lördag 28 januari 2017

ئەفراندن لە داستانی گەلە جیاوازەکانەوە


لە ئاینە ئاسمانییەکاندا هاتووە کە خوا جیهانی لە شەش ڕۆژدا خەلق کردووە، دیاریشە هەموو زندەوەرانی لە سێ ڕۆژی دواییدا خەلق کردووە. یەکەم جار پەلەوەر، ئەوجا ئاژەڵانی سەر زەوی لە کۆتاییشدا مرۆڤی دروست کردووە. زۆرینەی میللەت و ئاینەکان داستانی خۆیان بۆ دەستپێکردنی ژیان هەیە، ئەگەرچی ڕوونیشی ناکەنەوە کە پێش خولقاندن چی هەبووە. زۆرینەیان وای پیشان دەدەن وەک ئەوەی خوا ئەو بێسەروبەییەی ڕێکخستبێ کە پێشتر هەبووە، ئەوەش بۆ ئەوەی بارودۆخێکی وا دروست بکا کە ژیانی مرۆڤی تیادا بگونجێ. هێزی وێرانکەری ناردۆتە شوێنی دوور تا لێی بمێننەوە چونکە مرۆڤ بەو بنەمایانەوە وابەستە دەبێ کە خوا دایاندەنێ.
                                 دروستبوونی ئادەم
لای گەلی دۆگۆن (Dogon)ی ئەفریقایی:
ئەنجامی جووتبوونی خوا لەگەڵ زەویدا وەک خوا داینابوو، جمکی مرۆ دەرنەچوو، بەڵکو کەمتیار دەرچوو. بەڵام خوا بێهیوا نەبوو و جارێکی تر هەوڵی دایەوە و ئەو جارە جمکێکی بە ناوی (نومو -  Nummo) بوو کە نیوەیان بە مار دەچوو. مارەکان، لە پێستی خۆیان تەنوورەیەکیان بۆ دایکە ڕووتەکەیان(زەوی) دروست کرد، کە وشە سەرەتاییەکانی زمانی لە سەر تۆمار کرابوو. خوا (ئەمما) لەوە بێهیوا بوو بە جووتبوون لەگەڵ زەویدا، مرۆڤ لە سەر شێوەی خۆی خەلق بکا بۆیە بڕیاری دا جووتێ مرۆڤ لە سەر شێوەی خۆی، لە قوڕ دروست بکا.
منداڵی ئەوانە، دوو ڕوویان هەبوو، ڕوویەک نێر و ڕوویەک مێ. تەنها بە بڕینی بەشێکی ئەندامی زاوزێی نێرینەکە و بەشێ لە ئەندامی مێینەکە، دەبن بە دوو بەشەری تەواو و لێکدابڕاوی پاکژ.
داستانی خولقاندن لای گەلی دۆگۆن زۆر درێژ و ئاڵۆزە و تەنها پیاوانی ئاین بە درێژی دەیزانن، بەڵام کڕۆکەکەی ئەوەیە کە خولقاندنی مرۆڤی بێعەیبی تەواو زۆر زەحمەتە. تەنانەت خوداش کە ناچار بوو خۆی دروستی بکا، نەیتوانی بە بێ کەموکورتی دروستی بکا بۆیە ملی دا و داوای لە مرۆ کرد خۆیان ئەو کەموکورتییە پڕ بکەنەوە کە خوا نەیتوانی عیلاجی بکا. عادەتی خەتەنەکردن لەوەوە هاتووە تا مرۆڤەکان کەموکورتییەکانی خوا پڕ بکەنەوە.
 بە پێی بۆچوونی گەلانی (بوشونگۆ - Boshongo )ی ناوەڕاستی ئەفریقیاش، لە سەرەتاوە تەنها تاریکی و ئاو و خوای گەورە (بومبا - Bumba) هەبوونە. ڕۆژێکیان خوا (بومبا) ژان دەیگرێ و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بڕشێتەوە و "خۆر" هەڵبێنێتەوە. ئیدی خۆریش بوو بە هۆی وشکبوونی هەندێ ئاو و دەرکەوتنی زەوی و هێشتاش خوا، ژانەزگ بەری نەدابوو و ئەمجارە مانگ و ئەستێرەی هەڵهێنایەوە. ئەوجا هەندێ گیانداری وەک پڵنگ و تمساح و کیسەڵی هەڵهێنایەوە و لە کۆتاییشدا، مرۆڤی هەڵهێنایەوە.

لە باکووری زەوی
بە پێی داستانەکانی باکووری زەوی، (Ask) یەکەم پیاوی خولقاو بووە و (Embla) یەکەم ژن بووە. بە پێی داستانەکە، "ئودن "، بە هاودەمێتی "Höner" و "Lodur" یەکەم دوو مرۆڤی بەم شێوەیە دروست کردووە: دوو بنەدار لە دەم زەریا بوون. دارەکان یەکێکیان قەڵەمتۆز " Embla " بوو و ئەوی تر سنۆبەر " Ask" بوو. ئودن، یەکەمیانی کردە پیاو و دووەمیشیان ژن، بەڵام نە زمانیان هەبوو نە هەست و هۆش. لەبەر ئەوە، "هوێنەر"ی هاودەمی ئودن، وزە و بزاوتنی پێ بەخشین و "لۆدور"یش هەست و عەقڵی پێدان. ئیدی کۆشکی "میدگۆرد"یان پێ درا تا تیایدا بژین... ئەو کۆشکەش کەوتبووە ناوەڕاستی زەوییەوە و جێی ئودن بوو.
                                      ئێمبا و ئاسک 

لای هندییە سوورەکان:
هندییە سوورەکان، کە ناویان (هورون – Huron)ە، لە دەم دەریاچە گەورەکانی ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ لە ئەمەریکای باکووردا پێی دەگوترێ ویلایەتی ئۆنتاریۆ دەژیان. داستانی ئەفراندن لای ئەمانە بۆمان باس دەکا کە لە سەرەتاوە جگە لە ئاو و هەندێ گیانداری ئاوی کە تیایدا دەژیان، هیچی تر نەبوو، بەڵام کتوپڕ لە ئاسمانەوە کچێکی عازەب بەربووەوە و دوو سۆنە گرتیانەوە و بانگی هەموو گیاندارانی ئاویان کرد بچنە لایان بەڵام تەنها کیسەڵێکی گەورە بە گوێی کردن و چوو. ئەوانیش کچەکەیان لە سەر پشتی دانا. دوایی، لەگەڵ گیاندارانی تری زەریادا کۆبوونەوەیان کرد تا تەگبیر بکەن چ لەو کچە بکەن. ئیدی بەو ئەنجامە گەیشتن کە دەبێ زەوی بدۆزنەوە تا ئەو کچەی لە سەر بژێ. کیسەڵەکان، لە بن زەریا قوڕیان هێنا تا کچەکە لە سەر پشتیان قایمی بکا و بیکا بە زەوییەکی فرەوانی پڕ لە کشتوکاڵ. کاتێ کچەکە بەربووەوە، زگی پڕ بوو و دوایی جووتێ کوڕی بوو، یەکێکیان چاکەخواز بوو و ئەوی تریان خراپەکار بوو. خراپەکە، هەر لەگەڵ لەدایکبوونیدا دایکی خۆی کوشت. دوای ناشتنی، ڕووەکی ناودار لە جەستەیەوە سەریان دەرهێنا. پەتاتە لە سەریەوە شین بوو و گەنمەشامی لە سینگیەوە و قاوە لە باسکیەوە. کوڕەکانی، زەوییەکەیان لە نێوان خۆیاندا بەش کرد. بەدکارەکە، هەموو گیاندارە دڕندەکانی خەلق کرد، بەڵام کوڕە چاکەکە هەموو گیاندارە سوودبەخشەکانی خەلق کرد.
ئەم داستانە کە ئاڕاستەی بەرەو پەرستنی زەوییە، لە ناو هەموو هندیە سوورەکانی باکووری ئەمەریکادا برەوی هەیە. تیایدا خولقێنەر هاوکاری مرۆڤ لەوەدا دەکا کە لە سەر زەوی پەیوەندی لە نێوانیاندا پێکبێنن و برەو بە گونجان و لێکحاڵیبوون بدەن. خوا لێرەدا شێوازی کیسەڵی زەریا وەردەگرێ. لای گەلێکی تری هندییە سوورەکان کە ناویان (چەیانی - Cheyennei)ە خواوەند شێوازی جۆرە مراوییەکی کێوی هەیە چونکە مراوی سەرچاوەی هەموو بوونەوەرانە.
سەرنج:
من ئەو داستانانەم هەڵبژاردوون بەڵام یۆنان و زەردەشتییەکان و ئەهلی هەق و ئێزدی و فیرعەونەکان و چین و هند و ژاپۆن... هتد، هەر یەکەیان لە بارەی خولقاندنی مرۆڤەوە داستانی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەگەر باسی هەموویان بکرێ زۆر دەخایەنێ، جگە لەوەی ماندووبوونێکی زۆری دەوێ هەم بۆ نووسین دەوێ، هەم بۆ خوێندنەوە.
١. پێ دەچێ مەسەلەی خەتەنەکردنیش هەر لە ناوەڕاستی ئەفریقاوە، بە شێوەی ئەو داستانە سەری هەڵدابێ و لەوێوە پەڕیبێتەوە بۆ دوورگەی عارەبی و لەگەڵ غەزاکانیشدا، گەیشتبێتە نەتەوە موسوڵمانەکان. لە دەقە شیعرێکی فەرەزدەقیشدا باسی ئەوە هەیە کە ئاگرپەرستان – واتە زەردەشتییەکان، خەتەنەیان نەکردووە و ئەوەش بە سووکایەتی و دواکەوتن لە قەڵەم دەدا.
٢ ناوەڕۆکی ئەم بابەتەم، لە سایتەکانەوە هێناوە.

söndag 22 januari 2017

لە مێروولەوە.. بەرەو هەوراز



مەسعوود محەمەد
ئەی خوێنەر، لێتی ناشارمەوە ئەگەر لەزەتم لە جگەری مریشکێک یا سینگی بەرخێک کردبێ، لە بەردەم ئازاری پەشیمانی و خۆخواردنەوەدا شکستم هێناوە و بەرانبەر فوارەی خوێنی قوربانی یا ئەو لاشەیەی لە کاتێکدا چەقۆ، قووڵتر و قووڵتر بە ملیدا دەچێ لەقەفڕکێ دەکا و دواتر لە میهرەجانی کردنەوەی ئیشتیا و دڵنیاکردنی ئارەزووی چەند لوقمەیەک کەوڵ دەکرێ و لەتوپەت دەکرێ تا دوایی دەستی حەساوە بە سەر ورگی تێردا بێ ئەوجا بە دەم خەوەوە هەرسی بکا تا سەرخەوشکاندنەکەی ئارام بێ، لەرزی ناڕەزایی دەمگرێ... ئەوە حاڵمانە و بیانوومان هەرچییەک بێ و هەر فەلسەفەیەکی بۆ بێنینەوە، لە هیچ ڕوویەکەوە جیاوازیی لەگەڵ ئەوەدا نییە کە گورگ بە ڕێوی و مەڕی دەکا و ئەوەی ڕێوی بە کەروێشک و کەوی دەکا و سەر لەو بیانوو و هۆکار و هاتوهاواری خۆشییەش دەرناکا کە لە زەماوەندی پیاوی دەوڵەمەنددا دەکرێن. شێوازی تری ئەو قەسابخانە مرۆییانە هەن کە گیانداری بەستەزمان و کوێر سەریان لێ دەرناکەن و دێینەوە سەریان.
لە ملیاران ساڵەوە، هەر دەبوو ژیان و مەرەکەبدانی ژیان لە سەر ئەو بنەما دڕندانەیە سەر هەڵبدا و زندوو زندوو بخوا و ئەوەش سیمایەکی ناهەموارە کرۆکی هەڵبوونی ژیان بە توندوتیژی و زوڵم تۆمەتبار دەکا چونکە ژیان لووتکە خولقاوەکان و موعجیزە گەورەکەی و دەروازەیە بۆ سەردانی ڕاستییە مەزنەکانی کەونی بەرین کە خەیاڵ ناتوانێ فرەوانییەکەی بداتە بەر مەزەندە و لە ناو هەموو بوونەوەرە مردوو و زندووەکانیشدا، سەردانیکردنی بۆ مرۆ بوو بە ئەرک چونکە ئەو کەرەسە عەقڵییەی هەیە کە لە خاوەندارێتی غەریزی بێزمانەوە، کردی بە خاوەن ئیرادەی هۆشەکی و خەوشی سەربڕین و کەوڵکردن، وەک ڕیخەڵۆکە کوێرە پێوەی لکا و بوو بە جیاکەرەوەیەکی گەورەی کەسایەتیی هەبوونی و بەشێکی زۆری بوونی داگیرکرد تا ئەوەی زۆر لە مرۆڤە مەزنەکان، لەبەر ئەوەی ئەو ئیشتیایەی کە مرۆڤ و دڕندە یەکسان دەکا، وازیان لە گۆشتخواردن هێنا، لەوانە، ئەبو عەلائی مەعەڕی کاتێ نەخۆشکەوت و لاواز بوو و فڕووجاویان بۆ هێنا تا نەختێ وزەی وەبەر بێتەوە، گوتی: "چی وای لێ کردن مەرگەی بەچکەشێرم بۆ نەهێنن؟ فڕووجتان بە لاواز زانی و سەرتان بڕی؟". لەوانەی دواتریش ڕێبازی قادرییە کاتێ کاکەحمەد لە سلێمانی کە پێش دەوروبەری سەدەیەک، لە ناو دانیشتواندا چۆلەکەیەک هات و لە سەر شانی نیشتەوە و لێیان پرسی ئەو چ نهێنییەک وای لەو چۆلەکەیە کرد تۆ هەڵبژێرێ، گوتی: "بۆنی گۆشتی لە خواردنەکەمدا نەکرد و باوەڕی پێ کردم!". ئاین هەیە لە بنەڕەتەوە کوشتنی گیاندار حەرام دەکا و ئەوەش لە تەرازووی بیانووهێنانەوەدا، لە لایەنە چاکە مەزنەکانە، بەڵام سەیر ئەوەیە پەیڕەوانی، لە کاتی پێویستدا، پێم وابێ، مرۆ دەکوژن!!.

ئەم تاقیکردنەوە بچکۆلەیە کە لە مەسەلەی ئازارکێشیم تا مێروولەی بەر دەرگای ژوورەکەم نەشێلم و لەم بەشەدا باسی دەکەم، حەدیسێکی پێغەمبەری عارەبیم (د.خ) بیر دێنێتەوە کە دەڵێ: "شيبتني سورة هود، اية فاستقم كما امرت. واتە: سوورەتی هود پیری کردم. ئایەتی وەک فەرمانت پێ کراوە ڕاست بە". ئەو حەدیسەشم بیستووە و نەمخوێندۆتەوە. دەتوانی ئەو ڕاستەڕێیە بەوە تاقی بکەیتەوە خۆت ناچار بکەیت لە کاتێکی دیاریکراوی ڕۆژدا پارچە پارەیەکی وردە بە هەژارێک بدەیت. دەبینیت لێت دەبێتە ئەرکێک توانات بە سەریدا ناشکێ چونکە ساکارترین کاریگەری ئەوەیە ناچارت دەکا بیخەیتە بەرنامەی کارەوە و بە درێژایی تەمەن، هەموو پێویستییەک و بەرژەوەندییەک لەو کاتەدا وەلا بنێیت تا ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەیت. یەکێ لە ئەنجامەکانی ئەوەیە دەست لە سەفەر هەڵگریت مەگەر یەکێکی تر لە جێی خۆت دابنێیت ئەو ئەرکە بەجێ بگەیەنێ.. ئەوەش شێوەیەکە لە ڕەهابوون لە بەڵێن.
باسەکەش پەیوەندیدارە.
العراق  ٢٢-٧-١٩٩٥
و: ح. کاکەوەیس

måndag 9 januari 2017

قەرە فاتمەی کورد... کارەکەری تورک



قەرە فاتمە... ساڵی ١٨٨٨ لە ئەرزڕوومی باکووری کوردستان لەدایک بووە. باوکی ناوی یوسف ئاغا بووە. یەکێک بووە لە شەڕکەرەکانی شەڕی سەربەخۆیی تورکیا. کاتێ مستەفا کەمال لە سیڤاس کۆنفرانسی هەبوو، قەرە فاتمە خۆی پێ گەیاندووە و داوای کردووە بچێتە ڕیزی سوپای تورکیاوە. دوای ئەوەی مستەفا کەمال ڕازی بوو، یەکەیەکی سەربازی پێکهێناوە و ٤٣ ژن و ٧٠٠ پیاو چوونەتە سوپاکەیەوە. دوو جار لە لایەن سوپای یۆنانەوە دیل کراوە و لە جاری دووەمدا، کاتێ جەنەراڵ (نیکۆلاس تریکۆپیس) قسەی بۆ کردووە، دەرفەتی دیوە و ڕایکردووە. بە پێی نووسینێکی یەڵماز یوزدل، لەشکرەکەی فاتمە ڕەش، یەکەم دەستەی سەربازی بووە، کە لە شەڕی ڕزگارکردنی ئەزمیردا، چۆتە ناو شارەکەوە.
قەرە فاتمە، لە ٢ی تەممووزی ١٩٥٥دا، لە (دارولعەجەزە-تەمبەڵخانە) کە خانەی هەژاران و نەداران بووە، کۆچی دوایی کرد.
ئەوە داستانی ژنێکی کوردە... دوای ئەو هەموو خزمەتەی کە بە تورکی کردووە، لە تەمبەڵخانەدا، بە بێکەسی سەری ناوەتەوە!. تۆ بڵێی ئەو پیاوانەی خزمەتی تورک دەکەن، لەوە زیاتریان بەرکەوێ؟!. تۆ بڵێی هیچی تر لە بێگانەپەرستی بۆ کورد شین بێ؟!.
بەسە... خۆفرۆشی بەسە!. قەرە فاتمە وانەیەکی گەورەیە بۆ کەسێ وانە دادی بدات!.

                                      قەرەفاتمە لە ناوەندی چەکدارەکانی