کەس لاری لەوە نییە کە پێشمەرگە قارەمانن. پێشمەرگە پارێزەری
شەرەفمانن، بەڵام ئەگەر سەرنجمان لە سەر سەرکردە و فەرماندە هەبێ لە دین لانادەین.
لە هەموو شوێنێک، کوڕی هەژار پێشمەرگە و قوربانیدەری
یەکەمە. ئەگەر هیچ حاڵی نەبووبم، لە باوکمەوە شتێکم بۆ ماوەتەوە بیکەم بە وانە: هەژار
و نەدار بوو. هەموو تەمەنی بۆ کۆمۆنیزم دانا. ماڵ و منداڵی خۆی جێهێشت و دوای باوەڕێک
کەوت بە حیساب خزمەتی مرۆڤایەتی دەکا. بەندیخانە و بیابان و ئاوارەیی و چەکداری، ببوون بە قەدەر و چارەنووسی
ئەو. کە ماوەیەکیش ئازاد دەبوو، دوو ئەمن بە بەردەوامی چاودێری دوکانەکەیان دەکرد.
کاتێکیش پەکی کەوت، تەنها منداڵەکانی خۆی بە دەورەوە مان و خزمەتیان دەکرد. بەرپرسە
سەربازی و سیاسییەکەی باوکم لە شاخ، فارووقی مەلا مستەفا بوو. ئیتر بۆ خۆتاڕن
بەراوردێ بکەن!
لە هەرەسی شۆڕشی ئەیلوولدا، سەرکردەکان، سووک و ئاسان
ئەو دەیان هەزار خەڵکەیان جێهێشت. هەر ئەوەندەیان گوت: کەیفی خۆتانە! یا خۆ بە
دەستی بەعسەوە بدەن، یا لە ئێران ببن بە پەنابەر! ئاخر چۆن؟ ئەی بارەگای بارزانی و
ئەی مەکتەبی سیاسی و ئەو هەموو دامودەزگا و هێز و لق و بەرگری میللییە چی؟! وەڵام نەبوو.
میللەتێک بە گورگانخوارد درا. ڕەنگە بیانوو بۆ مەلا مستەفای نەمر هەبێ. بە قسەی
جەرجیس فەتحوڵڵا، ئەو بە نەخۆشییەکەی خۆی دەزانی و دەیزانی زۆر نابا کۆتایی بە ژیانی
دێ. مرۆڤێک لە سەرەمەرگدا بێ، بڕیاری ئاسایی پێ نادرێ. من لای خۆمەوە بە
کەمتەرخەمی نازانم. بەڵام ئەی ئەوانی تر؟ چۆن توانییان میللەتێک وەک مێگەل بدەن بە
دەستی بەعسەوە و هەتا ئێستاش داوای لێبوردن لە کەس نەکەن؟!
ئەو میللەتە بوون بە سووتەمەنی ئامانجێگ، مەگەر لە
خەیاڵی شێتدا جێی ببێتەوە: برایەتی کورد و عارەب!
لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولدا، بیست پێشمەرگە، لە
دەوروبەری کەرکووک، بە چەکی سەرەتاییەوە، پێشیان بە دوو لیوای سەربازی گرت و
پاشەکشەیان نەکرد و ئەو هموو لەشکرەیان شکاند. دوایی وای لێ هات، بە هێزێکی
پێشمەرگە، فەوجێکی پێ بەرزەوت نەدەکرا. ئەوە سروشتی شۆڕشی درێژخایەنە و بە دەم
ڕۆژگارەوە گەندەڵ دەبێ.
لە شۆڕشی دوای ١٩٧٥یشدا، جێهێشتنی خەڵک بۆ بەزەیی بەعس
بوو بە نەریت. نەک هەر ئەوە، ڕێی ڕاکردنیشیان لە خەڵک دەگرت و دەیانکردن بە گەرووی
ئەنفالدا... فایل ئاشکرا بوون و کەس سزا نەدرا. نە فایلێک و نە دوو... سزادانی
چی؟! فایلداری بوو بە شانازی و چەپڵەڕێزانی بۆ دەکرا! سەرانی کورد، لە بنی بەردیش
بوایە، جاسووس و خۆفرۆشیان دەدۆزییەوە و پلەوپایەیان پێ دەبەخشی! گرنگ ئەوە نەبوو
تۆ دڵسۆزی خاک و نەتەوەی خۆت بیت، بەڵکو ئەوە گرنگ بوو دڵسۆزی سەرکردەیەک بیت، یا
بە لای کەمەوە دژی نەیارێکی سیاسی ئەو سەرکردەیە بیت!
پێشمەرگە فێری ئەوە کران کورد بە گورگانخوارد بدەن و ئۆف
نەکەن. بەجێهێشتنی شەنگال، دوا کاری لەو بابەتەی پێشمەرگە بوو! سەدان ژنی شەنگال
کەوتنە بەر یاسای کڕین و فرۆشتنەوە و دەستدرێژی کرایە سەریان. لە پیاوەکان بگەڕێ
کە بەر یاسای (بەرخی نێر بۆ سەربڕینە) کەوتن و لە ناو خوێنی خۆیاندا گەوزان.
کورد بە حیسابی خۆی بەرگری لە شەرەف و نامووسی خۆی
دەکرد، کەچی سووک و ئاسان، شەرەف و نامووسی خۆی تەسلیمی داعش کرد. ڕەنگە ئەم
خیانەتە یەک دوو سوودیشی هەبێ: ئەوەی سەرکردەکانی نەناسیبێ ئێستا دەیانناسێ و
ئەحمەقەکانیشمان، ئاخرێکەی عارەبیان ناسی!
سەرم لەوە سوڕماوە کە سەرانی کورد بیر لەوە ناکەنەوە شای
ئێران و قەززافی و سەددام و موبارەک و هەزارانی تری وەک ئەوان چییان بە سەر هات! بیر
لەوە ناکەنەوە جامی ئەو خەڵکە قوربانییەش، ڕۆژێ لە ڕۆژان پڕ دەبێ! کە پڕیش بوو، بە
دڵنیاییەوە بەخیلی بە شا دەبەن کە مەودای ڕاکردنی درا...
سەرکردەکانمان کورد بە مێگەل دەزانن. هەر بۆ نموونە،
نەوت بە هەرزان بە تورکیا دەدەن و تۆڵەی ئەو هەرزانییە لە کورد دەکەنەوە. ئەی ناکرێ
بەو نرخەی بە تورکی دەدەن بە کوردیشی بدەن؟!
نا، کورد لەوە بچووکترە ئەو حیسابەی بۆ بکەن. کورد هەر
بۆ قارەمانێتی و خۆبەکوشتدان باشە! سەیر ئەوەیە کەس ناتوانێ بە پێشمەرگە بڵێ شەڕ
مەکەن چونکە دوژمنێکیان لێ پەیدا بووە بێبەشە لە هەستی مرۆڤایەتی. من بە دووری
نازانم سەرانی کورد دەستیان لە پەرەپێدانی ئەو دوژمنەدا هەبێ تا کوردی پێ بترسێنن!
ئەو دوژمنەش، لە ئەمەریکا هەڵگەڕایەوە چۆن لەمان هەڵناگەڕێتەوە؟!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar