ئەگەر کورد سەر بە ڕێبازی
ژێکاف بێ یا هیوا... هاوبیری کاژیک بێ یا پاسۆک، ئەوجا ناتوانێ ئەوەندەی
کۆمۆنستێکی عارەب یا تورک یا فارس، "قەومی" بێ. ئەوان بە
کۆمۆنستی و ئیسلامەتیش هەر قەومین و خزمەتی خۆیان دەکەن، کەچی ئێمە لە ئیسلامەتیدا
شەقێکی تەڕ و تازە لە قەومایەتی خۆمان هەڵدەدەین و قەشمەری بە ئاڵا و سروودی خۆمان
دەکەین، کە دەشبین بە کۆمۆنست شەرم لە کوردبوونی خۆمان دەکەین!. ئەوان، کە
حیزبی قەومی دادەمەزرێنن، زیادەڕۆیی دەکەن و ڕاستەوخۆ دەبن بە فاشی و ئەگەر
کورد بشتوانێ ببێ بە فاشی، فاشییەکی سەلامەتۆکەی بێ چڕنۆک دەبێ. دە
تەماشای کەمالستەکان و بەعسییەکان بکەن و بەو کاژیکەیان بەراورد بکە کە هەندێ لە
بەڕێزان بە ڕەگەزپەرستی دەزانن!.
کاتێ ساڵی ١٩٩١ نیو ملیۆن ئەنفالچی لە
کوردستان بێدەسەڵات مانەوە، کام "قەومی"ی کورد دەستی لە یەکێکیان
وەشاند؟!. کام پاسۆک ڕێی بە خۆی دا تۆڵە لە یەکێکیان بکاتەوە؟. من دانی
پێدا دەنێم کە کوردی نەتەوەیی لە ڕووی دەروونییەوە ناساغە چونکە لە سروشتی
کۆیلەیەتی خۆی هەڵگەڕاوەتەوە. کوردێک ئەگەر نەتەوەیی نەبێ، لەگەڵ
سروشتی خۆیدا دەڕوا و خەوی خۆش بە زنجیری دەست و پێی خۆیەوە دەبینێ و خاوێنیان
دەکاتەوە و ئەوپەڕی ئاواتی مەرحەبایەکی ئاغاکەیەتی، بەڵام نەتەوەیی خەو بە
شکاندنی ئاڵقە بە ئاڵقەی ئەو زنجیرەوە دەبینێ و دەشزانێ بەو بارە ڕەنگینەوە پێی
ناشکێندرێ!. ئیدی چۆن دەروونی ساغ دەبێ؟!.
سەیرە!. مامۆستا مەسعوود محەمەد قسەیەکی لە بارەی چاکەخوازیی کوردەوە
هەیە و شتێکی لەم بابەتە دەڵێ: "کورد ناوی بە چاکەخواز دەرکردووە و هەر
بێگانەیەک ڕوو لە کوردستان دەکا، باسی مرۆدۆستی و مێواننەوازیی کورد دەکا. خۆ
کورد ئەوانە لە سۆربۆن و ئۆکسفۆرد فێر نەبووە. ئەوانە میراتیی سەدان ساڵی
ژێردەستەیین و وای لێ دەکەن شەهادەی (حسن السلوک) پیشان بدا". ئەو
قسەیە، نەتەوەییە هەرە تۆخەکانیش دەگرێتەوە و من دەزانم نەتەوەییەکانیش تاقیبی ئەو
حوسنی سلووکە دەکەن!. ئیتر تۆمەتی چی دەدرێتە پاڵیان؟!... قەومیی چی و
تەڕەماشی چی؟!. هەر هەوڵێکیش بۆ مراندنی هەستی قەومایەتی نەتەوەییەکان بدرێ،
بۆ ئەوەیە هەرگیز ئەو هەستە نەچێتە قاڵبی خۆیەوە و سەر دەرنەکا... ئەو ناشتنەی
ژێکاف و هیوایان ناشت، نابێ سەر دەربێننەوە. نا، لێتان پیرۆز بێ... هەتا
بای ئێوە لە کونی کوردەوە بێ، نەتەوایەتی کورد و ئازادیخوازی سەر دەر ناکەن!.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar