ئەگەر هەستم بە عیراقیببوونی خۆم کردبا، بە دڵنیاییەوە شانازیم بە
سەرەکوەزیرانی ئێستای عیراقەوە دەکرد. هەموو ئەو بەرپرس و پلەدارانەی گسک دان کە
وەک نەخشی دەسکی خەنجەر، هەر بۆ جوانی داندرابوون و جوانیش نەبوون و وەک دابەستەش،
جگە لە لووشدانی سامانی عیراق، کاری تریان نەبوو. شەلم کوێرم ناپارێزم، تێیان کەوت
و نە شیعەی پرسی نە سوننە و نە کورد: کێ بێکەڵک و جێگر و ڕێگر و پارەخۆر و بەدمەست
بوو، ڕایماڵی و ئەو ناڕەزاییانەی شەقامی بەغدا و کەربەلا و بەسرایان گرتبۆوە،
ئاڕاستەیان گۆڕا و بۆی بوون بە لایەنگر و دروشمی خەڵکی بەغدا بوو بە (دەنگ بە
سۆزانییەکان دەدەین چونکە کوڕانی سۆزانیمان تاقی کردنەوە). ئیتر ئەوە بەغداییە و
داهێنان دەکات!
ئەگەر یەک تۆزقاڵ هەستم بە عیراقیبوونی خۆم کردبا، بە عەبادیم دەگوت: دەستی
بەرەکەتت بگەیەنە ئەو شتە سەرسوڕهێنەرەی ناومان لێ ناوە هەرێم و لەوێش گسکەکەت
بخەرە کار چونکە ئێمە، لە خەنجەرەکەدا، تەنها نەخشی مشتووەکەیمان هەیە! بەڵام تۆ
بڵێی ئەوەی عەبادی دەستی پێ کردووە، بۆی بچێتە سەر؟! ئەو زەبەلاحانەی لە دوای
ڕووخانی بەعسەوە بوون بە ملیاردێر و خاوەنی لەشکر، ڕێ دەدەن شۆڕشە سپییەکەی عەبادی
سەر بگرێ؟! ڕەنگە ئەوە ئێران و مەرجەعی شیعە بڕیاری لە سەر بدەن ئەگەرچی
سەرنەکەوتنی عەبادی کارەساتێک دەخولقێنێ، سەگ خاوەنی خۆی ناناسێتەوە و سەرکەوتنیشی،
کە سەرکەوتنی بەغدایە، لە هەموو بارێکدا بۆ کورد تراسناکە!
سستەمێک، هێندەی داهاتی دەوڵەتێکی وەک ئەردەن، یا شتێ کەمتر، تەنها لە
حیمایەی بەرپرسان سەرف بکات و تیایدا، کەس باوەڕی بە کەس نەبێ، هەر بۆ گسکدان باشە
و عەبادی ئەو کارەی ئەنجام دا و خەریکە دزەکان بۆ ڕاکردن دەکەونە خۆ بۆ ئەوەی
بگەنە پەناکەندێک و وەک کەمتار، ئەو پارچەیەی بەریان کەوتووە، بیخۆن! ئەگەر عەبادی
شکست نەهێنێ، کارێکی کردووە بە هیچ یەکێ لەو نەدیوبدییانە ناکرێ کە پێیان خۆشە
وێنەی سفرەکانیان بگیرێ و بە خەڵکی پیشان بدەن چۆن دەلەوەڕێن!
خەتای کەس نییە من هەست بە عیراقیبوونی خۆم ناکەم... کەلەپووری عارەبی عیراق
وەهایە، کە بەر کەلەپووری کورد دەکەوێ ئاگری لێ دەبێتەوە و نە چەپایەتی ئەو
پروشکانەی لەناوبرد نە ئاین شتێکی ئەوتۆی پێ کرا و نە مرۆڤایەتیش برینێکی تیمار
کرد. ئێمە دەنگی ناڕەزایی و هاوارمان لە دەست سستەمی بەعس حەوت ئاسمانی بڕی، کەچی
بەعس بە پێوانە لەگەڵ داعشدا، بەرەکەتی خوا بوو! ڕنگیشە دەسەڵاتی ڕەهای کەسێکی وەک
مالکی، زۆر لە داعشیش سووتێنەرتر بێ. ئەوە عارەبی عیراقە کە ئەو کەلەپوورەی هەیە و
ژیانی بیابان بۆی دروست کردوون و وەک دین لێیان بۆتە بار، بۆیە بە هیچ جۆرێ هەست
بە عیراقیبوونی خۆم ناکەم ئەگەرچی کوردبوون بارێکی زۆر قورسیشە! لەگەڵ ئەوەشدا،
خەڵکی کوردستان، ئەوەندە لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات بێزارن. ئەگەر گسکە پیرۆزەکەی
عەبادی بگاتە کوردستانیش، خەڵک پێشوازی لێ دەکەن و تەنانەت داعشیش ئەوەندە دڕندە و
کێوی نەبوایە کورد بەو شێوەیەی ئێستا بەرەنگاری نەدەبووەوە... ئەوانە، بەر لە
هەموو شتێک دەستدرێژییان کردە سەر ژنی کورد، لە کاتێکدا کارەساتە مێژووییەکان وایان
کردووە، ژن لە لای خەڵکی کوردستان لە خاک عەزیزتر و پیرۆزتر بێ ئەگەرچی تێژاڵخوێنەکانمان
زۆر هەوڵی ئەوە دەدەن ژنی کورد لەو گەورەیی و پیرۆزییە بخەن.
لە کۆتاییدا دەڵێم: بەرپرسە باڵاکانی کوردستان بە هۆی چاوچنۆکییەوە، گۆڕ تەنها
بۆ خۆیان هەڵناکەنن، بەڵکو سەرجەمی کورد ناچار دەکەن لە دەست زوڵمیان، پەنا بۆ بێگانە
بەرن، ئەگەرچی داگیرکەریش بێ!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar