lördag 28 september 2013

ئاشی بەتاڵی کەرکووک

من پێم وانەبوو پارتی لە هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵدا، لە ٢٠ کورسی پتر بێنێ. پێم وانەبوو  یەکێتی ١٦ کورسی بێنێ. وام دانابوو گۆڕان، لەبەر ئەوەی لایەنێکی بەرهەڵستکاری کاریگەرە، بە تەنها پتر لە ٤٠ کورسی بە دەست بێنێ. ئەوجا خوێنەری هێژا ناهەقی نییە پێم بڵێ: تەڕ مەزەندەکەت ڕاست دەرنەچوو!! ڕەنگە حیسابی من بۆ دەنگهێنان و کورسیهێنان جیاواز بێ. من حیسابێکم دەکرد و ئەو خەڵکەی دەنگیان دەدا و تەنانەت زۆر لەوانەی کەوتوونەتە قوڕگی (١٤٠)ەوە و مافی دەنگدانیشیان نەبوو، حیسابێکی تریان دەکرد. ئاخر گاڵتە نییە دوو حیزب ببنە هۆکاری لە دەستدانی نێزیکەی نیوەی باشووری کوردستان و ئێستاش ئەوەندە دەنگ بێنن کە بتوانن حکوومەت پێک بهێنن! گاڵتە نییە خەڵکانێکی نەتەوەیی، کە کێشەی یەکەمیان ئەو ناوچە دۆڕاوانەیە، لە ناو نەتەوەیەکی هەمیشە دۆڕاودا، هەمیشە یەک مەنجەڵ یاپراغ بەشیان بکات! دەبێ نهێنییەک لەوەدا بێ کوردی نەتەوەیی لە وڵاتی خۆیدا و لە ناو میللەتی خۆیدا غەریب بێ و عارەبی تەعریب خاوەنماڵ بێ!
من بۆیە پێم وا نەبوو پارتی و یەکێتی ئەوەندە دەنگ بێنن حکوومەتێکی پێ دامەزرێنن، هەندێ وردە حیسابم هەبوو  و ئاگام لەوە نەمابوو ئەم میللەتەی ئێمە بیری لێ ناکاتەوە. ئاخر میللەت نییە بیر لە شتی وا نەکاتەوە:
یەکەم. حیزبێک یا حکوومەتێکی کوردی کار بۆ ئەوە بکا عیراقی داگیرکەر لە ژێر باری بەندی حەوتەمی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچێ، هی ئەوەیە چەند دەنگ بێنێ؟ ئەگەر نازانن بەندی حەوتەم چییە، با بیزانن کە کردنەوەی دەستی دەوڵەتی عیراقە بۆ کڕینی چەکی قورس لە کاتێکدا هێشتا زۆر کێشەی چارەنووسساز لە نێوان کوردستان و بەغدادا، بە بێ چارەسەر ماون.
دووەم. ئەو دوو حیزبە، واتە پارتی و یەکێتی، ئەو عیراقە ڕووخاوەیان بە دەستی خۆیان دروست کردەوە کە ببوو بە تەوقی غەزەب و لە ملی کورد ئاڵابوو و کەرکووکی ئازادکراویان بە دەستی خۆیان تەعریب کردەوە و ئەو سوپایەیان دروست کردەوە کە ژانی ئەنفالی کورد کوشتی. ئەرێ ئەو دوو حیزبە هی ئەوەن کورد دەنگیان بداتێ؟
سێیەم. کەرکووک عارەبی تێدا نەما، بەڵام ئەو دوو حیزبە لە ململانێی یەکتردا عارەبیان بە پێناسەی زەرد و سەوزەوە گێڕایەوە کەرکووک، ئەوجا بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ قەرەبوویان کردنەوە تا کەرکووک چۆڵ بکەن بەڵام بە جۆرێ پشتیان گرتن، ئەوەی یەک خانووی هەبوو بیکا بە دوو. ئەرێ ئەو دوو حیزبە هی ئەوەن بیست کورسیی پەرلەمان بە دەست بێنن؟
چوارەم. من حیسابی گەندەڵی و دزی و دروستکردنی مۆڵی بەرپرسان و بزربوونی سەدان ملیۆن دۆلار و سەپاندنی کوڕی ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس بە سەر پەرلەماندا ناکەم، چونکە هەموو ئەوانە یەک بست خاکی کەرکووک ناهێنن، بەڵام حیساب بۆ خوێنی ئەو هەموو کوردە دەکەم کە لە ١٩٧٥ بە دواوە کرانە قوربانی کەرکووک و ئەو دوو حیزبەش کەرکووکیان کرد بە قوربانی دوو قسەی قۆڕی ناو ماددەی ١٤٠ کە لە بنەڕەتدا داننان بوو بە عارەبایەتی کەرکووک. حیزبی وا هی ئەوەیە بیست کورسی پەرلەمانی بەر بکەوێ؟!
پێنجەم. دەسەڵاتی کوردی بە بەغدای گوت: فیرقەی ١٢ مەهێنە کەرکووک و هێنای. گوتیان پرۆسەی دیجلە لە کەرکووک نزیک مەخەرەوە و کردی بە کەرکووکدا. گوتی عارەب مەهێننە کەرکووک و عارەب بە لێشاو دێن. دەسەڵاتی کوردیش لە سێکانیان و گورگەچاڵەوە بە دوربین تەماشای کەرکووک دەکەن. ئەمانە هی ئەوەن بیست کورسی پەرلەمان بە دەست بهێنن؟!
شەشەم. منداڵی بەرپرسان لە خوێندنگەی تایبەت و بە زمانی بێگانە دەخوێنن و منداڵی دەنگدەرانیش بە کتێبی هەڵە و بەرنامەی خوێندنی هەڵە و کوردیی هەڵەوە زستان بە هەڵلەرزین و هاوین بە عارەقەڕشتن بەڕێ دەکەن، ساڵ لە دوای ساڵیش جیاوازی خەڵک و ئەوان زیاتر دەبێ و دەنگدەرانیش ئەوە باش دەزانن. ئەرێ ئەو حیزبانە هی ئەوەن ٢٠ کورسی پەرلەمانیان بەر بکەوێ؟!
حەوتەم. ئەو تەعریبەی ئێستا بە بەر چاوی ئەو حیزبانە و بە ڕەزامەندی ئەوان دەکرێ، قەت لە سەردەمی بەعسدا نەکراوە و هەرگیز جەلەولا ئەوەندە بێ کورد نەبوو و سەرانی کوردیش قڕوقەپیان لێ کردووە و هەر باسیشی ناکەن. ئەرێ ئەوانە سەرکردەی میللەتێکی زندوو بان، چەند دەنگیان دەهێنا؟
لە کۆتاییدا دەڵێم: مەزەندەی من هەڵە نەبووە بەڵکە دەنگدەران هەڵەیان کردووە و ئاگایان لە خۆیان نییە چی دەکەن! من کە جەلەولا دەبینم کوردی تێدا نەماوە و کەرکووک دەبینم هەمیشە خەڵتانی خوێنە و ئەو بەرپرسانە، تەنانەت سەرخۆشیش لە خەڵکی کەرکووک ناکەن، دەڵێم: مەحاڵە کورد دەنگیان پێ بدا. کە دەنگیان پێ دەدەن، هەڵە لە شوێنێکی ترە و مەزەندەی من هەڵە نییە.
هیچ میللەتێکی ئەم جیهانە ئەوەندە کوێر نییە! هیچ میللەتێکی ئەم جیهانە وەکو کورد دژی بەرژەوەندی و چارەنووسی خۆی کاری نەکردووە. هیوادارم ئێستا بە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە بۆمان ساغ بووبێتەوە کە نەبوونی دەوڵەتی کوردی نە پیلانی ئیستیعمارە و نە سیڤەر و لۆزان و ئیسلام و جوو و سایکس بیکۆ خەتاباران، چونکە ئەوەتا ئێمە بە ڕۆژی ڕووناک و بە بێ ئەوەی کەس تەوژمی خستبێتە سەرمان، خۆمان ئەو لایەنەمان دەوێ کە بووە هۆی تەعریبکردنەوەی کەرکوول و کوردی لە جەلەولا نەهێشت و تەنانەت لە پشت خەتی (٣٦)یشەوە، دەستی بە چاندنی عارەب کردووە تا لە ڕۆژی خۆیدا پشتمان لێ بگرن!
ناهەقمە مەزەندەی وام بووبێ؟! کێ باوەڕ دەکا میللەتێک دەنگ بەو بابەتە حیزبە بدات؟! ئێمە میللەتێکین، لە بری ئەوەی زیوان لە گەنم بژار بکەین، گەنم لە زیوان بژار دەکەین! نازانم کامە زانای یۆنانی کۆن گوتوویەتی: کۆیلە، ئەگەر ئازادیی بە سەردا ببارێ، چەتر هەڵدەدا... ئێمەی کوردیش ئازادیمان بە سەردا باری و بە بێ چەتر هڵناکەین!
پێم وایە دەستمان لە بنی هەمبانەوە دەرچووە و ئەمڕۆ سبەی ئیمزای دەستبەردان لە کەرکووک دەکەوێتە سەر کاغەز و ئاشی کەرکووک بەتاڵ دەبێ، بەڵام کەرکووکییەکان دەستبەرداری شەڕی خۆیان نابن و دەبن بە جانەوەری سەیروسەمەرە: یەکێ خوێنی سەوزە و یەکێ خوێنی زەردە... ئەمڕۆ سبەی جانەوەرێکی تریش پەیدا دەبێ و دوای هەموو تەقینەوەیەک دەقیژێنێ: من خوێنم خمە!
ئەوانەی ئەمڕۆ بە بێ کەرکووک خۆیان بە براوە دەزانن و کورسی زۆری پەرلەمانیان بەر کەوتووە، بۆیە خۆیان بە براوە دەزانن تەنها دەرپێکانیان بۆ ماوەتەوە و بە بۆنەی مانەوەی دەرپێکانیانەوە پیرۆزباییەکی گەرمیان لێ دەکەم!
دەی سا ئێمەی کەرکووکیش لە سای سەری سەرکردە براوەکاندا، کوڕاوکوڕمان ئاشی بەتاڵی کەرکووکمان عافێت بێ، وەک بابەلباب عافێتمان بوو!
2013-9-29

söndag 22 september 2013

هەڵبژاردن... بەرەو کۆێ؟


لە هەڵبژاردنی ٢١/٩/٢٠١٣ دا، حیساب تەنها بۆ دەستکەوتی تایبەتی کرا. نە دۆڕاندنی کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی تر حیسابیان لە سەر کرا، نە زمانە شێواو و ڕاگەیاندنە سەقەتەکانی کورستان و نە شێواندنی ڕەوشتی خەڵکی کوردستان لە ڕێی زنجیرە دراما و بەرنامەی شێواندنی خێزانەوە، نە هیچ حیسابێک بۆ بەرنامەی خوێندنی سەقەتکراو کرا! باوەڕ ناکرێ بە بەر چاوی هەموو دنیاوە نزیکەی نیوەی باشووری کوردستان لە دەست بدرێ، میللەتێکیش، نەک هەر قڕوقەپی لێ بکا، بەڵکو بە جۆشوخرۆشەوە پشتی ئەوانە بگرێ کە بوون بە مامانی ماددەی ١٤٠ و لەدەستدانی کەرکووک!!... باوەڕ ناکرێ میللەتێکی زیندوو ئامادەی دەنگدان بێ و بە بەر چاویشیەوە، ناوچە دۆڕاوەکانی قوڕگی حەزیای ١٤٠یش لە سەردەمی بەعس چڕتر و خراپتر تەعریب بکرێ!
زۆر جار نووسەران و شارەزایانی مێژوو باسی ئەو زوڵمانە دەکەن کە لە لۆزان و سیڤەر لە کورد کراون و نەفرەت لە براوەکانی یەکەم جەنگی جیهانی دەکەن کە کوردستانیان دابەش کردووە، بەڵام نەفرەت لە خۆمان ناکەن کە یەکەم هۆکاری ئەو دابەشکردنەین وەک کە ئێستا یەکەم هۆکاری ئەو تەعریب و داگیرکارییەین کە لە ناوچەکانی ١٤٠ پێڕەو دەکرێ.
جێی سەرسوڕمانە مافی دەنگدان بە دانیشتوانی شارێکی وەکوو کەرکووک نەدرێ و خەڵکی کەرکووکیش بە هەڵەداوان هاوار بۆ هەڵبژاردن بکەن و بێ ئەوەی مافی دەنگدانیان هەبێ، هاوار بۆ ئەم حیزب و ئەو حیزب بکەن و وەک گوێرەکەی قوربانی، بۆ سەربڕینی خۆی چاوی بڕێژێ و هەڵپەڕێ و خۆشی دەربڕێ! هەزار جار بە داخەوە!!
ئێستا، دوای پەیماننامەی شەرەف کە لە ١٩/٩/٢٠١٣دا لە بەغدا ئیمزا کرا، مالکی دەڵێ: "لە نێوان ئێمە و ئەوانەی جنێو بە شیعە دەدەن، دەریای خوێن هەیە" و لە هەمان کاتیشدا عارەبی سوننە لە شارەکانی باشووری عیراق دەردەکرێن!! ئەمەش ڕێخۆشکردنێکە بۆ کۆچکردنی ئەو عارەبانە بەرەو ناوچە دۆڕاوەکان! کورد وەک میللەتێک، بە تایبەتی خەڵکی ناوچە دۆڕاوەکان و بە تایبەتیتریش خەڵکی کەرکووک خۆی کەمتەرخەمە و نە عارەب خراپە و نە ئینگلیز غەدری لێ کردوین و نە تورک دڕندەیە! ئێمە خۆمان، لە پێش هەمووشمانەوە سەرکردە و حیزبەکانمان، مرۆڤی ناسروشتی و پێنەگەیشتووین!
بە داخەوە تازە بە تازە بۆ کۆیلایەتی بەڵگەنامەی شەرەفمان ئیمزا کردووە و با وا نەزانین ئەو حیزبانەی دەنگمان پێ داوون، ئازادیخوازن و بەرەو ئازادیمان دەبەن!!
یاخوا پیرۆزیان بێ و یاخوا عافێتمان بێ!! 

måndag 16 september 2013

عەبدوڵڵا پەشێو



دەقی دەستوور* -  هەڵەی ئەستوور!

   
ئەمەی خوارەوە پێشەکیی ئەو دەستوورەیە، کە کادیرانی زمانزانی "پەرلەمان"ەکەی "هەرێم- عێراق!" نووسیویانە. لایەنی سیاسی و قانوونی بۆ شارەزایان جێدەهێڵم و باسی ئەو زمانە وێرانە دەکەم کە پێی نووسراوە. ئەو جێیانەی هەڵەیان تێدایە سوور کراون. نەمتوانی بە سەرجەمی دەستوورەکەدا بچمەوە، لەبەر زۆری و دووبارەبوونەوەی هەڵەکان. مەبەستی دەقەکە بۆ من زۆر ڕوون نییە، هەر بۆیەش دەستکاریی لایەنی خاڵبەندی و ڕستەسازی و نۆرمم نەکرد. تاکە  شتێک جێی دەستخۆشی بێ، ئەوەیە، کادیرانی "دیکۆرلەمان" درێژترین ڕستەیان لە مێژووی ئەدەبییاتی سیاسیدا تۆمار کردووە! ئەدی نابینن، دوای ١٧٤ وشە، ئەوسا بەخێر ڕستەی یەکەمیان تەواو کردووە و یەکەم خاڵیان داناوە؟!
ئەوەی دەیبینین ئەنجامی ئەو تاوانەیە، کە ٢٢ ساڵە نەخوێندەوارانی حیزب- عەشیرەت دەرهەق بە زمانە بێکەسەکەمان ئەنجامی دەدەن. زمانی کوردی، کە کۆڵەکەی گیانیی نەتەوەی کوردە و ڕووبەرەکەی ڕووبەری نەخشەی کوردستانی دواڕۆژە، سووکایەتیی پێ دەکرێ و تووشی ئەنفالێکی وا بووە، کە پێشتر، بە درێژاییی مێژووی پڕ چەرمەسەریی خۆی، نەیبینیوە.
ئەگەر کەسانێک هەبن، بڵێن، مەرج نییە فڵان شت وا بنووسرێ... یا دەشێ وا بنووسرێ و وا نەنووسرێ... هتد. بەڵێ، ڕەنگە کەسانێک هەبن نەیانەوێ خۆیان ماندوو بکەن، یا بە پاساوێکی لاواز خۆیان لە هەڵە دەرباز بکەن، بەڵام پرسیارێک هەیە: کێ تووشی گێژاوی بێمەرجەعی و فرەڕێنووسی و فرەنۆرمی کردووین؟ کێ ئەم چاڵەی هەڵکەندووە و ئەم بەرەڵڵایی و ئاژاوەیەی خوڵقاندووە؟ ئاخر، لە کوێ زمانێک هەیە ڕێنووسی جووداجوودای هەبێ و هەرکەس ڕێنووسێکی تایبەت بە خۆی پێڕەو بکا؟! گەلۆ، چما ئینگلیزێک، ئەڵمانێک، تورکێک... یا هەر کەسێکی دی، ئاوا، بە دەستی خۆی و پارەی هەڵڕژاوی خۆی، زمانی خۆی هەتک دەکا؟ زمانی کوردی وەک شارێکی جەنجاڵی بێ گەراج و ترافیک و پۆلیسی هاتوچۆی لێ هاتووە.
تۆکمەکردن و گشتاندنی نۆرم و کۆدە هاوبەشەکانی زمان بنچینەی سیاسەتی فەرهەنگیی دەوڵەتن، هەر دەوڵەتێک. ئەو نەهامەتییەی زمانی کوردی گیرۆدەی بووە و خەریکە وێرانی دەکا ئەنجامی نەخوێندەواریی ترۆپکی دەسەڵاتی"هەرێم- عێراق" ەکەی باشووری وڵاتە، نەک ئەم و ئەو.  
لە سەردەمێکدا کە گلۆبالیزم، لە مەیدانی فرەکولتووری و فرەزمانیدا، گەورەترین و بێبەزەییترین جەنگی لە نێو کولتوور و زمانەکانی دنیادا بەرپا کردووە و پرۆسەی لەناوچوونی زمانە بێکەسەکانی لە هەموو کاتێک خێراتر کردووە، ئایا دەشێ لە سەردەمێکی وادا و لە وڵاتێکی نەوتفرۆشدا، نەک هەر سیاسەتێکی ڕوونی فەرهەنگی نەبێ، بگرە ئەکادێمیایەکیش نەبێ بۆ زمان؟! دەزانم، تەلارێک بەو ناوە هەیە و سەتان دۆست و لایەنگری بەرەبابە نەوتفرۆشەکان لە سایەیدا مووچە وەردەگرن، لە کاتێکدا تا ئێستاش فەرهەنگێکی گشتیی زمانی کوردی نییە، کە تێیدا کێشەی ڕێنووس و نۆرمەکانی زمان یەکلا کرابنەوە. ئەنجامیش ئەوەیە کە دەیبینین: "پەرلەمان!"ێک ناتوانی لاپەڕەیەکی ئینشایی بە زمانێکی ڕەوان بنووسێ.
لە هەموو دنیادا زمانی فەرمی، یا زمانی دیوان، نموونەی زمانی پەتی، ڕەوان، پاراو و بێگرێیە. هەڵەیەک لە زمانی ڕەسمیدا هەڵڵای لێ دەکەوێتەوە. لە کام وڵاتی دنیادا تابلۆی سەر فڕۆکەخانە، سەرۆکایەتیی وڵات، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ناوی قوتابخانە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، بە هی پەروەردەشەوە، بە هەڵە نووسراون؟ لە کام وڵاتی دنیادا کتێبی قوتابخانان، لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە تا زانکۆ، لە پێشبەرگەوە تا پاشبەرگ، ئاوا لێوانلێون لە هەڵە و پەڵە؟ سەیری "خوێندنەوەی کوردی"ی پۆلی سێی بنەڕەتی بکەن، هەر لەسەر  پێشبەرگەکەی ٣ هەڵە دەمیاوێنن!
نووسینێکی دیوانی سەرۆکایەتیی "هەرێم!"م لایە، کە ناگاتە لاپەڕەیەک، ٢٠ هەڵە زێتری تێدایە.
باسی سەنەد و قەواڵەکانی "دیکۆرلەمان!" یش هەر ناکەم، کە شەکرەزمانی شلک و کەمهاوتای کوردی بە شایانی ئەوە نازانێ بڕیار و یاسایە پەیتەکانی خۆی پێ بنووسێ و پەنا دەباتە بەر زمانی داگیرکەر.
فەرموون ئێوە و پێشەکیی ئەو دەستوورەی، مام هەژار گۆتەنی، "کوردییە و کوردیش نییە!":
عەبدوڵڵا پەشێو       
١٠/٩/٢٠١٣- هێلسنکی     

}بهناوی خوای بهخشندهو دڵۆڤان
پێشهكی
ئێمه، گهلی كوردستان_عێراق، لهههستكردنمانهوهبهو دژوارییەی نەوەکانمان لە سیاسهتهكانی
 حكومهتهیهك لهدوای یهكهكان  لهئهنجامدانی سەرکوت کردن و ستەم و چەوسانەوەی لە ڕادەبەدەر چەشتوویانە، وبێبهشكردنمان لهو مافانەی خوا لەئازادی و یهكسانی و دادپهروهری بهئادهمیزادی
 بهخشیون وچهندین تاوانی دژهمرۆڤـ  و ههڵمهتی جینۆسایدو پاكتاوی نەژادیان لهدژمان ئهنجامدا، كهمێژوو بهدهگمهن وێنهی وای بەخۆوە بینیوه کە خۆیان لهخاپووركردنی سهرلهبهری پتر لهچوارههزارو پێنج سهد گوند نواندووە وگۆڕانكاری لهدیمۆگرافیای بهشێكی فراوان لهكوردستان-عێراق لهرێگهی بهزۆرە مڵێ كۆچپێكردنی دانیشتوان، یان ناچاركردنیان بۆ گۆڕینی شوناسی نهتهوهیان وبهكارهێنانی چهكی كیمیاویو چەكهقهدهغهكراوهكانی تری نێونهتهوهیی لهدژ دانیشتوانی سڤیلی شاری ههڵهبجهی شههیدو بالیسان وگەرمیان وبادینان وچهندین ناوچهی فراوانی ترو بهههزاران لاوی كوردی فهیلی لهنێو گێلگهكانی تاقیكردنەوەی كیمیاوی و گۆڕی بهكۆمهڵ بهرهو مهرگ ڕاپێچكردن، ئهوانەی مانهوهش خیزانهكانیان ناچاركران بۆ دەرهوهی عێراق كۆچبكهن و وڵاتنامهی عێراقییان لێ سهندنهوهو دوا بە دوای ئەوەش چهندین ههڵمهتی بهكۆمهڵ قڕكردنیان ئهنجامدا كهپتر لهههشت ههزار بارزانی گرتهوهو پڕۆسهكانی لهناوبردنی بهدوا داهێنا، کهبهئەنفال ناونران و قوربانی پتر له ههشتاو دوو ههزار مرۆڤی لێكهوتهوه. 
لهرێزگرتنمانهوهبۆ سهركردهو هێماكانی بزووتنهوهی رزگاریخوازیی كوردستان و خهباتگێڕ و پێشمهرگه و  شەهیدهنەمرەکان و ئهو قوربانیانهی داویانهلهپێناو ئازادی و پاراستنی ڕووهت و نیشتمان و داننان بهمافی چارهنووسمان بهویستی پڕبهدڵ و ئازادانهمان، لهدڵسۆزیشمانهوهبۆ ئهو پهیام و ئامانج و بههایانهی كهگیانی خۆیان لهپێناودا بهختكرد، بۆ هێنانهكایهوهی كۆمهڵێكی مەدەنی لە کوردستاندا، كهشانازی بهپێكهاتهنەتەوەیی و ئایینیهكانهوه بكات و گیانی برایهتی و لێبووردهیی باڵ بهسهر ههمووان دابكێشی و هێزو توانای رۆلهكانی كوردستان بخاتهكار، لهپێناو بنیاتنانی كوردستان كهبۆ هەمووان نیشتمانێكی یهكگرتوو بێت و لەسهر بنهمای بهها دیموكراتیهكان دامهزرابێ و كاربكات لهبەر  ڕۆشنایی بنهماكانی مافی مرۆڤـ کە یاساو داد تیایدا سهروهربێ، بۆ گهیشتن بهفهرمانڕهواییهكی ژیر، كهلهویستی ئازادانهمانهوهههڵقوڵابێ و بهرجهستهی ئاواتهكانمان بكات و بهئهمهك بێ بۆ قوربانیهكانمان، ویست و ئارهزوومان لهگهڵ ویستی پێكهاتهنەتەوەییەكانی تری گەلی عێراق و هێزهنیشتمانیهكانیدا بهیهك گەیشتن بۆ ئهوهی كوردستان_عێراق هەرێمێكی فیدراڵی بێ لهناو دهوڵهتی عێراقی فیدراڵدا.  و  بۆ بهرجهستهكردنی ئهم ویستهو بە دیهێنانی ئهم ئامانجانه، ئهم دهستوورهمان دانا{.

______________________________________________________________________________
* سەرچاوەی دەقەکەی دەستوور ئەمەی خوارەوەیە: