fredag 23 januari 2015

ئەگەر کورد جنۆکە بێ دەوڵەتی بۆ چییە؟!

 
ئەگەر کورد لە ڕەگەزی مرۆڤ بوایە، دیارە هەڵگری هەموو خەسڵەتەکانی مرۆڤ دەبوو، بە چاک و خراپەوە. ئەگەر دڵنەرمی و بەزەیی و خۆشویستن و گیانی هاوکاری لە خەسڵەتەکانی مرۆڤ بن، کینەپیسی و ڕق و گومان و حەزی تۆڵەسەندنەوەش هەر لە خەسڵەتەکانی مرۆڤن. ئێمە بەرانبەر بە خۆمان، تەواو مرۆڤین و لە هیچمان کەم نییە بە تایبەتی خەسڵەتە نەڕێنییەکان، واتە کینەپیسی و ڕق و ... بەڵام بەرانبەر بە نەیاری خۆمان ئەو لایەنەمان لە بنەڕەتەوە نییە!
کاتێ بەغدا مەرحەبامان دەکا و ڕووی لەگەڵماندا خۆش دەبێ و بەڵێنی ناردنی پارە دەدا، یەکڕاست ئەوسەریان بۆ دەگرینەوە: "موسڵتان لەگەڵدا ڕزگار دەکەین!"، کە دەکاتە ئەوەی موسڵیان بۆ ڕزگار بکەین چونکە سیاسییەکانمان، بۆ بارسووکی خۆیان بە کوردستانی نازانن. هەمیشەش هەوڵی ئەو بارسووکییە دەدرێ و کوێ عارەبی تێچوو، بۆ بارسووکی "کوردستان نییە" و حەویجەش کە داعش دەستی تێیدا دەڕوا، لەو بابەتە بارسووکییەیە!
بە دڵنیاییەوە هەر میللەتێک لە جێی کورد بوایە و ئەوەی بە سەردا بهاتبایە کە عارەبی حەویجە لە سەرەتای شەستەکانەوە بە سەر کوردیاندا هێناوە، ئەم دەرفەتەی لە خوا دەویست تا تەڕ و وشکیان پێکەوە تەخت بکەن و کێشەی حەویجەیان بە دوو ڕۆژ غافڵگیری و بێ پرسوڕا چارەسەر دەکرد. بەڵام کورد، ئەو خەسڵەتەی نییە و کەس بە تەمای گەڕانەوەی موسڵ و حەویجە و گەڕەکە عارەبنشینەکانی کەرکووک نەبێ!
دوو وەرزێری کورد لە سەر خەتەجووتێکی زەوی ئامادەن کوڕاوکوڕیان بەرانبەر بە یەکتر دوژمندار بن بەڵام عارەب سەرجەم زەوییەکانی هەردوولایان داگیر دەکا و لە دڵی ناگرن! هەمان ئەو خێڵانەی لە ١٩٦٣وە کورد تاڵان دەکەن و کورد دەکوژن و خاکی کورد داگیر دەکەن، ئێستا لە ترسی ئەوەی جیهادی نیکاح بە ئافرەتیان بکەن، بێ ئەوەی باکیان بە کردەوەی خۆیان هەبێ، هاتوونەتە ناو کورد و لە سەر سەران داندراوون. بە ڕاستی ئەوە خەسڵەتی بەشەر نییە کورد هەیەتی، بەڵکو خەسڵەتی جنۆکە و مەلایەکەتە... جنۆکە و مەلایەکەتیش دەوڵەتیان نەبووە و نابێ! کاتی خۆی هەندێ لە ڕێبازە فکرییەکان، بە شەرمێکەوە ناوی جۆرە ڕقێکیان لە داگیرکەر نابوو "ڕقی پیرۆز!" و هەڵگرانی فەلسەفەی دژیش دەیانگوت: "ڕق، هەرگیز پیرۆز نابێ". نەخێر قوربان ئێوە بردتانەوە بەڵام بەو بردنەوەیە نیوەی کوردستانتان دۆڕاند... پەکیشتان بەو دۆڕاندنە ناکەوێ چونکە وەک خەڵکی تر لە بەردەم هەڕەشەدا نین، جگە لەوەی مەلایەکەت و جنۆکە پێویستیان بە خاک نییە!
کە ئێمە جنۆکە و مەلایەکەت بین، پێی ناوی داخی ئەوەمان لە دڵدابێ کورد بۆ گردبوونەوەی ئینگلیزستان بانگهێشت نەکراوە. ئێمەی گوێڕایەڵی هەرزان و دڵپاک، پێویستمان بەوە نییە بانگ بکرێین بەڵکو ئەوەمان دەوێ دەست بە دەستنوێژ ناوی سەرکردەکانمان ببەین و چی لە بەغداوە هات وەریگرین! سەیر ئەوەیە ئەو کڕین و فرۆشتنەی بە کچ و ژنی ئێزدیشەوە دەکرێ نامانبزوێنێ و تۆزقاڵێک ڕق لە دڵماندا دروست ناکا بەرانبەر ئەو دڕندانە!! ئیتر دەوڵەتی چی؟ نەخێر هیچ جۆرە کیانێک خەلقەندەی ئاوها سەقەت لە خۆ ناگرێ کۆیلایەتی نەبێ!
ڕەنگە خەڵک هەبن لەم قسانەی من تووڕە بن، بەڵام کەس لەو عارەبانە تووڕە نابێ کە بازرگانی بە کچی کوردەوە دەکەن، جگە لەوەی بە خوێنی کورد گۆش کراوون! نا، ئەوانە هی ئەوە نین کورد لێیان تووڕە بێ.


måndag 19 januari 2015

لە پرسەشدا دووبەرەکی

 
مامم، کە کرێکاری سکەی قەتار بوو، بیست فلسی دامێ. عانە و یەک فلسی و دوو فلسی، هەموویان دەچرووسکانەوە و پێدەچوو هێشتا بازاڕ و دەستی قەساب و جامبازیان نەدیبێ! بە لامەوە، ئەوە سامانێکی زۆر بوو و دەکرا بازرگانی پێوە بکەم.
نەمدەزانی چی لەو پارەیە بکەم و چۆن کارێ بکەم کەس دەستی بە سەردا نەگرێ. بە دزی هەموو دنیاوە، لە بن بەردێکی دەرەوەی ئاوایی شاردمەوە. بەڵام زۆر خۆم نەگرت: ئەگەر کەسێ، شوانێ یا گاوانێک هەر بە ڕێکەوت شەقێ لەو بەردە بدا و گەنجینەکەم لە بەر چاوی بچروسکێتەوە و بۆ خۆی بیبات؟! چووم هێنامەوە و شەو لەگەڵ خۆمدا خەواندم. بیرم دەکردەوە: دەکرێ بەم پارەیە دەوڵەمەند بم. شت بکڕم و بفرۆشم. نازانم چۆن خەوم لێ کەوت!! جا خەوم لێ کەوت؟!
بەیانی، چەرچییەک هاتە گوندەکەمان. مەنجەڵ و کەوچک و قاپ و کەوگیر و کەوچکی دۆ و ئەو شتانەی دەفرۆشت... هەموو شتەکانی فافۆن بوون. ئەو سەردەمە، زەلامی قەڵەو دەگمەن بوو، بەڵام ئەو چەرچییە قەڵەو بوو. نەختێ وەرگن بوو. زەلامی حەسار لەو سەردەمەدا، لەڕ و بێگۆشت بوون بەڵام هەر یەکەیان هێزی چوار زەلامی ئێستای هەبوو. عەجایەب زۆرخۆریش بوون.
بە جۆرە شەرمێکەوە چوومە لای چەرچییە قەڵەوەکەوە و گوتم: کەوچک بە چەندە؟! هەر دەبوو بایی سەرمایەکەم بکڕم. خۆ مەنجەڵ و تەشت و شتی گەورە بەو سەرمایە  کەمەی من نەدەکڕدرا، ئەگەرچی بە لای خۆمەوە زۆر زۆریش بوو. لەگەڵ چەرچییەکەدا ڕێک کەوتم و دەوری هەشت کەوچکم کڕی و چوومە ماڵەوە خۆم مات کرد... دەی خوایە چەرچییەکە بڕوا تا بچم کەوچکەکانم بفرۆشم. بیرم دەکردەوە: ئەم کەوچکانە، هەر دەبێ بدەم بە هێلکە! نە مریشکێکی دەکرد نە گیسکێک و نە هیچ. بمدایە بە ماست، تا دەمناردە شار دەترشا.
بە هەرحاڵ چەرچییەکە لە دێ نەما و من بووم بە چەرچی و کەوتمە ناو ئاوایی: کەوچک بە هێلکە... کەوچک بە هێلکە! یەک دوو کۆڵان گەڕام و لە ئەنجامدا ژنێک، کە دراوسێشمان بوو، بە پێکەنین و ڕوویەکی خۆشەوە بانگی کردم. ئەو ژنە، "تاتە فەیم" بوو، کە پێرێ لە تەمەنی زۆر سەرەوەی هەشتا ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
مردنی "تاتە فەیم" هەژاندمی. ئێستاش ڕووە خۆش و پێکەنینەکەی لە بەر چاومن. تەرمەکەیان لە حەسار، لە قەبرسانی "خدر زندە" ناشت، بەڵام بە داخەوە کاتێ ئاگادار بوومەوە نێژرابوو. ویستم بچم بۆ پرسەکەی، بەڵام گوتیان پرسەکەی لە هەولێرە و گوتوویانە با کەس عەزێت نەکێشێ... هۆکارەکەش، وەک زانیم ئەوە بوو کە بیرکردنەوەی نەوە و خزمەکانی جۆرێکە، حەز بە پرسە ناکەن. ئەی من چی بکەم؟! من وا ڕاهاتووم پرسە، جگە لە لایەنە دینییەکەی، بۆتە بەشێک لە نەریت کە دژی هیچ مەزەبێک ناوەستێتەوە. جگە لەوەش، خەڵکی حەسار شتێکی زۆر جوانیان بۆ پرسە زیاد کردووە: هەر کەسە و چەندی لە دەست دەردەچێ، بۆ خاوەن پرسەکە پارە دادەنێ. بەڵام ئەو پارەیە، تەنها حەسارییەکان دەیدەن نەک خەڵکی تر. من بەش بە
حاڵ، پێم خۆشە ئەو نەریتە هەموو کوردستان بگرێتەوە. جۆرە بارسووکییەکە و وەک مردنیش بە نۆرەیە.
کورد جارێکی تر لەت بوو: لایەنگرانی پرسە و دژەپرسە! جاران، دوای سەردەمی چەرچێتی من، بە سەر دوو حیزبدا دابەش بوو: شیوعی و پارتی. لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی ١٩٦١دا، دابەشبوونەکە تا ئەو ئاستە زەق بووەوە کە شیوعی دژی پارتی چەک هەڵگرن. حەساریش ئەوەی تێکەوت. شیوعی چەکدار و پارتیی شۆڕشگێڕ لە بنەماڵەکاندا پەیدا بوون، بەڵام تا ڕادەیەک حیسابی هاوسێتی دەکرا. دوایی و ئێستاشی لەگدا بێ، جەلالی و مەلایی... یەکێتی و پارتی حەساریان کرد بە دوو کەرتی تا ڕادەیەک دژ بە یەکەوە و ئێستا زۆر بە زەحمەت پێکەوە هەڵدەکەن.
"تاتە فەیم" دوای ناشتنەکەی تەڵقین درا. ئەم تەڵقینە لە کۆنەوە هاتووە و لەگەڵیدا ڕاهاتووین. دەمێکە من پێم وایە ئەو تەڵقینە بۆ تەمێکردنی مردووەکە نییە بەڵکو بۆ ئامادەبوانی سەر قەبرەکەیە، بەڵام بەشێ بوو ،ە مەراسیمی ناشتن. مردن بە بێ تەڵقین کەلێنی تێ دەکەوێ. دوای تەڵقینەکە، یەکێ لەو مەلایانەی بەردەوام ، وەک ئەوەی هەردوو گونیان بگوشن دەشیڕێنن بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆیان بسەپێنن، گوتبووی ئەوە بیدعەیە. ئەو شیڕاندنە خەسڵەتی کەڵەشێرە بۆ بەزاندنی کەڵەشێری ڕکابەر.. ئەگەر بیەوێ بیسەلمێنێ تیۆری ڕێژەی ئەنیشتاین بخاتە درۆوە، هەر شیڕاندنی دەوێ.  ئەوە، کەسێکی نزیکی تاتە فەیم بوو. پرسەش بیدعە بێ ئیتر بۆچی بچم.
داخی گرانم بۆ تاتە فەیم! مافی بە سەرمەوە هەبوو و بۆ پرسەکەی نەچووم. دەی، خوا لە گوناهی خۆش بێ و ئەگەر کەسوکاری لە بەریان گران نەبێ، هەم ڕەحمەتی بۆ دەنێرم هەم فاتیحەی بۆ دەخوێنم... ڕەنگە بچمە سەر گۆڕەکەشی. مردنی هەر یەکێکی وەک ئەو ژنە، مردنی قامووسێکە... نا، مردنی ئەنسکلۆپیدیایەکە. ئەنسکلۆپیدیای وشە و نەریت و پیشە و چێشتلێنان و بەسەرهات. پیشەی دەستی وەرزێر... هۆنینەوەی کەژوو و گوریس و خرێنە و شۆرتک، دروستکردنی تەون و قاولغ و سەبەتەی شیر. دروستکردنی کەشک و تڕخێنە و قەرەخەرمان و زۆر شتی تر کە مەلا ناویشیان نازانێ. من دڵنیام وەچەکانی دوای خۆی، بێ ئەوەی هیچ سوودێکی لێ ببینن ناشتوویانە. ئەو قامووسە گەورەیە خرایە بن گڵەوە و لە بری باسکردنی میهرەبانی و زانیاری و دەستڕەنگینیەکەی باسی ئەوە کراوە چی بیدعەیە و چی بیدعە نییە؟! مەلایەکەت دێنە سەری یا نایەن! پرسە جائیزە یان جائیز نییە! ئێ کاکە دە وەک شوانەکەی مووسا بە دەردی خۆمانەوە لێمان گەڕێن: خدا هرگز نمیخواهد خدا باشد... نمیخواهد خدا بازیچەی دستی شما باشد. مەولانا لە کۆتاییدا لە زمانی شوانەکەوە دەڵێ: پێم بڵێ مووسا من ئاسوودەم یاخود تۆ! ئەگەر مەولانا نەیزانیبا مەلای ئاوها پەیدا دەبن، چۆن دەیگوت "خوا نایەوێ گەمەی بەر دەستی ئێوە بێ".
بە هەرحاڵ، با بێمەوە سەر بازرگانییەکەی خۆم. تاتە فەیم، هەموو کەوچکەکانی لێ کڕیم و کۆمەڵێ هێلکەی دامێ... ئەوجا بە دیار هێلکەکانەوە دامام: دەیاننێرمە شار و دەیانفرۆشم. بە پارەکەیان شتی تر دەکڕم و لێرە، دیسان بە هێلکەی دەدەم، تا لە ئەنجامدا دەبمە خاوەنی سامانێکی خۆم. مەتەڵێ شوانەکەتان بیستووە کە بە دەم خەیاڵەوە گۆزە ڕۆنەکەی شکاند؟ منیش وەک ئەووم لێ هاتبوو.
بەو خەیاڵانەوە چوومەوە ماڵەوە. ئێوارە، لە کاتی نان خواردندا، یەک تاوە هێلکەوڕۆن، بە نانی گەرمەوە لە سەر سفرەی زەوی لە نێوانماندا داندرا.
هێلکەکان، ئەنجامی ماندووبوون و خەیاڵم بوون بە هێلکەوڕۆن و خوران. من خۆشم خواردم، بەڵام کوژاڵک بوو!
هەزار ڕەحمەت لەو ڕۆحە پاکەی تاتە فەیم و هەزار سڵاو لەو ڕووە خۆشەی. یاخوا جێی ناوەندی بەهەشت بێ.