lördag 25 februari 2017

بۆنی بنیادەم


هەر ڕۆمانێک، یا کتێبێکی مامەم (جەلیل کاکەوەیس)م خوێندبێتەوە، دوایی لە دەربڕینی ڕای خۆمدا، منجەمنجێکم لە حزووریدا هەر کردووە، بەڵام کە ڕۆمای (بۆنی بنیادەم)م خوێندەوە – کە دوابەرهەمێتی – ناخم خستیە ڕیزی کتێبە پیرۆزەکانەوە. دەکرێ (بۆنی بنیادەم)، وەک ڕۆمانێکی مێژوویی تەماشا بکرێ و بۆ تێگەیشتن لە کار و کردەوەکانی میرانی بابان و دووبەرەکی و خۆخۆرییان ئاسانکاری بکا، ئەوجا هەڵپەی کوژاندنەوەی هەر ڕووناکاییەکی وەک هزری مەولانا خالید، لە ناو کورددا بە گشتی...
لەم ڕۆمانەدا، سروشت و گیانەوەرەکانی، بوونەتە یەک بوونەوەری مەزن و کاریگەرییان بە سەر یەکەوە هەیە... زوڵم دەوامی نابێ... سروشت، هەمیشە خۆی تیفتیفە دەداتەوە و وانەی نوێ دەڵێتەوە. لە بەشێکی ڕۆمانەکەدا هاتووە:
"سروشت... لەگەڵ بەخشندەییەکەیدا، سزای ئەوانەش دەدا کە لە یاساکەی دەردەچن. دەبینین دارێکی بەرز کاتێ سێبەر لە درەختە بچووکەکانی دەوروبەری خۆی دەکات و لە تیشکی خۆر بێبەشیان دەکات، لە تۆڵەی ئەوە ڕەشەبایەکی بەهێز هەڵدەکات و ئەو دارە لووتبەرزە لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵدەتەکێنێت و درەختە بچووکەکان ڕزگار دەکات.".
ئەوە قسەی حەکیمێکی ناو ڕۆمانەکە نییە، بەڵکو قسەی کەسێکە بە هۆی واتەواتەوە، مەولانا خالید بە لادەر دەزانێ و لە پێناوی خوادا، پلان بۆ کوشتنی دادەنێ. سەرچاوەی ئەو هەوڵەش، مزگەوت و خوتبەی جومعەیە... واتە ئەویش بیروباوەڕێکی هەیە و بەرگری لێ دەکا و پێی ڕاستە!!... ئەگەر میرەکانی بابان لە ناو خۆیاندا ناتەبا بوون، پیاوانی ئاینیش، کە دەستڕۆیشتوو بوون، خۆرەی دووبەرەکییان تێکەوتووە. کەواتە نە ئەوسا و نە ئێستا، کێشەمان هەر توێژاڵی دەسەڵاتدار نییە، بەڵکو ئاینیشمان کردووە بە کێشە و ئەسبابی لێکدابڕان!!... وەکو ئێستا.
ئەم سەردەمە و سەردەمی میرنشینەکان، چەند بە یەکتر دەچن!... تۆ بڵێی چارەنووسی ئەوانەی ئەو ڕۆژە و ئەمانەی ئەمڕۆ، هەر یەکێ نەبێ!!.

lördag 18 februari 2017

زاخۆی دەلال، دووچاری چ پەتایەکە؟

من لە زاخۆ ژیاووم و دۆستی زاخۆییم هەبووە و لە سێبەری ڕەشی بەعسدا، پێکەوە باسی شۆڕش و پێشمەرگە و کوردمان دەکرد. منی کەرکووکی و ئەوی زاخۆیی، یەک ژان و یەک خولیا و یەک ئامانجمان هەبوو. ئەو، ئەو باوەڕەی بە منی کەرکووکی لە کوێوە هێنا و منیش، ئەو باوەڕم بەو زاخۆییە لە کوێوە هێنا؟!.
زاخۆی دەلالی سەردەمی بەعس، هەمیشە لە کڵپەسەندندا بوو و دەبوو بە شانازییەوە لەوانەوە فێری کوردبوون و نیشتیمانپەروەری بم. ئەی ئێستا دوای بیستوپێنج ساڵ لە ئازادی و سەرفرازییەکی ڕێژەیی، کە سێبەری ڕەشی بەعسمان بە سەرەوە نەماوە و لە سێبەری حیزبی خۆماڵیداین، چ خێرە خەڵکی زاخۆ بە جۆرێ پەروەردە کراوون لە یاریی فووتبۆڵدا بە عارەبی هاوار لە کەرکووک بکەن: "کەرکووک داعشیە"؟. ئەوە ڕووحی وەرزشە یا ڕووحی پەروەردەیەکی سەقەتە کە ئەگەر ئاوها بەردەوام بێ، هەموو کورد بەرەو هەڵدێر دەبا و کوردستانیش بە فەتارەت دەدا؟!. پرسیاری لەوەش گرنگتر ئەمەیە: ئەو هاتوهاوارە، بۆچی بە عارەبی؟!. پێویستە ڕۆشنبیرانی زاخۆ خەمێ لە پەروەردەی نەتەوەیی لاوانی زاخۆ بخۆن و سەرپەرشتیارانی وەرزشی زاخۆ بەر لەوەی ڕاهێنانی وەرزشی بە گەنجانی زاخۆ بکەن، وانەی کوردایەتییان پێ بڵێنەوە چەنکە ناکرێ کورد، دەردی لەوە گرانتر بێ.
کورد وای لێ هاتووە هەست نەکا کەرکووک شارێکی کوردستانییە، چونکە سیاسییەکانمان، ئەو زارەی لە ئاستی کەرکووک و ماددە ساختەکارییەکەی ١٤٠ دایانخست نەیانکردەوە و بۆ مەسەلەی نەوت نەبێ، باسی کەرکووکیان لەبیر نییە. ئاخر کەرکووک، کە ئەو هەموو خوێنەی بۆ دراوە، چۆن دڵتان هات پێی بڵێن: کەرکووک داعشیە؟!.
گەنجێک، ڕۆمانێکی نووسیبوو و بۆی ناردم تا بیخوێنمەوە و دوایی ڕای خۆمی پێ بڵێم. ئازیزان، چ ببینم؟! دەبینم شتێکی لەم بابەتەی نووسیوە: "خەڵک بێکار بوون و سەری خۆیان بۆ شارەکانی تری عیراق، وەکو کەرکووک موسڵ هەڵدەگرت!!". لە هزری ئەو نووسەرەدا، مووسڵ ئەوە هیچ... کەرکووکیش شارێکی عیراقییە!، ئەوە گۆشکردنی حیزبییە و بۆتە پەتا.
ئەرێ ئەمە چ پەروەردەیەکە؟! ئەم حیزبانەی کوردستان، نیازیان چییە و چی بەو میللەت و نیشتیمانە دەکەن؟. کەرکووک داعشیە یا حیزبەکان لە پڕمەی بەعس کەوتوونەتەوە؟! من گوێ بەو پەروەردە سەقەتەی ئەو گەنجە زاخۆییانە نادەم... زاخۆ هەر دەلالە و شاری کاکە حوسێنی هاوڕێ و هاوخەممە، کە هەموو جار داخی دڵی خۆی لە دژی بەعس، لە لای من هەڵدەڕشت.
https://www.youtube.com/watch?v=0ZvHIU4TEHI

onsdag 15 februari 2017

ئەلفوبێ


لەگەڵ خۆممە... لەگەڵ خوشک و برا و کەسەکانی خۆمە... لەگەڵ تۆشمە، ئازیزم!
بەرنامەی حیزب پەیامێکی ئاسمانی نییە!... سەرکردەی گەورە خوا نییە!... حیزب کەرەسەیە بۆ گەیاندنی نەتەوە و نیشتیمان بە ئامانجێکی دیاریکراو. حیزب، لەوپەڕی پیرۆزیدا، یەک هەنگاو نیشتیمان و نەتەوەکەت بەرەو ئامانجەکەیان دەبا، دەنا بەڵایە... پەتایە... غەزەبی خوایە... دەوەنبەئاشی خۆخۆرییە... ئاخوڕی ئالێکی ئاژەڵە. ئەگەر پێت وابێ حیزبەکەت لەو ئامانجە پیرۆزترە کە دەبێ کاری بۆ بکرێ و نەتەوەکەت پێی شاد بێ، زوو چارەسەری هۆشی خۆت بکە!... با تۆش نەبیتە بارگرانییەکی تر بە سەر نەتەوە و نیشتیمانەکەتەوە! با تۆش، بە دەم شانازیکردنەوە، نەبیتە بەربەستێکی تر لە بەردەم سەرفرازیی نەتەوەیی و نیشتیمانی!.  
ئەوەی دەیان ساڵ بە ناوی چینی چەوساوە و کرێکارانەوە لە ڕیزی ئەم حیزب و ئەو حیزبی بە دینکراو شیعر و درۆی تۆو کردووە و ئێستا کۆشک و تەلار دەدوورێتەوە، لە فایلدار و جاش و سیخوڕ بەڵاترە!! مەگەر بە دەستهەڵگرتن و دوورکەوتنەوەی لە "تێکۆشان!!" تۆڵەی تاوانەکانی بکاتەوە!!... ئەو بابەتە، بە کڕبوون و مردن خزمەت بە نەتەوە و نیشتیمانی خۆی دەکا، ئەگەر باوەڕ بکات کوردستان نیشتیمانی خۆیەتی.

torsdag 9 februari 2017

مەملەکەتی مامرەکان


دەوروبەری ٣٠ مامر و کەڵەشێرمان هەبوون. لێوردبوونەوەیان، هەر بە خوێندنەوەی کتێبی شاکار دەچوو... مرۆ دەیتوانێ شتێ لە ژیانی مامر فێر بێ و هەندێ لایەنی ژیانی مرۆڤی پێ بپێوێ. ئەوانیش دەستوور و سستەمی ژیانی خۆیان هەیە و ئەگەر ئێمە دەست لە ژیانیان وەرنەدەین، بۆ خۆیان بەڕێوە دەچن و دوور نییە فێری فڕینیش بن و لە سەر لقەدار بژین.
ماوەیەک پێش ئێستا، کەڵەشێرێکمان، سنووری کەڵەشێرایەتی تێپەڕاند و ببوو بە کەڵەگا. ڕێی نەدەدا کەڵەشێرەکانی تر تەنانەت بشقووقێنن، چجای بە مامردا بفسن. بەڵام خوا هەقە بەرگریشی لێ دەکردن. چ قودرەت بوو منداڵ توخنیان بکەوێ. بەرگری لە کەڵەشێرە کۆیلەکانیشی دەکرد. نازانم قووقاندن چ جنێوێک یا شەڕخوازییەکە ئەو کەڵەشێرە، ئەوەندە پێی قەڵس دەبوو و پێی قەبووڵ نەدەکرا. پێ دەچێ قووقاندن، کێشەیەکی سەرەکی نێوان کەڵەشێرەکان بێ. ڕەنگە جاڕدان و کەڕەنای شەڕ بێ. ئەو کەڵەشێرە، قووقاندنی لە قوڕگی ئەوانی تردا دەقرتاند. واتە هەموو جارێ کەڵەشێرەکانی تری دەکرد بە کەڵەشێری نیوەقووقە... وەک کەری نیوەزەڕ!. بەرانبەری هەموویان دەوەستایەوە و هەموو مامرەکانی بۆ خۆی قۆرخ کردبوو. هەندێ جار، لێیان دەکردە دووسەرە و لەملاوە پەلاماری مریشکێکیان دەدا و لەولاوە مریشکێک، بەڵام کەڵەگاکە، مەگەر بە دەگمەن، دەنا فریای هەموویان دەکەوت. هەندێ جاریش سۆزی سەری دەکرد و وەک مامر، جووجگەی دەخستنە بن باڵی خۆیەوە و دەیلاواندن. بەڕاستی خەمخۆر بوو. گەورەیی هەر وا دەبێ!. لەمەوە بۆ ئەوە چووم کە دەبێ "کەڵەباب" بێ نەک "کەڵەشێر". مامریش، تا نەبرژێ "مریشک" نییە، بەڵام کە برژا، ئیتر حەیفە پێی بڵێی مامر.

بە لای خۆمەوە، خۆم بە کەسێکی هەقخواز دەزانم و حەزم بە زۆرداری نییە. گوتم: "با ئەو کەڵەشێرە کەڵەگایە سەربڕین. ژیانی لەوانی تر تاڵ کردووە". ناخم ئەو زۆردارییەی پێ خۆش نەبوو. ویستم یاسا و شەرعی مرۆڤ بە سەریاندا بسەپێنم بۆیە ئینقیلابێکمان ساز دا و سەرمانبڕی. ئیدی بزانە چ قەومانێک قەوما:
دوای ئەو "کەڵەباب"ە، ناوچەی مامرەکان، شیرازەی تێکچوو. هەر کەڵەشێر بوو و مامرێکی هەڵدەبڕی. ئەگەر کەڵەشێرێک بە یەکێکیاندا فسیبا، چواری تریش، یەک بە دوای یەکدا پەلاماریان دەدا و پێیدا دەفسین. وای لێ هات مامرکان، لە ترسی کەڵەشێر، خۆیان دەپەستایە کولانە و کون و کەلەبەری بلۆکەکان و جێی واوە زەفەریان پێ نەبرێ. پەڕ بە پشتیانەوە نەما. بەو کارەی من، شیرازەیان تێکچوو و ژیان لە هەموو مامرەکان تاڵ بوو، بەڵام خۆ ناکرێ بە فەوتانی کەڵەگاکەیان، دوایان ببڕێتەوە... مامر و کەڵەشێرەکان، بە پەیدابوونی زۆردارێکی تر، ڕەوتی خۆیان وەرگرتەوە، بەڵام تا پەیدا بوو، کەڵەبابەکان یەکتریان خەڵتانی خوێن دەکرد. نازانم بۆچی ئەو شەڕەی لە نێوان خۆیاند دەیانکرد، لە دژی زۆردارەکەیان نەدەکرد!. بەڵام نا!! سستەمی ژیان لە مامرستاندا وایە و هەر دەبێ یەک کەڵەشێر، زۆردار و بڕیاردەر بێ. لە مامرستاندا، سستەمی دیموکراسی کەڵکی نییە!.
تۆ بڵێی لە بنەڕەتەوە، مرۆڤیش وا نەژیابێ!. ئەدی ئێستاش ئەگەر وردبینەوە ئەو خەسڵەتانە لە مرۆڤدا نابینینەوە؟. وای دەبینم پیاو چەند دواکەوتوو بێ، زیاتر بە کەڵەباب دەچێ. هەمان خەسڵەت لەمرۆڤدا هەیە، بەڵام بە شەرع و یاسا، کە دەستووری کەڵەشێرە کەڵەگاکانن، سنووردار کراوە. کەڵەبەشەری زۆردار، چۆنی بوێ وا دەکا و یاسای بۆ سەرکوێرکردنی ئەوانی تر هەیە، بەڵام هەندێکی تر لە کەڵەبەشەرەکان دەهێڵێتەوە بۆ چاودێری بەر دەرگا و "حیمایە" و "حەرب"... هەر کاتێکیش خۆی بیەوێ، دەیانگۆڕێ. ئەوەیە شەرع و یاسای کەڵەبابی سەگباب!.

torsdag 2 februari 2017

با فیرعەونەکان کڕ بن


ئەو فیرعەونانەی باسی شەهید ئارام دەکەن و یادی دەکەنەوە و وای پیشان دەدەن گوایە لە سەر ڕێبازی ئەو دەڕۆن، یا ڕاست ناکەن و لە سەر ڕێبازی ئەو ناڕۆن، یا ئەگەر شەهید ئارامیش بمابا، دەبووە فیرعەونێکی وەکو خۆیان. کامیان ڕاستە؟! ئەو فیرعەونانە، شەهید ئارامیان کردووە بە کەرەسەی مانەوە و بەردەوامی خۆیان بە پڕی و مڕی! هیوادارم کادیرە دڵسۆزەکانی یەکێتی، ڕۆژێ لە ڕۆژان بە دەنگ بێن... با ڕێ نەدەن شێوەی شەهیدان بشێوێنن!.

ئەو فیرعەونانەی باسی ڕێبازی مەلا مستەفا دەکەن و وای پیشان دەدەن گوایە بە ڕێبازی ئەودا دەڕۆن، یا درۆ دەکەن و لە سەر ڕێبازی ئەو ناڕۆن، یا ئەگەر مەلا مستەفا بمابایەتە ئەمڕۆ، وەکو ئەوان دەبووە فیرعەون. کامیان ڕاستە؟!. هیوادارم ئەوانەی حیساب بۆ ئەو "مەلا مستەفا"یە دەکەن کە لە خانەقییەوە تا زاخۆ بە سەرۆکی خۆیان دەزانی و باوەڕیان پێی بوو، هیچ نەبێ ڕێ نەدەن فیرعەونەکان، باسی ڕێبازەکەی بکەن و بیهێننە ئاستی خۆیان!. ڕێگەش نەدەن وێنەکانی، بە دیار سەری دز و گەندەڵکارانەوە هەڵبواسرێ!.
ئای چەند لە یەک دەچن، یەکێتی و پارتی!! هەقە ناوهێنانی "شەهید ئارام" لە یەکێتی و ناوی "مەلا مستەفا" لە پارتی، هەر لە بنی قەدەغە بکرێ تا هیچ نەبێ، یەک بواری بازرگانییان کەم بێتەوە. با لێگەڕێن ئەو دووە و دەیان سەرکردەی دیکەی شەهید، بۆ شارەزایانی مێژوو بمێننەوە.
بیهێننە بەرچاو: شەهید ئارام، بیرە نەوتێکی هەیە و کۆشکێکی زەبەلاح و "مۆڵێکی لە پەنای گۆیژەدا قیت کردۆتەوە!... مەلا مستەفا، نەخۆشخانەیەک و کۆمپانیایەکی جگەرە و قەیسەرییەکی هەیە... ئەرێ ناویان لە هەست و دڵی کورد ناسڕێتەوە؟!.. ئەو دووە، بەختەوەرن کە ئەمڕۆیان نەدی و نەیانگوت: ئەو ڕۆژانەی ئەمڕۆی تاڵانی و ڕاوڕووتیان دروست کرد!!.
خەڵکینە ئێوە دەڵێن چی؟!


                


lördag 28 januari 2017

ئەفراندن لە داستانی گەلە جیاوازەکانەوە


لە ئاینە ئاسمانییەکاندا هاتووە کە خوا جیهانی لە شەش ڕۆژدا خەلق کردووە، دیاریشە هەموو زندەوەرانی لە سێ ڕۆژی دواییدا خەلق کردووە. یەکەم جار پەلەوەر، ئەوجا ئاژەڵانی سەر زەوی لە کۆتاییشدا مرۆڤی دروست کردووە. زۆرینەی میللەت و ئاینەکان داستانی خۆیان بۆ دەستپێکردنی ژیان هەیە، ئەگەرچی ڕوونیشی ناکەنەوە کە پێش خولقاندن چی هەبووە. زۆرینەیان وای پیشان دەدەن وەک ئەوەی خوا ئەو بێسەروبەییەی ڕێکخستبێ کە پێشتر هەبووە، ئەوەش بۆ ئەوەی بارودۆخێکی وا دروست بکا کە ژیانی مرۆڤی تیادا بگونجێ. هێزی وێرانکەری ناردۆتە شوێنی دوور تا لێی بمێننەوە چونکە مرۆڤ بەو بنەمایانەوە وابەستە دەبێ کە خوا دایاندەنێ.
                                 دروستبوونی ئادەم
لای گەلی دۆگۆن (Dogon)ی ئەفریقایی:
ئەنجامی جووتبوونی خوا لەگەڵ زەویدا وەک خوا داینابوو، جمکی مرۆ دەرنەچوو، بەڵکو کەمتیار دەرچوو. بەڵام خوا بێهیوا نەبوو و جارێکی تر هەوڵی دایەوە و ئەو جارە جمکێکی بە ناوی (نومو -  Nummo) بوو کە نیوەیان بە مار دەچوو. مارەکان، لە پێستی خۆیان تەنوورەیەکیان بۆ دایکە ڕووتەکەیان(زەوی) دروست کرد، کە وشە سەرەتاییەکانی زمانی لە سەر تۆمار کرابوو. خوا (ئەمما) لەوە بێهیوا بوو بە جووتبوون لەگەڵ زەویدا، مرۆڤ لە سەر شێوەی خۆی خەلق بکا بۆیە بڕیاری دا جووتێ مرۆڤ لە سەر شێوەی خۆی، لە قوڕ دروست بکا.
منداڵی ئەوانە، دوو ڕوویان هەبوو، ڕوویەک نێر و ڕوویەک مێ. تەنها بە بڕینی بەشێکی ئەندامی زاوزێی نێرینەکە و بەشێ لە ئەندامی مێینەکە، دەبن بە دوو بەشەری تەواو و لێکدابڕاوی پاکژ.
داستانی خولقاندن لای گەلی دۆگۆن زۆر درێژ و ئاڵۆزە و تەنها پیاوانی ئاین بە درێژی دەیزانن، بەڵام کڕۆکەکەی ئەوەیە کە خولقاندنی مرۆڤی بێعەیبی تەواو زۆر زەحمەتە. تەنانەت خوداش کە ناچار بوو خۆی دروستی بکا، نەیتوانی بە بێ کەموکورتی دروستی بکا بۆیە ملی دا و داوای لە مرۆ کرد خۆیان ئەو کەموکورتییە پڕ بکەنەوە کە خوا نەیتوانی عیلاجی بکا. عادەتی خەتەنەکردن لەوەوە هاتووە تا مرۆڤەکان کەموکورتییەکانی خوا پڕ بکەنەوە.
 بە پێی بۆچوونی گەلانی (بوشونگۆ - Boshongo )ی ناوەڕاستی ئەفریقیاش، لە سەرەتاوە تەنها تاریکی و ئاو و خوای گەورە (بومبا - Bumba) هەبوونە. ڕۆژێکیان خوا (بومبا) ژان دەیگرێ و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بڕشێتەوە و "خۆر" هەڵبێنێتەوە. ئیدی خۆریش بوو بە هۆی وشکبوونی هەندێ ئاو و دەرکەوتنی زەوی و هێشتاش خوا، ژانەزگ بەری نەدابوو و ئەمجارە مانگ و ئەستێرەی هەڵهێنایەوە. ئەوجا هەندێ گیانداری وەک پڵنگ و تمساح و کیسەڵی هەڵهێنایەوە و لە کۆتاییشدا، مرۆڤی هەڵهێنایەوە.

لە باکووری زەوی
بە پێی داستانەکانی باکووری زەوی، (Ask) یەکەم پیاوی خولقاو بووە و (Embla) یەکەم ژن بووە. بە پێی داستانەکە، "ئودن "، بە هاودەمێتی "Höner" و "Lodur" یەکەم دوو مرۆڤی بەم شێوەیە دروست کردووە: دوو بنەدار لە دەم زەریا بوون. دارەکان یەکێکیان قەڵەمتۆز " Embla " بوو و ئەوی تر سنۆبەر " Ask" بوو. ئودن، یەکەمیانی کردە پیاو و دووەمیشیان ژن، بەڵام نە زمانیان هەبوو نە هەست و هۆش. لەبەر ئەوە، "هوێنەر"ی هاودەمی ئودن، وزە و بزاوتنی پێ بەخشین و "لۆدور"یش هەست و عەقڵی پێدان. ئیدی کۆشکی "میدگۆرد"یان پێ درا تا تیایدا بژین... ئەو کۆشکەش کەوتبووە ناوەڕاستی زەوییەوە و جێی ئودن بوو.
                                      ئێمبا و ئاسک 

لای هندییە سوورەکان:
هندییە سوورەکان، کە ناویان (هورون – Huron)ە، لە دەم دەریاچە گەورەکانی ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ لە ئەمەریکای باکووردا پێی دەگوترێ ویلایەتی ئۆنتاریۆ دەژیان. داستانی ئەفراندن لای ئەمانە بۆمان باس دەکا کە لە سەرەتاوە جگە لە ئاو و هەندێ گیانداری ئاوی کە تیایدا دەژیان، هیچی تر نەبوو، بەڵام کتوپڕ لە ئاسمانەوە کچێکی عازەب بەربووەوە و دوو سۆنە گرتیانەوە و بانگی هەموو گیاندارانی ئاویان کرد بچنە لایان بەڵام تەنها کیسەڵێکی گەورە بە گوێی کردن و چوو. ئەوانیش کچەکەیان لە سەر پشتی دانا. دوایی، لەگەڵ گیاندارانی تری زەریادا کۆبوونەوەیان کرد تا تەگبیر بکەن چ لەو کچە بکەن. ئیدی بەو ئەنجامە گەیشتن کە دەبێ زەوی بدۆزنەوە تا ئەو کچەی لە سەر بژێ. کیسەڵەکان، لە بن زەریا قوڕیان هێنا تا کچەکە لە سەر پشتیان قایمی بکا و بیکا بە زەوییەکی فرەوانی پڕ لە کشتوکاڵ. کاتێ کچەکە بەربووەوە، زگی پڕ بوو و دوایی جووتێ کوڕی بوو، یەکێکیان چاکەخواز بوو و ئەوی تریان خراپەکار بوو. خراپەکە، هەر لەگەڵ لەدایکبوونیدا دایکی خۆی کوشت. دوای ناشتنی، ڕووەکی ناودار لە جەستەیەوە سەریان دەرهێنا. پەتاتە لە سەریەوە شین بوو و گەنمەشامی لە سینگیەوە و قاوە لە باسکیەوە. کوڕەکانی، زەوییەکەیان لە نێوان خۆیاندا بەش کرد. بەدکارەکە، هەموو گیاندارە دڕندەکانی خەلق کرد، بەڵام کوڕە چاکەکە هەموو گیاندارە سوودبەخشەکانی خەلق کرد.
ئەم داستانە کە ئاڕاستەی بەرەو پەرستنی زەوییە، لە ناو هەموو هندیە سوورەکانی باکووری ئەمەریکادا برەوی هەیە. تیایدا خولقێنەر هاوکاری مرۆڤ لەوەدا دەکا کە لە سەر زەوی پەیوەندی لە نێوانیاندا پێکبێنن و برەو بە گونجان و لێکحاڵیبوون بدەن. خوا لێرەدا شێوازی کیسەڵی زەریا وەردەگرێ. لای گەلێکی تری هندییە سوورەکان کە ناویان (چەیانی - Cheyennei)ە خواوەند شێوازی جۆرە مراوییەکی کێوی هەیە چونکە مراوی سەرچاوەی هەموو بوونەوەرانە.
سەرنج:
من ئەو داستانانەم هەڵبژاردوون بەڵام یۆنان و زەردەشتییەکان و ئەهلی هەق و ئێزدی و فیرعەونەکان و چین و هند و ژاپۆن... هتد، هەر یەکەیان لە بارەی خولقاندنی مرۆڤەوە داستانی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەگەر باسی هەموویان بکرێ زۆر دەخایەنێ، جگە لەوەی ماندووبوونێکی زۆری دەوێ هەم بۆ نووسین دەوێ، هەم بۆ خوێندنەوە.
١. پێ دەچێ مەسەلەی خەتەنەکردنیش هەر لە ناوەڕاستی ئەفریقاوە، بە شێوەی ئەو داستانە سەری هەڵدابێ و لەوێوە پەڕیبێتەوە بۆ دوورگەی عارەبی و لەگەڵ غەزاکانیشدا، گەیشتبێتە نەتەوە موسوڵمانەکان. لە دەقە شیعرێکی فەرەزدەقیشدا باسی ئەوە هەیە کە ئاگرپەرستان – واتە زەردەشتییەکان، خەتەنەیان نەکردووە و ئەوەش بە سووکایەتی و دواکەوتن لە قەڵەم دەدا.
٢ ناوەڕۆکی ئەم بابەتەم، لە سایتەکانەوە هێناوە.

söndag 22 januari 2017

لە مێروولەوە.. بەرەو هەوراز



مەسعوود محەمەد
ئەی خوێنەر، لێتی ناشارمەوە ئەگەر لەزەتم لە جگەری مریشکێک یا سینگی بەرخێک کردبێ، لە بەردەم ئازاری پەشیمانی و خۆخواردنەوەدا شکستم هێناوە و بەرانبەر فوارەی خوێنی قوربانی یا ئەو لاشەیەی لە کاتێکدا چەقۆ، قووڵتر و قووڵتر بە ملیدا دەچێ لەقەفڕکێ دەکا و دواتر لە میهرەجانی کردنەوەی ئیشتیا و دڵنیاکردنی ئارەزووی چەند لوقمەیەک کەوڵ دەکرێ و لەتوپەت دەکرێ تا دوایی دەستی حەساوە بە سەر ورگی تێردا بێ ئەوجا بە دەم خەوەوە هەرسی بکا تا سەرخەوشکاندنەکەی ئارام بێ، لەرزی ناڕەزایی دەمگرێ... ئەوە حاڵمانە و بیانوومان هەرچییەک بێ و هەر فەلسەفەیەکی بۆ بێنینەوە، لە هیچ ڕوویەکەوە جیاوازیی لەگەڵ ئەوەدا نییە کە گورگ بە ڕێوی و مەڕی دەکا و ئەوەی ڕێوی بە کەروێشک و کەوی دەکا و سەر لەو بیانوو و هۆکار و هاتوهاواری خۆشییەش دەرناکا کە لە زەماوەندی پیاوی دەوڵەمەنددا دەکرێن. شێوازی تری ئەو قەسابخانە مرۆییانە هەن کە گیانداری بەستەزمان و کوێر سەریان لێ دەرناکەن و دێینەوە سەریان.
لە ملیاران ساڵەوە، هەر دەبوو ژیان و مەرەکەبدانی ژیان لە سەر ئەو بنەما دڕندانەیە سەر هەڵبدا و زندوو زندوو بخوا و ئەوەش سیمایەکی ناهەموارە کرۆکی هەڵبوونی ژیان بە توندوتیژی و زوڵم تۆمەتبار دەکا چونکە ژیان لووتکە خولقاوەکان و موعجیزە گەورەکەی و دەروازەیە بۆ سەردانی ڕاستییە مەزنەکانی کەونی بەرین کە خەیاڵ ناتوانێ فرەوانییەکەی بداتە بەر مەزەندە و لە ناو هەموو بوونەوەرە مردوو و زندووەکانیشدا، سەردانیکردنی بۆ مرۆ بوو بە ئەرک چونکە ئەو کەرەسە عەقڵییەی هەیە کە لە خاوەندارێتی غەریزی بێزمانەوە، کردی بە خاوەن ئیرادەی هۆشەکی و خەوشی سەربڕین و کەوڵکردن، وەک ڕیخەڵۆکە کوێرە پێوەی لکا و بوو بە جیاکەرەوەیەکی گەورەی کەسایەتیی هەبوونی و بەشێکی زۆری بوونی داگیرکرد تا ئەوەی زۆر لە مرۆڤە مەزنەکان، لەبەر ئەوەی ئەو ئیشتیایەی کە مرۆڤ و دڕندە یەکسان دەکا، وازیان لە گۆشتخواردن هێنا، لەوانە، ئەبو عەلائی مەعەڕی کاتێ نەخۆشکەوت و لاواز بوو و فڕووجاویان بۆ هێنا تا نەختێ وزەی وەبەر بێتەوە، گوتی: "چی وای لێ کردن مەرگەی بەچکەشێرم بۆ نەهێنن؟ فڕووجتان بە لاواز زانی و سەرتان بڕی؟". لەوانەی دواتریش ڕێبازی قادرییە کاتێ کاکەحمەد لە سلێمانی کە پێش دەوروبەری سەدەیەک، لە ناو دانیشتواندا چۆلەکەیەک هات و لە سەر شانی نیشتەوە و لێیان پرسی ئەو چ نهێنییەک وای لەو چۆلەکەیە کرد تۆ هەڵبژێرێ، گوتی: "بۆنی گۆشتی لە خواردنەکەمدا نەکرد و باوەڕی پێ کردم!". ئاین هەیە لە بنەڕەتەوە کوشتنی گیاندار حەرام دەکا و ئەوەش لە تەرازووی بیانووهێنانەوەدا، لە لایەنە چاکە مەزنەکانە، بەڵام سەیر ئەوەیە پەیڕەوانی، لە کاتی پێویستدا، پێم وابێ، مرۆ دەکوژن!!.

ئەم تاقیکردنەوە بچکۆلەیە کە لە مەسەلەی ئازارکێشیم تا مێروولەی بەر دەرگای ژوورەکەم نەشێلم و لەم بەشەدا باسی دەکەم، حەدیسێکی پێغەمبەری عارەبیم (د.خ) بیر دێنێتەوە کە دەڵێ: "شيبتني سورة هود، اية فاستقم كما امرت. واتە: سوورەتی هود پیری کردم. ئایەتی وەک فەرمانت پێ کراوە ڕاست بە". ئەو حەدیسەشم بیستووە و نەمخوێندۆتەوە. دەتوانی ئەو ڕاستەڕێیە بەوە تاقی بکەیتەوە خۆت ناچار بکەیت لە کاتێکی دیاریکراوی ڕۆژدا پارچە پارەیەکی وردە بە هەژارێک بدەیت. دەبینیت لێت دەبێتە ئەرکێک توانات بە سەریدا ناشکێ چونکە ساکارترین کاریگەری ئەوەیە ناچارت دەکا بیخەیتە بەرنامەی کارەوە و بە درێژایی تەمەن، هەموو پێویستییەک و بەرژەوەندییەک لەو کاتەدا وەلا بنێیت تا ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەیت. یەکێ لە ئەنجامەکانی ئەوەیە دەست لە سەفەر هەڵگریت مەگەر یەکێکی تر لە جێی خۆت دابنێیت ئەو ئەرکە بەجێ بگەیەنێ.. ئەوەش شێوەیەکە لە ڕەهابوون لە بەڵێن.
باسەکەش پەیوەندیدارە.
العراق  ٢٢-٧-١٩٩٥
و: ح. کاکەوەیس