fredag 18 december 2015

بینای بەرز و بیرەنەوتی قووڵی بەرپرسەکان، ئاڵای سپین


 
کاتێ هیچ پسپۆرییەکمان نەبێ، نازناوی "ڕۆشنبیر" بۆ خۆمان دادەنێین و قسە لە هەموو شتێک دەکەین و حوکمیشە دەبێ گوێمان لێ بگیرێ. کە پسپۆرییەکیشمان دەبێ، وەک من کە (بە ناوە) لە بیرکاریدا هەمە و مەگەر بۆ لێکدانەوەی لۆژیکانە بەکەڵکم بێ، دەستبەرداری دەبین و دەچینە ناو لەشکری بێسەرەتا و کۆتایی ڕۆشنبیرانەوە، بێ ئەوەی پێناسەیەکی دیاریکراومان بۆ "ڕۆشنبیر" هەبێ. من لە لای خۆمەوە، دڵم بەم پێناسەیە ئاو دەخواتەوە و با خوێنەری ئەم بابەتەش پێناسەی تری بۆی هەبێ: "ڕۆشنبیر کەسێکە، لە هەر شتە و شتێ دەزانێ". ئەوەش هەر دەکاتەوە ئەوەی لە هیچ شتێکدا، بە تەواوەتی شارەزا نییە و دیارە منیش هەر وام. پێناسەش هەیە دەڵێ: لەو ڕۆژەوەی مرۆ فێر بووە کەرەسە بەکار بێنێ، ڕۆشنبیر بووە! واتەم پێش ئەوەی بزانێ نەقیزە بەکار بێنێ زانیویەتی چۆن و بە چی دروستی بکا و ئیتر بووە بە ڕۆشنبیر. چەندین جار و بار بۆ خۆجیاکردنەوە و بەرزبوونەوە، گوێم لێ بووە گوتوویانە: "ئێمەی ڕۆشنبیر...". بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بە بێ چارەسەر جێنەهێڵم، من بە خۆم دەڵێم خوێنەوار یا خوێنەر یا کەسێک کە بە دوای زانیاریدا دەگەڕێ و دەیگەیەنێ. ئەگەر ئەوە ڕۆشنبیر بێ لە پەراوێزیشدا بێ من هەووم، دەنا نەء! دیارە کە لە ناو ڕۆشنبیراندا هەڵکەوتووش هەیە کە خوێنەر هەمیشە بە دوای بابەتەکانیدا دەگەڕێ... ئەوە، دەبێ گرنگی بە لایەنێکی دیاریکراوی ڕووناکبیری دابێ دەنا وەک زۆرینەکە، دەست لە گونان درێژتر لێی دەردەچێ. ئەوەی دوێنێ بەڵگەی بۆ ڕاستیی کارەکانی ستالین یا هیتلەر دەهێنایەوە و ئێستا بە هەمان چاوقایمییەوە لافی دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی لێدەدا، چاکترە (خوێنەر بیمرێنێ) کەچی لە ناو ئێمەدا، لە جاران باشتر گەشە دەکا.
هەست بە ناڕێکییەکی کوشندە لەو وشەیەدا، یا ئەو زاراوەیەدا دەکەم. هەر ئەو ناڕێکییە نەبیندراوەش بوو وای لە زۆرینەی "ڕۆشنبیر"ان کرد، ماوەی دەیان ساڵ سەرجەمی میللەتێک بە پڕوپووچەوە سەرقاڵ بکەن و وای لێ بکەن، لە هیچ هەنگاوێکدا بەر پای خۆی نەبینێ. هەموو پێناسەیەکیان بۆ کار کرد، پێناسەی ڕاستەقینەی "کار" نەبێ، کە لە خوێندنی فیزیادا جۆرێکە و لە بواری ئابووریی سەرمایەداریدا جۆرێکی ترە(*). دەیان ساڵ بە سۆسیالیزمی ستالینەوە سەرقاڵ بووین، سستەمەکەی ستالینیش ڕووخا و ڕەنجی ئێمەش بە با چوو. دەیان ساڵ بە چینی شەعبییەوە سەرقاڵ بووین، سستەمی چینیش گۆڕا و بوو بە سەرمایەداری. دەیان کتێب و نامیلکە و شیعرمان لە سەر چی گیڤارە نووسی، هەموو سەرکەوتنەکەی ئەویش شەهیدبوون بوو و چەوساوەکانی ئەمەریکای باشوور و جیهان وەکو خۆیان مانەوە. چەندین ساڵ سەرقاڵی سستەمی ئەلبانیا بووین، کەچی ئەو وڵاتەش، بە هۆی دواکەوتووییەوە، ناوی ئەسیوپیای ئەوروپای بە سەردا سەپا. قیبلەنومامان بەرەو کووباش وەردەسووڕا و ئەویشمان دی. بۆ جوانکردن و قەبووڵکردنی کۆیلایەتی، دەیان ساڵ دەهۆڵی برایەتی کورد و عارەبمان کوتا، کەچی ئەنجامی برایەتی، ئەنفال و کیمیا بارانی کورد و فرۆشتنی کچانمان بوو. بە بەژن و باڵای شۆڕشی ئەهوارەکان و موحسین حەکیمماندا هەڵدا، کەچی شیعەی برا، بەرانبەرمان، لە بەعس دڕتر دەرچوو. ئەو هەموو کەتنەمان کرد و دەمی خۆمان لستەوە، بێ ئەوەی کەس هەقوحیسابێکمان لەگەڵدا بکا و بڵێ: "کوێراییتان دابێ بۆ واتان لەو خەڵکە کرد و ئەو هەموو کات و ڕەنج و خوێنەتان بەفیڕۆ دا؟!". ئێستاش، هیچی وا نەماوە دەست بە کلکییەوە بگرین، فەلسەفەی ڕۆژاوا نەبێ کە خۆیان (ئەوروپییەکان) بە دەگمەن نەبێ بە لایدا ناچن و سەرچاوەکەی یۆنانە و باسەکانی، هەر بە قەدەر خدری زندە و کەوسواری یارسانان ڕاستە، با وەک بزنە و مەڕەی خۆمان، بەرهەمی هزری مرۆڤیش بێ. ئەو هەرایەی ڕۆشنبیران بە دەوری فەلسەفەدا بەرپایان کردووە، لە ئەوروپا مەگەر زۆر بە دەگمەن، دەنا کەس بە لایدا ناچێ. بەڵام با ئەوەی لێ دەرکەین کە ئەوروپاییەکان، ڕێنیسانسیان بەرپاکرد و کەنیسەیان لە کاروباری وڵاتدا پەکخست! ئێمە ئەوەیان ناکەین!... لەبەر ئەوەی ڕاستە و هی ئەوەیە دەقاودەق لاسایی بکرێتەوە، بڤەیە! نە شۆڕشی هەڵم لای ئێمە بابەتە و نە ڕێنیسانس و وەلانانی دەسەڵاتی مەلازادان.
"ڕۆشنبیر" چی لەو میللەتە دەوێ؟! ئەوەی دوێنێ ئەو بالۆرانەی سەرەوەی لێ دەدا، ئەمڕۆ بای داوەتەوە و بە هەمان نەفەسەوە (حوکمیشە گوێی لێ بگیرێ!)، بە بەژنوباڵای ئیمپریالیزمو سەرمایەداری و بیناسازی کوردستاندا هەڵدەدا و دەیەوێ ئەو بیناسازییەی سلێمانی و هەولێر و دهۆک لە کورد بکا بە دەستکەوت و بەڵگەی پێشکەوتن و سەرفرازی؟ ئەگەر من وای نەبینم چ دەبێ؟! ڕۆشنبیر نیم؟! دیسان بەزمەکەیە و تۆمەتباران دەکرێم: کۆنەپەرستی و نەتەوەپەرستی و هەزار ناتۆرەی ترم دەدرێنە پاڵ! چش!! من ڕۆشنبیر نیم!
من ئاڵایەکی سپی، ئاڵای خۆبەدەستەوەدان بە سەر هەر یەکێ لەو بینا بیست نهۆمییانەوە دەبینم، کە لەو شارانەدا بەرز کراونەتەوە، چونکە موڵکی کەسانێکن، بۆ سەلامەتی چارەنووسی ئەو بینایانە، بڕیاری بەدکارانە لە سەر چارەنووسی میللەتێک و نیشتیمانێک دەدەن. ئەو بینایانە بە بەرزی و بیرە نەوتی بەرپرسان بە قووڵی، ڕەمزی خۆبەدەستەوەدان و چارەڕەشی میللەتێکن و خوێنی ئەوانە بە هەدەر دەدەن کە پارێزگارییان لە نیشتیمان کرد یا دەکەن.
گۆڵدا ماییر، کە وەزیری کار بووە، لە یەک ژووردا ژیاوە و مەرجە هەرە قورس و گەورەکەی ئەوە بووە دەرگای سەربەخۆی بۆ دەرەو هەبێ. ئەو ژوورە، بەر بۆمبا کەوتبا یا نەکەوتبا، ئیسرائیل چ زەرەری دەکرد؟. گۆڵدا ماییر، دڵی بەوە خۆش بووە شەوان، لە سەربانەکەوە تەماشای "ئۆرشەلیم"ی کردووە، بەڵام دەبێ ئێمە دڵمان بەوە خۆش بێ کە کوڕی فڵان بەرپرس، لە زەماوەندەکەیدا ئەوەندە ملیۆن دۆلاری سەرف کردووە، یا ئەوەندەی لە قوماردا دۆڕاندووە... ئای ئای! ئەو دوو دیاردەیە هەمان ئامانجیان هەیە؟!
ئەو ژورەی گۆڵدا ماییر، ئاڵای سپیی لە سەر هەڵناکرێ، بەڵام هەوربڕە بەرزەکانی باشوور، ئاڵای خۆ بەدەستەوەدان، بە سەریانەوە دەشەکێتەوە و هەر وەک ئەو دەرمانەیە کە چاوی خەڵکی کوێر دەکرد!
"ڕۆشنبیران"ی کورد، کە لە چینایەتیدا ئەسپی خۆیان تاو دەدا و تەپوتۆزیان بەرپا دەکرد، ئێستا تۆبەیان کردووە!!  ئەو باسانەیان لە خوێنەری کورد نادیدە کردووە و هەندێ زاراوەی ناشرینی وەک زایۆنیزم و ئیستیعمار و بەڵێننامەی بلفۆر و شتی ئاوهایان وەک پەتا بەرەڵای ناو هۆشی کورد کردووە. ئەوەشیان هەر بۆ ئەوە کردووە، براگەورەیان لێ ڕازی بێ و لە پەراوێزی پەراوێزدا جێیان گەرم بێ.
بەڵام هەرگیز باسی ئەوەیان نەکرد کە زایۆنیزم، بزووتنەوەی کرێکاران و جوولەکە چەپڕەوەکانیشی لە خۆ دەگرت. باسی ئەوە نەدەکرا کە ئینگلیز، چەند دژی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بوو، ئەوەندەش دژی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو. باسی ئەوەیان بۆ نەدەکردین بەریتانیا دەنگی بۆ دامەزراندنی ئیسرائیل نەداوە، بەڵکو یەکێتی سۆڤیەت دووەم دەوڵەت بوو دەنگی پێ دا و یەکەم دەوڵەت بوو کە گۆڵدا ماییری وەک سەفیری ئیسرائیل لە مۆسکۆ وەرگرت.
جگە لە ئیرادەی جووەکانی ناو فەلەستین کە بەرەنگاری مەحاڵ بوونەوە، یەکەم کاریگەر بۆ دامەزراندنی ئیسرائیل، جووەکانی ئەمەریکا بوون و دووەمیش دەوڵەتە عارەبەکان بوون. جووەکانی ئەمەریکا، بە جۆرێ کۆمەکیان بۆ ئیسرائیل کۆ دەکردەوە، لە ساڵی ١٩٤٨دا، داوای بیست ملیۆن دۆلاریان لێ کرا، ئەوان پەنجایان کۆ کردەوە.  ئەوجا دەوڵەتە عارەبەکان، هێزی کار و بەشەریان بە لێشاو بۆ دەناردن. لە کاتێکدا هەموو جووەکانی فەلەستین، ٦٠٠ هەزار کەس یا شتێ زیاتر دەبوون، تەنها لە عیراقەوە، (١٢١) هەزار کەس ڕەوانەی ئیسرائیل کران و لەوێ دەستیان بە کارکردن و چەک هەڵگرتن کرد. بە هەمان شێوە، لە سووریا و میسر و ئەردەن و باکووری ئەفریقیا و یەمەنەوە... جووەکانی تورکیا و ئێران و دەوڵەتە عارەبییەکان، ژمارەی جووەکانی فەلەستینیان گەیاندە ئەوەی لە یەک ملیۆن تێپەڕێ. ئەوە خزمەتی ئیسرائیل بوو عارەب کردی یا دوژمنایەتی؟.
ئەو دەمەی ئیسرائیل لە دەمەدەمی دروستبووندا بوو، وزەی دارایی و بەشەریی جوو، لە هەموو جیهانەوە ڕووی لە فەلەستین بوو... بەڵام وزەی دارایی و بەشەریی ئەمڕۆی کورد، ڕووی لە دەرەوەیە و ئەوەی بەرەو دەرەوە داشناچۆڕێ، بە شێوەی ئاسۆیی و ستوونی بەرز دەکرێتەوە و هەموو وزەیەک بۆ دەرەوە دادەچۆڕێ چونکە سەرکردەیەکمان نییە بە خانوویەکی ئاسایی ڕازی بێ و بە ملیۆن دۆلار لە زەماوەندی کوڕەکەی یا کچەکەیدا خەرج نەکا. یەکەم شتێ جووەکان کردیان، ئاودێرێ و دارچاندن بوو و یەکەم شتێ ئێمە دەیکەین، لەناوبردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و لەوەڕگە و ئاودێرییە! لە کاتی گەیشتنی جووەکانی یەمەن و عیراقدا بۆ فەلەستین، وەزیرەکان پێشوازییان لێ دەکردن، بەڵام کورد، ئەگەر بەچکەی بەرپرسێک نەبێ، لە گەڕانەوەدا سووکایەتی پێ دەکرێ.
من دەزانم دواڕۆژی ئیسرائیلیش ڕوون نییە بەڵام کارێکی وایان کردووە، نەمانی ئەوان هاوکات بێ لەگەڵ نەمانی زندەوەرانی هەموو وڵاتانی دەوروبەر. ئەگەر ئەتۆمی عارەب لێی بدا، عارەبیش لەگەڵیدا دەسسوتێ. ئاگام لەوەش هەیە مۆسادی ئیسرائیلی، هەر بۆ ئاوڕێکی دۆستانەی تورکیا، ئۆجەلانی ڕادەستیان کرد. نەوەکانی داهاتوومان، مەگەر بەوە لێیان خۆش بن ببن بە پاڵپشت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی. دەزانم ئەو دەستەی دەیخەیتە ناو دەستی ئیسرائیلەوە، ئەگەر چارەسەر بێ بۆ جێی نووکە دەرزییەکی منداڵێکیان، پێیان بکرێ، دەیبڕنەوە و جێی نووکە دەرزییەکەی پێ چارەسەر دەکەن... ئەوان نازانن ناپاکی لە ئیسرائیل بکەن دەنا بەو پارانەی لە جووەکانی ئەمەرکاوە دەهات، ئەو ژنە، هیچ نەبوایە وەک بەرپرسەکانی ئێمە و وەک وەزیرێک، خانوویەکی دوو نهۆمی بۆ خۆی دروست دەکرد! جووەکان، پێنج هەزار دیلی میسرییان لە شەڕی ئۆکتۆبەردا، تەنها بەرانبەر یەک سەربازی دیلکراوی خۆیان، ئازاد کرد. ئەوان نرخی خۆیان بەرز ڕادەگرن!
کە دەوڵەتەکان داوای دواخستنی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیلیان لە جووەکان کرد، لە وەڵامدا گوتیان: "ئەرێ دوو هەزار ساڵ چاوەڕوانی بەس نییە؟!".  ڕۆشنبیرانی ئێمە (لە سیاسەتمەدارن هەر بگەڕێ) هەرگیز نەیانتوانیوە بە بەرپرس و سەرکردەەکان و شاسوار و شۆڕشگێڕ و مفاوەزاتچییە ملیاردێرەکانی خۆشمان بڵێن: "ئەرێ دوو هەزار و پێنجسەد ساڵ چاوەڕوانی بەس نییە؟! ئەرێ گفتوگۆ نەبڕایەوە؟!". لە ڕاستیدا، ڕۆشنبیرانی کورد، لە دەمێ زەمانەوە بە سەر ڕێچکەیەکی خیانەتکارانەدا دەڕۆن، جا پێی دەزانن یا نازانن، ئەوە نازانم و نەزانینیشیان بە قەدەر خیانەتکردن کارەساتە!



(*)  پێناسەی کار، لە فیزیادا: گواستنەوەی تەنێکە لە کاتێکی دیاریکراودا و بۆ مەودایەکی دیاریکراو. پێناسەی سەرمایەداریش بۆ کار: پڕکردنەوەی پێداویستی خەڵکە.

torsdag 10 december 2015

کورد منداڵێکە گەورە نابێ



کە ئاڵای کوردستان لە کۆشکی چانکای دەبینم، مووچڕکم پێدا دێ. کە سەرەکوەزیرانی تورکیا دەڵێ: "خۆزگە کوردیم دەزانی"، شاگەشکە دەبم. من بەشبەحاڵ، دەڵێی کوردستان بە سەربەخۆیی دەبینم.
بەڵام مێژووش بیرم دەخاتەوە:
کاتێ مستەفا کەمالی لادینی دژەمزگەوت و خوێندنی دینی،  جلی مەلایانەی لەبەر کرد و سەردانی زانا ئاینییە کوردەکانی کرد، سەڵاواتلێدانمان گوێی ئاسمانی کەڕ دەکرد! کاتێ ئەتاتورک بە کوردی گوت: "بە جلی کوردییەوە بچنە پەرلەمان"، گەشکەدار بووین و بە سەرکەوتنمان زانی. کاتێکیش کوردێکیان بۆ "عصبة الامم" نارد تا نوێنەری تورکیا بێ و تورکیا بە وڵاتی خۆی بزانێ، گوتمان: نەخێێێر، تەواو!! کورد و تورک بوون بە برا!
بەڵام خۆ سەددامیش بۆ فێربوونی کوردی، مامۆستای هەبوو... بە دەم ئەنفالکردنمانەوە، فێری کوردیش دەبوو!! سەددام، کە هیچ نەما پێمانی نەکا، لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا گوتیشی: ئەگەر کورد سەربەخۆییان دەوێ، با سەربەخۆ بن و بە قەدەر بابی ئێران، نەعلەت لە تورکیا.
دەبێ بە زمانی بەرخەوە بڵێین: ڕووی خۆشی گورگمان ناوێ، بەڵکو دەمانەوێ لێمان دوور بێ و هیچی تر!
ئەتاتورک، کە ئۆردوگان خۆی بە نەوەی دەزانێ، بەو نەختە مەسرەف و ڕووخۆشییە، ڕیسی کورد و کۆنگرەی سیڤەری کردەوە بە خوری و کوردی هیوابڕاو کرد. ئەی دەبێ بەو ئاڵایەی کوردستان، کە لە چانکای دانرا، چ ڕیسێکمان لێ بکرێتەوە بە خوری؟!... یا چ ڕیسێکام نەبێتەوە بە خوری؟! تۆ بڵێی گورگەبۆر تۆبەی لە گۆشتخواردن کردبێ!! ئەوە نییە ئێستاش تورکەکان، لە لایەکەوە ئاڵای کوردستان دادەنێن، لە لایەکیشەوە دەڵێن و دەنووسن: یا تورک بە یا گوێڕایەڵی تورک بە؟!! ئەوە هەمان دروشمەکەی عیسمەت ئینونو نییە کە دەیگوت: ئەگەر تورک نەبیت هەر ئەو مافەت هەیە خزمەکاری تورک بیت؟!
ئەو کاتە، مەلای کورد لایەنگری مستەفا پاشا بوون و لە دژی یۆنان، فەتوای غەزایان دەدا و کورد بە زەبری فەتوا و برایەتی دەکوژران. ئەمڕۆش زۆرمان لە بابەتی مامۆستا قەرەداغی هەن کە شانبەشانی قەرەزاوی، لایەنگر و پشتگری ئۆردەغانن.
داخەکەم!... کورد منداڵێکە، گەورە نابێ و نابێ!...

       




lördag 31 oktober 2015

ڕەوتی ژیان و بیرەوەری

 


https://www.youtube.com/watch?v=OQd6ktPU7L8&app=desktop

(سیرە و ذکريات) بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی سەردەمی بەعس بوو کە پێشکەشکارەکەی خانمێکی عارەب بوو بە ناوی (ابتسام عبداللە)وە. ئەو خانمە لەو بەرنامەیەی خۆیدا دیداری لەگەڵ کەسایەتییە عیراقییەکاندا ساز دەدا و لە یەکێ لە بەرنامەکانیدا، مامۆستا مەسعوود محەمەد مێوانی بوو و دیداری لەگەڵیدا ساز داوە. لە بەر گرنگی ناوەڕۆکەکەی، لە سەرەتاوە تا کۆتایی گوێم لێ گرت و ڕستە بە ڕستە نووسیمەوە و دوایی بە کاوەخۆ کردمە کوردی.
لە هەندێ جێدا دەنگەکان تێكەڵ دەبوون و لێتێگەیشتنیان یان مەحاڵ بوو یا زەحمەت بوو. لەو جێیانەدا هەندێ خاڵم داناوون.
من ئەم کارەم بۆ ئەوە کرد ئەو کوردانەی عارەبی نازانن لێی تێبگەن و بزانن لەو سەردەمەدا ئەو مامۆستا گەورەیەی کورد چی گوتووە. هیوادارم بەم کارەم سوودێکم گەیانبێ و کەسانێکیش هەبن، دوای ئاگادار کردنەوەی من یا کاک ئاسۆس شەفیق یا کاک کاروان عارف، وەک تێکستی وەرگێڕان بیخەنە سەر فیلمەکە.

حەکیم کاکەوەیس
٢١/٦/٢٠١٣
یێڤلە – سوید


ئیبتیسام عەبدوڵا: مامۆستا مەسعوود محەمەد کەسایەتییەکی کوردی نیشتیمانپەروەرە و زۆر نووسینی هەیە، لەوانە: سێ بەشی کتێبێک لە بارەی حاجی قادری شاعیرەوەن و یەکێک لە سەر (نالی)یە و یەکێ لێکۆڵینەوەیە لە سەر زمانی کوردی، کتێبێک ناوێ (نهێنییەکانی زمانی کوردی)یە و مامۆستا مەسعوود سەرۆکی لیژنەیەک بووە، کە کتێبی ڕێزمانی کوردییان نووسیوە و نامیلکەیەکیشی وەک لێکۆڵینەوە لە سەر زمانی کوردی هەیە، جگە لە چەندین گوتار و کتێب بە زمانی کوردی و عارەبی. کتێبێکیشی بە ناوی مرۆڤ و دەوروبەرەوە هەیە و بەشی دووەمی ئامادەی چاپکردنە.
وەک گوتم، مامۆستا مەسعوود محەمەد کەسایەتییەکی نیشتیمانپەروەرە و لە بزووتنەوەی سیاسیدا بەشداری کردووە، بە تایبەتی پێش شۆڕشی ١٤ی تەممووز و هەروەها دواتریش. لە ژیانیدا، شانبەشانی کاری سیاسی، هێڵێکی هاوتەریبیشی هەڵبژاردووە کە کارکردن بووە لە بواری ئەدەب و نووسیندا.

ئیبتسام عەبدوڵڵا: مامۆستامان، ڕەنگە دواتر نووسین بە سەر لایەنەکانی تردا زاڵ بووبێ...
مەسعوود محەمەد: لە ڕاستیدا، نووسین ئەو دەمە دەستی پێکرد کە توانیم خۆم بۆ نووسین تەرخان بکەم. واتە، دوای ئەوەی بووم بە ئەندام لە کۆڕی زانیاری کوردی. پێش ئەوە، نووسین بۆ من گران بوو. نووسین پێویستی بە کات هەیە، پێویستی بە بەردەوامی ڕوانین و بیرکردنەوە و پێداچوونەوەی سەرچاوە هەیە، لەوەش زیاتر پێویستی بە سەردانی دائیرەکان و چاپخانەکان هەیە بۆ ئیزنخوازی بۆ چاپکردنی نامیلکە و پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەیان، لە کاتێکدا کە لە کۆڕ بووم، من دەمنووسی و چاپخانە چاپی دەکرد و چ سانسۆرمان لە سەر نەبوو.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: چ ساڵێک؟
مەسعوود محەمەد: من ساڵی ٧١ چوومە کۆڕ. لەو کاتەدا ئەندامی کۆمکاری دامەزراندن بووم. ئەرکەکەم گوازرایەوە بۆ کۆڕ. دواتر پەیوەندیم بە کۆمکاری دامەزراندنەوە نەما و وەک ئەندامی کارا لە کۆڕ دامەزرام. ئەندامی کارا فەرمانبەرییە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: بەڵێ... ئێستا لە کۆڕی زانیاری کوردی دابڕاویت؟
مەسعوود محەمەد: لە ساڵی (١٩٧١)ەوە تا ناوەڕاستی ساڵی ٧٨ لە کۆڕ مامەوە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: مامۆستامان، وەک سەرنجم دا، کتێبێکی تریشت بە ناوی (هاوسەنگکردنەوەی تەرازوویەکی سەنگەلا)وە هەیە، ئەوەم بیر چوو.
مەسعوود محەمەد: لە ڕاستیدا، هاوسەنگکردنەوە کتێبێکی بۆنەیی بوو.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: بە زمانی عارەبی؟
مەسعوود محەمەد: بە زمانی عارەبی... گوتارە. لەو سەردەمە بوو کە لە کۆڕ بووم. گوتارەکانم، زۆربەیان سیاسین. ئەو کاتەی ئەندامی پەرلەمان بووم دەمنووسی و خیتابم دەدا. دوای ئەوەش کاتم بۆ هەڵکەوت گوتاری سیاسی و ئابووری بنووسم و تەنانەت چوار پێنج گوتار، یا زیاترم لە (غرفة بغداد)یش نووسی.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: بەڵام عارەبییەکەت زۆر زۆر باشە یا نایابە.
مەسعوود محەمەد: وەک دەڵێن، کەرەسەی خۆتانە و بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە. من زمان بێخەتا دەکەم. زمان دەبێ مافی خۆی پێ بدرێ...
ئیبتسام عەبدوڵڵا: مامۆستامان، ڕەنگە وەک دەگوترێ لە ماڵێکی زانست و مەعریفەدا گەورە بوویتە و ڕەنگە لە یەکەم پێگەیشتنتدا کاریگەری هەبووبێ لە سەر ئەوەی بووی بەم کەسە. بۆ نموونە ساڵی ١٩١٩ لە کۆیە هاتوویتەتە دنیاوە...
مەسعوود محەمەد: بۆ ئەوەی ورد بین، لە ڕاستیدا من لە هاوینەهەواری چنارۆک هاتوومەتە دنیاوە کە لە کۆیەوە بە سواری ئەسپ سەعات و چارەکێ ڕێگایە، کە بە هەیبەسوڵتاندا تێدەپەڕێ و کەوتۆتە بناری ڕۆژهەڵاتی کۆیەوە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: باوکت کەسایەتییەکی ئاینی بوو...
مەسعوود محەمەد: باوکم کەسێکی هەمەلایەنەی بەرچاو فرەوان بوو. لە بوێریدا لە ئاستێکدا بوو باوەڕ ناکەم هیچ مرۆڤێکی پێ گەیشتبێ.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ناسراوە لە...
مەسعوود محەمەد: لە کوردستان ناسراوە. کە گوتت مەلای گەورە یەکسەر خەیاڵ بۆ لای باوکم دەچێ. دەریایەک بوو لە زانیاری و باوەڕی بە حەق هەبوو و لە حەقدا لە لۆمەی کەس سڵی نەدەکردەوە. ژیان و بیر و زانست و بوون، هەمووی لەلا هاوسەنگ بوو. لە ماڵەوە بوایە، لە مزگەوت بوایە، لە ناو خەڵک بوایە لە لای پاشا بوایە یا لە کۆبوونەوەی حکوومەت بوایە، یا لە کاتی وانەگوتنەوە بوایە، نەمدیوە لەو بوارانەدا بگۆڕێ. مرۆڤ بە عادەت بە پێی شوێنەکان دەگۆڕێ و بۆ هەر بۆنەیەک جلی ئەوێ دەپۆشێ.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: دەمانەوێ شتێ لە بارەی کۆیەی ئەو سەردەمەوە بزانین. یا تەنانەت بیرەوەریت لە بارەی باوکت و خێزانەکەتانەوە.
مەسعوود محەمەد: یەکەم، لە سەرەتاوە، ئەمەش شەڕێکە و تووشم بووە، مرۆ لە ڕەوتی ژیان و بیرەوەریدا ژیانی خۆی دەخاتە ڕوو بەڵام ڕەنگە ئەمە خەڵک وابەستە نەکا بەڵام وەک دەڵێن (خوێی چێشت) یا شەڕێک خۆ لێلادانی نییە...
ئیبتسام عەبدوڵڵا: لەوێوە مێژووی عیراق دەخەیتە ڕوو...
مەسعوود محەمەد: بە هەرحاڵ ئەگەر شتێ بڵێم سوودی بۆ بینەر نەبێ دەمبەخشێ بەڵام لە توێی بابەتدا دەگوترێ. وەک گوتم من لە هاوینەهەواری چنارۆک هاتوومەتە دنیاوە و ئەو هاوینەهەوارە لە شیعری عاجی قادر و لە شیعری باوکمدا باسی کراوە. تەنانەت وا بزانم ئوتێلێک یا مێوانخانەیەک لە بەغداش بە ناوی چنارۆکەوە، لەم دواییانەدا هەیە... وەک من بزانم. من لەوێ لەدایک بوومە و ڕۆژی لە دایکبوونم دیاری نەکراوە بەڵام لە مانگی ئەیلوولی ١٩١٩ بووە. بەڵام دیارە من خەڵکی کۆیەم و خێزانەکەمان دوو سەدە دەبێ لە کۆیەن. خێزانەکەمان لە گوندی جەلییەوە گواستوویانەتەوە بۆ کۆیە. بوونمان لە گوندی جەلی نازناوی جەلیزادەی پێ بەخشیوین، چونکە باپیرە گەورەمان بە ناوی عەبدولڕەحمانی جەلیزادە ناوبراوە و زانای سەردەمی خۆی بووە و کوڕی زانایەکی تری وەک خۆی زانا بووە بە ناوی عەبدوڵای جەلی. ئێمە ئەو پاشناوەمان لەوانەوە بۆ ماوەتەوە. عەبدولڕەحمانی جەلی بوو کە لە دەوروبەری ١٢٠٠ی کۆچی بۆ کۆیە گواستیەوە، ئەوەش لە سەر داوای عەبدولڕەحمان پاشای بابان. عەبدلڕەحمان پاشا زاناکانی خۆشدەویست و پشتگیری لە زانست دەکرد و بەخۆشی زانا بوو. بە هەرحاڵ کەسایەتییەکی کورد بوو و پێویستە بە قووڵی لێی بکۆڵدرێتەوە. جا من خەڵکی کۆیەم و سەر بە جەلیزادەم و بوونمان لە ناوچەکەدا بۆ دەوروبەری ٤٥٠ ساڵ دەگەڕێتەوە. هەموو باوباپیرانم زانا بوون و تیایاندا زانای گەورە هەڵکەوتبوون و زانای سەردەمی خۆیان بوون. زنجیرەکە لە مندا کۆتایی هات و بچڕا و من دەستبەرداری ڕێبازەکە بووم. یەکەم گواستنەوەمان بۆ ناوچەکە لە سەردەمی شێخ ئیبراهیمی جەلی بووە. ڕەنگە لە جەزیرەی ئیبن عومەرەوە، ٤٥٠ ساڵ پێش ئێستا هاتبێتە باکووری عیراق و یەکەم جار لە پشدەر – قەڵادزێ، لە گوندێک کە پێی دەڵێن بێگڵاس نیشتەجێ بووە و هەتا ئێستاش خزمایەتی لە نێوان ئێمە و خەڵکی گوندەکە ماوە و نەپساوە. واتە کاتێ یەکتر دەبینین وەک خزم و هاوڕێ یەکتر دەبینین. چوار کوڕی لەوێ مانەوە و پێنجەمیش واتە پشتی پێنجەم بۆ ڕانیە گواستیەوە. گوندێک لە نێوان ڕانیە و کۆیە بە ناوی شیوەشانەوە هەیە، لەوێ نیشتەجێ بوو و هەتا ئێستاش پێی دەڵێن شیوەشانی مەلازادە. کەسەکە ناو نرا مەلا زادە و ئەشکەوتێک لە گوندەکە هەیە بەوەوە ناو نراوە و دەچووە ئەوێ ماوەی چەندین مانگ دەمایەوە و کەسی نەدەبینی. دەڵێن بە شیری بزنەکێوی ژیاوە. پیاوێکی زۆر دیندار بوو. کوڕە گەورەکەی کە ناوی عەبدوڵا جەلی یا عەبدوڵای جەلیزادە بوو، گواستیەوە بۆ گوندی جەلی و کوڕی دووەمی لە جەلی مایەوە تا عەبدولڕەحمان پاشا ناردیە کۆیە. جا ئێمە لە دەوروبەری چوار سەدە تا پێنج سەدەوە لەو ناوچەیەین و ڕێبازیشمان ئاینییە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: کەواتە خوێندنگەتان هەیە...
مەسعوود محەمەد: لە کۆیە هەمانە. کاتێ باپیرەگەورەم عەبدولڕەحمان جەلی چووە کۆیە مزگەوتێک و حوجرەیەکی هەبوو. هەتا ئێستاش ماوون. ئەوجا لە سەردەمی باپیرمدا کە ئەویش ناوی عەبدوڵای جەلی بوو و لە خوێندنی ئاینیدا هاوسنفی حاجی قادری کۆیی بوو. لەو سەردەمە، باوکی دایکی کە حاجی بابەکر ئاغای سەرۆکی حەوێزیانی کۆیە بوو، مزگەوتی گەورە دامەزرا کە هەتا ئێستاش ماوە. ساڵی ١٢٦٠ی کۆچی دەست بە دروستکردنی کرا و دوای دوو ساڵ تەواو بوو. دوای دروستبوونی ئەو مزگەوتە خێزانەکە بووە خاوەنی دوو مەدرەسە: مەدرەسەی حاجی مەلا ئەسعەد، چونکە ئەو مزگەوتە کە لە سەردەمی عەبدولڕەحمان جەلیدا دروست کرا، بە ناوی نەوەکەیەوە، حاجی مەلا ئەسعەدەوە ناو نرا. ئەو مەدرەسەیە و مەدرەسەی مزگەوتی گەورە. ئەو مەدرەسانە هەن بەڵام شێوازی خوێندن گۆڕا. منیش ئەو ڕێبازەم بەردا. باوکم ساڵی ١٩٤٣ لە تشرینی یەکەمدا کۆچی دوایی کرد. دوای ئەو شێخ نورەدینی مامم دەرسگوتنەوە و ئەرکە دینییەکانی تری گرتە ئەستۆ چونکە بە عادەت ئەوەی لە مزگەوتی گەورە بوایە لە کاروباری دینیدا دەبووە سەرچاوە... تەنانەت حکوومەتیش ڕاوێژی پێ دەکرد. ئیتر ئەو مایەوە و ئەو کاروبارانەی ڕادەپەڕاند و ئەرکی خێزانی و هەموو شتێکی بۆماوەیی ئەنجام دەدا تا ساڵی ١٩٥٢ کۆچی دوایی کرد. ساڵی ٥٢ کە من لە حقوق بووم بە زوڵمم زانی جێگەیەک بگرمەوە کە خۆم بۆی ئامادە نەکردبوو. ڕەنگە بە نەختێ خۆماندووکردن بمتوانیبا هەموو شتێ بەڕێوە ببەم بەڵام ڕابردووم هی ئەوە نەبوو ئەو ڕێبازە بگرمە بەر. جگە لەوەش، سەردەمی من سەردەمی باوکم و مامم و باپیرم و باپیرانی ترم نەبوو.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: منداڵیت لە کۆیە. بیرەوەری ئەو سەردەمەت ساڵانی ١٩٢٠ لە کۆیە!
مەسعوود محەمەد: وەک تارمایی خەون لە بیرمە. لە بیرمە ساڵی ١٩٢٢ کۆیە لە لایەن ئینگلیزەکانەوە بۆردومان کرا. منداڵ بووم... گاگۆڵکێم دەکرد. بەڵام دەنگی فڕۆکە و بۆردومان لە گوێمدا دەنگ دەداتەوە. ڕەنگە لە خەڵکم بیستبێ. بۆردومانەکە کرا و گواستمانەوە بۆ گوند و دوایی گەڕاینەوە. ئەوانەم لە بیر نین. یەکەم شت لە بارەی کۆیەوە لەبیرمە لە سەرەتای بیستەکانەوە لە جەنگی یەکەم هاتبووە دەرێ و ئەو برسێتییە تۆقێنەرەی ساڵی ١٩١٧ خەڵکی کۆیەی کوشت و تووشی بەڵایەکی زۆر گەورەی کرد. تەنانەت دەڵێن ئەوەندە کەسەی تێدا نەمابوو نوێژی جەماعەتی تێدا بکرێ، کە دەبێ چل کەس بن. لە بیرمە کۆیە سیمای وێرانەی گرتبوو. ئەو مەودایەی کە دەکەوتە نێوان ماڵی ئێمە و مزگەوتەکەوە، مزگەوتی حاجی مەلا ئەسعەد، کە ٢٠٠ یا ٢٥٠ مەتر دەبوو، هەمووی کەلاوە بوو. خانووی تێدا نەبوو. هەمووی کەلاوە بوو. لە تەنیشتیەوە هەمووی کەلاوە بوو. تەنیشت مزگەوتەکە کەلاوە بوو. خەڵکەکە ماندوو بوون بەڵام وەک تارمایی نەبێ لە بیرم نییە و ئیدی چۆن ژیان و چۆن خۆیان بەڕێوە بردووە، لە من داوا ناکرێ...
ئیبتسام عەبدوڵڵا: لە کۆیەت خوێند؟
مەسعوود محەمەد: قوتابخانەی سەرەتایی لە کۆیە هەبوو. قوتابخانەی سەرەتاییش چیرۆکی خۆی هەیە چونکە لە سەر داوای باوکم، لە سەردەمی عوسمانییەکان و لە کاتی دەسەڵاتی سلێمان نەزیفی والیدا، لە کۆیە کرایەوە. تەنانەت ئەو بروسکەیەی لە والییەوە بۆ کۆیە هات دەقاودەق تیایدا نووسرابوو لە سەر شەرەفی فڵان... مەلا محەمەد ئەفەندی، بڕیارمان دا قوتابخانەیەک لە کۆیە بکەینەوە. ئەو قوتابخانەیە زۆر کەس و ڕۆشنبیری پێگەیاند و باوکم بە بەردەوامی سەرپەرشتی دەکرد. تەنانەت لە بیرمە دەوڵەمەندێکی کۆیە کوڕەکەی لە قوتابخانە دەرکردبوو و لە سەر دوکان داینابوو، کە باوکم دیتبووی، لە دوکانەکەوە بردبوویەوە بۆ قوتابخانە و دیارە باوکیشی چ قسەی نەکرد. زۆر لە وەجبەی یەکەمی ڕۆشنبیرانی سەردەمی نیشتیمانی بە منداڵی ڕۆحیی باوکم دادەندرێن. بەڕێوەبەرەکەم لە بیرە، عەبدولڕەحمان شەرەف، خوا لێی خۆش بێ. دوایی بوو بە قایمقام.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ژمارەی قوتابییەکان...
مەسعوود محەمەد: ژمارەی قوتابیەکان، وابزانم ئەو کاتەی من لە پۆلە ناوەنجییەکان بووم، دەوروبەری ٢٠٠ قوتابی بوو. من یەکەم قوتابی بووم، لە کوڕان، لە تەمەنی قوتابێتیدا چوومە قوتابخانە. کە چووم تەمەنم حەوت ساڵ بوو، لە کوڕان، چونکە باوکم ساڵێک پێش من خوشکە گەورەکەمی ناردبوو. ڕەنگە ئەو لە عیراقدا تاکە کەس بووبێ ئەو هەنگاوەی نابێ، چونکە پلەوپایەی زانستی مەودای ئەو هەنگاوە بوێرانەی دەدا کە کچەکەی بنێرێتە قوتابخانەی کوڕان.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ببوورە من پرسیاری قوتابخانەی کچانم نەکرد چونکە بە دڵنیاییەوە ئەو سەردەمە قوتابخانەی کچان نەبووە.
مەسعوود محەمەد: لە ڕاستیدا باوکم پشتگیری خوێندنی دەکرد و هیوای لە سەر پێگەیاندنی نەوەیەک هەڵچنیبوو، بە جۆرێ لە جۆرەکان ئازاد بن و لە توێکڵ و شێوازی چوونەوەناوخۆی بۆماوەیی هەزاران ساڵ دوور بکەونەوە... عادەت و ڕێوڕەسمی بۆگەنکردوو...
ئیبتسام عەبدوڵڵا: باوکت هەر لە کۆیە دەمایەوە...
مەسعوود محەمەد: باوکم لە وەرزی هاوین نەبوایە کە دەچووینە هاوینەهەواری چنارۆک، قەت کۆیەی جێنەدەهێشت. جگە لەوە، هەر لە کۆیە بوو بەڵام...
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ببوورە، وابزانم مەلیک فەیسەڵیشی دیبوو.
مەسعوود محەمەد: ئەو بوو بە ئەندامی کۆڕی دامەزراندن و هەموو کەسایەتییەکانی بەغدای دیت و لەگەڵ بەغدادا پەیوەندی کۆنمان هەیە. بۆ نموونە باپیرم، عەبدوڵا جەلیزادە ساڵی ١٢٩٤ سەردانی بەغدای کردووە و ئەو دەمە موفتی زەهاوی، باوکی جەمیل سدقی زەهاوی یەکەم زانای بەغدا و موفتی بەغدا بوو. چاوی بە سویدییەکان و پیاوماقوڵانی بەغدا کەوتبوو.
دیارە باوکم کۆڕ و قسە و ڕاگۆڕینەوەی لەگەڵ مەلیک فەیسەڵدا هەبوو. هەروەها لەگەڵ عەبدلموحسین سەعدوون و جەعفەر پاشای عەسکەری.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: با بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی خوێندنی دوای سەرەتایی. تۆ بۆ خوێندنی ناوەندی چوویتە هەولێر...
مەسعوود محەمەد: بەڵێ. لەو سەردەمەدا ناوەندی لە کۆیە نەبوو تا لە سەر خوێندن بەردەوام بم، بۆیە چوومە هەولێر بەڵام دوو ساڵ دوای ئەوەی سەرەتاییم تەواو کرد، چونکە تەمەنم بچووک بوو.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: واتە ساڵی ١٩٣٤
مەسعوود محەمەد: ساڵی ١٩٣٤ چوومە هەولێر و لەوێ چوومە ماڵی مەلا ئەفەندی کە هاوڕێی باوکم بوو و هەردوو بنەماڵە، ڕەنگە ماوەی چەند سەدەیەک بوو دۆستایەتییان هەبوو. من پێنج ساڵی خوێندنم لە ماڵی مەلا ئەفەندی مامەوە. هەر دەتگوت لە ماڵی خۆمم. کوڕەکانیشیان وەک برام بوون.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: دیارە ئەو دەمە هەولێر بچووک بووە...
مەسعوود محەمەد: هەولێر بچووک بوو بەڵام لە چاو کۆیەوە گەورە بوو. وەک لە هەندێ سەرچاوە باس دەکرێ، لەوانە (قاموس الاعلام الترکي) دانئشتوانی کۆیە لە ساڵی ١٨٩٨دا دە هەزار کەس بووە و ژمارەی دانیشتوانی هەولێریش شەش هەزار بووە. واتە لەو سەردەمەدا کۆیە لە هەولێر گەورەتر بووە. بەڵام کارەساتی گرانی و برسێتی وەک کۆیەی گرتەوە هەولێری نەگرتەوە. کۆیە لەو کۆڕەوەی لە کوردستانی ئێرانەوە بۆ کوردستانی عیراق کرا زەرەرمەند بوو چونکە نزیکترین شار بوو لە مەهاباد و سەردەشت و ئەو ناوچانەوە کە سوپای قەیسەر لە ١٩١٦ و ١٩١٧ هەتا بەرپابوونی شۆڕش داگیری کردبوون. ئەو هەزاران هەزار خەڵکە برسییە زەخیرەی خەڵکی ناوچەکەیان خوارد. ئەگەر ئەو کۆڕەوە نەبوایە بەختی کۆیەش وەک بەختی هەولێر یا موسڵ دەبوو. بەڵام ئەو کۆڕەوە چڕە... من پاشماوەیانم لە کۆیە دیتووە. دیارە هەولێر چەند قات لە کۆیە گەورەتر بوو. یەکەم شاری گەورەیە دوای کۆیە کە من دیبێتم. بەڵام بە گوێرەی هەولێری ئەمڕۆ، ڕەنگە یەک لە پانزەی نەبووبێ. ڕەنگە ئەو سەردەمە ژمارەی دانیشتوانی بیست هەزار کەس بووبێ، بەڵام ئەمڕۆ لە سێسەد هەزاری تێپەڕاندووە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ئێستا فرەوانە. شارێکی گەورە و جوانە.
مەسعوود محەمەد: شارێکی گەورە و فرەوانە و بە شێوەیەکی سەیر گەشە دەکا، بە تایبەتی دوای ئەوەی بوو بە چەقی حوکمی زاتی و دەبێتە پایتەختی مانگەکانی هاوینی وڵاتیش.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ئامادەییشت لە هەولێر تەواو کرد.
مەسعوود محەمەد: ئەو دەمەی من لە هەولێر بووم ئامادەیی تێدا کرایەوە. هەولێر تەنها ناوەندی تێدابوو. پێم وابێ لە سەردەمێکدا لە عیراق جگە لە چوار شار، ئامادەیی نەبوو: بەغدا و موسڵ و بەسرە و نەجەف. دوای نەجەف ئامادەیی لە کەرکووک هەبوو. دوای ئەوە ئامادەیی لە لیواکاندا کرایەوە. جا من ناوەندیم تەواو کرد، ئامادەیی کرایەوە و ئەوەشم لە هەولێر تەواو کرد. دوای ئەوە ساڵی ١٩٤١، دوای هەراکەی ڕەشید عالی هاتمە بەغدا و چوومە حقوق. بە ڕێکەوت لە ناو ئەو خوێندکارانەی هەولێردا کە بۆ خوێندنی حقوق هاتبوون، من باشترین دەرەجەم هەبوو. هەولێریش (أربیل) کە ناوەکەی بە هەمزە دەست پێ دەکا یەکەم شار بوو. لەبەر ئەوە من یەکەم کەس بووم ڕۆیشتم و یەکەم کەسیش بووم کە وەرگیرام. عەمیدەکەمان، خوا لێی خۆش بێ، مونیر قازی بوو. مامۆستایەکی ڕێزدار و پیرێکی بەسام و لە بواری خۆیدا باڵا بوو. خوێندنی حقووقم لە بەغدا، لە ساڵانی جەنگدا خوێند و جگە لە کێشەکانی ناوچەکە کە پەیوەندییان بە میرات و سەرپەرشتی موڵک و ئەو شتانەوە هەبوو، خوێندنیش کاتی دەویست. کە ساڵی چوارەمم تەواو کرد لە دەرچوون دڵنیا نەبووم، چونکە هەموو دەوامەکەم لە یەک مانگی تێنەپەڕاند. تەنانەت نەمتوانی هەندێ کتێب هەر بکەمەوە. مەلزەمە هەیە هەتا ئێستا ماوە و نەکراوەتەوە. چونکە مەودام نەبوو بخوێنم و بخوێنمەوە و بە سەرسوڕمانەوە دەرچووم بەڵام دەرچوونێک کە لە سنووردا بوو.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: واتە دوای ئەو ماوەیە تا جەنابت چوویتە کۆلیژ خوێندنی ئاساییت دەخوێند و خوێندنەوە لە منداڵییەوە لەگەڵتدا هات.
مەسعوود محەمەد: لە ماڵێکدا بووین ڕەنگە خوێندنەوە لە نان زیاتر بووبێ و کتێب لە جلوبەرگ زیاتر بووبێ. دیارە من هەر بۆم هەبوو گوێ بگرم و ببینم چ دەخوێندرێتەوە. دیارە کۆڕەکانی باوکم کۆڕی بەتاڵ نەبوون. لە ڕاستیدا مینبەر و ڕووناککەرەوە بوون. قسەکانی درەوشاوە و سەرنجڕاکێش و ڕوون و بەسوود بوون. چونکە جگە لە نوکتە هیچی نەدەگوت. چونکە حەزی لە نوکتە بوو. شتێکی نەدەگوت سوودی نەبوایە. یا شتێکی تازەی دەگوت کە کەس پێش ئەو نەیگوتبێ. لەبەر ئەوە سەیر نییە عەشقی نووسین بم و عەشقی خوێندنەوە بم لە بواری خوێندنەوەدا پێش هاوتەمەنەکانم کەوتبم.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: خوێندنەوەکانی ئەو سەردەمەت...
مەسعوود محەمەد: هەر شتێک کە بمتوانیبا بیخوێنمەوە دەمخوێندەوە. دیارە خوێندنەوەی کوردیم زیاتر بوو خوێندنمان بە زمانی کوردی بوو. تەنها وانەیەکی زمانی عارەبیمان هەبوو. بەڵام گوێم دەگرت عارەبی لە حزووری باوکمدا بەکار دەبرا و شتم بە عارەبی دەخوێندەوە. لەبەر ئەوە عارەبی وەک بۆ هاوڕێ قوتابییەکانم نائاشنا بوو، بۆ من نائاشنا نەبوو.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: لەو سەردەمەدا نەتدەنووسی یا هەوڵت نەدەدا بنووسیت.
مەسعوود محەمەد: نا من سەرەتای تەمەنم نووسەر نەبووم بەڵام سەرەتایەکی شاعیرانەم تێدا هەبوو و هەندێ شیعرم بە کوردی نووسیوە و کاتی خۆی بە دڵم بوون. ڕەنگە ئێستاش بە دڵم بن.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: شتێکیت لە بیر ماوە.
مەسعوود محەمەد: لە بیرم ماوە، بەڵام پێویست نییە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: لە بیرت...
مەسعوود محەمەد: هەندێکیم لە بیرە بەڵام ئەو کەرەسەیە نین بخرێنە بەر چاو.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: تۆ بڵێی شانازییان پێوە نەکەیت...
مەسعوود محەمەد: لە ڕاستیدا بەرانبەریان بێلایەنم. واتە نە شانازی نە ڕق. هەوڵی هەرزەکار. بەرهەمی نالی و حاجی قادر و باوکی و ئەدیبان و شاعیرانی تری کورد و عارەب دەخوێنێتەوە و بۆچوونێکی لە لا پەیدا دەبێ و دەتوانێ دایڕێژێ و بە شێوەیەک دایدەڕێژێ. ئەوە هەموو شتەکەیە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: وەک باست کرد حاجی قادر و نالی سەرنجیان ڕاکێشابووی. ئەدی شاعیرە عارەبەکان؟
مەسعوود محەمەد: لە ڕاستیدا دوای سەردەمی جاهیلی، لە شیعری عارەبیدا یەکەم کەس کە سەرنج ڕادەکشێ و خوێنەری بەزەوق یا کەسانێک کە لە واتا دەگەن سەرسام دەکا. موتەنەبییە. موتەنەبی زەبەلاحی زەبەلاحەکانە. بە باوەڕی من موتەنەبی لە شیعردا و عەقادی ئەم سەردەمە لە پەخشاندا، هەردووکیان لە جێیەکەوە دەستیان پێ کردووە کە خەڵکی تر لێبوونەتەوە. بازدانی موتەنەبی و بازدانی عەقاد لەو شوێنەوەیە کە خەڵکی تر کۆتاییان هات... لێبوونەوە. ئەوە سنووریانە. بۆ نموونە کاتێ موتەنەبی پێش هەزار ساڵێک دەڵێ:
زەلیل زەلالەتی پێ ئاسانە    برین ئازاری بۆ مردار نییە
ئەگەر کۆمەڵێ زانای دەروونناس چەندین ساڵ بیری لێ بکەنەوە ناتوانن ئەو هەموو ڕاستییانە لە قاڵبێکی ئاوها جوان و بێوێنە و لە هەمان کاتدا جوان داڕێژراودا کۆ بکەنەوە... واتە وشەی کەم ڕاستییەکی زەبەلاح لە خۆ دەگرن. بۆ نموونە کاتێ دەڵێ:
وەستاویت و گومان لە مەرگی وەستاو نییە    دەڵێی لە پێڵۆی مەرگدایت و مەرگ خەوتووە
من دەمەوێ یەکێ هەبێ بگاتە ئاستی ئەو دەربڕینە... شتێکە بەراورد ناکرێ... لەگەڵ شتی تردا بەراورد ناکرێ. لە موتەنەبی بێرە خوارەوە و بچۆ بۆ لای ئەحمەد شەوقی. ئەحمەد شەوقی زەبەلاحی زەبەلاحەکانی ئەم سەردەمەیە. شاعیری باشی داهێنەری تر هەن زۆریانم خۆش دەوێ بەڵام شەوقی شتێکە و ئەوانی تر شتێکی ترن.
عەقاد، لەم ڕۆژگارەدا کەسی وەک ئەو پەیدا نەبووە. من دەڵێم زۆر بواری فکری فەتح کردووە. هەست بە شتەکان دەکا و داڕشتنێک دایاندەڕێژێ... ئەو داڕشتنە کەرەسەیەکە لەوانە نییە لە کتێب دەیانخوێنینەوە یا دەیانبیستین.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: مامۆستا ئەگەر ڕێ هەبێ دەمەوێ بپرسم کام شاعیرت بەلاوە پەسەندە؟
مەسعوود محەمەد: دەتوانم بە چەند شێوەیەک وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە. بەڵام بە کورتی دەڵێم، (نالی)ی شاعیر لای هەموو کوردێک خۆشەویستە. لای پێشکەوتنخواز و لای کۆنەپەرست و لای گەنج و لای پیر... لە پێشرەوایەتی و تاقانەییدا شایەدی بۆ دراوە و لە بواری ئەودا سۆز دەستەباڵایە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: با لەو سەردەمە دوور بکەوینەوە و بچین بۆ سەردەمی دوای تەواوکردنی خوێندنی کۆلێژی حقوق. وەک زانیومە حەوت ساڵ لە ماڵەوە گۆشەگیر بوویتە و بە خوێندنەوە بە سەرت بردووە و هیچ وەزیفەیەک یا کارێکت وەرنەگرتووە.
مەسعوود محەمەد: بە ڕوخسەتی تۆ و بەرپرسانی تەلەڤزیۆن، قسەکانم لە سەر شیعر بە بێ زیادکردنی شتێک تەواو ناکەم. یەکەم ڕەمزی قوتابخانەی نوێی شیعر گۆرانە و لە دنیادا ناو و ناوبانگی بەرفرەوانی هەیە. ئەو شاعیرانەی ئێستاش کە لە ژیاندا ماوون پێم وایە باشترینیان شێرکۆ بێکەسە. من هەموویانم خۆش دەوێ و مافی هەموو خاوەن مافێک دەدەم بەڵام پێویستە ئەو شاعیرە غەدری لێ نەکرێ چونکە ئەو، لە کاتێکدا من باسی دەکەم، ئێستا بە پێی بۆچوونی من باشترین شاعیرە لە شیعری نوێدا. پێم وایە دوای گۆران لە شیعری نوێدا ئەو ڕۆڵی یەکەمایەتی هەیە. بە بۆچوونی من، لە داڕشتن و سەبک و فکردا یەکەمە و ئەوەش دەخوازرێ و ئەوەش چاوەڕوان دەکرێ. پێم وایە ئەو لە پێشەوەیە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: با بچینە سەر پرسیارێکی تر.. ئەو حەوت ساڵەی دوای خوێندن بێ ئەوەی کارێک وەربگریت بەسەرت برد.. بە خوێندنەوە بە سەرت برد؟
مەسعوود محەمەد: ماوەی ئەو ساڵانە گۆشەگیر بووم و بۆم هەڵکەوت بە دڵی خۆم بکەم. چیم پێ خۆش بوایە ئەوەم دەکرد. بە پێچەوانەی پێشتر، خۆم بە هەموو باسێکدا نەدەکرد و نەدەچوومە هەموو بوارێکەوە، هەتا ئێستاش وام. پێم خۆش بوو کاتیی خۆم بەو جۆرە بە سەر بەرم کە خۆم دەمویست. ئەو شتانەم پێ خۆش بوو سەرقاڵیان دەکردم. بیرکردنەوە. بیرکردنەوە لەگەڵ خوێندنەوەدا. لەگەڵ تاقیکردنەوەکانم و ئەوانەی دەمبیستن. لەگەڵ پێککەوتنم لەگەڵ خەڵکدا. پێم خۆش بوو بیر لەو شتانە بکەمەوە و لەوانەوە بنەما و یاسا، بەو جۆرەی دەمویست بەدەست بێنم، نەک بەو جۆرەی کە لە کتێبدا نووسراوە. لە ڕاستیدا ئەو حەوت ساڵەم، بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا بە جۆرێ بە سەر برد وەک ئەوەی لە خەڵوەتدا بم و لە ڕووی نوکتەوە دەمگوت من بیجامە زۆر سەرف دەکەم چونکە ناچمە دەرێ. شەو و ڕۆژم دەخستنە سەر یەک و ئەو دەمە جگەرەشم دەکێشا و نیوەشەو پاکەتێکم تەواو دەکرد. واتە دوای نیوەشەو بیست جگەرە. زۆر جار دەمگەیاندە بەرەبەیان یا خۆرهەڵات و هێشتا بەخەبەر بووم. واتە من کوڕی ئەو ساڵانەم. لەو ماوەیەدا هیچ نەما نەیخوێنمەوە. بە ڕاست و چەپ و ناوەڕاستەوە. دەستم بە هەر کتێبێک گەیشتبێ خوێندوومەتەوە. لە مێژووەوە بگرە تا ئەدەب و جوگرافیا و هونەر و هەموو شتێک. ڕادیۆشم هەبوو و گوێم دەگرت. بە لای منەوە ئەو ساڵانە لە ڕووی پێگەیشتنی ناوەکییەوە ساڵانی هات بوون.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: سەرلەنوێ دروست بوویتەوە...
مەسعوود محەمەد: بەڵێ. هاوسەنگی لە ناخمدا پێکهات. هەروەها ڕازی بوون بەوەی کە لەو ساڵانەدا دەبوو. ڕازیبوون بەوەی هەیە ئاسان نییە. زۆر گرانە. مرۆ بە تاڵ و کرمێوە قەبووڵی بێ و لە ناخەوە گلەیی نەکات. مرۆ وای پیشان دەدا کە گوێی ناداتێ... بەڵام دەمارێک لە ناخیدا بۆ ڕەتکردنەوەی بەئازار بەرانبەر ئەو شتانەی ڕقمان لێیانە نەبزوێ ئاسان نییە و مەگەر سۆفییەکان پێی گەیشتبن و من لەوانیش نیم بەڵام سەراتاکانیم لە لا پەیدا ببوو. سەرەتای ڕەفتاری بێ ڕابەر. لە سۆفیگەریدا ڕێبازی بێ ڕابەر نابێ. بەڵام من لە نێوان خۆم و خۆمدا و لە سەعاتە درەنگەکانی شەودا و پێش بەیان و لە تاریکیدا... کارەبامان نەبوو... بیرم دەکردەوە و هەڵمدەسەمگاند و شتەکانم بە یەکتر بەراورد دەکرد و لە ناخەوە زەخیرەی خۆم و تاقیکردنەوەم لەگەڵ لاوێتی و هەموو دنیادا بەراورد دەکرد. لەگەڵ ڕووداوی چاوەڕواننەکراودا تووشی تێکچوونی هاوسەنگی دەبووم بەڵام زوو خۆم دەگرتەوە و ئەمە هەتا ئێستاش لەگەڵمدایە. بە هیچ جۆرێ بە پەرۆشی شتێک نیم لەدەستم دابێ. لەدەستچوونم بە لاوە گرنگ نییە بەڵام سترم دەوێ... لە خوا تەنها سترم دەوێ. دنیا بە ماددەکان و نەفسبزوێنەکانی و بەهێزکەرەکانیەوە لە دەرەوەی گرنگیپێدانی منن. هەتا ئەمڕۆش...
ئیبتسام عەبدوڵڵا: بەڵام دوای حەوت ساڵ گەڕایتەوە و ویستت شتێک بکەیت...
مەسعوود محەمەد: من بە ناچاری دەستبەرداری ئەو بارودۆخە بووم، چونکە مامم کە جێی باوکمی گرتبۆوە و ئەرکی ئەوی لە مزگەوت و لە کۆمەڵگە و لە هەموو شوێنێ بەجێ دەگەیاند، ساڵی ١٩٥٢ چەند ڕۆژێک دوای شۆڕشی یۆلیۆی میسر کۆچی دوایی کرد. چەند ڕۆژێک یا یەک حەفتە. دوای ئەوە ناچار بووم یا خەتی دینی بگرمەبەر یا لەو بارودۆخە دوور بکەومەوە کە تێیدا بووم. وەک پێشتر گوتم، من بۆ ئەو ڕێبازە ئامادە نەکرابووم بۆیە ئەوەم هەڵبژارد لە ڕێی فەرمانبەرییەوە لە کۆیە دوور بکەومەوە. لە سلێمانی بووم بە حاکم. ئەو دەمە حاکمیان پێ دەگوت، ئێستا قازییە. جا دوای کۆچی دوایی مامم لە سلێمانی بووم بە حاکم و چەند مانگێک مامەوە تا ئەو هەڵبژاردنە بوو کە نوورەددین مەحموود ئەنجامی دا. ئەو سوپاسالار بوو و لەو دەمەدا کێشە و خۆپیشاندان لە بەغدا پەیدا ببوون. ئەویان هێنا تا بارودۆخەکە هێور بکاتەوە بەڵام ئەو بە هێورکردنەوە دانەکەوت، بەڵکو هەڵبژاردنی تازەی ئەنجام دا. منیش لە لایەن خەڵکانەوە لە کۆیە تەکلیف کرام خۆم بپاڵێوم چونکە ئەو حیزبەی کارم تێدا دەکرد، کە پارتی – پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، داوام لێ کرا خۆم بپاڵێوم و منیش بە ناچاری قەبووڵم کرد. من لە کارەکەی سلێمانیم ئاسوودە بووم. بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر ئەو داواکارییەم قەبووڵ کرد. جا خۆم پاڵاوت و ناوچەکە و وەزیفەکەم بەجێ هێشت و گەڕامەوە بۆ کۆیە و چووینە هەڵبژاردنەوە و حکوومەت بە توندی ململانێی دەکرد بەڵام... لە کاتی هەڵبژاردندا نەختێ کێشە و هەرا دروست بوون و لە ناو شاردا بوونە هۆی ڕاگرتنی دەنگدان بەڵام کتوپڕ حکوومەت گوتی بەردەوام بن. دوای چەند سەعاتێک دەستمان پێ کردەوە و دوایی تا شەویش بەردەوام بووین. زستان بوو دنیا زۆر سارد بوو. بە هەرحاڵ کارەکە بە سەرکەوتووی تەواو بوو و من بردمەوە و هاتم بۆ بەغدا. دوایی زانیم هۆی دەستپێکردنەوەی هەڵبژاردنەکەی کۆیە چی بوو. پارێزگاری هەولێر بە بەرپرسی بەغدای گوتبوو ئەگەر هەڵبژاردن لە کۆیە بە هۆی فرتفێڵەوە ڕاگیراوە و ڕێی تێ دەچێ ئەو فرتوفێڵە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکە یا تێپەڕاندنی بەکار بهێندرێ ئەگەر حکوومەت لە بەغدا ئەوەی بوێ دەنا فڵانە کەس، واتە مەسعوود محەمەد دەردەچێ. نوورەددین مەحموود کە بە بێ مەبەست بۆی باس کردم کە کاتێ پارێزگار بیرۆکەکەی خستە ڕوو هەڕەشەم لێی کرد و گوتم ئەگەر دەست لە هەڵبژاردنی کۆیە وەردەیت، هەر ئێستا دەتکێشمەوە. دوای ئەوە بە بێ دەستتێوەردانی حکوومەت هەڵبژاردن ئەنجام درا. حکوومەت دەستی تێ وەرنەدا هۆکاریش فەرمانی نوورەددین مەحموود بوو، کە نەشیدەناسیم.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: جاری دووەمیش خۆت پاڵاوت...
مەسعوود محەمەد: لە هەڵبژاردنی دووەمدا... من ساڵ و شتێک لە پەرلەماندا مامەوە و پەرلەمان هەڵوەشایەوە و چووینە هەڵبژاردنی ١٩٥٤ەوە کە بەرەی نیشتیمانی تێدا بۆ ئەو هەڵبژاردنە دامەزرا. ئەو بەرە نیشتیمانییە لە چوار حیزب پێکهاتبوو. حیزبی نیشتیمانی دیموکراتی، حیزبی ئیستیقلال، حیزبی بەعس و حیزبی شیوعی. بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاستیدا بانگهێشت نەکرابوو. واتە پشتگیری نەکرا. خەڵکانی سەربەخۆش چوونە بەرەکەوە. منیش دوای سەرکەوتنم لە کۆیە بە تەزکییە، چوومە بەرەکەوە. ڕەنگە ئەمە بە دیاردەیەکی سەیر بێتە پێش چاو. چۆن ئەندامی پارتیم و پارتی لە بەرەدا نییە و من لە بەرەدام؟ لە ڕاستیدا ئەوە چیرۆکێکی هەیە و پێویستە بزاندرێ. من گوتم چوونم بۆ ناو بەرە شتێکی مەعقوولە و قسەکەشم لە بەردەمی کۆمۆنستەکان و پارتییەکاندا کرد. قسەکەم جێی ڕەزامەندی بوو. ئیتر بروسکەیەکم نارد و بروسکەکەم لە بنکەی پارتی لە شارەکەوە نارد. دوایی دەرکەوت گەورەکانی ناو حیزب ئەو شتەیان بە دڵ نەبوو و ئەو کەسەشیان سزا دا کە بروسکەکەی بە سەردا تێپەڕی. بەڵام تازە کار لە کار ترازابوو. من یەکێ بوو لە ئەندامانی پەرلەمان کە لە بەرەی نیشتیمانیدا بووم. ئێمە دوو کەس بە تەزکییە دەرچووبووین. من و حوسێن جەمیل. حوسێن جەمیل کەس ململانێی نەکرد و بە تەزکییە دەرچوو. سەرجەمی ئەندام پەرلەمانەکان دە کەس بوون نەک یانزە، وەک لە هەندێ سەرچاوە باسی دەکرێ. ناوەکانیانم لە بیرە و ڕەحمەت بۆ مردووەکانیان دەنێرم و هەمیشە لە بارەیانەوە ئەو ئایەتەی قورئانم بیر دەکەوێتەوە کە دەڵێ: من المٶمنين رجال صدقوا ماعاهدوا اللە منهم من قضی نحبە ومنهم من ينتظر. سیانیان مردوون. مامۆستا کامیل چادرچی، کە خاوەنی قوتابخانەیەکی سیاسییە چ لە عیراقدا و چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. عەبدولجەبار جۆمەرد، خەڵکی موسڵ، جەعفەر بەدرەددینیش کە خەڵکی بەسرە بوو. ئەوانەش لە ژیاندا ماوون دوعای  تەمەندرێژییان بۆ دەکەم، منیش یەکێکیانم و وەک ئەوەی دوعا بۆ خۆم بکەم: محەمەد مەهدی کوبەی حیزبی ئیستیقلال، سدیق شەنشەلی حیزبی ئیستیقلال، حوسێن جەمیل و محەمەد حدەیدی حیزبی نیشتیمانی دیموکراتی. کامیل چادرچی و جەعفەر بەدریش لەو حیزبە بوون. زەنوون ئەیووب و خەددوری خەددوری بوون بە نایب و گوتیان چووونەتە حیزبی نیشتیمانی دیموکراتییەوە – لەمەیان دڵنیا نیم. منیش، دەیەم. ئەوەشی دەڵێن کە فایەق سامەڕائی، خوا لێی خۆش بێ، بۆتە نایب، ڕاست نییە. فایەق دوژمنایەتییەکی توند کرا. دەیانگوت وەسی خۆی ڕقی لێی بوو. لە ناوچەکەی خۆی بە توندی ململانێ کرا دەنا دەردەچوو و دەستی بە سەر گۆڕەپانەکەدا دەگرت.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ئەی ئەو هەڵبژاردنەی کە...
مەسعوود محەمەد: ئەو هەڵبژاردنە یەک دانیشتنە هەشت ڕۆژییە، لەو سەردەمەدا و کاتێ ئەو دە ناوە باس کران دنیا سەرەوژێر بوو. نووری پاشا لە ئەوروپا بوو و وەک دەڵێن عاجز بوو. وەسی چووە لای و هێنایەوە بۆ عیراق. ئەویش بە مەرج گەڕایەوە: هەرچی دەڵێ و هەرچی پێشنیاز دەکا جێبەجێ بکرێ. یەکەم پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بوو. پەرلەمانیش هەشت ڕۆژ دوای دامەزراندنی هەڵوەشایەوە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ئەوە لە ١٩٥٤دا...
مەسعوود محەمەد: ١٩٥٤. قسەیەکی کامل چادرچیم بیر دێتەوە، بڵاوی کردبۆوە یا لە پەرلەمان ڕایگەیاندبوو، دەیگوت ئەم پەرلەمانە کفنی خۆی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. قسەکەشی ڕاست بوو.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ئەو چالاکییانەی پێش ٥٨...
مەسعوود محەمەد: چالاکیم لە پەرلەماندا وەک ئەندام خراپ نەبوو و بابەتم دەورووژاند و تەنانەت خوالێخۆشبوو ڕوفائیل بەتتی لە ڕۆژنامەکەیدا، (البلاد) لە سەر من نووسیبووی وەک لە سەر ئەوانی  تریشی نووسیبوو، گوتبووی کە بیرۆکەی تازەی پێیە و عارەبییەکەی وەها و وەهایە. من بابەتی وەهام دەورووژاند پێشتر کەس نەیوژاندبوو، بە تایبەتی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کوردەوە هەبوو. ژیانی ئەنداممەتی پەرلەمان هەموو کاتەکەمی دەبرد. لە کۆبوونەوەکان و نووسینی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کوردەوە هەبوو. هەروەها ژیانی ئابووری کورد و ئەو شتە گرنگەی هەژاری کورد لە سەری دەژیا تووتن بوو. تووتنیش لە ناوچەکە تەنها بابەتی ئابووری نەبوو. ئابووری و سیاسی بوو. ئەو ڕۆژەی حکوومەت پێی وابوایە بەرزکردنەوەی نرخی تووتن سوودی بۆ خۆی و بۆ سیاسەتی ناوچەکە هەیە، نرخ بەرز دەبووەوە و ئەو ڕۆژەشی بە پێچەوانەوەی بدیبایە نرخ دادەبەزی. دەیان و سەدان کەس لە دەشتی شازوور و بتوێن مردن. بە هۆی کشتوکاڵی تووتنەوە ناوچەکان پەتای مەلاریای تێدا بڵاو ببۆوە. دوایی ڕۆژێ لە ڕۆژان نرخیی تووتن بۆ کەمترین ئاست دابەزی و هەزاران کەس، لە ساڵانی ٤٦ و ٤٧ و ٤٨، لە دوای جەنگ لە برساندا مردن. ئەو ساڵانە لە ژیانی وەرزێری کورددا، لە ڕاستیدا ساڵانی ڕەش بوون.
ئەو گوتارانە لە ڕۆژنامەیەکدا بڵاو دەکرانەوە کە هی خوالێخۆشبوو، سادق بەسسام بوو. لە ڕاستیشدا، بۆ هەر شتێکی کە دەمنووسی، سینگی کراوە بوو.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: لە (الدفاع) و (الحياد)دا...
مەسعوود محەمەد: لە (الدفاع) و (الحياد)دا. یەکەم جار (الدفاع) یا (الحياد) و بووە (دفاع) چونکە ئەوەیان داخرا و ئەوی تر کرایەوە. بە هۆی (سادق وەساب - صادق الوصاب)ەوە بڵاو دەکرانەوە. پێم وابێ ئەوەی ڕۆژنامەکانی تردا بڵاو نەدەکرایەوە، ئەو بڵاوی دەکرەوە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: پێش ئەوەی بچینە سەر بابەتێکی تر، شتێ هەیە لە بیرت بێ و باسی بکەیت؟
مەسعوود محەمەد: شت هەیە لە بیرم بێ، دەشێ بگوترێ هەرچی بڵاو دەکرێتەوە ڕەنگە کاتی نەهاتبێ. ساڵی ١٩٥٣ لە کاتێکدا ئەندامی پەرلەمان بووم دیدارێکم لەگەڵ نووری سەعیددا بووە. دیدارەکە دوور و درێژی دوو سەعاتی بوو باسی زۆر شتی گرنگ و مەترسیدارمان کرد بەڵام بە گونجاوی نازانم شتە گرنگەکان باس بکەم، با بۆ...
ئیبتسام عەبدوڵڵا: دیداری تر ڕەنگە لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم و خەڵکی تردا... ڕەنگە دواتر. کەوابی با باسی دوای نایبێکەت بکەین، جەنابت...
مەسعوود محەمەد: من وەک پارێزەر مامەوە هەتا شۆڕش کرا. لە شۆڕشدا منیش وەک خەڵک مامەوە و عەبدولکەریم قاسم ڕۆیشت و دوایی عەبدولسەلام هات. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا لە سەرەتای ٦٤ لەگەڵ کورددا بە لای ئاشتیدا دایشکاند منیش لە ناوچەی پشدەر بووم. من و خێزانم. ئاشتی بەرقەرار بوو و من چالاکییەکی زۆرم هەبوو چونکە لەو باوەڕەدام هەموو شەڕوەستاندنێک لە نێوان دوو لایەنی بەشەڕهاتوودا، ئەگەر بۆ چەند چرکەیەکیش بێ سوودی بۆ هەموو لا هەیە. با بۆ یەک ڕۆژیش بێ. واتە یەک ڕۆژ براکان یەکتر ناکوژن. هەر باشە. من باوەڕم بە ئاشتی هەبوو و ئێستاش باوەڕم پیی هەیە. باوەڕم بە شەڕوەستان و هەر شتێک... تەنها شەڕ نەبێ و کەس نەکوژرێ و توندوتیژی نەبێ. من ڕاسپێردرام... لە ١٠ی شوپاتی ١٩٦٤ ڕاگیرانی شەڕ ڕاگەیەندرا و ئەو خەڵکەی پێ شاگەشکە بوون. دواتر من ڕاسپێردرام ببم بە وەزیری دەوڵەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی باکوور لە وەزارەتەکەی تاهیر یرحیادا. سەردەمی عەبدولسەلام عارف بوو. داوای لێبوردنم کرد و گوتم ئەگەر ڕاوێژ لەگەڵ کورددا نەکەم وەزیری ناکەم. ڕۆیشتم سێ شەو و سێ ڕۆژ لەوێ مامەوە هەموویان ڕازی بوون، واتە هەموو جەماعەت بە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە.
گەڕامەوە بۆ بەغدا و قەبووڵم کرد و بووم بە وەزیر. بەڵام زۆر بەداخەوە ماوەیەکی سڕکراو بوو لە ژیانمدا چونکە سوودی نەبوو. ئەوەی خوا بیەوێ هەر ئەوە دەبێ. حیکمەتی زانایان و بۆچوونی خاوەن بۆچوون، بە داخەوە ئەوانە قسەن.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: کەواتە ماوە سڕەکە ماوەی نزیکەی ساڵێک بوو.
مەسعوود محەمەد: لە ١٧ی حوزەیرانی ١٩٦٤ەوە هەتا ١٥ی نیسانی ١٩٦٥، واتە لە ساڵێک کەمتر. دواڕۆژەکانی ئەو ماوەیە هەر دەوامیشم نەدەکرد و نەدەچووم بۆ وەزارەت.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ئەو سەردەمە بەسەر چوو. ئەوجا ئەو فەرمانانەت وەرگرت کە دوایی لە کۆمکاری دامەزراندن (مجلس الخدمة) پێت دران. ئەندام بوویت...
مەسعوود محەمەد: لە کۆتایی ١٩٦٦دا بووم بە ئەندامی کۆمکاری دامەزراندن و لە خولی یەکەمدا سێ ساڵ مامەوە. دوایی کۆڕی زانیاری کورد دامەزرا وەک ئەندامی کارا لەوێ دامەزرام. خزمەت گوازرایەوە بۆ کۆڕ. ئەوجا پەیوەندیم بچڕا و بووم بە ئەندامی تەرخان (عضو متفرغ) و دوایی جێگری یەکەمی سەرۆک و لە حوزەیرانی ١٩٧٥ ئیتر من لە جێی سەرۆک بووم چونکە سەرۆک لە وەزیفە لابرا... مامۆستا ئیحسان شێرزاد. ئیتر من بەرپرس بووم هەتا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧٨ و دوای ئەوە خانەنشین کرام. ئەو ماوەیە، نزیکەی سێ ساڵ، زۆر ئەرکم بە سەرەوە کەڵەک بوو کە بە کۆڕ و ڕۆشنبیری کوردییەوە وابەستە بوون. نووسین و دانان و وەڵامی نامە و پەیوەندی لە ئەمەریکاوە تا ڕووسیا و تا ئەڵمانیا و بەریتانیا.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: کۆڕی زانیاری کوردی بووە بەشێکی کۆڕی زانیاری عیراقی...
مەسعوود محەمەد: دواتر یاسایەک دەرچوو هەر سێ کۆڕەکەی لە یەک کۆڕدا تێکەڵ کرد. کۆڕی زانیاری کوردی و کۆڕی سریانی و کۆڕی عیراقی بوون بە یەک کۆڕ و لیژنەی کوردی و سریانیشی لە خۆی دەگرت.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ئێستا با نەختێ باسی کۆڕی زانیاری کوردی بکەین، بەشی تایبەتی بە ڕۆشنبیری یا زنیاری کوردی لە کۆڕدا. واتە ئەرکی ئەو...
مەسعوود محەمەد: بە خوا ئێستا زانیاریم لە سەر وردەکاری کۆڕ کەمە. پێشتر، کۆڕ هەتا بناگوێی لە کارەکانیدا نقوم بوو. هەر بۆ نموونە دەڵێم سەرۆکی ئەکادیمی سۆڤیەت لە عیراق بوو و لە لای دکتۆر عەبدولڕەزاق محێدین، کە سەرۆکی کۆڕی زانیاری عیراق بوو، خوا لە گوناحی خۆش بێ، کۆ بووینەوە. یەکێ لەو قسانەی کە من گوتم ئەوە بوو کە کۆڕی ئێمە لە دوو ڕووەوە لەگەڵ کۆڕەکانی دنیا جیاوازە: ڕووی یەکەم ئەوەیە کە ئێمە لە هیچەوە دەستمان پێ کردووە. بیابانێکمان لە پێشە و دەمانەوێ کشتوکاڵی تێدا بکەین. هەموو شتێکی ڕۆشنبیری کوردی پاکیزەیە، واتە... لە ڕووی دووەمەوە تەنها کوردستانی عیراق لە بەردەمماندا کراوەیە. هەتا بناگوێمان لە ئەرکەکانی کۆڕ ڕۆچووبووین. تەنانەت چاپخانەش سێ شفت، هەتا نیوەشەو کاری دەکرد. کتێبمان چاپ کرد و لێکۆڵینەوەمان بڵاو کردەوە و ژمارەی زۆری گۆڤارمان چاپ کرد و هەموو کتێبەکانی من لە کۆڕ چاپ کران، هیچ نەما لە کۆڕ چاپ نەکرێ، جگە لە یەک دوو گوتار کە لە ڕۆژنامەدا بڵاو کرانەوە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: کۆڕی زانیاری یا لیژنەی تایبەت بە کوردەکان هەر بۆ چاپکردنی کتێبە بە کوردی؟
مەسعوود محەمەد: کۆڕێکی سەربەخۆ بووین.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: نا، دەمەوێ بپرسم ئاخۆ بیرتان لەوە نەکردەوە هەندێ لە کەلەپووری کوردی، شیعری کوردی و ئەدەبی کوردی بکەنە عارەبی؟
مەسعوود محەمەد: دەرگا نەما لێی نەدەین. خەڵکمان نارد بۆ ئەوسەری کوردستانی عیراق و قسەمان لە دەرەوەی کوردستانی عیراقەوە پەیدا دەکرد و ئەو بابەتانەمان لە سەر شریت تۆمار دەکرد و دوایی دەمانکرد بە نووسین. خەڵکی پسپۆڕمان هەبوو دەنگیان دەکردە نووسین یا لەو شێوەزارانە شارەزا بوون کە شریتەکانیان پێ پڕ دەکرایەوە. هەموو ئەوانەمان کرد و بۆ چاپ ئامادەمان کردن. بۆ عارەبی مەودامان نەبوو و باوەڕ ناکەم ئێستاش هەبێ خۆی تەرخان بکا وەربگێڕێتە سەر زمانی تر چونکە کەرەسەی کوردی کە نەدۆزرابێتەوە و بە کوردی بڵاو نەکرابێتەوە خۆی هەموو کاتەکە دەبا.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: من لە بارەی زمانی کوردی و شیعری کوردی یا ئەدەبی کوردییەوە هیچ نازانم لە کاتێکدا شت لە بارەی کاروباری ئینگلیزەوە دەزانین، ڕەنگە فەرەنسیش. ئەمە کەمایەتی...
مەسعوود محەمەد: ڕاستە، بەڵام بە ڕای من ئەگەر کۆڕ لە باشترین باری خۆشیدا بمابا ئەوەی پێ نەدەکرا، بەڵکو مامۆستای زانکۆ و ئەدیبەکان و ڕێکخراوەکان، ئەگەر خۆیان تەرخان بکەن پێیان دەکرێ. کۆڕ بەخۆی، بە باوەڕی من ڕۆشنبیری کوردی کە لێکۆڵینەوەی لە سەر نەکرابێ و شیکردنەوەی بۆ نەکرابێ و بڵاو نەکرابێتەوە و لە بنەڕەتدا هەستێ پێ نەکرابێ. کورد بوونی خۆی لە سەرەتای مێژووەوە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆی نەزاندراوە. بۆ نموونە دەبیستی پیرەژنێکی عارەب پێش ١٥٠٠ ساڵ شیعرێکی گوتووە. شیعرەکە لەبەر کراوە و ڕووداوەکە پارێزراوە. مێژووی کورد هەتا ئێستا نەنووسراوە. نازانین ئێمە بۆچی شێوەزارمان جیاوازە و نازانین بۆچی جلوبەرگمان جیاوازە. لە نەریتیش. ئەوانە هەموویان شتن با پەراوێزیش بن بەڵام لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیان بۆ نەکراوە و لە ڕەگوڕیشاڵی ورد نەبووینەتەوە و سەرچاوەیان نەزاندراوە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: واتە لە کوردستانی عیراقدا دەست بەوە کراوە هەوڵ بدرێ هەموو ئەوانە تۆمار بکرێن.
مەسعوود محەمەد: هەوڵ دراوە. باوەڕ ناکەم یەک کورد هەبێ شتێکی هەبێ و بەخیلی لێ بکا. من لەو ڕۆژانەدا کە لە کۆڕ بووم هەموو شتێک لە بەردەستم ئاسان بوو. پەیوەندیم بە هەموو دنیاوە دەکرد. تەنانەت کتێب و نامەکانمان کە دەڕۆیشتن یا دەهاتن، لە بەرید نەدەکرانەوە. بە هیچ جۆرێ سانسۆرمان لە سەر نەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا تێکدان و قسەوقسەڵۆکەی ئێرە و ئەوێ زۆر بوون. تا ئەوەی من کۆڕم بەجێ هێشت. لە ڕاستیدا هەستم بە هیچ تەنگەتاوییەک نەکرد.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: مامۆستا مەسعوود، باسی زۆر لایەنی ژێانتمان کرد. با باسی لایەنێکی تر بکەین. بۆ نموونە لایەنی خێزان و ماڵ. بۆ نموونە منداڵەکان. ئایە بە پێی شێوازی کۆن پەروەردە کراون یان نا؟
مەسعوود محەمەد: ئەم پرسیارەت ئاڕاستەی ئەوانەی پێش من کردووە؟... من درەنگ هاوسەرگیریم کرد. منداڵەکانم وەک منداڵانی هەموو کەس لە قوتابخانەن. ساڵی ١٩٦١ ژنم هێنا. کوڕە نۆبەرەکەمان ناوناوە (دەوەن) و ناوەکەش کوردییە. بە ناوێکی کوردی دەستم پێ کرد، ساڵی ١٩٦٣ هاتۆتە دنیاوە. (دەوەن) درەختی سروشتیی چیاییە پێش ئەوەی گەورە بێ. ئەو وشەیە لە شیعری شاعیرە مەزنەکاندا باسی هەیە. دووەمیانم ناو نا (محەمەد) بە ناوی باوکمەوە. سێیمەیش کچێکی بچکۆلەیە ساڵی ١٩٧١ لەدایک بووە و ناوی (بنار)ە. بنار بە کوردی بە واتای تەنیشتی شاخ دێ. ئەوەش پەیوەندی بە شاخەوە هەیە. خوا ئەو سێیەی پێ داوین و وازمان هێنا.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: بە تەواوەتی دابڕاون لە...
مەسعوود محەمەد: ئەگەر من دابڕابێتم ئەوان چۆن دانابڕێن کە لە بەغدان و لێی دانابڕێن؟
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ئەی ئێستا چۆن کاتەکانت بەسەر دەبەیت؟
مەسعوود محەمەد: دوای تەواوکردنی خوێندن چۆن کاتم بە سەر دەبرد، ئێستاش ئاوهای بەسەر دەبەم. چۆنم بوێ وەهای دەگوزەرێنم. ئەو شتە هەڵدەبژێرم کە لەو ساتەدا بە دڵم بێ. حەزم لە چی بێ دەیکەم. دەنووسم و نیگار دەکێشم.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: نیگار دەکێشیت؟
مەسعوود محەمەد: نیگار دەکێشم... گوێ دەگرم، پشوو دەدەم. بەڵام لە ماڵەوە دەرناچم مەگەر لە بۆنەیەکی وەک ئەمەدا. ماوەیەکە لە ماڵەوە دەرنەچوومە. زۆر خۆم بە ڕۆژووەوە سەرقاڵ دەکەم. لەگەڵ سەرقاڵی تردا، ڕۆژوو، چونکە سوود لە ڕۆژوو دەبینم. سەروسیمای وەک سەرەتای منداڵێم و هەرزەکاریم کاتێ باوکم مابوو و ڕەمەزان زۆر بە گەرمی پێشوازی لێ دەکرا. نوێژی تەراویح لای باوکم و نوێژی تەراویح لە ماڵەوە لای پووری گەورەم خوا لێی خۆش بێ. نوێژی تەراویح لە مزگەوتی نزیکی ماڵمان. نوێژی تەراویح لە مزگەوتی گەورە. کۆڕ لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنماندا گەورە دەبوو تا وای لێ هات هەموو شەوێ هەتا پارشێو بەخەبەر بین و دنیا بە خۆی و کێشە و سەرهێشەکانیەوە لەبیر بکەین و بە ڕووی خۆشەوە پێشوازی لە بەیانی بکەین. من بەڕۆژوو دەبم و سوودی لێ دەبینم. واتە ڕۆژوو جگە لەوەی ڕۆژووە و گۆڕانکاری لە ڕیتمی ژیاندا دەکا ئەوەشی دێتە سەر کە سوودی لێ دەبینم. ئەوەشی دێتە سەر کە بە ڕۆژوو ماندوو نابم.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ئێستا چی دەخوێنیتەوە؟
مەسعوود محەمەد: هەرچییەکی دەستم بیگاتێ دەیخوێنمەوە. ئیتر ئینگلیزی و عارەبی و کوردی...
ئیبتسام عەبدوڵڵا: واتە هەڵبژاردن یا شتێ لە شتێ چاکترت لە لا نییە؟
مەسعوود محەمەد: نا بەخوا نە هەڵبژاردنم هەیە نە چاکتر. ئەوەی بە لای منەوە گرنگە قووڵی بابەت و ڕاستگۆییەتی. نووسین قووڵ بێ نەک ڕووکەش. شتێکم پێ نەبەخشی کە بەخۆم لەوسەری دێمەوە و لە لام هەیە. ئەوجا ڕاستگۆیانە بدوێ. ئەو دوو مەرجەم هەیە. جگە لەوە، با کتێبەکە باسی ژیانی مێروولە بکا، بەڵام بە وردیی و ڕاستگۆیانە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ئەی ئێستا چ دەنووسیت؟
مەسعوود محەمەد: ئێستا گوتار دەنووسم و ئەوەندەشم نووسیوە ببێ بە کتێبێک، لە ١١ بەشدا بە زنجیرە، ماوەیەک پێش ئێستا لە ڕۆژنامەی (العراق)دا بڵاو کرانەوە. ئێستاش زنجیرەیەک گوتارم لە (العراق(دا بڵاو دەکرێنەوە. گوتارێکم بۆ گۆڤاری کاروان، لە هوەلێر هەیە و پرۆژەی دوو گوتاریشم بۆ کاروان هەیە. لە ڕاستیدا نووسینم زۆر هەن و سەغڵەتیان کردووم. نووسین هەیە بەڵام چۆن بڵاو بکرێنەوە؟
ئیبتسام عەبدوڵڵا: گوێ لە چی دەگریت؟
مەسعوود محەمەد: بە پێی هەڵبژاردنی خۆم گوێ لە ڕادیۆ دەگرم. گوێ لە هەموو شت ناگرم. تەماشای زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکانیش دەکەم. لە ڕاستیدا سەرگەرمم دەکەن. ئینگلیزی و عارەبی.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: ئەو پەندەی باوەڕت پێی هەیە!
مەسعوود محەمەد: ئەو پەندانەی لەگەڵ پەندەکانی تردا باوەڕم پێیان هەیە زۆرن. مرۆڤ لەگەڵ خۆی و لەگەڵ خەڵکیدا ڕاستگۆ بێ. لە ڕەفتار و لە قساندا، لە پەیوەندییەکانیدا بە خەڵکەوە خۆ لە پێچوپەنا ببوێرێ و ڕاستگۆ بێت. ئەگەر مەودای ڕاستگۆیی نەبێ، بەلای کەمەوە با بێدەنگ بێ. بەڵام خۆی بۆ شتی ناڕاست تەرخان بکا، ئەوە شتێکە مرۆ بە هیچ جۆرێ لێی خۆش نابێ. ئەوە لێبوردن نایگرێتەوە.
ئیبتسام عەبدوڵڵا: سوپاس مامۆستامان، ماندوومان کردیت.
مەسعوود محەمەد: من لە قسەکردن ماندوو نابم و جگە لە قسە کەرەسەی ترم نییە. ئەوە کەرەسەکەیە کە هەیە هیچی تر ناخوازینەوە.



fredag 30 oktober 2015

دۆن کیشۆت و سەرانی کورد

 
... دۆن کیشۆت لەم بەشەی داستانەکەدا، چ بەزمێێک بەو کوڕیژگەیە دەکا، سەرانی کورد هەمان بەزمیان بە کورد کردووە و پێی دەکەن. بەڵام دۆن کیشۆت لە ڕووی دڵسۆزییەوە و سەرانی کورد لە ڕووی چاوچنپۆکییەوە. دۆن کیشۆت بەرژەوەندی خۆی نازانێ و سەرانی کورد، جگە لە بەرژەوەندی خۆیان، هیچی تر نازانن...
فەرموون بیخوێننەوە و بەراوردێ بکەن:
:
.

کە دۆن کیشۆت خانەکەی جێهێشت ڕۆژ ببۆوە. ئەوەندە بەوە بەختەوەر و شادمان بوو کە بە تێهەڵدان بوو بە پاڵەوان، زۆری نەمابوو لە خۆشییاندا تەنگەی ئەسپەکەی کون بکا. بەڵام کە ئامۆژگارییەکانی خانچییەکەی دەربارەی پارە و پێداویستی تری پاڵەوانانی گەڕۆک بیر کەوتەوە، بڕیاری دا بەرەو لای مڵکەکانی بگەڕێتەوە، تا ئەو پێداویستییانە بەدەست بێنێ، کە هەمیشە پاڵەوانان پێیان دەوێن. بۆ ئەوەش بیری لە جووتیارێکی هەژار و خێزاندار کردەوە کە لە کێڵگەیەکی نزیک دەیناسی و پێی وابوو بۆ ئەوە دەبێ بیکاتە مەیتەری خۆی.
ڕۆسینانتی بەرەو ماڵەوە وەرچەرخاند و پێدەچوو ئەسپەکەش ڕێیەکەی ناسیبێتەوە بۆیە بە شێوەیەک دەستی کرد بە غار، هەر ئەوە بوو سمی بە زەوی دەکەوتن. هێشتا زۆر نەڕۆیشتبوو، گوێی لە کڕووزانەوەیەک بوو کە لە لێواری دارستانەکەوە دەهات. بە ئاستەم گوێی لە دەنگەکە بوو، بەڵام پاڵەوان هاواری کرد:
- هەی لەو خوایە بەزیاد بێ وا زوو فرسەتی بۆ ڕەخساندم تا بە ئەرکی پاڵەوانێتی خۆم هەستم. ئەو هاوار و زارییە لە کەسێکەوەیە کە پێویستی بە یارمەتی هەیە.
سەری ڕۆسینانتی بەرەو ئەو جێیە وەرچەرخاند کە پێی وابوو دەنگەکەی لێوە دەهات. هەر وا کەمێک چووە ناو دارستانەکەوە، بارگیرێکی دیت کە بە داربەڕوویەکەوە بەسترابۆوە و ڕمێکیش بە هەمان دارەوە هەڵپەساردرابوو، کوڕیژگەیەکیش کە هەتا ناوقەدی ڕووت بوو، بە دارێکی ترەوە بەسترابۆوە. ئەو کوڕە بوو هاواری دەکرد. هۆکاری ئەو هاوارەش ئەوە بوو گوندییەکی کەتە بە قایشێک لێی دەدا و لەگەڵ هەر لێدانێکیشدا، یا بۆڵەیەکی دەکرد یا ڕێنمایی دەکرد.
- لە ئێستا بەدواوە، دەمت دادەخەیت و چاووت دەکەیتەوە.
کوڕیژگەکە، وەڵامی دایەوە: - جارێکی دی وا ناکەم، گەورەم، بەو خوایە ئیدی باشتر چاووم لە حەیوانەکان دەبێ.
کە دۆن کیشۆت چاوی بەو وەزعە کەوت، بە تووڕەیی هاواری کرد:
- ئەی پاڵەوانی نامەرد... لەکەسێکی بێدەسەڵات مەدە! وەرە سواری ئەسپەکەت بە و ڕمی خۆت بە دەستەوە بگرە تا تێتبگەیەنم کارێکی چەند ترسنۆکانە دەکەیت.
کە گوندییەکە ئەو شتە چەکدارە سەیرەی بە دیار خۆیەوە دیت وا نووکی ڕمەکەی لە بەر لووتی ڕاگرتووە، بە ترسەوە گوتی:
- ئەم کوڕیژگەیە، یەکێکە لە ڕەنجبەرەکانم، قوربان. بۆیە تەمێی دەکەم ئەوەندە بێخەمە، هەر ڕۆژە و زەرەری مەڕێکم لێ دەدا. کە لە سەر خەمساردییەکەشی سزای دەدەم، دەڵێ گوایە لەبەر ڕەزیلی ئەوە دەکەم بۆ ئەوەی هەقەکەی بخۆم، ئەوەش درۆیە.
دۆن کیشۆت هاواری کرد:
- لە حزووری مندا درۆ ناکا. بەو خودایە دەڵێی بەم ڕمە کونت کەم! یەڵڵا دەی، هەر ئێستا بەریدە و هەقەکەشی چەندە، بیدەیە و قسە مەکە، دەنا کۆتایی بە ژیانی نەحست دێنم.
گوندییەکە، سەری ڕاوەشاند و بێ ئەوەی هیچ بڵێ، کوڕیژگەکەی کردەوە. دۆن کیشۆت لە کوڕەکەی پرسی ئاخۆ چەندی قەرز لە سەرە، ئەویش گوتی:
- هەقی نۆ مانگم لە سەرێتی و هەر مانگەش حەوت ڕیاڵە.
دۆن کیشۆت حیسابەکەی لێکدایەوە کە دەیکردە شەست و سێ ڕیاڵ، ئەوجا فەرمانی بە گوندییەکە دا هەر لە جێ هەقەکەی وێدا. گوندییەکە، دڵنیای کرد کە پارەکە ئەوەندە ناکا، چونکە دەبێ لەو پارەیە هەقی سێ جووت پێڵاو دەربکرێ کە بۆ کوڕەکە کڕدراوون جگە لەوەی کاتێ نەخۆش کەوت، ڕیاڵێکی لێ سەرف کردووە.
دۆن کیشۆت گوتی:
- ئا، ئەوە ڕاستە. بەڵام دەبێ پارەی پێڵاو و دەرمان لە جیاتی ئەو لێدانە بقەبڵێندرێ، کە بە ناهەقی لێت دا.
- بەڵێ، بەڵام کاری خراپ لەوەدایە کە من ئێستا پارەم پێ نییە تا بیدەمێ. لەبەر ئەوە، وا چاکە ئەندریا لەگەڵمدا بێتەوە ماڵێ تا دواقرۆشی وێدەم.
کوڕەکە هاواری کرد:
- لەگەڵیدا بچمەوە ماڵێ؟! نا بەخوا، هێندە بێعەقڵ نیم. هەر لە تۆ دابڕێین و بە تەنها بین، بە زندوویی کەوڵم دەکا.
دۆن کیشۆت، بە توندی گوتی: "نا، نا. دڵنیابە! ئەوەندە بەسە کە من پێی بڵێم شتی وا نەکەیت. بەڵام دەبێ بە مەزەبی پاڵەوانان، کە خۆشی یەکێکیانە، سوێند بخوا ئەوەی گوتم جێبەجێی بکا و هەقی خۆتت بداتێ، ئەوجا ڕێی دەدەم بروا".
منداڵەکە گوتی: "جەنابی پایەبەرز، بیر لە قسەکەت بکەرەوە. ئاغاکەی من نە پاڵەوانە و نە سەر بە هیچ مەزەبێکی پاڵەوانانە. ئەو، خوان هاڵدودوە دەوڵەمەندەیە کە خەڵکی ناوچەی کینتانە".
دۆن کیشۆت وەڵامی دایەوە:
- قەیدی نییە. خۆ دەبێ پاڵەوانی وا تەنانەت لە ناو بنەماڵەی هاڵدودشدا هەڵکەوتبێ کە بە شاکارێکەوە ناسرابێ.
- بەڵێ، ئەو شاکارەی کە ئاغام پێوە ناسراوە، ئەوەیە هەقی کارەکەم نەدا کە مافی ڕەوای خۆمە.
گوندییەکە هاتە دەنگ و گوتی: "ئەندریا. من بە هیچ جۆرێ نیازم نییە مافی تۆ بخۆم. وەرە دوام کەوە بۆ ماڵەوە، سوێند بە هەموو مەزەبێکی پاڵەوانان دەخۆم، کە دوا ڕیاڵی هەقەکەت، بە ڕیباشەوە بدەم".
دۆن کیشۆت گوتی:
- مەسەلەی ڕیبا گرنگ نییە. تۆ ڕیاڵەکانی خۆی بدە، ئیدی هەموو شتێ چاک دەبێ. بەڵام دەبێ بە ڕاستی ئەوە بکەیت دەنا دێمەوە و سزات دەدەم. ئەوەش بزانە کە دەرباز نابیت و ئەگەر لە کونی بەردیشدا، وەک قمقمۆک خۆت حەشار بدەیت، هەر دەتدۆزمەوە. ئەگەر دەشتەوێ ئەوەی فەرمانت پێ دەکا کێیە، بزانە ئەوە منم، دۆن کیشۆتی مانش، کە دژی هەموو ناعەدالەتییەکی جیهان دەجەنگم. خواحافیز و لە بیرت نەچێ سویندت بە چی خوارد! ئەوەی گوت و هەی لە ڕۆسینانت کرد و ئەوەندەی بڵێی یەک و دوو، لە بەر چاو ون بوو.
گوندییەکە، چاوی تێ بڕی هەتا بزر بوو. دوای ئەوە، بەرەو ئەندرێ وەرچەرخا و گوتی:
- وەرە با چ قەرزێکت لە سەرمە، بە پێی فەرمانی پەنای بێپەنایانت بتدەمێ.
ئەندرێ گوتی: "بەڵێ ئاغام، کە بە گوێی ئەو پاڵەوانە دادپەروەرە دەکەیت، کارێکی ژیرانە دەکەیت، دەنا دەگەڕێتەوە و ئەو بەڵێنەی کە دای، جێبەجێی دەکا.
- "سوێند دەخۆم کە قەرزەکەت دەدەمەوە. وەرە بزانە چەندم خۆش دەوێی". دوای ئەوەی گوندییەکە ئەوەی گوت، بەربووەوە وێزە کوڕیژگەکە. بە دارەکەوەی بەستەوە و بە دڵوداو کەوتەوە لێدانی.
- دەبینی ئەندرێی خۆشەویست؟ ئێستا دەچی بانگی فریاڕەسەکەت دەکەی تا بزانی چەند بە ئاسانی مافت دەسێنێ. پێم وایە هێشتا هەقی خۆت نەسەندووە. حەزم لێیە، وەک خۆت گوتت، بە زندوویی کەوڵت بکەم.