بە قرچۆکی دەژێ، کەوتۆتە سەرووی لستەکەوە.

- هەرگیز قەشە خەڵاتی نۆبڵی پێ نەبڕاوە. ئەگەر وەریبگرێ باشە. من ئەوەندە گێل نیم ململانێ لەگەڵ نوێنەری خوا بکەم لە سەر زەوی. پاڵاوتنەکە بۆ من مایەی شانازییە. ئەوە بۆ من بەسە.
دوو پەرلەمانتاری نەرویژی (ئەدوەرد سناودن)ی ڕەخنەگریشیان پاڵاوتووە.
- منیش پشتیوانی لێ دەکەم. سناودن مەسەلەیەکی گرنگی ڕۆژانەی خستە ڕوو ئەگەرچی چارەسەریش ناکرێ. "بەرژەوەندییەکان" یەکجار زۆر بەهێزن.

موخیکا، سەگە سێ لاقەکەی دەلاوێنێ و لە قسان بەردەوام دەبێ:
- ئەگەرچی، ئەگەر من بڕیارم دابا، خەڵاتی نۆبڵم (لە دوای مردنی) بە غاندی دەدا. لە ناو ئەو هەموو شێتایەتییەدا، کە ڕێ بە ئیسرائیل دەدرێ غەزە بۆردومان بکا، پێویستیمان بەو هەیە.
تیشکی خۆر لە پەنجەرە پیسەکەوە دێتە ژوورەوە و بەر نیگاری فیدل کاسترۆ دەکەوێ کە لە ناو ڕەفتی کتێبەکاندا داندراوە.
ئەم پایزە لە ئۆرگوای هەڵبژاردن دەبێ و مۆخیکا لەوە دڵنیایە لە سەدا شەستی دەنگەکان دێنێ. بەڵام لەبەر ئەوەی ڕێی بەشداربوونی نیە و یاسای بنەڕەتی ڕێی هەڵبژاردنەوەی نادا، هاوڕێ حیزبییەکەی (تاباری ڤاسکوز) کە لە ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠١٠دا سەرۆک بوو، خۆی دەپاڵێوێتەوە. بۆ جێگری سەرۆکیش ڕاول سێندیک دەپاڵێورێ کە کوڕی دامزرێنەری ناوداری تۆپامارۆس بوو و هەمان ناوی ئەمیشی هەبوو. یەکەم ئەرکی قورس کە بەرەو ڕوویان دەبێتەوە، دیمۆگرافییە. ئۆرۆگوای ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بەتەمەنی تێدان کە کاتی خانەنشینییان هاتووە. نەوەی نوێش کە دەبێ هۆکاری باجدان بێ، بۆ دەرەوە کۆچیان کردووە. ژمارەی ئەوانەی کە لە دایک دەبن، هەر جێی ئەوانە پڕ دەکاتەوە کە دەمرن. ئۆرۆگوای، بە قەدەر ساڵانی ١٩٤٠ەکان و پەنجاکان، کە ژمارەیەکی زۆر لە خێزان لە ئیسپانیاوە ڕوویان تێ کرد، پێویستی بە کۆچبەران هەیە.

ئێستا بیر لەوە دەکرێتەوە کە لە وڵاتانی تری ئەمەریکای لاتینەوە کۆچبەران بهێنن. مافی مانەوە بە هەموو کارمەندانی بازرگانی وڵاتانی یەکێتی بازاڕ، لە ئۆرۆگوای دەدرێ. واتە ئەرجەنتینی و بەرازیلی و پەرەگوایی و ڤەنزویلی دەتوانن لە ئۆرۆگوای داوای کار بکەن و جێنشین بن بێ ئەوەی ئاڵۆزی بخرێتە ڤیزا و مافی مانەوەیان. ئۆرۆگوای لە بارەی کۆچبەرانەوە زۆر لیبراڵە. بۆ ئەوەی پیشانی بدەن کە مرۆ چۆنی بیستووە وەها دەژێ، حکوومەت ١٤٠ بێ دایک و باوکی کۆچبەری لە سووریاوە وەرگرت. یەکەم ٤٠ منداڵ لە سەپتەمبەردا دەگەن و حکوومەت جێوڕێی مانەوەی بۆ دابین کردوون. منداڵە کۆچبەرەکانی تر کانوونی دووەمی داهاتوو دەگەن.  حکوومەت ئەرکی فێرکردنی زمان و کاروباری کۆمەڵایەتی دەخاتە ئەستۆی خۆی و تەنانەت خزموکەسی منداڵەکانیش وەردەگرێ. کاتێ مۆخیکا، مانگی نیسان لە سەردانێکیدا بۆ کۆشکی سپی لای باراک ئۆباما بوو، ڕایگەیاند کە ئۆرۆگوای، دەتوانێ ئەوانە وەرگرێ کە لە بنکەی گوانتینامۆ بەند کراوون. ئێستا ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی شەش بەندکراو دەکرێ تا مافی پەنابەری لە ئۆرۆگوای وەربگرن و بە ئازادی بژین. ڤیزە بە کەسوکاری ئەوانەش دەدرێ.
پرسیاری ئەوەم کرد ئاخۆ وڵاتەکە ئەو توانایەی هەیە. پرسیارەکەمی بە دڵ نەبوو،
- ئەوەی زۆر کەس لێی حاڵی نییە ئەوەیە کێشەی کۆچبەران کار دروست دەکا و ئێمەش کارمان دەوێ. شتێ نییە جێی مەترسی بێ. وڵاتان ناتوانن خۆیان دابڕن. ئەگەر خۆیان دابڕن بەخۆیان دەمردن.
دووەم کێشەی سەرەکی ئۆرۆگوای پەیداکردنی کارە. چەند ساڵێک بەر لە ئێستا (کۆمپانیای کاغەز)ی فینلەندی یەکێ لە گەورەترین کارگەکانی جیهانی لە ئۆرۆگوای کردەوە و هەر  لە ئێستاوە لە سەدا سێی بەرهەمی کاغەزی ئۆرۆگوای دابین دەکا و سێ مانگ لەوەبەر (ئێنسۆی گەورە) کارگەیەکی بە هەمان قەبارە لە ئۆرۆگوای دامەزراند و نیاز هەیە یەکێکی تریش دامەزرێنێ.
بوارێکی تر، بیناکردنی گەورەترین کۆلێژی تەکنیکە کە بە دەستپێشخەری مۆخێکا بووە، لە کاتی بوونی بە سەرۆک. کۆلێژی ئوتێک، دەکەوێتە شاری (فرای پێنتۆس)ی سنوورییەوە و لە ناوەندی بەرهەمهێنانی ئاژەڵداریدایە و ساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە. مۆخێکا دەیەوێ لە ڕێی زانکۆی بوسکەڕود و ڤەستفۆلدی نەرویجییەوە کە لە نزیک ئۆسلۆن، ئەنجامدانی پرۆژەکان خێراتر بکا.
- پێویستە لە پەرەسەندنی تەکنیکدا پێش بکەوین. ئێمە خۆراک بۆ ٣٠ ملیۆن مرۆڤ بەرهەم دێنین. دەتوانین خۆراکی ٣٠٠ ملیۆن مرۆڤ دابین بکەین. ئەوەی لە ئەوروپامان دەوێ پارە نییە، بەڵکو توانستە.
بەرلەوەی مۆخیکا ١ی ئازاری ٢٠١٥ دەست لە کار بکێشێتەوە، وای داناوە سەردانی زانکۆکانی نەرویج بکا و لەوێ قسە بۆ خوێندکاران بکا.
- دەمەوێ باسی ئەوە بۆ خوێندکاران بکەم کە ئێمە چۆن دەژێین. لە داهاتوودا، لە سەدا هەشتا یا نەوەتی دانیشتوانی گۆی زەوی بە ئینگلیزی دەدوێن. زمانی دیجیتاڵ بووە بە نێودەوڵەتی. ئێمە، چاک یا خراپ، لە کۆمەڵگەیەکدا دەژێین لە سەر خەتە. هەموو دەقیقەیەک، دوو ملیۆن دۆلار لە چەک سەرف دەکرێ. زۆربەی ئاوی خاوێن دەڕژێنە زەریاوە و لە هەمان کاتدا لە مەکسیک، خەڵک لە توینێتیدا دەخنکێن. بە ڕاستی دەبێ ئەمانە بگۆڕێن. ئێمە کەرەسەی گۆڕانکاریمان هەیە بەڵام بۆ گۆڕانکاری وشیاری خەڵک پێویستە.
لە ئاهەنگی چەپەکانی ڤەنزوێللا فانیلە بە وێنەی موخیکای، وەک وێنەی گیڤارەیان لە بەرە و لە ئەرجەنتین و بەرازیلیش، بە هۆی شێوە ژیانەکەیەوە بەرز دەنرخێندرێ. لە کاتی کۆبوونەوە جیهانییەکاندا، هەموو کەس دەیانەوێ وێنەی لەگەڵدا بگرن و پاریش کە بۆ سەردان چووە ڕۆما (پاپا) فرانسیسکۆس دەستبەرداری پرۆتۆکۆڵ بوو و نزیکەی یەک سەعات لەگەڵ مۆخیکا دانیشت، ئەگەرچی سەرۆک و ناودارەکان تەنها ماوەی یەک چارەکە سەعات لەگەڵیدا دەبوون. (ئەمیر کستوریکا)ی دەرهێنەری فیلم، کە خەڵکی سەربیایە، بە موخیکا دەڵێ "دواقارەمان" و ئێستا خەریکی فیلمێکی دۆکیومێنتییە و ناوی لێ ناوە "سەرۆکی گەل".

خەریکە لەوە ناسراوتر دەبیت کە سەرۆک بیت.
- من گوێ بەو شتانە نادەم.  خەڵک پێویستی بە سیمبول هەیە. ئەمڕۆ منم. سبەینێ کەسێکی تر دەبێ. مرۆڤ ئاوهایە. من زیاتر پێکەنینم بەو شتانە دێ. مۆخیکا ئەوەی بە بزەکردنەوە گوت.
وای بۆ دەچم هەموو شتەکان مەسەلەی بازاڕ بن. بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بچکۆلەیەی دەم ڕیۆ بە نەمانی نەوەی پێشتر لەناونەچێ، ئەو سەرکردە کۆنە گەریلایە هێنانی خەڵکی تری بۆ وڵاتەکە خستۆتە سەر ئەستۆی خۆی. لە ئەمەریکای لاتین لە ئێستاوە سەرکەوتوو بووە. هەوڵ دەدا وەها ئۆرۆگوای پیشان بدا کە نایابترین وڵاتە. لە ئاستی ئەمەریکای لاتین لەوەدا سەرکەوتوو بووە. کەم کەسی نەوەی نوێ دڵی بەو وڵاتە خۆش نییە کە لە ماوەی کەمتر لە یەک سەرۆکایەتیدا، مەریوانە و بەراویژەبوون و هاوسەرگیری هاوڕەگەڕی کردۆتە یاسایی.

مۆخیکا ئەو باسەشی بە دڵ نەبوو
- نا، من ماوەی چواردە ساڵ بە بێ کتێب، لەگەڵ مێروولەدا قسەم دەکرد، بۆ ئەوم نەبوو. نەچوومەتە ململانێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە بۆ ئەوەی خەریکی کاروباری بازاڕ بم. کە مەریوانەشمان کردووە بە یاسایی، بۆ ئەوە نەبووە خەڵک بۆ ئێرە بێنین. ئەوەی دەمانەوی بیکەین ئەوەیە شتێکی مەترسیدار سنووردار بکەین. ئەوە مەسەلەی ئازادی نییە.

ئەی بۆچی ئۆرۆگوای لە ئاستی جیهاندا لایەنگری زۆرە؟
- ئێمە وڵاتێکی بچووکین، هەمیشە وڵاتی بچووک لایەنگری لێ دەکرێ.

پرسیاری ئەوەم کرد ئاخۆ چۆن دەڕوانێتە قارەمانێتی تۆپێنی ئەو هاوینە. ئۆرۆگوای، هەر زوو دوو تیپی سەرکەوتوو، ئیتالیا و بەریتانیای ناردەوە ماڵەوە، کە یەکەمایەتی جیهانیان دیوە، بەڵام بە هەرحاڵ لیوس سوێرەس هەر بە دوامانەوەیە. هەموو ئۆتۆگوای چاوی لە لویس سوێرەس بڕیبوو و ئاگایان لەوە نەبوو کە هەموو جیهان لایەنگری ئۆرۆگوای نەبوو. تەنانەت مۆخیکەش کەوتە لایەنی ڕەخنەگرانەوە و گوتی کە چاودێر لە سەر ئەو گەزەی لویس گرتی سزای نەدا ئەویش بە بێ سزا تێپەڕی. دوو مانگ دوای گەزگرتنەکەی ناتاڵ، ئەوجا مۆخیکا ئارام بووەوە.
- کارێکی شێتانە بوو. ئەو کوڕە کێشەی هەیە. زیرەکییەکەی لە سەریدا نییە بەڵکو لە پێیدایە.
  بەڵام "ئەل پاپا" لەوەدا دژی بەرشەلۆنەیە کە دوای هەرای گازگرتنەکە بەرپای کرد، ١٢٠ ملیۆن دۆلار سزا درا. مۆخیکا پێی وایە شتێکی سەیرە فیفا ماوەی چەندین مانگ لە گەمەکردن دووری خستەوە.
- من سەرۆککۆمارم. ئەگەر تۆمەتبار بکرێم، پێویستە بچمە بەردەمی دادگا. چ ڕێگەی تر نییە. بەڵام فیفا کە کۆمپانیایەکی تایبەتییە، هەموو شتێک دەکا بێ ئەوەی بە دادگادا تێپەڕێ. ئەوە زۆر جێی سەرنجە.
مۆخیکا کە لە ماوەی دیدارەکەدا خۆڕاگر بوو (جگە لە کاتی بێتاقەتی بەیانی) چی دی تاقەتی نەما.
- فیفا فاشستە. مەسەلەکەیان چی دی گەمەی تۆپێن نییە. بازرگانییە،
سکرتێری ڕۆژنامەوانییەکەی، دەستی ڕاوەشاند و من لە هۆڵەکە هەستام. ئاگرەکە خەریک بوو دەکوژایەوە و مۆخیکا پارچە دارێکی تێ هاویشت. ئەوجا بەرەو لای کچە وێنەگرەکە چوو و بە هۆی ئەو هاوارەوە کە بە سەریدا کردبووی، ڕووی خۆشی پیشان دا.
- تۆ بەرەو چێشتخانەکە دەچوویت. تەنها کەسێک دەچێتە ئەوێ کە چێشت لێ بنێ.
وێنەگرەکە دەرفەتی هێنا و داوای لێ کرد لە دەرەوەی خانووەکە چەند وێنەیەکی بگرێ. خۆرەتاو بوو و پلەی گەرما گەیشتبووە ١٥ پلە. مۆخیکا بەرەو ئەو باخچە داپۆشراوە چوو کە خۆی و هاوسەرەکەی گوڵ و تەماتەیان تێدا چاندبوو. هاودەمە دڵسۆزەکەی، مانوێلا بە دوایدا دەهات. سەرۆک، دەرگای کۆگایەکی گەورەی کردەوە و شەش سنووقی پڕ تەماتەی پیشان داین. نیازی وایە بیانداتە هاوڕێیەکی تا بچێت لە بازاڕی مۆنتەڤیدیۆ بیانفرۆشێ. لە کاتێکدا خۆمان دابووە بەر خۆرەکە و وەستابووین، پرسیارێکی ترم کرد و دەمزانی پێی خۆش نییە وەڵامی بداتەوە. لێم پرسی ئاخۆ چۆن دەڕوانێتە ئەو ڕۆژگارەی کە لە تۆپامارۆسدا بانکی بڕیوە.
بە دەم تەماشاکردنی زەوییەکەوە کەوتە ڕێ. هەر بە دەم ڕێوە گوتی:
- کاتی باسکردنی ئەوە نەماوە.
بەرۆکیم بەرنەدا. چەند هەنگاوێک لەولاتر ڕاوەستا.
- ناکرێ بە چاوی ئەمڕۆ سەربازانی سپارتا هەڵسەنگێنین. هەروەها ئەوەی لە شەستکاندا ڕوویداوە، بە چاوی ئەمڕۆ هەڵناسەنگێندرێ. ئەو سەردەمە وامان کرد. ئەمڕۆ بوایە وامان نەدەکرد.
 هیچت هەیە بەو سەدان ئۆرگواییانەی بڵێیت کە لە سوید دەژین؟
پارە پاشەکەوت بکەن و بگەڕێنەوە بۆ وڵات. خراپ نییە مرۆ لەو جێیە بمرێ کە لێی لەدایک بووە.
سەرۆکە ٧٩ ساڵییەکە ئەوەی گوت و بەرەو خانووە بچووکەکەی کەوتە ڕێ و مانوێلیش بە شەلەشەل دوای کەوت.

Henrik Brandão Jönsson
Dagensnyheter
8-9-2014


tisdag 2 september 2014

با ڕوونتر بدوێین



کەس لاری لەوە نییە کە پێشمەرگە قارەمانن. پێشمەرگە پارێزەری شەرەفمانن، بەڵام ئەگەر سەرنجمان لە سەر سەرکردە و فەرماندە هەبێ لە دین لانادەین.
لە هەموو شوێنێک، کوڕی هەژار پێشمەرگە و قوربانیدەری یەکەمە. ئەگەر هیچ حاڵی نەبووبم، لە باوکمەوە شتێکم بۆ ماوەتەوە بیکەم بە وانە: هەژار و نەدار بوو. هەموو تەمەنی بۆ کۆمۆنیزم دانا. ماڵ و منداڵی خۆی جێهێشت و دوای باوەڕێک کەوت بە حیساب خزمەتی مرۆڤایەتی دەکا. بەندیخانە و بیابان و  ئاوارەیی و چەکداری، ببوون بە قەدەر و چارەنووسی ئەو. کە ماوەیەکیش ئازاد دەبوو، دوو ئەمن بە بەردەوامی چاودێری دوکانەکەیان دەکرد. کاتێکیش پەکی کەوت، تەنها منداڵەکانی خۆی بە دەورەوە مان و خزمەتیان دەکرد. بەرپرسە سەربازی و سیاسییەکەی باوکم لە شاخ، فارووقی مەلا مستەفا بوو. ئیتر بۆ خۆتاڕن بەراوردێ بکەن!
لە هەرەسی شۆڕشی ئەیلوولدا، سەرکردەکان، سووک و ئاسان ئەو دەیان هەزار خەڵکەیان جێهێشت. هەر ئەوەندەیان گوت: کەیفی خۆتانە! یا خۆ بە دەستی بەعسەوە بدەن، یا لە ئێران ببن بە پەنابەر! ئاخر چۆن؟ ئەی بارەگای بارزانی و ئەی مەکتەبی سیاسی و ئەو هەموو دامودەزگا و  هێز و لق و بەرگری میللییە چی؟! وەڵام نەبوو. میللەتێک بە گورگانخوارد درا. ڕەنگە بیانوو بۆ مەلا مستەفای نەمر هەبێ. بە قسەی جەرجیس فەتحوڵڵا، ئەو بە نەخۆشییەکەی خۆی دەزانی و دەیزانی زۆر نابا کۆتایی بە ژیانی دێ. مرۆڤێک لە سەرەمەرگدا بێ، بڕیاری ئاسایی پێ نادرێ. من لای خۆمەوە بە کەمتەرخەمی نازانم. بەڵام ئەی ئەوانی تر؟ چۆن توانییان میللەتێک وەک مێگەل بدەن بە دەستی بەعسەوە و هەتا ئێستاش داوای لێبوردن لە کەس نەکەن؟!
ئەو میللەتە بوون بە سووتەمەنی ئامانجێگ، مەگەر لە خەیاڵی شێتدا جێی ببێتەوە: برایەتی کورد و عارەب!
لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولدا، بیست پێشمەرگە، لە دەوروبەری کەرکووک، بە چەکی سەرەتاییەوە، پێشیان بە دوو لیوای سەربازی گرت و پاشەکشەیان نەکرد و ئەو هموو لەشکرەیان شکاند. دوایی وای لێ هات، بە هێزێکی پێشمەرگە، فەوجێکی پێ بەرزەوت نەدەکرا. ئەوە سروشتی شۆڕشی درێژخایەنە و بە دەم ڕۆژگارەوە گەندەڵ دەبێ.
لە شۆڕشی دوای ١٩٧٥یشدا، جێهێشتنی خەڵک بۆ بەزەیی بەعس بوو بە نەریت. نەک هەر ئەوە، ڕێی ڕاکردنیشیان لە خەڵک دەگرت و دەیانکردن بە گەرووی ئەنفالدا... فایل ئاشکرا بوون و کەس سزا نەدرا. نە فایلێک و نە دوو... سزادانی چی؟! فایلداری بوو بە شانازی و چەپڵەڕێزانی بۆ دەکرا! سەرانی کورد، لە بنی بەردیش بوایە، جاسووس و خۆفرۆشیان دەدۆزییەوە و پلەوپایەیان پێ دەبەخشی! گرنگ ئەوە نەبوو تۆ دڵسۆزی خاک و نەتەوەی خۆت بیت، بەڵکو ئەوە گرنگ بوو دڵسۆزی سەرکردەیەک بیت، یا بە لای کەمەوە دژی نەیارێکی سیاسی ئەو سەرکردەیە بیت!
پێشمەرگە فێری ئەوە کران کورد بە گورگانخوارد بدەن و ئۆف نەکەن. بەجێهێشتنی شەنگال، دوا کاری لەو بابەتەی پێشمەرگە بوو! سەدان ژنی شەنگال کەوتنە بەر یاسای کڕین و فرۆشتنەوە و دەستدرێژی کرایە سەریان. لە پیاوەکان بگەڕێ کە بەر یاسای (بەرخی نێر بۆ سەربڕینە) کەوتن و لە ناو خوێنی خۆیاندا گەوزان.
کورد بە حیسابی خۆی بەرگری لە شەرەف و نامووسی خۆی دەکرد، کەچی سووک و ئاسان، شەرەف و نامووسی خۆی تەسلیمی داعش کرد. ڕەنگە ئەم خیانەتە یەک دوو سوودیشی هەبێ: ئەوەی سەرکردەکانی نەناسیبێ ئێستا دەیانناسێ و ئەحمەقەکانیشمان، ئاخرێکەی عارەبیان ناسی!
سەرم لەوە سوڕماوە کە سەرانی کورد بیر لەوە ناکەنەوە شای ئێران و قەززافی و سەددام و موبارەک و هەزارانی تری وەک ئەوان چییان بە سەر هات! بیر لەوە ناکەنەوە جامی ئەو خەڵکە قوربانییەش، ڕۆژێ لە ڕۆژان پڕ دەبێ! کە پڕیش بوو، بە دڵنیاییەوە بەخیلی بە شا دەبەن کە مەودای ڕاکردنی درا...
سەرکردەکانمان کورد بە مێگەل دەزانن. هەر بۆ نموونە، نەوت بە هەرزان بە تورکیا دەدەن و تۆڵەی ئەو هەرزانییە لە کورد دەکەنەوە. ئەی ناکرێ بەو نرخەی بە تورکی دەدەن بە کوردیشی بدەن؟!
نا، کورد لەوە بچووکترە ئەو حیسابەی بۆ بکەن. کورد هەر بۆ قارەمانێتی و خۆبەکوشتدان باشە! سەیر ئەوەیە کەس ناتوانێ بە پێشمەرگە بڵێ شەڕ مەکەن چونکە دوژمنێکیان لێ پەیدا بووە بێبەشە لە هەستی مرۆڤایەتی. من بە دووری نازانم سەرانی کورد دەستیان لە پەرەپێدانی ئەو دوژمنەدا هەبێ تا کوردی پێ بترسێنن! ئەو دوژمنەش، لە ئەمەریکا هەڵگەڕایەوە چۆن لەمان هەڵناگەڕێتەوە؟!

lördag 16 augusti 2014

ئەوەی بە سەر ئێزیدیەەکان هاتووە، بەشی ئەوە دەکا بڵێن: ئێمە کورد نین

 
 
ابن السعود العمادي، کە بە ڕەگەز کورد بووە، لە سەردەمی دەسەڵاتی سلێمانی قانوونی و بەشێک لە سەردەمی سلێمانی دووەمدا، ماوەی ٣٠ ساڵ موفتی عوسمانییەکان بووە و لە دژی شیعە و ئێزدییەکان فەتوای قڕکردنی داوە. ئەم فەتوا توندەی بۆ کوشتنی ئێزیدییەکان داوە و دەڵێ: (الجواب والله أعلم بالصواب يكون قاتلهم غازياً ومقتولهم شهيداً، لأن جهاد اليزيدين وقتالهم جهاد أكبر وشهادة عظمى.. وهم أشد كفراً من الكفار الأصليين وقتالهم حلال في المذاهب الأربعة وجهادهم أصوب وأثوب من العبادات الدينية وتشتيت شملهم وتفريق جموعهم والمباشرة في قتالهم وقتل رؤسائهم من الواجبات الدينية.. وحكام الوقت والولاة الذين يرخصون في قتلهم ويحرضون على قتالهم ويرغبون في سبيهم شكر الله سعيهم وأعانهم وساعدهم على مقاصدهم وأيدهم عليهم بنصره العزيز، فلهم أن يقتلوا رجالهم ويستأسروا ذريتهم ونساءهم ويبيعوهم في سوق المسلمين أسرى كسائر الكفار ويحل لهم التصرف في أبكارهم وزوجاتهم).
واتە: (وەڵامەکە، خوداش ڕاستییەکە باشتر دەزانێ، ئەوەیە کوشتنی یەزیدییەکان غەزایە و کوژراوتان شەهیدن چونکە جیهاد لە دژیان و شەڕکردنیان جیهادی هەرە مەزنە و شەهیدبوونی هەرە باڵایە.. ئەوانە لە کافری ڕاستەقینە کافرترن و لە هەر چوار مەزەبدا، کوشتنیان حەڵاڵە و جیهاد لە دژیان ڕاستە و خێری لە عیبادەتی ئاینی زۆرترە و تەفروتوناکردنیان و تێکشکاندنیان و شەڕکردنیان و کوشتنی سەرکردەکانیان لە ئەرکە ئاینییەکانن... دەسەڵاتدارانی سەردەم و ئەو والییانەی بۆ کوشتنیان ئیزن دەدرێن و حەزیان لە ڕەزیلکردنیانە، خوا سوپاسی هەوڵەکانیان دەکا و پشتیان دەگرێ و بۆ ئامانجەکانیان هاوکاریان دەبێ و سەرکەوتنی خۆی پێیان دەبەخشێ. بۆیان هەیە پیاوەکانیان بکوژن و منداڵ و ژنیان دیل بکەن و دیلەکان وەک هەموو کافرانی تر لە بازاڕی موسوڵماناندا بفرۆشن و ڕەفتارکردن لەگەڵ کچ و ژنەکانیاندا حەڵاڵە).
ئەم فەتوایە ساڵی ١٥٧٠ز دراوە و ئەوەی جێبەجێی کردووە لەشکری ناوچەکە بووە کە لە والی دیاربەکر و ئورفە و موسڵ.. پێکهاتووە. واتە، فەتواکە کوردێک داویەتی و زۆرینەی بکوژانیش هەر کورد بوون و قڕان خرایە ناو ئێزدییەکان و ئەوساش وەک ئێستا چیای شەنگال پەنای داوون.
ساڵی ١٦٣٠، والی دیاربەکر (ئەحمەد پاشا) هێرشی کردە سەریان و دەوروبەری دە هەزار کەسی لێ کوشتن و زۆری لێ بە دیل گرتن و بە تاڵانێکی زۆرەوە گەڕایەوە بۆ دیار بکەر.
ئێزدییەکان، جارێ لە دەست زوڵمی عوسمانی و والییەکانی دیاربەکر و موسڵ و بەغدا پەنایان بۆ سەفەوییەکان دەبرد و جارێ لە دەست زوڵمی سەفەوییەکان میرە کوردەکانی سەر بە سەفەوی پەنایان بۆ عوسمانلی دەبرد و بەردەوامیش شەڕیان دەکرد و بەرگرییان لە خۆیان دەکرد. هەندێ جار، بە دەیان هەزار سەربازیان کوشتووە.
لە (١٨٣٠)یەکاندا، میری سۆران هێرشی بردە سەر ئێزیدییەکان و تەنها لە چیای شەنگال، سێ لە چوار بەشی دانیشتوانی کوشت و دوایی بە فێڵ و فەرەج عەلی بەگی گەورەی ئێزدییانی بۆ گفتوگۆ بانگ کردە لای خۆی، بەڵام کوشتی.
بەو شێوەیە، میری ئەردەڵان و سۆران و والی موسڵ و دیاربەکر، لە دژی ئێزدییەکان شەڕیان دەکرد و هەمیشەش شەڕی قڕکردن و لەناوبردنیان دەکرد و پێیان وا بوو ئەوە ئەرکێکی ئاینییە. ئەگەرچی ئاشووریەکانی شەنگال دەرهەق بە کورد، هەر دەرفەتیان بووبێ هەڵوێستی باشیان نەبووە بەڵام نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە ئەو شەڕانەی دژی ئێزیدییەکان دەکران، شانی ئەوانیشیان دەگرتەوە... ئاشوورییەکان، لە کاتی هاتنی ئینگلیزدا بۆ ناو عیراق، بوون بە چەکهەڵگریان و لە دژی کورد کەوتنە شەڕەوە و خراپترین کارێک کە کردیان ئەوە بوو لە کەرکووک هەڵیانکوتایە گەرماوی ژنانەوە، بۆیە کەسێکی ئاینپەروەری وەک (عەلی بەسێ)یان لێ پەیدا بوو و کەوتنە کوشتنیان. ئەو شەڕکەرە ئاشووریانە ناوی (لێڤی)ان لێ نرابوو و دەیانویست تۆڵەی بەر و دوا لە کورد بکەنەوە و ئێستاش دەبیستین لە دژی کورد ڕەفتار دەکەن.
لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا، بە فەرمانی (مەلیک غازی)ی مەلیکی عیراق دیسان شەڕی قڕکردنی ئێزدی دەستی پێ کردەوە و ژمارەیەکی یەکجار زۆریان لێ کوشتن و دیسان ژن و کچەکانیان بە تاڵان بردن.
دواکارەسات کە کورد خۆی بە سەر ئێزدییەکانی شەنگالیدا هێنابێ ئەوەی ئەم دواییە بوو کە وەک بەرخەکۆرپە ڕادەستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی کردن و ئەوانیش کەوتنە قەتڵوعامکردنیان و ڕفاندنی کچەکانیان و بە (سبایا)کردنیان و لە ئەنجامدا وەک ئاژەڵ لە بازاڕەکانی موسڵ هەڕاج کران. پێم وایە تاکە پاڵپشتێک کە ئێزیدییەکان هەیانبووبێ و خیانەتی لێ نەکردبن، تەنها چیای شەنگال بووە و هەقە ئەو بەڕێزانە ئەو چیایەش وەکوو لالش بە پیرۆز بزانن.
ئەگەر ئێزدییەکان هاشا لە کوردبوونی خۆیان بکەن و ئێزدییایەتی وەک کە ئاینیانە، بکەن بە قەومایەتی خۆیان، من بەش بە حاڵی خۆم، نەک هەر ناهەقیان ناگرم، بەڵکو نەختێ پاڵپشتیشیان دەکەم و هەر دوژمنایەتی کورد نەکەن، یەکجار کارێکی گەورە دەکەن و پێویستە پێی بزانین. باسی ئەوە هەیە کە تا کارەساتەکانی ئەم دواییە کە بە دەستی عارەب بە سەریاندا هاتووە و کورد هۆکار بووە، ٧٢ جاری تریش بەرەوڕووی شەڕی دوابڕانەوە بوونە و لە سەرلەبەریاندا کورد دەستی هەبووە. من لەو ڕووەوە، لە بری هەموو کورد شەرمەزارم و هەست دەکەم منیش بەرانبەریان خیانەتکار بوومە و بەشداریم لە هەموو ئەو کارەساتانەدا کردووە،
ئەوەی لایەنی ئاینی بەهێزە، ئەگەر لە دایک و باوکێکی ئێزیدی بکەوتبایەتەوە و ئاین لە گەڵ شیری دایکدا بە ڕووحیدا داچۆڕایە، ئێستا دەبوو بە قەوال یا دەروێشێکی ئێزدی کە لە سەر مەلەک تاووس خۆی بە کوشت دەدا. ئەو ڕێکەوتە نەفرەتییەی تۆی کردووە بە موسوڵمان و ئەوانی کردووە بە ئێزیدی و یەکێکی تری کردووە بە جوو، چارەنووسە و مەردایەتی کەسی تێدا نییە!
لێرە و لەوێ، چەند جارێک دیومە باسی ئەوە دەکرێ بۆچی ئێزیدییەکان عەگال لەسەر دەکەن! وەک زانیومە، لە کاتی دروستبوونی عیراقدا، کە بۆ ئاڵووێر لە شەنگال و گوندەکانی دەوروبەریەوە دەچوونە موسڵ، بە هۆی جامانەی سوور و ڕەشەوە کە بە سەریانەوە دەبەست، تووشی سووکایەتی دەبوون و کاریان بۆ مەیسەر نەدەبوو. ئەوانیش بۆ خۆدەربازکردن عەگالیان لە سەریان کرد و دوایی دیتیان بۆ ئەو ناوچە گەرمە وەک سێبەر بۆ سەریان لەبارە، دەستبەرداری نەبوون... لە لایەکی ترەوە، کێ لە جێی ئەوان بێ شانازی بە کوردبوونەوە دەکات؟ لە ڕاستیدا، من کە ئەو کارەساتانە دەخوێنمەوە کە بە سەریاندا هاتوون، شانازیم بە کوردبوونەوە لە کزی دەدا و وەختە بڵێم شەرم دامدەگرێ! ئاخر توخوا کورد چۆن ژێردەستە نەبێ؟! میللەتی ئاوها، کە هەتا ئەمڕۆش ماکی ئەو خۆخۆرییەی پێوە ماوە، ئازاد دەبێ؟!
١٧/٨/٢٠١٤

tisdag 22 juli 2014

بابەتێکی گرنگ: لە کاک (بەختیار شەمەیی)م وەرگرتووە... لەگەڵ دەستخۆشیدا



له‌ ئه‌رشيفه‌وه‌:
كورد و پێوەندییەكانی ئێران و ئێراق
نووسینی: ئەسغەر جەعفەری ویلدانی
وەرگێڕانی: بەختیاری شەمەیی
 
پێشەكییەكی پێویست
ئەم نووسراوەى كە لە لاپەڕەكانی داهاتوودا دەیخوێنیتەوە، بریتییە لە چەند بەشێكی وەرگێڕدراوى پەرتووكی (بررسی تأریخی اختلافات مرزی ایران و عراق) كە لە ساڵی 1988دا لەلایەن (دفتر مطالعات سیاسی و بین المللی) یەوە بڵاوكراوەتەوە. هەر وەكوو لەسەرناوى پەرتووكەكەدا دەردەكەوێت (لێكۆڵینەوەى مێژوویی ناكۆكییە سەر سنوورییەكانی ئێران و ئێراق)، ئەو نووسراوە لە ناكۆكی و شەڕە سەرسنورییەكانی هەردوو وڵات دەكۆڵێتەوە. ئەم لێكۆڵینەوە مێژووییە كە لە لایەن (أصغر جعفری ولدانی)یەوە نووسراوە، لە پێنج بەش پێك هاتووە كە هەمووى بەسەر یەكەوە 715 لاپەڕەیە، جگە لەم چەند بەشەى كە وەرگێڕدراوە، لە چەند شوێنێكی دیكەشدا بە پچڕ پچڕی باسی كورد و كوردستان هاتۆتە نێو ناوانەوە.
لێرە پێویستە ئەوە بگوترێ كە لەم كورتە پێشەكییەدا هەوڵی ئەوە نەدراوە لێكۆڵینەوەیەك لەمەڕ پەرتووكی ناوبراوەوە پێشكەش بكرێت، بەڵكو تەنێ زۆر بە كورتی دەست نیشانی ناوەڕۆكەكەى كراوە و بە چەند وشەیەك خوێنەر لە بابەت و مەبەستی پەرتووكەكە ئاگادار كراوە. لە ڕاستیدا ئەم پەرتووكە دادەنرێت بە یەكێ لەو نووسراوە پڕ زانیارییانەى كە لە بارى مێژوویی و یاسایی ژیۆپۆلیتیكییەوە دەست نیشانی هەموو ئەو شەڕ و ناكۆكییە مێژوویی و سەرسنووریانەى ئێران و ئیمپراتۆرێتیی عوسمانی و پاشان ئێران و ئێراق دەكات و لەهۆ و هۆكار و ئەنجامەكانیان دەكۆڵێتەوە. بە پێی ئەو بەرژەوەندییەى كە لە مەبەستی نووسراوەكەدا ڕەچاو كراوە، ئەنجام گیرییان لێهەڵدەهێنجێنێت، واتە لە كڵاوڕۆژنەى بەرژەوەندییە باڵاكانی میللەتی فارسەوە نووسراوە و ئەنجام دراوە. هەر بۆیە كە دێتە سەر مەسەلەى كورد، ڕاستیى ڕووداوەكان ئاوەژوو دەكاتەوە و زۆر شۆفێنیستانە و ناڕەوایانە (لەو شوێنانەدا كە پێوەندیدارە بەمەسەلەى كوردەوە) تێگەیشتن و بیروڕاكانى خۆی دەردەبڕێت. پێویستە ئەوەش باس بكەین كە شتێكى زۆر ئاسایى و سروشتییە بڕوا بەو بیروڕا و نووسراوانە نەكرێت كە لەلایەن ئەو كەس وكۆڕ و كۆمەڵانەوە نووسراون و دەنووسرێن كە لەبەرەى دوژمنانى كورد و داگیركەرانى كوردستاندان. هەوڵ و كۆششى ئەوانە لەسەر كورد و مەسەلەى نەتەوەیى كورد و نیشتیمانیى كوردستان، هەر تەنها بەمەبەستى شێواندنى ڕاستییە مێژووییەكانە كە بەهۆى تۆمەت و درۆ و دەلەسە و بیروڕاى بێبنچینەوە دەیانەوێت تاوانەكانى خۆیان بشارنەوە و ڕاستییەكان بشێوێنن. هەرچەند خۆشبەختانە ئەمڕۆ چ خۆمان و چ كەسان و لایەنە دڵسۆز و پێشڤەڕوو و هۆشیارەكانى میللەتانى سەر دەستە و دەوڵەتدارى دراوسێی كورد لەو ئاستی ئاگایی و تێگەیشتنەدان كە بەو درۆ و دەلەسە و تۆمەت و بوختانانە بڕوا نەكەن.
ئەگەر چی ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە درۆ و پڕوپاگەندە ژەهراوییەكانی دوژمنانی كورد و داگیركەرانی كوردستان نەخشی خۆی نەبینێت لە ئاوەژووكردنەوە و شێواندنی ڕاستییەكان و تێكدان و سەر لێشێواندنی بیروڕای گشتیی جیهانیدا بەرامبەر بە دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانیی كورد و ڕێبازى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى كوردستان. ئەمڕٍۆ ڕاستییەكان پتر بۆ جیهانی دەرەوە ڕوون بوونەتەوە و ڕەوتی درۆ و بوختان پڕوپاگەندەى ژەهراوى بەرەو ڕیسواتر بوون و تێشكان و نەمان دەچێت. لێرەدا پێویستە ئەو گلەییە لە خۆیشمان بكەین كە ئێمەی كورد تا ئەندازەیەك لەم ڕووەوە كەمتەرخەمین و هۆیەكەیشی زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئامڕاز و دامودەزگای پڕوپاگەندە و میدیای كوردی (بە تایبەتی لە هەندەران) كە ئەگەر ئێمەى كورد لە نێوان خۆماندا تەبا و یەكگرتوو بووینایە، هەلومەرج لە ئەوروپای ڕۆژئاوا لەبارە بۆ دامەزراندنی دامودەزگایەكی میدیای كوردی كە بەمە دەمانتوانی بەر بە شاڵاوى درۆ و دەلەسە و بوختانەكانى دوژمنانمان بگرین و وەكوو پێویستیش لە ئاستی پڕوپاگەندە كردندا بین بۆ مەسەلە ڕەواكەمان و بە ئینتەرناسیۆنالكردنی كێشە نەتەوەیی و نیشتمانییەكامان.
لێرەدا دێینەوە سەر پەڕتووكەكە، ئەو نووسراوە لە ڕووى زانیارییەوە بایەخێكی تایبەتیی هەیە، لەبەر ئەوەى بە ووردی باسی هەموو ئەو شەڕ و ئاژاوە و جەنگە گەورە و بچوكانە دەكات كە لە نێوان هەردوو لایاندا ڕوویانداوە بە جەنگی هەشت ساڵەی ئەم دواییشەوە، جگە لەمە كورتەیەكی مێژوویی گشتیی ئەو پەیمانە نێو دەوڵەتییانەی هەردوولاش تۆمار دەكات، سەرباری ئەمەش لە كۆتاییدا 15 بەڵگەنامە لە شێوەى پەیماننامە مێژووییەكاندا سەرلە نوێ چاپكراونەتەوە.
لێرەدا دەمەوێت سەرنجی خوێنەر بەلاى ئەو ڕاستیەدا ڕابكێشم كە وەرگێڕانی سەرلەبەری ئەو پەڕتووكە گەلێ پێویستە و گرنگی و بایەخی تایبەتیی دەبێت بۆ هەموو ئەوانەى كە لە داهاتوودا لێكۆڵینەوە لەسەر ناكۆكی و شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان ئێراق و ئێران دەنووسن. ئەم پەڕتووكە وەكوو وترا یەكێكە لە لێكۆڵینەوە مێژووییە پڕ زانیارییەكان دەربارەى هەر دوو وڵات. ئەگەرچی لە ناتەواوی و هەڵە و كەموكوڕیی زۆریش بێبەش نییە بە تایبەتی لەسەر كورد و بزووتنەوەى رزگاریخوازی كوردستان. بێگومان دەبێت ئەوە بزانین كە (ئەو هەڵە و درۆ و دەلەسە و بوختانتنە) هیچیان لە ڕووى نەشارەزایی و ناهۆشیارییەوە نین، بەڵكو هەموویان بە پێی نەخشە و بەرنامەیەكی پێشتر داڕێژراو ئەنجام دراون.
لە كۆتایی ئەم كورتە پێشەكییەدا دەمەوێ ئەو ڕاستیە بۆ هەمووان ئاشكرا بكەم كە وەرگێڕانی ئەم نووسراوە بەو مانایە نییە كە وەرگێڕ پشتیوانی لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە نووسراوانە دەكات، بەڵكو زۆر بە پێچەوانەوە دروست مەبەست لە ئاشكراكردن و وەرگێڕانیانە بە مەبەستی وەڵامدانەوە و بەدرۆخستنەوەیان. كارێكی چاك و پێویستە كە هەر نووسراوێك لەسەر كورد و كوردستان، چ لەلایەن خۆمان و چ لە لایەن بێگانەوە بە زمانی بێگانە نووسرابێت وەربگێڕدرێتە سەر زمانی كوردی و بە پێی پێویستیش وەڵامی درۆ و دەلەسە و هەڵەكانیشیان بدرێتەوە. ئەم چەند لاپەڕەیەش هەر لەم روانگەیەوە وەرگێڕدراوە.
بەختیاری شەمەیی
ئەمستەردام، 25-10-1989
 
مەسەلەی كورد
یەكێكی دیكە لە ناكۆكییەكانی ئێران و ئێراق لەو سەردەمەدا پێوەندیی بە مەسەلەى كوردەوە هەبوو. ئەم پرسە بە درێژایی مێژووی پێوەندیی ئێران و عوسمانی نەخشێكی گرنگی لە ناكۆكییەكانی هەردوو وڵاتدا بینیوە.
لە ڕابووردوودا سەبارەت بە چارەسەركردنی ئەم كێشەیە هیچ سەركەوتنێك بە دەست نەهێنرا بوو. پاش سەربەخۆیی ئێراقیش ئەم گیروگرفتە هەروا بەردەوام بوو و پێوەندییەكانی ئێران و ئێراقی بەرەو خراپی برد و لەو كاتەوە هەتا ئەمڕۆش هەر ڕۆڵێكی گرنگ لە ناكۆكییەكانی ئەم دوو وڵاتەدا دەبینێت كە دەتوانرێت دەست نیشانی ئەو ڕۆڵە لە بەستنی پەیماننامەى دۆستایەتیی هاوسێیانەى 1975دا و هەروەها جەنگی دەستدرێژ كارانەی ئەم چەند ساڵانەدا بكرێت. یەكێ لە بانگاشەكانی صەدام بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەیماننامەى 1975 و دەستپێكردنی جەنگ، تاوانباركردنی كۆماری ئیسلامیی ئێران بوو بە پشتیوانیكردن لە كوردەكانی ئێراق.
لێرەدا بەر لە لێكۆڵینەوەى نەخشی كوردەكان لە پەیوەندییەكانی ئێراق و ئێراندا لەو كاتەوە تا ئێستا، پێویستە بۆ باشتر تێگەیشتنی مەسەلەكە كورتە ڕوونكردنەوەیەك دەربارەى مەسەلەى كورد و ڕۆڵی ووڵاتە كۆڵۆنیالیستیەكان بە تایبەتی دەوڵەتی ئینگلستان تۆمار بكەین.
أ‌- سیاسەتی ئینگلستان سەبارەت بە كوردەكان:
كوردەكان لە نەژادی پاكی ئارییەكانن و بە شێوە زمانەكانی هندوئەوروپی، كە لە زمانی فارسی جیابۆتەوە دەپەیڤن. كوردەكان لە ڕۆژئاواى ئێران، لە باكورى ئێراق و سوریا، لە ڕۆژهەڵاتی توركیا و ژمارەیەكی زۆریشیان لە لوبنان و یەكێتیی سۆڤێت دەژین.
كوردەكان لە بارى دەروونی و گیانی و فەرهەنگییەوە خەڵكی تێكۆشەرن و ئارەزووى سەربەخۆیی دەكەن و كەمتر چوونەتە ژێر دەسەڵاتی بێگانەوە. خواستی سەربەخۆیی كوردەكان بۆتە هۆی ئەوەى كە وڵاتانی جۆراوجۆر بچنە بنكڵێشەیانەوە و بۆ مەبەستەكانی خۆیان كەڵًكیان لێوەربگرن. لەم ڕووەوە سیاسەتی دەوڵەتی ئینگلستان جێگای سەرنجلێدانە.
دەوڵەتی ئینگلستان دواى جەنگی جیهانیی یەكەم ماوەیەك لە بیری دامەزراندنی كوردستانێكی سەربەخۆدا بوو كە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێت، چونكە بەم شێوەیە دەیتوانی دەسەڵاتی خۆی لە ناوچە ستراتیژییەكانی كەفكازدا بەرفراوان بكات. جگە لەمەش كوردستانی سەربەخۆ ئامڕازێكی گوشار خستنە سەر توركیای كەمال ئەتاتورك و دەوڵەتی ئێران و دەوڵەتی ئێراقیش بوو. بەتایبەتیی لەبەرئەوەى كوردەكانی ئەم وڵاتەی دوایی لەگەلأ ڕێكوپێكییشدا لە میرنشینەكانی دیكەش زۆرتر بوون.
لە جێبەجێ كردنی ئەم سیاسەتەدا دەوڵەتی ئینگلستان لە بڕیارنامەی سیڤەرى (1920)دا كە لە نێوان هاوپەیمانەكان و دەوڵەتی عوسمانیدا بەسترابوو، بۆ پێكهێنانی دەوڵەتێكی ئازادی كورد لە باشوورى ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵدا، ماددەیەكیان چەسپاندبوو. بەڵام پاشان دەوڵەتی بەریتانیا بە چەند بڕوبیانوویەك لەم بیرە پەشیمان بووەوە: یەكەم- لەبەر ئەوەى ناوچە كوردنشینەكانی ئەنادۆلأ بۆ توركیا جێگای بایەخ پێدان بوو. دووەم- توركیا و ڕژێمی پاشایی ئێراق سەبارەت بە باكوورى ئێراق ناكۆكییان لەسەر خاك لە نێواندا هەبوو و لەبەر ئەوەى بەریتانیا لە ئێراقدا بەرژەوەندیی لە نەوتدا هەبوو، پشتیوانیی بانگاشەكانی ئێراقی كرد. توركیاش بەرامبەر دەست كەوتنی بەشەپشكی نەوت لەو ناوچانەى كە ناكۆكییان لەسەر هەبوو، چاوپۆشی لە داخوازییەكانی خۆی كرد و وازیهێنا. سێهەم- بەریتانیا بەهۆی ناكۆكییەوە لەگەلأ فەرەنسا لە باكوورى ئێراقدا لە بەرامبەر پێدانی بەشێك لە خاوەندارێتیی كارخانەى پێشووی نەوت (كارخانەى نەوتی ئێراق) بە فەڕەنسا، ڕازیبوونی ئەو دەوڵەتەى لە پێكەوە لكاندنی ناوچەی ناوبراو لەتەك ئێراقدا بە دەست هانی .(1)
بێگومان هۆی دیكەش زۆر هەن لە بارەى خۆلێلادانی بەریتانیا لە پێشنیازی ناوبراو كە ئاشكرا بوون، بەریتانیا وای نیشاندا كە بەرژەوەندیی دەوڵەتی ئینگلستان لەوەدایە لە ڕێگەى بە دەست هێنانی ئیمتیازەوە لە دەوڵەتی ئێراق بەسەر عەرەبەكاندا دەسەڵات پەیدا بكات، بەم شێوەیە دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆ لەتەك ئەم جۆرە سیاسەتانەدا نەدەگونجا، بۆیە پشتگوێی خستن بەڵام بە هۆی ئەو كاربەدەستانەوە كە لە ئێراق و ئێراندا هەیان بوو،دەستی لە دۆستایەتیی كوردەكان هەڵنەگرت. زانیاری تەواوی لە بارەى بارودۆخی ئەوانەوە پەیدا كردبوو. ئەم كارە بۆ دەوڵەتی ئینگلستانی دوو كەڵكی هەبوو: یەكەم - ئەوەبوو كە مەسەلەى كورد كە وەكو ئامڕازێك بوو بۆ گوشار خستنە سەر تاران و بەغداد، بەشێكی مەسەلەكانی ئەو ڕۆژگارەى پێك دەهێنا. دووەم - دەبووە ڕێگری دەسەڵات فراوانبوونی دەوڵەتانی دیكەى وەكوو یەكێتیی سۆڤێت و ئەڵمانیا .(2)
كوردەكان لە بارى جوگرافیایی و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە دەتوانن بۆ ئەو پێنج وڵاتەى كە تیایدا دەژین مەسەلەیەكی بەهێزی سەودا و مامەڵەبن. لە كاتی سەرهەڵدانی ڕێكەوتنێك لەگەڵ كەمایەتیی كورد لە یەكێ لەو وڵاتانەدا، هاونەژادەكانیان لە هەموو وڵاتەكانی دیكەشدا بەردەوام دەكەونە ژێر كاریگەرێتییەوە. لەگەڵ سەرنجدانێكی ئەوەى كە كوردەكان لە ناوچە سەرسنورییەكاندا نیشتەجێ بوون، تێدەگەین كە ئەم هۆكارە ئەو توانایەى پێداون كە لە كاتی پێویستدا لەسەر سنوورەكانی ئەو وڵاتە دراوسێیانەدا هاتوچۆ بكەن. ئەم مەسەلەیە بە گوێرەى خۆی لە نێوان ئەم وڵاتانە بە تایبەتیی ئێراق و ئێراندا، دوژمنایەتییەكی هێَناوەتە ناو ناوانەوە. لە زۆر كێشەى جۆراوجۆردا دەوڵەتانی هەردوو وڵاتەكە بە پەنادانی (تێكدەرەكان) و تەنانەت كۆمەك كردنی (ئاژاوەچییەكان) یەكدی تاوانبار دەكەن.
ب- كورد و پێوەندییەكانی ئێران و ئێراق
سیاسەتی ڕەزاخان كە لەسەر بنچینەی پێكهێنانی میرییەكی ناوەندی و بەتوانا دامەزرا بوو، بووە هۆی ئەوەى كە زۆر لە كوردەكان و لوڕەكان بەرەو ئێراق كۆچ بكەن. بەم جۆرە كاتێك یاسای دروستكردنی ناسنامەى ئێرانێتی پەسەند كرا و مەسەلەى بە زۆركردنی خزمەتی سەربازى بۆ هەموو ئێرانییەكان پێشنیاز كرا، هەندێك لە هۆزەكانی سەرسنوور بەرەو ئێراق ڕەویان كرد. ئەو ڕووداوانە بوونە هۆی ئەوەى دەوڵەتی ئێراق بكەوێتە سەرزەنشت و شكاتكردن.
لە ساڵی 1927دا سارالدولەى قاجار، یەكێ لە براكانی محمد علی شا كە خۆی بۆ تاج و تەختی قاجار دانابوو، ڕاپەڕینێكی لە نێو كوردەكاندا بەرپا كرد بوو، پاش تێكشكانی بەرامبەر هێزەكانی دەوڵەت، بۆ ئێراق هەڵات. نابراو جارێكی دیكەش لە ساڵی 1911دا كوردەكانی وروژاندبۆوە و تا نێزیك پایتەخت بەرەو پێشەوە چوو بوو، بەڵام دیسان بەرەو ڕووى تێكشكان بۆوە و بۆ ئێراق هەڵاتەوە و لەوێ كەوتە ژێر چاودێریى دەسەڵاتی ئینگلیزەكانەوە. ناوبراو بە هۆی ڕێكەوتنێكەوە كە لە نێوان ئێراق و ئێراندا ئەنجام درابوو، لەلایەن پۆلیسی ئێراقەوە دەست گیر كرا. بەڵام ئەو ڕێكەوتنە دەستبەجێ لەگەلأ ڕاپەڕینەكەی سمایلخانی سمكۆدا لەلایەن دەوڵەتی ئێراقەوە هەڵوەشێنرایەوە.
ملك الشعرا بهار نووسیویەتی "سمایلخانیش لەم ڕووەوە داخ لە دڵ بوو كە دەگونجێ لەلایەن هەندێ لە دراوسێكانەوە دەست خرابێتە ناو كاروبارەكانیەوە. ئەمە گیانی توڕە بوون و سەركەشیی لە دڵدا هەژاندبوو. ئەوەبوو ئەم پیاوە بەهۆی لێهاتوویی خۆی و سەختیی قەڵاى چەهریقەوە توانیبووی زیانێكی بەرچاو بە هێزەكانی دەوڵەت بگەیەنێت. دووریش بنواڕین دەتوانین بڵێین ڕەنگبێ هەندێ لە فەرماندەكان بە دنەدانی بێگانە یان لە پێناوى بەرژەوەندییە سیاسییەكانی خۆیان، لە بەرامبەر لەناوبردنی سمكۆدا نەرمی و سستیان پیشان دابێت". (3)
پەراوێزەكان:
1- Robert .F. Zeidner، "Kurdstan Nationalism and The New Iraq Government"، Middle Eastern Affairs. (Jan،1959)،P.2u .
2- جورج لنچافسكی ، مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ، وەرگێڕ مادی جزایرى ، تهران : أقبال، ل 244.(بە فارسی).
3- ملك الشعرا بهار ، مێژووی پارتە سیاسییەكانی ئێران ، بەرگی یەكەم تهران، (پەڕتووكی گیرفانی ، 1357) ، ل 266 (بە فارسی).
*تێبینی: ئەم باسە لە بەشی دووەم، دەروازەى یەكەم، بەندی 8، لە لاپەڕەكانی (120-121-122)دایە. هەروەها پەراوێزەكانیشی لە لاپەڕە (123) دان كە لە پەڕتووكەكەدا بریتین لە پەراوێزەكانی 16،17،18.(وەرگێڕ).
دۆزی كورد و پێوەندییەكانی ئێران و ئێراق
شەڕى نێوان كورد و هێزە ئێراقییەكان كە لە سەردەمی عبدالكریم قاسمدا دەستی پێكردبوو، پاش لەناوچوونی ئەویش هەر بەردەوام بوو. عبدالسلام عارف بە مەبەستی كۆتایی هێنان بە شەڕەكە لە 11-2-1964دا ڕێكەوتننامەیەكی ئاگربەستی لەگەڵ بارزانیدا واژۆ كرد و بەڵێنیدا كە بە فەڕمی دان بە ئازادیی كورددا بنێت و بە شێوەیەكی یەكسان لە كاروبارى لەشكر و وڵاتدا بەشدار بن و ئەو زیانانەى كە لە ئەنجامی شەڕەكەدا لە كورد كەوتبوون، بژمێرێتەوە بۆیان. بەڵام سوپا ئامادەی پێدانی ئەم ئیمتییازانەى نەبوو و سەرەنجام شەڕەكە هەر درێژەى كێشا.
لە ساڵی 1965دا كە شەڕ لەگەڵ كورددا توند و تیژ بوو بوو ، دەستدرێژیی هێزە ئاسمانی و زەمینیەكانی ئێراق بۆ سەر سنورەكانی ئێران ڕۆژانە بەردەوام و زۆرتر دەبوو و لە یەكێك لەو دەستدرێژییانەدا دوو كەسی ئێرانی كە كاربەدەستی پلە بەرز بوون كوژران، ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی ناڕەزایی دەوڵەتی ئێران.
لەم هەلومەرجەدا بارزانی ئۆتۆنۆمیی كوردستانی ئێراقی لە دوو مادەدا ڕاگەیاند و لە یاسای بنچینەییدا كە بۆ كوردستانی ئێراق بڵاوكرایەوە بەم جۆرە نوسرابوو "ئێراق وڵاتێكی فیدراسیۆنە كە پێك هاتووە لە "عەرب و كورد" هەروەها بارزانی پەرلەمانێك و ئەنجومەنێكی شۆڕشگێڕانەى باڵاى لە 43 ئەندام پێك هێنا.(1)
دواى ئەوەى كە عبدالرحمن بزاز بە سەرۆك وەزیرانی ئێراق هەڵبژێردرا، بە مەبەستی چارەسەركردنی مەسەلەى كورد لە دوو ڕێگاوە دەستی كرد بە هەنگاونان: یەكەم - لە بەهارى ساڵی 1966دا هێرشێكی بەربڵاوى بۆ سەركوتكردنی كورد دەست پێكرد، دووەم - كەوتە گفتوگۆ و دامەزراندی پێوەندی لەتەك دەوڵەتی ئێراندا.
لە كاتێكدا شەڕ لە كوردستانی ئێراقدا بە توندوتیژی لە درێژە كێشاندا بوو، ڕووداوە سەرسنورییەكانی نێوان ئێران و ئێراق ڕوو لە فراوانبوون بوون. چەندین جار فڕۆكە بۆمبهاوێژەكانی ئێراق دەست درێژییان كردە سەر سنوورەكانی ئێران، گەلێ گوندی سەر سنوورى ئێرانیان بۆمباران كرد .(2)
عبدالرحمن بزاز بۆ پێشگیری لە خراپبوونی پێوەندیی نێوان ئێراق و ئێران، ڕایگەیاند كە دەیەوێت:
1- لە مەلیك فەیسەڵ پاشای عەرەبستانی سعودی كە لە تەك شادا پەیوەندی دۆستانەى هەبوو، داخوازی بكات تا بكەوێتە نێوان ئێراق و ئێرانەوە.
2- پارێزگاریى ڕامیارى یەكێتیی وڵاتە عەرەبیەكان لە ئێراق بە ئامانجی پشتگیری كردن لە كاتی بەرەنگار بوونەوەدا، بۆ نموونە، وەك لەگەڵ ئێراندا بەدەست بهێنێت.
3- لە گفتوگۆ كردندا دەربارەى ئەو مەسەلانەى كە ناكۆكییان لەسەرە لەگەڵ ئێراندا بگەنە ئەنجامێكی سەركەوتووانە.
لە دوا ئەنجامدا هەردوو وڵاتەكە گەیشتنە ئەم بڕیارانەى لاى خوارەوە:
1- كشانەوەى هێزەكانی ئێران لە ناوچە سەر سنووریەكاندا.
2- كۆتایی پێهێنان بە تاوان خستنە پاڵ یەكدی و شەڕى پڕوپاگەندەیی.
3- پێكهێنانی چەند كۆمیتەیەكی هاوبەش بۆ وتووێژ كردن لەمەڕ ئەو مەسەلانەی كە ناكۆكییان لەسەرە.( 3)
لەلایەكی دیكەوە هێرشەكانی دەوڵەتی ئێراق ڕووبەڕوی تێكشكان بوونەوە. هێزەكانی كوردیش سەركەوتنێكی بەچاویان بەسەر سوپاى ئێراقدا بەدەست هێنا. لە ئەنجامدا عبدالرحمن بزاز سیاسەتێكی نەرمی بەرامبەر بە كورد بەكارهێنا و ڕایگەیاند كە دەوڵەت ئامادەی بە ڕەسمی ناسینی نەتەوایەتی و زمان و تایبەتكارییەكانی كوردە. گفتوگۆ لە نێوان نوێنەارنی كورد و دەوڵەتدا، لە بەغداد دەستی پێ كرد. لە 29-6-1966دا بزاز پێشنیازێكی 12 ماددەیی بۆ كورد خستە ڕوو كە بڕیارى لێخۆشبوونی گشتیی بۆ كوردە یاخیبووەكان و مافی ڕۆشنبیریی كورد، ئۆتۆنۆمی ڕامیاری ، نەهێشتنی تەنگ و چەڵەمەی بەڕێوەبردن، بەشداركردنی نوێنەرانی كورد بە بەرابەرى لە كابینە و فەرماندەیەتیی سوپا و پلەوپایەی ڕامیاری، دامەزراندی ئەفسەرانی كورد لە ناوچە كورد نشینەكان و پەرپێدانی ناوچەكانی باكوورى دابوو .(4)
بارزانی پێشنیازی ناوبراوى پەسەند كرد بەڵام سوپا و پان عەرەبیستەكان دژی ئەمە بوون. ڕۆژێك دواى ئەوە عارف عبدالرزاق فەماندەى هێزى ئاسمانی (لایەنگری ناسر) و سەرۆك وەزیرانی پێشوو كودەتایەكی بێسەروبەرى دژی بزاز ڕێكخست. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا مەسەلەى كورد هەر بە چارەسەرنەكراوى مایەوە، بەڵام ڕێكەوتننامەى 29-6-1966 ئەنجامێكی چاكی هەبوو ئەویش دانپیانانی ئەو دوو ماددەیەی ((ئەنجومەنی شۆڕشی كوردستان)) بوو كە بەشێكی زۆرى كوردستانی ئێراقی لە ژێر دەسەڵاتدا بوو.
هەر چۆن بوو ڕاپەڕینی كوردەكان بە شێوەیەكی كاتی ڕووى لە كزی كرد. ئەم كێشەیە لە كاتی سەرۆك كۆمارێتی عبدالرحمن عارفیشدا هەر بە هەمان شێوە بەردەوام بوو، تا ئەو شوێنەى كە پێوەندیی بە ناكۆكییەكانی نێوان ئێران و ئێراقەوە هەبوو، مسۆگەركردنی ئاسایش لە كوردستاندا زەمینەى پێكدادانی هەردوو وڵاتی لە ساڵەكانی 68-1966دا بەرتەسكتر كردەوە.
پەراوێزەكان:
1- Fisher ، OP ، Cit ، P.628 .
2- اصلاحات ، (30 ێژر ، 1345) .
بۆ ئاگادار بوون لە ڕێكەوتننامەى ناوبراو ، بڕوانە: 3-
C.J.Edmons ، The Kurdish War in Iraq : The Contitutinal Background ، World Today ، XXIV. (December 1968) PP527-18.
4- Chubin op.Cit .، P.176-77 .
تێبینی:
- ئەم باسە لە بەشی سێیەم ، دەروازەى سێیەم ، بەندی 6 ، لە لاپەڕەكانی (302-303)دایە. هەروەها پەراوێزەكانیش لە لاپەڕە (322)دان كە لە پەڕتووكەكەدا بریتین لە پەراوێزەكانی ژمارە 21،20،19،18. (وەرگێڕ).
- ئەو باسەى كە لە لاپەڕەكانی 7،6،5 دایە ، لە بەشی سێیەم ، دەروازەى چوارەم ، بەندی 3 ، لە لاپەڕەكانی 412،411،410،409،408 دایە ، هەروەها پەراوێزەكانیش 30،29،28،27،26،25،24،23،22 (وەرگێڕ).
كوردەكان
دوابەدوای ئەوەى كە پارتی بەعسی لە ساڵی 1968دا لە ئێراق دەسەڵاتی گرتە دەست، بەهۆی ئەو دوژمنایەتییە دێرینەی لەتەك كوردەكاندا هەیبوو، شەڕێكی سەخت و دژوارى دژیان دەست پێكرد. پارتی بەعس جارێكیش لە ساڵی 1963دا ڕەشبكوژیی كوردەكانی ئەنجام دابوو، لەو كارەساتەدا جۆرێك دوژمنایەتی و بێبەزەییەكی واى نیشان دابوو كە بیروڕاى گشتیی خەڵكی جیهانی دژ بە خۆی وروژاندبوو ، لەم بارەیەوە یەكێتی سۆڤیەت ڕەشبكوژیی كوردەكانی لەو ساڵەدا تاوانبار كرد و دەوڵەتی مەنگۆلستان ئەو ڕەشبكوژییەی كوردكانی بە كارەساتێكی ترسناك ڕاگەیاند.
أ- شەڕى ئێراق لەگەڵ كوردەكان لە ساڵی 1969 دا
پارتی بەعس بە درێژە پێدانی هەمان سیاسەت لە ساڵی 1969دا جارێكی دیكەش شەڕى لە تەك كوردەكاندا دەست پێكردەوە. سوپای ئێراق لەم شەڕەدا هەموو توانا و تەكنەلۆژیای خۆی بەكار دەهێنا. فڕۆكە ئێراقیەكان هەموو ڕۆژێك ناوچە كوردنشینەكانی بۆمبباران دەكرد، بە زۆر ڕاگوێزانی كوردەكان لە ناوچە نەوتاوییەكانی باكوورەوە بەرەو باشوورى وڵات زۆر بە توندی دەست پێكرا. لەم ڕاگوێزانە بە تۆپزییەدا تەواوی كەلوپەل و سەروەت و سامانی كوردەكان دەستی بەسەردا گیرا و تاڵان كرا. ژمارەیەكی زۆر لە ژنان و منداڵان لە كارەساتی ڕاگوێزاندا گیانیان بەخشی.
لە لایەكی دیكەوە بە هۆی گەمارۆدانی ئابوورییانەی كوردستانەوە هەر ڕۆژەى كۆمەڵێكی زۆر لە ژنان و زارۆیان لە برسا دەمردن ، بەڵام سوپای ئێراقی بە هۆی ئازایەتی و مەردایەتی و بەرگریكردنی دلێرانەى كوردەكانەوە نەیانتوانی بە یەكجارى سەركوتیان بكاتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە دەوڵەتی ئێراق لەو سەردەمەدا ڕووبەڕووی هەندێ مەسەلەى دیكە بووەوە، ساڵی 1969 بۆ دەوڵًەتی ئێراق كە هێشتا بنچینەى دەسەڵاتی خۆی پتەو نەكردبوو ، بە ساڵێكی گرنگ دەهاتە ژماردن. لە سەرتای ئەو ساڵەدا تەنگەتاویى ڕووبارى ئەڵوەند هاتە پێشەوە، دەوڵەتی ئێراقی تێگەیشت كە شەڕكردن لە كوردستاندا دەبێتە هۆی لاوازبوونی هێزەكانی خۆی لە بەرامبەر ئێراندا.
لە مانگی نۆڤەمبەرى هەمان ساڵدا پڕوپاگەندەی كۆمپانیای ئێران لە كودەتای گومانلێكراوى ئێراق (1) بڵاو بۆوە و هەر دوو وڵات تا كەنارى جەنگ لێك چوونە پێشەوە. دەوڵەتی ئێراق جارێكی دیكەش هەستی بەوە كردەوە كە شەڕێكی لە ناكاوی دەست پێكردووە بەبێ ئەوەى وەكوو پێویست خۆی بۆ ئامادە كربێت، سەرنجام كەوتە گفتوگۆ لەگەڵ كوردەكاندا.
ب- ڕێككەوتننامەى ئازارى 1970
گفتوگۆ لەسەر مەسەلەى ئۆتۆنۆمیدان بە كوردەكان لە مانگی ئازارى ساڵی 1970دا دەستی پێكرد. لە گفتوگۆى ئەو دوو لایەنەدا لێك نەچوون و جیاوازی لەسەر چەند مەسەلەیەك لە بۆچوون و بیروڕاكاندا هەبوو. كێشەى یەكەم چۆنێتیی دابەشكردنی داهاتی نەوت بوو كە لە 90%ى نەوتی ئێراق لە ناوچە كوردییەكاندا هەڵدەهێنجرێت. بارزانی داخوازیی یەك لە سێی داهاتی ئەو نەوتەی دەكرد، بەغداد ئەو داخوازیەی پەسەند نەكرد، بەڵام ئامادەبوو هێندەى كە پێویست بكات بە كوردەكانی بدات.(2).
كێشەى دووەم پێوەندیی بە خاكی كەركووكەوە هەبوو، بارزانی پێی لەسەر ئەوە دادەگرت كە بەهۆی ژمارەى دانیشتوانەوە ئەم شارە دەبێت بە بەشێك لە كوردستانی ئێراق دابنرێـت، لەبەر ئەوەى كە پێی وابوو زۆرێتیی دانیشتوانی ئەو شارە لە كورد پێك دێت. لە كاتێكدا كە بەغداد كەركووكی بە شارى چەند میللەتێك دەزانی. بەپێی بانگەشەى بەغداد نیوەی دانیشوانی ئەو شارە – كە مەڵبەندی سەرەكیی پیشەسازیى نەوتی ئێراقە – عەرەبن و نیوەكەی تریشی بە یەكسانی لە نێوان كورد و توركمانەكان دا پێك دێت. كەمەنەتەوەییەكی تا ئەندازەیك زۆرى تورك لەو شارەدا دەژین. سەرەنجام بەغداد بەڕێوەبەرێتییەكی هاوبەشی لە (عەرەب – كورد)ى شارەكەى لە ژێر چاودێریی میریی ناوەندیدا پێشنیاز كرد.(3).
لە ڕاستیدا 2 ملیۆن كوردی ئێراقی لە كار و كردەوەى بەغداد ناڕازی بوون كە تەنێ لە 12%ى لە داهاتی هەموو وڵاتی بۆ كوردستان تەرخان كردبوو لە كاتێكدا گەورەترین سەرچاوەى بەدەست هێنانی داهاتی دەوڵەتی ئێراق بیرە نەوتەكانی كەركووكە .(4).
بەم شێوەیە لە 120 كارگە كە لە وڵاتدا دامەزرێنرا بوون، تەنێ 3 كارگە بەر ناوچە كوردنشینەكان كەوت.(5).
هەر چۆن بوو هەردوولا گەیشتنە ئەنجام و ڕێكەوتننامەى (11ى ئازاری 1970) یان واژۆ كرد كە بریتی بوو لە ئۆتۆنۆمییەكی سنووردار بۆ كوردەكان. بەهۆی ئەم ڕێكەوتننامەیەوە زمانی كوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی لەو ناوچانەی كە زۆرایەتیی دانیشتوانینان كوردە وەكو زمانێكی فەڕمی دەهاتە ژماردن. بەشداربوونی كوردەكان پێبەپێی دانیشتووان لە فەرمانگەكان و نوێنەرایەتیی دەوڵەتی و كاروبارى سوپایی و ئەنجومەنی ڕێبەرایەتیی شۆڕشدا مسۆگەر كرابوو 5 كورسی وەزارەت و نوێنەرێكی جێگری سەرۆك كۆمار بۆ كوردەكان لەبەر چاو گیرا بوو (6).
لە جێبەجى كردنی ڕێكەوتننامەى ناوبراودا دەوڵەتی ئێراق ڕێكخرایەوە و وەزیری كورد چووە نێو وەزارەتەوە. وەزیرە نوێیەكان هەر هەمووی ئەندامی پارتی دیمۆكرات بوون، لە كابینەى پێشووی ئێراقدا دوو كەسی كوردیش بەشدارییان تێدا كردبوو .كاردانەوەى دەوڵەتی ئێران سەبارەت بە ڕێكەوتننامەی ناوبراو جۆراوجۆر بوو. لەلایەكەوە بە ئاشكرا پێشوازیى لێدەكرد و لەلایەكی ترەوە پێی دڵگران بوو. بە ڕووكەش چاپەمەنییەكانی ئێران پەیامی پیرۆزبایی دەستە و كۆڕ و كۆمەڵە هەمە جۆرەكانی لە مەڕ سەركەوتنی كوردە ئارییەكان بڵاودەكردەوە و وەكو تریش بە مەترسییەكی دادەنا لەسەر یەكپارچەیی خاكی ئێراق. ڕۆژنامەى " أیندگان" لەسەر ووتارى خۆیدا بە ناوى (وڵاتێكی نیوە عەرەب) لە بارەى ئەو مەسەلەیەوە نووسیویەتی ((ئەنجامی لۆژیكیی رێكەوتن لەگەڵ كوردەكاندا ، ڕەوتی ناچاریى ئێراقە بەرەو ڕێگای چارەسەركردنی لوبنان)) .(7).
دەوڵەتی ئێران ڕێكەوتننامەى ناوبراوى بە ئەنجامی گوشارى یەكێتیی سۆڤێت دەزانی و هەر ئەم كارە، واتە نەخشی سۆڤێتی لە بەستنی ڕێككەوتننامەكەدا، ببوە هۆی دڵگرانی ئێران. پاش واژۆ كردنی ڕێكەوتننامەكە بۆ ماوەى 4 سالأ ئاگربەست لە نێوان هەردوو لادا ئەنجام درا، بەڵام لە مانگی ئازارى 1974دا جارێكی دی شەڕ لە كوردستانی ئێراق سەرى هەڵدایەوە كە هەتا ئازاری ساڵی 1975، كە ئێران و ئێراق لە جەزائیر گەیشتنە ڕێكەوتنەكەیان هەر بەردەوام بوو.
كوردەكان وایان بڵاوكردەوە كە دەوڵەتی ئێراق لە جێبەجێ كردنی ڕێكەوتننامەكەى 11ى ئازارى 1970دا كەمتەرخەمیی كردووە. بارزانی لە چاوپێكەوتنێكدا لە (نیوزویك)دا گوتی "دواى 9 سالأ شەڕ ئێمە لە ساڵی 1969دا گەیشتینە سەركەوتنێك كە لێی چاوەڕوان دەكرا مافەكانمان لە چوار چێوەی ئێراقدا دابین بكات، بەڵام ڕژێم نیشانی دا كە نیازى گفتوگۆكردنی لەگەڵ ئێمەدا نییە. ئەوان بڕیاریان دا كە باشترین ڕێگا بەرامبەرمان هەڵبژێرن كە ئەویش سڕینەوەمان بوو لەسەر نەخشە. كارێكی سروشتی بوو كە ئێمە ئەوەمان پەسەند نەكرد، ئەم ڕووداوە بووە هۆی هەڵگیرسانەوەى شەڕ".
بارزانی دیسان ووتی "ئێمە چەند جارێك لەسەر یەك ڕامان گەیاند كە داخوازیى ڕیفراندۆم دەكەین لەسەر مەسەلەى كوردستان. هەروەها هەڵبژاردنێكی ئازادانەمان دەوێت ئەگەر ڕیفراندۆم (گشتپرس)ێك بە شێوەیەكی ڕاستگۆیانە و یاسایی و لەژێر جۆرە چاودێرییەكی نێونەتەوەییدا ئەنجام بدرێت، ئێمە ئەنجامەكەى هەر چۆنێك بێت پەسەندی دەكەین. بەڵام ڕژێم لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنی ئازادانە دەسڵەمێتەوە " . (8).
هەر چۆن بوو دەوڵەتی ئێراق لە 11ى ئازارى 1974دا هەڵبژاردنێكی نا دادپەروەرانەى دەست پێكرد كە لە نێویدا لە 80 كەس لە نوێنەرانی ئەنجومەنی یاسادانانی ناوچەى ئۆتۆنۆمیی كوردستان ، 72 كەسیان لەلایەن سەرۆك كۆمارى ئێراق خۆیەوە هەڵبژێردران ، شارى هەلێر (ئەربیل) بە مەڵبەندی بەڕێوەبەرێتیی ناوچەى ئۆتۆنۆمی دانرا و یەكێك لە كوردەكان بە ناوی (تەها محێدین معروف)ەوە بە جێگری سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا).
پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراق بەسەركردایەتیی بارزانی كە لە ڕاستیدا لەو مەسەلەیەدا تێنەخوێندرابۆوە، ڕاپەڕینێكی بەرپا كرد. دەوڵەتی ئێراق كە ئەمجارەیان لە بارى سەربازییەوە خۆی ئامادە كردبوو، دوو هەفتە دوای هەڵبژاردنی ناوبراو لە (25 ئازاری 1974)دا شەڕى دژی كوردەكان دەست پێكردەوە.
ج- شەڕ لەگەڵ كوردەكان لە ساڵى 1974دا
دەوڵەتی ئێراق ئەمجارەیان بە پێچەوانەى ساڵانی ڕابردووەوە ، بە ئامانجی لەناو بردنی یەكجاریى كوردەكان شەڕی دەست پێكردەوە. سوپاى ئێراق لەو شەڕەدا كەڵكی لە تازەترین چەك وەردەگرت، بە هۆی بەردەوامیی شەڕەكەوە، بارودۆخی كوردەكان بە شێوەیەكی دڵتەزێنانە ڕوو لە خراپ بوون چوو بوو، بە ئەندازەیەك بوو كە ڕووبەڕووی لەناو چوون بووبوونەوە. یەكێتیی سۆڤێت كە لە ساڵانی ڕابردوودا پشتیوانیی كوردی دەكرد، بەڵام ئێستا لە ئێراق پشتیوانی دەكات و پەیمانێكی پانزە ساڵەى لەتەكدا بەستووە. بارزانی كە كەوتبووە ژێر فشاری توندوتیژی سوپای ئێراقەوە، هیچ چارەیەكی نەبوو جگە لەوەى كە هەر دەستێك بە نیازى كۆمەك پێكردن درێژ بكرێت بیگوشێت.
دەوڵەتی ئێران كە بە هۆی ناكۆكییە سنوورییەكان و هەروەها دەست درێژییەكانی ئێراقەوە لە خوزستان و بلوچستان و كوردستاندا ، لە ئێراق زویر بووبوو. هەر بۆیە ڕازیبوونی خۆی بە كۆمەك كردنی كوردەكان بە پارە و خواردن و چەك و تەقەمەنییەوە ڕاگەیاند.
شەڕكە ماوەى ساڵێك بە توندوتیژترین شێوە بەردەوام بوو. فڕۆكە ئێراقییەكان بێوچان كوردستانیان بۆمباران دەكرد. 120 هەزار سەربازی سوپای ئێراق لە كوردستاندا لە شەڕدا بوون. بەڵام كوردەكان بە ئازایەتی و لێهاتوویی زۆرى خۆیانەوە توانیان هێرشەكانی سوپای ئێراق بەربەست بكەن وناچاریان كرد كە لە كوردستاندا پاشەكشێ بكات.
دەوڵەتی ئێراق كە سوپاكەى لە شەڕكردن لە تەك كوردەكاندا هیچ سەركەوتنێكی بەدەست نەهێنابوو، كەوتە گفتگۆ كردنەوە لەگەڵ ئێراندا، كە ئەنجامەكەی ڕێكەوتننامەی 6ى ئازارى 1975 بوو. بە پێی ماددەى 3ى ڕێكەوتننامەى ناوبراو هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێكەوتن كە پشتیوانی لە هیچ جۆرە چالاكییەك نەكەن كە سیمای (تێكدەرانە)ى هەبێت. لە ئەنجامدا دەستبەجێ یارمەتییەكانی دەوڵەتی ئێران بۆ كوردەكانی ئێراق ڕاوەستێنرا. ڕیكەوتننامەى ناوبراو بۆ كوردەكان تراژیدیایەكی گەورە بوو هەر وەكو لە بەشەكانی پیشوودا ووتمان دەوڵەتی ئێراق دەستیكردەوە بە ڕەشبكوژیی كوردەكان و چەندین هەزار كەسیش لە ناوچە سنوورییەكانەوە ڕاگوێزران و لە درێژەدانیدا بە (سیاسەتی زەویی پاوانكراو)) زۆرتر لە 700 گوندی كوردنشینی لەگەڵ زەویدا تەخت كرد.
دواى ڕیكەوتننامەى جەزایر، شاە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ حسنین هیكل لە 20-4-1975دا ووتی "ئێمە یارمەتی شۆڕشی كوردماندا و لەم دوا دواییەدا ئێمە هێزى كاریگەر بووین لە "پشتیەوە " ، ئەو –شاە- هۆی یارمەتیدانی ئێرانی بۆ كوردەكان بەم شێوەیە ڕوون كردەوە: ساڵانێكی زۆر بوو ئەو ڕژێمانەى كە لە ئێراقدا دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت بوو دوژمنایەتیی ئێمەیان دەكرد. هێرشی توندوتیژیان دەهێنا و بە ئاشكرا دژایەتییان دەكردین. تێكدەرانیان دەنارد بۆ سەر سنوورەكانی ئێمەوە و هەندێ جاریش شەڕ و پێكدادانی چەكدارانە ڕووى دەدا... ئایا مافی خۆمان نەبوو كە وەڵامی ئەو هەڵوێستانەی ئەوان بدەینەوە ... بەڵێ یارمەتیی شۆڕشی كوردمان دا دژی میری بەغداد و ئەم هەنگاوەى ئێمە وەڵامدانەوەیەك بوو بۆ ئەو دەست پێشكەرییانەی كە دژی ئێران نواند بوویان" (9).
پەراوێزەكان:
1- ڕۆژی 12-2-1969دا ڕادیۆ دەنگوباسی ئاشكرا بوونی كودەتایەكی بەد ئەنجامی بڵاو كردەوە و دەوڵەتی ئێرانی تاوانبار كرد كە دەستی لە سازكردنیدا هەبووە. دوا بە دواى ئەمە دەوڵًەتی ئێراق داوای لە باڵیۆزی ئێران و هەموو فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەكەی كرد كە لە ماوەى 24 كاژێردا خاكی ئێراق بەجى بهێڵن. هەرەوەها دەوڵەتی ئێراق هەموو كۆنسوڵخانەكانی ئێرانی لە بەغداد و كەربەلا و بەسرەدا داخست و هەموو فەرمانبەرەكانیانی ئاگادار كرد كە لە ماوەی 24 كاژێردا دەبێت لە ئێراق بچنە دەرەوە.
دەوڵەتی ئێرانیش لەگەڵ بەدرۆخستنەوەى دەست تێدا بوونی خۆی لەو كودەتا ناوبراوەدا بەرامبەر ئەو ڕووداوانە هەڵوێستی وەرگرت و كۆنسوڵخانەكانی ئێراقی لە ئێراندا داخست و دەستورى بە باڵوێزى ئێراق و ئەندامانی باڵوێزخانە و كۆنسوڵخانەكان دا كە لە ماوەى 24 كاژێردا خاكی ئێران بە جێ بهێڵن. بەڵام پێوەندییەكانی هەردوو وڵات لەو كاتەدا نەپچڕان. دوا بە دواى كودەتاى ناوبراو دەوڵەتی ئێراق بانگەشەیەكی زۆری لە دژی دەوڵەتی ئێران دەست پێ كرد، پاشان پێوەندیی هەردوو وڵات بە توندی تێك چوو و هەردوولا هێزەكانی خۆیان لەسەر سنوورەكان مۆڵ كرد و كەوتنە دۆخی ئامادەباشییەوە. سەرەنجام بە ناوبژیكردنی پاكستان و توركیا تێك چوونەكە هێمن كرایەوە و دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند كە ئامادەیە هێزەكانی خۆی لەسەر سنووری ئێراق بكشێنێتەوە بە مەرجێ بەغدادیش ڕازیبوونی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەمان كار نیشان بدات.
دەبێت سەرنج لەوە بدەین كە ئێراق بە وڵاتی كودەتا بە ناو بانگە. لە ساڵی 1934ەوە هەتا ساڵی 1973 واتە لە ماوەى 39 ساڵدا نزیكەى 18 كودەتای سەربازی لە پلە جۆراوجۆرەكاندا بە زەبروزەنگ لە ئێراقدا ڕووی داوە. ئەم ڕووداوانە سەرچاوەكانیان لە ململانێی بەدەست هێنانی دەسەڵاتەوە لە سوپای ئێراقدا هاتووە. دەستپێشكەرى و كودەتاكان هەمووی بە هۆی هێزە دژ بە یەكەكانی ناو سوپادا لە دایك بوون و هەر بە خۆیشیان سەركوت كراونەتەوە.
لە لایەكی دیكەوە دەبێت ئەوە بزانین كە هێنانە پێشەوەى تاوان خستنە پاڵی كودەتاوە بە بێ ئەوەى كە لە ڕاستیدا نیازێكی لەم بابەتە لە ئارادا هەبووبێت ،كارێكی ئاساییە لەم جۆرە وڵاتانەدا كە مەبەستی لەناو بردنی دوژمنانەوە دروست دەكرێت.
(Lorenzo Kent Kimball ، The Changing Pattern of Political Power in Iraq 1985 to 1971 . (New York:Robert sheller sons، 1972).p.179
كەیهان) 25 بهمن ، 1349) 2-
New Times (Moscow).No.21 ، (May 1974) 3-
News week ، (22 July ، 1974) 4-
5- پاتریك بودوتن و ئەوانی دیكە " ڕاپۆرتێك دەربارەى بارودۆخی كوردەكان لە كوردستانی ئێراقدا".
6- بۆ ئاگادار بوون لە تێكستی ڕێك كەوتن نامەى ناوبراو: بڕوانە
Khadduri، Socialist Iraq، A Study in Iraqi Politics Since 1968 . pp.231-40
ئایندەگان (15 فرور دین 1349) 7-
News week ، (22 July 1974) 8-
وەزارەتی كاروبارى دەرەوەى ئێران، بڵاو كراوەى دەنگوباس و بەڵگەنامەكان، لە فەروەردینەوە تا شەهریوەر، 1354 ، ل 93. (بە فارسی).
بەڵگە نامەى ژمارە 12
بەیاننامە مێژوییەكەی جەزائیر (6 مارت1975)
لە ماوەى دانیشتنەكانی كۆنفرانسی سەرانی وڵاتانی ئەندامی ئۆپیكدا كە لە جەزائیر بەسترا، بە دەست پێشخەریى سەرۆك كۆمار بۆمیدین، پایە بەرزترین كەسی پیرۆز شاهەنشای ئاریامیهر * و بەڕێز صدام حسێن جێگرى ئەنجومەنی سەركردایەتیی شۆڕش لە ئێراق دوو جار چاویان بە یەكدی كەوت و بە دوورودرێژی لەسەر پێوەندییەكانی نێوان ئێراق و ئێران گفتوگۆیان كرد. ئەو گفتوگۆیانە بە ئامادەبوونی سەرۆك كۆمار بۆمیدێن ئەنجام دران كە پڕ لە ڕاشكاوی و دڵسۆزیی ڕاستگۆیانەى هەردوولا بوون لە پێناوی بەدەست هێنانی چارەسەركردنێكی گردەبڕانە و چەسپاو سەبارەت بە هەموو ئەو ناكۆكی و كێشانەى نێوان هەردوو وڵات.
لەگەڵ ڕەچاو كردنی نەریتی ڕێزلێنان لە یەكپارچەیى خاك و دەستدرێژینەكردنە سەر سنوور و دەستێكەڵنەكردن لە كاروبارە ناوخۆییەكاندا هەردوولا گەیشتنە ئەم بڕیاریان:
1- سنوورە زەمینییەكانی خۆیان لەسەر بنچینەى پڕۆتۆكۆڵی كۆنستەنتێنیەى ساڵی 1913 و ڕەشنووسی كۆبوونەوەكانی كۆمسیۆنی سنووردانەرى ساڵًی 1914 دەستنیشان بكەن.
سنوورە ئاوییەكانی خۆیان بە پێی هێڵی تالوگ دەستنیشان بكەن. 2-
3- بەم كارانە هەردوو وڵات ئاساییش و متمانەى بەرامبەرى لە هێڵكێشی سنوورە هاوبەشەكانیاندا مسۆگەر دەكەن. هەردوولا بەم شێوەیە دەبنە هاوپەیمان كە لەسەر سنوورەكانی خۆیاندا كۆنتڕۆڵێكی تەواو و كاریگەر بچەسپێنن بە مەبەستی ڕێگرتن لە هەر جۆرە كار و كردەوەیەك كە سیمایەكی تێكدەرانەى هەبێت ئیتر لە هەر بوارێكدا بێت.
4- هەر دوو لا لەسەر ئەوە ڕێكەوتوون كە بڕیارەكانی سەرەوە هۆكارى لێكدانەبڕاون بۆ چارەسەركردنێكی تەواو. ڕاستییەكی بەڵگەنەویستە كە سەرەنجام پەشیمانبوونەوە لە هەر یەك لەو بڕیارانەى سەرەوە واتە بێبەریبوون لە گیانی ڕێكەوتنی جەزائیر.
هەر دوو لا پێوەندیی هەمیشەییان بە سەرۆك كۆمار بۆمیدینەوە دەمێنێتەوە و سەرۆك كۆمار بۆمیدین لە كاتی پێویستدا بۆ بەجێگەیاندنی بڕیارە دراوەكان كۆششی برایانە بە ئەنجام دەدات. خاوەنشكۆ شاهانشای ئێران و بەڕێز صدام حسێن بڕیاریانداوە پێوەندیی ئاسایی دراوسێیەتی و دۆستانەى خۆیان بە تایبەتی لە پێناوى بەركەنار كردن و نەهێشتنی هەموو هۆكارە نێگەتیڤەكان لە نێوانیاندا لە رێگەى بەردەوام ئاڵوگۆڕ كردنی بیروڕا دەربارەى ئەو مەسەلانەی كە هەردوو لایان تێیدا هاوبەشن و پێك هێنانی هاریكارییەكی یەكساندا، چەسپاو بكەن.
هەردوولا بەفەڕمی ڕای دەگەیەنن كە ناوچەكە دەبێت لە هەموو جۆرە دەستێوەردانێكی دەرەكی بە دوور بێت بە مەبەستی دەست نیشان كردنی شێوەكارێكیى كۆمیسیۆنیی تێكەڵاو لە ئێران و ئێراق كە بۆ بەڕێوەبردن و جێبەجێكردنی بڕیارە دراوەكان بەڕێككەوتنێكی هاوبەش پێك دەهێنرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران و ئێراق بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی جەزائیر لە 15 مارتی 1975دا لە تاران كۆدەبنەوە.
جەزائیر، لەسەر خواستی هەردوولا لە هەموو دانیشتنە تێكەڵاوەكانی ئێران و ئێراقدا بانگهێشتن دەكرێت. كۆمسیۆنە تێكەڵاوەكە دەستوور و شێوەكاری خۆی دەست نیشان دەكات و لە كاتی پێویستدا بە شێوەى یەك لە دواى یەك لە بەغدا و تاران دانیشتن پێك دەهێنن. پایە بەرزترین خاوەنشكۆ شاهەنشا ئەو بانگهێشتنەى كە لەلایەن سەرۆك كۆمار ئەحمەد حەسەن ئەلبەكرەوە بۆ ئەنجامدانی سەردانێكی فەڕمی لە ئێراقەوە و لە بەمەزن زانینی ئەوەوە ئاراستەى كراوە بە شادمانییەوە پەسەند كرد. رێكەوتی ئەنجامدانی ئەو سەردانە بە ڕێككەوتنی هاوبەش دەستنیشان دەكرێت.
لە لایەكی دیكەوە بەڕێز صدام حسێن جێگری سەرۆك كۆمارى ئێراق لە سەرۆك كۆمار هاوارى بۆمیدین كە لە دڵەوە لە هەستێكی برایانە و بێ لایانانەوە پێوەندییە ڕاستەوخۆكانی سەرانی باڵاى هەردوو وڵاتەكەی ئاسان كردووە، لەم ڕووەوە كە بە پێكهێنانی شێوازێكی نوێ لە پێوەندییەكانی نێوان ئێراق و ئێراندا بە سوود و بەرژەوەندییە باڵاكانی داهاتووى ناوچەكە كۆمەكیان كردووە، بە گەرمیەوە ڕێز و سوپاسیان ئاڕاستە كرد.
جەزائیر – بەروارى 6ی مارتی 1975
تێبینی:
ئەم بەڵگەنامەیە لە لاپەڕەكانی 677 بۆ 678 دایە.
*أعلى حضرت هومایون شاهنشاه ئاریامهر: ئەمە نازناوى تایبەتیی شای ئێران بوو
ئەمەى خوارەوە ناونیشانی تەواوی پەرتووكەكەیە:
- بررسی تأریخی اختلافات مرزى ایران و عراق
تألیف : أصغر جعفری ولدانی. -
- (دفتر مطالعات سیاسی و بین المللی)، وابستە بە وزارەت أمور خارجە جمهورى اسلامی ایران.
تهران ، تیرماە 1367 -

onsdag 16 juli 2014

کۆمۆنیزم، تێرمۆمەتری تەبایی و ناتەبایی پێکهاتەکانی عیراقە

 
 
دانیشتوانی عیراق، بە پێی زۆرینە و کەمینە، لە عارەب و کورد و تورکمان و (ئاشووری کلدانی) پێکهاتووە و جگە لە عارەب و ئاشووری کە سەرچاوەیان سامییە، هیچ پەیوەندییەکی ڕەگەزی لە نێوان ئەوانی تردا نییە و لە سەرچاوەی جیاوازەوە پەیدا بوونە. ئەوجا لە نێوان پێکهاتە قەومییەکانیشدا ئاین و مەزەب، جارێکی دی عیراق دابەش دەکەنەوە.
کورد ئارییە و عارەب سامییە و تورکمانەکان لە ڕەگەزی مەغۆلی (مەنغۆل)ی کەوتوونەتەوە. لە قووڵایی مێژووەوە، ئەو ڕەگەزانە ناحەزایەتییان هەبووە و ئەگەر کورد لە باسەکە دەرکەین کە بە هۆی بەردەوامی ژێردەستەییەوە خەسڵەتی بێگانەپەرستی و کۆیلایەتی  هەیە، ئەوانی دی ڕووداوی هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا وەها دەبینن کە دوێنێ ڕوویدابێ.
کورد ئەمڕۆ هەرچییەک بۆ ئاشوورییەکان بکا، لە بیریان ناچێتەوە کە مادەکان پێش ٢٦٢٦ ساڵ دەوڵەتی ئاشوورییەکانیان ڕووخاندووە... شیعەکان، بیریان ناچێتەوە کە بەر لە ١٤٠٠ ساڵ، عومەری کوڕی خەتاب سووکایەتی بە کچەکانی یەزدگورد کردووە و تورکمانەکانیش، هەرچییەکیان بۆ بکەیت، بیریان ناچێتەوە کە لە سەردەمی عوسمانیدا دەسەڵاتدار بوونە و دوایی لە ١٩٥٨دا، کۆمۆنستە عیراقییەکانی کەرکووک، کە زۆرینەیان کورد بوون، غەدریان لێ کردوون. واتە لە ناو پێکهاتەکانی عیراقدا، شەڕ شەڕی کۆنەقینە و خراپەکاری سەردەمیشیان هاتۆتە سەر!.
تاکە ڕێبازێکی فکری کە بتوانێ ئەو هەموو بوونەوەرە لێکنەچوو و ناتەبایانە گرد بکاتەوە، کۆمۆنیزمە. کۆمۆنیزم، لە سەردەمی قاسمدا گەیشتبووە چڵەپۆپە و ویستی سەربەخۆیی لای کورد، بەرانبەر ئەو لێشاوە، لە هیچ نزیک ببۆوە و مەسەلەی یەکگرتنەوە لای عارەبەکانیش لە پەراوێزدا لە بیر چووبۆوە. زۆرینەی کورد و ئاشوورییەکان و عارەبە شیعەکان، کە دەمێ بوو چەوساوە بوون، خۆیان لە ڕیزەکانی کۆمۆنیزمدا دیتەوە بەڵام تورکمانەکان، کە هەر چل ساڵێک دەبوو دەسەڵاتیان لە دەست دابوو، بە دەگمەن نەبێ، نەچوونە ڕیزی کۆمۆنستەکانەوە.
ئێستا، جیاوازییە مەزەبی و قەومییەکان لە عیراقدا تەواو زەق بوونەتەوە و شیعەی سەدان ساڵ چەوساوە دەستی لە دەسەڵات گیر بووە و جگە لە مەزەبگەرایی، شەقێکی مزری لە هەر شتێ داوە کە دوو پێکهاتەی عیراق پێکەوە گرێ بدا. عارەبی سوننەش کە دوای نەمانی سەددام دەسەڵاتیان لە دەست دا، ناتوانن هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ دەسەڵاتی شیعەی ئەمڕۆ ئاغا و دوێنێ کۆیلەدا قەبووڵ بکەن! ئەمانەش وایان کردووە کۆمۆنستەکانی عیراق نەتوانن تاکە کورسییەکیش لە پەرلەمانی عیراق بە دەست بێنن. لە ڕاستیدا، دەکرێ کۆمۆنیزم بە پێوەر یا تێرمۆمەتری تەبایی و ناتەبایی دانیشتوانی ناو ئەو کیانە دۆزەخە دابنێین کە پێی دەڵێن عراق.
لە سەردەمی قاسمدا پێکهاتەکان تا ئەو ئاستە تەبا بوون کە ژمارەیەکی زۆری کورد شۆڕشەکەی خۆیان بە بەڵا بزانن و شۆڕشیش لەو ڕۆژگارەدا زاتی ئەوەی نەبێ دروشمی جیابوونەوە هەڵگرێ. هەر ئەوەش وای کرد کورد بچێتە قاڵبی عیراقەوە و ئێستاش لەو ڕۆژە بتۆقێت کە لێی دەرچێ!
تیراویە کۆنەکانی عیراق سەریان هەڵداوەتەوە و کۆمۆنیزمیش لە عیراقدا لە پەلەقاژێدایە بۆیە ئەم کیانە، کورد ڕازی بێ یا ناڕازی، هەر دەبێ هەڵبوەشێتەوە و بە جۆرێکی تر داڕێژرێتەوە! دوودڵی و ترس و ڕاڕایی لە سەرکردەی ئەمڕۆی کورد بەدی دەکرێ و هەر دەڵێی دەیانەوێ کاردانەوەی دۆست و دوژمن بەرانبەر ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کورد بپێون! جارێ باسی جیابوونەوە دەکەین و جارێ لە سەر پلەوپایەی بەغدا کێشەمان دەبێ... وەزیر دەگەڕێنینەوە و ئەندامانی پەرلەمان دەمێننەوە... ئێمەی کورد لە بەرەژانداین و هەموو جیهان تەماشای دەمی کورد دەکەن ئاخۆ چ هەنگاوێک دەنێین! لە قەفەزی کۆیلایەتی دەردەچین یا داوا دەکەین بە ناوی مافە ڕەواکانمانەوە، قەفەزی نەختێ گەورەترمان بۆ ساز بکرێ؟!
ناڕوونی ئامانجی سەرانی کورد، سەری لە کورد شێواندووە و کەس نازانێ بە چ بارێکدا دەشکێتەوە. با هیوای ئەوەمان هەبێ بۆ یەک جاریش بێ سەرانی کورد یەکڕیز و یەکئامانج بن و بڕیارە مێژووییەکەی لەدایکبوونەوەی کورد بدەن!!