من بە هیچ جۆرێ
متمانەم بە حیزبەکانی باشووری کوردستان، بە ئیسلامی و نائیسلامییەوە، نەماوە!
دەبینم کاری ئەوان، تێکدانی هەر شتێکی کوردە کە بەعس تێکی نەدابێ یا تا ئێستا تێک
نەدرابێ! چۆن پاڵێوراویان کرد بە کاندید، ئاوهاش (شیمال العراق)ی بەعسیان کرد بە
هەرێم. ئەوانەی پتر لە بیست ساڵە دەسەڵاتدارن، گرنگترین کار کە ئەنجامیان دابێ ئەوەیە
زمانەکەمانیان سەقەت کردووە. دوای ئەوە دۆڕاندنی کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی
تر. واتە قارەمانی ماددەی ١٤٠ و هۆکاری سەرەکی تەعریب هەر خۆیانن.
نازمان بە سەردا
دەکەن کە وڵاتیان بەڕێوە بردووە و نەوتیان تاڵانفرۆش کردووە. بەڵام کە باس دێتە
سەر کەرکووک، شەرمن شەرمن، عارەقە دەردەدەن و تا بکرێ خۆیان لە باسەکە لادەدەن..
کەس نییە بڵێ ماددەی ١٤٠ی خیانەتکاری چی بەسەرهات! کەس نییە بڵێ کەرکووک بۆچی
فرۆشرا؟ ئەوەش هیچ کە خەڵکی ئاسایی کوردستان کەرکووک لە خەیاڵ و سۆزیاندا نەماوە،
خەڵکی کەرکووک خۆشیان بە هەندی وەرناگرن و بە دەستی خۆیان خۆڵ دەکەنە چاوی خۆیان!
هەر جارە و
ژمارەیەک دەڕازێتەوە و خۆی دەکا بە شاشەی تەلەڤزیۆن و کۆمپیوتەردا: دەنگ بدە بەم
ژمارەیە! ئاخر دەنگ بە کوێی ئەو ژمارەیە بدەم؟! بە کوشتنی بەرهەڵستکار یا بە
ژمارەی کوژراوانی شەڕی ناوخۆ یا ناردنی گەنجی کورد بۆ غەزای کوردکوشتن؟ چۆن دەنگ
بە ژمارەیەک بدەم کە مامانی ماددەی ١٤٠ بووبێ و چارەنووسی نیوەی باشووری کوردستانی
خستبێتە سەر مێزی قومارێکی دۆڕاوەوە؟
دەنگ بدە بە
خیانەت! دەنگ بدە بە دۆڕاندنی کەرکووک! دەنگ بدە بە مانانەکانی ١٤٠ و تەعریبی
چڕوپڕی نوێی لە تەعریبی بەعس چڕتر!
برادەرێک لێی
پرسیم: بە ڕای تۆ کێ دەردەچێ؟ منیش گوتم: ئەو لایەنەی مردوو دەنگی پێ دەدا! ئەو لایەنەی
هەر نەفەرێکی ١٩ جار دەنگ دەدا. گوتی کەواتە تۆ ناتەوێ گۆڕانکاری ببێ!
باوانەکەم گۆڕانکاری
چی؟ هەڵبژاردن لە وڵاتی ئێمەدا گەمەیەکی بێ یاسا و بێ حەکەم و چاودێرە! بە دەست
تۆپەکە بخەرە گۆڵەوە قەبووڵە و زۆردار بڕیار دەدا گۆڵە یا گۆڵ نییە! لاقی چوار
یاریچی بشکێنە هەر قەبووڵە. هەڵبژاردن لەم وڵاتەدا، شەترەنجێکە و فیل لە کاتی
پێویستدا لاسایی قەڵا دەکاتەوە و دەبێ بە وەزیر! یاسا ناڵچەی پێڵاوی چەکە و چەک
ڕووی لە کوێ بێ چاوی سووری یاساش ڕووی لەوێیە! هەڵبژاردن بکرێ چییە، نەکرێ چییە؟
بە هەمان پێوانە، ئەم دەرچی یا ئەو، چی دەگۆڕێ؟! گریمان ئەوەی ئەمڕۆ دەسەڵاتی هەیە
دەرنەچوو! چی دەبێ؟! دەسبەرداری ئەو سامان و کۆمپانیا و پەیوەندییانە دەبێ کە
لەگەڵ هەر چوار ئیقلیمی دنیادا هەیەتی و سووک و باریک هەموو شتێ دەدا بە تۆ؟! نا...
لە باشترین حاڵەتدا، دوو یا سێ ئیدارە دروست دەبێ و کەرکووکیش لە پەردەی بەغدادا
دەمێنێتەوە!
لایەنەکان، لە بری
ئەوەی بە بەژن و باڵای کاری خۆیاندا هەڵبدەن، یەکتر ڕیسوا دەکەن! ئەها ئەویان
لەگەڵ عەلی کیمیاویدا وێنەی هەیە! ئەویش لە بەرانبەردا، ناڵێ ئەو وێنەیە لە کاتی
گفتوگۆدا گیراوە، بەڵکو وێنەی بەرانبەرەکەی لەگەڵ سەددامدا بڵاو دەکاتەوە و دەڵێ:
ئەها ئەویش وێنەی لەگەڵ سەددامدا هەیە! ئەم کۆشی ئەو هەڵدەداتەوە و ئەو کۆشی ئەم،
بێ ئەوەی کەس کۆشی خۆی داداتەوە! کە ئەو
وێنانە دەبینم، دەنگێ لە ناخمەوە دێ: دەنگ مەدە بە کەس! ئەمانە کۆمپانیای گفتوگۆی
سەرنەکەوتوون! پەنجا ساڵە گفتوگۆ دەکەن و بە هیچ ئەنجامێک ناگەن! کامە لە هەموو
کەس زیاتر گفتوگۆی کردووە، لە هەمووان ناسەرکەوتووتر و دەسەڵاتدارترە!
بیرم کەوتەوە: لە
شەڕی ناوخۆدا دیلی یەکتریان دەکوشت، بەڵام سەرکردەکان کە دیل دەبوون، بە ڕێز و
حورمەتەوە بەڕێ دەکران و ئازاد دەکران. بەمەش قسەی زانایەکم بیر کەوتەوە: شەڕ،
ئەوەیە کە تیایدا خەڵکانێک پلانی بۆ دادەنێن کە یەکتر دەناسن و یەکتر ناکوژن،
خەڵکانێکیش تیایدا یەکتر دەکوژن کە یەکتر ناناسن!
دەمێکە شەڕی ئازادیخوازی
لە کوردستاندا لە ئارادا نەماوە. هەرچی بە کورد دەکرێ کاردانەوە لە ئارادا نییە.
تەعریبچییەکان لە کەرکووک، دەکوژن و دەبڕن و سووکایەتی دەکەن. ئێمەش، بێ ئەوەی مێش
مێوانمان بێ، ژمارەی لستی خۆمان بەرز دەکەیەنەوە: دەنگ بدە بە حەق! حەقیش بوو بە
تەوقی غەزەب و لە ملمان ئاڵا. کام حەق؟!
ئێستا من لەوە
بوومەتەوە گلەیی لە دەسەڵاتی کوردی بکەم بۆچی خەمی کەرکووک و ناوچە دۆڕاوەکانی تر
ناخۆن! خەمی من ئەوەیە دانیشتوانی ئەو ناوچانە، خۆیان، چاوەڕوانی چین و بە تەمای
چین؟! ئەگەر ئێستاش چاوەڕوان بن ئەو حیزبانە خەمیان بخۆن، شایستەی ئەوەن هەڕجییەکیان
پێ بکرێ و سەد جاری تریش قۆڵیان ببڕدرێ! ئەگەر نا، دەی سا هیممەتێک! نە لە نووسەر
و سیاسیمان کەمە نە لە کچ و کوڕی قارەمان! ئەوەی نیمانە، بیرکردنەوەی ڕاست و
دروستە! من بەش بە حاڵی خۆم پێم چاکە ناوچە دۆڕاوەکان، مادام ناگەڕێنەوە سەر
هەرێمۆکەکەی کوردستان، ببن بە هەرێمێکی سەربەخۆ! هەرێمی کەرکووک تا ڕۆژێکی ئاڵای
ڕزگاری کوردستان لە سەر بست بە بستی خاکەکەمان دەشەکێتەوە نەک لە سەر یەکە بە
یەکەی کۆمپانیاکان!
من کەرکووکی
سەربەخۆم دەوێ چونکە متمانەم نەماوە... هەزار دەهۆڵ و هەزار لستی ڕەنگاوڕەنگ و
چەهرەی بە بزە ئەو متمانەیە ناگێڕنەوە! ئەگەر دوای نزیکەی پەنجا ساڵ بە هەمان تەڵە
و داوەوە بم، دیارە دووچاری عیللەتێکم چارەسەر ناکرێ! خەڵکی ناوچە دۆڕاوەکان،
زۆریان دووچاری ئەو عیللەتەن و هیوادارم هەر کەسە و لە لای خۆیەوە بە خۆیدا
بچێتەوە! هەر بۆ نموونە، مامە ڕیشە و عیزەددین قەرە، هەر ئەوەندە قارەمانن کە
حیزبەکان بیانەوێ... دوای ئەوە، ناویان بە گوێرەمەی ئاشتدا دەچێ و هەر خۆمان
دەمێنینەوە بۆیان بە ئەژنۆی خۆماندا بکێشین!
کێ قەبووڵ دەکا ئەو
خۆبەختکەرانەی ناوچە دۆڕاوەکان هۆکار بووبن بۆ لەدەستدانی کەرکووک؟! کێ قەبووڵ
دەکا ئەو قارەمانانە چاڵی مەرگی ئێمەیان هەڵکەندبێ و پیلانی ماددەی ١٤٠یان
گێڕابێ؟!
کە باوەڕ و متمانە نەمان، هەر با دەهۆڵی خۆیان بکوتن! من وەک کوردێک، بە تایبەتی کوردێکی کەرکووک، باوەڕم پێیان نەماوە!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar