onsdag 13 november 2013

لە (کاکێشان)ەوە


ئەم دیدارە بە ٣ بەش لە (کاکێشان)ی ژمارە ١٥٠ و ١٥١ و ١٥٢دا بڵاو کراوەتەوە. بەڵام جگە لەوەی کە خوێندنەوەی لە کاکێشاندا بەو تەکنیکە ئاسان نییە، ژمارە ١٥١یش نەکەوتە بەر چاووم. هیوادارم خوێنەرانی ئازیز بتوانن لە بلووگەکەی خۆمەوە بیخوێننەوە.
لەگەڵ خۆشەویستی و ڕێزمدا
حەکیم
١٣/١١/٢٠١٣

بیوگرافی: "حەكیم عەبدوڵڵا كاكەوەیس" ساڵی 1949لە گوندی حەساری گەورەی نزیك شاری كەركووك لە دایك بووە. ساڵی 1957 كە یەكەم قوتابخانە لە گوندی "دارەمان" (شەش كیلۆمەتر زیاتر لە حەسارەوە دوورە) دەكرێتەوە، خوێندنی سەرەتایی دەست پێ دەكا. قۆناغی ئامادەیی لە كەركووك تەواو كردووە و ساڵی 1973 بەشی بیركاری لە كۆلێژی زانستی زانكۆی سلێمانی تەواو دەكا. دوای زانكۆ تا كۆتایی شۆڕشی ئەیلوول پێشمەرگە بووە. هاوینی 1975 لە بەغدا وەك فەرمانبەر، بەرنامووسی كۆمپیوتەر لە وەزارەتی پلاندانان دامەزراە و تا ساڵی 1980 بەردەوام بووە. ئەوجا لە زاخۆ كراوەتە سەربازی یەدەگ. دوای ماوەیەك، كە شەڕی عیراق - ئێران دەست پێ دەكا، بەو بۆنەوە كە داوای لێ دەكەن ببێتە بەعسی لەوێ هەڵدێ. ساڵی 1984 دوای پەتپەتێیەكی زۆر خۆی دەگەێنێتە وڵاتی سوید و لەوێ دەگیرسێتەوە. لە ساڵی 2000ەوە بە هۆی نەخۆشی دڵەوە خانەنشین كراوە. ئێستا لە گوندی حەساری گەورە نیشتەجێیە و ڕۆژانە ژیانی بە خوێندنەوە و نووسین و وەرگێڕان دەباتە سەر. حەكیم كاكەوەیس تا ئێستا زیاتر لە (...) بەرهەمی (هەم نووسین و هەم وەرگێڕان) چاپ و بڵاو بووەتەوە. هەروەها جگە لە زمانی دایكی خۆی، شارەزای زمانەكانی: "ئینگلیزی، سویدی، عەرەبی، فارسی و توركمانی"یە.


كاكێشان: وەك سەرەتا وەرگێڕان لای ئێوە چ دەگەیەنێ و بۆ پێویستە؟
حەكیم كاكەوەیس: کاتێ تێکستێک دەخوێنینەوە، دیارە بە مەبەستێکمان هەیە. ئەو تێکستە وەرگێڕدراو بێ یان نا، گرنگ نییە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە داڕشتنەکە جۆرێ نەبێ خەیاڵمان لە سەر ناوەڕۆک لابەرێ و بیباتە سەر وشە و زاراوە و شێوەی ناهەمواری داڕشتنی تێکستەکە. ئەگەر وا بوو، دیارە ئەو تێکستە سەرکەوتوو نییە. حەکایەتی دەم ئاگردان ڕەوان بوو و هیچ کێشەیەکی لەو بابەتانەی نەبوو، بەڵام کە نووسرایەوە، دووچاری جۆرەها کێشەی داڕشتن یا ڕستەسازی بوو کە پێی دەڵێن (هەڵەی سینتاکس). وەرگێڕانی ئەو دەقە نووسراوانەش، ئەگەر وریا نەبین، هەڵەی داڕشتن زیاتر دەکا. ڕەنگە من لە هەندێ شوێنی وەرگێڕانی بەرهەمەکانی مامۆستا مەسعود محەمەددا تووشی (هەڵەی سینتاکس) بووم، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە، تەکنیکی داڕشتنی ئەو زاتە، ئەوەندەی هونەرییە زمان نییە. یا ڕاستترە بڵێم، زمانێکی هونەرییە. تابلۆیەکە هەر دەستکارییەکی بکەیت دەشێوێ و منیش دەستکاریم کردووە، بەڵام بەو نیازەی مەبەستەکەی بگەیەنم هەوڵم داوە کەمترین شێواندنی تووش بێ. وەرگێڕانی سەرکەوتوو ئەوەیە لە کاتی خوێندنەوەدا هەست نەکرێ وەرگێڕانە و تەنانەت ئایدیۆم، قسەی نەستەق و گوتەی پێشانیش بکرێن بە هی زمانی دووەم. بۆ نموونە، عارەب دەڵێن: "ثالثة الاثافي"... واتە بەردی سێیەمی دەوری ئاگر تا مەنجەڵی لە سەر دابندرێ، کە کورد "کوچانگر"یشی پێ دەڵێن. کە بەردی سێیەم داندرا، ئیدی لە جێگیربوونی مەنجەڵەکە دڵنیا دەبین... ئەمە چۆن دەکرێتە کوردی؟! ئەگەر دەقاودەق وەریبگێڕین دەبێ بڵێین: "کوچانگری سێیەم". بەڵام چ کوردێ لەو قسەیە دەگا؟.  لە عارەبی جڵفەدا دەکرێ بگوترێ: "کملت السبحة".. ڕەنگە لە کوردیدا سێیەم هەنگڵی سێکوچکە پڕ بە پێستی بێ. یا گوتراوە: "ليس علی وجهە لثام کي يماط". واتە پەردەی لە سەر ڕوو نییە تا لابرێ... ئەمە چۆن بکەینە کوردی؟ هەر وەک خۆی؟ تۆ بڵێی "وەک بن کلکی بزن بە دەرەوەیە" بۆی نەبێ!! من ئەمەم دانەناوە، چونکە دەزانم ئەو زاتە ڕستەی وای بەکار نەدەهێنا. ئەو جۆرە ڕستانە سەر لە وەرگێڕ دەشێوێنن و بڕیار دەدەن وەرگێڕانەکە چاکە بێ یا خراپ، جگە لە داڕشتنی ڕستە. دەبینی نووسراوە: "ئەو ڕووداوانە بێ هۆ نین و خەڵک بە ئاسایی لێی دەڕوانن". ڕووداوەکان "کۆ"ن بەڵام لە پڕ دەکرێن بە "تاک" و لە بری "لێیان دەڕوانن" دەبێتە "لێی دەڕوانن". جا لە "کێ دەڵێ" و "کێ ناڵێ" گەڕێ چۆن بە سەقەتی بەکار دێن و لە "نە... نە"ش هەر مەپرسە!! تۆ لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی تر سەفەر دەکەیت. کەسێکی خێزانەکەت پێت دەڵێ: "بەم ساماڵە ئەو چاکەتە مەبە!" دەکرێ تۆش بڵێی: "دەیبەم، کێ دەڵێ باران نابارێ!" یا: "کێ ناڵێ باران دەبارێ!" بەڵام "کێ ناڵێ باران نابارێ" هی ئەوە نییە بێتە ناو نووسینەوە! لە گوند هەڵەی وا ناکرێ بەڵام لە شار دەکرێ. "دەڵێ" ئەرێنییە و پێویستە "نابارێ" نەرێنی بێ. واتە گوتنەکە و بارانەکە پێچەوانەی یەکن...
ئێمە لەگەڵ سەرجەمی مرۆڤی سەر ئەم گۆی زەوییەدا جۆرە هاوپشکییەکمان هەیە. لە ئاو و هەوا و خۆر و باراندا، لە کۆنی سەردەمی بەرد و پێشتریشەوە، ئاگامان لە هەبوونی یەکتر بووبێ یا نەبووبێ، شەریکەبەشیانین. بە دەم پەرەسەندنی هۆشی مرۆڤ و بەکارهێنان و چالاکبوونی پەنجەکانیەوە هاوپشکیشمان زیادی کردووە و ئێستا بە هۆی تەکنیکی تازەوە، زۆرمان نەماوە ببین بە یەکماڵ. ئەوەی ئەمڕۆ لە دوورترین خاڵی دنیا پەیدا دەبێ، سبەینێ لای ئێمە و لە ناو ماڵەکانمان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەنگدانەوە و کاریگەری، یا کاردانەوەی دەبێ. ڕاستە ئێمە بە هۆی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆوە ڕۆڵمان لە پێشختنی سەرجەمی مرۆڤایەتیدا یا کەم و پەراوێزە، یا نییە و هەشبێ بە ناوی خۆمانەوە نییە، بەڵام لە بەرهەمخۆری و بەکاربردنی زۆر کەرەسەدا لەوانی دی کەمتر نین. ئەوەش هەر ڕاستە کە بە هۆی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆوە، هەر بایەک لە ڕۆژهەڵات یا ڕۆژاوا یا لە سعوودییە و میسرەوە هەڵدەکا، ئەگەر لەگەڵ خۆیدا ڕاشماننەماڵێ و تێکیشماننەشکێنێ، بە ئاڕاستەی ڕەوتی خۆیدا دەمانچەمێنێتەوە و دەیان ساڵە بە هۆی ئەو بایانەوە، هەر ڕۆژە و ڕوو بەرەو ئاڕاستەیەک وەردەسووڕێنێن و خۆمان، نە ئاڕاستەمان دیارە و نە کاریگەرییەکی ئەوتۆمان لە سەر خۆمان و چارەنووسی نەوەکانی داهاتوومان هەیە.
هەر میللەتە و بە مەبەستێک بەرهەمی میللەتان بۆ زمانی خۆی وەردەگێڕێ و هیچیان لە پێناوی بەرهەمی نەتەوەی تردا دەستبەرداری ڕەگی خۆی نابێ، بەڵام کورد بە هۆی نائارامی و نادڵنیاییەوە، زۆر دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەرهەمی میللەتانەوە و تا ڕاددەیەک تووشی سەرلێشوان بووە. بزانە حەسەن بەننا و شەریعەتی، لەگەڵ رێزمدا بۆیان، شانبەشانی زاناکانی ڕۆژاوا، چ پلەوپایەیەکیان لە ناو کورددا هەیە و چۆن کەسانی لێهاتووی خۆمانیان بیر بردۆتەوە! باوەڕ ناکەم مەلای گەورە یا شێخ مەعشووق خەزنەوی، هیچیان لە حەسەن بەننا کەمتر بووبێ بەڵام کوردبوون ئەوانی خستۆتە پەراوێزەوە. تەماشای فەیلەسووفە ئەوروپاییەکان بکە بزانە چۆن کوردبوونیان لە کورد کردۆتە بارگرانی و لەوەش بگەڕێ کە دەیان ساڵ دۆن کیشۆت ئاسا، لە هیچی نەبوو شەڕی باڵی ئاشی سەرمایەداری جیهانیمان کرد و لە فەلەستینییەکان فەلەستینیتر بووین بێ ئەوەی بتوانین بەردێکیان بۆ بخەینە سەر بەردێک!. کارەساتیش ئەوەیە کە ئەو زاتانە، دوور و نزیک بە لای کورد و مەسەلەی کورددا نەچوونە و ئێمە ئەگەر بکەوینە ژێر کاریگەرییانەوە، هۆکاری تر دەدۆزینەوە... ئیدی وەستاوەتە سەر خۆمان چۆن لەو بەرهەمانە دەڕوانین و چۆن سوودیان لێ دەبینین. دەزگا ڕاگەیاندنەکان چیمان لێ بکەنە قیبلەنوما، بیر و باوەڕمانە و هەرچی دەکەنە ئامانج، ئێمە وەک فارگۆنی قەتار لێیان نابینەوە! ئاخر ئەو حیزبایەتییە سۆزمان پاراو دەکا و ڕقمان دەبووژێنێتەوە... ڕق بەرانبەر نەیاری ناوخۆ نەک داگیرکەر!
ئەگەر تەماشای داستانەکان بکەین، دەبینین لێکچوونێکی زۆر لە نێوان میللەتاندا هەبووە، بەڵام هەر کەسە و بە پێی کەشوهەوای دەوروبەری خۆی... لە هەموو بارەکاندا دیاردە هاوبەشەکانی وەک خۆرگیران و مانگگیران و هەور و هەورەتریشقە و داچۆڕانی ئەستێرە، لە داستانی هەموو میللەتاندا، هەر یەکە و بە گوێرەی ژیانی خۆی هەیە و پێکەوە هاوبەشین. لە دێو و جنۆکە و ڕۆحی شەڕانیدا هاوبەشین. دانیشتوانی کەناری زەریاکان داستانی وابەستەی زەریایان هەیە و پێ ناچی داستانی نووح و نەهەنگ، یا حۆری زەریا لە بیابانەوە، یا لە شوێنێکەوە سەری دەرهێنابێ لە کەشوهەوای نەهەنگ و حۆرییەوە، کە زەریایە. دوور بووبێ. پێشکەوتنی مرۆڤیش لە هەر جێیەکی دنیا بێ، کاریگەری بە سەر مرۆڤەکانی ترەوە دەبێ و ئێمەش، بێ دەوڵەتی لێ دەرچێ، لەو مەسەلەیە بەدەر نین.
وەرگێڕانی بەرهەمی ئەدەبی دەبێتە ئاوێنە بۆ خاوەنی ئەو زمانەی بەرهەمەکەی بۆ وەردەگێڕدرێ و کاریگەری دەبێ بۆ فرەوانبوونی ئاسۆی بەردەمی. کوردێکی دارخورمانەدیو، باسی دارخورما دەکا و بە لقەکانیدا هەڵدەدا! بەڵام دارخورما لقی کوانێ؟! عارەبێک باسی کەو دەکا و لە فڕیندا دەیگەیەنێتە پەڕەی هەور و وەک داڵاش بە ئاسمانەوە دەسووڕێتەوە! بەڵام کەو زۆر بەرز نابێتەوە و بە قۆڵ دەفڕێ! من ئەمانە بۆ کێ و بە چ مەبەستێکەوە وەربگێڕم؟! ئێمە، ئەگەر ژیانی ماندێلا بکەینە کوردی، بۆ ئەوەمانە پیشانی میللەتی خۆمانی بدەین ئەفریقییەکان چ جۆرە سەرکردەیەکیان هەیە و با ئێمەش سەرکردەی لەو چەشنەمان هەبێ... با سەرکردەی ئێمەش دوای قوربانیدان و ماندووبوون، ئامادە بێ بکشێتەوە و مەودا بە نەوەی نوێ بدا و پێزانینی خەڵک بە گەورەترین خەڵات بزانێ. بەڵام دەڵێی چی بە کوردیکردنی ژیانی ماندێلا وا بکا، خۆمانمان بیر بچێتەوە و ببین بە ماندێلایی، بێ ئەوەی خێری یەک پووشکەمان بۆ باشووری ئەفریقیا یا ماندێلا هەبێ!
عارەب، جگە لەوەی عەباسی کوڕی فەرناسیان کرووە بە عارەب، یەکەم بیرۆکەی فڕینیان پێی بەخشیوە. ڕەنگە ڕاست بێ کوڕی فەڕناس لە سەردەمی ئەمەوییەکانی ئەندەلوس و باکووری ئەفریقیادا کاتژمێری دروست کردبێ و زانا بووبێ و بیریشی لە فڕین کردبێتەوە، بەڵام بیرۆکەی فڕین لە سەردەمی یۆنانی کۆندا هەبووە و(دایدەلۆس  Daidalos ) و (ئیکارۆس  Ikaros)ی کوڕی، هیچ نەبێ لە میتۆلۆژیای یۆناندا، کە زادەی خەیاڵی خۆیان بووە، هەزاران ساڵ لەوەپێش هەبووە. جا هەرچی بە باڵای فەرناسدا بگوترێ، گومانێک دزە دەکاتە خەیاڵەوە و بە چپە پێت دەڵێ: ئەوە بیرۆکەیەکی دزراوە! لە بەر ئەوە، ناکرێ ئەو زانیارییانە وەک زانیاریی گردەبڕ و ڕاست بە خوێنەری کورد بدرێن، ئەگەر بشدرێن، پێویستە مەودای گومانکردنی بۆ بهێڵدرێتەوە و ڕوونکردنەوەی لەگەڵدا بێ... کوڕی فەرناس نە عارەب بووە و نە یەکەم کەسیش بووە بیری لە فڕین کردبێتەوە و نە یەکەم کاسیش بووە سەعاتی دروست کردبێ... یەکەم سەعات، ٣٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا، میسرییە کۆنەکان دروستیان کردووە و کاتژمێری (لم)یش با لە بیر بکەین! عارەب کە پێناسەی عارەبییان دایە عەباسی فەرناس و کەردیان بە یەکەم گەشتیاری هەوایی، چییان دەست کەوت هەتا ئێمە لە وەرگێڕانی ئەو درۆیانە شتێکمان دەست بکەوێ؟!
ئەگەر ئەوە ڕاست بێ (خۆت بناسی خەڵک دەناسی) پێم وایە ئەوەش ڕاست دەبێ کە خەڵکت ناسی، هیچ نەبێ بە بەراوردکاری، خۆشت دەناسی و دەزانی لە کوێی شارستانەتیدایت. جگە لەوەش، وەرگێڕانێک لە ڕووی زمانەوە پاراو و ڕەوان بێ، خۆ هیچ نەکا خزمەتێکی زمانەکەمان دەکا. وەرگێڕانی فەلسەفە یۆنانییەکان بۆ عارەبی، لە سەردەمی عەبباسییەکاندا بوو بەڵام بە قەدەر ئەو سوودەی ئەوروپاییەکان لەو وەرگێڕانەیان دیت، عارەب و میللەتە موسوڵمانەکان خۆیان ئەو سوودەیان لێ نەبینی... ئەو وەرگێڕانانە، بۆ ئەوروپاییەکان بوون بە کلیل، یا یەکەم هەنگاو بەرەو ڕێنیسانس، بەڵام بۆ جیهانی ئیسلامی ئەو سوودەی نەبوو. پێویستە بپرسین: فەلسەفەی یۆنان و داستانەکانیان، کە یەکەم جار کران بە عارەبی، بۆچی ئەو سوودەیان بە عارەب نەگەیاند کە بە ئەوروپاییەکانیان گەیاند؟! من پێم وایە هەمان سوودی دەگەیاند بەڵام ئیمامی غەزالی لەو هەلومەرجەدا هەڵکەوت و بوو بە بەربەست لە بەردەم سوودوەرگرتن لە زانست و هونەر و فەلسەفە، تا ئەوەی حەرامی کردن!! بەڵام لە بەردەم ئەوروپاییەکاندا، بەربەستێکی وەک غەزالی پەیدا نەبوو و میوەی شیرینی ڕێنیسانسیان لێ دەست کەوت کە ئێستاش لە بەرهەمەکەی دەخۆن و بەرماوەکەشیان، بە سەقەتی و دەستکاریکراوییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەغدایەی کە پێش ئەوروپا هەستی بە گرنگی کردبوو.

كاكێشان: بۆ نەتەوەیەكی ژێر دەستی وەك كورد، وەرگێڕان دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ ئەوەی لانی كەم لە رووی هزرییەوە لە ژێردەستەیی دەرباز بێ؟
حەكیم كاكەوەیس: ئەگەر هزرمان ئازاد یا ئازادیخواز بێ، پێم وایە ئازاد دەبین. ناودارترین کۆیلەی جیهان کە سپارتاکۆس بوو، مادام لە کاتی تێکۆشاندا دەستگیر کرا، بە ئازادی مرد. مەلیکە مەزان، ژنە شاعیرێکی ئەمازیغی عارەبیزمانی فێمێنست و عەلمانییە، بەڵام وەک ئەمازیغییەک، ژنێکی ئازاد و ئازادیخوازە و باکووری ئەفریقیا بە خاکی عارەب نازانێ. ئەو ژنە گوتەیەکی هەیە و کردوومەتە کوردی. دەڵێ: "ئەگەر تۆ تێکۆشەرێکی ڕاستەقینەی ئەمازیغی یا کوردی یا فیرعەونی یا نوبیایی یا... یا... بیت، بە ناچاری پێویستە تێکۆشەرێکی ڕادیکاڵ بیت... یا نابێ تێکۆشەر بیت! بە هەڵوێستی ڕادیکاڵانەی ڕەتکردنەوەی گردەبڕ نەبێ، ناتوانی ڕەگوڕیشەی زۆرداری و ڕەگەزپەرستی لە دڵی دوژمنەکەت دەربێنیت!" ئەمە نە قسەی مارکسە و نە هی کافکا و نە هیچ زانایەکی ڕۆژاوایی. ئەوە قسەی ژنێکە هەست دەکا وڵاتی داگیر کراوە و غەدر لە میللەتەکەی کراوە. من پێم وایە ئەو قسەیە، کراسێکە بۆ ئێمە دووراوە، نەک قسەی زانا و فەیلەسووفە بێخەمەکانی ڕۆژاوا. ئایە ئێمە کەی جورئەتی قسەی وامان هەبووە؟!
من زۆر باوەڕم بەو قسەیە هەیە. دەیان ساڵە کورد دڵی میللەتە سەردەستەکان، جارێ بە ناوی چینایەتییەوە ڕادەگرێ و جارێکیش بە ناوی ئاینەوە و هەمیشەش بە هاوبەشێکی درۆ لە نیشتیماندا حیسابی کردووە... کورد، لە زمانی حیزبەکانیەوە خۆی لەوە دزیوەتەوە وڵاتی داگیرکراو بێ. ئەوەندە دەزانی لە ڕووی فەلسەفییەوە بووین بە برا! بەڵام یەک تۆزقاڵ کاریگەریمان لە سەریان نەبوو. حیزبی شیوعی عیراقی باشترین نموونەیە: چونکە بە پێی بنەما فکرییەکەی باوەڕی با قەومایەتی نییە و هەوڵ دەدا لە ڕووی چینایەتییەوە پێکهاتەکانی (عیراق) لێک نزیک بکاتەوە، لە ڕۆژێکدا ڕۆڵی نەما کە دەبوو لە هەموو ڕۆژێ زیاتر برەوی هەبێ! ئەم حیزبە، دەیان ساڵ هەوڵی نزیکخستنەوەی قەوم و مەزەب و ئاین و ئاینزاکانی ناو عیراقی دا و لە سەردەمی قاسمدا بە لای کەمەوە یەک ملیۆن ئەندام و لایەنگری هەبوو، ئێستا خاوەنی یەک کورسی نییە! کەسێ سەر لە خۆی نەشێوێنێ دەبێ لەمە بگا. باوەڕی کۆمۆنیزم نەیتوانی ئەو غەدرە لە دڵی شیعەکان بسڕێتەوە کە لە هەموو سەردەمی عوسمانییەکان و دوای دروستبوونی دەوڵەتی عیراق لێیان کراوە و ئەو ئارەزووەش لە دڵی عارەبی سوننە دەرناکا کە هەمیشە سەردەستە بێ، ئیتر با کۆمۆنیزم لە سەر کاغەز هەم ئەمیان بسڕێتەوە هەم ئەویان. بەڵێ کۆمۆنیزم تەنها کاریگەری لە سەر دەروونی لاوازی کورد هەبوو و وای لێ کرد، تەنانەت حیزبێکی نەتەوەییش کە ئامانجەکەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بوو، جاروبار و لە پەناوە ئاماژەی بە فەرموودەیەک لە فەرموودەکانی لینین بکا!! ئیتر باسکردنی حیزبەکانی تر، بە گەورە و بچووکیانەوە، لەوە دەکەوێ پێویست بێ!
کورد، بە شێوەیەکی گشتی، تا ئێستا نەیتوانیوە بڵێ: لە عیراقدا عارەب داگیرکەری خاکی کوردستانە. نەیوێراوە بڵێ کوردستان داگیرکراوە! ئێمە خۆمان خاوەن ماڵە داگیرکراوەکەین، کەچی (ئیسماعیل بێشکچی)یەکی تورک تێماندەگەیەنێ کە خاکەکەمان بە ناهەموارترین شێوە داگیر کراوە! بەڵام هەر تێناگەین و بە عارەبی تەعریبی کەرکووکیش ناڵێین داگیرکەر! بە وەرگێڕانی ئەو بڕگەیەی مەلیکە مەزان، تێدەگەین میللەتێک بیەوێ لە ژێردەستەیی دەرباز بێ دەبێ و پێویستە گردەبڕ بێ و ناوی شتەکان وەک خۆیان بێنێ. دەیان ساڵە پشی پشی بۆ عارەب دەکەین، بەڵام بە هیچ جۆرێ نەمانتوانی یەک عارەب... یا ڕاستترە بڵێم یەک خێزانی عارەب لە کەرکووک دوور بخەینەوە! یەک خێزانی عارەب نییە بیر لەوە بکاتەوە کە خاکی خەڵکیان داگیر کردووە! جگە لە فەلسەفەی (درەوشە و مشت)ی کوردی چ ئاین یا مەزەب یا ئایدۆلۆژیایەک هەیە وا لە داگیرکەر بکا خاکی داگیرکراو بداتەوە خاوەنی خۆی تا دەستودامێنی بکەوین؟! ئەوە نەریتیانە و داگیرکارییان بە لاوە ئاساییە، جا ئێمە هەبین یا نەبین و لە ناو خۆشیاندا ململانێی بەداوەت و شارستانەتی هەیە. مەلیکە مەزان وا دەڵێ بەڵام ئێمە ڕۆشنبیرمان بە پاشخانی نەتەوەییەوە هەیە، دەڵێ: من ئامادە نیم لە پێناوی ئاڵای کوردستاندا منداڵێکی عارەبی کەرکووک لە خەو بکەم! مەیکە، کاکە مەیکە! بەڵام ئەوان منداڵی من و تۆ هەر لە خەو ناکەن، دەشیانکوژن! ئەو قسەیەی ئەو ڕۆشنبیرە تێماندەگەیەنێ بەهای کەرکووک لای ئەو زاتە لە چ ئاستێکدایە!  ئەو بۆچوونە، تووتکەسەگێکە و لە دەڵەسەگێکی وەک ماددەیی ١٤٠ بەربۆتەوە و حیزبەکان پەروەردەیان کردووە! ئەم چارەنووسەش کە هەمانە، خۆمان بەو هەڵوێستانە بۆ خۆمانمان دیاری کردووە! چاوەڕوانین لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەنگ هەڵبڕن: ئەم کوردانە، مادام ئاوها مرۆڤدۆستن و منداڵی داگیرکەری خاکی خۆیان لە پێناوی ئاڵای نەتەوەییدا لە خەو ناکەن، شایستەی ئازادین و لێیانگەڕێن با ئازاد بن!! یا بڵێن: مادام تورکیا ئەوەندە مرۆڤکوژە و یەک بستی وڵاتەکەشیان هی خۆیان نەبووە، با لە دەوڵەتی بکەوێ!
ئەگەر ئەم ڕۆشنبیرە کوردە ئەو قسەیەی مەلیکە مەزان بخوێنێتەوە، ڕەنگە لێی پەست بێ چونکە لە خەیاڵی ئەودا (نیشتیمانی عارەب) لە ئۆقیانووسەوە دەگرێتەوە تا پشتکۆ!! کە ئێمە لە دەوڵەتێکی عارەبیدا پەروەردە کرابین و شەو و ڕۆژ بەر گوێمان کەوتبێ میسر دڵی دەوڵەتە عارەبییەکانە، ئاسان نییە ئێستا باوەڕ بێنین کە میسرییەکا، عارەببوونیان لێ بەڵایە و عارەب نین!
بابەتی ئاوها چاومان دەکاتەوە بۆ ئەوەی یا بەو شێوەیە تێکۆشەر بین یا تێکۆشەر نەبین و بەو پێیە، هەرچی سیاسەتمەدارانی ئەمڕۆی کوردە، دەبێ دەست لە تێکۆشان هەڵگرێ، چونکە هیچیان ڕادیکاڵ یا گردەبڕ و ڕیشەیی نین و هەمیشە لە ئاڵووێردان و (مفاوەزات)یان لە پرۆسەیەکی جاروبارەوە گۆڕی و کردیانە پیشەیەکی هەمیشەیی و ستراتیژی وا کە هەزاران کەس نانی لە سەر دەخۆن و وەک کۆمپانیایەکی بەپیت لێی دەڕوانن. کورد، لەبەر ئەوەی موالێتی چۆتە خوێنییەوە، وای لێ هاتووە بۆ هەموو کەس هەر موالییە. ئەوا گوتمان بە هۆی ئیسلامەوە بووین بە موالی عارەب و شوێنپێی حوشترمان مژی و شیرینی بە دەممان گەیشت! ئەی بۆ تورک بۆ؟! ئاخر لە کوێ بووە سەرۆکی ڕەگەزپەرستترین حیزبی تورکی کە لە پاشماوەکانی ئەتاتورکە، کورد بێ؟! نەک هەر کورد بێ، خەڵکی دەرسیمیش بێ کە گەورەترین کوردقڕان تیایدا ڕووی داوە!! ئەمە وەک ئەوەیە خەڵکی هەڵەبجە پەیکەرێک بۆ عەلی کیمیاوی ساز بکەن یا بەعس زندوو بکەنەوە!! بەڵێ، ئەگەر ڕۆشنبیرە بیرڕەدووکەوتووەکان بوار بدەن، پێویستە بە هەر شێوەیەک بێ ئەو هەستی موالێتی و زەلالەتە لە خۆمان بکەینەوە چونکە ڕێگرە لە بەردەم هەموو هەنگاوێکماندا. موالێتی و کۆیلایەتی و ژێردەستەیی، هۆکارن بۆ ژنکوشتن... سەرچاوەن بۆ خیانەت و جاشێتی... بناغەن بۆ گەندەڵێ... گەران بۆ ڕەدووکەوتن بە دوای هەموو شت و هەموو دیاردە و بیر و بیرۆکەیەک، کە لە ناو بازنەی بەرژەوەندی کورددا نەبێ. تەنانەت یەکێ لە هۆکارەکانی جاشەیەتیش بەو زۆرییە، ئەوەیە لەو حیزب و شۆڕش و بزووتنەوانە بێ ئومێدن و دەزانن ئەنجام باوەشی داگیرکەرە و خۆیان پێشدەستی دەکەن!
من ئەو قسەیەی مەلیکە مەزان ئەوەندە بە ڕاست دەزانم، بە هەقی دەزانم بە زێڕ بنووسرێ. بەڵام بڵێین چی: ئێمەی کورد، بەرانبەر بە یەکتر بە پێی ئەو بۆچوونە توند و گردەبڕین، بەڵام بەرانبەر بە داگیرکەری خاکەکەمان، هەر خەریکی گێڕانەوەی خەونی خۆشین... پێویستە پەنجە بۆ چاوی مالکی و نامالکی بەرین و ڕووبەڕوو بڵێین: ئێوە نیشتیمانی ئێمەتان داگیرکردووە و وەل بن!! پێویستە بەو عارەبە دەهەزارییانەی کە باسیان نەما بگوترێ: لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا کەرکووک چۆڵ بکەنە دەنا زەرەر دەکەن! نا، ئەوانە ناکەین! شەرمن و بچووک و پەراوێزین و کەرکووکی خۆمان دەکەینە پەردەوە و زیناکارانی (١٤٠)ی تێ بەردەدەین!! ئەوجا نۆرە دێتە سەر ئەو قەڵەمانەی بۆ دەڵاڵی کاری وا گۆشکراون و ڕاگیراون تا لە هەموو باسێکدا بڵێن: "هەرسێ پارێزگاکەی کوردستان!!" و لە ناخی هەموو حیزبییەکدا دەق بگرێ و قەڵەمیش بنووسێ: "لە کوردستانەوە چوومە کەرکووک!!" و مێش مێوانی نەبێ!

كاكێشان: ئەو وەرگێڕانانەی كە ئەمڕۆ لە بوارە جیاوازەكاندا دەیانبینین چۆن هەڵدەسەنگێنی و پێت وایە لە ئاست پێویستییەكانی كتێبخانەی كوردی دان؟
حەكیم كاكەوەیس: وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئاسان نییە. کە وەرگێڕانی مامۆستا عەزیز گەردی دەبینم، نەک  هەر خۆم، بەڵکو هەموو ئەو گوتار و کتێبانەی وەرمگێڕاوون، خۆیان لەگەڵمدا لە پەناوپەسێوی کۆنە گۆڤاران بزر دەکەن. بەڵام هی واش هەیە بە ڕاستی یەک ئەرکی هەیە: سەقەتکردنی زمانی کوردی، کە من بە خیانەتی نەتەوەیی دەزانم!! وەک ئەوەی زمانەکەمان حاڵی زۆر خۆش بێ، ئەوانەش دێن و قوڕی پێدا دەدەن! هەندێ ڕستە دەبینیت، بەو شێوەیە بە هەر زمانێک دابڕێژرێ ڕێی نییە بڵاو بکرێتەوە! بەڵام دەزگاکانی ئێمە، بە داخەوە، هەر دەڵێی کاریان ئەوەیە دەستی زمانسەقەتکردن بگرن و کێ زمانەکەمان بشێوێنێ خەڵاتی بکەن!
سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، لە کەناڵی چواری سویدییەوە، فیلمێک پەخش دەکرا و منیش ماوەیەک، بە دەم کارەکانمەوە تەماشام کرد. باسی قومسێرێک بوو چوارسەد حاڵەتی کوشتنی یەکاڵا کردبۆوە. ڕستەیەکی ساکاری گوت و منیش بیرم لە وەرگێڕانی کردەوە. گوتی:
Their stories are my stories.
لەو (Their)ەش مەبەستی قوربانییەکان یا کوژراوەکان بوو. وەرگێڕانی ئەو ڕستەیە بۆ سویدی هیچ کێشەیەکی تێدا نییە. بیکەی بە عارەبی، ئاسانە. بەڵام کە دەیکەیتە کوردی، میزاجی وەرگێڕ، یا توانای وەرگێڕ لە کوردیدا ڕۆڵ دەبینێ و کەسیش نییە چاودێریمان بکا ئاخۆ چۆن دەیکەیەنە کوردی. دەکرێ بڵێین: "چیرۆکی ئەوان چیرۆکی منە". بەڵام ئەوان، بە هەموویان یەک چیرۆکیان نییە! هەر یەکە و چیرۆکی خۆی هەیە! کەواتە: "چیرۆکەکانی ئەوان چیرۆکی منە!" لێرەشدا واتاکە دەگۆڕێ و وای لێ دێ هەموو چیرۆکەکانی ئەوان بۆ من بوونەتە یەک چیرۆک. ئەی ئەگەر بڵێین: "چیرۆکەکانیان بۆ من چیرۆکن"؟!
باوەڕ دەکەم ئەگەر تەنها ئەو ڕستەیە بدەی بە دە وەرگێڕیی کورد، هەر یەکە بە جۆرێ دەیکاتە کوردی... بەڵام من دەڵێم: "چیرۆکی هەر یەکە لەوانە، بۆ من چیرۆکێکە!". تۆ بڵێی لە وەرگێڕانی ئەو ڕستەیەدا ڕاست بم؟! با ئەوەشم لە بیر نەچێ کە مەرج نییە وشەی "چیرۆک" بەکار بێنین چونکە ڕەنگە لەو شوێنەدا "بەسەرهات" ڕاستتر بێ، چونکە بۆ ئاشکراکردنی هەر یەکە لەو بەسەرهاتانە، ئەویش بەسەرهاتێکی هەیە! کەواتە، بە پێی میزاج و تێگەیشتنی من، ئەو ڕستەیە وای لێ دێ: "بەسەرهاتی هەر یەکە لەوانە، بۆ منیش بەسەرهاتێکە!"
ئەگەر لە یەک ڕستەی ئاوها ساکاردا ئەوەندە ڕچەڕێ لە ڕاستەڕێ دابڕێن، دەبێ لە سەرجەمی ڕۆمانێکدا، یا کتێبێکی فەلسەفیدا چی بقەومێ و ئەی دەبێ لە فارسییەکە یا عارەبییەکەدا چەند کوێرەڕێ جیابووبنەوە و کوێرەڕێی کوردیشیان هاتوونەتە سەر؟! من ئەو هەستیارییەی بەرانبەر بە وەرگێڕانێک هەمە کە کرابێتە فارسی یا عارەبی و ئەوجا بکرێتە کوردی، بەرانبەر وەرگێڕانێ نیمە لە زمانێکی ئەوروپاییەوە کرابێتە سویدی ئەوجا بکرێتە کوردی.

كاكێشان: وەك دەوترێ وەرگێڕان كرانەوە و پێشكەوتنی هزری دروست دەكا، بۆ وەرگێڕان وەك پێویست نەیتوانیوە لە ناو كورددا كرانەوە دروست بكا و لەو رێگاوە ببین بە خاوەنی نووسەر و بیرمەندی مەزن؟
حەكیم كاكەوەیس: لەم پرسیارەدا، چاووم تەنها (ببین بە خاوەنی نووسەر و بیرمەندی مەزن) دەبینێ. هەر کێیەک لە وڵاتی ئێمەدا وەک بیرمەند ناوی دەرچووە، بیرکردنەوەی لە دەرەوەی مەسەلە نەتەوایەتییەکەی کورددا دەخولێتەوە و بە هۆی لاوازی بیری نەتەوەییشەوە، ڕەواجی هەیە! تۆ کە خۆت بۆ فکری ڕۆژاوا تەرخان بکەیت، هەموو دنیات بۆ دەبێتە بواری دەربڕین. گرنگ ئەوەیە گەنجی کورد سەرقاڵ بکەیت: ئێمە خاوەنی هیچ نین! هەر ڕۆژاوا سوپەرمانی تێدا هەڵدەکەوێ! نەخێر ئێمە بچووکی عارەبین چونکە قورئان عارەبییە! لەولاوە پشتی تورکین چونکە تازە خەلیفەیەکی تریان تێدا هەڵکەوتووە و کەشتییەکی بۆ هاوکاری فەلەستینییەکان ناردووە و هەر لە جارییەکانی کەمە تا ناو لە خۆی بنێ سوڵتانی زەمان!.. گرنگ ئەوەیە: کارێ مەکە وا بگەیەنێ کورد شتێکی هەیە یا سەرچاوەکەی بۆ میدییەکان دەگەڕێتوەوە یا نزیکترین زمانی ئەم سەردەمە لە ئاڤێستاوە کوردییە! ئەوانە بڤەن! ئەوانە دواکەوتنن! ئەو بەڕێزانەی کە سەرقاڵی فەلسەفەن، فەلسەفەی یۆنان بە قەدەر یۆنانییەکان دەزانن بەڵام وەک زۆرینەی ئەوروپاییەکان، بیر لەوە ناکەنەوە سەرچاوەی فەلسەفەی یۆنان چییە و کوێیە! نا، بە لای ئەوەدا ناچن چونکە دەترسێن بەو ئەنجامە بگەن کە ئەو فەلسەفە بەرز و بریقەدار و عاجباتییە، لە خاکی خەڵکانێکی ژێردەستەی بێدەوڵەتەوە سەری هەڵدابێ و بە کۆرپەیی لە ئامێزی (زەروان)دا بووبێ و ئەو شەڕ و هەرایەی نێوان ئەهریمەن و ئەهورامەزدا و تەپوتۆزی سمی ئەسپی لایەنگرانیان کاکێشانی پێکهێنابێ و لە ئەنجامدا لە ناو کەللەی یۆنانێکاندا، کە ئەو دەمە سنووریان بە سنوورمانەوە بووە چەخماخەی دابێ! فەیلەسووفی کورد دەیەوێ بەو ئەنجامگیرییە بگا؟! ئەو ئەنجامگیرییە، جگە لەوەی بارگرانییە، نانیشی تێدا نییە!
ڕەنگە نەختێ زوڵم بێ بە یەک چاو تەماشای هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەم، بەڵام من نامەوێ بە مەیلەوچاک بڵێم چاک چونکە ئەو مەیلەوە دەیخاتە سەر سنووری نێوان چاک و خراپەوە. چاک ئەوەیە هەموو ئاوازێکی بۆ کورد بێ و هەموو وشەیەکی بۆ کوردستان بێ و هەڵگری ئامانجی نەتەوەکەی بێ و بەردەوام لە بەرەژانی لەدایکبوونی زانیارییەکی نوێدا بێ.. هیچ نەبێ تا دەبین بە خاوەنی خۆمان، ئەوجا سەرتاپا بمانشۆنەوە! بە بڕوای من، تاکە کەسێک کە شایستەی ئەوە بێ پێی بڵێی بیرمەند و لە بۆچوون و فەلسەفەدا کوردی پەراوێز نەکردبێ، مەسعوود محەمەدە و تازە گەنجی کورد خەریکە دەیناسن. ئەگەرچی بۆ ناسینی مەسعوود محەمەد درەنگیشە، بەڵام هەر مایەی خۆشحاڵییە بیری ئەو پیاوە ببێتە مایەی شانازی نەتەوەیی و ڕچەڕێمان پیشان بدا.
وەرگێڕان، وەک سەفەر دنیایەکی کراوە و بەرینمان دەخاتە بەرچاو. ئەگەر نەختێ گرنگی بە وەرگێڕانی زانست و تەکنیک بدەین، زیاتر سوودبەخش دەبین... سەر زمان و بن زمانی نووسەرانمان باسی کەلەپوورە و کەسیش نەهات پێناسەیەکی کەلەپوور بکا، یا بەشێکی کەلەپوور، بۆ نموونە بیناسازی بکاتە بابەتی لێکۆڵینەوە و پیشانی خەڵکی کوردستانی بدا کە ئەوەی ئێستا دەکرێ هەڵەی بنەڕەتی تێدایە و گۆڕینی خانووی قوڕ بە بلۆک پێشکەوتن نییە، بەڵکو پێشکەوتن ئەوەیە بتوانی کەمترین وزە بۆ گەرمکردنەوە و فێنککردنەوە بەکار بێنی و زۆرترین کەرەسەت هی ناوچەکانی خۆت بن. کەلەپووری بیناسازی ئەوەیە لە کەرەسەی دەوروبەر و ژینگەی خۆت کونجی حەوانەوە دروست بکەیت و پێشخستنی ئەو بوارەش پەرەدانە بە کەرەسەکان و شێوەی حەوانەوە. لە باکووری سوید، کاتی خۆی، ژووری تایبەتی بۆ وشککردنەوەی دانەوێڵە هەبووە... کەشوهەوای ئەوێ وای خواستووە، بەڵام ئێمە شتی وامان دەوێ؟! شتی لەو بابەتانە کەلەپووری گەلان لێک جیادەکاتەوە، بەڵام پەرەپێدانی ئەو کەرەسانە دەچێتە خانەی پێشکەوتنی شارستانەتییەوە... ئا ئەلەمەیاندا ئێمە لە دواوەین و هۆکارەکەش دیارە!
كاكێشان: لە بەرهەمەكاندا زۆر جار باسی خۆ بەكەمزانینی كورد دەكەی و دەێژی كە كورد خۆی بە كۆیلە دەزانێ و خسڵەتەكانی كۆیلەی تێدایە. ئەم كۆیلە بوونە زمان و وەرگێڕانیش دەگرێتەوە؟ ئەگەر وایە چۆناوچۆنە؟
حەكیم كاكەوەیس: ئەگەر پێناسەی کۆیلە بکەین، دەبینین زۆر لە خەسڵەتەکانیان بە خەسڵەتی ئێمەی کورد دەچن... ئەوان یەکتریان بۆ دڵخۆشکردنی ئاغاکانیان دەکوشت... شەڕی مان و نەمانیان لەگەڵ یەکتردا دەکرد، کەچی بەرانبەر خاوەنەکانیان موویان نەدەپساند. کۆیلەکان، بە خۆیان و ژن و منداڵیانەوە موڵکی خەوەنەکانیان بوون و بۆ ئەوان دەژیان و بۆ ئەوان دەمردن. هەندێ جار هەڵدەکەوت کۆیلەکان هەڵگەڕێنەوە و شۆڕش بکەن، وەک شۆڕشی سپارتاکۆس و شۆڕشی کۆیلە ڕەشپێستەکانی بەسرە لە سەردەمی عەبباسییەکاندا، بەڵام هەمیشە بە هۆی خۆبەکەمزانینەوە شکستیان هێناوە. شۆڕشەکانی ئێمە، بە شۆڕشەکانی ئەم سەردەمەشەوە، زۆر لە شۆڕشی کۆیلەکان پاشکەوتووتر بوونە، چونکە ئامانجی ئەوان بێ ئەملاوئەولا و گردەبڕ، ئازادی بووە و ئامانجی ئێمە ئەوەندە شەرمنانە بووە دەکرێ بڵێم داوای خۆراکی باشتر و پۆشاکی باشترمان کردووە کە بۆ ئەسپی خاوەن ئەسپیش دابین دەکرێن! زۆر جار کۆیلەدارێتی زۆر لە سەر خاوەن کۆیلەکان کەوتووە. بۆ نموونە، عارەبەکان ئێرانییەکانیان کرد بە کۆیلە و ئەنجامی ئەوەش وا شکایەوە کە عومەری خەلیفە بکوژرێ و ئیسلام ببێتە دوو کەرتەوە، بەڵام کەی کۆیلایەتی کورد گەیشتە ئاستێک سەرکردەیەکی ئاوهای خاوەنەکانمان بکوژین، یا کەی توانیومانە وەک مەمالیک و ڕەشپێستەکان دەسەڵاتی خۆمانمان هەبێ؟!... کۆیلایەتی ئێرانییەکان دیاردەیەکی دەگمەن و سەیر بوو چونکە ئێران لە عارەبەکان زۆر پێشکەوتووتر بوون. مەمالیکیش کە لە لایەن عوسمانییەکانەوە کڕدرابوون و وەک جەنگاوەر و سەرباز پەروەردەیان کردن، پاش ماوەیەک هەڵگەڕانەوە و دەسەڵاتی بەغدایان گرتە دەست.
کاتێ کە لەشکری ئیسلام ڕوویان کردە کوردستان، سێ ڕێیان لە بەردەمی خەڵکدا دانا: یا ئیسلامبوون، یا جزیەدان یا شەڕ. ئەو دەمەی لەشکری عارەب هاتنە کوردستان، هێشتا قورئان کۆ نەکرابۆوە و شەڕکەرەکان شارەزاییەکی ئەوتۆیان لە سەر ئیسلام نەبوو و هاتبوون ڕێی یەکتاپەرستی پیشانی میللەتێک بدەن، کە خۆی یەکتاپەرست بوو. کاتێکیش شەڕ قەوما، کەرامەتی کوردیان پێشێل کرد و ژن و کچ و کوڕە هەرزەکارەکانیشیان تاڵان کرد. دوایی کورد کە بوون بە موسوڵمان، دەبوو سڵاوات لە دیداری ئەو کەسانە بدەن کە کەرامەتیان شکاندبوون ئەوجا لێیان ببوون بە ئیمام و پێشڕەو. ئیتر ئەمە قاڵبی خۆی گرت و بە تێپەڕبوونی سەردەمەکان بوو بە بەشێک لە کەسایەتی کورد... وای لێ هات، کوردبوونیان لێ ببێتە بەڵا... ئێستا کە بیر لەو ئافرەتە کوردانە دەکەیەتەوە کە کراونەتە سەبایا و سەراری و هاودەمی شەو و ڕۆژی سەربازەکانیان، بە پێی دوور و نزیکیت لە قەومایەتی و ئیسلامەتییەوە، کاردانەوەت لە ناخەوە دەبێ. میللەتان، ئەو بەسەرهاتانە بە ئاسانی قووت نادەنەوە، بەڵام ئێمەی کورد نەک هەر قووتمان داوەتەوە، بگرە سوپاسگوزاریشین!!... هەر لە ڕووی دەروونییەوە بزانە کەسێک سووکایەتی پێ بکرێ، ئەوجا ناچاریش بێ کڕنۆش بەرێ و شوکرانەبژێر بێ و دەست و پێ ماچ بکا، چی بە سەردا دێ. ئێمە پێویستە ئەو برینە چارەسەر بکەین! پێویستە شارەزایانی ئاین بەو مێژووەدا بچنەوە و بە شێوەیەکی تر دایڕێژنەوە... خالیدی کوڕی وەلید بەو زاتە موبارەک و پیرۆزە نەزانن کە بە پێی ئایەتی قورئان ڕەفتاری کردبێ، چونکە خۆی شارەزاییەکی ئەوتۆی لە قورئاندا نەبووە... خالید، هەر ئەو ئایەتانەی زانیون کە وەک شمشێرەکەی بە کەڵکی شەڕ هاتوون. ئێستا کاتی ئەوە نییە ڕق لە خالید و لەشکرەکەی هەڵگرین بەڵام کاتی ئەوەیە پێناسەی بکەینەوە تا دەردی خۆمان و خاڵی لاوازی خۆمان بدۆزینەوە.
دوای ئیسلامبوون، بووین بە هەر شتێک، کوردبوونمان خستە پەراوێزەوە و بووین بە کۆیلەی هەموو میللەتێکی ناکورد و هەموو بیرۆکەیەکی ناکوردی، وەک مارکسیزم و مەزەب و تەنانەت فەلسەفەش... لە فەلسەفەدا دەتوێینەوە تا بار و دەردی کوردبوونمان سووکتر بێ: من چەند موسوڵمانێکی تۆخ بم، لایەنی کوردبوونم کاڵتر دەکەمەوە و ئەو سووکایەتییانەی بە سەر کورددا هاتوون، کەمتر شانم دەگرنەوە! چەند مارکسییەکی تۆخیش بم هەر وا.. و چەندیش زیاتر غەرقی فەلسەفە بم واتر... چەند ئاسوودە دەبیت ئەگەر لە بەراوردکردنی کورددا بەو میللەتانە بەو ئەنجامە بگەیت کە کورد هیچ نییە و هیچی نییە و قەت هیچی نەبووە... لە ئەنجامیشدا بە هیچ نابێ! دەی بۆ خۆت دەست بخەرە بن سەرت و ببە بە سەلاحەددین و تاها جەزراوی و حەسەن خەیری و کەمال کلیتشدار ئۆغڵو و ئەوانەی دەوروبەری سەددام!
مەسەلە ئەو بەڵایەیە کە پێی دەڵێن کورد بوون، بەڵام خۆ لە کۆڵیش نابێتەوە و ببین بە هەرچییەک، لە چاوی غەیرەکورد و ناحەزان و داگیرکەراندا، هەر کوردین... واتە: بەر لەوەی هەرچی بین، بە سەرماندا دراوە کورد بین و ئەوە نەک بڕیاری خۆمان، بەڵکو بڕیاری نەیارانە و بە سەرماندا سەپاوە! کەچی خۆ ڕادەپسکێنین و نامانەوێ بەر لە شتی تر کورد بین! کارەساتی گەورەش ئەوەیە هەر هاوارێکی کورد بۆ سەرفرازی، لە لایەن کورد خۆیەوە بە ڕەگەزپەرستی لێکدەدرێتەوە و منیش دەڵێم ئەو لێکدانەوەیە خۆی لە خۆیدا جۆرە پەرستنێکی ڕەگی ناکوردییە... واتە: کە تۆ لە من قەبووڵ ناکەیت داوای سەرفرازی کورد بکەم، دەبیتە چاودێرێکی کۆیلەی زەلیلی ڕەگەزی عارەب و تورک و فارس! ئیتر من ڕەگەزپەرستم یا تۆ؟!

كاكێشان: بە ئاماژە بە وتەیەكی مامۆستا "مەسعود محەممەد" كە باسی ژێردەستەیی و دابەش بوون دەكا و وتنەوەی قسەكانی ماركس لە بارەی پلەكانی پێشكەوتنەوە بە خورافات لە قەڵەم دەدا، بەڕێزت لە كتێبی "پرسیارەكان، هێشتا تینووی وەڵامن" (كە وتووێژێكی دوور و درێژە لەگەڵ بەڕێزتان) دەێژی:" خەریك بوون لەگەڵ عەولەمە و فێمێنیزم و ئیسلامەتی سیاسییانەشدا خورافاتە". لەم روانگەوە دەمەوێ بپرسم كە ئەرێ ئەو وەرگێڕەی كە دەقێك لەمەڕ ئیسلامی سیاسی، فێمێنیزم، جیهانی بوون، و... دەكاتەوە كوردی، ئەمەش خورافاتە؟
حەكیم كاكەوەیس: نەخێر ئەوانە خورافات نین چونکە ئەوانە بۆ ئاشنابوون و شارەزایین. هەندێ بابەت هەیە بۆ ئەوە چاکە چاوی لێ بکرێ... بۆ شکاندنی کۆت و زنجیری کۆیلایەتی سوودی لێ ببیندرێ. بابەت هەیە بۆ ناسینی نەیاری خۆت پێویستە بکرێتە کوردی. ئەوەی خورافاتە ئەوەیە پێت وابێ کورد لە ماڵە وێران و داگیرکراوەکەی خۆیەوە دەتوانێ کرێکارانی جیهان بکاتە دکتاتۆر یا مەڵۆیەک بخاتە سەر خەرمانی مرۆڤیاتی، لە کاتێکدا ئەو یاسایەی بەڕێوەی دەبا، لە دەرەوە بۆی داڕێژراوە و بە سەریدا دراوە! تۆ باسی چ مافێکی ژنان دەکەیت لە کاتێکدا یاسایەک بۆ ڕەفتاری ژنان هەیە تۆ نە دەستت لە داڕشتنیدا هەیە و نە کەشوهەوای کوردی تێدا حیساب کراوە، دەبێ پەیڕەویشی بکەیت؟ ئازادی ژنان چ واتایەکی هەیە کە ژن بە ئارەزووی خۆی و بەوپەڕی ئاگاییەوە سەربەهەوێ مێرد بکا و تەمەنیشی لە باسی مافی ژناندا سەرف کردبێ!! کاتێ باسی مافی ژن نابێتە خورافات کە لە ناو مزگەوتەوە ڕێنیسانس بەرپا بکەیت، نەک مزگەوت بڵێ سیر و تۆش بڵێی پیاز! ئەم سیر و پیازە هەر لە نێوان خەڵک و مزگەوتدا نییە، بەڵکو لە نێوان حیزبەکانیشدا هەیە و ئێستا لە نێوان نەوەی کۆن و نوێ، لە نێوان ژن و پیاویش گرمەیەتی!  ئێمە کاریگەریمان لە سەر شێوەی ژیانی خۆمان نەبێ، نەخشەی چی بۆ خەڵکی تر دابنێین؟ ئەوەیە خورافات! تۆ کە کارگەیەکت نەبێ، شەڕی چی لە سەر زێدەبایی و سوودخۆری و شێوازی ژیانی کۆمەڵگە دەکەیت؟! هەر دەڵێی سەردەمی بەعسی ١٩٦٣یە و (مەنع تەجەولە) و ئێمە باسی پیاسەی سەر کۆڕنیش دەکەین، بێ ئەوەی بیر لە شێوەی شکاندنی یاسای سەپاوی (مەنع تەجەول)ەکەی بەعس بکەینەوە!. ئەوە خورافاتە کە پێمان وابێ لە ناو کۆمەڵگەیەکی کۆیلەدا ژن ئازادن. خورافات ئەوەیە لە وڵاتەکەماندا یاسا، بە یاسای هاتوچۆشەوە کە شارستان لە هەمەج جیا دەکاتەوە، دەکەوێتە ژێر پێڵاوی بەرپرسەوە و قسە لە یاسای نێونەتەویی بکەین و بمانەوێ ئەمەریکا یاسای ئیعدامکردن لابەرێ و ئەو بازرگانییەی بە ژنان و کۆچبەرانەوە دەکرێ، بە یاسا قەدەغە بکرێ. ئێمە کێین تا دەنگمان بگاتە ئەو جێیانە؟ ئێمەی کورد کە باجی یەکجار زۆرمان لە پێناوی کۆمۆنیزمدا دا، چ کاریگەرییەکمان لە سەر بزووتنەوەی کۆمۆنیزم هەبوو و بەرانبەر ئەو باجەی داومانە چیمان دەستکەوت؟ ئەی ئەوە خورافات نەبوو؟ ئەی ئەگەر بێیت بیری ئەحمەدی خانی بپەستیتە ناو قاڵبی چینایەتی و یاسا ئابوورییە شکستخواردەکانی مارکسەوە خورافات نەبێ چییە؟ ئەگەر دژایەتیکردنی پەرەسترۆیکای ڕووسیا لە لایەن کوردەوە خوارافات نەبووبێ چی بوو؟! مەسەلە وەرگێڕانی ئەو بابەتانە نییە بۆ کوردی بەڵکو ئەوەیە خۆمانی پێدا هەڵواسین و لە پێناوی شتێکی وادا چارەنووسی خۆمان لە بیر بچێتەوە؟... بە کورتییەکەی، قسەکردن لە سەر بابەتێک و کارکردن لە بوارێکدا کە هی دەوڵەتان بن، بۆ کورد خورافاتە، بەڵام هەوڵدان بۆ تێگەیشتنی هەر یەکێ لەو بابەتانە فێرخوازییە و سوودی هەیە.
كاكێشان: باشە خۆی زۆربەی ئەو وەرگێڕانانەی كە تا ئێستا خراونەتە كتێبخانەی كوردییەوە لە زمانێكی دیكەوە كراونەتە فارسی و عەرەبی و ئینجا وەرگێڕە كوردەكانیش هاتوون ئەوانەیان كردووەتە كوردی.
حەكیم كاكەوەیس: جا وەرگێڕەکان بۆ وا دەکەن؟ چ زمانێکی ئەوروپا هەیە چەند کوردێک نەیزانن؟ خاوەن شەهادەی بەرزمان لە ڕووسیا و سۆڤیەتی جاران خوێندوویانە، بۆچی هەموو کارەکانی دۆستیۆڤسکی لە ڕووسییەوە ناکەنە کوردی؟ سوید چەند هەزار کوردی لێیە کە بەرهەمی کەڵەنووسەرەکانیان ناکەنە کوردی؟ فینلەندییەکان، قارەمانێکی وەک مامەڕیشەی خۆمانیان بە ناوی (سیمۆ هێیهێ Simo Häyhä)وە هەیە کە لە کاتی هێرشی سۆڤیەتدا بۆ سەر فینلەندا، بە تاقی تەنها ٧٠٠ تا ٨٠٠ سەربازی لە لەشکری سووری ستالینی کوشتووە و بە تەنها کاریگەری لە سەر ئەنجامی شەڕەکە هەبوو، بۆچی کەس لە فنلەندییەوە شتێکی لە سەر ناکاتە کوردی؟ فینلەندا کەم کوردی لێیە؟! بەڵام کە کەس نەیکا و کەس خەمی نەبێ، کەسێ پەیدا دەبێ لە زمانی ترەوە بیکاتە کوردی. ئەوەی من بە زەقی جەختم لە سەری کردۆتەوە ئەوەیە بەرهەمێک لە زمانێکی ئەوروپییەوە کرابێتە فارسی یا عارەبی، هەق نییە لە فارسی و عارەبییەوە بکرێتە کوردی چونکە تەنانەت بنکەی بازرگانی وەرگێڕانیش، بە تایبەتی لای عارەب هەیە و کاریان بۆ قازانجە نەک خزمەتکردنی ئەدەبی و ڕۆشنبیری. ئەوەشم گوت کە بە تاقیکردنەوە دەزانم چ جیاوازییەک لە نێوان دەقە عارەبی و فارسییەکە و دەقە ئینگلیزی یا سویدییەکەدا هەیە!
كاكێشان: ئێوە بەرهەمێكی "عەزیز نەسین"تان لە فارسییەوە كردووە بە كوردی. ئەمەش لە كاتێكدایە كە عەزیز نەسین بە توركی نووسیوەیەتی. ئەی بۆخۆتان ئەم كارەتان كردووە؟
حەكیم كاكەوەیس: ئەمە باسێکە، پەیوەندی من بە زمانی فارسییەوە دەخاتە ڕوو. کە ساڵی ١٩٨٣ چوومە ئێران، یەک ڕستەم فارسی نەدەزانی. لەو ئۆردوگایانە، دەستبەتاڵ کەوتبووم و شەڕم بە خۆم دەفرۆشت. هەر کارێکم هەبا، دەبوو لە یەکێ بپاڕێمەوە بۆم بفارسێنێ. هەر کاتێ کە دەچوومە شار، یەکەم شوێن ڕووم تێدەکرد کتێبخانە بوو و وەک ڕۆژووان لە کتێبەکانم دەڕوانی... حەزم لێیان بوو و لێشم حەرام و قەدەغە بوون چونکە تێیاننەدەگەیشتم. بە سەرمدا هات: هەندێ کتێبی عەزیز نەسین و (ئینجە مەمەد)ێکی کورتکراوەی یەشار کەمال و قامووسێکی عەمیدم کڕی. بە دەم ڕێوە تەماشام دەکردن و... هیچ!
ئەو هەموو کاتەی هەمبوو، دام بە خوێندنەوەی فارسی. لەم و لەوم دەپرسی. تەنانەت سەربازە چاودێرەکانیش، ئەگەرچی یا دەیانگوت لاکەوە لێرە یا زۆر بە لالووتیشەوە بووبێ، هاوکارییان دەکردم. من دەمبپرسی و ئەوان وەڵامیان دەدامەوە. بەو ئەنجامە گەیشتم کە ئەوەی کوردی و عارەبی بزانێ، زوو فێری خوێندنەوەی فارسی دەبێ. ئەم ئەنجامگیرییە بۆ من باش بوو. هیچ نەبێ هاندەرێک بوو! کەریمی حیسامی، خوا لەوێ دنیا جێی خۆش بکا، جارێ گوتی: "کوردی عیراق بە فڕۆکە بە سەر ئێراندا بفڕن فێرە فارسی دەبەن!" لەو قسەیەدا هەر ئەوە ناخۆشە کە گوتی "کوردی عیراق"! وەکی دی قسەکەی تا ڕاددەیەک ڕاستە و خۆزگە ئەو دەمە ئەو قسەیەم بیستبا کە لە ئێران بووم!
نازانم چۆناوچۆنی، کتوپڕ هەستم کرد فارسی دەزانم... دەڵێن کەسێ لە سەربان بەربۆتەوە، کە چاوی کردۆتەوە حەوت زمان فێر بووە!! منیش وام لێ هات: کەوتمە ئێرانەوە و کتوپڕ فێری فارسی بووم! ئێستاش دەستخەتم بە کتێبەکەوە ماوە، یەکەم لاپەڕەی (ئینجە مەمەد)م کردە کوردی. دڵم پێی خۆش بوو... بەردەوام بووم و هەر لە ئێران بە نیوەم کرد. دوایی لە سوید تەواوم کرد، بەڵام قەت چاپم نەکرد، چونکە کورتکراوە بوو.
پێم وابێ سێ مانگ بوو لە ئێران بووم، بووم بە وەرگێڕی برا ئاوارەکانم. پێکەنینم بە خۆم دەهات... ئەم دائیرە و ئەو پۆلیسخانە، وەک وەرگێڕ پێشیان دەکەوتم... بە ڕاست و چەپدا "سەلام ئاغا" بوو. ئەها چەند ئاسانە! سەلام سەلامی خوایە و ئاغاش لە کوردەواریدا هەیە و با فارسەکان بۆ خۆیان (ئاغا)ی من و (ئاقا)ی خۆیان لێک جیا بکەنەوە!
من هەمیشە خەریکی خوێندنەوە و گەڕان بووم بە دوای وشەدا. کتێبەکان و قامووسەکەش بە دەستمەوە زەلازەلایان بوو. هەر وەها سەربازە چاودێرەکان کە هەندێ جار لە بری یارمەتیدانم، دەیانگوت: "ئێوە لە دەستی قارەمانەکانی ئێران ڕاتان کردووە!" جا وەرە تەسلیم مەبەوە!! ئەوانیشم بێزار کردبووو. پەنابەرە هاوڕێکانم دادەنیشتن و تەگبیری ڕاکردن و دەرچوونیان دەکرد، یەک دەیگوت دەچین بۆ ئەفغانستان و یەک پاکستانی پێ باشتر بوو، منیش لە کونجێکدا دەکەوتم و دەمخوێندەوە. ئەم خەسڵەتەم، ڕەنگە لە باوکمەوە بۆ مابێتەوە: لە سنووری کوێت و سعوودیە، لە شوێنێ کە پێی دەڵێن (شیحیات) بە دەستبەسەری نیشتەجێ کرابوو، لەو بیابانە وشک و گەرمەدا بێستانی کردبوو و ئاوی دەستنوێژیشی بۆ ئاودانی بێستانەکەی بە خەسار نەدەدا. پێم شک نایێ هیچ کەسی تر ئەوەی کردبێ!
منیش وەک زۆر کەسی تر ئەو دوو کتێبەم لە زمانی دووەمەوە کردنە کوردی چونکە هەر ئەوەندەم لێ دەزانی و کەشوهەواکە وای دەخواست، یا وای دەسەپاند. ئێ خۆ بەو سەرەتایەوە ناچم حافزی شیرازی و مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی، یا عومەری خەییام بکەمە کوردی کە ئێستاش تێیانناگەم! نەشمدەتوانی دەستبەردار بم. ئەوانە سووک بە دەستمەوە دەهاتن بۆیە پێیانم دەوێرا. پێم وابێ لە وەڵامی پرسیاری کاک هەڵۆ بەرزنجەییشدا پەشیمانی خۆمم لەو کارە دەربڕیوە و ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە و چ پێشم شەرم نییە، چونکە نە ئەوسا ئەو فارسیزانە بووم بەرهەم وەرگێڕم، نە ئێستا ئەوەندەی لێ دەزانم. کە دەڵێم وەرگێڕان لە زمانی دووەمەوە بە باش نازنم، بە تایبەتی مەبەستم لە عارەبی و فارسییە چونکە بە تاقیکردنەوە دەزانم بەرهەمی وەرگێڕدراو لەو دوو زمانەدا چی لێ دێ، دەنا لە ئینگلیزییەوە کرابێتە سویدی چ کێشەیەک نایەتە پێش... هەر دەڵێی دەقەکە لە بنەڕەتدا بە سویدی نووسراوە. لە ماوەیەکی بێکاریمدا، ڕۆمانی (١٩٨٤)ی جۆرج ئۆروێڵم بە چوار زمان لە بەردەس بوو و بەراوردم دەکردن. ئینگلیزییەکە و سویدییەکە هیچ جۆرە جیاوازییەکیان نەبوو، بەڵام فارسییەکە و عارەبییەکە، هەم لەگەڵ یەکدا جیاوازییان هەبوو هەم لەگەڵ دەقەکانی تردا ناتەبا بوون. بە برادەرێکی ڕۆژهەڵاتیم پیشان دا کە لە فارسییەکەدا چی کراوە، زۆر سەرسام بوو. ئەوەی من بزانم لەم وڵاتانەی ئەوروپادا ڕێ بە کاری سەقەت نادرێ و کەس بۆی نییە زمانیان لێ سەقەت بکا. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتە حەیاتەکەی خۆماندا، ئەو چاودێرییە نییە و لە سەقەتکردنی هەموو شتێکدا ئازادین!. چیرۆکێکم بە سویدی بۆ ڕۆژنامەیەک نارد، هەتا بڵاویان کردەوە سێ جار دیدارم لەگەڵ بەرپرسی لاپەڕە ئەدەبییەکەدا کرد... بەڵام کە بڵاو بووەوە، یەک پیت هەڵەی تێدا نەبوو. کەچی من شک دەکەم یەک بەرهەمم بە کوردی، بە بێ هەڵە بڵاو کرابێتەوە... ئەگەر هەڵەیەک لە من ڕوو بدا، کەس خۆی بۆ ڕاستکردنەوەی ماندوو ناکا، جا با هەڵەی چاپیش بێ. پێ دەچێ نووسەران و وەرگێڕانمان، بە تایبەتی گەنجەکان، پێیان جوان نەبێ بەرهەمی خۆیان بخەنە بەردەستی کەسانی لە خۆیان شارەزاترەوە.
ئەگەر ئاوارەبوونی ئەو هەموو کوردە هەزار شەڕ و نەگبەتیشی لێ کەوتبێتەوە، دەرفەتی فێربوونی زمانیشی تێدا بووە. بۆچی لە زمانە ئەوروپاییەکانەوە نەیکەنە کوردی؟ دە تۆ تەماشا بزانە چەند کورد لە سۆڤیەتی جاران و لە ڕووسیای ئێستا خوێندوویانە و شەهادەیان هێناوەتەوە! ئەی چەند بەرهەم لە زمانی ڕووسییەوە کراوەتە کوردی! کە کەس نەبێ ئەو کارە بکا، من لە سویدییەوە دەیکەم... ئاخر وەک چیرۆکە کلاسیکییە ڕووسییەکان و تاوان و سزای دۆستیۆڤسکی تێماندەگەیەنن بۆچی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەرپا بوو، تیۆرییە چینایەتییەکان ناتوانن تێمانبگەیەنن! هەر چیرۆکێکی ئەو سەردەمە، بە قەدەر هەموو کتێبەکانی مارکس تیشک دەخاتە سەر بارودۆخ و ژیانی ئەو خەڵکەی سەردەمی قەیسەر. ئەی ڕووسیزانەکان ئەوە نازانن؟ بە ڕاستی، تەنها تاوان و سزای دۆستیۆڤسکی ئەوە دەهێنێ لە پێناویدا، بە تایبەتی بچیتە ڕووسیا بۆ ئەوەی فێری ڕووسی بیت و ئەو شاکارە، هەر لە ڕووسییەوە بکەیەتە کوردی و هیچی تر نەکەیت، دوای ئەوە با ئەو ڕووسییەش لە بیر بکرێ!! بەڵام کێ خۆی بۆ کاری وا تەرخان دەکا؟! ئەوەی من چەند دێڕێک یا چەند لاپەڕەیەکم لێی بەراورد کردبێ، لەو کەموکورتییانە بە دەر نەبووە. ئەگەر وەرگێڕانەکەی ڕەوف بێگەرد کەموکورتی تێدا بێ، لە کوێ بزانم هی ئەمە یا وەرگێڕە فارسییەکە؟ کە لە سویدییەوە بەرهەمێک وەردەگێڕین، پێویست ناکا کەس بە دوای دەقە سویدییەکەدا بگەڕێ تا بزانێ هەڵەی تێدایە یا تێیدا نییە... ئەوە ڕاست هەڵەی منی وەرگێڕی کوردییە!
كاكێشان: ئەو بەرهەمانەی دیكەی عەزیز نەسین كە لە لایەن كەسانی دیكەوە كراونەتە كوردی چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ بۆ وێنە : "گێلە پیاو" كە مامۆستا "عەبدوڵلآ حەسەن زادە" كردوویەتی بە كوردی.
حەكیم كاكەوەیس: ڕاستییەکەی، هەست ناکرێ گێلەپیاو وەرگێڕان بێ. من ناوی لێ دەنێم (گێلەپیاو)ەکەی مامۆستا حەسەنزادە و بە گومانەوە تەماشای ناوی عەزیز نەسین لە سەر بەرگی ئەو کتێبە دەکەم، نەک وەرگێڕانەکە یا ناوی وەرگێڕەکە یا کارەکەی. ڕەنگە بڵێم: تۆ بڵێی عەزیز نەسین ئەوەی نووسیبێ؟! ئەو دەمەی گێلەپیاو کرایە کوردی، عەزیز نەسین لە ناو کورددا باوی بوو و ئەو وەرگێڕانەش باش جێی خۆی گرت. بەڵام جوانی کوردییەکە ڕێی ئەوەشمان لێ ناگرێ بپرسین: ئەرێ دەقە کوردییەکە و دەقە تورکییەکە جیاوازییان نییە؟! تۆ بڵێی کوێرەڕێی زمانەوانی لە فارسییەکەدا نەبووبێ و هەر بە کوێرەڕێیی نەکرابێتە کوردی؟! من کاتێ لەوە دڵنیا دەبم لە دەقە فارسییەکە دڵنیا بم.
كاكێشان: زۆربەی ئەو وەرگێڕانانەی كە خراونەتە كتێبخانەی كوردییەوە، لە زمانی سەرچاوە نەكراون بە كوردی. بۆ وێنە دەقەكە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە، ئینجا كراوەتە زمانێكی دیكە و دواتر لە زمانی دووەم و تەنانەت سێیەمەوە كراونەتە كوردی. ئەمە چۆن دەبینی و چەندە زیان بە ناوەرۆكی دەق دەگەێنێ؟
حەكیم كاكەوەیس: پێ ناچێ ئێستا زمانێکی زندوو لە دنیادا هەبێ کوردێک یا زیاتر شارەزاییان لێی نەبێ. با بپرسین: بۆچی کتێبەکەی ماندێلا لە ئینگلیزییەوە نەکرێتە کوردی، کەچی کەسێ لە عارەبی یا فارسییەوە بیکاتە کوردی؟ دیارە هەموو کەس ئامادە نییە کاتی خۆی بۆ وەرگێڕان تەرخان بکا، بەڵام وەزارەتی ڕۆشنبیری کاری چییە؟ هەتا ئێستا یەک دەزگا یا یەک لایەن داوای لە من نەکردووە بەرهەمی نووسەرێکی سویدی بکەمە کوردی. هەرچی دەکەم من خۆم ئارەزووم لێیەتی و هیچی تر. دەزگایەک نییە وەرگێڕەکان بگرێتە خۆی و بە پێی بەرنامەیەکی دیاریکراو ئاڕاستەیان بکا و کەلێنێکی ژیانیشیان بۆ دابین بکا. ئیدی کاریش کە بوو بە هەرکەس بۆ خۆی هەر وا دەشکێتەوە... دیارە وەرگێڕان لە زمانێکەوە بۆ یەکێکی تر، بە پێی خزمایەتی ئەو دوو زمانە جیاوازییان هەیە، ڕێزمانی فارسی دەستی وەرگێڕی کورد دەگرێ و ڕێی نادا بە لاڕێدا بڕوا بەڵام زمانی عارەبی بە لاڕێیدا دەبا. کەواتە ئاسانکارییەک لە فارسیەکەدا، بۆ کورد هەیە. ئەگەرچی عارەبییەکەی من لە سویدییەکەم باشترە بەڵام وەرگێڕان بۆ من لە سویدییەوە ئاسانترە چونکە ڕێزمانی سویدی بە لاڕێمدا نابا و ئەگەر لەگەڵ کوردیدا هاوتەریبیش نەبێ ئاڕاستەیان پێچەوانە نییە.

كاكێشان: ئێوە "گێڵگەی ئاژەلآن" و "1984"ی "جۆرج ئۆروێڵ" و "گەلەلووران"ی "جاك لەندەن" و... هتدتان لە زمانی سویدییە كردووەتە كوردی. ئەمەش لە كاتێكدایە كە زمانی ئەسڵی ئەو دەقگەلە ئینگلیزییە و بەڕێزیشتان شارەزای زمانی ئینگلیزین. بۆ لە زمانی ئینگلیزیەوە نەتكردنەوە بە كوردی؟
حەكیم كاكەوەیس: وەک پێشتریش گوتم، جیاوازییەکی هەستپێکراو لە نێوان دەقە سویدییەکان و ئینگلیزییەکاندا نییە، وەک لە نێوان فارسییەکە یا عارەبییەکە و ئینگلیزییەکەدا هەیە. ئەوەندەش تاقەتم بە سەر سویدیدا دەشکێ بە سەر ئینگلیزیدا زاڵ نیم... واتە سویدییەکە خۆشتر دێتە دەستمەوە. هەتا ئێستا یەک کتێبم لە ئینگلیزییەوە کردۆتە کوردی ئەوەش (بازنەی ترس)ی حوسێن سومێدەی کوڕەبەعسی و جاسووسی ئیسرائیل بوو. ئەو دەمە مەترسی لە بەعس هەبوو و لە سەر پێشنیازی هەندێ دۆست بە ناوی خۆمەوە بڵاو نەکرایەوە و چاپخانەکەش ڕازی نەبوو ناوی خۆی لە سەر دانێ. هیوادارم جارێکی تر چاپ بکرێتەوە.

كاكێشان: بەرهەمەكانی جۆرج ئۆروێڵ لە رووی ئایدۆلۆژیاوە دژی كۆمۆنیزمن و ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئێوە لە كتێبی "پرسیارەكان، هێشتا تینووی وەڵامن" كۆمۆنیزمێكی كوردستانی بە پێویست دەزانن. ئایا ئەمە پاردۆكسێك نییە لە نێوان كردار و باوەڕدا؟
حەكیم كاكەوەیس: نا، باوەڕ ناکەم. من خۆم ناتوانم کۆمۆنست بم بەڵام ناشتوانم ڕێگری لە کەس بکەم ببێتە کۆمۆنست یا ئیسلامی... من دەزانم کورد کۆمۆنستی تێدا هەیە و ئەوەش بە دیاردەیەکی سروشتی دەزانم، بەڵام ئەوەی سروشتی نییە کورد کۆمۆنستی ئێرانی و عیراقی بێ و لە پێناوی کرێکاراندا کوردستان بە داگیرکەرەوە شەتەک بدا. لە ڕاستیدا لەوەش زیاتر لایەنگری بوونی حیزبێکی کۆمۆنستی کوردستانیم کە لەو وەڵامەدا دەرمبڕیوە. دەگەمە ئەوەی لە ڕووی فکرییەوە نەبێ، کە ڕەنگە منیان قەبووڵ نەبێ، لە هەموو ڕوویەکەوە هاوکاریان بم و لەگەڵیاندا لە ژێر سەیوانێکی بەرەییدا بم. بۆ حیزبی ئیسلامیش هەمان شێوە. بمانەوێ یا نەمانەوێ، کوردی کۆمۆنست و ئیسلامی هەن و ناسڕدرێنەوە. باشە کە هەن، بۆچی کوردستانی نەبن؟! باوەڕ ناکەم میللەت هەبێ کۆمۆنستی تێدا نەبێ بەڵام پێش هەموو شتێک کۆمۆنستی وڵات و میللەتی خۆیانن. ئەگەر کورد ئەوەی نەبێ کەلێنێکە، بەڵام وەک گوتم، گرنگ ئەوەیە کوردستانی بن. خۆشبەختانە ئێستا کۆمۆنستی وا لە پەراوێزی حیزبە چەپەکاندا هەیە جێگای هیوا بن و لە من و تۆ کوردستانیتر بن. کاکە لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا، هەموو ڕێبازێکی فکری بۆ ئەوە هەیە خزمەتی نیشتمان بکەن نەک نیشتیمان بکەنە پەراوێزی ئەم و ئەو. ئێ با کۆمۆنستەکانی ئێمەش وابن! ئەو کۆمۆنستانەی ئێستا پەرشوبڵاو بوونە و هەر یەکە و لە دەزگایەکی ئەملا و ئەولادا کار دەکەن، بۆچی لە سەر ئەوە پێکنایەن بە ئاڕاستەی کۆردستانێتیدا، خەباتی چینایەتی بکەن؟ لە چییان کەمە؟! ئەوەندەی  ئەوام کادیریان هەیە کام لایەن بە خۆی دەڵێ زەبەلاح ئەوەندەی نییە!
كاكێشان: لە زمانی فارسییەوە كۆمەڵەچیرۆكی "خێرت دەگاتێ"ی عەزیز نەسین، لە زمانی سویدییەوە "كێڵگەی ئاژەڵان"ی جۆرج ئۆروێڵ، "1984"ی جۆرج ئۆروێڵ، "گەلەلوورانی" جاك لەندەن، "منداڵیی لە كەمبۆدیا"ی ژیمۆسیاك، "گورگی ڕووتەڵان"ی هێرمان هێسە، كورتەیەكی "دۆن "كیشوت"ی سەرڤانتێس و "تاوان و سزا"ی دۆستیۆڤسكی، لە زمانی ئینگلیزییەوە "بازنەی ترس"ی "حوسێن سومێدە" و لە عارەبیشەوە "هاوسەنگكردنەوەی تەرازوویەكی سەنگەلا" و "زمانی كورد" و "لێكدانەوەی مێژوو" و "كۆمەڵگەی ئادەمیزاد"، كە هی "مامۆستا مەسعوود محەمەد"ن كردووەتەوە بە كوردی. هەست ناكەی زۆر پرش و بڵاو كارت كردووە و رێچكەیەكی تایبەت نەگرتووە. هۆی ئەمە بۆ چ دەگەڕێتەوە؟
حەكیم كاكەوەیس: ڕەنگە خۆم سروشتم وابێ و ئەگەرچی بەرنامەسازی کۆمپیوتەریش بووم، خۆم بەرنامەم بۆ خۆم دانەنابێ. ڕاستە پەرشوبڵاوم و تەنانەت جاروبار کە بۆ چارەسەر دەچمە سوید، ژوورەکەشم وای لێ دێ. بەڵام کامە لەو کارانەی کردوومە وەک خۆی، جێیەکی باشی نییە؟ نەخێر من نازانم سبەینێ چی دەکەم. ئێستا کە خەریکی ئەم وەڵامدانەوانەم، "پەرەسترۆیکای گورباشۆڤ"ی مامۆستا مەسعوود محەمەد چاوەڕوانمە و تەنها پانزە لاپەڕەی ماوە تەواو بێ... لەو دیو ئەوەشەوە، "سەفەرە درێژەکەی ماندێلا" چاوەڕوانە کە نزیکەی ٣٠٠ لاپەڕەیم تەواو کردووە. چی بکەم؟ ئەگەر بیانخەمە سەرەوە و بە بەرنامە کار بکەم، نەدەبوو وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە. پێش ئەمەش نە دەبوو بە لای "پەرەسترۆیکا"دا بچم.
کە دەستبەکار دەبم، حیساب بۆ هیچ ناکەم... شەو دەخەمە سەر ڕۆژ. جاری وایە، بە ڕۆژەوە دەخەوم و شەو بێدارم. کاتێ هەست دەکەم دڵم خەریکە بوەستێ، دەزانم ئەوە هی ماندووبوونە و دەبێ پشوو بدەم.
کە کتێبێ دەخوێنمەوە و کارم تێ دەکا، پێم خۆش دەبێ هەموو کورد بیخوێننەوە، بۆیە ئەوانەم کردوومنەتە کوردی کە کاریگەرییان لە سەرم هەبوو. ئەو ژیمۆسیاکە کامبۆدییە باسی کارەساتی کامبۆدیای حەفتاکانی سەدەی پێشوو دەکا. حەیفە هەموو کورد، بە تایبەتی چەپەکان نەیخوێنێتەوە. دەکرێ لەو کتێبەوە فێر بین بەر لەوەی دژایەتی بۆرژوا بکەین، پێناسەی بکەین و بیناسین. ئاخر ئەوەی پۆڵ پۆت کردی گەڕانەوە بوو بەرەو سەردەمی بەرد... ئەی نابێ بزانین ئەو جۆرە چەپایەتییە ئەنجامەکەی چییە؟! من دەزانم سەردەمی پێش پۆڵ پۆت هەژاری و نەداری هەبووە و خەڵک لە سەر شۆستەی شەقامەکاندا ژیاون، بەڵام گۆڕینی ئەو هەژارانە بۆ مرۆکوژ چارەسەر نییە و چارەسەر نەبوو.
ڕەنگە ئەو نەختە شارەزاییەی لەو زمانانەدا هەمە هۆکارێکی تر بن بۆ پەرشوبڵاوم. لە ڕاستیدا ویستم کتێبێکی عیسا پەژمان لە فارسییەوە بکەمە کورد بەڵام پاشگەز بوومەوە چونکە خەڵکی تر هەن فارسی باشتر دەزانن و پێویستە ئەوان بیکەن. ئەرێ بۆچی جگە لە کاک خالید حیسامی کەسی تر نەیکردە کوردی؟! من بە پێویستی دەزانم ئەو کتێبە بە بەرفرەوانی هەبێ و لێکۆڵینەوەشی لە سەر بکرێ! 
كاكێشان: تایبەتمەندی و جیاوازییەكانی ئەو زمانانەی كە ئێوە دەقتان لێیانەوە وەرگرتووە و كردووتانە بە كوردی لە چیدایە؟ بۆ وێنە تایبەتمەندی و جیاوازییەكانی وەرگێڕان لە ئینگلیزی، سویدی، عارەبی و... بۆ سەر زمانی كوردی لە چیدایە؟
حەكیم كاكەوەیس: پێشتر ئاماژەم بەم باسە دا. دووری و نزیکی زمانەکان لە یەکەوە کاریگەری خۆیان هەیە. کورد و فارس، هەم لە ڕووی زمانەوە لێک نزیکن هەم لە ڕووی نەریتەوە. لەبەر ئەوە وەرگێڕان لە فارسییەوە قورس نییە. بەڵام عەرەب، چ لە ڕووی زمانەوە و چ لە ڕووی نەریتەوە لە کوردەوە دوورن. ئەگەر نەختێ ورد بینەوە، دەبینین بە هۆی جیاوازی سەرچاوەی زمانەوە نەبووینەتە عارەب دەنا بۆ بەعارەببوون لە سەر پێ بووین! ئەو جیاوازییە ڕێگر بووە. کاریگەری کەلەپووری فارس بە سەر کوردی ڕۆژهەڵاتەوە و هی عارەب بە سەر کوردی باشوورەوە، لە هەموو شتێکدا بە زەقی دیارە: لە جلوبەرگ، شێوەی سڵاوکردن، خۆراک و سفرە و هەموو هەڵسوکەوتێک.
بە تاقیکردنەوە دەڵێم وەرگێڕان لە سویدییەوە بۆ کوردی ئاسانترە لەوەی لە عارەبییەوە بیکەیت چونکە سویدی و کوردی هند و ئەوروپین و سەر بە یەک گرووپن بەڵام عارەبی وا لێیەوە نزیک نییە. زمان و نەریت چەند لە کوردییەوە نێزیکتر بن وەرگێڕانەکە جوانتر و سەلامەتتر دەبێ. زەریا، یەکێکە لە سەرچاوەکانی داساتانە ئەوروپییەکان و لە ئێمە نامۆن. بەڵام نەریتی بیابانیش نامۆیە.
كاكێشان: زمانی كوردی توانای وەرگێڕانی لە كام یەك لەو زمانانەدا بەهێزە؟
حەكیم كاكەوەیس: کوردی کڵۆڵ هەر چاکە زمانەکەی ماوە و ئەوش ڕێکەوتە چونکە ئەگەر قورئان بە فارسی بوایە ئێستا زمانمان نەدەما. یا ئەگەر کوردی خزمایەتی لەگەڵ عارەبیدا بوایە، دیسان زمانمان نەدەما. زمانەکەمان بە هۆی هەندێ ڕێکەوتەوە ماوەتەوە و ڕەنگە چیاکانیشمان کە نەختێ دوورەدەست بوونە، ڕۆڵێکیان لە پاراستنی زمانەکەماندا هەبووبێ. عارەبی، جگە لە عارەب، هەموو میللەتە موسوڵمانەکانی دنیا خزمەتیان کردووە و وەها گەشەی کردووە و پەرەی سەندووە، بە دەست میللەتێکی پێشکەوتووەوە بوایە دەبووە زمانی زاڵی دنیا. ئەوجا با بێینە سەر زمانی فارسی و بزانین چی بۆ کراوە... فارسەکان ئیسلامیان لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا لەت کرد و پێش ئیسلامیش خاوەنی شارستانەتی خۆیان بوونە و هەرچییەکی هی کوردیش بووە لە سەر ئەوان تۆمار کراوە. هەر ئەوە بەسە کە شانازی دەکەن عومەری کوڕی خەتتاب خۆیان کوشتوویانە و گۆڕێکیشیان لە ئێران بۆ بکوژەکەی قووت کردۆتەوە و زیارەتی دەکەن! ئەوانیش وەک ئێمە، لە هێرشی عارەبدا کەرامەتیان شکا بەڵام کەرامەتی خۆیان کڕییەوە. ئەوجا با باسی زمانی ئینگلیزی و سویدی هەر نەکەین چەند خزمەت کراوون... ئەو دەمانەی ئێمە پێمان ناشرین بووە بە کوردی بنووسین، سویدییەکان کۆمیتەی زمانەوانییان هەبووە...
لە ڕاستیدا من داوای ئەوە ناکەم کوردی لە ئاستی ئەو زمانانەدا بێ چونکە کوردی زمانی وەرزێری و شوانکارەییە و لە ڕووی پیشەسازییەوە تا ڕادەیەک هەژارە، بەڵام ئەو زمانە ئەوروپاییانە لە مێژە پیشەسازی خۆیان هەبووە و چۆن پیشەیان لە یەکتر خواستۆتەوە، ئاوهاش وشەیان لە یەکتر خواستۆتەوە. سەرنجم داوە زۆربەی ئەو زاراوە سویدییانەی لە پیشەسازیدا بەکار دەهێندرێن، سەرچاوەیان ئەڵمانییە چونکە پیشەسازی لە ئەڵمانیاوە گەیشتۆتە سوید و کەرەسەی ئەڵمانییان بەکار هێناوە.
لە بواری مەڕداری و کشتوکاڵدا، پەکمان نەکەوتووە بەڵام لە زانست و پیشەسازیدا بە قەدەر دواکەوتنمان لەو بوارانەدا، هەژارین.
كاكێشان:  ئێوە یەكێك لەو كەسانەن كە جیا لە وەرگێڕان، بۆ خۆشتان نووسینتان هەیە. جیاوازی نووسین و وەرگێڕان لە چی دایە؟
حەكیم كاكەوەیس: لە نووسیندا دەستت کراوەیە و ئازادیت بەڵام لە وەرگێڕاندا دەستت لە کەلەپچەی زمانێکی تردایە و نەریتێکی تر ڕێت پیشان دەدا. ئەگەر نووسین وەک ڕۆیشتن بێ بە سەر کاشیدا، وەرگێڕان ڕێکردنە بە ناو قوڕێکی خەستدا کە تا چۆکت دێ.
كاكێشان: ئایا وەرگێڕان نەبووەتە هۆی ئەوەی ئافراندن و نووسینی خۆتان كەمتر بێ، یان بە پێچەوانەیە؟
حەكیم كاكەوەیس: بەڵێ زۆریش کەمترە و وەرگێڕان کاریگەرییەکی زۆری هەیە. من نیازم بوو لەم سەفەرەی سویددا خەریکی ئەو کارە بم کە پێنج ساڵێک پێش ئێستا دەستم پێ کردبوو، بەڵام کتوپڕ "پەرەسترۆیکای گورباشۆڤ"ی مامۆستا مەسعوود محەمەد هاتە پێشەوە و وازم لە کارەکەی خۆم هێنا. پێشتریش چەند جارێک ئەوەم بە سەردا هاتووە بەڵام کە "پەرەسترۆیکا"م تەواو کرد، وا دەحەسێمەوە وەک ئەوەی کارەکەی خۆمم تەواو کردبێ. ئەگەر مردن نەبێ، پاش ماوەیەک دەگەڕێمەوە سەر کارەکانی خۆم...
كاكێشان: ئەرێ نووسین ئاسانترە، یان وەرگێڕان؟
حەكیم كاكەوەیس: بەراورد ناکرێ. وەرگێڕان کارێکی زۆر قورسە... ئەوەی بەرهەمێکی وەرگێڕدراو دەخوێنێتەوە ڕەنگە بیر لە ماندووبوونی وەرگێڕ نەکاتەوە... هەر بیر لەوە دەکاتەوە چەند سەرکەوتوو بووە! نووسەر لە نووسیندا بە کەیفی خۆی بە دەوری مەبەستدا پێچ دەکاتەوە، بەڵام لە وەرگێڕاندا کەسێکی تر دەستی دەگرێ و بە ناو دار و بەرددا دەیسووڕێنێتەوە. تووشی ڕستە یا بابەتێک دەبی و حەزت لێی نییە، بەڵام هەر دەبێ دایڕێژیت. لە نووسیندا ئازادیت خۆتی لێ لادەی یا بیگۆڕیت. دەتوانم بڵێم نووسین سەنعەتێکە و وەرگێڕان سەنعەتێکی ترە، ئەگەرچی کەرەسەی هەردووکیشیان هەر زمانە!
كاكێشان: ئێوە هەم لە كوردستان و هەم لە هەندەران ژیاون، ئەمە چەندە كاریگەری هەبووە لە دونیای نووسین و وەرگێڕانی بەڕێزتان؟
حەكیم كاكەوەیس: هەندێ جار ئەم دوو جیهانییە تووشی هیوای دووردەستم دەکا.. وا دەکا بە تەمای مەحاڵ بم. بۆ نموونە، بە کەیفی خۆم هەندێ خەسڵەتی کۆمەڵگەی سوید لە کورد موتوربە بکەم... وەک دڵسۆزی لە کارکردندا. وەک ئازادی تاک و کتێبدۆستی و نیشتیمانویستی. هەندێ جاریش دەمەوێ گەرموگوڕی کۆمەڵگەی کوردی لە خاکی سویددا بڕوێنم.. نابێ. نە ئەمەیان دەبێ نە ئەوەیان. شارستانەتی پاکەتێکە و چاک و خراپی لێک دانابڕێن. یاسای بەردباران و قامچی وەشاندن و دیموکراسییان نەگوتووە! دیموکراسی و فرتوفێڵی هەڵبژاردنیان نەگوتووە. لە سوید کەس هەوڵ نادات دەنگی مردوو بخاتە سندووقی دەنگدانەوە. خەریکە بەو ئەنجامە بگەم بڵێم: دیموکراسی لە شیرییەوەیە و لە دەممان نەندراوە. دیموکراسی ئەو بووکەڵەیەیە بە دەستی منداڵی کوردەوە دوای پێنج خولەک، لاقی لە جێیەک دەکەوێ و سەری لە جێیەکی تر و ئەگەر منداڵێکی سویدی ئەو دیمەنە ببینێ، ڕەنگە بڵێ: ئەی لەو بووکەڵە بەستەزمانە! بزانە چی لێ کراوە! منداڵی سویدیم دیوە بە دیار کرمبڕەیەکەوە دانیشتووە و گەڵای بۆ ڕاگرتووە تا بیخوا. فیلمی گەنجی کوردیشم دیوە کەریان لە پردێکەوە هەوا داوەتە ڕووبارەوە!
كاكێشان: خەمی نیشتمان و ژیان لە ناو سێ نەتەوەدا (كورد، توركمان و عارەب) لە كەركووك چەندە كاریگەری هەبووە لە سەر زمان و وەرگێڕانەكانی ئێوە؟
حەكیم كاكەوەیس: ئەم پرسیارە بابەتێکی زۆر هەستیار دەورووژێنێ. من وەک کەرکووکییەک، بەرانبەر تورکمان هەرگیز هیچ هەستێکی نامۆییم نەبووە چونکە هەستم کردووە وەک من کەرکووکین. ئەگەر تورکمانێکی کەرکووک جنێوم پێ بدا، لەوە پێم خۆشترە عارەبی تەعریب سڵاوم لێ بکا. عارەبی تەعریب، بە بەر چاومەوە بۆ داگیرکردن و کوشتن هاتوون، بەڵام تورکمان کەرکووکین! من هەرگیز ئاشنایەتیم لەگەڵ عارەبی کەرکووکدا نەبووە، بەڵام دۆست و هاوڕێی تورکمانم زۆر هەبووە. لەبەر ئەوەی خوێندن لە کەرکووک عارەبی بووە، زۆر جار کورد و تورکمانیش پێکەوە بە عارەبی دواوون. ئێمەی کورد لە کەرکووک، حەمباڵ و گسکدەر و خزمەکاری تەعریبچییەکان بووین و شارەکەمان بۆ داگیرکەر خاوێن کردۆتەوە. ڕێبازی کورد و تورکمان لە کەرکووکدا جیاواز بووە... تورکمان بە خۆگونجاندن بە هیواوە ژیاون و کورد لە سەر مێزی گفتوگۆی سەرکردەکانمان و بەرەی داگیەکەر بڕیاری بە سەردا دراوە. ئێستا، وا پێ ناچێ سەرکردەی کورد لە خەمی کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی تردا بن و پێویستە کوردی کەرکووک بیر بکەنەوە: دەبێ بە دەستی خۆیان سەری خۆیان بخورێنن! گومانی ئەوەشم هەیە ئەو هەرایەی بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی بەرپا دەکرێ، مەسەلەی لێفەکەی مەلا بێ و کۆنگرەی نەتەوەیی دارێ بە ڕۆحی نەتەوەی کورددا بدا و بڕیاری مێژوویی خۆی بدا کە کەرکووک لە دەرەوەی کوردستانە. ئەو کۆنگرە نەتەوەییە بۆ خنکاندنی نەتەوە و نەتەوایەتی کوردە و لە بن خێوەتی عەشرەتدا و بە دەست بەپشتدانی تورکیا ئەنجام دەدرێ!
کورد و تورکمان، هەر کە چاویان کردۆتەوە، ئاشنایەتییان لەگڵ زمانی یەکتردا پەیدا کردووە و بە سێ زمان دواون. ئەگەر باس باسی زمانزانین بێ، من بەوە ناڵێم زمانزانین بەڵکو ڕێخۆشکەر بووە بۆ فێربوون. بە داخەوە لە تەممووزی ١٩٥٩وە کورد بوو بەو گورگەی کە یوسفی تورکمانی خوارد و نە گورگ یوسفی خوارد و نە یوسفیش ئاوها خورا کە بە زۆر پەسترایە ناو لاپەڕەکانی مێژووەوە.
كاكێشان: ئێوە لە لای دێ (حەسار) گەورە بوون. ئاخاوتنی لادێ جیاوازی تایبەتی لەگەڵ شێوە ئاخاوتنی شار هەیە. دەتوانین بێژین زمانی لادێیەكان لە كوردستان كەمتر شێواون و هەست دەكرێ پاراوترن. ئەم تایبەتمەندییە چەندە یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی بە كوردییەكی پەتی بنووسی و كاری وەرگێڕان بكەی؟
حەكیم كاكەوەیس: هەر کەرەسەیەک لە شار دەستی یەکەم بێ و لە لادێ ببێتە دەستی دووەم، زمان بە پێچەوانەوە، لە لادێ دەستی یەکەمە و لە شاریش دەبێتە دەستی دووەم. بەوەش لە شار، تا ڕادەیەک ڕەسەنایەتییەکەی کەم دەبێتەوە. ڕەنگە ئەمە بۆ هەندێ زمان شتێکی ڕووکەشانە و نەلواو بێ بەڵام بۆ کوردی، کە کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییە و هیچیشیان پیشە شار نین، دیاردەیەکەی سادە و ئاساییە. زۆر ئاساییە منداڵی شار بە بەرخ بڵێن بەچکەمەڕ و لە لادێشدا، بەرخ لە هەر تەمەنێکدا ناوێکی هەیە! بەڵام شتێ لە لادێدا نییە ناوی بەچکەمەڕ بێ. ئەگەر کوردستان ببێتە وڵاتێکی پیشەسازی، ئەوجا ئەو وشە و زاراوانەی لە زمانەکانی ترەوە دێنە ناو کوردییەوە، لە شارەوە بۆ گوند دەگوازرێنەوە... ڕەنگە چۆن زاراوەی گوند بە سەقەتی بۆ شار دەگوازرێنەوە، ئەوانەش ئاوها بە سەقەتی لە شارەوە بچنە گوند! ڕووبەڕوو، لە شار "بەرامبەر"ە و لە گوند "بەرانبەر"ە. ئەم زاراوەیە گوندییە و لە شار شێواوە. لە گونددا، دەگوترا "بەرکە بەملاوە!" واتە ڕوو بکە بەملاوە! زاراوەکە ڕەگ و ڕیشە و واتا و پێناسەی دیارن بەڵام لە شار هیچ یەکێ لەوانەی نییە و کەس بیر لەوە ناکاتەوە لە کوێوە هاتووە!
لە کاتی وەرگێڕاندا، کوردیزانی گوند یەکسەر پێوەی دیارە لە هەر جێیەک باس باسی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و دارودرەخت و سروشت و ئاڕاستە و کاتی (با)یەکان بێ، زاڵە و زمان لە دەستیدا دەبێتە هەویری گوێڕایەڵ، بەڵام کە دێتە سەر باسی پیشەسازی، دەکەوێتە تاسەکردن و وشەخواستنەوە و داتاشینی زاراوە! من دیتوومە "زاین" بۆ سەگ و گورگ بەکار هێندراوە. یەکسەر دیارە خاوەنی ئەو زاراوەیە شارنشینە چونکە لە گوند کەس "زاین" بۆ ئەو گیاندارانە بەکار ناهێنێ و ڕەنگە نەشزانێ بەکاری بێنێ. گورگ و سەگ و بەراز و پشیلە... نازێن، بەڵکە دەتەرەکێن. واتە ژمارەیەکی زۆر بەچکەیان بە زگێک دەبێ.
دەبینین شاعیری گەورەی شارنشینی کوردمان هەن بەڵام ئەوانە هەرگیز پەیوەندییان بە گوندەوە نەپساوە و لە ژێر کاریگەری گونددا بوونە، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە شارستانەتییەکە وەک تانەی بان چاو بە سەریەوە دیارە. هەرچی کەڵەنووسەری کوردە و لە ڕووی زمانەوە هەڵکەوتووە، پێم شک نایێ یەکێکیان لە بنەماوە شاری بووبێ. ئەمە ئەوە ناگەیەنێ ئیتر زمانی شار بە کەڵکی هیچ نایێ و دەبێ پشتگوێ بخرێ... شار هەناوێکە وشە و زاراوەی زانستی و تەکنیکی و پیشەسازی لێ دەکەوێتەوە و ئەگەر شارەکانی ئێمە لەو ڕووەوە کەموکورتییان هەبێ، بۆ بارودۆخی سیاسی دەگەڕێتەوە و مەودای نەبووە بە بێ کۆت و زنجیر گەشە بکەن. ئەو بێمەوداییە وای کردووە زاراوەی ناهەمواری بێگانە، بە بێ ئەوەی پەکمان لە سەریان کەوتبێ بێنە ناو زمانەکەمانەوە... وەرە لە شارێکی گەورەوگراندا ناوی دوو دوکان نەبینی هەڵەی تێدا نەبێ!! تەماشای هەر ڕۆژانامەیەک دەکەیت هەڵە لە مانشێتیشیدا هەبێ!!.  "مریشکی زیندووی سوورەوەکراو"! لە بەردەم چێشتخانەیەکدا هەڵواسرابوو! بیهێنە بەر چاوی خۆت: مریشکێکی زندوو سوور کراوەتەوە!!
نازانم وشەی گوند و دێ و ئاوایی عەیبیان چییە وا (سیتی)یان لە جێ دادەنێن! بە لای منەوە ئەوە بێڕێزیکردنە بە زمان، ئیتر پێ بزانن یا نەزانن. بەڵام ئەگەر پەرلەمانەکەمان بڕیار و یاسا بە عارەبی دەربکا و دوایی بە سەقەتی بیکاتە کوردی، ئیتر گلەیی چی لە مریشکفرۆشێکی بازاڕ بکەین و مانشێتی ڕۆژنامە بۆچی هەڵە نەبێ. هەرچی میللەت هەیە، خواخوایانە وشە و زاراوەیان زۆر بێ، کەچی ئێمە بە پێچەوانەوە: من لە نووسینێکدا وشەی (زگ)م بەکار هێناوە، کەچی وەک ئەوەی وشەیەکی بێگانە بێ، گۆڕیویانە و کردوویانە بە (سک). ئێ نابێ هاردووکیان هەبن؟! وشەی قەتار لە گوندەکاندا کوردییەکی ڕەسەنە و فڕی بە عارەبییەوە نییە، بەڵام لە شار یا دەیکەن بە قیتار کە شێوێندراوە یا دەیکەن بە شەمەنەفەر کە فەرەنسییە. لە شار، مەودای ئەوە نییە بیر لە قەتاری کاروان یا قەتارەبەستنی قوڵینگ بکرێتەوە و ئەوەش پەیوەندی بە (قاطرە و مقطورە)ی عارەبەوە نییە.
كاكێشان: زۆر دیارە و بەرچاوە كە نووسین، وەرگێڕان و زمانی ئێوە لە ژێر كاریگەریی زمان و بیركردنەوەی مامۆستا مەسعود محەمەد دایە. هۆكاری ئەمە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
حەكیم كاكەوەیس: سەیر ئەوەیە لە نووسینی عارەبیشدا هەوڵ دەدەم داڕشتنی وەک ئەوم هەبێ، کە قەت نابێ!! ڕاستە کاریگەری ئەو زاتەم زۆر بە سەرەوەیە، جا لە ڕووی زمانەوە بێ یا فکر. نهێنی فکری ئەو پیاوە لە ڕاستگۆییدایە.. بۆ ڕاگرتنی دڵی کەس لە ڕاستگۆیی لاینەداوە. پێم وایە هەرچییەکی گوتبێ و بە دڵت نەبێ، ڕۆژێ لە ڕۆژان بە دڵت دەبێ. ئەمە کەم نییە! زمانی مەسعوود محەمەد زمانی شار نییە، بەڵام شار بۆ زمانەکەی بۆتە پشت. گوندییەکی شارستانی لە زمانەکەی خولقاوە. خۆ هەزارانی وەک من بەرهەمی ئەو زاتەیان خوێندۆتەوە بەڵام بەو ئەندازەیە نەکوتوونەتە ژێر کاریگەرییەوە. ئەمە، ئەوە دەگەیەنێ کە تۆوێک لە ناخمدا هەبووە بۆ ئەوە ئامادە بووە لەو خاکەدا بڕوێ و گەشە بکا. لە سەردەمێکدا ئاشنایەتیم لەگەڵ فکری مەسعوود محەمەددا پەیدا کرد کە جگە لە چەپایەتی هەموو فکرێک لە قەیراندا بوو. ئێستا دەبینین ئەو بە تەنها ڕاستی کرد و لەشکری قەڵەمی چەپی ئەو سەردەمە هەڵە بوون. هەمیشە لە ناو ئەو لەشکرەدا هەستم بە نامۆیی کردووە و فکری ئەو زاتە، بە هانامەوە هاتووە و وای کردووە هەست بکەم بە تەنها نیم.
مەسعوود محەمەد زۆر لە ژێر کاریگەری جەنابی مەلای گەورەدا بوو. تا ئاستێک، خۆی بەرانبەری بە بچووک زانیوە. پێم وابێ ئەوەی لێ ببوو بە گرێ و تاکە گرێشی بوو. ڕەنگە ئەگەر ئەو کاریگەرییە نەبوایە، مامۆستا مەسعوود محەمەدیش جۆرێکی تر بوایە... نازانم چۆن دەبوو، بەڵام پێم وابێ جۆرێکی تر دەبوو.
كاكێشان: ئەگەر هەڵە نەبم چوار كتێبی "مامۆستا مەسعود محەمەد"تان لە عارەبییەوە كردوە بە كوردی. ئەمەش لە كاتێكدایە كە دەوترێ زمانەكەی (عەرەبییەكەی) زۆر بەهێزە و تەنانەت بۆ خۆشی وتوویەتی "ئەو عەرەبییەی كە ئەو نووسیویەتی، بۆ خۆشی ناتوانێ بیكاتەوە كوردی". تۆ چۆن وێرات خۆت لە وەرگێڕانی ئەو بەرهەمانەی مامۆستا مەسعود محەمەد بدەی و پێت وایە چەندە سەركەتوو بووی؟
حەكیم كاكەوەیس: ئەگەر خوا تەمەنێکی ترم بداتێ، جارێکی تر ئەو کتێبانە دەکەمەوە بە کوردی چونکە وەک لە وەرگێڕانی بەرهەمی تردا ئاسوودەم، لە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی مامۆستا مەسعوود محەمەد ئاسوودە نیم و لە پێشەکی وەرگێڕانێکیشدا ئەوەم دەربڕیوە، وێرام خۆم لە قەرەیان بدەم چونکە پێم وابوو کلیلی داڕشتنی ئەو زاتەم دۆزییەوە. نەمدۆزیوەتەوە؟! من خۆم لە نامەیەکدا کە بۆ مامۆستا مەسعوود محەمەدم نووسیبوو، گوتوومە: ئەو بەرهەمانە بە خۆشت ناکرێنە کوردی. لە ڕاستیدا بە کەس ناکرێنە کوردی چونکە نەخشی فەرشن و دەستکاریکردنی نەخشەکە فەرشەکە تێکدەدا یا نایهێڵێ. بەڵام کاکە با هەوڵ بدەین لە بری وەرگێڕان ناوێکی تری لێ بنێین! ئەو بەرهەمانە پڕن لە زانیاری و حیکمەت... پڕن لە فکر. ئەی چۆن سوودیان لێ ببینین!
باوەڕ بفەرموو هەر لە حەفتاکاندا هەوڵم دەدا (اعادة التوازن...) بکەمە کوردی. بەڵام قورس بوو. زۆر هەوڵم دا تا لە ئەنجامدا یەک دوو کورتەگوتارم کردە کوردی و لە گۆڤاری ڕاماندا بڵاو کرانەوە. چاوەڕوان بووم شاربەدەر بکرێم بەڵام کەس قسەی نەکرد... هەندێ بە شانوباڵی وەرگێڕانەکەشدا گوترا. دوای ئەوە نەختێ ترسم شکا و کەوتمە وێزەی (لسان الکرد) و کردم بە کوردی! ڕەنگە ئەگەر ئینتەرنێت نەبوایە، کارەکەم پێ ئەنجام نەدرابا چونکە زۆر زاراوە و داڕشتن هەن لە قامووسەکاندا نین بەڵام لە ئینتەرنێتدا دەست دەکەون.
ئێستا ئەو کتێبانەی مامۆستا مەسعوود کە من کردوومن بە کوردی، دەبن بە شەش. کەسیش کاردانەوەی نەبوو. من هەوڵم داوە کوردییەکەم لە ئاستی عارەبییەکەی ئەو بێ، بەڵام نازانم توانیومە یان نا... با ئەوەش بڵێم کە دێڕ بە دێڕی ئەو وەرگێڕانانە، دوو کەس پێیاندا دەچنەوە. کاک ئاسۆس شەفیق و کاک کاروان عارف. ئەو دوو بەڕێزە زۆر هەڵەیان بۆ ڕاست کردوومەتەوە.
كاكێشان: جیاوازی وەرگێڕانی بەرهەمەكانی مامۆستا مەسعود محەمەد لەگەڵ ئەو بەرهەمانەی دیكە كە وەرتگێڕاونەتەوە سەر زمانی كوردی، لە ڕووی زمان، ناوەورۆك، فۆرم و... هتدەوە لە چی دایە؟
حەكیم كاكەوەیس: ناوەڕۆک ئەوە هیچ زۆر جیاوازن و بابەتێ مەسعوود محەممەد نووسیبێتی شتێکە و ڕۆمانەکان شتێکی ترن. لە ڕووی زمانیشەوە وەرگێڕانێک لە عارەبییەوە بێ زۆر قورسترە لەوەی لە سویدییەوە بێ، جا وەرە ئەو عارەبییەی مامۆستا نەسعوود بێ!. ئێستا عارەبی نەختێ لە جاران نەرمتر دێتە دەستمەوە، بەڵام پێشتر زۆر زەحمەت بوو. داڕشتنی ڕستەی عارەبی هەندێ جار ئاڕاستەی لەگەڵ کوردیدا پێچەوانە دەبێتەوە و ناچار دەبێ کۆتایی ڕستە بخەیتە سەرەتاوە.

كاكێشان: ئەگەر ئاگادار بی، بۆ مامۆستا مەسعود محەمەد ئەو بەرهەمانەی بە زمانی عەرەبی نووسیوە؟ باشتر نەبووە كە هەر لە سەرەتاوە وەك خزمەتەكانی دیكە بە زمانی و هزری كوردی، بە جێ ئەوەی بە زمانێكی بە هێز بۆ عارەبی بنووسێ و خزمەتی زمانی عارەبی بكا، ئەمەشی بە خەرمانی خزمەتەكانی بە زمان و هزری كوردی زیاد كردبایە و ئەوانەشی هەر بە كوردی ئافراندبایە؟
حەكیم كاكەوەیس: وەک سەرنجم داوە مامۆستا مەسعوود محەمەد لە هەندێ شوێندا کە ڕووی دەمی، بۆ نموونە لە گورباشۆڤە یا باسی ستالین دەکا، مەبەستی سەددام بووە. کە باسی دڕندەیی ستالینی کردووە، ڕێک باسی ڕەفتارەکانی سەددامی کردووە. تا لە خوێندنەوەی یەکێ لەو بەرهەمانە دەبیتەوە، چەندین جار سەددام  و هاوڕەفتارەکانی سەددامت بیر دەکەوێتەوە. لە هەموو نووسینە عاربییەکانیدا هەوڵی داوە عارەب تێبگەیەنێ کە کورد میللەتێکی غەدرلێکراوە و بە لاوازی ناتوانێ ئەرکی برایەتی بەجێ بگەیەنێ. کتێبی "لسان الکرد" ئەگەر هی ئەو نەبوایە، باوەڕ ناکەم ڕێی بڵاوبوونەوەی بدرابا.
نەخێر، پێم وایە ئەو نووسینانە پێویست بوو بە عارەبی بن ئەگەرچی عارەبی دەسەڵاتدار هەر هێندەی دیوارێک لەو بابەتە باسانە دەبیستن. مامۆستا مەسعوود محەمەد لە زمانی کوردیشدا خزمەتی زۆری کردووە و ئەوەندەی هەیە، هێشتا تەواومان نەکردووە. بۆ کەسێ بیەوێ کوردییەکی پاراو بنووسێ، هەر بۆ مەبەستی ڕستەبەندیش بێ، پێویستە گوڵزارەکەی نالی بخوێنێتەوە. جا کام بەرهەمی، هیچ نەبێ لە ڕووی زمانەوە سوودبەخش نییە و خزمەتی گەورەی نەکردووە؟! من پێم وایە ئەگەر کوردییەکی ئاوها پاراوی نەزانیبا، زەحمەت بوو عارەبییەکی پاراویش بزانێ.
من ناڵێم خۆزگە ئەوانەی بە عارەبی نووسراون بە کوردی دەینووسین، بەڵام دەڵێم خۆزگە فریای نووسینی چەند بەرهەمێکی تریش بکەوتبا و بەو دوادواییە بە دڵی شکاوەوە ماڵاوایی نەکردبا.

كاكێشان: لێرەوە حەزدەكەم بچینە ناو چەند پرسیاری دیكە سەبارەت بەو كوردانە كە خزمەتی كولتوور و زمان و وەرگێڕان و...هتدی نەتەوە سەردەستەكانی كوردیان كردوە. وەكوو مێژنووس و سیاسەتوان "ئەمین زەكی بەگ"، "تۆفێق وەهبی"، "محەمەد قازی"، ئیبراهیم یونسی" و... ئەمانە هەر چەند لە رووی كەسایەتییەوە گەورەن، بەڵام خزمەتی فارس و عەرەبیان كردوە. رات بەرامبەر كارەكانیان چییە؟
حەكیم كاكەوەیس: دەڵێن "گۆران"ی شاعیری گەورە بە زەهاوی گوتووە: تۆ بۆچی بە کوردی شیعر نانووسیت؟ ئەویش لە وەڵامدا پێی گوتووە: بۆ کوردم بنووسیبا سووکایەتییان پێ دەکردم بەڵام عارەب ڕێزم دەگرن. ڕەنگە هەم قسەکە ڕاست بێ هەم بۆچوونەکەی زەهاوی، بەڵام کورد نابێ بەوە کۆڵ بدا. یەشار کەمال ئێستا ناوێکی جیهانییە بەڵام هەر وەک نووسەرێکی تورک ناسراوە. ڕەنگە خۆی بەو ناوبانگە حەسابێتەوە بەڵام بە ئێمە چی! جگە لەوەش، یەشار کەمال کەرەسەی کورد نەماوە نەیکاتە هی تورک. ئەویش وەک گۆرانیبێژەکان، ماڵی خۆی بۆ تورکەکان تاڵان دەکا. من بە ڕاستی لەم مەسەلەیەدا نەختێ توندم و خۆشم بە ڕاست دەزانم. ئەو زاتانەی باست کردوون، منەوەری سەردەمی خۆیان بوون و زۆر خراپ هاتنە دەست. عیراق و لەشکری عیراقیان دامەزراند و دەشیانزانی کورد دەبێتە بندەستە! نووسینەکانی ئەمین زەکی بەگ ئەو هەڵەیە پاک ناکەنەوە. زمانزانینی تۆفیق وەهبی ئەو هەڵوێستەی پاک ناکاتەوە. ڕاشکاوانە دەڵێم کە ئەوان کاری خراپیان کرد بەڵا ئەو بیانووەشم لە بیرە کە دەبێ هەیانبووبێ...
ئەوان لە دروستکردنی عیراق و لوشکری عیراقدا غەدریان لە کورد کرد، بەڵام دوای ڕووخانی بەعس هەمان هەڵە، بە شێوەیەکی زۆر خراپتر دووبارە کرایەوە. ئەوان تاقیکردنەوەی پێشتریان نەبوو و وەک ئەفسەری لەشکری عوسمانی تێکشکابوون و چاوەخواری بەریتانیای براوەی جەنگ بوون، خۆ ئەوانەی ٢٠٠٣ لایەنی سەرکەوتوو بوون و چاوەخواری کەس نەبوون و تاقیکردنەوەیان ئەوانیشیان لە بەردەست بوو. ئەوەندەی من بزانم جگە لە ڕەفیق حیلمی و پیرەمێرد، هەموو ئاوانی تر بەشدارییان لەو کارەساتانەدا کرد کە بە سەر کورددا هاتن. هەموو مەسەلەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەستی نەتەوایەتی لای ئەو منەوەرانە یا نەبووە یا زۆر لاواز بووە. ڕێک وەک ئەو بێهەستییەی کە لە ٢٠٠٣دا لە ناو سەرکردەکانی کورددا هەبوو و گەیشتە ئەوەی بەشێکی نیشتیمانیان خستە قوڕگی ئەژدیهای ٢٤٩ەوە.
كاكێشان: "محەمەد قازی" كە وەرگێڕێكی گەورەیە و دەیان كتێبی كردووەتە فارسی و قەڵەمێكی دیارە، دەێژێ من وەك مامۆستا "هەژار"م پێ نەدەكرا و نەمدەتوانی ئەو دەربەدەری و ئاوارەییە بكێشم بۆیە رووم كردە وەرگێڕانی فارسی. ئایا ئەمە پاساوێكی گونجاوە؟
حەكیم كاكەوەیس: کاکە ئەوەندە بەسە بڵێین مامۆستا محەمەدی قازی وەرگێڕێکی فارسییە و خزمەتی زمانی فارسی کردووە! کورد لە چاوقایمی خۆی نەبێ چ سوودێ لە وەرگێڕانەکانی ئەو زاتە دەبینێ؟ لە دنیای کتێبی کوردیدا هەژار ناوێکی گەورەیە بەڵام محەمەدی قازی بۆ کتێبخانەی کوردی کێیە؟ خۆ نووسەری ترمان هەیە بە زمانی بێگانە نووسیویانە بەڵام باسی نەتەوە و نیشتیمانی خۆیانیان بۆ بێگانە کردووە تا کاریگەرییەکیان بە سەریانەوە هەبێ. محەمەدی قازی و یەشار کەمال و بڵند حەیدەری و زۆری تر ئەوەیان نەکردووە. ئەمڕۆ سەلیم بەرەکات لە ئەدەبی عارەبیدا ناوێکی دیارە و ئاستێکی زۆر باڵای لە زمانی عارەبیدا هەیە و جاروبار، ئەویش وەک یەشار کەمال کەشوهەوای کوردی دەکاتە بابەتی ڕۆمانەکانی، بەڵام لە ژێر کاریگەری ڕۆشنبیری و کەلەپووری عارەبیدایە و پێ دەچێ لە ناو کورددا هەست بە نامۆیی بکا.
كاكێشان: "ئیبراهیم یونسی" كە چەندین كتێبی بە نرخی لەمەڕ كێشەی كورد وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی فارسی دەێژێ: "من بە زمانی فارسی خزمەتی كوردم كردوە". ئەم پاساوەی چەندە لە جێ خۆیدایە و ئایا باشتر نەبوو لە باتی خزمەت كردن و دەوڵەمەند كردنی زمانی فارسی، ئەو خزمەتەی بە دەوڵەمەندتر كردنی زمانی كوردی كردبایە؟
حەكیم كاكەوەیس: ڕەنگە بەوەی کوردی بە فارس ناساندووە (!!) کارێکی باشی کردبێ. بەڵام ئەگەر بەرهەمی کوردی بکاتە فارسی ڕەنگە باشتر بێ. ئایە فارسەکان ڕێی کاری وا دەدەن؟ هەندێ لە شیعرەکانی عەبدوڵا پەشێو کراونەتە فارسی بەڵام ئەوانەی تەعبیر لە باوەڕی سیاسی خۆی دەکەن، بە فارسی قەبووڵ دەکرێن؟ من پێم باشە هەموو میللەتە سەردەستەکان بە ڕوونیی لە کورد بگەن و شیعرەکانی پەشێویش ڕەنگە ناسنامەی چاک بن ئەگەر بە فارسی بخوێندرێنەوە.
كاكێشان: "سیسلی جی ئەدمۆنز" دەێژی كورد ئەگەر بیخەیتە خزمەتی بێگانە باش كار دەكا، بەڵام ناتوانێ بەوشێوە خزمەتی خۆی بكا. ئایا كارەكانی "ئەمین زەكی بەگ"، "تۆفێق وەهبی"، "محەمەد قازی"، ئیبراهیم یونسی" و ئەوانەی وەك ئەوان كە خزمەتی نەتەوە سەردەستەكانی كوردیان كردوە ، دەتوانین لە چوارچێوەی ئەم بۆچوونەی ئەدمۆزدا بگونجێنین و راڤەیان بكەین؟
حەكیم كاكەوەیس: ئەدمۆنز باشی ناسیوین... ئەو زاتانەی ناوت هێناون، لە دروستکردنی عیراقدا ئەندازیار و باشوەستا بوون بەڵام بۆ کورد عەمەلەش نەبوون. بۆ ئەوەی باسی ئەو لایەنەیان نەکەین باسی کتێب و نووسینەکانیان دەکەین! ئەوانە لەگەڵ لەشکری تورکدا شکستیان خواردبوو و باریان خوار بوو بۆیە چی ئینگلیزی براوەی جەنگ بیویستبا وایان دەکرد. لەو منەوەرانەی ئەو دەمە، ئەوەندەی من بزانم، ڕەفیق حیلمی و پیرەمێرد ڕیزپەڕن. ئەم دوو زاتە، ئەگەر نەشیانتوانیبێ لە ڕووی سیاسییەوە شتێ بۆ کورد بکەن، نەشبوونە ئەندازیاری دروستکردنی عیراق و لەشکرەکەی.
كاكێشان: پێت وایە عارەبەكان و فارسەكان قەدری خزمەتی ئەو كەسانە بزانن؟ بۆ تا ئێستا نەمانبینیوە كە فارسەكان یادی محەمەد قازی و ئیبراهیم یونسی بكەنەوە، یان عارەبەكان یادی ئەمین زەكی بەگ و تۆقێق وەهبی و... بكەنەوە؟
حەكیم كاكەوەیس: تۆ بڵێی کەس هەبێ لەوەوە وانەیەکە فێر بێ کە ئەوان خۆشیان لە سەلاحددینی کوردەوە هیچ فێر نەبوون؟ من یەک دوو جار تاها جەزراوی بەعسیم بە نموونە هێناوەتەوە: مەگەر سەددام ئەوەندەی ئەو بەعسی بووبێ، کەچی کە ئیعدام کرا کەس باسی ناکا... نە کورد خۆی بە خاوەنی دەکا نە عارەب. کورد وەک خیانەتکارێک لێی دەڕوانێ و عارەبیش وەک کوردێک و لەو نێوانەدا بزر بوو! ئاخر بێگانە پەرستی، بە تایبەتی لەو ناوچەیەی ئێمەدا هەر ئەوە ئەنجامێتی.
كاكێشان: بەڕێزتان كە ساڵانێك سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕان و كۆمەڵێك بەرهەمتان چاپ و بڵابووەتەوە، خوێنەر و بازاڕی بەرهەمەكانت چۆن بووە؟ لەم بارەوە رازیت یان نا؟
حەكیم كاكەوەیس: باوەڕ بفەرموو نازانم... نازانم بەرهەمم زۆر دەخوێندرێنەوە یا کەم یا هەر ناخوێندرێنەوە. من لە ڕووی نەتەوایەتییەوە ویژدانم ئاسوودە دەکەم. چۆن دەکەوێتەوە یا ناکەوێتەوە، ئەوە لای من نییە. ئەوە دەزانم گەنجی کورد تالبی شتی ترن نەک ئەم سەرهێشانەی من باسیان دەکەم! بەڵام بێهیواش نیم و لەو باوەڕەدا ئەم شەپۆلە فکرییەی ئێستاش، وەک شەپۆلە چەپایەتییەکە دەڕەوێتەوە و کورد ناچار دەبێ بە خۆیدا بچێتەوە و ئەو کۆت و زنجیرە تووڕ بدا کە هۆشی خۆی پێ شەتەک داوە.
كاكێشان: ئێستا لە بواری وەرگێڕان و نووسین لە كوردستان كۆمەڵێك قەڵەمی نوێ دەبینرێ، بەرهەمەكانی ئەوانە چۆن دەبینی و ئەگەر بەراوەردی بكەی لەگەڵ رابردوو خاڵە بەهێز و لاوازەكانیان كامانەن؟
حەكیم كاكەوەیس: ئەوەی فریای خوێندنەوەی کەوتوومە، هەمەجۆرن. خاڵی بەهێزی نووسەرە گەنجەکان نەترسانە. ئەوان دێوی بەعسیان بە دیارەوە نییە، ئەگەرچی ئاسمانیشیان تەواو بێ هەور نییە! نووسەرە بەتەمەنەکان، هەندێ جار تارمایی بەعس دێتە خەویان. بەڵام زۆریان، بە داخەوە گرنگی بە زمان نادەن کە تاکە ڕوکنی مسۆگەری نەتەوەییمانە کە نەختێ بە سەلامەتی دەرچووبێ. گەنجەکان، لە پشت پەردەی نائاگاییەوە هەستێکیان لە دەست داوە کە ئەوانەی پێش خۆیان ماویانە: هەستی کوردستانیبوونی ئەو گەرمیانەی ئێستا داگیر کراوە. هەندێ لەو گەنجانە، بێئاگاییانە لەو بابەتەدا غافڵگیر دەبن! بۆ نموونە، کە لە دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبەکانەوە گوێمان لێ دەبێ دەڵێن: هەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستان، من لە جێی خۆم ڕادەپەڕم و جنێو دەدەم. بەڵام گەنجەکان هەستی پێ ناکەن تا ڕاپەڕن یا جنێو بدەن یا کاردانەوەیەکیان هەبێ. کار وا بڕوا، دۆڕاندنی ئەو ناوچانە دەبێتە شتێکی ئاسایی... هەر کەسێک ئەمەی قەبووڵ بێ، کەسێ بە خۆی بڵێ نووسەر و کورد، بە هیچ جۆرێ نابێ قەبووڵی بێ.
كاكێشان: وەك دوا پرسیار چ پێشنیار و سەرنجێك هەیە بۆ چاك كردنی دۆخی زمان و وەرگێڕان لە كوردستان؟
حەكیم كاكەوەیس: بە کورتییەکەی، پێم باشە هەر گۆڤارێک و هەر ڕۆژنامەیەک، کۆمیتەیەکی تایبەتی بۆ چاودێری زمان هەبێ و ئەگەر ناوی سانسۆری زمانەوانیش بێ من قەبووڵمە... کێشە نییە ئەگەر ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە لە کۆمیتەی تری هاوشێوەدا کار بکەن. ئەمانە ئەرکیان ئەوە بێ ڕاوی وشەی ناهەموار و ڕستەی خراپداڕێژراو بکەن و ڕاستیان بکەنەوە. پێم باشە کۆمیتەی وا نەک هەر بۆ گۆڤار و ڕۆژنامە، بەڵکو بۆ کتێبیش هەبێ و بە بێ پرسی ئەوانە و ئیمزایان هیچ بڵاو نەکرێتەوە... ئەوە خزمەتێکی گەورە دەکا با نەختێ بە "سانسۆر"یش بچێ یا با ناوی سانسۆری زمانیش بێ!


Inga kommentarer:

Skicka en kommentar