tisdag 25 mars 2014

دیسان بەغدا تێنووی خوێنە



مێژووی بەغدا، واتە مێژووی خوێن و کۆمەڵکوژی و دەستخەڕۆیی... پێویستە کورد ئاگادار بن کە ئەو قسەیەی مالکی (خوێن بە خوێن) دەنکە شقارتەیەکە بۆ ئاگرێکی گەورە... ئەمجارە، کۆمەڵکوژی تەنها لە بەغدا ناکرێ، بەڵکو دەگاتە هەموو بستێکی کوردستانیش کە دەستیان پێی بگا. ئەوەشی پێی وایە ئەو سەردەمانە بەسەر چوونە، شوانێکە و هاوکاری گورگە... دەستی شارستانەتی ناگاتە بەغدایەک ئەوە مێژووەکەی بێ. ئەو عارەبانەی ئێستا وەک لێقەوماو لەناوماندان یا خەریکی کاسبین، چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەن تا دەستی خۆیان بوەشێنن... مێژوو بۆ خۆی دووبارە دەبێتەوە و ئێمەش چ وانەیەک فێر نهابین. ئەبوو موسلیمی خوراسانی عەباسییەکانی هێنایە سەر دەسەڵات کەچی بە فێڵ کوشتیان، ئیتر بۆ مالکی، کە کورد گەیاندییە ئەو پلە و پایەیە، تاڵەبانی و بارزانی نەکوژێ؟ هیوادارم سەرانی کورد لە خەو ڕابن.
1)  لە سەردەمی عەباسییەکاندا خەڵکی بەغدا کەوتنە ناو بەرمەکییەکان و لە ماوەیەکی کەمدا دوایان بڕینەوە، لە کاتێکدا ژنێکی بەرمەکی بە شیری خۆی هارون ڕەشیدی بەخێو کردبوو و بەرمەکییەکان کاروباری دەوڵەتیان بەڕێوە دەبرد... وەک ئێستای کورد.
2)  لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و هەر لە بەغدا، کەوتنە گیانی مەمالیک، کە خۆیان لە جۆرجیا و داغستانەوە هێنابوویانن و ئەوانیش لە ڕەگەوە قڕ کران.
3)  جوولەکەکانی بەغدا کە دیارە لە سەردەمی بابلییەکانەوە لەو ناوچانە ژیابوون، ساڵی ١٩٤١دا کۆمەڵکوژ کران و تاڵان کران و ئەوانەی مانەوە، دەرباز بوون و بوون بە بناغەی دەوڵەتی ئیسرائیل. جوولەکەکان ئەو ساڵەیان ناو ناوە "فەرهوودەکە". ئەو جوولەکەیەی مایەوە، لە سەردەمی بەعسدا بە تۆمەتی جاسووسی لە سێدارە دران.

4)  دوو جار کوردی فەیلی لە بەغدا قڕ کران، یەکەمیان ئەو کاتە بوو بەغدا و کورد، وەک ئێستا لە گفتوگۆدا بوون و جاری دووەمیش لە دەوروبەری ئەنفالەکاندا.

söndag 2 mars 2014

ڕێکەوتننامەی حوزەیران، لە نێوان مام حەسەن و عارەبێکدا...

دوێنێ باسی ساڵی ١٩٦٣مان دەکرد: گفتوگۆی شۆڕش و بەعسی ١٩٦٣ لە حوزەیراندا کۆتایی هاتبوو. پێشمەرگە، کە پێشتر لە ناوچەکەماندا بە بەر چاوانەوە بوون، بەرەو شوێنە عاسییەکان کشابوونەوە. عارەبی جبوور و عوبێد و ئەلبوڕەیاش و سەد تەڕەماشی تر بۆ تاڵان هاتبوونە ناوچەکەمان. هەرچییەکیان دەستکەوتبا دەیانبرد. من خۆم گسک و گڵۆڵە بەن و دەسترازم بە دەستیانەوە دیوە.
عارەبێکی شەل، بە تفەنگێکی پۆڵۆنییەوە، بە تاقی تەنها مێگەلە مەڕێکی ماڵێکی بە تاڵان برد. مام حەسەن، کە پیاوێکی ڕیشسپی بوو، ویستی چاکە لەگەڵ خاوەن مەڕەکەدا بکا و مێگەلەکە لە عارەبەکە بسێنێتەوە. بە کزییەکەوە چووە لای عارەبەکە و گوتی:
"یابە بۆ نایەی ڕێک بکەوین؟! هەندێ پارەت دەدەمێ و مێگەلە مەڕەکە مەبە".
عارەبەکە گوتی: عەلە عێنی! دەی  با ڕێک بکەوین.
ئەویش پێنج دیناری دەرهێنا و گوتی: فەرموو ئەو پارەیە ببە و واز لە مەڕەکان بێنە.
کابرای عارەب، پێنج دینارەکەی وەرگرت و خستییە گیرفانییەوە. ئەوجا میلی تفەنگی ڕاکێشا و گوتی: "هەتا نەمکوشتوی بگەڕێوە، دەی!". ئیتر هەم مێگەلە مەڕەکەی برد، هەم پێنج دیناری مام حەسەنیشی خستە گیرفانییەوە.
من بەو گفتوگۆیەی مام حەسەن و ئەو عارەبە، یەکسەر ئەنجامی گفتوگۆی کورد و بەغدام بیر کەوتەوە: ئەرێ خۆ هەموو ڕێکەوتن و گفتوگۆی کورد لەگەڵ بەغدادا هەمان ئەو ئەنجامەی هەیە!! هەمیشە بۆ ڕیش دەچین و سمێڵ دادەنێین! کورد لە سەر ئاستی تاکەکەسی، ئەو ئاڵووێرە لەگەڵ عارەبدا دەزانێ، بەڵام سەرانی کورد تێناگەن و تێناگەن!!