؟؟
کاک دڵشاد برایم، لە دیواری
فەیسبووکەکەی خۆیدا کتێبی (نەتەوایەتی کورد و ئیسلامەتییەکەی) کە بەرهەمی منە، بە
سەر کردۆتەوە و سێ ئاڵقەی لە سەر نووسیوە. لە ڕاستیدا دوو هەڵەی ئاشکرای وای تێدا
دیاری کردووە کە پێویستیان بە ڕاستکردنەوە هەیە. بۆچوونەکانی تری هی ئەوە نین من
قسەیان لە سەر بکەم، چونکە من پێم وابوو ئەو کتێبە کاریگەری ئەرێنی لە سەر خوێنەر
دەبێ نەک ئەوەندەی تر لە ئامانجی من دووری بخاتەوە. وا دیارە لەمەشدا (لکم دینکم
ولي دين) بە کەڵکمان دێ.
هەڵەی یەکەم: ئیمامی عوسمانم وەک
دووەم خەلیفە ناوبردووە لە کاتێکدا ئەو خەلیفەی سێیەمی ڕاشدین بوو.
هەڵەی دووەم: من گوتوومە ئەبوو
زەڕی غیفاری بە یەزیدی گوتووە ئەو کۆشکەت ئەگەر لە پارەی بەیتولمال دروستکردبێ
دزییە و ئگەر لە پارەی خۆشت بێ ئیسرافە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەبوو زەڕ ئەو قسەیەی بە
مەعاویەی کوڕی ئەبوو سوفیان گوتووە کە لە سەردەمی عوسماندا، لە شام والی بووە.
هەندێ جار کە دەمەوێ بانگی (ئومێد)ی
کوڕەگەورەم بکەم، لە بری ناوی خۆی بە ناوی نیزامی برامەوە بانگی دەکەم، یا کە
دەمەوێ بانگی (زەروان)ی کوڕم بکەم، ناوی براکانی ڕیز دەکەم تا دەگەمە ناوی خۆی.
ئەمە (هەفوە)یە ئەگەرچی لە ڕووی ئەکادیمیشەوە قەبووڵ ناکرێ. خوای دەکرد ئیمامی
عوسمان خەلیفەی دەیەم دەبوو! هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ و ئەو قسەیەی ئەبوو زەڕیش بە
هەر کەسێ گوترابێ، مەعاویە یا بەرپرسی حیزبێکی ئیسلامی یا نائیسلامیی کوردستان، لە
بەهاکەی کەم نابێتەوە... مەبەستی من هەڵوێستە بەرانبەر ناهەقی نەک کێ بە کێی
گوتووە! ڕەنگە ئەبوو زەڕ ئەوەندە هەقخواز بووبێ، قسەکانی زۆر ڕەق بووبن، بەڵام کە
ئیمامی عوسمان دەریکرد، بە پێی بۆچوونی هەندێ لە نووسەران، گۆڕی بۆ خۆی هەڵکەند...
تەنانەت کاتێ کە بۆ ڕەبزە (ربذە) نەفی کرد، فەرمانیشی دا موسوڵمانان قسەی لەگڵدا
نەکەن، کەچی ژمارەیەک، کە ئیمامی عەلی یەکێکیان بوو، بۆ بەڕێکردن و ماڵاوایی چوونە
لای.
کە دەشڵێم پێم خۆش نییە قسە لە قسەکانی کاک دڵشاد
بکەم، ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکان:
هەر لە دیوارەکەی خۆیدا دەڵێ: "ئەگەر
ئیسلام ستەمی لە کۆیلە کردووە بۆچی دایکی زۆرێک لە خەلیفەکان کەنیزەک بوون؟".
یەعنی نازانیت بۆ دایکیان کەنیزە
بوون؟! کۆیلایەتی، کە دابەزاندنی بەهای مرۆڤە تا ئاستی ئاژەڵ، بۆ مرۆڤ ئەوپەڕی
سووکایەتی بێ و ئەو بەڕێزەش بەرگری لێ
بکا، ئیتر من چی بڵێم؟ عەورەتی ئەو کەنیزانە وەک عەورەتی پیاو لە ناوکەوە تا ئەژنۆ
حیساب بووبێ و هەزاران کەنیزەش لە کۆشکدا بووبن، بیهێنە بەر چاوی خۆت و بەرگری لە
خەلیفە بکە!!
من پێم وایە موسوڵمان، بە تایبەتی
کورد، دوو ڕێگای لە بەردەمدان: یا دەبێ لە سەر ڕێبازی ئەبوو زەڕ بێ و ناهەقی قەبووڵ
نەکات، یا دەبێ لەگەڵ زۆردارەکانی ناو ئیسلام و دەرەوەی ئیسلامدا بێ. نازانم تا
کوێ بڕ دەکەم، بەڵام ئەبوو زەڕ تاجی سەرمە و چی دەبێ یا نابێ بە جەهەننەم!
ئەبوو زەڕ، بەر لە هاتنی ئیسلام
نیوەی یەکەمی شەهادەی هێنابوو و نیوەکەی تریشی ئەو کاتە تەواو کرد کە پەیامبەری
ئیسلامی دیت... لە هیجرەدا لەگەڵ پەیامبەردا بوو و شانبەشانی جیهادی کرد. کەچی لە
حەدیسەکاندا لە زمانی ئەوەوە تەنها چەند حەدیسێک باس کراوون. کەس لە هۆکاری ئەوەی
پرسیوە؟! ئایە ئەمە گومانی زیاتر ناخاتە سەر ئەو حەدیسانەی کە ئەبوو هورەیرە یا
سەحیحەکان دەیانگێڕنەوە، عەزیزم؟! ئەگەر ئەبوو زەڕ سەد جار بخولقایەتەوە، سەد جاری
تریش لە سەر هەقگۆیی نەفی دەکرا... هیوادارم ئەوەی نایناسێ هەندێ لە سەر ئەو زاتە
پاکە بخوێنێتەوە.
ئێستا مەلای وا پەیدا بووە
جووتبوون لەگەڵ ژنی مردوودا حەڵاڵ دەکا و هی وا هەیە دایک جایز دەکا و هی تریش هەن
خواردنی کۆشتی نوێژنەکەر حەڵاڵ دەکەن و لە سەر و دەستپەڕاندنیش بگەڕێ... ئەی هاوار
ئەوە ئاینە یا وەحشیگەرایی؟!
تۆ وەرە نەتوانی بە خراپە باسی ئەو ڕێکخراوە بکەیت کە بە بەر چاوتەوە کڕین و
فرۆشتن دەخاتە سەر ژنە ئێزدی و بۆ یارانی خۆی حەڵاڵیان دەکات!! ئاخر تۆ خوا دەناسیت؟!!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar