هەر کاتێ دوای
سەرکردەی کورد کەوتبێتم یا مەیلم بۆیان هەبووبێ، یەک هۆکار لە ئارادا هەبووە: من هەمیشە
لە عیراقدا، هەستم بە نامۆیی کردووە و هەرگیز بە وڵاتی خۆمم نەزانیوە و تەواو!.
پەیوەندی من و دەوڵەتی عیراق، هەمیشە و لە سەردەمی منداڵیمەوە، لە ڕێی پۆلیس و
سوپا و دامودەزگای ئەمن و مرۆکوژ و فەرهوودچییەوە بووە... لە زەینی مندا، حکوومەتی
عیراق، واتە کوشتن و تاڵانکردن و بەندیخانە و سەردانی بەندیخانە و هیچ حکوومەتێکیش
پێچەوانەی ئەوەی پیشان نەداوە!. حکوومەتی عیراقم لە سەردانی بەندیخانە و لووتی
شکاوی باوکم و پەرۆشم بۆ خۆشک و براکانم، کە لە بیابانەکان بەند کرابوون، ناسیوە.
ئەوان دەهاتن و ئێمە ڕامان دەکرد. ئەوان دەهاتن و ئێمە خۆمان دەشاردەوە. کە
دەستیان لێمان گیر دەبوو، دەبوو وەک ئیسفەنج، سووکایەتی هەڵمژین. نە سوودم لە
دائیرەی خانەنشینی و عەقار و بازرگانیی عیراق دیوە، نە هیچیانم بە هی خۆم زانیوە...
کە فەرمانبەر بووم، وەک هەر بێگانەیەک، لە ئوتێل نیشتەجێ بووم و هەمیشە بۆ ڕاکردن لەسەر پێ بووم... ئەمڕۆ نا، سبەینێ!.
عیراق، هەرگیز
نەیتوانیوە وڵاتی من بێ. زۆر هەوڵیان دا بیکەن بە وڵاتی من، بەڵام نەکرا.
شیوعییەکان، چینی چەوساوەی کورد و عارەبیان پێکەوە موتوربە کرد و زڕ دەرچوو.
ئیسلامییەکان ویستیان ئیمانداری کورد و عارەب بکەن بە یەک ئوممەت، ئەوان ڕازی
نەبوون و هەر دەیانگوت کورد موالییە و تاڵانکردن و کوشتنی حەڵاڵە و کورد جنۆکەیە. عیراق
هەر نەبوو بە وڵاتی من.
کاتێ کورد سەری
خۆی بۆ ئێران و سووریا هەڵدەگرت، لە ڕێی ساواک و ئیتیلاعات و موخابەراتەوە ڕێی
چوونەناوەویان دەدا و هەموو کوردێ دەیزانی ئەو دامودەزگایانە چۆنن و لە کوێن!!. بە
ئاشکرا دیار بوو ئەوانە وڵاتی ئێمە نین. ئێ خۆ لە عیراقیش هەر وا بووین!!. وەک
دەمزانی ئەمنی کەرکووک لە کوێ بوو و زێدانە گەڕ کێ بوو، ئاوهاش دەمزانی موخابەراتی
سووری لە کوێ بوو... "فرع فلسطين"ی تۆقێنەر چۆن بوو!!. ئیدی عیراق بۆچی
وڵاتی من بێ؟!.
ئەی ئەگەر عیراق
وڵاتی من نییە، بۆچی سەرانی کورد، ساڵەهای ساڵ بە باڵای عیراقدا هەڵیاندا و کە
ڕووخا، دروستیان کردەوە و کە سوپای نەما، پێشمەرگەیان بۆ کرد بە بەردی بناغە؟!. ئەمانە
چییان لە کورد دەویست؟!. ئێمە زاری تاوڵەین و هەڵماندەدەن و چۆن کەوتینەوە سەرکردەکانمان
پارە هەڵدەگرنەوە!!.
لەو ماوە دوور و
درێژەدا، چەند توانییان من بکەن بە عیراقی، هەر ئەوەندەش لایەنگری خۆیان کردووە بە
کوردستانی و ئێستا بەرهەمەکەی دەخۆن!!. ئەگەر وا نییە، چۆن بۆ سەربەخۆیی کوردستان،
کورد هەیە بڵێ "نەخێر"؟!. دەزانن "نەخێر" چ دەگەیەنێ؟!.
"نەخێر"، واتە "بەڵێ" بۆ تەعریب و شەقی ئیستیخبارات و ئەنفال،
کە لە بەغدا چاوەڕوان دەکرێن. "بەڵێ"ش لەوپەڕی خراپیدا، واتە "بەڵێ"
بۆ گەندەڵێ و دزینی سامانی نیشتیمان!!. ئەدی چارە!!.
ئەو عیراقەی
دەیبینین، هەر ئەو عیراقەی دوای یەکەم جەنگی جیهانییە و نەگۆڕاوە، بەڵام با سەرکوەزیرەکانی
عیراق و سەرۆکەکانی عیراق بژمێرن: کوا ڕەحمان کیلانی و موحسین سەعدوون و جەعفەر
عەسکەری و یاسین هاشمی و تۆفیق سویدی و ناجی سویدی و نووری سەعید و ناجی شەوکەت و
ڕەشید عالی کیلانی و جەمیل مەدفەعی و عەلی جەودەت و حیکمەت سلێمان و حەمدی پاچەچی
و ئەرشەد عومەری و ساڵح جەبر و مزاحم پاچەچی و مستەفا عومەری و نووری مەحموود و
وەهاب مەرجان و ئەحمەد موختار بابان و قاسم و بەکر و سەددام و زۆری تر، کە
هەندێکیان پتر لە سێ جار بووە بە سەرەکوەزیرانی عیراق؟. چییان لێ هات؟!. هیچیان
نەمان و عیراقی خوێن و سێدارە و کوشتن هەر مایەوە!!. ئەدی بۆچی بیر لەوە نەکەینەوە
کوردستانیش هەر وا دەبێ و بە سەربەخۆیی، هەموو بەرپرسەکان یەک بە دوای یەکدا دەڕۆن
بەڵام کوردستان هەر دەمێنێ و ڕۆژێک دادێ نەوەیەکی بێ گرێکوێرەی دەروونیی (جەلالی و
مەلایی) بەڕێوەی ببەن!!. بەڵێ و هەزار بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و هیوادارم ئەوەی من دیتم
و باوک و باپیری من دیتیان، نەوەکانی داهاتوو هەرگیز نەیبینن!!.
خۆ ناشێ کورد
دەستبەرداری سەرەوەی حەمرین بێ و بەشداری دەنگدان بێ!! خۆ ناشێ حیساب بۆ ناوچە
دابڕاوەکان نەکرابێ!!. نا نا... کەتنی وا ناکرێ!!.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar