måndag 16 september 2013

عەبدوڵڵا پەشێو



دەقی دەستوور* -  هەڵەی ئەستوور!

   
ئەمەی خوارەوە پێشەکیی ئەو دەستوورەیە، کە کادیرانی زمانزانی "پەرلەمان"ەکەی "هەرێم- عێراق!" نووسیویانە. لایەنی سیاسی و قانوونی بۆ شارەزایان جێدەهێڵم و باسی ئەو زمانە وێرانە دەکەم کە پێی نووسراوە. ئەو جێیانەی هەڵەیان تێدایە سوور کراون. نەمتوانی بە سەرجەمی دەستوورەکەدا بچمەوە، لەبەر زۆری و دووبارەبوونەوەی هەڵەکان. مەبەستی دەقەکە بۆ من زۆر ڕوون نییە، هەر بۆیەش دەستکاریی لایەنی خاڵبەندی و ڕستەسازی و نۆرمم نەکرد. تاکە  شتێک جێی دەستخۆشی بێ، ئەوەیە، کادیرانی "دیکۆرلەمان" درێژترین ڕستەیان لە مێژووی ئەدەبییاتی سیاسی‌دا تۆمار کردووە! ئەدی نابینن، دوای ١٧٤ وشە، ئەوسا بەخێر ڕستەی یەکەمیان تەواو کردووە و یەکەم خاڵیان داناوە؟!
ئەوەی دەیبینین ئەنجامی ئەو تاوانەیە، کە ٢٢ ساڵە نەخوێندەوارانی حیزب- عەشیرەت دەرهەق بە زمانە بێکەسەکەمان ئەنجامی دەدەن. زمانی کوردی، کە کۆڵەکەی گیانیی نەتەوەی کوردە و ڕووبەرەکەی ڕووبەری نەخشەی کوردستانی دواڕۆژە، سووکایەتیی پێ دەکرێ و تووشی ئەنفالێکی وا بووە، کە پێشتر، بە درێژاییی مێژووی پڕ چەرمەسەریی خۆی، نەیبینیوە.
ئەگەر کەسانێک هەبن، بڵێن، مەرج نییە فڵان شت وا بنووسرێ... یا دەشێ وا بنووسرێ و وا نەنووسرێ... هتد. بەڵێ، ڕەنگە کەسانێک هەبن نەیانەوێ خۆیان ماندوو بکەن، یا بە پاساوێکی لاواز خۆیان لە هەڵە دەرباز بکەن، بەڵام پرسیارێک هەیە: کێ تووشی گێژاوی بێمەرجەعی و فرەڕێنووسی و فرەنۆرمی کردووین؟ کێ ئەم چاڵەی هەڵکەندووە و ئەم بەرەڵڵایی و ئاژاوەیەی خوڵقاندووە؟ ئاخر، لە کوێ زمانێک هەیە ڕێنووسی جووداجوودای هەبێ و هەرکەس ڕێنووسێکی تایبەت بە خۆی پێڕەو بکا؟! گەلۆ، چما ئینگلیزێک، ئەڵمانێک، تورکێک... یا هەر کەسێکی دی، ئاوا، بە دەستی خۆی و پارەی هەڵڕژاوی خۆی، زمانی خۆی هەتک دەکا؟ زمانی کوردی وەک شارێکی جەنجاڵی بێ گەراج و ترافیک و پۆلیسی هاتوچۆی لێ هاتووە.
تۆکمەکردن و گشتاندنی نۆرم و کۆدە هاوبەشەکانی زمان بنچینەی سیاسەتی فەرهەنگیی دەوڵەتن، هەر دەوڵەتێک. ئەو نەهامەتییەی زمانی کوردی گیرۆدەی بووە و خەریکە وێرانی دەکا ئەنجامی نەخوێندەواریی ترۆپکی دەسەڵاتی"هەرێم- عێراق" ەکەی باشووری وڵاتە، نەک ئەم و ئەو.  
لە سەردەمێکدا کە گلۆبالیزم، لە مەیدانی فرەکولتووری و فرەزمانیدا، گەورەترین و بێبەزەییترین جەنگی لە نێو کو‌لتوور و زمانەکانی دنیادا بەرپا کردووە و پرۆسەی لەناوچوونی زمانە بێکەسەکانی لە هەموو کاتێک خێراتر کردووە، ئایا دەشێ لە سەردەمێکی وادا و لە وڵاتێکی نەوتفرۆشدا، نەک هەر سیاسەتێکی ڕوونی فەرهەنگی نەبێ، بگرە ئەکادێمیایەکیش نەبێ بۆ زمان؟! دەزانم، تەلارێک بەو ناوە هەیە و سەتان دۆست و لایەنگری بەرەبابە نەوتفرۆشەکان لە سایەیدا مووچە وەردەگرن، لە کاتێکدا تا ئێستاش فەرهەنگێکی گشتیی زمانی کوردی نییە، کە تێیدا کێشەی ڕێنووس و نۆرمەکانی زمان یەکلا کرابنەوە. ئەنجامیش ئەوەیە کە دەیبینین: "پەرلەمان!"ێک ناتوانی لاپەڕەیەکی ئینشایی بە زمانێکی ڕەوان بنووسێ.
لە هەموو دنیادا زمانی فەرمی، یا زمانی دیوان، نموونەی زمانی پەتی، ڕەوان، پاراو و بێگرێیە. هەڵەیەک لە زمانی ڕەسمیدا هەڵڵای لێ دەکەوێتەوە. لە کام وڵاتی دنیادا تابلۆی سەر فڕۆکەخانە، سەرۆکایەتیی وڵات، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ناوی قوتابخانە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، بە هی پەروەردەشەوە، بە هەڵە نووسراون؟ لە کام وڵاتی دنیادا کتێبی قوتابخانان، لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە تا زانکۆ، لە پێشبەرگەوە تا پاشبەرگ، ئاوا لێوانلێون لە هەڵە و پەڵە؟ سەیری "خوێندنەوەی کوردی"ی پۆلی سێی بنەڕەتی بکەن، هەر لەسەر  پێشبەرگەکەی ٣ هەڵە دەمیاوێنن!
نووسینێکی دیوانی سەرۆکایەتیی "هەرێم!"م لایە، کە ناگاتە لاپەڕەیەک، ٢٠ هەڵە زێتری تێدایە.
باسی سەنەد و قەواڵەکانی "دیکۆرلەمان!" یش هەر ناکەم، کە شەکرەزمانی شلک و کەمهاوتای کوردی بە شایانی ئەوە نازانێ بڕیار و یاسایە پەیتەکانی خۆی پێ بنووسێ و پەنا دەباتە بەر زمانی داگیرکەر.
فەرموون ئێوە و پێشەکیی ئەو دەستوورەی، مام هەژار گۆتەنی، "کوردییە و کوردیش نییە!":
عەبدوڵڵا پەشێو       
١٠/٩/٢٠١٣- هێلسنکی     

}به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و دڵۆڤان
پێشه‌كی
ئێمه، گه‌لی كوردستان_عێراق، لهههستكردنمانهوهبهو دژوارییەی نەوەکانمان لە سیاسه‌ته‌كانی
 حكومهتهیهك له‌دوای یه‌كه‌كان  له‌ئه‌نجامدانی سەرکوت کردن و ستەم و چەوسانەوەی لە ڕادەبەدەر چەشتوویانە، وبێبهشكردنمان له‌و مافانەی خوا لەئازادی و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری بهئادهمیزادی
 به‌خشیون وچه‌ندین تاوانی دژهمرۆڤـ  و هه‌ڵمه‌تی جینۆساید‌و پاكتاوی نەژادیان له‌دژمان ئه‌نجامدا، كهمێژوو به‌ده‌گمه‌ن وێنه‌ی وای بەخۆوە بینیوه کە خۆیان لهخاپووركردنی سه‌رله‌به‌ری پتر لهچوارههزارو پێنج سه‌د گوند نواندووە وگۆڕانكاری لهدیمۆگرافیای به‌شێكی فراوان له‌كوردستان-عێراق له‌رێگه‌ی بهزۆرە مڵێ كۆچپێكردنی دانیشتوان، یان ناچاركردنیان بۆ گۆڕینی شوناسی نه‌ته‌وه‌یان وبه‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی‌و چەكهقهدهغهكراوهكانی تری نێونه‌ته‌وه‌یی له‌دژ دانیشتوانی سڤیلی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدو بالیسان وگەرمیان وبادینان وچه‌ندین ناوچه‌ی فراوانی تر‌و به‌هه‌زاران لاوی كوردی فه‌یلی له‌نێو گێلگهكانی تاقیكردنەوەی كیمیاوی و گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ به‌ره‌و مه‌رگ ڕاپێچكردن، ئهوانەی مانه‌وه‌ش خیزانهكانیان ناچاركران بۆ دەره‌وه‌ی عێراق كۆچبكهن و وڵاتنامهی عێراقییان لێ سه‌ندنه‌وه‌و دوا بە دوای ئەوەش چه‌ندین هه‌ڵمه‌تی به‌كۆمه‌ڵ قڕكردنیان ئه‌نجامدا كهپتر له‌هه‌شت هه‌زار بارزانی گرته‌وه‌و پڕۆسه‌كانی له‌ناوبردنی به‌دوا داهێنا، کهبهئەنفال ناونران و قوربانی پتر له هه‌شتاو دوو هه‌زار مرۆڤی لێكهوتهوه. 
لهرێزگرتنمانهوهبۆ سه‌ركرده‌و هێماكانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كوردستان و خه‌باتگێڕ و پێشمه‌رگه و  شەهیدهنەمرەکان و ئه‌و قوربانیانه‌ی داویانهلهپێناو ئازادی و پاراستنی ڕووهت و نیشتمان و داننان به‌مافی چاره‌نووسمان به‌ویستی پڕبه‌دڵ و ئازادانه‌مان، لهدڵسۆزیشمانهوهبۆ ئه‌و په‌یام و ئامانج و به‌هایانه‌ی كهگیانی خۆیان له‌پێناودا به‌ختكرد، بۆ هێنانه‌كایه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێكی مەدەنی لە کوردستاندا، كه‌شانازی بهپێكهاتهنەتەوەیی و ئایینیه‌كانه‌وه بكات و گیانی برایه‌تی و لێبوورده‌یی باڵ به‌سه‌ر هه‌مووان دابكێشی و هێزو توانای رۆله‌كانی كوردستان بخاته‌كار، له‌پێناو بنیاتنانی كوردستان كه‌بۆ هەمووان نیشتمانێكی یه‌كگرتوو بێت و لەسه‌ر بنه‌مای به‌ها دیموكراتیه‌كان دامه‌زرابێ و كاربكات له‌بەر  ڕۆشنایی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤـ کە یاسا‌و داد تیایدا سه‌روه‌ربێ، بۆ گه‌یشتن بهفهرمانڕهواییهكی ژیر، كهلهویستی ئازادانهمانهوهههڵقوڵابێ و به‌رجه‌سته‌ی ئاواته‌كانمان بكات و به‌ئه‌مه‌ك بێ بۆ قوربانیه‌كانمان، ویست و ئاره‌زوومان له‌گه‌ڵ ویستی پێكهاتهنەتەوەییەكانی تری گەلی عێراق و هێزهنیشتمانیهكانیدا به‌یه‌ك گەیشتن بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان_عێراق هەرێمێكی فیدراڵی بێ له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدراڵ‌دا.  و  بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌م ویستهو بە دیهێنانی ئه‌م ئامانجانه، ئه‌م ده‌ستووره‌مان دانا{.

______________________________________________________________________________
* سەرچاوەی دەقەکەی دەستوور ئەمەی خوارەوەیە:



Inga kommentarer:

Skicka en kommentar