måndag 28 augusti 2017

دەبوو فەیلەسووفەکان ئاڵاهەڵگری سەرفرازی بن



کارانەکردنەوەی پەرلەمان و برسیکردنی خەڵکی کوردستان کێشەن، بەڵام لە بەردەم سەربەخۆییدا بەربەست نین. کە دەوڵەتی ناشەرعی عیراق دروست بوو، نە پەرلەمان لە ئارادابوو، نە خەڵکەکە پۆشتە و تێر بوون و جگە لە یاسای عەشائیری و شەرع و یاسا داڕووخاوەکانی عوسمانلی، چ یاساش لە ئارادا نەبوو. بەڕێوەبردنی وڵات، کە حیزبەکانی کوردستان شکستیان تێدا هێناوە، شتێکە و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان شتێکی ترە.
بەڵێ منیش دەزانم کە پارتی لە بەڕێوەبردنی کوردستاندا کارێکی وای نەکردووە جێی شانازی بێ بەڵام بە سووربوونی لە سەر سەربەخۆیی باشووری کوردستان، خراپەکارییەکانی دەسڕێتەوە و هیچ نەبێ یار و نەیارانی خۆی دەخاتە سەر دووڕێیانێ، یا دەبێ لە داهاتوو بترسێن و لەگەڵیدا بڵێن بەڵێ، یا دەبێ خۆیان وەک "وەفدی کوردستان..." بۆ دادگای نەوەکانی داهاتوو ئامادە بکەن.
ئەهلی "نەخێر"، لە دژی پارتی، فەلسەفەش بۆ "نەخێر" دەهێننەوە و هەیانە قسەیەکی ماغووت دێنێتەوە کە "وڵاتێک تیایدا پێخاوس بم، نرخی پێڵاوی نییە"!. ئەوانە کە ئەهلی "نەخێر"ن، هەزار فەلسەفەی پێچەوانەی بۆ بهێندرێتەوە کاری تێ ناکەن چونکە لەگەڵ دینەمۆی ئەو ڕقەدا یەک ناگرنەوە کە لە بنەڕەتدا لە ناخیدا جێگیر بووە و دەیبزوێنێ و لەگەڵ پێڵاوەکەی ماغووتدا یەک دەگرێتەوە.
منیش وەک کوردێکی دەرەوەی حیزبایەتی (پارتی و یەکێتی – گۆڕان) چاووم کەموکورتییەکانی پارتی دەبینێ و دەزانم کۆنەجاش لە ناو پارتیدا دوو بست لە کۆنەپێشمەرگە باڵاترە بەڵام کە کار گەیشتە ئەوەی باس بێتە سەر باسی سەرفرازی نەتەوەیی، ئەگەر برسی و پێخاوسیش بم، بە چاوێکی تر لێی دەڕوانم!. من بڵێم چی لە ناو ئەو هەموو حیزبە خواپەرست و پێشکەوتنخواز و فەیلەسووف و چەپانەدا، پارتی بۆتە ئاڵاهەڵگری سەربەخۆیی کوردستان؟!. چل ساڵە لە سەر ڕێبازی نەتەوایەتی بۆ سەرفرازی هاوارمە و کە ئاڵای کوردستانمان ڕادەشەکاند، کادری پارتی هەبوو لە دەست ئەو "پەڕۆشڕە!" ئاخ و داخی بوو، ئێستا کە خۆی ئاڵاکە دەشەکێنێتەوە، دەکرێ من دژی بم؟!. چ دەبوو گۆڕان هەڵگری دروشمی سەربەخۆیی بوایە و لە بری شەڕی پلەوپایە بکا، پارتیی ئیحراج بکردایە تا منیش ئێستا تای بوایەم؟!. ئەی چ دەبوو فەیلەسووفەکانمان لەبری ئەوەی نیشتیمان بە پێڵاو حیساب بکەن، لە پێش پارتیدا ئاڵای سەرفرازییان بەرز بکردایەتەوە و بانگاشەیان بۆ سەربەخۆیی بکردایە؟!.
هەموو دەزانین پارتی وەفای بۆ لایەنگری خۆی نەبووە و ئەوەی لە خەت لایدابێ، وەک ئەوە بووە ڕۆژێ لە ڕۆژان بەردێکی بۆ نەخستبێتە سەر بەردێک، بەڵام بەو بێوەفاییەشەوە، مادام هەڵگری ئاڵای سەربەخۆییە، هیچ نەبێ نابێ لە بەردەم ئەم ڕەوتەیدا ببین بە بەربەست. جێی سەرسوڕمانە لە ئێن ئار تی دوو دەژنەووم (سروود)ی ناخێر... نەخێر مان بۆ دەچڕن...!. ئاخر نەخێر جگە لە بەڵێ بۆ ئەنفال و بە سەبیکردنی کچی کورد چ دەگەیەنێ!. ئەوەندە بە دڵوداو دەڵێن "نەخێر"، هەر دەڵێی هەرگیز بندەستیمان تاقی نەکردۆتەوە!.
ئەمڕۆ پارتی ئەو (خالیدی کوڕی وەلید)ەیە کە زۆری لە موسوڵمانان کوشت و دوایی بوو بە موسوڵمان و ناوی شمشێری هەڵکێشراوی خوایان لێی نا!. ڕووی قسەشم دەکەمە کاک مەسعوود بارزانی: ئەو دەرفەتەی بۆ تۆ هەڵکەوتووە، بۆ هیچ سەرکردەیەکی کورد هەڵنەکەوتووە!... ئایە و مایەی لە سەر دانێ و بیر لە گەڕانەوە مەکەرەوە!. سەرمایەی خۆت و دەوروبەرەکەت بخەرە خزمەتی نیشتیمانەوە و ئەوەندەی تریشتان هەبێ، بەهای دڵێکی ڕەنجاوی کورد و دڵۆپە ئەشکێکی منداڵێکی برسیی نییە!!. هەرچیت هەیە، ناکاتە بزەی بەختەوەری ژنێکی ڕەشپۆش!. وەک جارێکی تریش گوتم: غاندی بە پەشتەماڵێک و بزنێکەوە بوو بە قارەمانی نیمچە کیشوەرێک و جیهان شانازی پێوە دەکا.

tisdag 22 augusti 2017

بە بێ "بەڵام"... بەڵێ بۆ سەربەخۆیی


هەر کاتێ دوای سەرکردەی کورد کەوتبێتم یا مەیلم بۆیان هەبووبێ، یەک هۆکار لە ئارادا هەبووە: من هەمیشە لە عیراقدا، هەستم بە نامۆیی کردووە و هەرگیز بە وڵاتی خۆمم نەزانیوە و تەواو!. پەیوەندی من و دەوڵەتی عیراق، هەمیشە و لە سەردەمی منداڵیمەوە، لە ڕێی پۆلیس و سوپا و دامودەزگای ئەمن و مرۆکوژ و فەرهوودچییەوە بووە... لە زەینی مندا، حکوومەتی عیراق، واتە کوشتن و تاڵانکردن و بەندیخانە و سەردانی بەندیخانە و هیچ حکوومەتێکیش پێچەوانەی ئەوەی پیشان نەداوە!. حکوومەتی عیراقم لە سەردانی بەندیخانە و لووتی شکاوی باوکم و پەرۆشم بۆ خۆشک و براکانم، کە لە بیابانەکان بەند کرابوون، ناسیوە. ئەوان دەهاتن و ئێمە ڕامان دەکرد. ئەوان دەهاتن و ئێمە خۆمان دەشاردەوە. کە دەستیان لێمان گیر دەبوو، دەبوو وەک ئیسفەنج، سووکایەتی هەڵمژین. نە سوودم لە دائیرەی خانەنشینی و عەقار و بازرگانیی عیراق دیوە، نە هیچیانم بە هی خۆم زانیوە... کە فەرمانبەر بووم، وەک هەر بێگانەیەک، لە ئوتێل نیشتەجێ بووم و هەمیشە بۆ ڕاکردن لەسەر پێ بووم... ئەمڕۆ نا، سبەینێ!.
عیراق، هەرگیز نەیتوانیوە وڵاتی من بێ. زۆر هەوڵیان دا بیکەن بە وڵاتی من، بەڵام نەکرا. شیوعییەکان، چینی چەوساوەی کورد و عارەبیان پێکەوە موتوربە کرد و زڕ دەرچوو. ئیسلامییەکان ویستیان ئیمانداری کورد و عارەب بکەن بە یەک ئوممەت، ئەوان ڕازی نەبوون و هەر دەیانگوت کورد موالییە و تاڵانکردن و کوشتنی حەڵاڵە و کورد جنۆکەیە. عیراق هەر نەبوو بە وڵاتی من.
کاتێ کورد سەری خۆی بۆ ئێران و سووریا هەڵدەگرت، لە ڕێی ساواک و ئیتیلاعات و موخابەراتەوە ڕێی چوونەناوەویان دەدا و هەموو کوردێ دەیزانی ئەو دامودەزگایانە چۆنن و لە کوێن!!. بە ئاشکرا دیار بوو ئەوانە وڵاتی ئێمە نین. ئێ خۆ لە عیراقیش هەر وا بووین!!. وەک دەمزانی ئەمنی کەرکووک لە کوێ بوو و زێدانە گەڕ کێ بوو، ئاوهاش دەمزانی موخابەراتی سووری لە کوێ بوو... "فرع فلسطين"ی تۆقێنەر چۆن بوو!!. ئیدی عیراق بۆچی وڵاتی من بێ؟!.
ئەی ئەگەر عیراق وڵاتی من نییە، بۆچی سەرانی کورد، ساڵەهای ساڵ بە باڵای عیراقدا هەڵیاندا و کە ڕووخا، دروستیان کردەوە و کە سوپای نەما، پێشمەرگەیان بۆ کرد بە بەردی بناغە؟!. ئەمانە چییان لە کورد دەویست؟!. ئێمە زاری تاوڵەین و هەڵماندەدەن و چۆن کەوتینەوە سەرکردەکانمان پارە هەڵدەگرنەوە!!.
لەو ماوە دوور و درێژەدا، چەند توانییان من بکەن بە عیراقی، هەر ئەوەندەش لایەنگری خۆیان کردووە بە کوردستانی و ئێستا بەرهەمەکەی دەخۆن!!. ئەگەر وا نییە، چۆن بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کورد هەیە بڵێ "نەخێر"؟!. دەزانن "نەخێر" چ دەگەیەنێ؟!. "نەخێر"، واتە "بەڵێ" بۆ تەعریب و شەقی ئیستیخبارات و ئەنفال، کە لە بەغدا چاوەڕوان دەکرێن. "بەڵێ"ش لەوپەڕی خراپیدا، واتە "بەڵێ" بۆ گەندەڵێ و دزینی سامانی نیشتیمان!!. ئەدی چارە!!.
ئەو عیراقەی دەیبینین، هەر ئەو عیراقەی دوای یەکەم جەنگی جیهانییە و نەگۆڕاوە، بەڵام با سەرکوەزیرەکانی عیراق و سەرۆکەکانی عیراق بژمێرن: کوا ڕەحمان کیلانی و موحسین سەعدوون و جەعفەر عەسکەری و یاسین هاشمی و تۆفیق سویدی و ناجی سویدی و نووری سەعید و ناجی شەوکەت و ڕەشید عالی کیلانی و جەمیل مەدفەعی و عەلی جەودەت و حیکمەت سلێمان و حەمدی پاچەچی و ئەرشەد عومەری و ساڵح جەبر و مزاحم پاچەچی و مستەفا عومەری و نووری مەحموود و وەهاب مەرجان و ئەحمەد موختار بابان و قاسم و بەکر و سەددام و زۆری تر، کە هەندێکیان پتر لە سێ جار بووە بە سەرەکوەزیرانی عیراق؟. چییان لێ هات؟!. هیچیان نەمان و عیراقی خوێن و سێدارە و کوشتن هەر مایەوە!!. ئەدی بۆچی بیر لەوە نەکەینەوە کوردستانیش هەر وا دەبێ و بە سەربەخۆیی، هەموو بەرپرسەکان یەک بە دوای یەکدا دەڕۆن بەڵام کوردستان هەر دەمێنێ و ڕۆژێک دادێ نەوەیەکی بێ گرێکوێرەی دەروونیی (جەلالی و مەلایی) بەڕێوەی ببەن!!. بەڵێ و هەزار بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و هیوادارم ئەوەی من دیتم و باوک و باپیری من دیتیان، نەوەکانی داهاتوو هەرگیز نەیبینن!!.
خۆ ناشێ کورد دەستبەرداری سەرەوەی حەمرین بێ و بەشداری دەنگدان بێ!! خۆ ناشێ حیساب بۆ ناوچە دابڕاوەکان نەکرابێ!!. نا نا... کەتنی وا ناکرێ!!.