lördag 21 februari 2015

دەستودامێنی پەرلەمان

 
کە باسی بەشداربوونی پێشمەرگە لە ئازادکردنی مووسڵ دەکرێ، لە دەسەڵاتی خۆمدا نییە خورپەم بە دڵدا دێ. ئاخر کاتێ مووسڵ گیرا، بە بەر چاوی هەمووو دنیاوە سوپای عیراق هەرچی چەک و جبەخانەی نوێی هەبوو ڕادەسستی داعشی کرد و داعشی پێی بەهێز کرد و سەرباز و ئەفسەری عیراقیش بە ڕووتیی بۆی دەرچوون. جارێکی تر حەشدی شەعبی لە ٢٠ی ئابدا چی زرێپۆش و چەکی نوێی ئەمەریکایی و ڕووسی لە دەستیدا هەبوو، ڕادەستی داعشی کرد و بۆی دەرچوو. داعش، خۆیان لە کرتە ڤیدیۆۆیەکدا دەڵێن: "بەشی یەک مانگ چەکمان دەستکەوت بووە!" جگە لەوەش، لە هەمان ئەو کاتەدا مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە بەغداوە دەبڕدرێ، هەر لە بەغداوە مووچەی ئەو فەرمانبەرانە دەدرێ کە لە خزمەتی داعشدان.
پێ دەچێ ئەوە ڕێکەوتنێکی ڕانەگەیەندراوی نێوان بەغدا و بەغدادی بێ بۆ ئەوەی لە بری هێرشبردن بۆ بەغدا، بە هەردوو لا هێرش بۆ کوردستان بێنن، بە تایبەتی بۆ کەرکووک. بەڵام هێرشی داعش ڕاگەیەندراوە و ئەوەی بەغدا ڕانەگەیەندراوە.
کورد لە سەر زاری بەرپرسەکانییەوە دەستی لە مووسڵ هەڵگرتووە جا بە دەستی هەر کەسەوە بێ، ئیتر ئەو قومارە ترسناکە بۆ چی؟
لەو باوەڕەدام بە حەشدی شەعبی و داعش و سوپای عیراق، لە کاتی شەڕی مووسڵدا لەو پێشمەرگانە دەدەن کە لەو شەڕەدا بەشدار دەبن و دوای ئەوەش، دیسان سوپای بەغدا و حەشدی شەعبی بە ناوی شکستەوە پاشەکشە دەکەن و نەختێ قوڕ بۆ پێشمەرگەش دەپێوون. بەڵام ئەو کاتە بۆ کورد کار لە کار دەترازێ!
ڕەنگە بۆ ئەو هێرشە مەسەلەی بودجە بهێندرێتە بەر باس و بکرێ بە مەرج. ئەو کاتەش سەرانی کورد دەیسەلمێنن کە هێزێکی کرێگرتەیان هەیە و بە پارە شەڕ بۆ هەموو کەس و لایەنێک دەکەن. کێ ئەوە ڕەوای پێشمەرگە دەبینێ؟
بە باوەڕی من بەشداریکردن لە شەڕی مووسڵ، سنووری نەزانی دەبەزێنێ و بەرەو دیوی خیانەتکاری دەپەڕێتەوە... دەستودامێنی پەرلەمانی کوردستان دەکەوم، هەر ئەم جارە لە بەرژەوەندی کورد ڕەفتار بکات و ڕێ بە کاری وا ترسناک نەدرێ!
 


Inga kommentarer:

Skicka en kommentar