حەکیم کاکەوەیس
سەرنج بدەن!...
تورکەکان گوتوویانە: "کورد لە شایدەیماندا نەبێ، لە هیچ شتێکدا یەکڕا
نین". ئێستا کورد لەوەشدا یەکڕا نین. هەندێکمان لە دین هەڵگەڕاوینەتەوە و
هەندێکمان سەلەفین و هەندێکمان ئیسلامییەکی سەر بە دەوڵەتە داگیرکەرەکانین و
هەندێکمان هەموو شتێک دەکەینە قوربانی پێڵاوی خەلیفەیەک. ڕۆشنبیرانیش، لە بری
ئەوەی هەوڵ بدەن ئەو میللەتە یەکبخەن، لەتوپەتی دەکەن و بە سەر سەردەمی
فەلسەفەکاندا دابەشی دەکەن و فەلسەفەش، نەک هەر بە تەماوی دەهێڵنەوە، بەڵکو ئاڵۆزتریشی دەکەن. ئایندارەکانمان،
بە هۆی باسی قیامەت و قەبر و حۆرییەوە، دنیامان لەبیر دەبەنەوە و کارێ دەکەن، دەستبەرداری
دنیا بین. حیزبییەکان، حیزبمان لێ دەکەنە دین و ئەم سەرکردەمان لێ دەکەنە پەیامبەر
و ئەوی ترمان لێ دەکەنە ئیبلیس. هەموو ئەوانە، کوردیان لێکدابڕیوە و وایان کردووە
شۆڕشیش لە پێناوی چەسپاندنی کۆیلایەتی خۆماندا بکەین.
تۆ موسوڵمان بە و
با ئەوی تر فەیلەسووف بێ و ئەوی ئەولاتر دیموکراتخواز بێ بەڵام با شتێکی هاوبەش لە
نێواندا هەبێ. هیچ شتێ نییە؟!. بە دڵنیاییەوە لە ئاوارەبووندا هاوبەشین... لە
کۆیلایەتیدا هاوبەشین... لە ئاشبەتاڵ و سووکایەتی پێکردندا هاوبەشین... لە چەوساندنەوەشدا هاوبەشین و لە ئەنجامدا، لە
کوردبووندا هاوبەشین... من پێشنیاز دەکەم هەرکەسەمان،
ئاینی خۆی و حیزبی خۆی و باوەڕ و فەلسەفەی خۆی با بۆ خۆی بێ، بەڵام لە بن چەتری
"بەر لەوەی هەر شتێ بین، کوردین"دا یەک بگرن. پێویستیش ناکا ئەو دروشمە
بخرێتە بەر پێوانەی فەلسەفییەوە و بڵێین: "بەر لەوەی کورد بم زندەوەرم یا
مرۆڤم"، چونکە مەبەست لێی "بەر لەوەی سەر بە فڵان حیزب و فیسارە ڕێباز و
فەلسەفە بین، کوردین". من چ نوێژ بکەم چ نەیکەم، ئەهلی مزگەوت بم یا مەیخانە،
دەچەوسێمەوە و خاكم داگیر ککراوە و زوڵمم لە سەرە. تۆش هەر وا، ئەگەر سەر بە
فەلسەفەی مارکس بیت یا هەر فەلسەفەیەکی تر، کوردبوون و کۆیلایەتی دەمانگەیەنێتە
یەکتر. ئەگەر ئەوەش بە بەری زەینی هەندێکمان ناکا، خۆ لە کۆیلایەتیدا هاوبەشین. دە
با "بەر لەوەی هەر شتێ بین، کۆیلە بین" و بۆ ئازادبوونی خۆمان یەک
بگرین.
کورد پێویستی
بەوەیە یەک ڕابێ و یەک ئامانجی هەبێ. چ ئامانجێ یەکمان دەخا و وەک هەر میللەتێکی
تر دەمانکا بە خاوەنی خۆمان و لە کۆیلایەتی دەربازمان دەکا؟!. هەر کەسێ، ئەگەر
باری کەوتبێ لە دین و بۆچوونی کەسێ ناپرسێ دەستباری بدا. کێشەی ئێمە ئەوەیە
نیشتیمانمان داگیر کراوە. قەبووڵمانە یا قەبووڵمان نییە؟!. بە پێی ئەو هەموو شەڕ و
شۆڕشە بێ کە تا ئێستا بەرپا کراوون، قەبووڵمان نییە و ئەو واقیعە ڕەت دەکەینەوە. بە هەموو پێوەرێک، ئێمەی کورد، بە دیندار و
بێدینەوە، بە چەپ و بە ڕاستەوە، بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە، دوو خەسڵەتی
هاوبەشمان هەیە: هەموومان کوردین و هەموومان کۆیلەین. جا یا دەبێ دروشمی "بەر
لەوەی هەر شتێ بین کوردین" هەڵبژێرین، یا "بەر لەوەی هەر شتێ بی
کۆیلەین" بەرز بکەینەوە!. هیوادارم کەس نەڵێ کۆردستان عارەبیشی لێ هەن...
ئەوانە سەرپەرشتیی کۆیلەکان دەکەن و کۆیلە نین و لە کۆیلایەتی ئێمە سوودمەندن!!.
١٦-١-٢٠١٨
١٦-١-٢٠١٨
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar