من و تۆ، لە ناو
ورگی سەربازێکی شەترەنجدا دانیشتووین و لە سەر بابەتێکی سیاسی، یا لە سەر گەورەیی
ئەم شەهید و ئەم پاڵەوان و ئەو قارەمان، یا لە سەر ئەم حیزب و ئەو حیزب شەڕمانە و کەسێکی
سیاسەتمەداریش، کە هیچمان ڕوخساری نابینین و نازانین کێیە و خەڵکی کوێیە، بە دوو
پەنجە سەربازەکە بەرەو چارەنووسێک دەبزوێنێ کە ئێمە نازانین چییە و ئاگامان لە
ئەنجامەکەی نییە. ئەو سەربازە بە ئێمەوە بەکوشت دەدا بۆ ئەوەی ئەسپێکی یارییەکە ببزوێنێ کە
دە کەسی تری وەکو من و تۆ لە هەناویدا، لە سەر حیزبەکان و شەهیدان و قارەمانێتییان
داستان دەگێڕنەوە و لە سەر بەهای نەوت و دۆلار شەڕ و هەرایانە و ئاگایان نە لە
چارەنووسی خۆیانە نە ئەسپەکە و نە هیچ زانیارییەکیان لە بارەی یارییەکەوە هەیە و
نە دەشزانن یاریکەرەکە کێیە.
ئەوە هونەر نییە
لە ناو ورگی ئەسپێکی یاریی شەترەنجەوە قارەمانێتی مامەڕیشە و هاوشێوەکانی پشتگوێ
نەخەین و هەمیشە لە بیرمان بن و یادیان بکەینەوە، بەڵکو هونەر ئەوەیە بزانین ئەو
قارەمانانە چۆن کراوون بە پەردەیەکی ڕەشی بەر چاومان و سەد خیانەت و هەزار دزی و
گەندەڵی و بەدکاری لە پشتیانەوە ئەنجام دەدرێن و ئێمە بێئاگاین. ئەوەش هەموو
حیزبەکان دەگرێتەوە نەک یەک و دوو. هەر دوێنێ و پێرێش ناگرێتەوە بەڵکو ماوەی پتر
لە حەفتا ساڵ دەگرێتەوە و نەوە دوای نەوەمان بەو پەردەیە چاوبەستەکییان پێ کراوە.
ئەرێ ئەرپە و
قەرە محەمەد و مستەفا فەرەج بۆ ئەوە شەهید بوون ئەمڕۆ سەرکردەکانمان، دوای
دۆڕاندنی نیوەی باشووری کوردستان، بۆ فیرعەونە شێتەکانی بەغدا بێنە سەر چۆک و دەست
لە کەرکووک هەڵگرن و لە ئێمەش ببن بە فیرعەون؟. مامە ڕیشەش بۆ ئەوە شەهید بوو سووک
و باریک، کەرکووکەکەی بفرۆشرێ و ڕادەستی حەشدی شەعبی بکرێ؟!. چ فشەکەرێکی بێڕوون
ئەم سەرکردانە!. ئەو شەهیدە قارەمانانە، بۆ ئەوە بوون بە سەرقافڵەی دەیان هەزار
شەهیدی ئەنفالکراو و خنکاوی کیمیاوی تا سەرکردەکان، بەغدا دروست بکەنەوە و بەهێزی بکەن، ئەوجا بە
دەستەجەمعی بۆی بکەونە سەر چۆک و کڕنۆشی بۆ بەرن؟!
بەڵێ سەرجەمی
شەهیدان کراوون بە پەردەیەکی ڕەشی بەر چاومان و خیانەت لە پشتیانەوە ئەنجام دەدرێ
و ئێمەش بە هۆی ئەو پەردانەوە، خیانەتەکان نابینین یا دەیانبینین و لێیان بێدەنگ دەبین تا
بەردەوام شیعر بۆ باڵای قارەمانان بنووسین و ئاوازیان بۆ دانێین. کاتێکیش بە خۆمان
دەزانین... کەرکووک لە دەست دەرچووە و کورد تیایدا کەمینەیەکی بێکاریگەرە!!
ئێستا سەرانی
کورد دەرفەتی فرۆشتنی داهاتی بن زەوییان کەم بۆتەوە و خەریکی فرۆشتنی زەوی و سەر
زەوین... دەڵێی بۆ هەڵفڕین و ڕاکردن بای باڵیان دەدەن و نیازیان نییە جارێکی تر
چاویان بە چاوی خەڵکی کوردستان بکەوێ!.
کڵۆڵ خۆمان!...
سەرنج: لە گووگل،
بە دوای وێنەی عەزەدین قەرەمحەمەد و ئەرپە و مستەفا فەرەجدا گەڕام، بە داخەوە
دەستم نەکەوتن. ئەوەش بەڵگەیە بۆ دڵسۆزی حیزبەکەیان بۆ خوێنی پاکیان.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar