دوای هاتنی بەعسییەکان و
پەیدابوونی حەرەس قەومی و لێقەومانی کۆمۆنستەکان و گفتوگۆی شۆڕش و بەعسییەکانی
ساڵی ١٩٦٣، بە ڕەزامەندیی باوکم، منیان بۆ ئەوە تەرخان کرد، کۆمۆنستەکان لە
کەرکووکەوە دەربکەم و بیانگەیەنمە حەسار و بیاندەمە دەستی "مام
حەبیب"ەوە. من ئەو کاتە نەمدەزانی ئەوانە کێن و چین، بەڵام دواتر زانیم کە
کۆمۆنستی پایەدار بوون. وەک باس دەکرا، کۆمۆنستەکان لە لایەن مەکتەبی سیاسیی
پارتییەوە ئازار دەدران بەڵام ئەگەر بگەیشتنایەتە دەڤەری لای مەلا مستەفا، ئیدی
دەحەسانەوە.. ئەو دەمە، مامۆستا برایم ئەحمەد سکرتێری پارتی بوو و مام جەلال،
چونکە سەرۆکی وەفدی گفتوگۆ بوو لەگەڵ بەعس، تەواو ناسرابوو و دەکرێ بڵێم هەموو شت
بوو.
یەک دوو مانگ دوای
ئینقیلابەکە، لە کاتێکدا گفتوگۆ بەردەوام بوو، باوکم بە تۆمەتی کۆمۆنستبوون لە
لایەن بەعسەوە دەستگیر کرا... هەر ئەو دەمە، مامێکم پێشمەرگە بوو و باپیرم چووبوو
بۆ تاقیبکردنی. لەوێ، مەکتەبی سیاسی، باپیرمیان گرت و لە ماوەت بەندیان کرد.
گوتیان: "ئەمە جاسووسی ڕووسە!". بیهێنە بەر چاووت پیرەمێردێکی
نەخوێندەواری گوندنشینی ئەو دەمە جاسووسی ڕووس بێ. لە خەیاڵی مندا، دەبوو جاسووس
چەندین زمان بزانێ و جیهازی پێ بێ و لە ژێرزەمینێکەوە، بە جیڕەجیڕ پەیوەندی بە مۆسکۆوە
بکا. بەڵام باپیرم سەری لەو ڕادیۆیەش دەرنەدەچوو کە پاترییەکی گەورەی بە تەنیشتەوە
بوو و باپیرم لێیەوە، گوێی لە ئیسرائیل دەگرت و بۆیان دەکردە کوردی... ئەگەر بە
خراپەش باسی کوردی بکردبا، وەک هەموو کوردێکی ئەو سەردەمە شاگەشکە دەبوو.
لە لایەکەوە، باوکم بە
تۆمەتی کۆمۆنستبوون لای بەعس حەپس بوو، لە لایەکی ترەوە، باپیرم بە تۆمەتی
جاسووسێتی بۆ ڕووس، لای پارتی حەپس کرابوو!. لە کاتی گفتوگۆدا، هەر کەسێ دژی بەعس
بووبێ، دژی پارتیش بوو بۆیە کوڕ و باووک (واتە باپیرم و باوکم)، هەر یەکەیان لە
لایەک، بە هۆی هەمان تۆمەتەوە بەند کرابوو.
باپیرم دەیگێڕایەوە:
"دەستمیان بە دەستی عارەبێکەوە بەستبۆوە. ئەو گەنج و بەهێز بوو و منیش پیر و
بێتاقەت.. هەر ڕایدەتەکاندم. لە پێشمەرگەکان دەپاڕامەوە دەستم لە دەستی ئەو عارەبە
بکەنەوە. نەیاندەکردەوە!". پێدەچوو ئەو عارەبەش کۆمۆنست بووبێ... خۆ بەعسی و
حەرەسقەومی نەدەگیران.
کە گفتوگۆی نێوان شۆڕش و
بەعس کۆتایی هات و شەڕ و کارەسات دەستیان پێ کردەوە، ئەوجا عارەب و حەرەس قەومی
هاتن و ماڵی باپیرمیان، وەک هەر ماڵێکی تری حەسار فەرهوود کرد. دیارە تاڵانچییەکان
حەویجەیی بوون!.
لە ئەنجامدا کاک عەزیز
محەمەد خەڵاتی بارزانیی کرا بە بەرۆکیدا گوایە دۆستی بارزانی بووە!.
گەمەیەک کەس سەری لێ
دەرنەکا، هەر دەبێ تێکبدرێ و لە سەرەتاوە دەست پێ بکرێتەوە!.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar