tisdag 11 augusti 2015

کەس بە قەدەر هەندێ مەلا دوژمنی ئیسلام نییە



من لەگەڵ خوای خۆمدا سوڵحابووم. پێش نووستنم، هانام بۆی دەبرد. کە هەڵدەستام، پەنام بۆی دەبرد. بە منداڵی مەڕم دەبردە شەواژۆ و "قل اعوذ برب الفلق"م  بۆ خۆم و مەڕەکان دەکردە قەڵغان. باوکم بە قەڵەمبڕێک و ئایەتێک دەمی گورگی بۆ دەبەستم و ئیتر دڵنیا دەبووم، بەڵام چاودێریشم دەکرد. کە دەچوومە سەفەر، یەک جار لە دڵەوە و بە دەنگی بەرز دەمگوت: "خوایە بە تەمای تۆ!". ئیتر چاو و هزرم لە ڕێیەکە دەبوون. هەموو تەمەنم لە کاتی تاقیکردنەوەدا، ناوی خوام دەهێنا، بەڵام ئەرکم بۆ خۆشم دەهێشتەوە و بە باشی ئەنجامم دەدان. لە دزی و خیانەت و غەدر و خوێنڕشتن و خۆفرۆشی و قومار دوور بووم و هەر هەڵەیەکم کردبێ دۆزەخ لە دەرووونمدا بەرپا بووە و هەزار تۆبەم بە دوایدا کردووە. شوکری خوام دکرد کە لە کۆمەڵگەیەکی موسوڵمان و لە دایک و باوکێکی موسوڵمان کەوتوومەتەوە و موسوڵمانم، بەڵام بیریشم لەوە دەکردەوە ئەوەی لە دایک و باوکێکی ئێزدی بکەوێتەوە و بەو باوەڕە گۆش کرابێ، ناتوانێ وەک من لە دین بڕوانێ. ئەو کەسە، چ تاوانێکی هەیە کە بە باوەڕێکی تر گۆش کراوە؟ باوەڕم نەدەکرد خوا، کە بە ویستی خۆی ئاوهای خولقاندووە، بە ویستی خۆشی سزای بدا. جوولەکە و دیان و بووزیش بە هەمان شێوە. چ بکەن لە موسوڵمان بەرنەبوونەتەوە؟ ئەو توندڕەوانەی ئێستا سەر دەبڕن و ژنی ئێزدی دەکەنە کۆیلە، یا ئەو مەلا کوردانەی کە کورد و دەزگاکانی دەکەنە قوربانی تاکە نەعلێکی عومەر، ئەگەر کوڕی ژن و پیاوێکی ئێزدی بوایەن، ئەوپەڕەکەی دەبوون بە قەووال و بە شان و شەوکەتی مەلەک تاوس و گۆزەکەیدا هەڵیاندەدا! چاوپۆشیم لە هەموو شتێ کردبوو کە عارەب، بە ناوی غەزاوە بە کوردیان کردبوو! خۆ هیچ نەبێ عومەری کوڕی عەبدولعەزیز لە مێژووی عارەبدا هەیە و کۆیلایەتی لە سەر کورد لابرد...
بەڵام کۆیلایەتی لە کۆڵمان نابێتەوە.. بەرگری لە کۆیلایەتی خۆمان دەکەین و هەر کەسێکمان بەو کۆیلایەتییە ڕازی نەبێ، بە ناوی خواوە، بە دەستی خۆمان دەیکوژین و پێمان وایە بەهەشت مسۆگەر دەکەین. گرنگی بەهەشتیش، لە حوور و غیلماندایە!!
مامۆستا مەلا کرێکار دەڵێ: "هەر کەسێ بە کردەوە دژی ئیسلام بوو، بە تەورێ ملی بپەڕێنە!" منیش دەڵێم: ئەی دادگا؟ ئەی شایەد؟ ئەی بەڵگە و دژەبەڵگە؟ ئەی "البينة علی من ادعی واليمين علی من انكر"؟ هەر وا، ملی بپەڕێنە و تەواو؟! خۆ بێویژدان زۆرن سەری نەیاری خۆیان بپەڕێنن و بڵێن: کفری کرد! بەو قسەیە بێ، هەر کەسە و یاسا لە دەستی خۆیدا دەبێ و کەی بیەوێ سەران دەپەڕێنێ. ئای مامۆستا... لە پێناوی شتێکدا کە خۆت بە هەقی دەزانیت، بوویتە بە چ بوونەوەرێکی بێویژدان!
مامۆستا مەلا عەبدولسەمەد دەڵێ: "کابرایەکی کوێر ژنەکەی خۆی لە سەر ئەوە کوشت جنێوی بە پێغەمبەر دابوو و پێغەمبەریش فەرمووبووی، خوێنی ئەو ژنە بە هەدەر چووە. هەر کەسێ جنێو بە پێغەمبەری خوا بدا دەبێ بکوژرێ و تۆبەش دادی نادات". باشە ئەو کوێرە شایەدی هەبوو؟ کێ دەڵێ لە سەر شتێکی تر نەیکوشتووە؟ من دەڵێم ڕقی لێی بووە و بۆ ئەوەی تاوانبار نەکرێ ئەو حەکایەتەی ڕستووە؟! ئیتر هەر کەسێ بیەوێ ژنەکەی خۆی لەکۆڵ بکاتەوە، با بیکوژێ و سبەینێ بچێتە لای مامۆستا عەبدولسەمەد و بڵێ: ژنەکەی خۆمم کوشت چونکە جنێوی بە پێغەمبەری نازدار دا. مامۆستاش، دەستخۆشی لێ دەکا.
چۆن نیشتیمانەکەمان بە دەست حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە وێران بووە و خەڵکەکە دابڕ و دۆبڕی تێکەوتووە، ئاوهاش دینەکەمان بە دەست ئەو بابەتە خەڵک و مەلایانەوە خۆرە لێیداوە. هەر دەستە و گرووپێک خۆی بە ڕاست دەزانێ و غەیری خۆشی بە گومڕا لە قەڵەم دەدا. ئەی من چی بکەم، خوایە؟! دەبێ چاوەڕوان بم کام بەرە یا کام دەستە دوای ئەوانی تر دەبڕێتەوە و بە بۆچوونی خۆی بۆ دۆزەخیان دەنێرێ و دەسەڵات دەگرێتە دەست، ئەوجا دەست بەرز بکەمەوە و بڵێم: لایەنگری ڕیشە پانەکەی جەنابتانم!
بە قەولی عەلی وەردی، لە وڵاتی خۆیدا کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی دەکا و لە دەوڵەتی کافران دەبێ بە پەنابەر!. بۆ ئەو لوقمە نانەی دەستی کافران شوکرانەبژێریش نییە... ئەمەیە شەقاوەی موفلیس! کێ دەرەقەتی دێ؟! کەسێ نە لۆژیکی هەبێ و نە هەق و ناهەق لێک جیا بکاتەوە، هیچی لەگەڵدا ناکرێ.
ژنی باڵاپۆشیش بۆتە کێشەیەکی تر. کێیە ئەوەی بن ئەو تۆپە قوماشە؟ ئەو هەموومان دەبینێ و یەکەیەکە دەمانناسێ بەڵام ئێمە کەسمان، نە دەیناسین نە دەزانین چ کارەیە. ئەو شتەی بن ئەو تۆپە قوماشە ڕەشە، بێ ناسنامە و ناو و کەسایەتییە. ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەی پێم وابێ ژنە، تەمام بۆی بچێ و نەزانم خوشکی خۆم یا کچی خۆمە! ڕێژەی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و گێچەڵکردن بە ژنان، لە میسر و سعوودییەی باڵاپۆشدا لە بەرزترین ئاستدایە و لە سویدی ڕووتوقووتدا، کەمترینە! ژنکوشتنیش بە هەمان شێوە.
با ئەوەشمان لە بیر نەچێ: ژنە موالی، وەک پیاو، لە ناوکەوە تا ئەژنۆی عەورەتە و ئیمامی عومەر قەبووڵی نەکردووە حیجابپۆش بن و تەنانت لە سەر ئەوەی حیجابیان کردووە، بە دار لێشیداوون! کە کچەکانی یەزدگورد هەڕاج کران، ئیمامی عومەر داوای لێ کردن حیجاب لە ڕوخساریان لادەن. مەلاکانمان، هاواری دنیاش بکەن دادیان نادا و هەر موالین و ژنی کوردیش لە سای خەلافەتدا، لە ناوکەوە تا ئەژنۆیان عەورەتە! ناکا بڵێن نا، کورد موالی نییە! بە خوا قوڕی دنیاش بە سەردا بکەین، لە چاوی عارەبدا هەر موالین و ژن و کچ و ماڵمان حەڵاڵیانن. بیستم هەندێ لەو عارەبانەی لە هەولێر پەنابەرن، بە ئیمامەتی کورد لە نوێژدا ڕازی نابن. دەستیان خۆش بێ! ئاخر موالی بۆی نییە ئیمام بێ و ڕێی نادرێ لە غەزاشدا سوارە بێ. هەر دەبێ بە پێ تێیتەقێنێ و بچێتە ڕاوی هاوڕەگەزی خۆی و ژنەکان، بۆ نیکاحکردن، بۆ مەولاکانیان ڕاو بکەن.
بە پێی ئەو شەرعەی عارەب باوەڕی پێی هەیە، کورد موالییە و موالیش یاسای تایبەتییان بە سەردا دەسەپێ. من پێم خۆشە بەر لە سەپاندنی دەسەڵاتی داعش یا هاوشێوەی داعش لە کوردستاندا، ڕەچاوی یاساکانیان بکەین و ژنەکانمان، لە ناوکەوە تا ئەژنۆیان عەورەت بێ، تا خاوەنە ڕەسەنەکانی ئیسلاام، بیانبینن و بە دڵی خۆیان هەڵیانبژێرن. مامۆستای موالی... دەڵێی چی؟
مەلایەکی تر شوێنپێی (ابن السعود العمادي) هەڵگرتووە. ئەو، فەتوای قڕکردنی ئێزدییەکانی داوە و ئەمیش فەتوا دەدا: برادەرایەتییان جائیز نییە و بە برازانینیان جائیز نییە و سڵاولێکردنیان جائیز نییە! ئەمە، ڕێخۆشکردن نییە بۆ قڕکردنیان؟ ئەمە لایەنگری نییە لە ڕەفتارەکانی داعش کە بەرانبەر بە ئێزدییەکان کردیان؟ ڕاستە من بۆ تقووسی ئاینی ناچمە لالش و لە سەر ئاینی ئەوان نیم، بەڵام خودا ئاگادارە دۆستایەتی و برایەتی ئەوانم پێ ڕەواترە لە برایەتی لەگەڵ مەلایەکدا کە زمانی بۆ فیتنەیی بگەڕێ. خۆ هیچ نەبێ دڵم بە (لکم دینکم ولي دین) خۆشە. چی بکەن خودا وەک ئێزدی خەلقی کەدوون؟ تۆ بڵێی خوا لەو کارەدا هەڵەی کردبێ؟!
نەمبیستووە مەلایەک لە سەر مینبەر باسی ئایەتێکی وەک (وَقَالَ فِرْعَوْنُ يَا أَيُّهَا الْمَلَأُ مَا عَلِمْتُ لَكُمْ مِنْ إِلَٰهٍ غَيْرِي فَأَوْقِدْ لِي يَا هَامَانُ عَلَى الطِّينِ فَاجْعَلْ لِي صَرْحًا لَعَلِّي أَطَّلِعُ إِلَىٰ إِلَٰهِ مُوسَىٰ وَإِنِّي لَأَظُنُّهُ مِنَ الْكَاذِبِينَ) بکات چونکە لێکدانەوەی ئەو  ئایەتە عەقڵی فرەوانی دەوێ و ڕێی تێدەچێ شێوەی دروستکردنی ئەهرامەکانی میسر ئاشکرا بکات کە زانست بە دەستییەوە داماوە و هەر ڕۆژە و بە جۆرێ لێکی دەدەنەوە. ئەوان حەکایەتی داتاشراو و هەڵبەستراویان پێ خۆشە تا ئاستی بیرکردنەوەی خەڵک ئەو سنوورە نەبڕێ کە بەرژەوەندی خۆیان لە پشتیەوەیەتی. لێکدانەوەی من بۆ ئەو ئایەتە، وەک (کاک ئیسماعیل عوسمان)ی هاوڕێشم بۆی دەچوو، ئەوەیە کە ئەو بەردانە (لە دوو تۆنەوە تیایاندا هەیە تا دوانزە تۆن) سەرنەخراوون، بەڵکو لە جێی خۆیاندا لە قاڵب دراوون و سوور کراونەتەوە... ئەمە تەنها لێکدانەوەیەکە. بەڵام ئایە پێش سەردەمی مووسا ئەو ئەهرامانە دروست نەکرابوون؟!
هیوادارم مەلاکانمان بە خۆیاندا بچنەوە و بیرێ لە چارەنووسی ئەو میللەتە کڵۆڵ و کۆیلە و موالییە بکەنەوە کە بە خۆیان و حیزبەکانی ترەوە سەریان ژەنیوەتە خوێنی. ئەوان کلیلی بەهەشت و (صك الغفران)یان لا نییە بەهەشت لە سەر خەڵک تاپۆ بکەن. ئەوان، بەرانبەر بە حیکمەتەکانی خوا، زۆر لەوە کڵۆڵترن تێیانبگەن! ئەوان باوەڕیان لە سەر بنەمای (سمعنا واطعنا) هەڵچنیوە و بیرکردنەوەیان لە خۆیان قەدەغە کردووە... ئەوجا من بەوان دەڵێم: خوا هیدایەتتان بدا... بڕۆن گوێ لە فەرموودەکانی مامۆستا عەبدوڕەحمان سدیق بگرن و بەس ئیسلام ناشرین بکەن!

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar