حەکیم کاکەوەیس
"یەکێ نووسیبووی: کوا باوی ئاڵا ماوە؟ عەیب ناکەن؟
هاوڕێیەکیشی بۆی نووسیبوو: سوور و سپی و سەوز و زەرد هەر
شایەنی هەڵکردنە.
هەر ئەو یەکە نووسیبووی: گڵۆپە!
ئەوی تر بۆی سەندۆتەوە: بەڵێ هی دیسکۆ".
باوی ئاڵا نەماوە؟!. دە بڕۆ
سووکایەت بە ئاڵای تورک بکە بزانە چت پێ دەکەن؟. نا، تورک نا، چونکە ڕەگەزی خۆیان
بە باڵا دەزانن و ڕێی تێدەچێ بشتکوژن. کام وڵات پێشکەوتوو و پێشکەوتنخوازە، سووکایەتی بە ئاڵاکەی بکە، بزانە
چت پێ دەڵێن!. باوەڕ ناکەم فریای خوێندنەوەی مانێفیستی پێشکەوتنخوازیی خۆت بکەوی،
دەتکەن بە پۆڕی خوراو!.
ئەوە کورد و باسی ئاڵا. با بزانین
سویدییەکان چۆن باسی ئاڵاکەی خۆیان دەکەن: "ئاڵای سوید، هی هەموو ئەو
کەسانەیە کە لە سوید دەژین، بەڵام خەڵکی دەرەکی بۆیان هەیە ئاڵای خۆشیان بەرز
بکەنەوە بە مەرجێ، بە یەک دارعەلەمەوە نەبن. کاتێ ئاڵای سوید کۆن دەبێ یا دەدڕێ یا
کاڵ دەبێتەوە، نابێ بە سووکایەتییەوە فڕە بدرێ یا بۆ مەبەستی تر بەکار بهێندرێ، بەڵکو
پێویستە بە شێوەیەکی گونجاو لەناو ببرێ... بۆ ئەوەی لە ئاڵایی بکەوێ، شینەکەی لە
زەردەکەی جیا دەکرێتەوە، ئەوسا بە شێوەیەکی گونجاو فڕە دەدرێ. ئەمە لە سوید،
جۆرێکە لە ئەخلاق و خەڵکەکەش پێڕەوی لێ دەکەن.
لە سوید، لە سەر سووتاندنی ئاڵای
سوید یا هەر ئاڵایەکی تر سزا نییە، بەڵام بە لایانەوە ئەو کارە، کارێکی نائەخلاقی
و خراپە. ئاڵای سوید، بۆ یەکەم جار ساڵی ١٥٢٣، کە سوید لە یەکێتی لەگەڵ دانیمارکدا
دەرباز بوو و گوستاڤ ڤاسا بوو بە پاشا، بەرز کرایەوە و ئیدی هەموو ساڵێ لەو رۆژەدا
(٦ی حوزەیران) ئاهەنگ بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵا دەگێڕن!.
هەتا ئێستا لە هیچ سویدییەکم
نەبیستووە و لە هیچ نووسینێکیشدا نەمخوێندۆتەوە سووکایەتی بەو ئاڵایە بکرێ... هەمیشە
بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانن و زۆر لە ماڵە سویدییەکان، ئاڵای وڵاتی خۆیان، لە
باڵکۆنەکانیانەوە یا لە ناو باخچەکانیاندا بەرز دەکەنەوە. خۆ ئەوانیش لە شێوی ئاڵاکەدا کێشەیان هەیە و خەڵکی سوید هەیە دەڵێ: کە دەوڵەت پەیوەندیی بە دینەوە نییە، ئیتر ئەو خاچە چییە بە ئاڵاکەوە؟!. لەگەڵ ئەوەشدا بێڕێزی پێ ناکەن.
ئەی بۆچی گەنجی کورد بەو چاوە
سووکەوە تەماشای ئاڵای کوردستان بکا و هیچ بە لایەوە گرنگ نەبێ و هیچ پیرۆزییەکیشی
نەبێ؟. من ئەم هۆیانە دەبینم:
١ . حیزبەکانمان، کە خۆیان کردووە
بە خاوەنی ئاڵاکە، نە کوردستانیان ئازاد کردووە و نە حوکمێکی دادپەروەرانە
لەسایەیدا بەڕێوە دەبەن!. جگە لەوەش، لە سێبەری ئەو ئاڵا پیرۆزەدا، دزی و جەردەیی
نەماوە نەیکەن و لە هەمووشی گرنگتر، نانی خەڵکی کوردستان دەبڕن.
٢ .هەر حیزبەکان، هەتا ماوەیەکی
زۆر دوای ڕاپەڕین، لە هیچ مەودایەکدا گەنجانی کوردیان بە گیانی نەتەوەپەروەری و
نیشتیمان دۆستییەوە پەروەردە نەکردووە، بەڵکو سەرکردە، خۆی نەتەوە و خۆی نیشتیمان
و خۆی ئاڵا بووە. هەر سەرکردەیەکیش بگری، بە تایبەتی لە دوای ١٩٧٥ەوە، چەند
لایەنگری هەبووە، ئەوەندە و بگرە زیاتریش ناحەز و نەیاری هەبووە و ڕۆژ بە ڕۆژ
یەکڕیزی خەڵکی کوردستانیان وێران کردووە.
٣ .هەموو لە بیرمانە کە تاکە حیزبێکی
نەتەوەیی سەردەمی شاخ "پاسۆک" بوو کە ئاڵای کوردستانی لە
سەر کەلاوەی بارەگاکەی بەرز دەکردەوە، بەڵام حیزبەکانی تر، وەک بابەتی نوکتە و
پێکەنین تەماشایان دەکرد. ئیتر چۆن لاوانی کورد باوەڕ بکەن کە هەمان ئەو حیزبانە،
ئێستا ئاڵاهەڵگر بن؟!. تۆ وەرە شۆڕشگێڕ بیت و خۆت بەکوشت بدەیت، بەڵام ئاڵای
نیشتیمانەکەت بکەیت بە کەرەسەی پێکەنین!. کەوابێ لەو شاخانە چ دەکەیت و بۆ چ
مەبەستێکی دەکەیت؟!.
ڕاستە، نەدەبوو لاوی کورد بەو چاوە سووکەوە تەماشای
ئاڵای نیشتیمانی خۆی بکا، بەڵام حیزبەکان لەو پەروەردە سەقەتەدا بەرپرسیارن. پێویستە
دەسەڵاتی کوردستان، بە بێ ناوهێنانی حیزب و سەرکردە، باسی ئاڵا بکەن نەک بیکەن بە
ڕیکلامی حیزبی و ململانێی ڕاگەیاندن و لە ئەنجامیشدا، هەر ئاڵا بکەنە کەرەسەیەک بۆ
مانەوەی کورد بە ژێردەستەیی.
ئەوەی ئەمڕۆ بۆ سەرانی کورد
هەڵکەوتووە، دەرفەتێکی دەگمەنە و ئەگەر بە جوانی نەیقۆزنەوە، ئەو میللەت و
نیشتیمانە، هەتا سەت ساڵی تریش بە دیلێتی و داگیرکراوی دەهێڵنەوە و نەوەکانی
داهاتوو لێیان خۆش نابن!. چ سەمەرەیەکە ئەو دەرفەتە وەکو چەکی بانک ورد بکەنەوە و
بیکەن بە پارە و کۆشک و مۆڵ، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کاتێ باریان خوار دەبێ، هەرچییان
هەیە، دەستی بە سەردا دەگیرێ و نیشتیمانیش، وەک جاری جاران بە داگیرکراوەیی
دەمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێم: هیوادارم سەرانی
کورد بەئاگا بێنەوە و ئەو دەرفەتە مێژووییە دەگمەنە، بۆ کەڵەکەکردنی سەروەت و
سامان لە دەستی خۆیان نەدەن!. با نەوەکانی داهاتوو بڵێن: لە سەردەمی یەکێتی و
پارتیدا و لە سەر دەستی ئەوان کوردستان سەروەریی خۆی بە دەست هێنا...
تۆ بڵێی ئەو شەرەفە گەورەیە لە دەستی خۆیان بدەن؟!... تۆ بڵێی
ئەو شەرەفە گەورەیە لە دەستی خۆیان نەدەن؟!.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar