söndag 25 juni 2017

هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی عەزیز محەمەد

ئەگەر سیزیف ویستبێتی بەردی هەموو مرۆڤایەتی سەربخا و بەردەوام لە دەستی گلۆر بووبێتەوە و ئاشبەتاڵی لێ کردبێ و دیسان تێهەڵچووبێتەوە، منیش و تۆیش لەو کەسانەین کە بەردیان لێ گلۆر بۆتەوە. گلۆربوونەوەی بەرد، چارەنووسی مرۆڤە و ئاساییە عەزیز محەمەدیش تەمەنی خۆی بەوە بردبێتە سەر، بەردی برایەتی کورد و عارەب و کرێکارانی عیراق و جیهان سەربخا و جار لە دوای جاریش لە دەستی گلۆر بێتەوە و بە "راية الشغيلة" دەستی پێ کردبێ و بە دژایەتیکردنی شۆڕشی ئەیلوولدا تێپەڕیبێ و بە "خەڵاتی بارزانی" کۆتایی پێ هێنابێ. ئاخر عیراق بەردی برایەتی لێ نەبووە تا سەری بخات!.
هەندێ لە برادەران، وێنەی پێناسەکەی عەزیز محەمەد و هەزار دینارییەک بڵاو دەکەنەوە گوایە ئەوە هەموو سەرمایەکەی بووە!. ئەوەشیان کرد بە پاکەت و چەرخەکەی نەوشیروان مستەفا. من، خوانەخواستە، ناڵێم عەزیز محەمەد  بە قەدەر فیرعەونەکانی هەبووە بەڵام یەکجار ئاوهاش نا خاوەنی هەزار دینار بووبێ!. ئەی بە بێ ئەوەی وەزیر بوبێ، بە پلەی وەزیر خانەنشین نەکرابوو؟. ئەی لە ماڵەکەیدا، لە سەر بەڕە شڕ و لبادە کۆن دادەنیشت؟. تۆ بڵێی ئەوەی هەیبوو ماڵی دزراوی کورد نەبووبێ کە پێی درابوو؟!.
عەزیز محەمەد ماوەیەکی زۆر سکرتێری حیزبی شیوعیی عیراقی بوو و لە هەموو پێچکردنەوەیەکی مێژوویی ئەو حیزبەدا، ئەگەر پێشڕەویش نەبووبێ، لە پێشڕەوایەتیدا بووە. کاتێ حیزبی شیوعی لە دژی شۆڕشی ئەیلوول چەکی هەڵگرت، ئەوە خۆی لە خۆیدا سپیکردنەوەی کارە ڕەشەکانی بەعس بوو کە تا ئەو کاتە لە دژی کورد ئەنجامی دابوون و دادانەوەی پەردەش بوو بە سەر هەموو داوا ساکار و منداڵانەکانی شۆڕشدا. ئەو، خوا لێی خۆش بێ، لە دژی شۆڕشەکەی مەلا مستەفا چەکی بە خەڵکی هەڵگرتبوو، کەچی دەڵێن: "هاوڕێی بارزانی نەمر بوووە". ئەمە چەندی بە چەند؟!. لە لایەکەوە لە دژی شۆڕشەکەی مەلا مستەفا جەنگاوە و لە لایەکەوە هاوڕێی بووە!... لە لایەکەوە ویسامی لینین وەردەگرێ و لە لایەکی ترەوە ویسامی بارزانی بە بەرۆکیدا دەکرێ... فەقیرە، هەر هەزار دیناریشی هەبوو!.
نیفاق و درۆکردن لە دوای مردوو چەند ئاسانن!. چەند ئاسانە جاشایەتی تێکەڵی پێشمەرگایەتی بکرێ و داوەموویەک لە نێوانیاندا نەمێنێ. خۆ ڕەنگە هەرچی هەبوو جۆرە جاشایەتییەک بووبێ: ئەم بۆ عیراق و ئەو بۆ ئێران... ئەوی تر بۆ ئەنقەرە و ئەمی دی بۆ شام و هەر هەمووشیان لە بازنەیەکی بچووکی ناو بازنەیەکی زەبەلاحی کۆمپانیەکاندا خولابێتنەوە!. ئەی ئەوە نەبوو خوێنی هەزاران شەهید لە ڕێکەوتننامەی جەزائیردا بوو بە هەڵم!. ئەی ئەوە نییە گەمەکردنی ئەمەریکا لە چاوساغان ئاشکرایە!: لە ئاستی بەهێزبوونی ئێراندا فززەی نییە تا سعوودییە بتۆقێ و دەوروبەری ٤٠٠ ملیار دۆرلاری لێ وەربگرێ، ئەوجا ترسی دەربکا و لە شەڕی ئێران بیپارێزێ!. بە دەستێک ئێرانی پیشان دەدا و بە دەستێک نەوت و پارەی لێ وەردەگرێ!. ئێمەش دەمانخستە حیسابەوە: ئەمڕۆ نا سبەی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ئێران دەدەن و ڕێی نادەن ببێ بە خاوەنی وزەی ناوکی!! لە ڕاستیدا، ئێران ئەو گورگە بوو کە ئەمەریکا گرەوی هەیاسی خاسی پێ بردەوە.
کارەسات سەروپۆتەڵاکی ئەوانەی گرتۆتەوە کە بێئاگایانە، خۆیان کردۆتە قوربانی ئەو بازنانە و بە لای خۆشیانەوە گیانیان بە خاک و خەڵک و نیشتیمان بەخشیوە!. کارەسات ئەوەیە لە سەر کۆمۆنیزم و پارتی، برا لە برا بوو و باوک لە ئەولادی خۆی بوو و جەرگی هەزاران دایک سووتان، کەچی عەزیز محەمەد دۆستی نزیکی بارزانی بووە و بە هۆئ خزمەتەکانییەوە مەدالیای بارزانیشی وەرگرت!. هێشتا ئەو گەمەیە لە سەرەتادا بوو، گەمەی جەلالی و مەلایی لە کورد کرا بە ڕاوەژیژک!. چەند گوناحن ئەو خەڵکە!. باوکم و برایەکم، ئەویان کۆمۆنست و ئەمیان پارتی، چەند گوناح بوون کە دانوویان پێکەوە نەدەکوڵا و دڵی یەکتریان دەهێشاند و لە ئەنجامیشدا هەردووکیان بە خەم و دڵشکاوییەوە سەریان نایەوە و سەرکردەی هەردووکیشیان بوون بە ماڵتیملیاردێر. لەوانیش گوناحتر ئەوانە بوون کە منداڵیان بێ باب بوون و ژنیان بێوەژن کەوتن.
دە هەستە لە خەو چاوەکەم... ئەگەر خەریکی بازرگانیت، هیچ قسەم نییە. ئەگەر باسی نەتەوە و نیشتیمانیش دەکەیت، هەستە لە خەو و هەزار ڕەحمەت بۆ گۆڕی عەزیز مەحەمەد و یار و نەیارانی عەزیز محەمەد  بنێرە!. عەزیز محەمەدیش وەک نەوشیروان مستەفا، ناوی بەوە دەرنەچوو کە گەندەڵکار و ئاودیوکەر بووبێ. ئەوەش بە پێوەری ئەمڕۆ، بۆ شۆڕشگێڕێتی و لەکارزانین بەسە!.
سڵاو لە گیانی شەهیدە کۆمۆنستەکان لە هەر بەرەیەکدا بووبن... شەهیدانی هەندرێن و شەهیدانی بەرەی بەعسیان... بە لیژنەی مەرکەزی و قیادەی مەرکەزییانەوە... بە (القاعدة) و (شغيلة) و (وحدة الشيوعی)یانەوە. سڵاو لە عومەری ساڵح مەنسووریش کە بە دەستی ئەوان کوژرا... سڵاو لە گیانی هەر کوردێک خوێنی لە سەر ئەو خاکە ڕژابێ لە هەر بەرە و لایەن و فەوجێک بووبێ... مەلایی بووبێ یا جەلالی... هەموومان بە داوەوە بووبووین و من خۆم وا دەبینم ئیمامی نێچیرەکانی ئەو داوە بووبم!. هەموومان بەردەکەی سیزیف لە دەستمان ترازاوە و گلۆر بۆتەوە. هەتا کوردایەتیش وەکو دین، حەرام و حەڵاڵ و فەرز و سوننەت و ڕیوایەتی تێدا نەبن، ئەو دەستاڕە لە جێی خۆیاد، هەر دەگەڕێ و هەر دەهاڕێ.

tisdag 20 juni 2017

لە سەیروسەمەرەکانی شۆڕشی کورد



دوای هاتنی بەعسییەکان و پەیدابوونی حەرەس قەومی و لێقەومانی کۆمۆنستەکان و گفتوگۆی شۆڕش و بەعسییەکانی ساڵی ١٩٦٣، بە ڕەزامەندیی باوکم، منیان بۆ ئەوە تەرخان کرد، کۆمۆنستەکان لە کەرکووکەوە دەربکەم و بیانگەیەنمە حەسار و بیاندەمە دەستی "مام حەبیب"ەوە. من ئەو کاتە نەمدەزانی ئەوانە کێن و چین، بەڵام دواتر زانیم کە کۆمۆنستی پایەدار بوون. وەک باس دەکرا، کۆمۆنستەکان لە لایەن مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە ئازار دەدران بەڵام ئەگەر بگەیشتنایەتە دەڤەری لای مەلا مستەفا، ئیدی دەحەسانەوە.. ئەو دەمە، مامۆستا برایم ئەحمەد سکرتێری پارتی بوو و مام جەلال، چونکە سەرۆکی وەفدی گفتوگۆ بوو لەگەڵ بەعس، تەواو ناسرابوو و دەکرێ بڵێم هەموو شت بوو.

یەک دوو مانگ دوای ئینقیلابەکە، لە کاتێکدا گفتوگۆ بەردەوام بوو، باوکم بە تۆمەتی کۆمۆنستبوون لە لایەن بەعسەوە دەستگیر کرا... هەر ئەو دەمە، مامێکم پێشمەرگە بوو و باپیرم چووبوو بۆ تاقیبکردنی. لەوێ، مەکتەبی سیاسی، باپیرمیان گرت و لە ماوەت بەندیان کرد. گوتیان: "ئەمە جاسووسی ڕووسە!". بیهێنە بەر چاووت پیرەمێردێکی نەخوێندەواری گوندنشینی ئەو دەمە جاسووسی ڕووس بێ. لە خەیاڵی مندا، دەبوو جاسووس چەندین زمان بزانێ و جیهازی پێ بێ و لە ژێرزەمینێکەوە، بە جیڕەجیڕ پەیوەندی بە مۆسکۆوە بکا. بەڵام باپیرم سەری لەو ڕادیۆیەش دەرنەدەچوو کە پاترییەکی گەورەی بە تەنیشتەوە بوو و باپیرم لێیەوە، گوێی لە ئیسرائیل دەگرت و بۆیان دەکردە کوردی... ئەگەر بە خراپەش باسی کوردی بکردبا، وەک هەموو کوردێکی ئەو سەردەمە شاگەشکە دەبوو.
لە لایەکەوە، باوکم بە تۆمەتی کۆمۆنستبوون لای بەعس حەپس بوو، لە لایەکی ترەوە، باپیرم بە تۆمەتی جاسووسێتی بۆ ڕووس، لای پارتی حەپس کرابوو!. لە کاتی گفتوگۆدا، هەر کەسێ دژی بەعس بووبێ، دژی پارتیش بوو بۆیە کوڕ و باووک (واتە باپیرم و باوکم)، هەر یەکەیان لە لایەک، بە هۆی هەمان تۆمەتەوە بەند کرابوو.
باپیرم دەیگێڕایەوە: "دەستمیان بە دەستی عارەبێکەوە بەستبۆوە. ئەو گەنج و بەهێز بوو و منیش پیر و بێتاقەت.. هەر ڕایدەتەکاندم. لە پێشمەرگەکان دەپاڕامەوە دەستم لە دەستی ئەو عارەبە بکەنەوە. نەیاندەکردەوە!". پێدەچوو ئەو عارەبەش کۆمۆنست بووبێ... خۆ بەعسی و حەرەسقەومی نەدەگیران.
کە گفتوگۆی نێوان شۆڕش و بەعس کۆتایی هات و شەڕ و کارەسات دەستیان پێ کردەوە، ئەوجا عارەب و حەرەس قەومی هاتن و ماڵی باپیرمیان، وەک هەر ماڵێکی تری حەسار فەرهوود کرد. دیارە تاڵانچییەکان حەویجەیی بوون!.
لە ئەنجامدا کاک عەزیز محەمەد خەڵاتی بارزانیی کرا بە بەرۆکیدا گوایە دۆستی بارزانی بووە!.
گەمەیەک کەس سەری لێ دەرنەکا، هەر دەبێ تێکبدرێ و لە سەرەتاوە دەست پێ بکرێتەوە!.

onsdag 7 juni 2017

نەتەوایەتی کورد لە پەراوێزدا


ئەگەر کورد سەر بە ڕێبازی ژێکاف بێ یا هیوا... هاوبیری کاژیک بێ یا پاسۆک، ئەوجا ناتوانێ ئەوەندەی کۆمۆنستێکی عارەب یا تورک یا فارس، "قەومی" بێ. ئەوان بە کۆمۆنستی و ئیسلامەتیش هەر قەومین و خزمەتی خۆیان دەکەن، کەچی ئێمە لە ئیسلامەتیدا شەقێکی تەڕ و تازە لە قەومایەتی خۆمان هەڵدەدەین و قەشمەری بە ئاڵا و سروودی خۆمان دەکەین، کە دەشبین بە کۆمۆنست شەرم لە کوردبوونی خۆمان دەکەین!. ئەوان، کە حیزبی قەومی دادەمەزرێنن، زیادەڕۆیی دەکەن و ڕاستەوخۆ دەبن بە فاشی و ئەگەر کورد  بشتوانێ ببێ بە فاشی، فاشییەکی سەلامەتۆکەی بێ چڕنۆک دەبێ. دە تەماشای کەمالستەکان و بەعسییەکان بکەن و بەو کاژیکەیان بەراورد بکە کە هەندێ لە بەڕێزان بە ڕەگەزپەرستی دەزانن!.
کاتێ ساڵی ١٩٩١ نیو ملیۆن ئەنفالچی لە کوردستان بێدەسەڵات مانەوە، کام "قەومی"ی کورد دەستی لە یەکێکیان وەشاند؟!. کام پاسۆک ڕێی بە خۆی دا تۆڵە لە یەکێکیان بکاتەوە؟. من دانی پێدا دەنێم کە کوردی نەتەوەیی لە ڕووی دەروونییەوە ناساغە چونکە لە سروشتی کۆیلەیەتی خۆی هەڵگەڕاوەتەوە. کوردێک ئەگەر نەتەوەیی نەبێ، لەگەڵ سروشتی خۆیدا دەڕوا و خەوی خۆش بە زنجیری دەست و پێی خۆیەوە دەبینێ و خاوێنیان دەکاتەوە و ئەوپەڕی ئاواتی مەرحەبایەکی ئاغاکەیەتی، بەڵام نەتەوەیی خەو بە شکاندنی ئاڵقە بە ئاڵقەی ئەو زنجیرەوە دەبینێ و دەشزانێ بەو بارە ڕەنگینەوە پێی ناشکێندرێ!. ئیدی چۆن دەروونی ساغ دەبێ؟!.
سەیرە!. مامۆستا مەسعوود محەمەد قسەیەکی لە بارەی چاکەخوازیی کوردەوە هەیە و شتێکی لەم بابەتە دەڵێ: "کورد ناوی بە چاکەخواز دەرکردووە و هەر بێگانەیەک ڕوو لە کوردستان دەکا، باسی مرۆدۆستی و مێواننەوازیی کورد دەکا. خۆ کورد ئەوانە لە سۆربۆن و ئۆکسفۆرد فێر نەبووە. ئەوانە میراتیی سەدان ساڵی ژێردەستەیین و وای لێ دەکەن شەهادەی (حسن السلوک) پیشان بدا". ئەو قسەیە، نەتەوەییە هەرە تۆخەکانیش دەگرێتەوە و من دەزانم نەتەوەییەکانیش تاقیبی ئەو حوسنی سلووکە دەکەن!. ئیتر تۆمەتی چی دەدرێتە پاڵیان؟!... قەومیی چی و تەڕەماشی چی؟!. هەر هەوڵێکیش بۆ مراندنی هەستی قەومایەتی نەتەوەییەکان بدرێ، بۆ ئەوەیە هەرگیز ئەو هەستە نەچێتە قاڵبی خۆیەوە و سەر دەرنەکا... ئەو ناشتنەی ژێکاف و هیوایان ناشت، نابێ سەر دەربێننەوە. نا، لێتان پیرۆز بێ... هەتا بای ئێوە لە کونی کوردەوە بێ، نەتەوایەتی کورد و ئازادیخوازی سەر دەر ناکەن!.