söndag 7 maj 2017

کێشەکانی کوردستان


یەک: سەرۆکایەتی هەرێم
پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێمی بە دەستەوەیە و وازی لێ ناهێنێ. لە ڕاستیدا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ئاڵووێرێک ئەو پۆستەی بەرانبەر لەقەبی (فەخامەتی سەرۆک) بۆ مام جەلال، بە خۆشحاڵییەوە ڕادەستی پارتی کرد. بەڵام ئێستا بە بێ ئەوەی دەریبڕێ، پەشیمانە!. ئاخر ڕاگەیاندنی پەشیمانی داننانە بە هەڵەدا و ئەوەش لە قامووسی سیاسەتی کوردیدا قاتە!. لەو ئاڵووێرەدا، مام جەلال جێی خۆی لە بەغدا کردەوە و کاریگەریشی لە سەر تەبایی نێوان شیعە و سوننەدا هەبوو. لە بەرانبەریشدا، کاک مەسعوود لە کوردستان شوێنی خۆی قایم کرد و هەرچی شادەمارەکانە، گرتییە دەستی خۆیەوە. زاراوەی "فەخامەتی سەرۆک" هەر ئەوە بوو، ببێ بە دەڵەچەیی (وصوليیەکان) و هەر کەسە و بۆ دەستکەوتی خۆی بەکاری دەهێنا و شانازی دەکرد، لە کاتێکدا، کاریگەری مام جەلال، بۆ دەوڵەتی عیراق بەرەکەت بوو نەک بۆ کورد.
ئێستاش زاراوەی (فەخامەت) بۆ یەکێتی ماوەتەوە، بەڵام ئەو شانازییەی پێوە ناکرێ کە لە سەردەمی مام جەلالدا دەکرا، بۆیە دەبینین (فەخامەت)ی ئێستا لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمدا هاوتا و هاوسان و هاوشان نییە و لە هەندێ بەرەی ناو یەکێتییەوە نەبێ کە بەرژەوەندیی ئابوورییان لەگەڵ پارتیدا هەیە، سەرۆکایەتی هەرێم بووە بە کێشە.
ئێ کاکە ئەوە ئەنجامی کاری خۆتان بوو!. خەڵک وای بۆ دەچوو کە یەکێتی زۆرزانە و سیاسەت دەکا و ئەو هەموو کێشانەی کوردستان لە سەر شانی مام جەلال لادەبا و دەیانخاتە سەر شانی کاک مەسعوود و ئەویش پێی هەڵناسووڕێ!. وا دەرنەچوو... نەیاندەزانی کورد لە هەموو بارێکدا، لە ئەنفال و کۆڕەویشدا، وەک ڕۆبۆت، هەر خۆی خۆی بەڕێوە دەبا!.
کێشەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا، جگە لە پلەوپایە و بەرژەوەندیی ئەم و ئەو، هیچی تر نییە و کە باسی جەماور و چارەنووس و سەربەخۆیی و کارەباش دەکرێ، بۆ خۆڵلەچاوکردنە. هەموو لایەکان باش دەزانن کە کورد میللەتێکە لەگەڵ هەموو میحنەتێکدا، بە کیمیا و ژەهربارانیشەوە ڕاهاتووە و لاموجیمی نییە و ئەوەش بەرهەمی چەندین سەدەی بە دوای یەکدای ژێردەستەییە جگە لە مراندنی هەستی نەتەوایەتی، کە هەردوو حیزبەکە کاریان بۆی کردووە!.
ئێستا، وا گریمان پارتی سەرۆکایەتی هەرێمی دا بە کاک (عەمر)ی یەکێتی یا گۆڕان یا هەر تاکە کەسێکی کوردستان. ئیتر تەواو؟!. ئەی ئەو سەرۆک عەمرە جوانە، سەرچاوەی دارایی و لەشکر و هێزی چەکداری و یاسایی لە کوێ دێنێ؟!. پێتان وایە پارتی هەرچی بە دەستەوە هەیە، ڕادەستی ئەو سەرۆکە قنجەی دەکات؟. بە دڵنیاییەوە نا.. ئەو سەرۆکە قنجە چۆن بە کورسییەکەدا هەڵدەگەڕێ، هەر ئاوهاش پێیدا دادەگەڕێ و دەگەڕێینەوە سەر خاڵی سفر... لە گەمەی دامەدا پێی داڵێن: قایمە!. ئەوجا دەبێ ئەوانەی بەرهەڵستکاری کاک مەسعوودن، لێی بپاڕێنەوە: "وەرەوە و هەر خۆت سەرۆک بە!". ئەو میللەتەش، کە فێر بووە دەستی ببڕدرێ و فێڵی لێ بکرێ و دوای هەموو گەمەیەک بە دەستی بەتاڵەوە لێی دەرچێ، دیسان هیوایەکی بە دڵدا دێ: ئۆخەی خۆ نەبووە شەڕی ناوخۆ!.
دوو: ئێستا شینوشەپۆڕ بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان گەرمە. کورد پەرلەمانی ئاوهای بۆ چییە؟!. هەر نوێنەری حیزبە دزەکان نین لە ناو پەرلەماندا بڕیار دەدەن؟!. ئەندامانی پەرلەمان، هەر بە فەرمانی سەرکردەی حیزبەکانی خۆیان دەست هەڵنابڕن و دەبەئاو ناهاوون؟!. ئیدی بڕیارەکە لە ناو پەرلەمانەوە بدرێ یا دەرەوە، چ جیاوازییەکی هەیە؟. هەتا ئێستا پەرلەمانی کوردستان یەک کاری کردووە: وەک زانکۆ، هەر چوار ساڵ جارێ تەخەڕوجی بە کۆمەڵێ ئەندام و پارەخۆر و پارەدزی هەڵبژاردەی خەڵک کردووە و ئەوانیش چوونەتە ڕیزی ئەوانەوە کە کارەبایان نابڕێ!. هەر چوار ساڵ جارێ، کۆمەڵێ ئەندامی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامییەکان، بە دەنگی خەڵکی کوردستان، دەبن بە ملیۆنێر و دەکەونە سەر باری گەشتکردن و دروستکردنی کۆشک و تەلار. لە ڕاستیدا، من پەرلەمانی وام ناوێ. ئاخر خەڵک دەناسم پەرلەمان، لە خەباتگێڕێکی چینایەتییەوە هەڵیداوەتە ناو سەرمایەدارانەوە و ئێستا ڕووی ئەوەی نەماوە باسی خەباتی چینایەتیش بکا.
گۆڕان، بە گۆڕانیش ناکرێ چونکە خۆی بەشێکە لە گشت و هەمان مێژووی هەیە!. ئەوەی کە ئێستا دەگوزەرێ، لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوە دروستکراوە کورد بە هیچ ئامانجێک نەگا. ئەگەر لایەکی باشووری کوردستان لە بن فەرمانی تورکیادایە، نیوەکەی تری بە ئێرانەوە وابەستەیە و ئەگەر تورکیا دژی هەناسەدانی کوردانە بێ، خۆ ئێران هەمبانەی هەناسەدانی کوردانە نییە!. من وای دەبینم کە پێویستە هەموو شتێ هەڵوەشێتەوە... هەموو شتێک، بە دەزگا و حیزب و کەسەکانیشەوە، دەنا دوای ڕووتانەوەی هەموو کورد و هەموو کوردستان، بەو توونی بابایەدا دەچین، کە کۆماری کوردستان پێیدا چوو و دوای ئەویش شۆڕشی ئەیلوول!.
دە فەرموون بڕۆن بۆ دەنگدان و کۆمەڵێ دزی تر بکەن بە ملیۆنێر...

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar