لە نەخۆشخانە، بە هۆی پشووەی سەری ساڵەوە، بە ئیجازە گەڕامەوە
ماڵەوە و بە سەر دنیایەک خەمدا ڕمام، کە بوون بە سەرباری خەمە تایبەتییەکانم. ئەوەی دەبوو لە کەرکووک و خورماتوو، بەرانبەر
داگیرکەران بکرێ، ئێستا لە ڕانیە و کۆیە و سلێمانی و شوێنانی تر بەرانبەر کوردی
بێدەسەڵاتی ناڕازی دەکرێ. هەمان ئەو کارانە ئەنجام دەدرێن کە بەعس ئەنجامی دەدان!.
لەگەڵ ڕێزم بۆ پێشمەرگەی دڵسۆز، کە دەستی ناچێتە ڕۆڵەی
کورد، خەیاڵم بۆ پێناسەکردنی پێشمەرگو چوو... ئەوجا پێناسەی جاش. ئەگەر سۆز و قسەی
دەقگرتوو، کە لە سەریان ڕاهاتوین لادەینە لاوە، جاش بە زەڕەزەڕ لە دوورەوە دیارە
کێیە و ڕەگی بۆکوێ دەگەڕێتەوە!.
هەندێ قەڵەم لە باسی ئەو بابەتانە پەڕیونەتەوە و
هاتوونەتە سەر ڕەخنەگرتن لە پەشێوی شاعیر: "چۆن باسی ماکەر دەکات! ئەوە
سووکایەتییە بە ژن!". هەر ئەوەندە دەڵێم: ئەی مەردی مەیدان... بچۆرە بن قەڵای
کەرکووک و بۆ دیفاعکردن لە مافی ژن، ئەو مامرفرۆشانە ڕسوا بکە کە کەڵەشێر لە مامر
بە گرانتر دەفرۆشن و قەلی نێر بە گران دەدەن!. مادام مەسەلە نێر و مێ بێ و لەگەڵ
نێر و مێی بەشەردا بەراورد بکرێ و پێمان وابێ مێ مەغدوورە، ئاوڕێکیش لە جوانەگای
سەربڕاو بدەوە کە هەمیشە قوربانییە و گۆلکەمێ ڕادەگیرێ!!.
من نازانم ئەو فەیلەسووفانە ئەم خەیاڵانە لە کوێوە دێنن،
بەڵام دەزانم بە لایانەوە گرنگ لادانە لە باسە سەرەکییە چارەنووسسازەکە!. ئەمڕۆ
کێشەی کورد پیاو سالارییە!. وەک ئەوەی پیاو لە باشووری کوردستاندا مابێ و نیوەی خاکەکەی
نەدۆڕاندبێ!. لە لایەکی ترەوە، زاراوەی "کوردایەتی" بووە بە نازێتی و
هەر دەڵێی کورد دەوری بەغدای گردووە و ئێستا بەغدا بە دەست کوردەوە، بووە بە شاری
مردووخۆر!.
دەگەڕێم شتێکی هاوبەش بدۆزمەوە کە هەموو کورد لە سەری
تەبا بن. جگە لە کۆیلایەتی، هیچ شتێکی تر نادۆزمەوە لە سەری تەبابن و عەمری ئەوەش
نەمێنێ کە گوتی: "کورد هەر لە شایەدوئیماندا هاوڕان"، چونکە ئەوەشمان
نەما و مادام یەکمان دەخات، قەبووڵمان نییە!.
ئەگەر ئەوانەی کوردیان کردووە بە سەت پارچەوە و هەر
داناکەوون، پێیان وابێ پارتی و یەکێتی "کوردایەتی"یان کردووە، هەقە
شەهادەی "تەس"یان پێ بدرێ چونکە ئەوە لەخۆوە نییە... لە کۆتاییدا، داوای
لێبوردن دەکەم کە زمانەکەم لەم بابەتەدا زبرە. ئاخر مەسەلەکەمان هیچی تێدا
نەمایەوە: نە دز و ئاودیوکەر سەرکەوتن، نە ئەوانەی کورد و کوردستانیان دەکردە
قوربانی پێڵاوی خەلیفەکان درزێکیان پڕ کردەوە و نە فەیلەسووفە خاوەن مەزرا و دۆلار
هیچیان بە هیچ کرد. بە هەموویان کارێکیان کرد دەستمان لە بنی هەمانەکەوە دەرچێ و
منیش بە هەنگاوی ورد بەرەو لەناوچوون دەچم.
نەتەوەکەم و نیشتیمانەکەم خۆش!.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar