هەر ڕۆمانێک، یا کتێبێکی مامەم (جەلیل کاکەوەیس)م خوێندبێتەوە، دوایی لە دەربڕینی ڕای خۆمدا، منجەمنجێکم لە حزووریدا هەر کردووە، بەڵام کە ڕۆمای (بۆنی بنیادەم)م خوێندەوە – کە دوابەرهەمێتی – ناخم خستیە ڕیزی کتێبە پیرۆزەکانەوە. دەکرێ (بۆنی بنیادەم)، وەک ڕۆمانێکی مێژوویی تەماشا بکرێ و بۆ تێگەیشتن لە کار و کردەوەکانی میرانی بابان و دووبەرەکی و خۆخۆرییان ئاسانکاری بکا، ئەوجا هەڵپەی کوژاندنەوەی هەر ڕووناکاییەکی وەک هزری مەولانا خالید، لە ناو کورددا بە گشتی...
لەم ڕۆمانەدا، سروشت و گیانەوەرەکانی، بوونەتە یەک بوونەوەری مەزن و کاریگەرییان بە سەر یەکەوە هەیە... زوڵم دەوامی نابێ... سروشت، هەمیشە خۆی تیفتیفە دەداتەوە و وانەی نوێ دەڵێتەوە. لە بەشێکی ڕۆمانەکەدا هاتووە:
"سروشت... لەگەڵ بەخشندەییەکەیدا، سزای ئەوانەش دەدا کە لە یاساکەی دەردەچن. دەبینین دارێکی بەرز کاتێ سێبەر لە درەختە بچووکەکانی دەوروبەری خۆی دەکات و لە تیشکی خۆر بێبەشیان دەکات، لە تۆڵەی ئەوە ڕەشەبایەکی بەهێز هەڵدەکات و ئەو دارە لووتبەرزە لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵدەتەکێنێت و درەختە بچووکەکان ڕزگار دەکات.".
ئەوە قسەی حەکیمێکی ناو
ڕۆمانەکە نییە، بەڵکو قسەی کەسێکە بە هۆی واتەواتەوە، مەولانا خالید بە لادەر
دەزانێ و لە پێناوی خوادا، پلان بۆ کوشتنی دادەنێ. سەرچاوەی ئەو هەوڵەش، مزگەوت و
خوتبەی جومعەیە... واتە ئەویش بیروباوەڕێکی هەیە و بەرگری لێ دەکا و پێی ڕاستە!!...
ئەگەر میرەکانی بابان لە ناو خۆیاندا ناتەبا بوون، پیاوانی ئاینیش، کە
دەستڕۆیشتوو بوون، خۆرەی دووبەرەکییان تێکەوتووە. کەواتە نە ئەوسا و نە ئێستا، کێشەمان هەر توێژاڵی
دەسەڵاتدار نییە، بەڵکو ئاینیشمان کردووە بە کێشە و ئەسبابی لێکدابڕان!!... وەکو ئێستا.
ئەم سەردەمە و سەردەمی میرنشینەکان، چەند بە یەکتر دەچن!... تۆ بڵێی چارەنووسی ئەوانەی ئەو ڕۆژە و ئەمانەی ئەمڕۆ، هەر یەکێ نەبێ!!.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar