måndag 4 maj 2015

ئەو کوردە بەعسییەی کە خۆشمویست

 
"عەلی"، گەنجێکی کوردی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری خانەقی بوو. عارەبییەکی دەزانی کە تایبەت بوو بە خۆیەوە و ئەو عارەبانەی لەگەڵماندا سەرباز بوون قەشمەرییان بە عارەبییەکەی دەکرد، کەچی ئەو، وەک کەسێک کە بە تەواوەتی بە سەر زمانەکەدا زاڵ بێ، خۆی لە هیچ باسێک لانەدەدا و سڵی لە هەڵەی زمانەوانیش نەدەکردەوە و هەندێ جار خۆی بە هەڵەی خۆی پێدەکەنی. "عەلی"، لەو بابەتە مرۆڤانە بوو، هەر بە دیتنی دەچووە دڵەوە: ڕووخۆش و ساکار و بەڕێز، تا پێی کرابا چاکەخواز. چاو و برۆڕەشی هەمیشە دەم بە بزە. باوەڕێکی پتەوی هەبوو کە خوا لە هەموو بەڵایەک دەیپارێزێ.
ڕۆژێکیان بە پەلە بە لامدا تێپەڕی و سڵاوێکی کرد. منیش سەندمەوە و ویستم ڕایوەستێنم تا هەندێ قسەی لەگەڵدا بکەم. گوتی: "دوایی دوایی... ئێستا (اجتماع)م هەیە". گوتم: "اجتماعی چی، عەلی؟!". بە سەرسوڕمانەوە ئەو پرسیارەم کرد چونکە عارەبەکانیش ئاوها بە ئاشکرا باسی کۆبوونەوەی حیزبیی خۆیانیان نەدەکرد. گوتی: "اجتماع حیزبییی!". گوتم: "کام حیزب؟!". وەڵامی نەدامەوە و ڕۆیشت.
سەیرە! خەڵکیان لە سەر ئەوە لەتوپەت دەکرد کە نەدەبوون بە بەعسی، کەچی "عەلی" ئاوها بە ساکاری باسی بەعسیبوونی خۆی دەکرد. هەزاران ماڵ، ئێستاش وێرانن چونکە کوڕێکیان یا کەسێکیان نەدەبوو بە بەعسی...
دوای چەند ڕۆژێک، دیتم یەک دوو عارەب سەریان نابووە سەر "عەلی" و گاڵتەیان بە زمانەکەی دەکرد. منیش لە سەرخۆ گوتم: "ئەها کاکە عەلی! چاووت لێیە؟! تۆ بوویتە بە بەعسی و ئەوانیش قەشمەریت پێ دەکەن!".
"عەلی"، چاوی زەق بوونەوە و چاوی لە چاووم بڕی. نەختێ ترسناک بوو و لێی دەوەشایەوە کەتنێک بکات. بە توندی و بە دەنگی بەرز گوتی: "ئەها، گەوراکەیان نییە، گەوراکەیان!! قۆندەرەکەی تۆیە!".
"گەوراکەیان"، سەددام حوسێن بوو و کاتیش سەرەتای جەنگی عیراق – ئێران بوو و لەو ڕۆژگارەدا، لە سەر یەک وشەی لەو بابەتە خەڵکیان دەکوشت... منیش هەر چاوەچاوی ڕووخانی "گەوراکەیان" بووم. گوتم: "کورە عەلی لەسەرخۆ، لە سەرخۆ!".
وەک گوتم، عەلی لەو بابەتە بوو دەچووە دڵەوە. بە بەعسیبوونەیشەوە دەچووە دڵەوە. ڕەنگە کەسی وا ببێ بە هەرچییەک هەر چاکەخواز بێ و خەڵکی تریش هەبن ببن بە هەرچییەک هەرخراپەکار بن. ئیسلام و کۆمۆنیزم بە دەستی عارەبەوە ئەتک کران. نازانم کێ گوتوویەتی: "کاتێ شەڕی حوزەیرانمان دۆڕاند، لە مزگەوت دەیانگوت دۆڕاین چونکە ژنەکانمان مەیلەو ڕووتن و لە سەر شەقامیش دەیانگوت دۆڕاین چونکە کرێکارانمان دەچەوسێنەوە".  هەردوو لێکدانەوەکە، بە ڕاستی عارەبین و لە فڕنەکانیش، هەتا ئێستا بە ڕیز ناوەستن و مافی یەکتر زەوت دەکەن!!
من سۆزێکی تایبەتیم بۆ خانەقی و خەڵکی خانەقی هەبوو و ئێستاش ئەو سۆز و خۆشەویستییەم بۆیان هەیە و ڕەنگە ئەوەش ڕۆڵی لەو سۆزەدا بووبێ کە بۆ "عەلی"،  ئەو شینە بەعسییە هەمبوو.
عەلی، چۆن بە ساکاری ببوو بە بەعسی، لێی دەوەشایەوە ئاوهاش بە ساکاری ببێ بە قارەمان و نیشتیمان پەروەر و ڕەمزێکی نەمر... بەڵێ دەکرا لە بارودۆخێکی تایبەتیدا ببێ بە ڕەمز. من هیچ یەکێ لەوانە نەبووم. بمردبام نەدەبوومە بەعسی و نەشمتوانی ببم بە قارەمان. بەعسایەتییەکەی عەلی بە پێوانە لەگەڵ بەعسایەتی "شوکور"دا، ڕزگاریخوازی بوو. شوکوری ساختەچی، لە کاتێکدا کوردایەتی دەکرد کە هیچ مەترسییەکی لە سەر نەبوایە. دوایی کە بووە بەعسی، دەیگوت: "کاکە، بەعس بە لافاو دەچێ... بەرەوڕووی ببیتەوە تێکتدەشکێنێ... چاکتر وایە لە کەنارەوە، وردە وردە لەگەڵیدا بڕۆیت!" ئیدی خەڵک هەبوو  سەریان لەو فەلسەفەیەی شوکور دەرنەدەکرد و هەشبوو پێڕەوییان لێی دەکرد.
من نازانم ئێستا "عەلی" چ کارەیە، بەڵام شوکور لە ناو دەخوا و لە پەڕ دەخەوێ... ئێستاش لە لێواری لافاوێکی ترەوە خۆی دەپارێزێ... ئێستاش ئارەزووی دیداری "عەلی"، ئەو شینە بەعسییە دەکەم بەڵام نامەوێ بزانم "شووکور" ساغە یا ناساغە. گوتم سۆزی تایبەتیم بۆ خانەقی و خەڵکی خانەقی هەیە و ئەمەش هۆکارەکەی: مانگی پێنجی ١٩٧٥ لە خانەقییەوە تەسلیم بووینەوە. وەک بزن سواری لۆریی سەربازی کراین و بە ناو ئەو شارەدا تێپەڕین. هەر ژنە خانەقینی عەبابەسەر بوو و بە مشت دەیکێشا بە سینگی خۆیدا: "داڵگتان بمرێ...".  دیارە کە گوێم لێیان نەدەبوو ئەوە بڵێن بەڵام بە سینگداکوتان و دەمجووڵاندنیان لەو بارودۆخەدا، ئەو ڕستەیەیان دەخولقاند و هیچی تر.
ئەو ژنانە بوون بە دایکم و سۆزم بۆیان هەیە. ڕەنگە ئەوەش هۆکارێک بووبێ بۆ ئەو سۆزەی کە بۆ "عەلی"، ئەو بەعسییە ساکارە هەمبوو.

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar