lördag 8 november 2014

هەولێمانی... یا فەلسەفەی یان و ینگ

 
کورد جۆن چارەسەر بۆ کێشەکانی خۆی دەدۆزێتەوە؟ چۆن لە ڕەخنە دەڕوانێ؟ تۆ یا من یا هەر کەسێک کە بیر لە بەرژەوەندی باڵای کورد دەکاتەوە، کاتێ لە کادرێکی یەکێتی درپرسێ: "ئێوە فڵانە هەڵەتان هەیە!"، بەڵێن نادات چارەسەری بکات و ناڵێ هەڵە نییە، بەڵکو یەکسەر دەڵێ: "ئەی پارتی فڵانە هەڵەی گەورەی نییە؟". کە دەڵییت سەرۆکایەتی کۆماری عیراق بۆ کورد بێ یا نەبێ دەردی کورد چارەسەر ناکات، لە وەڵامدا دەڵێن: ئەی ئەوە نییە فڵان وەزیر و فڵان جێگری سەرەکوەزیرانیش لە پارتییە؟ خۆشبەختانە لەم ڕۆژانەدا پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕاستگۆیانە گوتبووی: هەندێ لەو هۆکارانەی کە وایان کرد ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێ، ململانێی حیزبی نێوان پارتی و یەکێتی بووە. ئەم ڕستگۆییەش سەرەتایەکی باشە.
ئێستا بە پارتیش بڵێ: "ئێوە شەنگالتان بە گورگانخوار دا"، دەڵێن: "ئەی یەکێتیش جەلەولای بە گورگانخوارد نەدا؟". ئیتر تەواو، کێشەی شەنگال لە لای پارتی چارەسەر بوو! ئەو وەڵامە شەنگال دەرباز ناکات.. ئەو وەڵامە یەک کچە ئێزیدی لە چنگی داعش دەرناکات. ئەو وەڵامە نەختێ ئازارشکێنە و هیچی تر! لە ڕاستیدا، ئەوە نە وەڵامە و نە چارەسەر. ئەوە قسەکەی کاک ئیبراهیمی هاوڕێمە: بێشەرەفی کەس بۆ هیچ کەسێکی تر شەرەفمەندی نییە!
بەڵام کاتێ باسی ئەو گفتوگۆیە ناوەختە ئابڕووبەرە دەکرێت کە ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ بەعسدا کرا و بە ماچەکانی بەغدا ناوی دەرکرد، چونکە هەردوولا پێکەوە بۆی چوون و بەشدار بوون، زمان لە دەمیاندا ناگەڕێ، مەگەر بڵێن: بەرژەوەندی کورد لەو کاتەدا وای دەخواست! (کە قەت وای نەدەخواست). یا دەڵێن: "دیارە حیکمەتێکی تێدایە و ئێمە نایزانین". کاتێ دەڵێین: "ئێوە گەندەڵکار و دزن و پڕن لە فایلی خیانەت، هیچ وەڵامێکت دەست ناکەوێ، بەڵکو دەڵێن: ئەی ئەوان خیانەتیان نەکردووە؟ ئەی تەحسین شاوەیس چی بوو؟! واتە دەبێ ئێمە باسی هیچ نەکەین ئەو داشبەداشە بێمەعنایانە نەبێ... ئەمان چی دەکەن و ئەوان چی دەکەن تا دەگەینە ئەوەی بڵێین: ئەمان ئەوەندە هەزار ئۆتۆمبیلیان دا بە داعش، ئەوانیش ئەوەندە تۆن چەکیان گەیاندە دەستی داعش، داعشیش مەکینەیەکە پێشمەرگەی هەردوو لا دەهاڕێ و کچی هەر کوردێکی دەست بکەوێ دەیکاتە جارییە، پێشمەرگە و ئەو کچانەش کچ و کوڕی ئەوانەن کە لە سەرکردایەتییەکانەوە دوورن و چ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵیاندا نییە، بەڵکو کوڕ و کچی من و تۆن. (یین و یانگ) لە فەلسەفەی چینییەکاندا جمکێکن، یەکتری تەاو دەکەن... شەو و ڕۆژن. خێر و شەڕن، بەڵام بە بێ یەکتر نابن. هەر دەڵێی پارتی و یەکێتین. ئەمیان ڕۆحی ئەویانە و ئەویان ڕۆحی ئەمیانە!
ئەوە هەڵەی حیزبەکانە و با بزانین هەڵەی جەماوەری کوردستان چییە. هەڵەی لایەنگرانی ئەو دووحیزبە لە کوێدایە؟ ئەو هەڵە و کارە نابەجێیانەی ئەو دوو حیزبە ئەنجامیان داوون، لە ناو هەر میللەتێک بوایە، ئێستا ئەو دوو حیزبە شوێنەواریشیان نەمابوو. بەڵام کورد، ئەوەندەی بە چڕی یەکێتییە (واتە دژەپارتییە)، ئەوەندە کورد نییە، بۆیە دەبێ یەکێتی هەر بمێنێ... ئەوەندەی بە چڕی پارتییە (واتە دژە یەکێتییە)، ئەوەندە کورد نییە، بۆیە دەبێ پارتیش هەر بمێنێ. کە کار دێتە سەر بیر و باوەڕیش، کورد ئەوەندەی موسوڵمانە ئەوەندە کورد نییە و بەرانبەر ئەوەش، کاتێ لە ئیسلام تووڕە دەبێ، ئەوەندەی دژەئیسلامە ئەوەندە کورد نییە و هەر کەسەش بۆ خۆی یەک بوخچە بەڵگەی هەیە و دڵی خۆی پێ خۆش دەکا و بە دەنگی بەرز دەڵێ: من ڕاست دەکەم، هەرگیزیش ڕاستی نەکردووە!
بەرگریکردن لە هەڵەی حیزب لە لایەن لایەنگرانی خۆیەوە، هەمان ئەو دەروێشییەیە کە بۆ شێخەکان دەکرا تا ئەوەی شێخ دەڵێ من نەفڕیووم، دەروێشەکەی دەڵێ: شێخ (...)ی خوارد، من بە چاوی خۆم دیتم فڕی! ئەم وردبوونەوانە بەرەو ئەوەمان دەبەن کە کورد لە بەردەم دووڕێیانێکدایە: یا فەوتان و لەناوچوون، یا وشیاربوونەوە لەو دەرمانە سڕکەرەی کە پێی دەڵێن حیزبایەتی... حیزبایەتی وەک ئامانج نەک وەک کەرەسەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانج. ئەگەر ورد بینەوە دەزانین بۆچی شێوازی کار و ئاستی دڵسۆزی باشوور، لەگەڵ ڕۆژاوا و باکووری کوردستاندا بەراورد ناکرێن. هەر بۆ نموونە: ساڵح موسلیم چی هەیە و خزمێکی دووری کاک مەسعوود یا مام جەلال چی هەیە؟ ئەو چۆن دەژێ و ئەمان چۆن دەژێن؟!
سەرمایەی سەرکردەی هیچ حیزبێک یا هیچ میللەتێک پارە نییە، بەڵکو ئاستی دڵسۆزییە بۆ خاک و نەتەوە. ئەگەر وا نەبێ، ئەمڕۆ بێ یا سبەی، ئەو حیزبە دەبێ بە مافیا و جگە لە بەرژەوەندی (ڕابەری گەورە) هیچ شتێکی تر، نە خاک نە نەتەوە لە ئاردا نامێنێ! سەرباری ئەو هەموو بەڵایە، هەندێ لە نووسەران کە خەریکی چەواشەکارین، ئەو دوو لایەنە بە ناسیۆنالست بە خەڵکی کوردستان دەناسێنن.. دزێک، ڕێگرێک، پیاوکوژێک، فایلدارێک یا ڕێگرێک، مادام لە گەڵ ڕەوتی فکری و فەلسەفی خۆی هاوتەریب نییە، هەر دەبێ ناسیۆنالست بێ، ئەوەش بۆ ئەوەی کورد دوای هەموو شتێک ئەوجا کوردبوونی خۆی بیر بکەوێتەوە! ڕەنگە ڕاست بکەن، بەڵام بۆچوونەکانیان لە کۆمەڵگەی ئەڵمان یا نەرویج نەختێ بە ڕاست دەگەڕێ، نەک لە کۆمەڵگەیەکدا، خاکی داگیر و دابەش کراوە و زمانیشی بڕاوە.
لە باسی ئاڵووێری بازرگانی نێوان داعش و هەندێ لە سەرکردەکان، بە تایبەتی بازرگانی چەک بە نەوت، بە پێی هەندێ سەرچاوە بێ، ژمارەی ئەو کەرکووکییانە زۆرە کە لە هەردوو حیزبەکەدا باڵادەستن. ئەمە دەردی دەردانە! وەرە هەم کەرکووکی بیت و هەم ئەو خیانەتە گەورەیە لە نیشتیمان و پێشمەرگە بکەیت! تاوانی ئاوها لە چ شوێنێکی جیهاندا، کوردستانی لێ دەرچێ، بە خیانەتی هەرە مەزن حیساب ناکرێ! دەڵێن قەیسەری ژاپۆن کە بۆ ئیمزاکردنی دۆڕاندنی دووەم شەڕی دنیا چوو، پێدەکەنی. پێیان گوت: وڵاتەکەت دۆڕاوە و تۆ پێدەکەنیت! گوتی لە خۆشی ئەوە پێدەکەنم ئەو هەموو شەڕە کرا و ئەو هەموو کوشتارەمان لێ کرا، کەچی یەک خیانەتکار لە وڵاتەکەماندا نەبوو! سبەینێ کورد بشبێ بە خاوەن وڵاتی سەربەخۆ، هەر دەبێ بە هۆی ئەو هەموو خیانەتەوە کە ئەنجام دراوون، هەمیشە سەرمان خوار بێ! خیانەتی ئێمە لە ئاستێکی زۆر باڵاوە ئەنجام دەدرێ و هیچ پاساوێکی نییە! دەبێ نەوەکانی داهاتوو مەرد بن و مۆزەخانەیەکی گەورە بۆ خیانەتی باوباپیرانی خۆیان بکەنەوە و لە هەموو بۆنەکاندا بۆ نەفرەتکردن سەردانی بکەن.
بەڵێ دەردی کورد زۆر گرانە، بەڵام من ئەو هیوایەم هەیە کاتی وەئاگاهاتنەوەی خەڵکی کوردستان زۆری نەمابێ. ئەو ڕۆژەش کە بە ئاگادێنەوە، ڕۆژی کۆڕەوی سیاسەتمەداران دەبێ، ئەگەر بەختیان بێنێ و فریا بکەوون! بە هەرحاڵ، نە عودەی و قوسەی فریای خۆدەربازکردن کەوتن، نە باوکیان. جا نازانم ئەو هەزاران عودەی و قوسەیەی کوردستان چەندیان فریای خۆیان دەکەوون.. ئاخر هەر لە گوندێک و گەڕەکێکدا چەند چارەیەکی بەدی وەک ئەوان، لە سێبەری سەرکردەکاندا هەڵتۆقیوون! ئازیزێک بۆی گێڕامەوە: بەچکە بەرپرسێک لە (هەولێمانی.. هەولێر و سلێمانی) کۆشکەکەی ٣٠٠ دەفتەری تێچووە و مەیموونێک و باغەوانێکی ڕاگرتووە. باغەوانەکەی، کە بەچکە هەژارێکی ناحیزبی کوردە، لە کارێکدا بە قسەی نەکردبوو و ئەویش بە سەریدا قیژاندبووی: "ئەگەر هەر ئێستا لە بەر چاووم وەل نەبیت، بە بەر چاوی عالەمەوە وەک ئەو مەیموونە بە زنجیر دەتبەستمەوە!".. بیبەستەوە، کاکە بیبەستەوە! هەموومان مەیموونی خۆتانین و مەمنوونیشین... عودەیمان لێ نابڕێ بەڵام ئەم جارە عودەی ملشکاو لە خۆمانە!
سەرنج:
١. (هەولێمانی) لە ڕووی حیزبحیزبێنەوە کۆکراوەی هەولێر و سلێمانییە
یین و یانگ Yin and Yang ٢.



Inga kommentarer:

Skicka en kommentar