لە زۆرینەی پیاوە
دینییەکانی ئەم سەردەمەی کوردستان بە گومانم!. لەوەتەی ئەمانە بواریان پێ دراوە و دەمیان
کراوەتەوە، دوو دیاردەی زەق لە ناو کورددا سەریان هەڵداوە: یەکەمیان،
لایەنگریکردنی ئاشکرای دوژمنی سەرسەختی کورد، بە بیانووی دینەوە. دووەمیشیان هەڵگەڕانەوەی
دەستەجەمعی کورد لە ئاینی ئیسلام، جگە لەوەی هەندێ کەس کە پێشتر لە خواپەرستی
درێغییان نەدەکرد، ئێستا سارد بوونەتەوە و لە پاشەکشەدان.
ئاخر کابرا هۆشی ئەوەی
هەیە لە قوتابییە هەرە زیرەکەکان بێ و ببێ بە پزیشک، بەڵام بۆ ئەوەی خزمەتی دین
بکات، هۆشی خۆی پەک دەخات و دەڵێ: "خوا نەبێ، کەس نازانێ سبەینێ باران دەبارێ
یان نابارێ"، لە کاتێکدا، دەزانێ مەودای نێوان ئەستێرەکان و زەوی چەند ساڵی
تیشکە و چ ئامێرگەلێ بۆ پێشبینیکردنی کەشوهەوا لەم سەردەمە سەمەرەیەدا پەیدا بوونە!.
ئەم ماستە مووی تێدا نییە؟!
ئەی بۆچی باپیرم - پێش
پەنجا ساڵ، کە یەک حەرفی نەدەزانی و جگە لە سروشتی دەوروبەری خۆی هیچ ئامێرێکی
نەبوو، کە دەیگوت باران دەبارێ، باران دەباری و هەرگیز بە هەڵەشدا نەدەچوو؟! خوا
عەقڵی ئەوەی پێ دابوو تەماشای ڕەفتاری مەڕەکانی و پەلەوەری دەوروبەری و ئاڕاستەی
بایەکە بکا و لەوانەوە بزانێ سروشت خەریکی چییە! مەڕ و پەلەوەرەکانیش، خوا ئەو
توانایەی پێ دابوون کە هەست بە گۆڕانکارییەکانی سروشت بکەن. لە مەسەلەی
ئەستێرەشدا، هەر ئەوەی دەزانی (کۆ و تەرازوو) لە فڵانە ئاقار بێ کامە وەرزە و چۆن
بەر لەوەی ئەستێرەی گەلاوێژ هەڵبێ، کەڵەکێوی بۆ پەڕین کوێرایی دادێ.
کە کاکی دکتۆر، بە زۆری
زۆرداری هۆشی خۆی پەک دەخا، من یەکێ لەو دوو مەبەستە دەبینم: یا ئاین بە گشتی و
ئیسلام بە تایبەتی، پێویستی بە کەللەسەری بۆش و بەتاڵ هەیە و کاکم بە زۆری زۆرداری
کەللەی خۆی لە زانست بەتاڵ دەکاتەوە تا خۆی و موسوڵمانان حۆرییان بەرکەوێ، یا
دەستێکی ناحەزی لە پشتەوەیە! لە یەکەمدا، وا دەگەیەنێ کە بەهەشت و حۆری تەنها بۆ
کەمهۆشەکانە و لە دووەمیشدا کرێگرتەیی بە بیرماندا دێ، بە تایبەتی کە دەیەوێ
بەرانبەر بە ئێزدییەکان ئەو شەڕی قڕکردنە بەرپا بکا کە عوسمانییەکان کردیان و دوایش
کارە چەپەڵەکەی داعش قەوما. ئیدی بۆچی ئێزدییەکان خۆیان بە کورد بزانن؟! ئەی ئێزدی
چی بکا خوا لەو دایک و باوکە ئێزدییەی خستۆتەوە و بۆ جەنابی دکتۆر چ شانازییەکە کە
ڕێکەوت کردوویەتی بە موسوڵمان؟
ئاینێک پێویستی بە بێهۆشی
و نەفامی و خۆنەفامکردن هەبێ، لە هەر جێیەک دەست بە سەر دەسەڵاتدا بگرێ، بە قوڕیدا
دەباتە خوارەوە و دەیکا بە مانگایەک، بێدینەکانی دنیا بیدۆشن، وەک کە ئێستا هەر
کەسە و دوو کتێبی خوێندەوە، بە لای کەمەوە خۆی لێ دەبێتە عومەری کوڕی خەتتاب و بە
ناوی خواوە حوکم دەکا و حوکم دەدا. ئاخر کاک مەلا خۆ تۆ وەکیلی خوا نیت بە کەیفی
خۆت بکوژی و ببڕیت! من کە ٣٥ ساڵە دەستم نەچۆتە چۆلەکەیەک، دەتەوێ دوای سەربڕ و
دەستبڕ بکەووم؟!
تا موسوڵمانان مێشکی خۆیان
پەک بخەن و نەختێ عەقڵ بەکار نەهێنن و ڕۆژێ لە ڕۆژان دادگایەکی عادیلانە بۆ بکوژی
حوسێن دانەنێن و کۆتایی بە ململانێی شیعە و سوننە نەهێنن، کافران دەستیان لە بنی هەمانەوە
دەرناچێ. بەڵام مەبەست لە بوونی دوو ڕێباز و چەندین مەزەب و ئەو هەموو تیرە و حیزب
و سەلەفی و خەلەفییە، یەکنەگرتنی موسوڵمانانە و ئەو زاتانەش هەر کار بۆ ئەوە دەکەن
کەللەی موسوڵان بۆش بێ و وڵاتیان دادۆشرێ! ئەمە ئیرادەی خوایە یا فەرمان و ئیرادەی
مامە ئینگلیز؟
ئەو هەموو داشە دامەیەی جیهانی
ئیسلامی کە ڕۆژاواییەکان گەمەیان پێ دەکەن، فەرمانە و دەبێ وا بن. ئاخر تۆ گومان
لە هیچ قسەیەکی بوخاری نەکەیت، هۆشی خۆت پەکناخەیت؟! بوخاری، لە کوێ زانی حەزرەت
لە تەمەنی سەرەوەی چل ساڵیدا، لە یەک شەودا سەرجێیی هەموو ژنەکانی (نازانم نۆ بوون
یا دوانزە) کردووە؟! ئەدی بوخاری، لەو هەموو خوتبەیەی پێغەمبەر، بۆچی یەک خوتبەی جومعەی
باس نەکردووە؟! خۆ خوتبەکانی بە سەدان بوونە و بە بەرچاوی موسوڵمانانەوە بوونە،
بەڵام جووتبوونەکانی بە شەو، بە دزیی خەڵکەوە بوونە.
کاکی دکتۆر، باش دەزانیت
کە نهێنی خوا تەنها لە باراندا نییە، بەڵکو لە هەموو خەسڵەتەکانی ئاودایە کە دەبێ
بە هەڵم و بە ئاسماندا دەچێ و دەبێتەوە بە ئاو و دێتە خوارەوە و دەبێ بە سەهۆڵ و
سەرئاو دەکەوێ و سەرئاو نەکەوتبا زندەوەرە ئاوییەکان قڕ دەبوون! هەر بە خەسڵەتی
ئاویش ماڵەکانمان فێنک یا گەرم دەکەینەوە. ئەدی بۆچی ناڵێ خوا نەبێ کەس نازانێ
شەختە سەرئاو دەکەوێ یا بنئاو؟!
کە دەڵێی ژمارە (127)ی دەسیماڵ، دەبێتە (7A7)ی هێکسادەسیماڵ و (01111111)ی باینەری، حیکمەتی خوا لەو
هۆشەدایە کە ئەو نهێنیانەی دۆزیوەتەوە، نەک لە ژمارەکان. ئاخر کە هۆشێک بۆش بکەیت،
چۆن بزانێ کۆمپیوتەر چۆن بەو سستەمانە کار دەکات و چۆن ململانێی ژاپۆن و ئەمەریکای
پێ دەکرێ؟
ئەوەی بیەوێ هۆشی خەڵکی
پەک بخات، من گومانم لێی هەیە و بەلای کەمەوە دەسەڵاتی گەندەڵ لە پشتیەوەیە و بۆ
دەوڵەتە ئیقلیمییەکان و دوورتریش دڵم پاک نییە!!
هیوادارم دەمیان لێکنێن تا
هیچ نەبێ خەڵکی لەوە زیاتر لە دین هەڵنەگەڕێنەوە!! من دەزانم کورد زانای گەورەی
بەڕێزی تێدا هەڵکەوتوونە و توانیویانە خزمەتی دینی خۆیان بکەن، بێ ئەوەی هۆشی خۆیان
و خەڵکی دەوروبەریان پەک بخەن و خەڵکی بۆ قڕکردنی ئێزیدیەەکان هان بدەن.. عارەبی هاودین
و هاومەزەبمان، لە هەموو کەس زیاتریان پێ کردووین و ڕێگای شەرعییان بۆ قڕکردنمان و
داگیرکردنی خاکەکەمانیان دۆزیوەتەوە و لێی دڵنیا بوونە. دە تۆش هۆشی خۆت پەک مەخە
و ڕێ مەدە قڕ بکرێین؟
بەو خوایەی باوەڕم پێی
هەیە، ئەگەر ناچار بم یا سەنگەری ئەو مەلا پزیشکە هەڵبژێرم یا سەنگەری
ئێزیدییەکان، بە بێ دوودڵی سەنگەری ئێزیدییە غەدرلێکراوەکان هەڵدەبژێرم و لە
ناخیشەوە ئاسوودەم چونکە هەڵبژاردنی ئاین نییە بەڵکو هەڵبژاردن لە نێوان زاڵم و
زوڵملێکراودایە، بێ ئەوەی بایەخ بە سەرچاوەی ئەو دوو باوەڕە بدەم. کوڕی هەر حەزرەتێکیش
بیت، تا ناخت هەڵدەگرێ زاڵمیت... !!