onsdag 29 november 2017

ئەگەر من ڕاوێژکاری بارزانی بوایەم


ئەگەر من ڕاوێژکاری بارزانی بوایەم، پێش گشتپرسی لێم دەپرسی: "قوربان!... ئایە بە نهێنی هیچ بەڵێنێکتان پێ دراوە؟". دیارە دڵنیای دەکردمەوە کە زۆر بەڵێن دراوون و بەڵێنەکان لە هەڕەشەکان زۆرتر و بەهێزترن و ڕاوێژکارەکان ڕێگای باشیان داناوە.
ئەوجا دەمگوت: قوربان!... کەواتە دەبوو بە لای کەمەوە دوو ساڵ لەمەوبەر، هەرچی زەویی کشتوکاڵی کوردستان هەیە، تۆو بکرێ و سایلۆکان و عەمباری ماڵە هەژارەکان پڕ بکرێن و سنوور لە هەرچی بەرهەمی سەرفکردن هەیە دابخرێت تا بەرهەمی خۆماڵی پەرە بسێنێ... دەمگوت: ئەم خاکە بەپیتە، چۆن گەنم و جۆ و نیسک و نۆک دێنێ، ئاوهاش بەرهەمی برنج و پەتاتە و تەڕە دێنێ و کەس بە برسێتی ناهێڵێتەوە. دەبوو بە لای کەمەوە دوو ساڵ لەمەوبەر، هەرچی پارەی دزراو لای تەنگەئەستوورەکانی دەوروبەرت و شازادەکان هەیە، هەندێکی بدرێ بە چەک و هەندێکی بکرێ بە پرۆژەی دروستکردنی هەر کەرەسەیەک کە بە کەڵک بێ: کەوچک و ملچێوک و تیرۆک و موشەممای سفرە و مەسینە و دەورەکڵاش و هەر شتێکی تری پێویست، تا بۆ شتی توڕەهات پەنا بۆ کەس نەبەین و گوێ نەدەینە ئەوەی سنوور دادەخرێ یا داناخرێ!. دەمگوت: دەبوو بە لای کەمەوە دوو ساڵ لەمەوبەر، پێشمەرگە لە یەک لەشکردا گرد بکرێنەوە و شارەزایەکی خوێندەواری نیشتیمانپەروەری بێ فایل بکرێ بە سەرلەشکر و لە بری ئەوەی پێشمەرەگە سەر بەم حیزب و ئەو حیزب بن یا ئەم کەسایەتی و ئەو کەسایەتی لیوای هەبێ، هەموو سەر بە نیشتیمان بن.
ئەگەر ڕاوێژکاری بارزانی بوایەم دەمگوت: کە بەتەمای گشتپرسیت، دەبوو بە لای کەمەوە دوو ساڵ لەمەبەر، شەقامەکانی شارەکانت لە بەچکە فیرعەونەکان قەدەغە بکردایە تا خەڵکی کوردستان هەست نەکەن شەو و ڕۆژ سووکایەتییان پێ دەکرێ و بە فیشەکی حەرامزادە سەرشێتە بەدمەستە مەغروورەکان دەکوژرێن نەک بە پارچەتۆپی دوژمن!.
ئەگەر ڕاوێژکاری بارزانی بوایەم، پێش گشتپرسی پێم دەگوت: نە تورکیا دۆستە و نە ئەمەریکا جێی متمانەیە.. ئەوەی جێی متمانەیە و وزەی لەبن نایێ، میللەتەکەی خۆتە و تۆش دەبوو پێش دوو ساڵ، دەست لە حیزبایەتی هەڵگری و کارێ بکەی میللەتەکەت، هەر لە وەرزێرێکی خانەقینەوە بگرە تا دوکاندارێکی زاخۆ، هەست بکەن سەرۆکیان هەیە، نەک بکەویتە بارێکەوە، ململانێی ناوچەیی و جەلالی و مەلایی بکەیت!. پێم دەگوت: ئەوەی دەڵێ بە ئیشارەتی پەنجەیەکت مانگ شەق دەکەیت، درۆ بۆ ئەوە دەکا گیرفانی پڕتر بێ... دەبوو دوو ساڵ پێش ئێستا دووریان بخەیەتەوە!. پێم دەگوت: ئەو زەویوزارەی بەرپرسەکانی دەوروبەرت و قەڵەمە بەکرێگیراوەکان داگیریان کردووە و کۆشکیان لێ بنیات ناوە و بۆ قومار و شەوی سوور بەکاریان دێنن، دوو وڵاتی پێ بەڕێوە دەچن و دەبوو دوو ساڵ پێش ئێستا لێیانی وەربگریتەوە و هەمووی بکەی بە پرۆژەی بەرهەمی شیر و گۆشت و کارگەی هەر شتێ کە پێویست بێ، چونکە مانگا لەو بەرپرس و قەڵەمانە سوودمەندترن. دەمگوت: ئەو پارەیەی دەیدەیتە مەشعان جبووری و عەلەوی و شێخەکان، بیدە بە هەژارانی قەومەکەت، چونکە هەر ئەوان بەرگری لە نیشتیمانەکەت دەکەن و پلەوپایە و ڕێزی خۆت و خۆیان دەپارێزن!.
دەمگوت: جەنابی سەرۆک!... بە هەموو ڕاوێژکارەکانی دەوروبەرتان و بە هەموو قەتاری حیمایەی دوای بەرپرسەکان، کاریگەری ئەو بزنەیان نییە کە غاندی لەگەڵ خۆیدا دەیگێڕا. هەرچی خیتابی کادیران و بەرپرسانی ئەملا و ئەولا و دوور و نزیکتان هەیە، بەقەدەر یەک ڕستەی غاندییان نەگوتووە: "لەبەر ئەوەی لە ئێوە ڕووتترم، سەرکردەتانم!".
تۆ بڵێی نەیگوتبا: "باشە!... ئێستا دەست پێ دەکەین و دوو ساڵی تر گشتپرسی ئەنجام دەدەین"؟!. ئەگەر بە گوێی نەکردبام، ئێستا پێم دەگوت: ئەوەی بوو، ئەو تۆوە بوو کە ساڵی ٢٠٠٣ بە دروستکردنەوەی عیراق و لەشکری عیراق و دەستوورەکەی چاندتان. ئێستاش، کە ئەو تۆوە هاتۆتە بەر، تا بۆ بەغدا دابێنن، بەغدا خراپتر پێ دادەگرێ... مەسەلەش عەببادی و مالکی نییە، بەڵکو سروشتی خەڵکی زاڵ و زاڵم و داگیەرکەر هەر ئاوهایە!.

fredag 24 november 2017

مەرگ خۆی پەیمانشکێن بوو، نەهات


کە بەرپرسێکی سیاسی بیرەوەریی خۆی دەنووسێ، ناکرێ بە خوێندنەوەی وشە و ڕستەکان وازبێنین. پێویستە نێوان دێڕەکان و پشتەوەی وشەکانیش بخوێنینەوە و وەک خەتی بزماری و یاساکانی حەموڕابی و نەخشی گۆزە و بەڕە لێکدانەوەیان بۆ بکەین. پێویستە بزانین بە "چاک" ناوهێنانی کەسێکی دیاریکراو، شەهادەیەکی گرێدراوە بە شتێکەوە کە لێمان شاراوەیە و بە وشە باس نەکراوە. سەرکردەکانمان، کە بە کەسێ دڵێن "ئازا"، مەبەستیان ئازایەتییە یا کەمعەقڵییە؟. کە بە کەسێ دەڵێن "دڵسۆز"، مەبەستیان دلسۆزییە بۆ نەتەوە و نیشتیمان، یا بۆ خۆیان و ئەو ڕێچکەیەی کە بە پێی نەخشەیەک، خۆیان پێیدا دەڕون؟!. بەڵام بیرەوەریی پێشمەرگەیەکی ساکاری خۆڵاویی وەک ئاسۆ بیارەیی یا کەریم کاکە یا عاسی حوسێن مەحموود، وەک ئاوی بەیانیان ڕوون و بێگەردە و دەزانین کە دەڵێن کورد، مەبەستیان کوردە و کە باسی دڵسۆزی دەکەن، مەبەستیان دڵسۆزییە بۆ ئەو خاکەی لە پێناویدا جەنگاوون و دەنووسن یا لە پێناویدا چەکیان هەڵگرتووە. ئاخر جیاوازی لە نێوان ئەوانەی خۆیان بەکوشت دەدەن لەگەڵ ئەوانەدا خەڵک بەکوشت دەدەن، کەم نییە، ئەگەر عەقڵمان پێیدا بشکێ.

دوا کتێب کە خوێندمەوە،"بیرەوەریی پێشمەرگەیەک" بوو کە کاک عاسی حوسێن مەحموود نووسیویەتی. ڕاستە زمانی بیرەوەری کاریگەرییەکی جادوویی لە سەر خوێنەر هەیە و کوردییەکەی کاک عاسی، هەر ئەو کوردییەیە کە لە ڕەحیماوەی کەرکووک قسەی پێ دەکرێ (کە ئەوەش تام و چێژ و سوودی خۆی هەیە)، بەڵام لەمسەر تا ئەوسەری کتێبەکە، کە ٣٢٨ لاپەڕەیە، شک ناکەیت گەردی خیانەت یا درۆ بە یەک وشەیەوە نیشتبێ یا مەبەستی شاراوەی جێی گومان لە ڕستەیەکیدا هەبێ، مەگەر بە هۆی ئەدەبی کۆمەڵایەتییەوە پەردەپۆش کرابێ. ئەگەر کتێب بە شایەدی مێژوو قەبووڵ بکرێ، من ئەو کتێبەی (کاک عاسی)م بە شایەدی ڕاستگۆ قەبووڵە لە هەرچییەکی لە دەوروبەری کەرکووکدا، لە کاتی ئەنفالدا قەوماوە، ئەگەرچی لێرە و لەوێ بابەت هەیە باسی کردبێ و دوایی لەبیری چووبێتەوە. کاتێ لە لاپەڕەی ٤دا دەڵێ "بۆ تۆ چوومە ژوانی مەرگ ئەی وڵات مەرگ خۆی پەیمانشکێن بوو، نەهات"، گومانم نییە ڕاستی گوتووە. بەڵام هەزار قسەی وا بە زار و قەڵەمی بەرپرسانی ئەمڕۆدا تێپەڕن، من چ حیسابێکیان لەسەر هەڵناچنم و کارم تێناکەن.
دەتوانم بڵێم لە کاتی خوێندنەوەی ئەو کتێبەی کاک عاسیدا، مەگەر بە دەگمەن، دەنا پێنەکەنیم بەڵام چەندین جار گریام. لە ناخەوە گریام بۆ ڕاستییە ساکارە ئاساییەکان کە بەناهەق یەخەی میللەتێکی مەزڵووم دەگرن. گریام بۆ ئەوەی سەری گەنجی کورد، هەر لە هیچوخۆڕایی بە تاشەبەردی خاڵخاڵاندا دەدرێ. چارەنووسی پێشمەرگەیەکی ئەویندار و دڵبەرەکەی گریاندمی. ئاخر بە ڕاستی دووبارەبوونەوەی مەم و زینە و ئەوەشی بخەرە سەر کە منداڵێکیان لە دوا جێدەمێنێ و ئەویش دەمرێ: دکتۆر حەمید شەهید دەبێ و هاوسەرەکەی بەرگەی ئەو کارەساتە ناگرێ و خۆی دەکوژێ یا دەمرێ و دوای ئەویش، کۆرپەکەیان بە هۆی بێدایکییەوە دەمرێ و لە نێوان گۆڕی هەردووکیاندا دەنێژرێ. پەلەکێشکردنی منداڵ و بە ناچاری کڕکردنی لە ترسی ئاشکرابوون و ئەنفال، گریاندمی. لە ڕاستیدا، ئەو مێژووەی کاک عاسی لەو کتێبەدا بۆمانی دەگێڕێتەوە، هەر هی ئەوەیە ئەشکی بۆ هەڵوەرێنیت!. لەگەڵ ئەوەشدا، هەست دەکرێ کە کاک عاسی خۆی لە باسی شەڕی ناوخۆ لادابێ و ئەوەش بۆ بیرەوەری کەمەکوڕییە چونکە خۆلادانە لە گێڕانەوەی سەرجەمی ڕاستییەکان کە کورد پێویستی بە زانیاری هەیە لە بارەیانەوە. بۆچی باسی نەکردوون؟!. پێم وابێ شەرمی بەو باسانە هاتبێ!.
کورد پێویستی بە ڕاستگۆییە... کورد پێویستی بەوە نییە عاشقی سەرکردە و پاڵەوانەکانی خۆی بێ و ئیدی چاوی هەڵەکانیان نەبینێ و بە هەق و ناهەق بەرگرییان لێ بکا. پێشمەرگە کێشەی نیشتیمان و نەتەوەی هەیە نەک شەڕەکەوێک، کە سەرکردەکان تێیدا نێرەکەوەکان هەڵدەبژێرن!. ئەگەر بڵێم هیچ کەس و لایەنێک هێندەی سەرکردە خیانەتیان لە پێشمەرگە نەکردووە و ڕەنجیان بەبادا نەداوە، شتێکی نوێم نەگوتووە. کاتی خۆی بۆچوونی سەرکردە لە کادیر و پێشمەرگەشدا ڕەنگی دەدایەوە گوایە ڕاگرتنی شەڕی عیراق – ئێران پێویستە بەڵام کە شەڕ وەستا، بەعس بوو بە یەک پارچە ئاگر و لە عومری کورد و پێشمەرگە بەربوو. کاک عاسی ئەمەی جوان ڕوون کردۆتەوە و درکی بەوە کردووە کە وەستانی شەڕ، بۆ کورد کارەسات بووە.
بە کەس ناڵێم بچێ بیرەوەرییە پڕلە درۆ و ڕایەڵی نیفاقی سەرکردەکان بخوێنێتەوە و دەوروبەری وشە و ڕستەکان بە دوای ڕاستیدا بگەڕێ، بەڵام بە هەموو کەس دەڵێم بیرەوەرییەکانی کاک عاسی بخوێننەوە. ئەو، شایەدێکی ڕاستگۆی ڕۆژگاری ئەنفالی ناوچەی شوان و شێخبزێنی و قەڵاسێوکەیە... ئێوەش وەکو من دێ بە دێ و گرد بە گرد و دۆڵ بە دۆڵی ئەو ناوچانەی لەگەڵدا بگەڕێن و بە چاوێکی تر تەماشای ئەنفال بکەنەوە و بە چاوێکی تر لێی بڕوانن. پێ دەچێ یاسای ئەمڕۆ ئاوها بێ: یا ئەنفالچی بە، یا ئەنفالكراو!.
ئەسەفی هەرە گەورە ئەوەیە ئەو کارەساتانەی لەو کتێبەدا باس کراوون، لە بری ئەوەی ببن بە کەرەسەی سەرفرازی، کران بە کەرەسەی زندووکردنەوەی ئامێری ئەنفال و دروستکردنەوەی سوپای ئەنفال. بۆ بەرپرسان کران بە کورسی... دران بە  کورسی و ئەوەش لە بەغدا وەک کەرەسەی مۆزەخانە دانرا. چەند کورسییەکی گرانبەهایە ئەو کورسییە!. چ نرخێکی پێ دراوە ئەو کورسییە!. خوێنی منداڵ و ژن و پیاو و گەنجی کوردی پێ دراوە ئەو کورسییە!. خوێنی دکتۆر حەمید و پەخشانی خێزانی و کۆرپەکەیانی پێ دراوە... تۆ بڵێی میللەت هەبێ لەم جیهانە بەرینەدا، ئەو نرخە بە کورسی بدات... خوایە!.
دەست و قەڵەمی کاک عاسی حوسێن محەمەد خۆش بێ... درک بەوە دەکەم کە لەوەش زیاتری لە دەست دێ.

fredag 17 november 2017

کراسەکەی من و حیزبایەتی


ڕۆژێ، کراسێکی بە دڵی خۆمم کڕی. کراس، ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن (قميص). کە بردمە ماڵەوە، دەبینم گیرفانی سەر سینگی نییە. منیش وا ڕاهتووم، پێناسە و هەندێ کارتی تر لەو گیرفانە دابنێم. لەبەر ئەوە، لە کڕینی پەشیمان بوومەوە. لەگەڵ (ئومید)ی کوڕمدا بردمەوە و کراسێکی بەگیرفانم لە جێی کڕی.

ئومێد، کە سەروکاری لەگەڵ دەروونناسیدا هەیە، گوتی: چاکەتەکەت چەند گیرفانی هەیە؟. نەختێ بیرم کردەوە و گوتم: هەشت!. گوتی: ئەی پانتۆڵەکەت؟. گوتم: چوار. گوتی: باوە! تۆ لەگەڵ کراسی بەگیرفاندا ڕاهاتوویت. دوانزە گیرفانت هەیە بەشت ناکەن!. جارێ بیگۆڕە بزانە هیچ دەقەومێ!.
هەر لەگەڵ ئومێددا، لە کڕینی پێڵاویش دەحکەمان بوو. من لە پێڵاوێ دەگەڕام، مۆدێلەکەی کۆن بێ. حەزم بەو لووتدرێژ و لابەلایانەی ئێستا نییە. گوتی: لەوەتەی من هەم، تۆ هەمان جۆرە پێڵاو دەکرێت. ئێ دە جارێ بیگۆڕە و تاقی بکەوە!.
بۆچوونەکەی ئومێد ڕاستە. مرۆ لەگەڵ شتێکی دیاریکراودا ئولفەت دەگرێ: شێوەی چاکەت... پێڵاو... کراس و تەزبیح و دوکانێکی دیاریکراو و زۆر شتی تر. مرۆ لەگەڵ ئەو چایخانەیەشدا ڕا دێ کە لێی دادەنیشێ. لەگەڵ چێشتخانە و کتێبخانەشدا ڕادێین. ئەی بۆ لەگەڵ جۆرە حیزبێکیشدا ڕانەیەین؟!. بەڵێ لەگەڵ ئەو حیزبەشدا ڕادێین کە تیایدا ئەندامین. من و هاوڕێ حیزبییەکانم، هەموو ڕۆژێ هەندێ ڕستە دەڵێینەوە: سەروەری و زانایی سەرۆک و ئازایەتی فڵان سەرکردە و بوێری فڵان کادیر. لە بەرانبەریشدا، خیانەتی فڵان حیزب و سەرکردەکانی: ئەوانە پیاوی فڵان دەوڵەتن و شێوەی جامانەکەیان وایە و جلەکانیان وەهایە و سەرکردەکەیان، ئینگلیزی نازانێ و عارەبییەکەشی باش نییە!!. بەڵام سەرکردەی ئێمە، ئینگلیزییەکەی فوولە!.
دەستهەڵگرتن لەو چایخانەیەی کە هەموو ڕۆژێ لێی دادەنیشین، تووشی نامۆیی و بێکەسیمان دەکا. وازهێنان لەو حیزبەش کە کاری تێدا دەکەین، هەمان هەستی بێکەسی و نامۆییمان دەداتێ بۆیە ناوێرین واز لە حیزبەکەی خۆمان بێنین!. دەستەیەکین، هەموومان ڕێک دەزانین چۆنچۆنی باسی فڵانە کەس بکەین!. تەنانەت شاعیرەکانیش: شێرکۆ و هەژار، ئەویان شتێکە و ئەمیان شتێ!.
مەڕ لە مێگەل دابڕێ گورگ دەیخوا و ئێمەش کە لە حیزبەکەی خۆمان دابڕێین، لەناودەچین... بێکەس و بێپەنا، گورگ دەمانخوا. لێرەدا قسەی پێشینان ڕاست دەردەچێ: "خوویێ گرتت بە شیری، تەرکی ناکەی بە پیری".
حیزبەکەمان هەزار خیانەت و دزی بکا، هەر بەرگری لێ دەکەین چونکە لە ناو هەموو حیزبێکی تردا، هەست بە نامۆیی دەکەین. واتە: چایخانەیەکی تر نییە بە دڵمان بێ!. ئەگەر هەشبێ، تەقەی پوولی دۆمینە کە بەر مێزەکە دەکەوێ، جیایە. لەگەڵ ئەو مۆدێلە کراسە و ئەو مۆدێلە حیزبایەتییەدا ڕاهاتووین!. حیزب مەکینەیەکە، دەڕوا و هەر یەکە لە ئێمە بورغوو یا واشەرێکی ئەو مەکینە زەبەلاحەیە هەر خواش دەزانێ حیزبەکە خۆی بۆرغووی چ مەکینەیەکە!!. بە بەر چاومانەوە دزی دەکرێ و نەخوێندەوار دەکرێ بە وەزیر و دەستدرێژی دەکرێتە سەر شەرەفی خەڵک و لاوی بێتاوان دەکوژرێ، کەچی چاوی خۆمانی لێ دەشارینەوە و دڵمان نایێ لەو چایخانەیە هەستین. وەک مۆرفین و نیکۆتین لە سەر حیزبایەتیش ئیدمان دەکەین. چۆن هەیە لە قوماردا ژنەکەی خۆی دەدۆڕێنێ، ئاوهاش هەیە لە پێناوی حیزبدا کاری دزێو دەکا.
کە من بڕیار نەدەم مۆدەی کراسەکەم و پێڵاوەکانم بگۆڕم، تۆ چۆن بڕیار بدەی دەست لەو چاخانەیە هەڵگری کە دۆمینەی تێدا دەکەیت؟. تەنانەت لە چاخانەکەشدا، مێزێکی تایبەتی جێی تۆیە. بە عادەت، هەر لەوێ دادەنیشیت!. دەستبەردان لە حیزبیش هەمان کێشەیە و تەماحی پارە و کورسیش سەربار. ئەگەر خۆمان نەناسین، چەند غەریب و بێکەسین ئێمە!!. 

tisdag 14 november 2017

ئەگەر دڕندە نەبیت، لەگەڵ دڕندەدا هەڵناکەیت


مێژوو باس دەکات: مەمالیک، کە منداڵی کڕدراو و کۆیلە بوون، لە ئاسیای ناوەڕاستەوە هێندرابوونە بەغدا. ئیدی نرانە بەر خوێندن و فێری هونەرەکانی شەڕ و سەربازی کران و پلەوپایەی بەرزیان وەرگرت تا لە ئەنجامدا، ساڵی ١٧٤٩ دەسەڵاتی بەغدایان گرتە دەست و لە بابی عالی یاخی بوون. ئەمانە، ٨٢ ساڵ حوکمی بەغدایان کرد، تا لە ئەنجامدا، هەر لە بەغدا، لە لایەن لەشکری عوسمانییەوە ساڵی ١٨٣١ ڕووخێندران و قەتڵوعام کران. ئەگەر ئەو قەتڵوعامە نەبوایە، باوەڕ دەکرێ ئێستا بەغدا یەکێ بوایە لە شارە گەورەکانی تورک. ئەگەر سەرنجی جلوبەرگی بەغداییەکانی کۆتایی (١٨٠٠)ەکان و سەرەتای (١٩٠٠)ەکان بدەین، دەبینین فڕی بە پۆشاکی عارەبەوە نییە، بەڵکو شوێنەواری ئاشکرای پۆشاکی موالییەکانە کە ئێستاش لە ناو تورکمانەکاندا ماوەتەوە و باوە.

چایخانەیەکی بەغدا، سەرەتای ١٩٠٠ەکان

ئەو موالییە ڕووخاوانەی بەرەو بەسرا ڕایانکرد، شوێنەواریان نەما و توانەوە، بەڵام پێدەچێ زۆربەی تورکمانەکانی دووز و تەنانەت ناوچەکەش لەو موالییانە بن و بە هۆی دڵسافی کوردەوە مابێتنەوە ئەمڕۆ. ئەمانە، هەمان بێمنەتی و نەترسانی موالییەکانیان هەیە و کە دەرفەتیان بۆ هاتە پێش، گوێ بەوە نادەن سبەینێ چییان بەسەردا دێ و ئەگەر بەریان پێ نەگیرێ، وەک مەمالیکەکان دەست بە سەر هەموو کوردستاندا دەگرن!. خۆ کورد (عەلی ڕەزا پاشا)ی نییە قەتڵوعامیان بکات، ئیتر بۆچی دەست بپارێزن؟!. ئەوان، خێزان قڕ دەکەن و کوردی ڕۆشنبیریش هەیە دڵی ئەوەندە ناسکە، دەڵێ: ئامادە نیم لە پێناوی ئاڵای کوردستاندا، منداڵێکیان لە خەو بکەم.
کورد هەتا نەبێتە دڕندە، لەگەڵ دڕندەدا هەڵناکا... ئیتر بە کەیفی خۆتان، هەزار جنێو بەو بۆچوونە نامرۆڤانەیەم بدەن!. ئەگەر بزانم بە دەستماچکردن یەک خانووی ڕووخاوی دووز چاک دەکرێتەوە و یەک دڵۆپ خوێنی دووز دەگەڕێتەوە، دەستی یەکە بە یەکەی تورکمانەکانی دووز ماچ دەکەم!. بەڵام ئەوە مێژوو و ئەوەش خەسڵەتەکانی مرۆڤە هەمەجۆرەکان!.
دوای ڕووخانی بەعس، کورد دەیتوانی ئەوە بە تورکمانەکانی دووز بکا کە ئێستا ئەوان بە کوردی دەکەن. ئەو خەسڵەتە دڕندانەیە لە کورددا، بەرانبەر کورد خۆی نەبێ، نییە بۆیە هەمیشە دەرفەتی لە دەست داوە و دوایی بە خراپترین شێوە بە سەر خۆیدا شکاوەتەوە. کورد دەیتوانی هەموو ناوچە تەعریبکراوەکان، بە حەویجەشەوە، پاک بکاتەوە بەڵام کورد بە پێچەوانەوەی کرد، کەچی عارەبی حەویجە بە پشتبەستن بە داعش، کە دەرفەتێکی کەمخایەنیش بوو، هیچ نەما بە کوردی نەکا و دوایی کە لێشیان قەوما، وەک ئەوەی قەت هیچ نەبووبێ، پەنایان بۆ کورد هێنایەوە.
من ئەم قسانە دەکەم، وەنەبێ لە دەستم بێ بۆ ئاوارەکردنی خێزانێک ئیمزا بخەمە سەر کاغەز... ئاخر منیش کوردم. بۆیە پێویستە بە باری کەسێتی و دەروونی و سۆزی خۆماندا بچینەوە و نەفرەت لەو ڕیکخستنانە بکەین کە کوردیان پەروەردە کردووە.

onsdag 8 november 2017

حیزبەکەی تۆ خیانەتی زیاتر کردووە


حەکیم کاکەوەیس
بەرگەی چەند ئاشبەتاڵ و ڕووخاندن دەگرین؟!. بەرانبەر چەند جۆر سوپا و حەرەسقەومی دەگرین؟. ئەی چەند شەڕی ناوخۆمان پێ دەکرێ و چەند کوڕ و برا بەکوشت بدەین؟. سەرکردەکانمان، چەند جار ڕادەستی دوژمنی نەفام و دڕندەمان دەکەن و چەند جار پشتمان تێدەکەن و دەستخەڕۆمان دەکەن یا لە ڕاکردندا پێشمان دەکەوون و دەڵێن: هااات؟. چەند جار لە هەڕەتی بەهێزی و گەشەسەندندا، وەک بەفرەکەی پار دەتوێینەوە؟!. ئەوەندە سەرمان بۆ ئەم داگیرکەر و ئەو داگیرکەر پێ شۆڕ کرا و ئەوەندە "عدم تعرض" و پسوولەی جاشایەتی ئەم دەزگا و ئەو دەزگامان خستە گیرفانمانەوە، نە کەرامەتمان ما نە کەسایەتی. سەرکردەکانمان، وەک ئاوخواردنەوە گەنجەکانمان دەکوژن بەڵام بەرانبەر داگیرکەر، کۆیلەئاسا، پایە پایە، تا ئاستی پایان شۆڕ دەبنەوە!. ئەوان، سەرشۆڕکردنیان لە کورد کردووە بە نەریتێکی ئاسایی، وەک ئەوەی بۆ چارەنووسمان سەرشۆڕییان هەڵبژاردبێ!.
هاودەرد و هاوخەم و هاوئامانجی من!...
باش بزانە لەو ڕۆژەوەی دوو حیزبی نیشتمانپەروەری وەک "هیوا" و "ژێکاف" نێژران و دوو دیموکراتی دەستکرد، بە چاولێکەریی فیرقەی دیموکراتی ئازربایجان دروست بوون، هەرچی خوێن ڕژا، بە فیڕۆ چوو و هەرچی شۆڕش کرا بە پێی خواستی دوژمن بووە: "بچنە شاخ!... ئاگرەسوورە لە من دوورە!". لەو ڕۆژەوە، ئیتر کورد ڕاستەڕێی بەرداوە و لەم هەڵدێرەوە بۆ ئەو هەڵدێر دەڕوا و تا چاو بڕ دەکا، هەر هەڵدێر و تاریکستان لە پێشمانن... هەتا ئەو لاڕێیە بەرنەدەین و پێناسەی کورد وەک نەتەوە و پێناسەی داگیرکەر وەک دوژمن نەکەین، کردەی کورد و بردەی دز و خائینان دەبێ و چۆڕاوگەی خوێنمان ناوەستێتەوە.
ئەگەر کوردپەروەری و نیشتیمانپەروەری لای سەرکردەکانمان کاڵ نەبن و ئامانجی کورد لە پەراوێزی بەرژەوەندییاندا نەبێ، چۆن عیراقێکی ڕووخاویان بۆ ئەوە دروست دەکردەوە تا لە هەڕەتی بەهێزیدا، بۆ مافی کورد لێی بپاڕێنەوە؟. ئەگەر دڵسۆزی نیشتیمان بوایەن، چۆن دەسستوورێکیان بۆ دادەنان هەر بڕگەیەکی تەڵەیەک بێ و چۆن وەک دەرمانی چاوهێشە بۆ ئەوە دەگەڕان عیراق لە بن بەندی حەوت دەرکەن تا بتوانێ چەک بکڕێ و بۆ کوشتنمان بەکاری بێنێ؟.
هاودەرد و هاوخەم و هاوژانەکانم... سروە عەبدولواحید جگەرگۆشەی گۆڕانە و گۆڕان حەڵاڵزادەی یەکێتییە و یەکێتی لە هەناوی پارتی بەربۆتەوە و پارتیش لە سەر گۆڕی "هیوا" و "ژێکاف" لەدایک بووە. سروە هەر هەڵوێستێکی هەبێ، سەرچاوەکەی بۆ بێباکی حیزبی دایک دەگەڕێتەوە چونکە هەموانی ئاوها پەروەردە کردووە. ئەگەر سروە نەبوایەتە پاڵپشتی بەغدا، جێی سەرسوڕمان دەبوو. هەتا ئەم ئاشەش بگەڕێ، بە تەمای سەرفرازی و گزنگی خۆر مەبەن!. کوردبوونیان وا سووک کردووە، هەر لە ئێستاوە کورد خەریکن دەچنە ڕیزی حەشدێکەوە کە بۆ ئابڕووبردنمان هاتووە. خیانەت چەند ئاسان بووە!.
دەبێ دەستبەرداری ئەو زنجیرە هەڵە و تاوانە بین و بچینەوە سەر ڕاستەڕێی کوردبوون و کوردستانیبوون. تۆ بڵێی دوای ئەو هەموو کارەساتانە، هێشتا کاتی ئەوە نەهاتبێ بەر لەوەی پارتی بین کورد بین؟. کاتی ئەوە نییە یەکێتی کەرەسەی سەرفرازی بێ و ئەگەر زانیمان بێکەڵکە دەستی لێ هەڵگرین؟. هەتا ئێستاش تێنەگەیشتین دەوڵەمەندبوونی بێسنووری سەرکردەکانمان چ دەگەیەنێ؟! بەڵێ ئەمڕۆ کاتی وەلانانی حیزبی دابەستەکان و فیرعەونەکانە. هیچ مەکە، تەنها پشتیان مەگرە، ئەرکی نەتەوەیی خۆت بەجێ گەیاندووە!. هەموو فەلسەفەی شەڕی تۆ لە سەر حیزبەکەت ئەمەیە: "حیزبەکەی تۆ دزترە و حیزبەکەی تۆ خیانەتی زیاتر کردووە!". ئیدی بەو فەلسەفەیە، ئەو دەرفەتەش کە پێدەچێ بە هۆی شەڕێکی گەورەی چاوەڕوانکراوی ناوچەکەەوە لە پێشمان بێ، بە دەردی دەرفەتەکانی تر دەچێ. ئەوجا ئەرکی دروستکردنەوەی چەندین دەوڵەتی تر، جگە دەوڵەتی کوردستان، دەکەوێتە سەر شانمان!!.
ئیتر هیممەت و یەکگرتن و یەکئامانجی لە ئێوە و قووەت لە خوا...