ابن السعود العمادي، کە بە ڕەگەز کورد بووە، لە سەردەمی دەسەڵاتی سلێمانی
قانوونی و بەشێک لە سەردەمی سلێمانی دووەمدا، ماوەی ٣٠ ساڵ موفتی عوسمانییەکان
بووە و لە دژی شیعە و ئێزدییەکان فەتوای قڕکردنی داوە. ئەم فەتوا توندەی بۆ کوشتنی
ئێزیدییەکان داوە و دەڵێ: (الجواب والله أعلم بالصواب يكون قاتلهم غازياً ومقتولهم شهيداً، لأن جهاد اليزيدين وقتالهم جهاد
أكبر وشهادة عظمى.. وهم أشد كفراً من الكفار الأصليين وقتالهم حلال
في المذاهب الأربعة وجهادهم أصوب وأثوب من العبادات الدينية وتشتيت شملهم وتفريق
جموعهم والمباشرة في قتالهم وقتل رؤسائهم من الواجبات الدينية.. وحكام الوقت
والولاة الذين يرخصون في قتلهم ويحرضون على قتالهم ويرغبون في سبيهم شكر الله
سعيهم وأعانهم وساعدهم على مقاصدهم وأيدهم عليهم بنصره العزيز، فلهم أن يقتلوا
رجالهم ويستأسروا ذريتهم ونساءهم ويبيعوهم في سوق المسلمين أسرى كسائر الكفار ويحل
لهم التصرف في أبكارهم وزوجاتهم).
واتە: (وەڵامەکە، خوداش ڕاستییەکە باشتر دەزانێ، ئەوەیە کوشتنی یەزیدییەکان
غەزایە و کوژراوتان شەهیدن چونکە جیهاد لە دژیان و شەڕکردنیان جیهادی هەرە مەزنە و
شەهیدبوونی هەرە باڵایە.. ئەوانە لە کافری ڕاستەقینە کافرترن و لە هەر چوار
مەزەبدا، کوشتنیان حەڵاڵە و جیهاد لە دژیان ڕاستە و خێری لە عیبادەتی ئاینی زۆرترە
و تەفروتوناکردنیان و تێکشکاندنیان و شەڕکردنیان و کوشتنی سەرکردەکانیان لە ئەرکە
ئاینییەکانن... دەسەڵاتدارانی سەردەم و ئەو والییانەی بۆ کوشتنیان ئیزن دەدرێن و
حەزیان لە ڕەزیلکردنیانە، خوا سوپاسی هەوڵەکانیان دەکا و پشتیان دەگرێ و بۆ
ئامانجەکانیان هاوکاریان دەبێ و سەرکەوتنی خۆی پێیان دەبەخشێ. بۆیان هەیە
پیاوەکانیان بکوژن و منداڵ و ژنیان دیل بکەن و دیلەکان وەک هەموو کافرانی تر لە
بازاڕی موسوڵماناندا بفرۆشن و ڕەفتارکردن لەگەڵ کچ و ژنەکانیاندا حەڵاڵە).
ئەم فەتوایە ساڵی ١٥٧٠ز دراوە و ئەوەی جێبەجێی کردووە لەشکری ناوچەکە بووە
کە لە والی دیاربەکر و ئورفە و موسڵ.. پێکهاتووە. واتە، فەتواکە کوردێک داویەتی و زۆرینەی
بکوژانیش هەر کورد بوون و قڕان خرایە ناو ئێزدییەکان و ئەوساش وەک ئێستا چیای
شەنگال پەنای داوون.
ساڵی ١٦٣٠، والی دیاربەکر (ئەحمەد پاشا) هێرشی کردە سەریان و دەوروبەری دە
هەزار کەسی لێ کوشتن و زۆری لێ بە دیل گرتن و بە تاڵانێکی زۆرەوە گەڕایەوە بۆ دیار
بکەر.
ئێزدییەکان، جارێ لە دەست زوڵمی عوسمانی و والییەکانی دیاربەکر و موسڵ و
بەغدا پەنایان بۆ سەفەوییەکان دەبرد و جارێ لە دەست زوڵمی سەفەوییەکان میرە
کوردەکانی سەر بە سەفەوی پەنایان بۆ عوسمانلی دەبرد و بەردەوامیش شەڕیان دەکرد و
بەرگرییان لە خۆیان دەکرد. هەندێ جار، بە دەیان هەزار سەربازیان کوشتووە.
لە (١٨٣٠)یەکاندا، میری سۆران هێرشی بردە سەر ئێزیدییەکان و تەنها لە چیای
شەنگال، سێ لە چوار بەشی دانیشتوانی کوشت و دوایی بە فێڵ و فەرەج عەلی بەگی گەورەی
ئێزدییانی بۆ گفتوگۆ بانگ کردە لای خۆی، بەڵام کوشتی.
بەو شێوەیە، میری ئەردەڵان و سۆران و والی موسڵ و دیاربەکر، لە دژی
ئێزدییەکان شەڕیان دەکرد و هەمیشەش شەڕی قڕکردن و لەناوبردنیان دەکرد و پێیان وا
بوو ئەوە ئەرکێکی ئاینییە. ئەگەرچی ئاشووریەکانی شەنگال دەرهەق بە کورد، هەر
دەرفەتیان بووبێ هەڵوێستی باشیان نەبووە بەڵام نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە ئەو شەڕانەی
دژی ئێزیدییەکان دەکران، شانی ئەوانیشیان دەگرتەوە... ئاشوورییەکان، لە کاتی هاتنی
ئینگلیزدا بۆ ناو عیراق، بوون بە چەکهەڵگریان و لە دژی کورد کەوتنە شەڕەوە و
خراپترین کارێک کە کردیان ئەوە بوو لە کەرکووک هەڵیانکوتایە گەرماوی ژنانەوە، بۆیە
کەسێکی ئاینپەروەری وەک (عەلی بەسێ)یان لێ پەیدا بوو و کەوتنە کوشتنیان. ئەو
شەڕکەرە ئاشووریانە ناوی (لێڤی)ان لێ نرابوو و دەیانویست تۆڵەی بەر و دوا لە کورد
بکەنەوە و ئێستاش دەبیستین لە دژی کورد ڕەفتار دەکەن.
لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا، بە فەرمانی (مەلیک غازی)ی مەلیکی عیراق
دیسان شەڕی قڕکردنی ئێزدی دەستی پێ کردەوە و ژمارەیەکی یەکجار زۆریان لێ کوشتن و
دیسان ژن و کچەکانیان بە تاڵان بردن.
دواکارەسات کە کورد خۆی بە سەر ئێزدییەکانی شەنگالیدا هێنابێ ئەوەی ئەم
دواییە بوو کە وەک بەرخەکۆرپە ڕادەستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی کردن و ئەوانیش
کەوتنە قەتڵوعامکردنیان و ڕفاندنی کچەکانیان و بە (سبایا)کردنیان و لە ئەنجامدا
وەک ئاژەڵ لە بازاڕەکانی موسڵ هەڕاج کران. پێم وایە تاکە پاڵپشتێک کە ئێزیدییەکان
هەیانبووبێ و خیانەتی لێ نەکردبن، تەنها چیای شەنگال بووە و هەقە ئەو بەڕێزانە ئەو
چیایەش وەکوو لالش بە پیرۆز بزانن.
ئەگەر ئێزدییەکان هاشا لە کوردبوونی خۆیان بکەن و ئێزدییایەتی وەک کە
ئاینیانە، بکەن بە قەومایەتی خۆیان، من بەش بە حاڵی خۆم، نەک هەر ناهەقیان ناگرم،
بەڵکو نەختێ پاڵپشتیشیان دەکەم و هەر دوژمنایەتی کورد نەکەن، یەکجار کارێکی گەورە
دەکەن و پێویستە پێی بزانین. باسی ئەوە هەیە کە تا کارەساتەکانی ئەم دواییە کە بە
دەستی عارەب بە سەریاندا هاتووە و کورد هۆکار بووە، ٧٢ جاری تریش بەرەوڕووی شەڕی
دوابڕانەوە بوونە و لە سەرلەبەریاندا کورد دەستی هەبووە. من لەو ڕووەوە، لە بری
هەموو کورد شەرمەزارم و هەست دەکەم منیش بەرانبەریان خیانەتکار بوومە و بەشداریم
لە هەموو ئەو کارەساتانەدا کردووە،
ئەوەی لایەنی ئاینی بەهێزە، ئەگەر لە دایک و باوکێکی ئێزیدی بکەوتبایەتەوە
و ئاین لە گەڵ شیری دایکدا بە ڕووحیدا داچۆڕایە، ئێستا دەبوو بە قەوال یا
دەروێشێکی ئێزدی کە لە سەر مەلەک تاووس خۆی بە کوشت دەدا. ئەو ڕێکەوتە نەفرەتییەی
تۆی کردووە بە موسوڵمان و ئەوانی کردووە بە ئێزیدی و یەکێکی تری کردووە بە جوو،
چارەنووسە و مەردایەتی کەسی تێدا نییە!
لێرە و لەوێ، چەند جارێک دیومە باسی ئەوە دەکرێ بۆچی ئێزیدییەکان عەگال
لەسەر دەکەن! وەک زانیومە، لە کاتی دروستبوونی عیراقدا، کە بۆ ئاڵووێر لە شەنگال و
گوندەکانی دەوروبەریەوە دەچوونە موسڵ، بە هۆی جامانەی سوور و ڕەشەوە کە بە
سەریانەوە دەبەست، تووشی سووکایەتی دەبوون و کاریان بۆ مەیسەر نەدەبوو. ئەوانیش بۆ
خۆدەربازکردن عەگالیان لە سەریان کرد و دوایی دیتیان بۆ ئەو ناوچە گەرمە وەک سێبەر
بۆ سەریان لەبارە، دەستبەرداری نەبوون... لە لایەکی ترەوە، کێ لە جێی ئەوان بێ
شانازی بە کوردبوونەوە دەکات؟ لە ڕاستیدا، من کە ئەو کارەساتانە دەخوێنمەوە کە بە
سەریاندا هاتوون، شانازیم بە کوردبوونەوە لە کزی دەدا و وەختە بڵێم شەرم دامدەگرێ!
ئاخر توخوا کورد چۆن ژێردەستە نەبێ؟! میللەتی ئاوها، کە هەتا ئەمڕۆش ماکی ئەو
خۆخۆرییەی پێوە ماوە، ئازاد دەبێ؟!
١٧/٨/٢٠١٤
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar