fredag 24 november 2017

مەرگ خۆی پەیمانشکێن بوو، نەهات


کە بەرپرسێکی سیاسی بیرەوەریی خۆی دەنووسێ، ناکرێ بە خوێندنەوەی وشە و ڕستەکان وازبێنین. پێویستە نێوان دێڕەکان و پشتەوەی وشەکانیش بخوێنینەوە و وەک خەتی بزماری و یاساکانی حەموڕابی و نەخشی گۆزە و بەڕە لێکدانەوەیان بۆ بکەین. پێویستە بزانین بە "چاک" ناوهێنانی کەسێکی دیاریکراو، شەهادەیەکی گرێدراوە بە شتێکەوە کە لێمان شاراوەیە و بە وشە باس نەکراوە. سەرکردەکانمان، کە بە کەسێ دڵێن "ئازا"، مەبەستیان ئازایەتییە یا کەمعەقڵییە؟. کە بە کەسێ دەڵێن "دڵسۆز"، مەبەستیان دلسۆزییە بۆ نەتەوە و نیشتیمان، یا بۆ خۆیان و ئەو ڕێچکەیەی کە بە پێی نەخشەیەک، خۆیان پێیدا دەڕون؟!. بەڵام بیرەوەریی پێشمەرگەیەکی ساکاری خۆڵاویی وەک ئاسۆ بیارەیی یا کەریم کاکە یا عاسی حوسێن مەحموود، وەک ئاوی بەیانیان ڕوون و بێگەردە و دەزانین کە دەڵێن کورد، مەبەستیان کوردە و کە باسی دڵسۆزی دەکەن، مەبەستیان دڵسۆزییە بۆ ئەو خاکەی لە پێناویدا جەنگاوون و دەنووسن یا لە پێناویدا چەکیان هەڵگرتووە. ئاخر جیاوازی لە نێوان ئەوانەی خۆیان بەکوشت دەدەن لەگەڵ ئەوانەدا خەڵک بەکوشت دەدەن، کەم نییە، ئەگەر عەقڵمان پێیدا بشکێ.

دوا کتێب کە خوێندمەوە،"بیرەوەریی پێشمەرگەیەک" بوو کە کاک عاسی حوسێن مەحموود نووسیویەتی. ڕاستە زمانی بیرەوەری کاریگەرییەکی جادوویی لە سەر خوێنەر هەیە و کوردییەکەی کاک عاسی، هەر ئەو کوردییەیە کە لە ڕەحیماوەی کەرکووک قسەی پێ دەکرێ (کە ئەوەش تام و چێژ و سوودی خۆی هەیە)، بەڵام لەمسەر تا ئەوسەری کتێبەکە، کە ٣٢٨ لاپەڕەیە، شک ناکەیت گەردی خیانەت یا درۆ بە یەک وشەیەوە نیشتبێ یا مەبەستی شاراوەی جێی گومان لە ڕستەیەکیدا هەبێ، مەگەر بە هۆی ئەدەبی کۆمەڵایەتییەوە پەردەپۆش کرابێ. ئەگەر کتێب بە شایەدی مێژوو قەبووڵ بکرێ، من ئەو کتێبەی (کاک عاسی)م بە شایەدی ڕاستگۆ قەبووڵە لە هەرچییەکی لە دەوروبەری کەرکووکدا، لە کاتی ئەنفالدا قەوماوە، ئەگەرچی لێرە و لەوێ بابەت هەیە باسی کردبێ و دوایی لەبیری چووبێتەوە. کاتێ لە لاپەڕەی ٤دا دەڵێ "بۆ تۆ چوومە ژوانی مەرگ ئەی وڵات مەرگ خۆی پەیمانشکێن بوو، نەهات"، گومانم نییە ڕاستی گوتووە. بەڵام هەزار قسەی وا بە زار و قەڵەمی بەرپرسانی ئەمڕۆدا تێپەڕن، من چ حیسابێکیان لەسەر هەڵناچنم و کارم تێناکەن.
دەتوانم بڵێم لە کاتی خوێندنەوەی ئەو کتێبەی کاک عاسیدا، مەگەر بە دەگمەن، دەنا پێنەکەنیم بەڵام چەندین جار گریام. لە ناخەوە گریام بۆ ڕاستییە ساکارە ئاساییەکان کە بەناهەق یەخەی میللەتێکی مەزڵووم دەگرن. گریام بۆ ئەوەی سەری گەنجی کورد، هەر لە هیچوخۆڕایی بە تاشەبەردی خاڵخاڵاندا دەدرێ. چارەنووسی پێشمەرگەیەکی ئەویندار و دڵبەرەکەی گریاندمی. ئاخر بە ڕاستی دووبارەبوونەوەی مەم و زینە و ئەوەشی بخەرە سەر کە منداڵێکیان لە دوا جێدەمێنێ و ئەویش دەمرێ: دکتۆر حەمید شەهید دەبێ و هاوسەرەکەی بەرگەی ئەو کارەساتە ناگرێ و خۆی دەکوژێ یا دەمرێ و دوای ئەویش، کۆرپەکەیان بە هۆی بێدایکییەوە دەمرێ و لە نێوان گۆڕی هەردووکیاندا دەنێژرێ. پەلەکێشکردنی منداڵ و بە ناچاری کڕکردنی لە ترسی ئاشکرابوون و ئەنفال، گریاندمی. لە ڕاستیدا، ئەو مێژووەی کاک عاسی لەو کتێبەدا بۆمانی دەگێڕێتەوە، هەر هی ئەوەیە ئەشکی بۆ هەڵوەرێنیت!. لەگەڵ ئەوەشدا، هەست دەکرێ کە کاک عاسی خۆی لە باسی شەڕی ناوخۆ لادابێ و ئەوەش بۆ بیرەوەری کەمەکوڕییە چونکە خۆلادانە لە گێڕانەوەی سەرجەمی ڕاستییەکان کە کورد پێویستی بە زانیاری هەیە لە بارەیانەوە. بۆچی باسی نەکردوون؟!. پێم وابێ شەرمی بەو باسانە هاتبێ!.
کورد پێویستی بە ڕاستگۆییە... کورد پێویستی بەوە نییە عاشقی سەرکردە و پاڵەوانەکانی خۆی بێ و ئیدی چاوی هەڵەکانیان نەبینێ و بە هەق و ناهەق بەرگرییان لێ بکا. پێشمەرگە کێشەی نیشتیمان و نەتەوەی هەیە نەک شەڕەکەوێک، کە سەرکردەکان تێیدا نێرەکەوەکان هەڵدەبژێرن!. ئەگەر بڵێم هیچ کەس و لایەنێک هێندەی سەرکردە خیانەتیان لە پێشمەرگە نەکردووە و ڕەنجیان بەبادا نەداوە، شتێکی نوێم نەگوتووە. کاتی خۆی بۆچوونی سەرکردە لە کادیر و پێشمەرگەشدا ڕەنگی دەدایەوە گوایە ڕاگرتنی شەڕی عیراق – ئێران پێویستە بەڵام کە شەڕ وەستا، بەعس بوو بە یەک پارچە ئاگر و لە عومری کورد و پێشمەرگە بەربوو. کاک عاسی ئەمەی جوان ڕوون کردۆتەوە و درکی بەوە کردووە کە وەستانی شەڕ، بۆ کورد کارەسات بووە.
بە کەس ناڵێم بچێ بیرەوەرییە پڕلە درۆ و ڕایەڵی نیفاقی سەرکردەکان بخوێنێتەوە و دەوروبەری وشە و ڕستەکان بە دوای ڕاستیدا بگەڕێ، بەڵام بە هەموو کەس دەڵێم بیرەوەرییەکانی کاک عاسی بخوێننەوە. ئەو، شایەدێکی ڕاستگۆی ڕۆژگاری ئەنفالی ناوچەی شوان و شێخبزێنی و قەڵاسێوکەیە... ئێوەش وەکو من دێ بە دێ و گرد بە گرد و دۆڵ بە دۆڵی ئەو ناوچانەی لەگەڵدا بگەڕێن و بە چاوێکی تر تەماشای ئەنفال بکەنەوە و بە چاوێکی تر لێی بڕوانن. پێ دەچێ یاسای ئەمڕۆ ئاوها بێ: یا ئەنفالچی بە، یا ئەنفالكراو!.
ئەسەفی هەرە گەورە ئەوەیە ئەو کارەساتانەی لەو کتێبەدا باس کراوون، لە بری ئەوەی ببن بە کەرەسەی سەرفرازی، کران بە کەرەسەی زندووکردنەوەی ئامێری ئەنفال و دروستکردنەوەی سوپای ئەنفال. بۆ بەرپرسان کران بە کورسی... دران بە  کورسی و ئەوەش لە بەغدا وەک کەرەسەی مۆزەخانە دانرا. چەند کورسییەکی گرانبەهایە ئەو کورسییە!. چ نرخێکی پێ دراوە ئەو کورسییە!. خوێنی منداڵ و ژن و پیاو و گەنجی کوردی پێ دراوە ئەو کورسییە!. خوێنی دکتۆر حەمید و پەخشانی خێزانی و کۆرپەکەیانی پێ دراوە... تۆ بڵێی میللەت هەبێ لەم جیهانە بەرینەدا، ئەو نرخە بە کورسی بدات... خوایە!.
دەست و قەڵەمی کاک عاسی حوسێن محەمەد خۆش بێ... درک بەوە دەکەم کە لەوەش زیاتری لە دەست دێ.

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar