دانیشتوانی
عیراق، بە پێی زۆرینە و کەمینە، لە عارەب و کورد و تورکمان و (ئاشووری کلدانی)
پێکهاتووە و جگە لە عارەب و ئاشووری کە سەرچاوەیان سامییە، هیچ پەیوەندییەکی
ڕەگەزی لە نێوان ئەوانی تردا نییە و لە سەرچاوەی جیاوازەوە پەیدا بوونە. ئەوجا لە
نێوان پێکهاتە قەومییەکانیشدا ئاین و مەزەب، جارێکی دی عیراق دابەش دەکەنەوە.
کورد
ئارییە و عارەب سامییە و تورکمانەکان لە ڕەگەزی مەغۆلی (مەنغۆل)ی کەوتوونەتەوە. لە
قووڵایی مێژووەوە، ئەو ڕەگەزانە ناحەزایەتییان هەبووە و ئەگەر کورد لە باسەکە
دەرکەین کە بە هۆی بەردەوامی ژێردەستەییەوە خەسڵەتی بێگانەپەرستی و کۆیلایەتی هەیە، ئەوانی دی ڕووداوی هەزاران ساڵ بەر لە
ئێستا وەها دەبینن کە دوێنێ ڕوویدابێ.
کورد
ئەمڕۆ هەرچییەک بۆ ئاشوورییەکان بکا، لە بیریان ناچێتەوە کە مادەکان پێش ٢٦٢٦ ساڵ
دەوڵەتی ئاشوورییەکانیان ڕووخاندووە... شیعەکان، بیریان ناچێتەوە کە بەر لە ١٤٠٠
ساڵ، عومەری کوڕی خەتاب سووکایەتی بە کچەکانی یەزدگورد کردووە و تورکمانەکانیش،
هەرچییەکیان بۆ بکەیت، بیریان ناچێتەوە کە لە سەردەمی عوسمانیدا دەسەڵاتدار بوونە
و دوایی لە ١٩٥٨دا، کۆمۆنستە عیراقییەکانی کەرکووک، کە زۆرینەیان کورد بوون، غەدریان
لێ کردوون. واتە لە ناو پێکهاتەکانی عیراقدا، شەڕ شەڕی کۆنەقینە و خراپەکاری
سەردەمیشیان هاتۆتە سەر!.
تاکە
ڕێبازێکی فکری کە بتوانێ ئەو هەموو بوونەوەرە لێکنەچوو و ناتەبایانە گرد بکاتەوە،
کۆمۆنیزمە. کۆمۆنیزم، لە سەردەمی قاسمدا گەیشتبووە چڵەپۆپە و ویستی سەربەخۆیی لای
کورد، بەرانبەر ئەو لێشاوە، لە هیچ نزیک ببۆوە و مەسەلەی یەکگرتنەوە لای
عارەبەکانیش لە پەراوێزدا لە بیر چووبۆوە. زۆرینەی کورد و ئاشوورییەکان و عارەبە
شیعەکان، کە دەمێ بوو چەوساوە بوون، خۆیان لە ڕیزەکانی کۆمۆنیزمدا دیتەوە بەڵام
تورکمانەکان، کە هەر چل ساڵێک دەبوو دەسەڵاتیان لە دەست دابوو، بە دەگمەن نەبێ،
نەچوونە ڕیزی کۆمۆنستەکانەوە.
ئێستا،
جیاوازییە مەزەبی و قەومییەکان لە عیراقدا تەواو زەق بوونەتەوە و شیعەی سەدان ساڵ
چەوساوە دەستی لە دەسەڵات گیر بووە و جگە لە مەزەبگەرایی، شەقێکی مزری لە هەر شتێ
داوە کە دوو پێکهاتەی عیراق پێکەوە گرێ بدا. عارەبی سوننەش کە دوای نەمانی سەددام
دەسەڵاتیان لە دەست دا، ناتوانن هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ دەسەڵاتی شیعەی ئەمڕۆ ئاغا
و دوێنێ کۆیلەدا قەبووڵ بکەن! ئەمانەش وایان کردووە کۆمۆنستەکانی عیراق نەتوانن
تاکە کورسییەکیش لە پەرلەمانی عیراق بە دەست بێنن. لە ڕاستیدا، دەکرێ کۆمۆنیزم بە
پێوەر یا تێرمۆمەتری تەبایی و ناتەبایی دانیشتوانی ناو ئەو کیانە دۆزەخە دابنێین
کە پێی دەڵێن عراق.
لە
سەردەمی قاسمدا پێکهاتەکان تا ئەو ئاستە تەبا بوون کە ژمارەیەکی زۆری کورد
شۆڕشەکەی خۆیان بە بەڵا بزانن و شۆڕشیش لەو ڕۆژگارەدا زاتی ئەوەی نەبێ دروشمی
جیابوونەوە هەڵگرێ. هەر ئەوەش وای کرد کورد بچێتە قاڵبی عیراقەوە و ئێستاش لەو
ڕۆژە بتۆقێت کە لێی دەرچێ!
تیراویە
کۆنەکانی عیراق سەریان هەڵداوەتەوە و کۆمۆنیزمیش لە عیراقدا لە پەلەقاژێدایە بۆیە
ئەم کیانە، کورد ڕازی بێ یا ناڕازی، هەر دەبێ هەڵبوەشێتەوە و بە جۆرێکی تر
داڕێژرێتەوە! دوودڵی و ترس و ڕاڕایی لە سەرکردەی ئەمڕۆی کورد بەدی دەکرێ و هەر
دەڵێی دەیانەوێ کاردانەوەی دۆست و دوژمن بەرانبەر ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کورد بپێون!
جارێ باسی جیابوونەوە دەکەین و جارێ لە سەر پلەوپایەی بەغدا کێشەمان دەبێ... وەزیر
دەگەڕێنینەوە و ئەندامانی پەرلەمان دەمێننەوە... ئێمەی کورد لە بەرەژانداین و
هەموو جیهان تەماشای دەمی کورد دەکەن ئاخۆ چ هەنگاوێک دەنێین! لە قەفەزی کۆیلایەتی
دەردەچین یا داوا دەکەین بە ناوی مافە ڕەواکانمانەوە، قەفەزی نەختێ گەورەترمان بۆ
ساز بکرێ؟!
ناڕوونی
ئامانجی سەرانی کورد، سەری لە کورد شێواندووە و کەس نازانێ بە چ بارێکدا
دەشکێتەوە. با هیوای ئەوەمان هەبێ بۆ یەک جاریش بێ سەرانی کورد یەکڕیز و یەکئامانج
بن و بڕیارە مێژووییەکەی لەدایکبوونەوەی کورد بدەن!!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar