ئەگەر کورد لە ڕەگەزی مرۆڤ بوایە، دیارە هەڵگری هەموو
خەسڵەتەکانی مرۆڤ دەبوو، بە چاک و خراپەوە. ئەگەر دڵنەرمی و بەزەیی و خۆشویستن و
گیانی هاوکاری لە خەسڵەتەکانی مرۆڤ بن، کینەپیسی و ڕق و گومان و حەزی تۆڵەسەندنەوەش
هەر لە خەسڵەتەکانی مرۆڤن. ئێمە بەرانبەر بە خۆمان، تەواو مرۆڤین و لە هیچمان کەم
نییە بە تایبەتی خەسڵەتە نەڕێنییەکان، واتە کینەپیسی و ڕق و ... بەڵام بەرانبەر بە
نەیاری خۆمان ئەو لایەنەمان لە بنەڕەتەوە نییە!
کاتێ بەغدا مەرحەبامان دەکا و ڕووی لەگەڵماندا خۆش دەبێ
و بەڵێنی ناردنی پارە دەدا، یەکڕاست ئەوسەریان بۆ دەگرینەوە: "موسڵتان
لەگەڵدا ڕزگار دەکەین!"، کە دەکاتە ئەوەی موسڵیان بۆ ڕزگار بکەین چونکە
سیاسییەکانمان، بۆ بارسووکی خۆیان بە کوردستانی نازانن. هەمیشەش هەوڵی ئەو
بارسووکییە دەدرێ و کوێ عارەبی تێچوو، بۆ بارسووکی "کوردستان نییە" و
حەویجەش کە داعش دەستی تێیدا دەڕوا، لەو بابەتە بارسووکییەیە!
بە دڵنیاییەوە هەر میللەتێک لە جێی کورد بوایە و ئەوەی
بە سەردا بهاتبایە کە عارەبی حەویجە لە سەرەتای شەستەکانەوە بە سەر کوردیاندا
هێناوە، ئەم دەرفەتەی لە خوا دەویست تا تەڕ و وشکیان پێکەوە تەخت بکەن و کێشەی
حەویجەیان بە دوو ڕۆژ غافڵگیری و بێ پرسوڕا چارەسەر دەکرد. بەڵام کورد، ئەو
خەسڵەتەی نییە و کەس بە تەمای گەڕانەوەی موسڵ و حەویجە و گەڕەکە عارەبنشینەکانی
کەرکووک نەبێ!
دوو وەرزێری کورد لە سەر خەتەجووتێکی زەوی ئامادەن
کوڕاوکوڕیان بەرانبەر بە یەکتر دوژمندار بن بەڵام عارەب سەرجەم زەوییەکانی
هەردوولایان داگیر دەکا و لە دڵی ناگرن! هەمان ئەو خێڵانەی لە ١٩٦٣وە کورد تاڵان
دەکەن و کورد دەکوژن و خاکی کورد داگیر دەکەن، ئێستا لە ترسی ئەوەی جیهادی نیکاح
بە ئافرەتیان بکەن، بێ ئەوەی باکیان بە کردەوەی خۆیان هەبێ، هاتوونەتە ناو کورد و
لە سەر سەران داندراوون. بە ڕاستی ئەوە خەسڵەتی بەشەر نییە کورد هەیەتی، بەڵکو
خەسڵەتی جنۆکە و مەلایەکەتە... جنۆکە و مەلایەکەتیش دەوڵەتیان نەبووە و نابێ! کاتی
خۆی هەندێ لە ڕێبازە فکرییەکان، بە شەرمێکەوە ناوی جۆرە ڕقێکیان لە داگیرکەر نابوو
"ڕقی پیرۆز!" و هەڵگرانی فەلسەفەی دژیش دەیانگوت: "ڕق، هەرگیز پیرۆز
نابێ". نەخێر قوربان ئێوە بردتانەوە بەڵام بەو بردنەوەیە نیوەی کوردستانتان
دۆڕاند... پەکیشتان بەو دۆڕاندنە ناکەوێ چونکە وەک خەڵکی تر لە بەردەم هەڕەشەدا
نین، جگە لەوەی مەلایەکەت و جنۆکە پێویستیان بە خاک نییە!
کە ئێمە جنۆکە و مەلایەکەت بین، پێی ناوی داخی ئەوەمان
لە دڵدابێ کورد بۆ گردبوونەوەی ئینگلیزستان بانگهێشت نەکراوە. ئێمەی گوێڕایەڵی
هەرزان و دڵپاک، پێویستمان بەوە نییە بانگ بکرێین بەڵکو ئەوەمان دەوێ دەست بە
دەستنوێژ ناوی سەرکردەکانمان ببەین و چی لە بەغداوە هات وەریگرین! سەیر ئەوەیە ئەو
کڕین و فرۆشتنەی بە کچ و ژنی ئێزدیشەوە دەکرێ نامانبزوێنێ و تۆزقاڵێک ڕق لە
دڵماندا دروست ناکا بەرانبەر ئەو دڕندانە!! ئیتر دەوڵەتی چی؟ نەخێر هیچ جۆرە
کیانێک خەلقەندەی ئاوها سەقەت لە خۆ ناگرێ کۆیلایەتی نەبێ!
ڕەنگە خەڵک هەبن لەم قسانەی من تووڕە بن، بەڵام کەس لەو
عارەبانە تووڕە نابێ کە بازرگانی بە کچی کوردەوە دەکەن، جگە لەوەی بە خوێنی کورد
گۆش کراوون! نا، ئەوانە هی ئەوە نین کورد لێیان تووڕە بێ.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar