onsdag 18 maj 2016

تۆ مەکە، خوا دەیدا


پارتی لە سەر دەسەڵات کڕە. سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەت و وەزارەتی نەوت و ناوخۆ لە دەستی خۆیدان. تاکە بتێک کە هی خۆی نەبوو، سەرۆکی پەرلەمان بوو و بە کشێک، ئەویشی بە پەرلەمانەوە لادا. یەکێتی و گۆڕان دەوروخولی پارتی دەدەن تا بەشیان لە دەسەڵات و نەوتدا، لەوەی هەیە زیاتر بێ. هەندێ لە سەرانی یەکێتی، لە هەندێ پرۆژەی پارتیدا شەریکەبەشن و عاجزبوونی پارتی، وایان لێ دەکا ئەوانیش بچنە بەرەی نەوتەوە و لە یەکێتییەکەی خۆیان عاجز بن! ئاخر گەمە نییە مۆڵ و بازاڕ و کۆمپانیات هەبێ و دەستبەرداریان بیت!! دیارە لە ناو کۆبوونەوە داخراوەکانی یەکێتی و گۆڕاندا، چەند مایکرۆفۆنێکی تایبەت بە پارتی هەن و هەرچی چرپە هەیە دەیانگاتێ بۆیە پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆبوونەوەکە، پارتی ناڕەزایەتی دەردەبڕێ.
یەکێتی ئینشیقاقی کرد بۆ ئەوەی بەرانبەر بە پارتی دوو سەنگەری هەبێ. بەڵام دوو سەنگەریش سەرینەگرت. ئەوجا سەنگەریان یەکخستەوە و پێناچێ ئەمجارەش دادیان بدا. لە ڕواڵەتدا، دوو لایەن بوون بە یەک، بەڵام بە پێی خەسڵەتی کورد بە گشتی و هی خەتەکەی یەکێتی بە تایبەتی، ئەم کۆکردنەوەیە ئەنجامەکەی دەبێ بە سێ یان چوار نەک یەک! لە ناو یەکێتی و گۆڕاندا بەشی ئەوە ناڕازیەتی هەیە دوو حیزبی تر دامەزرێن. تۆ بڵێی ئەوانیش "ڕێبازی ڕاستەقینە"ی جاران زندوو نەکەنەوە و نەڵێن یەکێتی ڕاستەقینەی کوردستان؟! ئاخر کورد زۆر مەراقی شتی "ڕاستەقینە"یە جا حوکمی زاتی بێ یا شتی تر.
پارتی ئەوەندە بێمنەتە، لە ڕێی ئەندامێکی خۆیەوە دەڵێ: ئێمە لە دوو پارێزگا دەوڵەتی سەربەخۆ ڕادەگەیەنین و با سلێمانیش وەک هەرێمێک، سەر بە بەغدا بێ! ئەوە بۆ پارتی ئاسانکارییە بۆ ئەوەی کەرکووک و گەرمیانی لەکۆڵ ببنەوە و بە وشکی لێی دەرچێ. تۆ بەختی وات دیوە؟! مردن ئەوەندە لە بارەی کەرکووک و ماددە حیزەکەی (١٤٠)ەوە درۆ بکەن. کێ باوەڕی دەکرد یەکێتی و گۆڕان، ئاوها سووک و ئاسان کەرکووکیان لە کۆڵ بکەنەوە و بە کۆڵی خۆیانیدا بدەن، کە هەر لە بنەڕەتەوە، نەیاندەویست! ئەی نەیاندەگوت کەرکووک لە دوو لا دەلەوەڕێ؟! ئای چاک لەوەڕا...
ئێستا، هەرچی بە پارتی بڵێی، دەڵێ: من دەمەوێ دەوڵەت ڕابگەیەنم بەڵام یەکێتی و گۆڕان پیلان لە دژمان دەگێڕن و ڕێی سەربەخۆیی نادەن. باشە، ئێمە ئەوەی لە بەر دەستمانە دەیکەین بە دەوڵەت و ئەوانیش کەیفی خۆیانە چی لە سلێمانی و کەرکووک دەکەن. دەڵێن: ئەگەر کەرکووکیش لە بەر دەستی ئێمە با، دەبووە بەشێک لە دەوڵەتەکە.
جا وەرە بەم دوعایە مەڵێ ئامین!!
یەکێتی، بەوە وێران نابێ دووبەرەکی تێکەوێ، بەڵکو بەوە کاول دەبێ لە ئاستی سەرکردایەتییاندا، شەریکەبەشی نەوت هەبێ و ڕیخەڵۆکیان تێکەڵ بە کۆمپانیا و بازرگانیی نەوت و خاک و خوێن بێ.
ئیتر بە هیوای یەکگرتنی "ڕاستەقینە"، بە مەبەستی سەربەخۆیی "ڕاستەقینە"!


Inga kommentarer:

Skicka en kommentar