måndag 28 augusti 2017

دەبوو فەیلەسووفەکان ئاڵاهەڵگری سەرفرازی بن



کارانەکردنەوەی پەرلەمان و برسیکردنی خەڵکی کوردستان کێشەن، بەڵام لە بەردەم سەربەخۆییدا بەربەست نین. کە دەوڵەتی ناشەرعی عیراق دروست بوو، نە پەرلەمان لە ئارادابوو، نە خەڵکەکە پۆشتە و تێر بوون و جگە لە یاسای عەشائیری و شەرع و یاسا داڕووخاوەکانی عوسمانلی، چ یاساش لە ئارادا نەبوو. بەڕێوەبردنی وڵات، کە حیزبەکانی کوردستان شکستیان تێدا هێناوە، شتێکە و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان شتێکی ترە.
بەڵێ منیش دەزانم کە پارتی لە بەڕێوەبردنی کوردستاندا کارێکی وای نەکردووە جێی شانازی بێ بەڵام بە سووربوونی لە سەر سەربەخۆیی باشووری کوردستان، خراپەکارییەکانی دەسڕێتەوە و هیچ نەبێ یار و نەیارانی خۆی دەخاتە سەر دووڕێیانێ، یا دەبێ لە داهاتوو بترسێن و لەگەڵیدا بڵێن بەڵێ، یا دەبێ خۆیان وەک "وەفدی کوردستان..." بۆ دادگای نەوەکانی داهاتوو ئامادە بکەن.
ئەهلی "نەخێر"، لە دژی پارتی، فەلسەفەش بۆ "نەخێر" دەهێننەوە و هەیانە قسەیەکی ماغووت دێنێتەوە کە "وڵاتێک تیایدا پێخاوس بم، نرخی پێڵاوی نییە"!. ئەوانە کە ئەهلی "نەخێر"ن، هەزار فەلسەفەی پێچەوانەی بۆ بهێندرێتەوە کاری تێ ناکەن چونکە لەگەڵ دینەمۆی ئەو ڕقەدا یەک ناگرنەوە کە لە بنەڕەتدا لە ناخیدا جێگیر بووە و دەیبزوێنێ و لەگەڵ پێڵاوەکەی ماغووتدا یەک دەگرێتەوە.
منیش وەک کوردێکی دەرەوەی حیزبایەتی (پارتی و یەکێتی – گۆڕان) چاووم کەموکورتییەکانی پارتی دەبینێ و دەزانم کۆنەجاش لە ناو پارتیدا دوو بست لە کۆنەپێشمەرگە باڵاترە بەڵام کە کار گەیشتە ئەوەی باس بێتە سەر باسی سەرفرازی نەتەوەیی، ئەگەر برسی و پێخاوسیش بم، بە چاوێکی تر لێی دەڕوانم!. من بڵێم چی لە ناو ئەو هەموو حیزبە خواپەرست و پێشکەوتنخواز و فەیلەسووف و چەپانەدا، پارتی بۆتە ئاڵاهەڵگری سەربەخۆیی کوردستان؟!. چل ساڵە لە سەر ڕێبازی نەتەوایەتی بۆ سەرفرازی هاوارمە و کە ئاڵای کوردستانمان ڕادەشەکاند، کادری پارتی هەبوو لە دەست ئەو "پەڕۆشڕە!" ئاخ و داخی بوو، ئێستا کە خۆی ئاڵاکە دەشەکێنێتەوە، دەکرێ من دژی بم؟!. چ دەبوو گۆڕان هەڵگری دروشمی سەربەخۆیی بوایە و لە بری شەڕی پلەوپایە بکا، پارتیی ئیحراج بکردایە تا منیش ئێستا تای بوایەم؟!. ئەی چ دەبوو فەیلەسووفەکانمان لەبری ئەوەی نیشتیمان بە پێڵاو حیساب بکەن، لە پێش پارتیدا ئاڵای سەرفرازییان بەرز بکردایەتەوە و بانگاشەیان بۆ سەربەخۆیی بکردایە؟!.
هەموو دەزانین پارتی وەفای بۆ لایەنگری خۆی نەبووە و ئەوەی لە خەت لایدابێ، وەک ئەوە بووە ڕۆژێ لە ڕۆژان بەردێکی بۆ نەخستبێتە سەر بەردێک، بەڵام بەو بێوەفاییەشەوە، مادام هەڵگری ئاڵای سەربەخۆییە، هیچ نەبێ نابێ لە بەردەم ئەم ڕەوتەیدا ببین بە بەربەست. جێی سەرسوڕمانە لە ئێن ئار تی دوو دەژنەووم (سروود)ی ناخێر... نەخێر مان بۆ دەچڕن...!. ئاخر نەخێر جگە لە بەڵێ بۆ ئەنفال و بە سەبیکردنی کچی کورد چ دەگەیەنێ!. ئەوەندە بە دڵوداو دەڵێن "نەخێر"، هەر دەڵێی هەرگیز بندەستیمان تاقی نەکردۆتەوە!.
ئەمڕۆ پارتی ئەو (خالیدی کوڕی وەلید)ەیە کە زۆری لە موسوڵمانان کوشت و دوایی بوو بە موسوڵمان و ناوی شمشێری هەڵکێشراوی خوایان لێی نا!. ڕووی قسەشم دەکەمە کاک مەسعوود بارزانی: ئەو دەرفەتەی بۆ تۆ هەڵکەوتووە، بۆ هیچ سەرکردەیەکی کورد هەڵنەکەوتووە!... ئایە و مایەی لە سەر دانێ و بیر لە گەڕانەوە مەکەرەوە!. سەرمایەی خۆت و دەوروبەرەکەت بخەرە خزمەتی نیشتیمانەوە و ئەوەندەی تریشتان هەبێ، بەهای دڵێکی ڕەنجاوی کورد و دڵۆپە ئەشکێکی منداڵێکی برسیی نییە!!. هەرچیت هەیە، ناکاتە بزەی بەختەوەری ژنێکی ڕەشپۆش!. وەک جارێکی تریش گوتم: غاندی بە پەشتەماڵێک و بزنێکەوە بوو بە قارەمانی نیمچە کیشوەرێک و جیهان شانازی پێوە دەکا.

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar