یەکەم: " ساڵی ١٨٨٦ و لە
ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە (هایمارکێتس)ی شیکاگۆ، کرێکاران خۆپیشاندانیان بۆ ئەوە ساز
دا، کاری ڕۆژانەیان ببێ بە هەشت سعات. دووسەت پۆلیس بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە
چوونە پێشیان، بەڵام کەسێکی نادیار لە لاکۆڵانێکەوە نارنجۆکێکی هاویشت و دوای
شڵەژانی خەڵکەکە و پۆلیسەکان، تەقە لە نێوانیاندا ڕووی دا. ئیدی خەڵکەکە تەقەیان
لە یەکتر و لە پۆلیسەکان کرد و پۆلیسەکانیش تەقەیان لە خەڵکەکە و لە یەکتر کرد تا
لە ئەنجامدا، حەوت پۆلیس و چوار کرێکار، هەر لەوێ کوژران و دواتریش ژمارەیەکی دی
بە هۆی برینەکانیانەوە مردن. دوای ئەو ڕووداوە، چوار کەس لە سەرکردە کرێکارییەکان
ئیعدام کران".
لە لایەکەوە، ئەگەر ژمارەی کوژراو
حیساب بکرێ، دەبوو ئەمڕۆ ڕۆژی پۆلیس بێ نەک کرێکاران. بەڵام تازە دەقمان پێوەی
گرتووە و وەک دین دەستبەرداری نابین و هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا ئاڵای سوور بەرز
دەکەینەوە. لە لایەکی تریشەوە، ڕۆژ ڕۆژی ئەو تاکە کەسە نەناسراوەیە کە نارنجۆکەکەی
هەوا داوە و خوا دەزانێ کێ بووە و چۆن بووە... تۆ بڵێی ئەو کەسە عاشقێکی سەرشێت
نەبووبێ و هەر وا لە کەللەی دابێ کارێکی وا بکا؟. یا تۆ بڵێی خێزاندارێکی بێکاری
قەردار نەبووبێ؟!. یا قومارچییەکی دۆڕاو نەبووبێ؟!. یا تۆ بڵێی یەکێ نەبووبێ لە
خۆپیشاندەران؟!... نازانم!.
دووەم: ٧٥ ساڵ پێش ئەو ڕووداوەی
شیکاگۆ، لە بەریتانیا، لودیتەکان "Luddites" کە ئامێرشکێن و دوژمنی
سەرسەختی ئامێریان پێ دەگوتن و کرێکاری کارگەی چنین و ڕستن بوون، لە دژی شۆڕشی
پیشەسازی و پەیدابوونی ئامێر ڕاپەڕین. لەبەر ئەوەی کارگەکان ئەو خەڵکەیان بێکار و
برسی دەکرد کە کرێکاری دەست بوون، بۆ یەکەم جار ساڵی ١٨١١ هێرشیان بردە سەر
کارگەکان و ئامێرەکانیان تێکشکاندن. ناوەکەشیان، لە ناوی (نێد لود – Ned Ludd)ەوە
هاتووە کە ساڵی ١٧٧٩ هێڕشی بردۆتە سەر ئامێرێکی گۆرەویچنین و دژە تەکنەلۆژیا بووە.
پێم وابێ ئەم بیرۆکەیە (لودیزم)، هەتا ئەمڕۆ لە ناخی هەندێ کەسدا ماوە... بۆ
نموونە دژی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ و پەیوەندیی خێرای ئەمڕۆی جیهان، کە بوونەتە هۆی
نەمانی پۆستە کرێکاری پۆستە و تەلەفۆنی ماڵەوە و کزبوونی کاری بانکەکان و ەمبوونەوەی
فەرمانبەرانی بانکەکان و زۆر شتی دی...
من پێم وایە ڕۆژی لەدایکبوونی (نێد
لود) بکرێ بە ڕۆژی کرێکارانی جیهان، چونکە ئەو، ئەگەرچی دژە تەکنیک و ئامێر بووە –
واتە دژی پێشکەوتن بووە، بەڵام ڕاستگۆ بووە و زانیویەتی ئامێر، جێی مرۆ دەگرێتەوە
و مرۆ بێکار دەکا. هەر بە بیری من، کاتێ تراکتۆر و کۆمپا – دەڕاسە، لە گوندەکانی
دەوروبەری کەرکووک پەیدا بوون، ئیدی جووتیار و پاڵە دەستیان لە هەوا مایەوە و بە
ناچاری ڕوویان کردە شار و بوون بە کرێکار و دواندار. دڵنیام ئەگەر دەستیان
بڕۆیشتبا و بۆ ئەوەی برسی و بێکار نەبن، چی تراکتۆر و کۆمپا هەیە، تێکیان دەشکاندن!.
دەبوون بە لودیست!.
سەرنج بدەن، لودیتەکان چەند بە دۆن
کیشۆت دەچن!... کێشە ئامێر و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکو کێشە نەبوونی
سستەمێکی دادپەروەرانەیە کە کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات. لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، تا
ڕادەیەک ئەو کێشانە چارەسەر کراوون بەڵام لە جیهانی سێیەمدا، کە دادی کۆمەڵایەتی
قاتە، جەماوری بێکار و برسی، مافی خۆیەتی سەر بە ڕەوتی لودیت بێ.
سەرنج: با لە پیرۆزییە
دەقگرتووەکان ورد بینەوە. خۆ بە بیرکردنەوە، لە دین لانادەین!. ئەگەر من لە
بۆچوونەکانمدا هەڵەم، ڕاستی بکەوە، ئازیزم!.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar