ئەوەی ئێستا لە بارەی نەوشیروان مستەفاوە دەنووسرێ و دەگوترێ، نەختێ
درەنگ کەوتووە: "پیاوێکی ساکار و خاکی، حیمایەی نەبوو، جلوبەرگی ساکار و
ڕەفتاری سکار. کەوتە بەرەی ڕەشوڕووتانی کوردەوە... هتد". ئەوانە، کە لە شێوەی
لاواندنەوەن، هەموو ڕاستن، بەڵام لە ناو میللەتاندا دیاردەی ئاسایین و لە وڵاتە
پێشکەوتووەکاندا، وەزیر و پەرلەمانتار و سەرەکوەزیران دەبینی بە پاسکیلێکەوە و بە
بێ "حیمایە" و هاتوهاوار و ڕێگاگرتن، لەگەڵ ئەو خەڵکەدا دێن و دەچن و
خەریکی کاری خۆیانن و کەسیش وێنەیان لەگەڵدا ناگرێ. بەڵام لەبەر ئەوەی لە وڵاتی
ئێمەدا، سەدان جووتە "عودەی" و "قوسەی" هەن و هەر بەرپرسێک
فیرعەونێکە، ساکارییەکەی نەوشیروان مستەفا بوو بە دیاردەیەکی دەگمەن و ئەرێنی و
مرۆ هەستی نەدەکرد ئەو پیاوەش، وەک بەرپرسەکانی دی، لە ئەستێرەیەکی ترەوە هاتبێ و
هەتا بڵێی خۆماڵی بوو.
نەوشیروان مستەفا ناوی بە دز و گەندەڵکار دەرنەچوو و وەک سەرکردەیەکی
سیاسیی، بە خاوێنی لێی دەرچوو و هەرچییەکی پێ بگوترێ، کەس ناتوانێ وەک گەندەڵکار
ناوی بەرێ، بەڵام بۆ هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە، ڕەنگە جارێ زوو بێ، چونکە چۆن گۆزە
لە ڕێی کانیدا دەشکێ، هەر دەبێ سیاسەتمەداری کوردیش لێرە و لەوێ، گۆزەی لە دەستدا
شکابێ و لێرەدا هەر ئەوەندە دەڵێم کە گۆڕان بەرهەڵستکاری سیاسی بوو، وەرگرتنی
کورسیی وەزارەتی شکاندنی گۆزەکە بوو!
ئەوەی بۆ نەوشیروان مستەفا کرا، بۆ هیچ تەمایەک نەبوو. ئەو، نە مەعاشی بە
کەس دەدا و نە خانووی ڕوکنی لە سەر کەس تاپۆ دەکرد. ئەگەر ئەو یەک دوو وەزارەتەی
کە لە حکوومەتی هەرێمدا وەریگرتبوو، وەرینەگرتایە و هەر وەک بەرهەڵستکارێکی
دەرەوەی دەسەڵات بماباوە، ڕەنگە لەوەش زیاتری بۆ کرابا کە بۆی کرا و ئەوەش
وانەیەکە بۆ هەر کەسێکی ڕۆژێ لە ڕۆژان سەرکردە بێ. بەڵام کەس هیچ فێر دەبێ؟!.
ئەوانە بە جێی خۆیان... من نەوشیروان مستەفام وەک نووسەرێک ناسیوە و پێم
وایە کتێب و خوێندنەوە وایان لێی کردووە ساکار بێ و لایەنگری هەژاران بێ و
گرنگییەکی ئەوتۆ بە ڕواڵەت نەدا، دەنا خۆ ئەویش پەروەردەی هەمان قوتابخانەی سیاسیی
کوردستان بوو، کە هەزاران دنیاویست و پارەپەرست و کورسیدۆست و ئاودیوکەر و فایلداری خستۆتەوە و
هەزار و یەک بەرزی و نشێوی پێ کردوون. کتێب ئەوی کرد بەو کەسەی تەنانەت
ناحەزەکانیشی نەتوانن پەڵەیەکی وا بە ڕەفتارییەوە بدۆزنەوە، کە زۆرینەی
سەرکردەکانی تری شێواندووە. پێ دەچێ نەوشیروان مستەفا، بۆ ئەوە سەرقاڵی سیاسەت بووبێ
تا بنووسێ و بۆ ئەوەش بنووسێ تا بەرهەمی خۆی بکا بە بەرنامەی ژیان و کاری
سیاسییانەی خۆی. ئەم تێکئاڵانە جەدەلییە وای کرد، ئەهلی چەک لایەکی ببینن و ئەهلی
خوێندنەوە و کتێبیش لایەکی تری.
دیارە لە گۆشەنیگای نەتەوایەتییەوە کە ڕێڕەوی بیرکردنەوەی منە، لایەنگری
نەبووم... کاتێ بە شێوەیەک باسی کەرکووک و هەولێر، یا "بادینی و
سۆرانی"ی دەکرد و هەستی مرۆڤی بریندار دەکرد، من لایەنگری نەبووم... کە هەستم
دەکرد زیاتر گرنگیی بە "شارەکە" دەدا و باسی دەکا، من لایەنگری نەبووم.
کاتێ ئەوەی لێ جوان دەبوو پارێزگاری "شارەکە" بوایە. ئێستا خۆزگە
دەخوازم یارانی نەوشیروان مستەفا، ئەو لایەنانە ڕەچاو بکەن...
کتێبی چەپخوازی، کە ژەک بوو بۆ هۆشی، ڕێی نەدا هەستی نەتەوایەتی تێدا، وەک من گەرەکمە بڕسکێ
بۆیە لە باسکردنی ئەو پیاوەدا، "من" هەستم دەکرد ناوبڕێک یا لەلەیەک لە
نێوانماندا هەبوو. بەڵام کە کتێبەکانیم دەخوێندەوە، تا ڕادەیەک هەستم بە یەکماڵی و
ئاشنایەتی دەکرد. ڕاستی کرد پەنجەکان یەکتریان دەشکاند. ڕاستی کرد پێشمەرگەی هەموو
حیزبەکان، کە لە شەڕی ناوخۆدا دەکوژران، ڕوبعەدینارێ لە گیرفانیاندا بووە یا
نەبووە... ڕاستی کرد و ڕاستی کرد... ئەو دەستپاکی و ساکارییەی لە پێناوی چیدا بوون؟!.
هەر بە سروشت وا بوو یا هەمیشە لە پێناوی برسییەکاندا خۆی برسی دەکرد؟!. ئاخر جارێ
گوتی: "ئەگەر هیچمان بۆ هەژاران پێ نەکرێ، خۆ دەتوانین وەک ئەوان بژین!".
هیوادارم مەرگی نەوشیروان مستەفا، مردن بە بیری بەرپرسەکان بێنێتەوە و
هەموویان لەوە بگەن کاتێ دەڕۆن، نە "بۆدی گارد" دادیان دەدا، نە سەرمایە
و نە قافڵەی ئۆتۆمبیلی گرانبەها. پاسپۆرتیان بۆ ناو دڵ و هەستی خەڵکی کوردستان،
کردەوە و ڕەفتاریانە نەک ملیاردە دۆلار و بیرەنەوت و هاوردەکردنی دەرمانی ساختە...
چەند مایەی سەربەرزییە دۆست و نادۆست لە خەمتدابن!.
لە کۆتاییدا دەڵێم: هیواخوازم سەرکردەکان وانەیەکی لێوە فێر بووبن. هەموو
کتێبەکانی نەوشیروان مستەفام هەن و خوێندوومنەتەوە... لێرە بەدواوە، کتێبەکانی لە
جێیەکی بەرزتر دادەنێم... سەرەخۆشی گەرمیش ئاڕاستەی کەسوکاری دەکەم... خوا سەبریان بداتێ.