lördag 16 januari 2016

ئەم بابەتە بزەیەکی شیرینی کوڕەکەمە




(ئومێد)ی کوڕە گەورەم (Omed Kakaways) کە وەک پیشە، مامۆستای کۆلێژی پۆلیسە لە سوید، سەروسەودای لەگەڵ خوێندنەوەدا هەیە و هەمیشە، وەک دوو هاوڕێ، بابەت هەن دەمەتەقێیان لە سەر بکەین. ئومێد ئەم بابەتەی بە سویدی وەک پێشەکییەکی کتێبێک نووسیوە و بۆ منی ناردووە تا ڕای خۆمی لەسەر بڵێم. بابەتەکە، ئەگەرچی گرنگە و منیش نەختێ سەروسەودام لەگەڵ بابەتی دەروونیدا هەیە، بەڵام لەوە قورسترە کەسێک ئەوە بواری ئەکادیمی و پیشەیی نەبێ، بە باشی سەری لێ دەربکا. ئەم بابەتەش وەک بزە و جوانییەکەی سەردەمی منداڵیی خۆی، دڵم خۆش دەکا. ئەویش هەر وەک سەردەمی کۆرپەیی خۆی من بە پەنایەک دەزانێ کە ناڕووخێ. هیوادارم، ئەگەر بۆ ژمارەیەکی کەمی خوێنەرانیش بێ کەڵکی هەبێ و ئەگەر هەڵەشی تێدا هەبن، هۆیەکە منم کە شارەزاییم لەو بوارەدا کەمە. من نازانم (nerv) کە عارەب (عصب)ی پێ دەڵێن، کورد چی پێ دەڵێن. ناشزانم ئەو عەسەبانە چۆنچۆنی بە یەکەوە دەبەسترینەوە. نەشارەزاییش لە بابەتێکدا کە کوڕی خۆم نووسیویەتی، جۆرێ شانازی تێدایە!
بەڵێ ئەم بابەتەی (ئومێد)ی ٣٨ ساڵی بۆ من، هەمان بزەی (ئومێد)ی شەش مانگانەیە! دە ئێوەش لە چاوی منەوە تەماشای ئەو بزەیە بکەن. خوا هەموو لا و منداڵی هەموو لایەک بپارێزێ.

ئەمەش بابەتەکە:

"مرۆ، تەندروستیی خۆی لە سەر پەیداکردنی پارە دادەنێ و دوایی، پارەکە لە پێناوی گێڕانەوەی تەندروستیدا سەرف دەکا. مرۆ، ئەوەندە بە پاشەڕۆژەوە سەرقاڵە، لەزەت لە ئێستای خۆی نابینێ. ئەنجامیش وا دەکەوێتەوە کە نە لە ئێستادا بژێ نە لە پاشەڕۆژدا. بە جۆرێک دەژێ وەک ئەوەی هەرگیز نەمرێ بۆیە کاتێ دەمرێ وەک ئەوەیە هەرگیز نەژیابێ".
- دەلای لامە -

لەبەر ئەوەی دەکرێ بە هۆی ئامێری نوێی تیشکەوە تەماشای مێشکێکی زندوو بکەین، ئێستا سەردەمێکی لەبارە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ لە مێشکی مرۆ ورد ببنەوە. دەبینین لە نێوان ئەوەی لە مێشکدا دەیبینین و ئەوەی دەیپێوین، پەیوەندییەکی بەهێز هەیە. بۆ نموونە، لەم سەردەمەدا دەزانین کە مێشک، بە درێژایی تەمەن لەوە زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە کە پێشتر بۆی دەچووین. ماوەیەکی زۆر پێمان وا بوو کە بۆماوەیی، ڕۆڵێکی باڵای لە بەرزبوونەوەی ڕادەی توانست و نەخۆشی و تەندروستیدا هەیە. بە واتایەکی تر، ناکرێ بۆماوەیی و دەوروبەر لە یەکتر دابڕێن بێ ئەوەی تاک وەک ئاڕاستەیەکی ئامادە بۆ شیکردنەوەی ڕەفتار و نەخۆشی ببینین. دەرکەوتووە تاقیکردنەوەی ژیان لە جەستەدا دەمێنێ و بەوەش پەرە بە لایەنی زندەوەرانەی جەستە دەدا. واتە، زیاتر ڕوون بۆتەوە کە بۆماوەیی و ژینگە لە ژیانی مرۆڤدا لێکدانابڕێن، بەڵکو بەردەوام تێکەڵی یەکتر دەبن و تێکدەئاڵێن.
لەگەڵ تاقیکردنەوەکانی ڕۆژانەماندا، مێشکمان گۆڕانکاری بەسەردا دێ. گۆڕانکاری لە تێکئاڵانەکان (وابەستەیی نێوان شانە عەسەبییەکان)دا ڕوو دەدا. کاتێ خانە عەسەبییەکان دەکەونە بەردەم هەڕەشەوە، بە دەم تێپەڕبوونی کاتەوە چالاک دەبن. دەکرێ بە وردی ئەو شوێنەی مێشک بپێورێ، کە تێکئاڵانی نێوانیان شانە عەسەبییەکانی تێدا ئەنجام دەدرێ. وا بیر لە مێشک بکەوە کە تۆڕی ئینتەرنێتە. هەموو جارێ کە کارێ ئەنجام دەدەین یا بیر دەکەینەوە یا هەست بە شتێ دەکەین، ئاماژەیەک بۆ ئەو بەشەی مێشک دەچێ کە ئەو جۆرە ئاماژانە لێکدەداتەوە. بۆ نموونە، ئەگەر لە گەمەی تێنسدا بیرۆکەیەک فێر بین، یا بیرۆکەیەک کە زوو زوو دووبارە بێتەوە یا کە هەستێک پەیدا دەبێ، هەموو جارێ لەگەڵ دووپاتبووەنەوەکەدا ئاماژەکەش بەهێزتر دەبێ. وا دانێ یەکەم جار بە پێی بیرۆکەیەک لە تێنسدا گەمە دەکەیت، پەیوەندی ئەو بیرۆکەیە بە مێشکتەوە، دەوری ٢ مێگابایتە لە چرکەیەکدا. بەڵام دوای ڕاهێنان بۆ ماوەی بیست ساڵ، دەبێتە ٢٠٠ مێگابایت لە چرکەیەکدا و ئەوەش دەبێتە هۆی وردپێوی و هەڵبژاردنی چرکەساتی لەبار. هەموو هەست و بیرۆکەکانمان بە هەمان شێوەیە. چەند زۆرتر لە جێی جیاواز دووبارەیان بکەینەوە، خێراتر و لە کاتی گونجاوتردا ئەنجام دەدرێن. بیر لەوە بکەوە، چەند جار لەبەر خۆمانەوە گوتوومانە "بەکەڵکی ئەوە نایەین" یا "بەشی ئەوە باش نین بۆ ئەوە بگونجێین". بەوە، چ کەرەسەیەک دەرخواردی مێشکمان دەدەین؟ ئیتر کە مێشک ئەو خشتەیە، لە کات و هەڵکەوتی دیاریکراودا دەناسێتەوە، بە خێرایی بروسکە، ئەوە دەگەیەنێ کە دەرخواردی دراوە (زۆربەی کاتیش دوور لە لایەنی ئاگاییمانەوەیە). کە دەمانەوێ بیرۆکەکان بگۆڕین، بەرانبەر ئەو هێزانە کار دەکەین و ئەوەش ئاسان نییە، بەڵام چار چییە؟
لە سەرەتای کتێبەکەوە، وا هست دەکەین بیرۆکەیەکمان لە سەر بابەتەکە هەیە، بەڵام دوایی دەپرسین بیرۆکەکە چییە یا تۆ بڵێی بیرۆکەکە هەر لە بنەڕەتەوە ڕاست بێ؟

ئەمڕۆ لە سوید چۆنە.
ئێستا ئەو نەخۆشییە، زۆرترین بایەخی لە لایەن حکوومەتەوە پێ دەدرێ. هەموو ساڵێ بە هۆی نەچوونە سەر کاری ئەو نەخۆشانەوە، حەفتا ملیارد کرۆن(*) لە سەر حکوومەت دەکەوێ. تەنها لە ماوەی دوو ساڵدا، ئەوانەی بە هۆی شڵەژان (قلق)ەوە بە نەخۆش نووسراوون، لە سەدا ٧٣ زیادیان کردووە. ئەوەی جێی مەترسییە ئەوەیە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو نەخۆشییە بەرەو گەنجان دادەبەزێ. جگە لەوەش، لێکۆڵینەوەکان پیشانی دەدەن کە ئەو نەخۆشییە لە دایک و باوکەوە دەگاتە منداڵانیش. زۆر کەس ئێستا بەوەی ڕوو دەدا دەڵێ "پەتا".
ئەگەر بارودۆخی خەڵکی لە مێژوودا، هەرگیز لە ئێستا باشتر نەبووبێ، ئەی چی وای کردووە لە ڕووی تەندروستی دەروونییەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر بین؟ ئەگەر بڵێین کارکردنی زۆر هۆکارە، هەڵەین. مەسەلەکە زۆر لەوە قووڵترە.
دەکرێ بۆ ئاسانکاری بڵێین: هەوڵەکانمان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئەرکانەی لە ئەستۆمانن، بەش ناکا و لەگەڵیاندا ڕێک نایەنەوە.
ئەگەرچی بەردەوام مێشک و جەستەمان پەرە دەسێنن بەڵام مێشکمان بۆ ئەوە دروست نەبووە بەرەو ڕووی ئەو هەموو ئاگادارکردنەوانە ببێتەوە کە لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا بەرەوڕوومان دەبنەوە. ئێمە بە بەردەوامی و بە شێوەی جێگیر بە دەوروبەر و جیهانەوە وابەستەین و بۆیان لەسەر پێین. زۆربەی کات هەموو شتێکمان لە تەلەفۆنەکانماندا کۆ کراونەتەوە. کۆمێنتێکی ڕەقی کۆمەڵایەتی دێ،  ئی مەیل درینگەی دێ، پەیامێک دەگا، هەواڵێکی تر لە ڕۆژنامەی هەواڵەکانەوە. ئاگادارییەکی دەستەجەمعی بە سەد کۆمێنتەوە. کۆمێنتێکی تری دەستەجەمعی و یەکێکیی تر و ئیتر بەو شێوەیە. تەکنەلۆژیای نوێ وای کردووە بە بەردەوامی بگۆڕێین و بە بەردەوامی لەگەڵ جیهاندا لە پەیوەندیدا بین و هەمیشە شتێکی تازە هەبێ لێی سەغڵەت بین و هەمیشەش یەکێ هەبێ خۆمانی لەگەڵدا بەراورد بکەین. تەنها پەنجا ساڵ پێش ئێستا، ئەو کێشانە لە سوید یەکجار کەم بوون. مرۆ دەیتوانی خۆی لەگەڵ ژمارەیەکی کەمی دەوروبەری خۆیدا بەراورد بکا و دۆستایەتی ژمارەیەکی کەمی دەوروبەری خۆی بکا و چەند ڕۆژنامەیەک بخوێنێتەوە.. هتد. هەڵبژاردن کەمتر و بەراوردکاری کەمتر بوو. ئەمڕۆ بە کرتەیەکی پەنجە، بە لای ڕاست یا چەپدا هاودەم هەڵدەبژێرین و هەڵبژاردن یەکجار زۆرە و بەراوردکاری بێکۆتاییە. ئێمەی مرۆڤ، لە پڕێکدا لە ڕێی میدیا کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕیکلام بۆ خۆمان دەکەین کە دەمانەوێ لە ڕواڵەتدا وەکو کێ بین: خەڵکانێک کە ژیانیان بێ کەموکورتییە و بەختەوەرن. کتوپڕیش هەزار لایەنگرمان لە کۆنتۆکانمان دەبێ و بەو شێوەیە خۆمان لەگەڵیاندا لە یەک بەرەدا دەبینین بێ ئەوەی هیچ کەسیش لەو لایەنگرانە بناسین و ئاگامان لەوەش نییە کە لە پێشبڕکێیەکدا بەشدارین، کەس تیایدا سەرکوتوو نابێ. ئەو بۆشاییەی ئێمەی مرۆڤ هەستی پێ دەکەین، بە "لایک" و "لاینگر" و شتی وا پڕ نابێتەوە... بە هەرحاڵ، لە مەودای پێشبینیکراودا پڕ نابێتەوە. دەبێ دایک یا باوکی بێ کەموکورتی بین، هاودەمی بێعەیب بین، کارمان هەبێ، لەگەڵ هاوڕێکانماندا کات بگوزەرێنین کە لە ڕاستیدا لەگەڵ خۆماندا دەیگوزەرێنین. خۆمان لەگەڵ خەڵکی تردا بەراورد دەکەین و هەموو جارێ کە دەبینین "سەرکەوتن"مان بەدەست هێناوە، یەکسەر دەچینە پێشبڕکێی بێ کۆتایی ترەوە، تا جەستە و ژیانمان بە ڕوونی پێمان دەڵێن کە زیاد لە پێویست ڕۆیشتووین.
ئەوەی لە جەستەدا ڕوودەدا، بە عادەت بە چوار ئاستدا تێدەپەڕێ. ئەوە شێوازی جەستەیە بۆ ئەوەی پەیوەندیی پێمانەوە هەبێ و خۆشی فێری ئارامگرتن بێ. ئەگەر گوێی پێ نەدەین، بەردەوام دەبێ تا کتوپڕ، بۆ ئەوەی فریای خۆی بکەوێ، دەکوژێتەوە. ئەوەیە کە پێی دەڵێن "پەککەوتن". هەنگاوی دوای ئەوە لەوە دەردەچێ چارەسەر بکرێ. بەڵام ئەو هەنگاوە، زۆر بەرینە و ئاماژەی زۆری تێدان بۆ ئەوەی خۆمان، لەو ماوەیەدا ئاگادار بینەوە.
ئاستی ١: ئێستا بۆ بەرگریکردن یا ڕاکردن ئامادەین. ئەدرنالین و نورئەدرنالین کە هۆرمۆنی شڵەژانن، وا دەکەن بۆ ئەنجامدان ئامادە بین. هەست بە شڵەژان دەکەین بەڵام لە دەرفەتدا ئارام دەبینەوە. لە ڕێی ڕاهێنانی جەستەییەوە وزەی کەڵەکە بووی جەستەمان لەناو دەبەین. ئیدی وا هەست دەکەین زۆربەی ئەرکەکانمان خۆشن و ئەوەش وا دەکا زیاتر و زیاتر ئەرک بخەینە سەر خۆمان.
ئاستی ٢: ئەم ئاستە، ئەدرنالین زیاتر دەکا و بەوەش کۆرتیزۆل بەرهەم دێ بۆ ئەوەی هەوکردنەوەی جەستە چارەسەر بکا. بەوەش ماسوولکەکان تێکدەشکێن و چەوری کۆ دەبێتەوە تا ئۆرگانەکانی ناوەوە پارێزراو بن. لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزوومان بۆ چەوری و خۆراکی بێکەڵکی تر زیاتر دەبێ. ئەوەش شێوازی خۆلادانی جەستەیە لەو مەترسییانەی کە ڕێی تێ دەچێ تووشیان بێ. کۆرتیزۆل کارێکی وا دەکا "هۆرمۆنی بەختەوەری – ئەو هۆرمۆنەی وا دەکا بزە بکەین - وەرگێڕ" لە جەستەدا کەم بێ بۆ ئەوەی بێتاقەت بین و بۆ نموونە، ئارەزووی سێکسمان کەم بێ.
ئاستی ٣: ئیدی کۆرتیزۆل هێند بەرز دەبێ کە غوددەکان ناتوانن زیاتر بەرهەم بێنن. ئەوەش، وا لێکدەدرێتەوە کە ئازاری پشتمان هەیە بەڵام ئەوە زەنگی مەترسییە کە غوددەی کۆرتیزۆل بۆ جەستەی دەنێرێ. "غوددەی بەختەوەری" لە ژێر تەوژمدا دەگاتە بنەبان و ئەوەش وا دەکا هێند بێتاقەت بین، پێمان وابێ شتێ نییە ئەو بەهایەی هەبێ لە پێناویدا بژێین. ئیدی بیرمان کۆڵ دەبێ و سەغڵەت دەبین و لەوانەش خراپتر، بە باشی ناخەوین. لە کاتی قسەکردندا، بە ئاسانی هەڵدەچین و دەشڵەژێین. هەندێکی تر هەن لە خێزان و دۆستان دادەبڕێن و گوێ بە هیچ نادەن. ئا لەم ئاستەدا ماندوو دەبین. ئەوە شێوازی جەستەیە بۆ وەستاندنمان لە بەدکاری و ئەگەر لەوە زیاتر بڕۆین، لەناودەچین.
مەسەلە ئەوە نییە گوێ بە هیچ نەدەیت یا بەرەوپێش نەچیت. مەسەلەکە ئەوەیە بڕیار بدەیت چۆن لەم ساتەوەختە بە دواوە بژێیت.
ئەم کتێبە بۆ ئەوانەیە بە ئاگاییەوە هەڵبژاردنیان هەبێ و ڕێگەی تازە لە مێشکی خۆیاندا بدۆزنەوە و لە گۆشەنیگای جیاوازەوە بڕوانن و لە ناو بیرۆکەکاندا شتی نوێ هەڵبژێرن. ئەگەر هەڵبژاردنی ئارەزوومەندانەت هەبوایە، ئەو هەست و کردەوانەی ئێستات هەڵدەبژارد؟ کە  زیاتر دەچینە ناو کتێبەکەوە، پرسیاری هەڵبژاردنی ئازادانە لە خۆمان دەکەین. کتێبەکە بۆ ئەو کەسەیە کە پێی خۆشە بزانێ چۆن مێشکی خۆی بگۆڕێ و بەوەش هەستی چۆن دەبێ و چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ شتەکاندا دەکات و چۆن لە جیهانی مرۆڤەکانی دی دەڕوانێ. بە چاویلکە ڕەنگییەکانمان، جیهانمان بە هیوا و خەیاڵ و کارەکانی خۆمان و شساجوانی خەیاڵ و منداڵی خەیاڵ و ژیانی خەیاڵی خۆمان و زۆر شتی تری خەیاڵی خۆمان ڕەنگ کردووە. ئەگەر چاو لە داهاتوو نەبڕین، لە ڕابردوودا دەژێین و ئەو ڕەنگکراوەش وا دەکا ڕووداوی ڕابردە، تووشی ئازاری ویژدانمان بکا. ئەوەش وا دەکا کە بە دەگمەن لە ئێستادا بژێین، ئەگەرچی لەگەڵ دوودڵییەکانماندا لە بارەی پاشەڕۆژەوە و بە ئازاری ویژدانەوە لە ڕووداوی ڕابردوودا بەند کراوین و کەمێک بۆ پشووی ناو باخچەیەک دەمێنێ کە پێی دەڵێین "ئێستا". لەم کتێبەدا، ئەو ڕەنگە دەسڕینەوە و هەوڵ دەدەین بە بۆچوونی تازەو و جوان و سەرنجڕاکێشەوە لە جیهان بڕوانین.
هیوای بەختەوەری بۆ تۆ و بۆ خۆم دەخوازم.





(*)  بە پێی نرخی دراوەکانی ئێستا، هەشت ملیارد دۆلاری ئەمەریکایی زیاترە - وەرگێڕ

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar