onsdag 3 december 2014

کورد و ئیسلام و بیری ئیخوان لە کوردستان

 
(وتووێژێک لەگەڵ حەکیم کاکەوەیس)
 
بەشی یەکەم                                   ئا: م.ئەحمەدی
 
پرسیار: بەڕێزتان لەمەڕ ئیسلام و كورد و هەندی رای تایبەتان هەیە. بۆ وێنە باسی ئەوە دەكەن كە كورد تەنیا نەتەوەیەكە كە روو راستانە خزمەتی ئیسلامی كردووە و بۆ بەرژەوەندیی خۆی سودی لە ئیسلام وەرنەگرتووە. كەچی عارەب ئیسلام بۆ بەرژەوەندیی خۆی بە كار دێنێ. شیعە بە هەمان شێوە كەڵكی لێ وەردەگرێ. ئەم روانگەیە بەرهەمی چ جۆرە خوێندنەوە و تێگەیشتنێكە بۆ پێوەندیی نێوان كورد و ئیسلام؟
حەكیم كاكەوەیس: خوێندنەوەی مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێ. مێژووی خۆمان ئەوە دەڵێ. سەلاحەددینی ئەیوبی کورد بوو و دیتوانی کارێ بکا ئێستاش کورد حەساوە بوایە، بەڵام نەیکرد. پیاوانی ئاین لەو مەسەلەیەدا بیانووی ئەوە دەهێننەوە کە ئەو سەردەمە هەستی نەتەوایەتی نەبوو. بەڵام ئەم بیانووە ڕاست نییە و ناڕاستی ئەوەش بەشی ئەوە دەکا گلەیی لە سەلاحەددین بکەین. هەستی قەومایەتی هەبووە، بەڵام ئەگەر ئێستا ئەو هەستە لە ناو کورددا نەبێ، گلەییی چی لە سەلاحەددین بکەین؟! ئەگەر ئێستا سەرکردەی کورد هەستی نەتەوایەتی نەبێ سەلاحەددین چۆن هەیبووبێ؟ بەڵام قەومەکانی تر هەستی نەتەوایەتییان بووە. عومەری کوڕی خەتتاب کە بە دادپەروەری بەناوبانگە و پتر لە پێنج سەد ساڵ پێش سەلاحەددین بووە، ئەوپەڕی قەومی بووە. ئەوە کورد بووە کە هەستی نەتەوایەتی نەبووە و ئێستاش، بە داخەوە نییەتی!
هەر ئەوە بەسە بڵێین عومەر ژنە دیلە عارەبە ناموسوڵمانەکانی ئازاد دەکرد و دەیوت: فیهن عز العرب! بەڵام ژنی ناعارەبی موسوڵمانی ئازاد نەدەکرد. هەر ئەوە بەسە کە حەسەن عەلەوی باسی دەکا و عومەر یەکەم عەشرەتی عارەبی لە بەسرا نیشتجێ کرد و لەوەوە عێراق بوو بە خاکی عارەب. ئەدی ئەبو لوئلوئە قەومی نەبووە کە عومەری لە تۆڵەی ژنە ئێرانی کوشت؟ نەخێر، ئەوە تەنیا کورد بوو ئەو هەستەی نەبوو و ئێستاش هەر کوردە ئەو هەستەی نییە دەنا چ نهێنییەک لەوەدایە دوای یەکەم جەنگی جیهانی، چەندین دەوڵەت دروست بوون و خاکی کەس دابەش نەکرا هی کورد نەبێ؟! کورد خۆی هی دابەشکردن بوو دەنا دەبوو ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن تورکیا دابەش کرابا، چونکە قەومێکی دۆڕاوی جەنگ بوون. ئێمە مێژوو دەنووسین و دەخوێنینەوە بەڵام لێکدانەوە و شیکردنەوەی مێژووییمان نییە. مامۆستا کەمال مەزهەر باسی شێخ مەحموود و حەمە سلێمان دەکا، بەڵام لەبەر ئەوەی شیکردنەوەی بۆ هەڵوێستی حەمە سلێمان نییە، لێی پاشگەز دەبێتەوە! حەمەی سلێمان، خیانەتی کرد بەڵام کەس نازانێ بۆ چی کردی؟! کێشەی عەشرەتی بوو یا چی؟
پرسیار: لە شوێنێكدا دەێژی "لە ئیسلامدا باوەڕدار لە یەك كونەوە دوو جار پێوە نادرێ... كورد قەت سودی لەمە وەرنەگرتووە". ئەمە بۆ چ دەگەڕێتەوە؟
حەكیم كاكەوەیس: ئەوە فەرموودەیەکی بەرزی پەیامبەری ئیسلامە. ئەی ئەگەر ئێمە موسوڵمانین بۆچی سوودمان لەو فەرموودەیە وەرنەگرتووە؟! هەر ئەمە بەسە بۆ ئەوەی بڵێین چی لە زەرەری خۆمانە وەریدەگرین و چی لە قازانجی خۆمانە وەلای دەنێین. ئەگەر پەیڕەوی ئەو حەدیسەمان بکردایە، لە یەک جار زیاتر گفتوگۆمان لەگەڵ بەعسدا نەدەکرد! لە یەک جار زیاتر تورکیا دەستی نەدەبڕین!
پرسیار: كورد بە چ شێوەیەك دەتوانی ئیسلامی بە قازانجی مافە رەواكانی بە كار بێنێ؟
حەكیم كاكەوەیس: ئیسلام، دەقی هەیە لە سوودی کورددا بێ و ڕێمان بدا داوای مافی ڕەوای خۆمان بکەین. بەڵام کە لایەنە ئیسلامییەکان ئەو دەقانە بەکار ناهێنن، ئیتر من دەستیان لێ دەشۆم و هیوام پێیان نامێنێ. نەک هەر ئەوە، وەک بۆمبێکی چێندراوی سعوودیە لێیان دەڕوانم و دەشزانم سعوودییە کێ دەیبزوێنێ و هاوکاری کێیە. ئێ ئاخر کاک مەلا، کە دەق هەیە پشتم بگرێ، بۆچی لێمی دەشاریتەوە؟! ئەم کاک مەلایانە، دەق دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی گەنجی کورد بۆ غەزا لە دژی کوردی ڕۆژاوا هان بدەن بەڵام لە ئاستی ئەو دەقانەدا کوێرن کە مافی چارەنووس بە کورد دەدا. بە ڕاستی کارێکیان کردووە جێی گومان بن و هیوادارم ژیانی شێخ مەعشووق خەزنەوی بخوێننەوە تا بزانن موسوڵمانی ڕاست چۆنە.
پرسیار: بەڕێزتان زۆر جار باسی ئەوە دەكەن كە "مەلاكانی كورد كار بۆ ئەوە دەكەن لە رێگەی دینەوە كورد موالی و بچووكی عارەب بێ و بیانووشی بۆ دێننەوە". ئەمە بۆ چی ئەگەڕێتەوە؟
حەكیم كاكەوەیس: لە ڕاستیدا، ئیسلام وەک دینێک بە سەردەمێکی زۆر چارەنووسسازدا تێدەپەڕێ و مەلاکان خستویانەتە بوارێکەوە، مەترسی پاشەکشە و تێکشکانی لە سەر بێ. ئیسلام ئاینێکی تەڵقینییە... مەلا قسە دەکا و خەڵک دەڵێن ئامین. مەلایەکی گەورە و زانای وەک قەرەزاوی، ئەگەر ویژدانی خۆی بفرۆشێ، دەتوانێ ئاینەکە تەفروتونا بکا. فەتوای جیهادی نیکاح و پشتگیری کوردکوژەکانی سووریا وایان کردووە خەڵکێکی زۆر دژی ئیسلام بوەستنەوە. ئەو کارەساتانەی کە داعش دەیخولقێنێ، وای کردووە کە خەڵکێکی زۆر دژی ئەم جۆرە لە ئیسلام بوەستنەوە ... جا تۆ بۆ خۆت هەر بڵێ "خوا دەیپارێزێ". ئەو کارە سووکانەی جیهادییەکان دژی کورد دەیکەن، تەنیا ڕۆحی کۆیلە دەستەمۆ دەکەن.
پرسیار: دەكرێ بێژین ئیسلامی وەك دینێك بە نیسبەت كوردە رۆڵی داگیركەری گێڕاوە؟
حەكیم كاكەوەیس: نا، بە هیچ جۆرێ ڕۆڵی داگیرکەری نەگێڕاوە، بەڵام خۆمان کردوومانەتە کەرەسەی کۆیلایەتی و ژێردەستەیی خۆمان. من دڵنیام لە سەرەتای هاتنی لەشکری عارەبدا بۆ کوردستان زوڵمی زۆر کراوە و ئەوانەی بە شمشێرەوە بە دیار سەرمانەوە دەوەستان و دەیانقیژاند: اسلم تسلم! خۆیان تازە لە شەوەزەنگی بتپەرستییەوە هاتوونەتە دەرێ و هیچیان لە ئیسلام نەزانیوە و هێندەی کوردیش خواپەرست نەبوونە... خۆ ئاشکرایە قورئان لە سەردەمی عوسماندا کۆ کرایەوە و کورد لە سەردەمی عومەردا، کە پێش سەردەمی عوسمان بوو، کرا بە موسوڵمان. واتە ئیسلام وەک ئاینێک هێشتا جێگیر نەببوو هاتنە سەرمان و کەوتنە کوشتنی خەڵک و تاڵانوبڕۆ و تاڵانکردنی ئافرەتی کورد. کێشەکە لەوەدایە کوردی وابەستە بە ئیسلامەوە ناتوانێ بیر لەوە بکاتەوە کە ئەو سەربازانەی هاتنە کوردستان، سەرباز بوون... کاریان کوشتن و بڕین و تاڵانکردن بوو. کێشە ئەوەیە ئەو سەربازانەیان بە لاوە پیرۆز و پاکژ و بێ هەڵەن. ئەوە ئیسلام نییە ئەوەی بە سەر کورددا سەپاندووە، بەڵکە کورد خۆیەتی وای داناوە. عومەری کوڕی خەتاب گلەیی لە خالیدی کوڕی وەلید دەکا و بە ژنباز و پیاوکوژ ناوی دەبا، بەڵام کورد زاتی ئەوە ناکا قسەکانی عومەریش بڵێتەوە!
ئەگەر ئیسلام بە هەق بزانین پێویستە هەقگۆ و ڕاستگۆ بین. هەندێ لە ئیسلامییەکان وای بۆ دەچن کە کورد بە ئارەزووی خۆی بۆتە موسوڵمان. بەڵام بیر لەوە ناکەنەوە عارەب خۆیان بە چ شەڕەشەقێ بوون بە موسەڵمان! بیر لەوە ناکەنەوە کە موحەمەد، دروودی خوای لێ بێ، چەند شەڕی لە دژی خزمەکانی خۆی کرد تا سەرکەوتنی بە دەست هێنا! چ عەقڵێک قەبووڵ دەکا مامی بتپەرستی پێغەمبەر دژی ئیسلام بێ، بەڵام میرێکی کورد کە خوای ناسیوە و ئاگری پێ پیرۆز بووە، لە شاخەکانی کوردستان بە کەیفی خۆی بووبێتە موسوڵمان؟!
بە باوەڕی من، ئیسلام چەکێکە و لەو گۆڕە کەوتووە و هەر کەسێ پێویستی بێ دەستی دەداتێ. هەموو میللەتان، عارەب و فارس تورک، کە نزیکمانن، دەستیان دایە ئەو چەکە و سوودیان لێ بینی، کەچی کور یا دەستی بۆی نەبردووە، یا بۆ ئەوەی هەڵگرتووە خۆی پێ بکوژێ. با لە بیرمان نەچێ کورد بۆ باوەڕی ئیسلام چۆن بووە و چۆنە، بۆ مارکسیش هەمان شێوە بوو... ئێستاش بۆ نیچە و فیختە و برێخت هەمان شتە. دەبێ دەستی تەسلیمبوون بەرز بکەینەوە و بڵێن: هەڵە لە ئیسلام نییە، بەڵکو لە خۆمانە! کە باسی خەتەنەکردنی کچ لە قورئاندا نییە، بۆچی لە ئەفریقیاوە، بە سەر سکەی ئیسلامدا خۆمان هێناومانە؟! کێ پێی گوتین ئەوە بکەین؟!
پرسیار: هەندێ لایەن لە كوردستان باوەڕیان بە حكومەتی ئیسلامی هەیە. واتە تێكەڵ كردنی دین و سیاسەت. ئایا ئەمە مەترسی نییە بۆ سەر داهاتووی كورد؟
حەكیم كاكەوەیس: ئەگەر شێخ مەعشووق خەزنەوییەک هەبێ حوکمی هەموو کوردستان بە ناوی ئیسلامەوە بکا، من ڕازیم چونکە ئەو شەهیدە گەورەیە کوردستانی بوو. بەڵام پیاوی سعوودیە یا تورکیا یا ئێران، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کوردێک کە پیاوی ئیسرائیل یا ئەمەریکا بێ یا پیاوی سۆڤیەتی جاران بووبێ. مەسەلەکە ئەوەیە: تۆ کوردستانیت یان نا؟! دەتەوێ نەتەوەکەت کە پەنجا ملیۆن مرۆڤی زیندووە، ئازاد بێ یان نا! جیاوازی لە نێوان کۆمۆنستێک و ئیسلامییەکدا نابینم ئەویان کورد بخاتە پەراوێزیی دەوڵەتێکی ئیشتراکییەوە و ئەمیان بیخاتە پەراوێزی سوڵتان ئۆردوغانەوە. بەڵام چۆن حیزبێکی مەسیحی مافی سیاسەتکردنی هەیە، ئەگەر کوردی ئیسلامی کوردستانی بێ، مافی کاری سیاسی هەیە. کێشەکە ئیسلامیبوون نییە بەڵکو گرێدانی کوردە بە دەوڵەتێکی وەک سعوودییەوە لە کاتێکدا لە هەموو مێژوودا نەمانبیست سعوودییە یەک هەڵوێستی ئەرێنی بەرانبەر کورد هەبووبێ.
پرسیار: لە دوو ـ سێ ساڵی رابردوودا وڵاتانی عەربی تووشی گۆڕانكاری هاتن. لەم رووەشەوە بیری "اخوان المسلمین" بەشێوەیەكی بەرچاو هاتەكایە و دەوری بینی و ئێستاش دەور دەبینێ. ئەم گۆڕانكارییانە چۆن دەبینی؟
 حەكیم كاكەوەیس: هەموو جیهان لە گۆڕانکاریدایە. ئەمەریکا دەیەوێ جەمسەرێک، بۆ نەفرەتکردن، بەرانبەری هەبێ و ئەوەشی لە ئیسلامی توندڕەودا دۆزییەوە و دەکرێ بڵێم، بە هاوکاری سعوودییە، هەر بە خولقاندن خولقاندی. ئەمەریکا نەیارێکی ئابووری بەهێزی لە ڕۆژهەڵاتی باشووری ئاسیاش لێ پەیدا بووە. سەرجەمی گۆی زەوی، دەڵێی لە بەرەژاندایە بۆ لەدایکبوونی دەوڵەتی نوێ و زیندووبوونەوەی قەومی مەیلەومردوو و مردنی قەومی تری تا ئێستا بەهێز و زیندوو. ئێستا لە میسر و لە هەموو باکووری ئەفریقیا دیاردەی دژە عارەب، لە قاڵبی قیپتی و ئەمازیغی پەیدا بووە و دیانەوێ عارەبایەتی بگەڕێننەوە نیوەدوورگەی عارەبی. پێم وایە سایکس پیکۆیەکی تر، بە شێوەیەکی تر بەڕێوەیە. ئەمجارەیان دنیا چۆن دابەش دەکرێ؟ دیارە لە بەرژەوەندیی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەبێ. سیاسەتمەدارێکی ئەمەریکی گوتوویەتی: دەبێ میسرییەکان لە ئیسرائیل بپاڕێنەوە تا بچن حوکمیان بکەن... چۆن کاتی خۆی لە میسر دەرکران، ئێستا دەبێ بگەڕێنەوە!
کاتێ قەززافی ڕووخا، مرۆ تێگەیشت ئەو میللەتە، هەر پێویستی بە کەسێکی وەک قەززافی دەبێ تا ڕێی پیشان بدا و ئاڕاستەی دیاری بکا. ئەو میللەتە ناتوانێ خۆی بە ئاسایی بەڕێوەبەرێ. میسریش بە هەمان شێوە. ڕاستە دوای لابردنی حوسنی موبارەک، ئیخوانییەکان زۆرینەی دەنگیان هێنا، بەڵام ئەوەی لە ماوەی ئەو ساڵەدا کردیان کاری کردەیی نەبوو! ئەگەر ئیخوان لە هەموو شوێنێ ئاوها وڵات بە ڕێوە بەرێ، بەڕێوەی نەبا باشترە!
من پێم وایە پیلانێکی گەورە لە ئیسلام وەک ئاین لە ئارادایە... بیهێنە پێش چاوی خۆت، سێ کەس گوللەباران بکەن لە سەر ئەوەی نوێژ نازانن. دیارە ئەو سێ کەسە موسوڵمان نەبوون دەنا دەیانزانی نوێژی بەیانی سێ ڕکات و چوار نییە. هەر وا بە خوێنساردی کوژران! ئەی ئەو (تەساموح)ەی باسیان دەکرد چی لێ هات؟ ئەی چۆن هەتا ئێستا کوردی ئێزدی و ئەهلی هەق لە ناو کورددا ماوون؟!
پرسیار: پێت وایە بیری "اخوان المسلمین" بتوانێ سەردەمێكی نوێ دەست پێ بكا و دەسەڵات لە ناوچەكەدا بگرێتەوە دەستەوە؟
حەكیم كاكەوەیس: باوەڕ دەکەم قەتارەکە جێی هێشتبن. دۆستی هەرە نزیکی ئیخوان تورکیایە بەڵام ئاگایان لەوە نییە کورد ببێ بە ئەسحابەش لای تورک بێکەڵکە! لە هیچ حیزبێکی دینی و نادینیدا تورک قەبووڵ ناکا کورد لەگەڵیدا یەکسان بێ. کوردی ئیخوانیش لەگەڵیاندا یەکسان نییە. ئەگەر ئیخوانی کورد بتوانن دڵی تورکیامان بۆ نەرم بکەن، من دەستخۆشییان لێ دەکەم. بەڵام لێشاوی نەوت و دۆلار دڵیان نەرم نەکا بە دوو بیسمیللاش دڵیان نەرم نابێ. ئیخوانی عارەبیش هەر وا... سەیرە! هیچ قەومێک وەک کورد بە هۆی بیروباوەڕەوە دەست لە مافی (هەندێ جار) ناڕەوای خۆشی هەڵناگرێ!! ئەوان دەستبەرداری داگیرکاری و زۆرداری خۆیان نابن کەچی ئێمە ئازادی خۆمان دەکەینە قوربانیان، هەر لەبەر ئەوەی ئیخوانین!
===  بەشی دووەم
پرسیار: لە كوردستانیش لایەنگری بیری "اخوان المسلمین" هەیە. ئەم لایەنگریە چۆن دەبینی. پێت وایە لایەنگرانی ئیخوان ئەوەندەی بۆ ئیخوان المسلمین دڵسۆز بن، ئەوەندەش بۆ نەتەوەكەیان دڵسۆز بن؟
حەكیم كاكەوەیس: ئەگەر ئەو دڵسۆزییەی بۆ ئیخوان هەیانە بۆ کورد هەیانبوایە، ئێستا کورد لە بارێکی تردا دەبوو. ئیسلامی بەرگری لە میللەتی خۆی بکا و کۆمۆنست بەرگری لێ بکا و دیموکرت بیکا، کەواتە کێشەمان نییە. بەڵا هەموو ئەوانە میللەتی خۆیان خستۆتە پەراوێزی بەرژەوەندیی میللەتانی ترەوە و کە لە نێوان خۆیاندا گفتوگۆ دەکەن یا ڕێکەوتن مۆر دەکەن، بە ڕاستی، وەک نوێنەرانی تورکیا و ئێران و سعوودیە ... دادەنیشن و قسە دەکەن نەک وەک خەمخۆرانی کورد. ئا لەم بارودۆخەدا هەست و بیری نەتەوایەتی لە هەوا پێویستترن بەڵام دیسان لە لایەن حیزبەکانەوە، یا گرنگی پێ نادرێ یا پیلانیشی لێ دەکرێ و وەک  تلیاک قاچاخ دەکرێ!
پرسیار: ئایا بیری "اخوان المسلمین" لە كوردستان رۆڵی داگیركەر دەبینێ یان نا؟
حەكیم كاكەوەیس: بە داخەوە دەڵێم، ئیخوانی کورد، هەتا ئێستا پیشانیان نەداوە کوردبوون دەخەنە پێشەوە و یەکەم ئەرکیان سەرفرازی کوردە. ئەوان دەیانەوێ ئیمام بن و ئیمامەتی لە بەندیخانەشدا دەکرێ و لە ناو کۆیلەستانیشدا دەکرێ. پێ دەچێ بە لایانەوە گرنگ نەبێ کورد ژێردەستە بێ یا ئازاد... گرنگ ئەوەیە کورد مەئمووم و گوێڕایەڵ بێ. خۆ کۆمۆنستەکانیش هەر ئەوەیان دەویست: گرنگ نەبوو کورد سەرفراز بێ، بەڵکو گرنگ ئەوە بوو تابعی ئیمامی مۆسکۆ بێ!!
ئیخوانی میسر یا تورکیا یا هەر شوێنێکی تر وڵاتی سەربەخۆی خۆیان هەیە و هەرچی دەکەن لە ناو سنووری وڵاتی خۆیاندا ئازادن، بەڵام کورد خاوەنی وڵات نییە تا ئیخوانی ئیداری و بەڕێوەبردنی هەبێ. بەڵام ئەوەش وا ناکا کردەوەی حیزبەکانی تر لە بیر بکەین.
پرسیار: کاتێک کە لە میسر محەمەد مورسی لابرا و کۆمەڵێک خۆپێشاندان کرا و رووداوی خوێناوی لێ کەوەتوە، لە كوردستان ئیسلامییەكان فرمێسكی تیمساحی بۆ ئیخوانەکانی میسر دەڕشت و خۆپێشاندانیان وەرێ خست و وێنەی مورسیان بەرز کردەوە. ئەمانە چۆن ئەبینی؟
حەكیم كاكەوەیس: ئیسلامییەکان، کاتێ چوار پەنجەیان بەرز دەکردەوە، خورپەیەکم بە دڵدا هات! تۆ بڵێی مەبەستیان چوار پارچە بێ! بەڵام دەرکەوت ئەوە شتێکی ترە... ئەوە ڕابیعەی عەدەوییەیە! ئێمە لە کوردستانێکی داگیرکراوەوە چیمان بۆ مورسی پێ دەکرێ تا قوڕی بۆ بپێوین؟ مورسی چی بۆ کورد کردووە تا پێمان خۆش بێ لە دەسەڵاتدا بێ؟ خۆ تورکیا ئۆردوغانێکی وەک مورسیی هەیە، بەڵام دەستی بە خوێنی کورد سوورە. ئیسلامییەکانی کوردستان ئێستا لەم کاتەدا، ئەوەندەی میسرین کوردستانی نین، ڕێک وەک ئەو کوردە چەپانەی کە  ئەوەندەی فەلەستینی بوون کورد نەبوون و هیچیشیان بۆ فەلەستین پێ نەدەکرا. کە مورسییان لابرد، من هەموو خەیاڵم لای ئەو کچە کوردانە بوو کە بەرەنگاری نوسرە دەبوونەوە... بیرم لای دەروازە داخراوەکەی سنوور بوو. ئاواتم دەخواست لایەنە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان بۆ ئامانجێکی دیاریکراو پێک بێن. حیزبە ئیسلامییەکانیش بیریان لای مورسیی بوو... کراسەکەی عوسمانیان بیر کەوتەوە و کوردیان لە بیر نەما چی بە سەر دێ. جگە لە هەموو ئەوانە، سەدان ساڵ عوسمانلی بە ناوی ئیسلامەوە حوکمی کرد و ئێمە ژێردەستەیان بووین! چیمان کرد؟! جاروبارێ نەفەرێکی کورد دەبوو بە موفتی دەوڵەتەکە بەڵام فەتوای بۆ قڕکردنی ئێزدییەکان دەدا و بەرانبەر کەنیزە و ژنە تاڵانکراوەکانی ئورووپا فززەیان نەدەکرد!
پرسیار: ئایا لە كوردستان هێزە سیكۆلارەكان بەو شێوەی كە پێویستە توانیویانە كار بۆ لاواز كردنی بیرۆكەی ئیسلامی سیاسی بكەن؟ كەموكۆڕییەكانی ئەو لایەنانە لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسلامی سیاسی دا لە چی دایە؟
حەكیم كاكەوەیس: بە پێچەوانەوە، ئەوان هۆکارن بۆ گەشەکردنی حیزبی ئیسلامی... ئەوان خۆیان چەقی کێشەکانن! ئەگەر حیزبە ئیسلامییەکان پەیوەندیی ژێراوژێر یا ئاشکراشیان لەگەڵ داگیرکەراندا هەبێ، هەر بە قەدەر حیزبە سیکولارەکان نیانە! گومان دەکرێ لایەنی ئیسلامی هەبێ گەنجی کورد هەڵخڕێنێ و بۆ غەزا بیاننێرێتە سووریا. بەڵام عیلمانییەکان چییان کردووە؟! من باسی خەڵکی باشووری کوردستان ناکەم کە بۆ ڕۆژاواییەکان بە خەمن، بەڵکو باسی دەسەڵات دەکەم. ڕەفتاری حیزبە سیکۆلارەکان وا دەکا خەڵک زیاتر پەنا بۆ ئیسلامییەکان بەرن... ئەو گەندەڵی و ناهەقییەی لە کوردستان دەکرێ، وا دەکا ئەو خەڵکە پەنا بۆ هەموو لایەنێ بەرن بەڵام لەوان ڕزگاریان بێ... نازانم ئەو حیزبانە کەی لەوە تێدەگەن کە خەڵکی کوردستان لە دەست بەعس پەنای بۆ هەموو شتێک دەبرد؟! بەڵێ، ئێستاش لە دەست زوڵم پەنا بۆ هەموو لایەک دەبا... من لەم قسەیەم مەبەستم ڕووشاندن نییە، بەڵکو مەبەستم ئاگادارکردنەوەیە.
پرسیار: پێت وانییە كە باشتر وایە ئێمە لە بنەڕەوەتەوە، واتە لە پەروەردەوە كار بۆ لاواز كردنی ئیسلامی سیاسی بكەین. بە واتایەكی دیكە لە رێگای سیستمێكی پەروەردەیی سیكۆلاری بەهێزەوە بەرەوڕووی ئیسلامی سیاسی ببینەوە؟
حەكیم كاكەوەیس: بە باوەڕی من بوونی حیزبی ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا کێشە نییە و نابێ ئێمە بیر لەوە بکەینەوە بەربەست لە بەردەم ئیسلامی سیاسیدا دانێین. باوەڕی دینی بوارێکە و خەڵکێکی زۆر لە خۆ دەگرێ و مافی دەربڕینی بۆچوونی خۆیان هەیە. بۆچی لە ئورووپا مەسیحی سیاسی هەیە و وڵات بەڕێوە دەبەن و هیچ کێشەیەکیش دروست نەبووە؟ کام حیزبی کوردستان لە حیزبە ئیسلامییەکان کوردستانیتر و نەتەوەییتر و نیشتیمانپەروەرترە؟! ئەی کامەیان ئازادیخوازترە؟ چ کاتێ حیزبی عەلمانی کوردستان ئاڵای سەربەخۆیی بەرز کردووەتەوە و ئیسلامییەکان بەربەست بوونە؟! لە ڕاستیدا، کێشەی من ئەوە نییە بنەما فکرییە ئایدۆلۆژییەکە چییە بەڵکو ئەوەیە لە باسی سەربەخۆیی کوردستاندا چ هەڵوێستێکی هەیە. گرنگ جۆری حیزبە سیاسییەکەیە کە چۆن کار دەکا و ئامانجی چییە. بە لای منەوە حیزبی ئیسلامی کوردستانی، ئەگەر وەکو من و تۆ لە خەمی ئازادی کوردستاندا نەبێ، پێویستە قەدەغە بکرێ! حیزبی کۆمۆنستیش بە هەمان شێوە... ئەگەر بمانەوێ سستەمی دیموکراسی پەیڕەو بکەین، پێویستە مەودای هەموو کەس بدرێ ڕا و بۆچوونی خۆی دەربڕێ. بەڵام حیزبایەتییەک لە بەرژەوەندیی لایەنی دەرەکی بێ یا خەمی ئازادی نیشتمانەکەمانی نەبێ، ئەوە دەچێتە خانەی جاسووسی و خیانەتکارییەوە، جا ئیسلامی بێ یا نائیسلامی و حیزبی وا لە هەر وڵاتێکی دنیادا بێ یاسا سنووری بۆ دادەنێ و بیانووی بیروباوەڕیش چ دادی نادا. بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا ئەوەی یاسا دادەنێ خۆی یاساشکێنە و خۆی پێویستی بە ڕاستکردنەوە هەیە.
ئیسلام لە ئێمە غەریب نییە و لە بەرژەوەندیی کوردیشدا نییە بەرەیەکی تری شەڕ بەرەوڕووی دین بکاتەوە.. نازانم بۆچی ئیسلام لە زۆر کەس بووەتە بڤە!! ئیسلام تورکیایەکی بۆ تورک دروست کرد کە یەک بستی هی خۆیان نەبوو. ئیسلام ئێرانێکی گەورەوگرانی لە ژێردەستەیی عارەب پاراست و کردی بە خاوەنی وزەی ئەتۆم! ئەی ئیسلام بۆچی لە کورد بووە بەڵا؟! نا باوەڕ ناکەم ئیسلام بیەوێ کورد کۆیلە بێ. ئەوە خۆمانین ئیسلاممان کردووەتە کەرەسەی کۆیلایەتی خۆمان. چما تەنیا ئیسلاممان بۆ کۆیلەبوونی خۆمان بەکار هێناوە؟! کۆمۆنیزممان بۆ کۆیلایەتی بەکار نەهێنا؟ تەنانەت ئەو حیزبانەش کە ئێستا لە کوردستاندا دەسەڵاتیان هەیە، یەکەم حیزبن لە مێژووی کورددا کە دانیان بە دەوڵەتی عێراقدا نابێ و خۆیان وەک عێراقی خستبێتە ڕوو!. خۆ ئەوان ئیسلامی نەبوون!
کورد دەڵێ: تەشیڕێس تەشیڕێس بێ، بە کلکی کەریش بێ دەیڕێسێ! ئێمەش ئەگەر خۆمان میللەتێکی ئازادیخواز بین، ئیسلامی بین یا کۆمۆنست یا دیموکرات، ناکرێ لە ئامانجی سەربەخۆیی بێینە خوارێ. خۆ ئیسلام پڕە لە ڕێنمایی بۆ ئازادیمان. کۆمۆنیزمیش پڕە... سۆسیالیزمیش پڕە... بەڵام سوودمان لە هیچیان نەدیوە. ئێمە دەبین بە ئیسلامی نەک ئازادیخواز! دەبین بە کۆمۆنست نەک ئازادیخواز! دەبین بە دیموکرات نەک ئازادیخواز! دەبین و دەبین بە هەموو شتێک ئازادیخواز نەبێ! ئیتر ئەم ئایدۆلۆژیا یا ئەوی تر بڵێ چی؟! جگە لە هەموو ئەوانە، وەک لە جێی تریشدا گوتوومە، بە چ مەسرەف و هێزێ دەتوانین باوەڕی ئیسلامی لە ناو کورددا نەهێڵێن؟! ئەوەی بۆ نەهێشتنی ئیسلام لە ناو کورددا سەرفی دەکەین، حەوت جار بەشی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دەکا بە پارچەی پێنجەمیشەوە و ئیسلامیش بنەبڕ نابێ! چۆن لە دەوڵەتە ڕۆژاواییەکان خەڵک هەن خۆیان بۆ کەنیسە تەرخان کردووە و ڕێزیشیان لێ دەگیرێ، با کوردیش هەبێ خۆی بۆ مزگەوت تەرخان بکا و ڕێزێشی لێ بگیرێ. بەڵام حیزبە بە ناو عەلمانییەکان کەی باسی سەربەخۆییان کردووە و ئەوان بەربەست بووبن؟! کەی پەیوەندیی ئەوان بە تورکیا و ئێران و بەغداوە لە پەیوەندیی حیزبەکانی تر زیاتر بووە؟! ئەگەر هەموو خەتاکان بخەینە سەر ئیسلامییەکان، لە ڕاستیدا نەخۆشییەکانی خۆمان نادۆزینەوە! ئەگەرچی شێخی نەمر هەڵەشی هەبووە، بەڵام خۆزگە بە هەموو حیزبە عەلمانی و عیلمانی و ئیسلامییەکان نیوەی ئەو ئازادیخواز دەبوون!
پرسیار: وەك دوا پرسیار داهاتووی ئیسلامی سیاسی لە كوردستان و ناوچەكە چۆن دەبینی؟
حەكیم كاكەوەیس: من پێم وایە پیلانێکی یەکجار گەورە لە دژی ئاینی ئیسلام بە گشتی لە ئارادایە و جێبەجێکەرانی ئەو پیلانەش لە ناوخۆی موسوڵماناندا، لە ناو حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکان و مزگەوتەکان دایە، بە تایبەتی لە ناو سەلەفییەکاندان. فەتوای وەها سەیر و مەترسیدار لەم سەردەمەدا دەدرێ، مرۆ لە خۆڕا دەکەوێتە گومانەوە! تۆ بڵێی شتی وەها لە ئیسلامدا هەبێ؟! شەڕکردنی گەنجی کورد لە دژی لێقەوماوانی کوردی ڕۆژاوا لە ئیسلامەتیدا جێی نابینمەوە، چوونە ریزەکانی داعش و شەڕکردن لە دژی پێشمەرگە لە ئیسلامدا جێی نابێتەوە... ڕاوەستانی ئیسلامییەکان وەک بەردی ڕەق بەرانبەر هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە جیهاندا ڕوودەدەن لە بەرژەوەندیی ئیسلامدا نییە. دەزانین ئەمریکا، لە دوای داتەپینی یەکێتی سۆڤیەت بە دوای نێچیرێکدا دەگەڕا بیخاتە سەنگەری بەرانبەر تا هەم جێی کۆمۆنیزمی بۆ بگرێتەوە و هەم بیانووی دەستێوەردانی بە دەستەوە بدا. ئیسلامییەکانیش، بە تایبەتی سەلەفی، بە ویستی خۆیان و بە ئانقەست ئەو جێیەیان پڕ کردەوە و بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی ئەمریکا دایە. گەنجی خوێنگەرمی موسوڵمان ئاگایان لەو گەمە و لەو قومارە نییە و ساکارانە پێوە دەبن... یەکێ لە واشنگتۆن گەمەیان پێ دەکا و یەکێ لە سعوودییە و قەتەر داش بە داشیان پێ دەکا. ئەمریکا خۆی هاوکارییان دەکا و خۆشی بە تیرۆرست ناویان دەبا و هەر لە عێراقدا، چەندین جار خەڵکیان بە تاوانی تیرۆرەوە گرت و دوای ماوەیەک ئازادیان کردن... خۆ لەوانە کوردیش هەبوو کە دەستگیر کرا و دوایی ئازاد کرا.
حیزبە ئیسلامییەکان خەریکە کۆمەڵگەی کوردی دەکەنە دوو بڕەوە: بڕێکی خۆیان و ئەوی تر دژی خۆیان... کارەساتیش ئەوەیە خۆیان بە ناوی خواوە قسە دەکەن و دەسەڵاتیان هەبێ دەرەوەی خۆیان بە مورتەد لە قەڵەم دەدەن. بەڵام با جارێ کێشەی ناوخۆیان چارەسەر بکەن ئەوجا بچنە سەروکۆکڵی دەرەوەی خۆیان. کەسێکی ئاینپەروەر، بە داخەوە ناوەکەیم لە بیر نەماوە، لە فەیسبووکدا باسی ئەوە دەکا کۆمەڵێ لە پیاوانی ئاین، دوای بەربانگ چوونەتە مزگەوت بۆ نوێژ، کەچی هەر دەستەیە و بە جیا نوێژی دابەستووە! پیاو نازانێ گوێ لە کام دەستەی ناو ئیسلام بگرێ!! مەزەبەکانمان لێ بەڵا بوون حیزب و ڕێکخراویشیان هاتە سەر!
باوەڕ دەکەم کۆمەڵگەی کوردی کاردانەوەیەکی خراپی بەرانبەر ئەم شێوازە ئیسلامییە هەبێ. خۆ سەلەفییەکان هەر بە جارێ ناخۆشیان کردووە. خۆیان سەر بە سعوودییەن و سعوودییەش لە سێبەری ئەمریکادا دەژێ و ماوە. کەچی خەڵکی ناموسوڵمان دەکوژن. خۆ ئەگەر ڕەوتێکی توندڕەوی مەسیحی بەرانبەر بە موسوڵمان پەیدا بێ، لە ٢٤ سەعاتدا خاکمان دەبێژن!
من دڵنیام کلکی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناو حیزبە ئیسلامییەکانی ناوچەکەدا، بە تایبەتی لە ناو سەلەفییەکاندا تۆز دەکا، بەڵام باوەڕ ناکەم گەنجی بێ ئاگا کە خۆی دەتەقێنێتەوە ئاگای لە گەمەکان بێ. هەر لە کۆنەوە یەک مەلایان بە لای خۆیاندا ڕاکێشابێ، ئیتر حەساونەتەوە و یاری خۆیان بە دڵی خۆیان ئەنجامداوە.
 
 
 
پرسیار: رات لەسەر داعش چییە؟ ئەو کارانەی کە داعش دەیکا چ کاریگەرییەکی هەیە لەسەر روانگەی خەڵکی کورد بەرانبەر بە ئیسلام؟ بۆ داعش هێرشی بۆ سەر کورد هێنا؟
حەكیم كاكەوەیس: وا دەزانم دەوڵەتی ئیسلامی، کە بە داعش ناوی دەرچووە، عەقڵێکی دەرەکی بەڕێوەی دەبا و بە باشی لە دەروونی مرۆڤ تێدەگەن و دەیترسێنن و هەنگاوی بە پەلەی چاوەڕواننەکراو دەنێن، ئەگەرچی مەرجی بەردەوامبوونیشی زۆر لاوازە و ئەوەشی کە دەیکەن، ئامانجە نەک ڕێبازێک بەرەو شتێکی تر. ناوچەیەکی فرەوانیان داگیر کرد و چاوەڕوانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە زلهێزەکان نەبوون ئاخۆ چ دەڵێن یا چ ناڵێن. ئەمانیش وەک القاعیدە، کە ڕۆژاوا لە دژی سۆڤیەت پشتی گرت و دوایی بە خۆیەوە دا، ئامانی نییە و بەو کەسەشەوە دەدا کە پشتی دەگرێ. ڕۆژاواییەکان باش لەمە حاڵین.
 

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar