هەوڵ دەدەم شتێ
لە بارەی چەمکی "کوردایەتی"یەوە ڕوون بکەمەوە و ئاوێ بەو ئاگرەدا بکەم
کە هەندێ لە ڕۆشنبیرانی ئەم سەردەمەی کورد، کە مەستی فەلسەفەی ڕۆژاوان، لە دژی ئەو
چەمکە کردوویانەتەوە.
چۆن دەڵێین (ئیسلام)ەتی
بەجێگایەندنی ئەرکەکانی ئیسلامە و (چین)ایەتی کارکردنە بۆ چینێکی دیاریکراو و (شێخ)ایەتی
بەردەوامبوون و گەشەکردنی ڕێبازی شێخانە و (تووتن)ەوانی ڕاپەڕاندنی کاروباری تووتنە
و (باخەوان)ی سەرپەرشتیکردنی باخە و... ئاوهاش (کورد)ایەتی خزمەتکردن و پێشخستنی
میللەتێکی بندەستەیە کە ناوی کوردە. ئیدی چۆن لە ئیسلامەتی و چینایەتی و شێخایەتی
و تووتنەوانی و باخەوانیدا خیانەت و کەموکرتی و تەمبەڵی ڕوو دەدەن، ئاوهاش لە
کوردایەتیدا ئەوانە، بگرە زیاتریش ڕوو دەدەن. فڵانەکەس ڕەزەوانێکی خراپ بێ، ناکاتە
ئەوەی ڕەز خۆی، یا ڕەزەوانی بە گشتی خراپە... فڵانە کەس باخەوانێکی باش نەبێ، ئەوە
ناگەیەنێ باخ و باخەوانی باش نین. لە کوردایەتیشدا، ئەگەر من و تۆ خیانەتمان کرد،
ئەوە ناگەیەنێ کە کورد شایستەی ئەوە نییە خزمەتی بکەیت یا کوردایەتی بەدکارییە. تۆ
بڵێی بشێ بە هۆی باخەوانێکی تەمبەڵی خراپەوە بڵێین: "باخەوانی لە ناو زەلکاوی
فاشیزم و ستەمکاری وجەهل و تیرۆردا مەلە دەکات"؟.
خزمەتکردنی کورد،
کە کوردایەتییە، لە زۆر ڕووەوە دەکرێ: مامۆستایی و زمانەوانی و ڕۆشنبیری و
پیشەسازی و پێشخستنی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و... هەموو ئەوانە، کە هەر یەکە بۆ خۆی
پیشە و ئەرکە، دەڕژینە ناو ئەستێڵکی کوردایەتییەوە چونکە خزمەتی کورد دەکەن و کورد
پێش دەخەن!.
کاتێ فارووق
ڕەفیق دەڵێ: "کوردایەتی لە ناو زەلکاوی فاشیزم و ستەمکاری وجەهل و تیرۆردا
مەلە دەکات"، واتە هەموو ئەو پیشانەی خزمەتی کورد دەکەن و پێکەوە دەبن بە
کوردایەتی، ئەگەر کەموکورتییان هەبێ، ئیتر پیشەکان لە زەلکاوی فاشیزم و ستەمکاری و
جەهل و تیرۆردا مەلە دەکەن!.
ئەم بابەتە،
لابەلا سەگەکەی پاڤلۆڤم بیر دەخاتەوە: کە گوێی لە زەنگەکە دەبێ، خۆراکی بیر
دەکەوێتەوە و لیکاو بە دەمیدا دادەچۆڕێ. فارووق ڕەفیق و ئەوانەی بە کوردایەتی
تێکدەچن، کە گوێیان لە زەنگی کوردایەتی دەبێ – ئەگەر بەزمێکی دەرەکی لە بن
سەریاندا نەبێ – ڕێک شەڕی ناوخۆ و جاشایەتی و خۆفرۆشی هەندێ سەرکردەیان بیر دێتەوە
و دەڵێن: بەڵێ خۆیەتی... ئەوە کوردایەتییە!. بەڵام خۆ شەڕی ناوخۆ و دووبەرەکی و
وابەستەبوون بە دەزگا جاسووسییەکانەوە، هیچیان کوردایەتی نین، ئیتر ئەو لیکاوە
بۆ؟.
هیوادارم هەندێ
لە ڕۆشنبیران، ئەمەش نەکەن بە بەزمی (مۆدێرنێتە) کە نازانم لە کام زمانەوە هێنایان
و ماوەیەک بە دەوریدا کەوتنە زکرکردن، بەڵام کە بۆیان دەرکەوت زڕ و بێڕەگە،
بەردێکیان لە سەری دانا.
لە بابەتێکدا باسم
کردووە کە مۆدێرنێتە، هەر (Modernity) ئینگلیزی و (Modernitet)ی سویدییە و بە کورداندن دەبێتە (مۆدێرنایەتی)، نەختێ سەروگوێیان
شکاندووە تا خۆیان نەبێ، کەس تێینەگا و کەس قسەی لە سەر نەکا، بەڵام هەندێ کەس هەر
پێوە بوون و بێ ئەوەی بزانن چ باسە، لە سەری کەوتنە قسەکردن!!. جا وەرە بەرپرس
کوێر بێ و هەنگاو بنێ!! لە کۆتاییشدا بوو بە ئاشی ئاو لێبڕاو... نە من دەنگ و نە
ئەوان!!.
لە کۆتاییدا
دەڵێم: کوردایەتی ئەو هەستەیە بۆ عەفرین دەمگریێنێ!... ئەو هێزەیە پاڵ بە کوردی
باشوورەوە دەنێ بچێ لە عەفرین شەهید بێ... ئەو هەقپەستییەیە بەرانبەر بەو زوڵمەی
کە لە کورد دەکرێ، لە نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی مرۆڤی ڕۆژاوا و
قورعانبەدەستەکانیش دەتخاتە گومانەوە. کوردایەتی خواستی سروشتە و بووە بە ئەرک بە
سەرمانەوە. کوردایەتی ئەو هەستەیە کە لە کاتی بینینی ئەم وێنەیەدا ناخت دەهەژێنێ: