fredag 29 december 2017

هەرچیمان لە خوا ویست، بۆی ئەنجامداین

حەکیم کاکەوەیس

کاتێ بەعس دەسەڵاتدار بوو، ئەگەر ئەژدیها بهاتبایەتە جێیەکەی، پێمان خۆشتر بوو. خودا سەددامی وەها کەر کرد، پەلاماری دار و بەردی دا و لە هیچ تاوانێک نەپرنگایەوە. لە ئەنجامدا، کوێتی گرت و گوتمان: تەواو... بەعس کۆتایی هات!. بەڵێ هەموو بینیمان چۆن سەددام بە ڕیسوایی دەستگیر کرا و  چۆن دادگایی کرا و ملی بە پەتەوە کرا.  خوا بەعسی ڕووخاند، بەڵام سەرانی کورد دژی ئیعدامکردنی سوڵتان هاشمی ئەنفالچی و هاوڕێکانی بوون و یەک بە دوای یەکدا، بەعسییە کوردکوژە ئەنفالچییەکانیان لە دەستی شیعە دەرباز کرد. ئەگەر ئێستا بەغدا ئەو سوڵتان هاشمە بۆ گیانی کورد بێنێتەوە، کە زۆر شارەزای کوردکوشتنە، هەق نییە خوا ڕاست تفێک بکاتە ڕوخساری سەرانی کورد و بە پەندیان بکا؟.   
عیراق داری بە سەر بەردەوە نەما و تەنانەت بەرگریکردن لە ناوچەی سەوزی بەغداش بە کورد سپێردرا چونکە خۆیان باوەڕیان بە یەکتر نەبوو. لە بری ئەوەی سەرانی کورد ئەو دەرفەتە دەگمەنە بقۆزنەوە، وەک ئەوەی بۆ مزگەوتی بکەن، وەخۆ کەوتن: بوون بە ناوبژیوانی سوننەی بندەستە و شیعەی دەسەڵاتدار!... سەرانی کورد، لە بری ئەوەی دەرفەتی نەبوونی لەشکری عیراق بقۆزنەوە و هیچ ناوچەیەکی جێناکۆک نەهێڵنەوە و بە یاسا جێگیری بکەن، بە هێزی پێشمەرگە، لەشکریان بۆ عیراق دامەزراندەوە. لە بری ئەوەی هەوڵێ هەڵوەشاندنەوەی ئەوە بدەن کە هەڵنەوەشابۆوە، حکوومەت و دەستووریان بۆی دانا. ئیتر خوا لەوە زیاتر چی بۆ کورد بکا؟. ئەی ئەگەر لە بری سەرانی کورد "ئەتا تورک"ێک کاری بۆ کورد بکردایە، چۆن لەوە خراپتری پێ دەکرا؟! خۆ خوا بە جبریلدا خەبەری نەنارد عیراق دروست بکەنەوە یا لە دادگاییکردنی سەددامدا بە سەر مەسەلەی ئەنفالدا باز بدەن!. خۆ خوا نەیگوت لەشکر و دەوڵەتی عیراق دروست بکەنەوە! من دڵنیام خوا بواری تریش بە کورد دەدا، بەڵام هەر ئەم سەرکردانە، یا شاگردەکانیان، بە فیڕۆی دەدەن!. دڵنیام عارەبی تەعریب، دیسان دزداشەکانیان بە ددان دەگرن و ڕادەکەن، بەڵام یەکێ لە سەرکردەکان پێیان دەڵێ: ڕامەکەن... وڵات وڵاتی خۆتانە و ئەوەی بە لاتاندا هات، بیکوژن!. ئەی وایان نەکرد؟!.
دەستکەوتی کورد لەو هەموو گۆڕانکارییانەدا کە خوا ڕەخساندنی چی بوو؟!. مام جەلال بوو بە "فەخامەت" و وەک نوقڵ، شیرین شیرین، بە ناو زاری کورددا دەگەڕا و کاک مەسعوود بوو بە سەرۆک و فەرشی سووری بۆ ڕاخرا و زێباری بوو بە باشترین وەزیری دەرەوەی عیراق و ئیتر هەر شانازی بکە ئینگلیزییەکەی فوولە!. ئەوان و زۆری تر بوون بە ملیۆنێر. کام شاعیر و ڕۆشنبیر و فەیلەسووفی سوودمەند گوتی "ئەوانە بۆ کورد دەستکەوت نین و جێی هیچ ناگرنەوە"؟!. ئێستاش کورد با بۆ خۆی، هەر فەخامەت بجوێ و فەرشی سوور بپۆشێ و کە بێئومێدیش بوو، با بە شەویلەی شلەوە خۆی پیشان بدا و بۆ مەعاش فەرشە سوورەکان ورد بکاتەوە!.
٢٩-١٢-٢٠١٧
نەخۆشخانەی یێڤلە سوید

onsdag 27 december 2017

دیارییەک بۆ نیشتیمانە داگیرکراوەکەم


ئەی شاعیری مەستی بەیت و بالۆرە و وڕینە و جنێوی خۆت... دڵخۆش مەبە ئاواز بۆ شیعرت دانراوە! ئەی ڕۆماننووسی بلیمەتی دز!... مەغروور مەبە کە چەند قەڵەمفرۆشێکی خاوەن مەزرا و دۆلار و شاشە، بە بلیمەت لە قەڵەمت دەدەن! ئەی فەیلەسووفی نێوان دێڕی کتێبی بێگانان... لووتت بەوە بەرز نەبێ نەخوێندەواران بە چاوی عەبڵەقەوە گوێت لێ دەگرن و ئەو ڕستە کورتە دزراوانەت کاوێژ دەکەنەوە، کە تۆیان کردووە بە خاوەنی مەزرا و باڵەخانە! ئەی ئەو مەلایەی قورعان لە دنیادا نەمێنێ، سەرلەبەری دەنووسیتەوە... دڵت خۆش نەبێ کە مێشکت تۆمارگەی بێلێکدانەوەیە و هەرچییەکی پێدا تێپەڕێ، بە بێ هەرسکردن دایدەنێیتەوە! ئەی هونەرمەندی ناسراوی ناو میللەتێکی بندەست... خۆت بە زل مەزانە کە دەبینی لە کاتی نواندنی شێواندنی مێژوودا، دەنگت لە ناو چەپڵەڕێزاندا کپ دەبێ... ئەوانە چەپڵە بۆ شاردنەوەی درۆکانت لێ دەدەن. ئەی بەرپرسی چەکداران... بەوە بوغرا مەبە وەک مانگای بەکەڵ، ڕەوێ جوانەگای کەڵەگای عێرەقت بە دواوەن و لەگەڵ چاوداگرتنتدا، ئەم و ئەو بەر گوللـە دەدەن!. ئەی جەنابە خائینە خاوەنتەلار و نەخۆشخانە و بازاڕ و مۆڵەکان... دڵتان بەوە خۆش نەبێ لەم و لەو پتر دەخۆن و پتر دەڕێن و پتر دەقەوچن... ئێوە کە بە ژەمێک، بایی ڕەنجی ساڵێکی جووتیارێکی کورد تێیدەڕێنن، کارگەی گوون نەک کەرەسەی سەرفرازی و پێشڕەوایەتی.
هەمووتان وەکو من، وڵاتتان داگیر کراوە... هەمووتان وەک من خاکتان تەعریب کراوە... هەمووتان وەک من خاوەنی شەرەفی خۆتان نین و لەشفرۆشە تازەپیشە نەزانەکان، لە پاکتان پاکتر و مەردترن!.
ئەی بەرپرسە باڵاکان... بە چاوی سووک مەڕواننە ئەو کەسانەی زێرابتان بۆ خاوێن دەکەنەوە و بیری ئاودەستتان بۆ دەردەدەن. ڕۆژێ دێ ئەوانە، لە ناو ئەو زێراب و بیرانەدا حەشارتان دەدەن و خەڵکیش دەتاندۆزنەوە!.
من، هەر چییەک بم و هەرچیم هەبێ، بە چییەوە بنازم؟!... نەتەوەکەم ئازادە یا نیشتیمانەکەم سەرفرازە؟!. ئەی تۆ بە چییەوە دەنازیت هەی بەبا؟!. ئەی خاکی تۆش هەر ئەو خاکەی من نییە داگیر کراوە؟!. بۆ سڕینەوەی عاری خۆت دەڵێی بەشێکین لە "عیراق"!.
من لە بری هەمووتان: لە بری شاعیر و ڕۆماننووس و لەشفرۆش و بەرپرس و سیاسەتمەدار و مەلا و هونەرکاران، بە هۆی خاکە داگیرکراوەکەمەوە شەرمەزار و سەرشۆڕم!. تۆ ئەی دز... دەتتوانی کەمتر بدزیت. تۆ ئەی بەرپرس... دەتتوانی بەکەڵ نەیەیت!. ئێوەش ئەی شاعیر و نووسەر و چاودێری دەرباری فشە... دەتانتوانی کەمتر بە تان و پۆی درۆدا بچنەوە. منیش، خۆ هیچ نەبوایە دەمتوانی لە پێناوی نیشتیمانەکەمدا بمرم و نەمردم!... نەمردم و چاوەڕوانم تا لە نەخۆشخانەیەکی ئەوروپادا بتۆپم و کەلاکم بکەنە سەهۆڵ!.
داوا لە کچان و کوڕانی نیشتیمانەکەشم دەکەم کە نیشتیمان و نەتەوە پەردەی مرۆڤبوونن و نەوەی پێش ئێوە ئەتکیان کرد و لە سەرتانە بە دەستی بهێننەوە. ئەوەش ناکرێ هەتا ئێوە یەک خاڵی سپی لە مێژووی حەفتا ساڵی سیاسەتی کوردستاندا ببینن!.. مێژووی حەفتا ساڵمان ڕەش ڕەشە و خاڵێکی سپی تێدا نییە و هەرچی قارەمانەتییە و باس دەکرێ، بۆ شاردنەوەی خیانەتە!.
ببوورە ئەی نیشتیمانە داگیرکراوەکەم... ئەمە دیاریی ئەمساڵی منە بۆ تۆ و ڕەنگە دوادیاریشم بێ. لێمی قەبووڵ بکە.
حەکیم کاکەوەیس
٢٧-١٢-٢٠١٧ 

söndag 24 december 2017

تەنها لە کۆیلایەتیدا یەک هەڵوێستین


لە نەخۆشخانە، بە هۆی پشووەی سەری ساڵەوە، بە ئیجازە گەڕامەوە ماڵەوە و بە سەر دنیایەک خەمدا ڕمام، کە بوون بە سەرباری خەمە تایبەتییەکانم. ئەوەی دەبوو لە کەرکووک و خورماتوو، بەرانبەر داگیرکەران بکرێ، ئێستا لە ڕانیە و کۆیە و سلێمانی و شوێنانی تر بەرانبەر کوردی بێدەسەڵاتی ناڕازی دەکرێ. هەمان ئەو کارانە ئەنجام دەدرێن کە بەعس ئەنجامی دەدان!.

لەگەڵ ڕێزم بۆ پێشمەرگەی دڵسۆز، کە دەستی ناچێتە ڕۆڵەی کورد، خەیاڵم بۆ پێناسەکردنی پێشمەرگو چوو... ئەوجا پێناسەی جاش. ئەگەر سۆز و قسەی دەقگرتوو، کە لە سەریان ڕاهاتوین لادەینە لاوە، جاش بە زەڕەزەڕ لە دوورەوە دیارە کێیە و ڕەگی بۆکوێ دەگەڕێتەوە!.
هەندێ قەڵەم لە باسی ئەو بابەتانە پەڕیونەتەوە و هاتوونەتە سەر ڕەخنەگرتن لە پەشێوی شاعیر: "چۆن باسی ماکەر دەکات! ئەوە سووکایەتییە بە ژن!". هەر ئەوەندە دەڵێم: ئەی مەردی مەیدان... بچۆرە بن قەڵای کەرکووک و بۆ دیفاعکردن لە مافی ژن، ئەو مامرفرۆشانە ڕسوا بکە کە کەڵەشێر لە مامر بە گرانتر دەفرۆشن و قەلی نێر بە گران دەدەن!. مادام مەسەلە نێر و مێ بێ و لەگەڵ نێر و مێی بەشەردا بەراورد بکرێ و پێمان وابێ مێ مەغدوورە، ئاوڕێکیش لە جوانەگای سەربڕاو بدەوە کە هەمیشە قوربانییە و گۆلکەمێ ڕادەگیرێ!!.
من نازانم ئەو فەیلەسووفانە ئەم خەیاڵانە لە کوێوە دێنن، بەڵام دەزانم بە لایانەوە گرنگ لادانە لە باسە سەرەکییە چارەنووسسازەکە!. ئەمڕۆ کێشەی کورد پیاو سالارییە!. وەک ئەوەی پیاو لە باشووری کوردستاندا مابێ و نیوەی خاکەکەی نەدۆڕاندبێ!. لە لایەکی ترەوە، زاراوەی "کوردایەتی" بووە بە نازێتی و هەر دەڵێی کورد دەوری بەغدای گردووە و ئێستا بەغدا بە دەست کوردەوە، بووە بە شاری مردووخۆر!.
دەگەڕێم شتێکی هاوبەش بدۆزمەوە کە هەموو کورد لە سەری تەبا بن. جگە لە کۆیلایەتی، هیچ شتێکی تر نادۆزمەوە لە سەری تەبابن و عەمری ئەوەش نەمێنێ کە گوتی: "کورد هەر لە شایەدوئیماندا هاوڕان"، چونکە ئەوەشمان نەما و مادام یەکمان دەخات، قەبووڵمان نییە!.
ئەگەر ئەوانەی کوردیان کردووە بە سەت پارچەوە و هەر داناکەوون، پێیان وابێ پارتی و یەکێتی "کوردایەتی"یان کردووە، هەقە شەهادەی "تەس"یان پێ بدرێ چونکە ئەوە لەخۆوە نییە... لە کۆتاییدا، داوای لێبوردن دەکەم کە زمانەکەم لەم بابەتەدا زبرە. ئاخر مەسەلەکەمان هیچی تێدا نەمایەوە: نە دز و ئاودیوکەر سەرکەوتن، نە ئەوانەی کورد و کوردستانیان دەکردە قوربانی پێڵاوی خەلیفەکان درزێکیان پڕ کردەوە و نە فەیلەسووفە خاوەن مەزرا و دۆلار هیچیان بە هیچ کرد. بە هەموویان کارێکیان کرد دەستمان لە بنی هەمانەکەوە دەرچێ و منیش بە هەنگاوی ورد بەرەو لەناوچوون دەچم.
نەتەوەکەم و نیشتیمانەکەم خۆش!.

lördag 9 december 2017

مەلا و ڕۆشنبیر


گەردەنی هەرچی جاش و دز و خائین و بندیوار هەیە ئازاد بکەن، چونکە بەرهەمی ڕۆشنبیرییەکی سەقەتن... کورد وەک میللەت، بەو ڕۆشنبیرییە شێواوە، شێواوە. لە پێش هەموانەوە منەووەرەکانی جاران کە سوپای عیراقیان دامەزراند. ڕۆشنبیرانی ئەمڕۆ و قەڵەمفرۆشی هەموو دەمێ، ڤایرۆسن و لە جەرگی ئەم میللەتەیان داوە و هەر یەکە و کەوتۆتە ژێر کاریگەری قوتابخانەیەکی دژ بە بەرژەوەندی کوردەوە. دەبینی مەلایەکی تورک لە سەر مینبەرەوە و ڕوو لە نوێژکەران هاوار دەکا: "کورد کافرن... بە ئەتۆم لەناویانبەرن!". عارەب بە کۆڵێ مەندیل و عەممامەوە دەقیژینێ: "کورد جنۆکەن و خوا ئاشکرای کردوون!... بۆچی بوونەتە موسوڵمان!!". کەچی مەلای کورد میللەتەکەی دەکاتە قوربانی پێڵاوی ئیمامی عومەر و داوا دەکا ئەو تورک و عارەبانە دەسەڵاتدار بن!".
مەلای هیچ میللەتێک شك نابەم وەک مەلای کورد دژی میللەتی خۆی بدوێ. ڕۆشنبیری هیچ میللەتێک شک نابەم بە ناوی ڕۆشنگەرییەوە دژی نەتەوە و نیشتیمانی خۆی بێ. نووسەری هیچ میللەتێک نابینم وەک نووسەری کورد، میللەتی خۆی هەلا هەلا بکات. ڕۆشنبیری کورد، ناوی "کوردایەتی" دەنێ دزی و خیانەت و کۆنەخوازی و هەرچی کەتن یا خیانەتی لەدەست بێ، پێی دەڵێن "قەومی". ئەوانە، دەوڵەتی نەتەوەیی دەکەن بە دواکەوتوویی!. ئاڵای کوردستان دەکەن بە پەڕۆ!. شوێنکەوتووانی فەیلەسووفە ئەوروپاییەکان، لە هەموو کەس زیاتر دژی بەرژەوەندی کورد دەوەستنەوە و کورد بە شایستەی هیچ نازانن. تۆ بڵێی سارتەر ڕقی لە فەرەنسا بووبێ؟. نیتچە دوژمنایەتی ئەڵمانیای دەکرد؟! کۆڵن ویلسن دژی ئینگلیز بوو؟ ئەرێ دیوتانە هیچ فەیلەسووفێک ئەو سووکایەتییانە بە میللەتی خۆی بکات، کە فەیلەسووفی کورد بە کوردی دەکا؟.
من زۆر لە سوید ژیاووم و سویدییەکان شانازی بە ئاڵا و نەخشە و نەریتی خۆیانەوە دەکەن... شانازی بە مێژووی خۆیانەوە دەکەن ئەگەر وەحشیگەرێتیشی تێدابێ!. هەر ئەو شانازییەش وا دەکا ڕێ نەدەن شەقامەکانیان پیس بێ. هەر ئەوەش وا دەکا هەموو وڵات بە "ماڵ" بزانن لە کاتێکدا ئێمە، ئەودیو دەرگا بە ماڵی خۆمان  نازانین و کەلاک و زڕوزبڵی لێ فڕە دەدەین!..

تەماشای وێنەکە بکە... ئەوە ئاهەنگی ناوەڕاستی هاوینە. ئەو سنگە، لە بنەڕەتدا و بە پێی باوەڕی کۆنیان، ئامێری نێرینەی ئاسمانە و زەوی ئاوس دەکا. خۆ ئێستا هیچ باوەڕێکیان بەوە نییە بەڵام چونکە نەریتی خۆیانە، ئەو ڕۆژەی کە یادی دەکەنەوە، خۆشترین ڕۆژیانە و کەسیش بە کەس ناڵێ "کۆنەپەرست" و نەفام و نەزان... بە ڕاست و چەپ و دیندار و بێدینەوە مەست دەبن و سەما دەکەن و ئاهەنگ دەگێڕن: ئاسمان زەوی ئاووس دەکات!.  
ڕۆشنبیری کورد، کە نەختێ فەلسەفە دەخوێنێتەوە، یەک شەقی تەڕ لە نەریت و کەلەپوور و مێژووی خۆی هەڵدەدا. یەکەم دەستپێکردنی ئەوەیە دەڵێ: "کورد کەی میللەتە؟! و کورد هیچی نییە؟!"... بیر لەوەش ناکاتەوە ئەو فەلسەفەیەی مێشکی خۆی تێکداوە، زەمینەکەی خاکێکی تر و ناوچەیەکی تر و کەشوهەوایەکی تر و خەڵکێکی ترە و هیچیشیان دژی نەریتی میللەتی خۆیان نەوەستاونەتەوە.
بیری بیابان یا شاخ، داستان لە سەر مەیموون لە کوێ بێنێ تا بیکا بە خوای وزەبەخشی خۆی؟!. داستانی عارەب هەر دەبێ بە دەوری حوشتر و بیابان و خورمادا بخولێتەوە و داستانی شاخ، هەر دەبێ لە ئاگر و بەفر و ڕێواس و ئەشکەوتەوە سەرهەڵبدا و هەرچی بە سەردا بسەپێنیت، زڕ دەردەچێ بۆیە فەلسەفەی یۆنان و ئەڵمان و بیابان لای کورد، هەر ڕۆژە و کەرتێکیان لێ دەبێتەوە و دەبنە بناغە بۆ دووبەرەکی... ئاخر هیچیان زادەی کەشوهەوای خۆی نییە. ڕۆشنبیری کورد (وەک تاک)، بە هۆی خوێندنەوەی فەلسەفەی ئەوروپاوە، خۆی لێ دەبێتە پەیامبەر و نەتەوەکەشی لێ دەبێتە مێگەلەمەڕی بێبەها. ئیتر لە کوێ خزمەتی مێگەلی پێ دەکرێ و دەتوانێ چی بۆ بکا؟. هەمووی بکا بە فەیلەسووف؟!. هەمووی بکا بە مەلا؟!. ئەگەر ئاوهاش بکا، دیسان ئەو میللەتە دەبێتەوە بە مێگەلێک لە فەیلەسووفی ناتەبا یا مێگەلێک لە دینداری ناتەبا!.
هەقە قەڵەمی زۆرینەی ڕۆشنبیری کورد و مەلای کورد و منەووەری کورد نەفرەتباران بکرێن... هەقە نەفرەت لە سیاسەتمەداری کورد بکرێ کە بناغەی لە سەر شانی خواری ئەو ڕۆشنبیرە ڕەدووکەوتووانە هەڵچندراوە، کە چاوەڕوانی "الف الف درهم" لە مەولاکانیان دەکەن.
ئەدی مارکسزیزم نەبوو بە دین و مەزەبی لێ نەکەوتەوە و شەڕ لە سەر مەزەبەکانی نەکرا؟! دەبێ خوێنی چەند گەنجی هەڵخەڵەتاوی کورد بووبێتە خۆراکی ململانێی ئەو مەزەبانە!. تۆ بڵێی کورد وەک داینەسۆر لە بەردەم هەڕەشەی لەناوچووندا نەبێ!.