دوو زەلام، وەک ئەوەی دوو قەساب بن و
تەگبیر بکەن چی لەو مەڕە بێزمانە بکەن، سەریبڕن یا بیفرۆشن، تەگبیریان کرد جۆن
کوردستان دابەش بکەن و بڕیارەکەیان دا. چۆنیان زانی ئەو گەلە، نەک هەر ئامادەی
دابەشبوونە، بەڵکو وەستای دروستکردنی دەوڵەتە داگیرکەرەکانیشە؟
گریمان ئەو دەمە کورد نەفام بوو. خۆ
دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە کوورەی شۆڕش دەرچووبووین و وەک پۆڵا ئاو درابووین. تەعریب و ئەنفال
و کیمیامان دیبوو. ئەی بۆچی عیراق و لەشکرەکەیمان دروست کردەوە و لێینەگەڕاین بۆ
خۆی داڕمێ؟
ئەی تورکەکان، کە دۆڕاوی یەکەمی یەکەم
جەنگی جیهانی بوون، بۆ سایکس و پیکۆیان لێ پەیدا نەبوون؟
دوو زەلام دانیشتن و تەگبیریان کرد: چی
لەم میللەتە بکەین؟! زانیان کورد بۆ دابەشبوون کڕە دەکا... کورد ژمارەیەکە بە سەر
هەموو ژمارەیەکدا دابەش دەبێ. ئەگەر کەس نەبێ دابەشی بکات، خۆی دێگەڵەیەک بۆ خۆی
دیاری دەکا. خۆی خەندەق بۆ سایکس – پیکۆ هەڵدەکەنێ. ئێستاکەش کورد حیزبیان لێ بووە
بە دین. هەر بە شیعە و سوننە دەچن کە دوو کەسیان، دەتوانن لە سەر مێزی قومار و
مەیدانی بەدمەستی و هەڵمەتی تاڵاندا، بە بێ کێشە یەک بگرن بەڵام ناتوانن لە
مزگەوتێکدا پێکەوە خواپەرستی بکەن. ئەندامانی ئەو حیزبانەش وان. دەتوانن پێکەوە
ببن بە کرێگرتەی ئێران و تووران. دەتوانن پێکەوە ببن بە بەعسی و فایلدار و جاش،
بەڵام ناتوانن پێکەوە کارێ بکەن سوودی هەموو کوردی تێدابێ.
ئیتر سایکس و پێکۆ چی بکەن و چییان
بکردایە؟! لەو باوەڕەدام ئەمجارەش هەر کارێکی وا دەکرێ و ناکرێ بەتەمای ژیانەوەی
مردوو بین!
ئاخر لە کوێی دنیا میللەتێک هەیە یەک
سەرکردەی ڕەگەزپەرست یا شۆڤیەنی یا خاکپەرستی تێدا هەڵنەکەوێ؟!
هەرکەسێ بوایە لە جێی سایکس و پیکۆ،
هەر ئەوەی دەکرد کە ئەوان کردیان. دابەشکردنی کوردستان ئاسان و کەممەسرەف بوو و
تەواو!! من لە یادی سەدساڵەی سایکس – پیکۆدا، لە کورد خۆی نەبێ، گلەییم لە کەس
نییە!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar