onsdag 21 augusti 2013

سیماء المزوغي



ئەی ئەعرابەکان بگەڕێنەوە بۆ ڕەشماڵ و حوشترەکانتان:  ئێرە توونسە.

سیما مزوغي (سيمـــاء المزوغي)


پێشەکییەکی کورت بۆ ئەم گوتارەی سیما مزوغی:
مەلیکە مەزانی مەغریبیی بە ڕەگەز ئەمازیغی و بە زمان عارەبی دەڵێ: " ئەگەر تێکۆشەرێکی ڕاستەقینەی ئەمازیغ یا کورد یا فیرعەونی یا نوبیایی یا... یا... بیت، دەبێ بە ناچاری تێکۆشەرێکی ڕادیکاڵ بیت یا تێکۆشەر نەبیت! بە هەڵوێستی ڕادیکاڵانەی ڕەتکردنەوەی گردەبڕ نەبێ، ناتوانی ڕەگوڕیشەی زۆرداری و ڕەگەزپەرستی لە دڵی دوژمنەکەت دەربێنیت!"
"سیما مزوغی"ش لە سەدا سەد پێڕەوی لەو قسەیەی مەلیکە مەزان کردووە و ڕاشکاوانە قسەی خۆی کردووە. بەڵام ئێمەی کورد هەرگیز، یا بە دەگمەن نەبێ، نەمانتوانیوە ئاوها ڕاشکاوانە قسەی خۆمان بکەین و بە داگیرکەر بڵیین بۆ دەرەوە! نەک هەر ئەوە، جەختیشمان لە سەر برایەتی کردۆتەوە و داگیرکەرمان لە وڵاتی خۆماندا بە خاوەنماڵ زانیوە و یەک وشەی ئاوها بەس بووە بۆ ئەوەی ببین بە شۆڤیەنی و ڕەگەزپەرست و کوڕی هیتلەر! ئەگەر ئەمازیغییەکان ئاوها بەردەوام بن و ئێمەش ڕێی بچکۆلەیی خۆمان بەرنەدەین، بە دڵنیاییەوە ئەوانیش ئاڵای سەربەخۆیی دەشەکێننەوە و ئێمەش لە سەر ئەوەی مریشک و هێلکە کامیان خەلقەندەی یەکەمە، یەکتر دەکوژین... سەیر لەوەدایە ئێستا کەسانێک کاروباری کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵدەسووڕێنن... نا... با باسی نەکەم!

فەرموون بزانن ئەم کچە توونسییە چ دەڵێ:

ئەوانە خەڵکی سعوودییە و قەتەر و هەندێ شوێنی ئەو ناوەن... لە بیابانێکی وشکدا دەژیان... خەڵکێکی پێخاوس و ڕووت بوون و کچیان زندەبەچاڵ دەکرد و لەکاتی قاتوقڕیدا منداڵی خۆیانیان دەکوشت و پیاوەکانیان، تەنانەت (باوەژن)ەکانیشیان بە میرات بۆ دەمانەوە و ئەگەر پیاو سەفەری بکردایە، ژنەکانی بە دارێکەوە دەبەستنەوە تا لە سەفەرەکەی دەگەڕایەوە. پەرشوبڵاو و لێکدابڕاو بوون و هێرشیان دەکردە سەر یەکتر.. بۆ ئەمانەت و تەنانەت شەرەفیشیان جێی باوەڕ نەبوون.. بەهێزیان بێهێزیانی دەڕووتاندەوە.. لە سەر بەچکە حوشترێک جەنگیان ڕادەگەیاند و ئەو جەنگە نەوە لە دوای نەوە بەردەوام دەبوو..
تەرمی دوژمنی خۆیانیان دەشێواند و سەریانیان لە دەروازەی شارەکانیاندا هەڵدەواسی.. جلوبەرگی پیس و خراپیان دەپۆشی.. لە سەر خۆڵ دادەنیشتن و دەیانکردە پێخەف و تێی دەڕیان و عەورتیشیان پێ خاوێن دەکردەوە...
نە دەیانتوانی بخوێننەوە نە بنووسنەوە و بە زارەکی ئەو شیعرانەیان دەگواستەوە کە دەیانبیستن.. سووکایەتییان بە شاعیرانیان دەکرد و خوێنیان حەڵاڵ دەکردن و ئەوینیان حەرام کردبوو و وەک تاوان و گوناح لێیان دەڕوانی.
پیاویان، گەورەپیاوانی قەومی خۆی بانگ دەکرد تا سواری ژنەکانیان بن و منداڵی وایان ببێ ئەو خەسڵەتی جوانی و گەورەییەی ئەو پیاوانەی تێدا بن..
ڕێگر و تاڵانکەر و جەردە بوون.. کاریان پێ سووکایەتی و بچووکی بوو بۆیە کاری وەرزێری و ئاسنگەری و چنینیان دەخستە سەر کۆیلە و جارییەکان..
موحەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا (دروودی خوای لێ بێ) هات بۆیان و ئەوەندە نەزان بوون، تەنانەت مووکەندنی بن هەنگڵیشی فێر کردن..
 دوای ئەو قسانە، هێشتا پێتان سەیرە پیاو کچی خۆی خەتەنە بکا و برادەرەکەی خۆی بێنێ تا ژنەکەی شیری خۆی بداتێ، دوای ئەوەی خۆی بە نێوان ڕانی کچە بچووکەکەی بەتاڵ دەکاتەوە؟
هەرگیز قارەمانیان لێ نەکەوتۆتەوە و ئیبن خەلدوون خەڵکی توونس بووە و ئیبن جەززار خەڵکی قەیرەوان بووە و فارابی خەڵکی ئەودیوی وڵاتی دوو ڕووبار بووە و ڕازی و ئیبن موقەففەع خەڵکی وڵاتی فارس بوونە و سیبویە خەڵکی بەسرە بووە ئیبن سینا خەڵکی بوخارا بووە و غەزالی خەڵکی نیسابوور بووە و نەوویش سووری بووە..
ڕەنگە ئەدیب و شاعیری گەورەیان بووبێ بەڵام ئەو ئەعرابانە بە زندیق و خوانەناسی و هاوجنسبازی تۆمەتباریان دەکردن.. ئەگەر خاکە وشکەکەیان ڕیزپەڕێکی لێ هەڵکەوتایە، بە تۆمەتی کافربوون دیەناکوشت.. ئەوە حاڵیان بوو ئەگەر باسی ئافرەتت لەگەڵیاندا کردبان دەیانگوت: جاریە و خەتەنە و مەمکپێدانی گەورە و نێوان ڕانی منداڵ و کچێنی و پەردە و سێ ژن و چوار ژن و ئەوەندەی دەستت دەیگاتێ... و ئایە دەکرێ پێش بالغبوون لەگەڵیدا بخەوی؟

ئەوجا دەڵێن ئەوە کاری شەیتانە و لێشی دوور ناکەونەوە.. خۆشترین بارودۆخیان لێکترازان و زوڵمە؟
جنس لە قسەیاندا و لە هۆشیاندا و لە هۆشی نائاگاییاندا. لە قوتابخانە و جلوبەرگ و تەلەفۆن و کۆپیوتەریاندا.. زینا لەگەڵ دۆستەکانیاندا دەکەن و ئەوجا بەردبارانیان دەکەن..
بەوەش دەستبەردار نابن و جنس تێکەڵی ڕیشیان و فکریان دەکەن و هەوڵ دەدەن لە ڕێی فەتوای شێخە جنسبازەکانیانەوە بشینێرنە دەرەوە..
کاتێ ئەوان لە دۆڵی جنۆکان داستانەکانیان دادەڕشت، باوباپیری ئێمە لە کۆشکدا دەژیان و وشەرابیان لە پەرداخی زیو و زێڕدا دەخواردەوە و پەرستگە و شانۆیان دروست دەکرد و تیایاندا بۆ سەرگەرمکردن و گۆڕینەوەی زانیاری و گەمە و پێشبڕکێ و دەمەتەقێی فکری گرد دەبوونەوە.. کتێبخانەیان پێش چێشتخانە دروست دەکرد... ڕۆما کە بەهێزترین ئیمپراتۆر بوو دەیترساندن و بەخیلییان بە پێشکەوتنی قرتاجیەکان و کراوەییان دەبرد..
ئەگەر یەک زەریا وشە بنووسم باسی باوباپیرانم تەواو نابێ..
ئەی ئەعرابەکان بگەڕێنەوە بۆ ڕەشماڵ و حوشترەکانتان چەنتان دەوێ و حەزتان لێ بوو سواری جاریەکانتان و لووسکەکانتان بن و لە خاک و خۆر و دەریای ئێمە دوور بکەونەوە و نیشتیمانمان لەوە پاکترە خەڵکی وەک ئێوە پیسی بکەن.


tisdag 6 augusti 2013

.... بۆ شێرکۆ بێکەس



چەند ڕۆژێکە چاوەچاومە... هەرچی دەکەم ناتوانم ڕۆحە بەرزەکەت بدوێنم و بیلاوێنم! ڕۆحم وەک پەڕ، دێڕ بە دێڕی شیعرەکانت پەی دەکا و وشە بە وشە دەگەڕێ... من گوڵی خۆم لە ناو گوڵزاری دێڕەکانتدا دەناسمەوە. بە بۆن و بە ڕەنگ، بە قووڵیی خەم و بەرزی هیوا دەیانناسمەوە... یەکە یەکە بە سەریان دەکەمەوە: ئەمەیان بۆ خاک، ئەوەیان بۆ دار ئەوەیان بۆ شەهید و ئەوەیان بۆ کچێکی ئەنفالکراو و ئەوەیان بۆ هەڵەبجە... ئا ئەم خەمە بەرزەشیان بۆ کەرکووک.  منیش وەک شیعرەکانت دابەش بوومە... بە سەر خاک و عەرد و دار و بەرد و کەرکووک و جەلەولادا دابەش بوومە و دەگەڕێم... ئەمڕۆ و دوێنێ و ڕۆژانی غەزا و سبەینێ پەی دەکەم و بۆ کچە ئەنفالکراو... بۆ کچەفرۆشراو و بۆ منداڵی شەهیدکراو... دەگەڕێم. بە دوای کچە سەراری و سەری بڕاوی منداڵدا دەگەڕێم... ئەو سەرانە دەدۆزمەوە کە کرانە مەنارەی بانگدان و پەیژەی بەرەو بەهەشت... بە بەژنی شیعرەکانتدا هەڵدەگەڕێم و دەگەڕێم... بە دوای خەمەکانی تۆشدا دەگەڕێم و دەیانچنمەوە و ئەم جەژنەیە، بە سەر منداڵی کورددا دابەشیان دەکەم!
نازانم چۆن دڵم هات بڵێم: کاک شێرکۆ بەری چاوت برۆیە! نازانم چۆن دڵم هات بڵێم دڕکی یەکێ لە گوڵەکانت لە پەنجەم چەقی!! ئاخر گوڵزاری تۆ گوڵزار بوو و هەر دەبێ بۆ پارێزگاری پەڕەی گوڵ دڕکیش هەبێ! تۆ؟... تۆش دڕکت هەبوو؟! تۆ؟... کە وشە وشە و گەڵا گەڵا، گوڵ بوویت و دڕکت هەبوو؟! نا، نەتبوو بەڵکو من زیاد لە پێویست هەستیار بووم! هەستیار بووم بەرانبەر ئەو نوێژەی بۆ کەرکووک دەتکرد... دەترسام خافڵگیر بی و نوێژەکەی کەرکووکت بچێ! دەترسام بێئاگا بی و قەعقاع بێتەوە جەلەولا!. دەترسام بە شیعرەکانت فریای ساوایانی کەرکووک نەکەوێت. من نازی کەرکووکییەکم دەکرد، تۆش نازت ڕاگرتم!
تۆ، کاک شێرکۆ بێکەس، یەکەم وەزیر و دواوەزیر بوویت سەرم لێی دابێ و ویستبێتم بیبینم! تۆ، یەکەم بەرپرس دوابەرپرس بوویت لە سەر کورسی ژووری کارکردنی دابنیشم و چایەکم خوادبێتەوە! بەڵام نا، تۆ نە وەزیر بوویت نە بەرپرس! تۆ، سەفیری شیعر بوویت لە مەملەکەتێکدا کە ناوی شیعریان نەبیستبوو تا بازانن شاعیر چییە و کێیە!
کاک شێرکۆ چەند ڕۆژێکە چاوچاومە! وەک دەستم قەڵەم ناگرێ بتلاوێنم و بتدوێنم، ئەژنۆشم ڕێ ناگرن بێمە پرسەکەت و خەمم لەگەڵ خۆمخۆرەکاندا تێکەڵ بکەم! من خەمی خۆم سەروزیادە و بەشی ئەوە دەکا بە سەر هەموو دیوانەکانتدا دابەشیان بکەم... خەمەکانی من بەشی ئەوە دەکەن بە سەر هەموو خۆمخۆرانتدا، لە ڕۆژی لەدایکبوونی هەمیشەیی و نەمریتدا دابەشیان بکەم!
ئەرێ دوا شیعرت چی بوو کردت بە تاجی سەری هەموو دیوانەکانت؟! بە داخەوە ئاگات لەوە نەماوە چ تاجێکت خستە سەر دیوانەکانت و پێت وا بوو هی تری بەدوادا دێ!! لۆمەی خۆت دەکەیت دەروازەی شیرت لە منداڵان داخستووە! نا، نا... خەمت نەبێ! تۆ بەو باغە شیعرەوە و بەو هەستە ناسکەوە، چۆن دەروازەی شیر لە منداڵی کورد دادەخەیت و چۆن قەبووڵ دەکەی داخرێ!
بنوو کاک شێرکۆ بنوو... لە ئامێزی ئەو خاکەدا بنوو، کە هەموو تەمەنت، هەر لە ئامێزیدا، هاوارت بۆ ئامێزی دەکرد!

کۆنگرەی نەتەوەیی



کۆنگرەی چی؟!... نەتەوەیی؟

تا ئێستا زۆر باسی کۆنگرەی نەتەوەیی کراوە بەڵام بە دەگمەن نەبێ، کەس نەیزانیوە خەم و پەیام و ئامانجی نەتەوەیی چین؟ ئیسلامییەکی توندڕەو، لەو بابەتانەی کوردی نەتەوەیی دەکەنە قوربانی تاکە پێڵاوی ئیماندارێکی ئەوسەری دنیا، داوا دەکا لە کۆنگرەی نەتەوەییدا ڕۆڵی هەبێ. چەپی توندڕەوی تیژ و تێژ، کە خاک و نەتەوە دەکاتە قوربانی بازووی بە بەردبووی یەکێ لەو کرێکارە کۆیلانەی کە بەشدارییان لە دروستکردنی ئەهەامەکانی میسردا کرد، دەیەوێ ئیمامی کۆنگرە بێ!. هەموو دەیانەوێ جڵەوی نەتەوە بگرنە دەست و بە کەیفی خۆیان، لە ناو خوێنی خۆیدا گێرەی پێ بکەن... فایلدار و کۆنە بەعسی و پیاوی موخابەراتی هەر چوار ئیقلیمی دنیا، لە سەر ئاڕاستەکردنی نەتەوەیەک کە هەزار و پێنج سەد ساڵە ژێردەستەیە و وەک سەرەتان خۆی، خۆی دەخوا، هەرایانە و مەسەلەش ئەوەیە ڕکێفی کوردایەتی و مرۆڤایەتی کورد لە دەستی عارەب و تورک و فارس دەرنەچێ!
ئەوانە کۆنگرەی نەتەوەیی دەبەستن کە دەروازە و سنوور لە ژن و منداڵی کوردی ڕۆژاوا دادەخەن تا بە ئاسانی ببنە کۆیلە و سەراری و (ماملکت ایمانهم)ی نەوەکانی ئەبوو جەهل و کەمتیارەکانی بیابان!
کەرەسەی کۆنگرەی نەتەوەیی هەمان ئەو کەرەسەیەیە کە بوو بە مامانی لەدایکبوونی ماددەی ١٤٠ و دەستبەرداری ناوچە داگیرکراوەکانی باشووری کوردستان بوو و هەمان ئەوەیە پەنجا ساڵە خەریکی گفتوگۆیە و تایبەتمەندی لە دۆڕاندنی گفتوگۆ و خاک و کەرامەتی کورد بەدەستهێناوە و لە دۆڕاندن بەردەوامە!! کۆنگرەی نەتەوەیی ئەوانە هەڵیدەسووڕێنن لەشکری عیراقیان دروست کردەوە و دەوڵەتی عیراقیان لە پارچەپارچەبوون دەرباز کرد و هەزاران گەنجی کوردیان شوێنبزر کرد. ئەوانەی خەریکی کۆنگرەی نەتەوەیین، هەر دوێنێ لە خەمی ئەوەدا بوون عیراق لە ژێر بەندی حەوتەمی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکەن تا بۆ گیانی کورد بەهێز بێ...
ئەو شیعرەم بیر دێتەوە کە لە پۆلی سێیەمی سەرەتایی دەمانخوێند، بەڵام نازانم شاعیرەکەی کێیە:
ڕۆژێ ما ڕێوی ئەهات دەم بە وێرد و سەڵاوات
دوایی ئەیوت بە ئاواز لەعنەتی خوا لە فێڵباز...
ئەوە نابێتە کۆنگرەی نەتەوەیی لە سێبەری کۆمپانیای نەوتدا ببەسترێ و فەرمان لە ئەنقەرەوە بۆ داخستنی سنووری ڕۆژاوا بێ و دەمودەست جێبەجێ بکرێ. ئەوە هەڵکەندنی گۆڕی نەتەوەییە و بێهیواکردنی سەرجەمی نەتەوەیەکە لە  خۆی و نەتەوەییەکانی. ئاخر من دەزانم لای دەسەڵاتی کوردی، نەتەوایەتی لە تلیاک قاچاغترە ئیتر کۆنگرەی نەتەوەیی چ واتایەکی دەمێنێ؟. پێنج ساڵە نەتەوەییەکان (بە تایبەتی لە کەرکووک) داوای بنکەیەک یا بارەگایەک یا هاوکارییەکی ماددی دەکەن تا برەو بە کەلەپووری کوردی و ئەدەبی نەتەوەیی بدەن و هەوڵێک بۆ ئەوە بدەن کەرکووک لە قوڕگی حەزیای ١٤٠ دەربێنن، کەس ئاوڕی لێیان نەدایەوە و ئەگەر ناوی ئەو بەڕێزانە بێنم کە ئامادەی هیچ هاوکارییەک نەبوون و هەندێکیان تەنانەت بواری یەک دیداریشیان نەدا، خوێنەری کورد سەرسام دەبێ! ئەوانە کۆنگرەی نەتەوەیی ئەنجام دەدەن؟! ئەوانە، ئەگەر خەریکی نەتەوایەتی کورد بن، ئەنجام ئەوە دەبێ دەڵەگورگە بۆرەکانی تورک بتەرەکێن!
نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێ کە هەر هەوڵێک بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی لە هەندەران درابێ، هەر ئەمانەی ئێستا پشتی ملیان بۆ نەتەوە دەخورێنن، تێکیان داوە چونکە ویستوویانە خۆیان، لە هەموو بوارێکدا کوێخا بن! ئەوانە لە هەر بوارێکدا لێهاتوو بن، لە بواری نەتەوایەتیدا کۆڵەوارن و هەر کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ئەوان سەرپەرشتی بکەن بۆ لەگۆڕنانی سەرجەمی نەتەوەکەمانە!
ئەرێ با نموونەیەەک بێنمەوە: کچی گوندێک مێردی کرد و بردیانە گوندێکی زۆر دوور. پاش چەند ساڵێک، خزمێکی ڕێی دەکەوێتە ئەو گوندە و دەچێتە ماڵی ئەو ئافرەتە. ئەویش پرسیاری خزموکەس و خەڵکی گوندەکەیان دەکا. کابرا دەڵێ: وەڵڵا هەموو شتێ باشە و بە دڵی تۆیە. فڵان مێردی کرد و فڵان باری کرد و ئەوی تر نازانم چی کرد... حەمەی براشت بۆتە کوێخا!
ئافرەتەکەش دەڵێ: ئەی قوڕ بە بان سەرم! بەو خوایە حەمە کوێخا بێ دێیەکەمان پیاوی تێدا نەماوە!!

söndag 4 augusti 2013

نووسینێکی شەش ساڵ بەر لە ئێستا



ڕۆژگار سەحەر بێ و نەسرین دینا بێ، كەركووكیش تەئمیمە!

گوتيان ماڵە كوردێك، كە كەڵەشێرێكيان دزرا، باوكەكە كوڕەكانی بانگ كرد و گوتي: "بڕۆن بە هەر نرخێك بێ ئەو كەڵەشێرە پەيدا بكەنەوە!" يەكێ لە كوڕەكان، بە گاڵتەپێكردنەوە گوتي: "حا، حا!.. چ قەوماوە؟ بزانە بۆ كەڵەشێرێك پياومان پێ ناكوژی!" پاش ماوەيەك مەڕێكيان دزرا، باوكەكە گوتي: "بڕۆن بە هەر نرخێك بێ ئەو مەڕە بيهێننەوە!" كوڕەكان، هەمان وەڵاميان دايەوە. پاش ماوەيەك يەكێ لە كوڕەكان كوژرا و براكەی هاتە لای باوكی و داوای لێ كرد ڕێنمايی بكا تا تۆڵەی براكەی بكاتەوە. باوكەكە گوتي: "كوڕی خۆم! ئەو ڕۆژە براكەت كوژرا، كە كەڵەشێرەكە دزرا و دەنگتان نەكرد! ئێستا چاكترين چارەسەر ئەوەيە سەری خۆتان هەڵگرن و بچنە شوێنێك، كەس نەتانناسێ و نەزانێ كەڵەشێرتان دزراوە و پەيداتان نەكردۆتەوە!"
دۆزينەوەی ڕۆژگار و نەسرين لە مەلهای فيرعەونەكان، كڕووزەيەكی وەهای بە دڵمدا هێنا، خۆش نابێتەوە. كە لێپرسراوان لێی بێ دەنگن و وەزيری شەهيد و ئەنفالی كورديش، كە بەخۆشی ئافرەتێكی كوردە و هێشتا بەر فرۆشتن و كڕين نەكەوتووە، دوای چەندين مانگ لە زانينی هەواڵەكە، ئاوها بە ساردی وەڵام دەداتەوە و ڕێكخراوی ژنانيش لێی بێ دەنگن، نوكتەيە! پێكەنين و گريان، لە بارودۆخی ئاوهادا تێكەڵ دەبن!. بەڵام چ سەرسامبوونی ناوێ. من دەمێكە ئەو گومانەم هەيە كە لێپرسراوان، دەستيان لە ئەنفالدا هەبووە و بە خۆيان پارەی ڕۆژگار و نەسرين و هەموو ئەو كيژانەيان وەرگرتووە كە فرۆشران! لێپرسراوان، هاوقەتاری كورد و شەريكەدزی بەعسن و چ هۆيەك بۆ ئەوە نەماوەتەوە خەتی جياكردنەوە لە نێوان ئەوان و بەعسدا، لە نێوان دەسەڵاتی ئەوان و دەسەڵاتی داگيركەردا دانێين! بەڵگە لە دوای بەڵگە ئاشكرا دەبن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەوە گەڵاڵە دەبێ كە لێپرسراوانی كورد پشكيان لە كۆمپانيايەكدا هەيە كە پێی دەگوترێ ئەنفال. لە كاتێكدا خەڵكی باشوری كوردستان نەوت و كارەبايان نييە، بە مليۆن دۆلار بۆ زەماوەندی كوڕە بەرپرس سەرف بكرێ گەمە نييە! هەر تاكە كەسێك بگری، لێپرسراوە بەرانبەر ماڵ و منداڵی خۆی تا كەس دەستدرێژی نەكاتە سەريان. ئەگەر ياسايەك هەبێ بەرگری بكا، باری سەرشانی لێپرسراوی خێزانەكەش سووك دەبێ. سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لێپرسراوە بەرانبەر ئەوانەی ڕۆژانە سەردەبڕدرێن و دەكوژرێن، تا دەگاتە هەر دەستدرێژييەكيش كە دەكرێتە سەر هەر كوردێك، بەو كيژە كوردە فرۆشراوانەشەوە! قەبوڵێتي؟ ئەمە پرسياری منە و ڕاشكاوانە ئاڕاستەی بەڕێزی دەكەم! من بم لە جێی ئەو، يا هەر ئێستا و زۆر بە پەلە و زۆر بە جددی خەمی سەحەر و دينا دەخۆم و دەيانكەمەوە بە ڕۆژگار و نەسرين، يا سەری خۆم هەڵدەگرم و دەست لە هەمو شتێكی كورد هەڵدەگرم و دەچمە جێيەك كەس نەمناسێ و نەزانێ ڕۆژگار و نەسرينم كراونەتە سەحەر و دينا و لە مەلهاكانی ميسر سووكايەتييان پێ دەكرێ. ئاخر كە سەحەرت پێ نەكرێتەوە ڕۆژگارە پاكژەكەی هەولێر و دينا نەكەيتەوە نەسرينە كوردە كەركووكييەكە، چۆن تەئميم دەكەيتەوە بە كەركووك و چۆن ئەو دڵە لە جێی خۆيدا دادەنێيتەوە كە پێشتر باست دەكرد؟
بە چنار سەعد ناوێرم. دەزانم بە (سودفە)ش بێ، بۆ بەرگريكردن لە خۆی، هەزار مەوسووعە و ئەنسكلۆبيديای ياسايی و ناياسايی دەپشكنێ تا تۆمەتبارم بكا و بمگەيەنێتە دادگا. بەڵام تاقەتی نييە بەرگری لە ئەنفال كراوەكان بكا، كە بە خێرێ وەزيريشيانە! هەر ئەوەندەی پێ دەڵێم: چنار خان تۆ كە منداڵی دوێنێيت و بۆنی شيری خاو دێ لە دەمت، ئەم جۆرە گەمانە كەی فێر بوويت؟
با يەكێتی ژنان و ئافرەتانيش بزانن كە كيژە ئەنفالكراوە فرۆشراوەكانيش وەك هەمووتان (ژن) و (ئافرەت)ی كوردن و مافی ئەوەيان هەيە كەرامەتيان بكڕدرێتەوە و كەرامەتيان، كەرامەتی نەتەوەيی هەموو كوردێكە. ئێوە، ئەركی سەر شانتانە خەميان بخۆن ئەگەرچی بۆ عەگالبەسەرێكی خاوەن سێ ژن بيانكەنە بووك! ئێوە يەكێتی ژنانی كوردن يا وەك كۆمۆنستە كارگەرەكان دەستەيەكی كاركردنن بۆ ئازادی سێكسي؟ هەر دەتوانن سەرمەقولات بەو ژنانە لێ بدەن، كە بە ديار بەچكەی خۆيان و چرايەكی كزەەوە كروشكەيان كردووە و چاوەڕوانی هاوسەری ماندوو و مردووی خۆيانن؟ ئاخر ئێوەش بەشێكن لە مەكينەی زەبەلاحی ئەنفال و تەعريب بۆيە خەمی ئەوەتان نييە كڕين و فرۆشتن لە سەر ئافرەتی كورد هەبێ! خۆ ئەوانە لە خێزانی بەرپرسان نين!
كاكە (فەرمان عەلي) ڕۆژنامەنووسيش، كە بە لای منەوە گرنگترين كاری لە جيهانی ڕۆژنامەوانی كورددا ئەنجام داوە، ئەگەرچی مافی خۆيەتی هەر نەبێ لە گەڕەكی تەعجيلی هەولێر پەيكەرێكی بۆ ساز بكرێ و مەداليای كڕينەوەی شەرەفی كوردی پێ بدرێ، بەڵام من خەمی ئەوەمە سزا بدرێ. ئاخر ئەو سنووری كاری لێپرسراوانی كوردی بەزاندووە و ئەوەی ئەوان دەيشارنەوە، ئەم ئاشكرای كردووە. با ئەو كوڕە كوردە دڵسۆزە، كە لە بری ئەوەی وەك كۆنە بەعسييەكان بچێتە تاقيبی گۆڕی عەبدولحەليم و فەريد ئەترەش، تاقيبی شەرەفی هەڕاجكراوی كوردی كردووە، باش بزانێ كە لە دەروازەيەكی گەش و شەرەفمەندانەوە چۆتە مێژووەی ڕۆژنامەوانی كوردييەوە و هەزار قەڵەمفرۆش، بە هەزار ساڵ، ناتوانن بگەنە پاينی ئەو پەيكەرەی كە ڕۆژێ لە ڕۆژان بۆی دەكرێ.

سەرنج: ١. وشەی ئافرەت، خزمايەتی لەگەڵ (ئافرۆديتە)ی يۆنانيدا هەيە، كە خوای زاوزێ بووە و چ پەيوەندی لەگەڵ (عەورەت)ی عارەبيدا نييە، وەك هەندێ نووسەری حيزبی بۆی دەچن! دراوسێتی يۆنان و كورد زۆر لە دراوسێتی عارەب و كورد كۆنترە و زمانە هند و ئوروپييەكان، كە كوردی يەكێكيانە، وشەی هاوبەشی لەو بابەتەيان گەلێ زۆرە. تەنانەت وشەی شوور و گۆل لە سويدی و كورديدا هەمان واتايان هەيە. ئەو ڕەوە مرۆڤايەتييانە نەبێ كە بەرەو ئەوروپا كراوون، كوردی و سويدی چ شتێك بە يەكەوەيان گرێ دەدا؟ وشەی ئەستێرەش لە زمانە هند و ئەوروپييەكاندا (س) و (ت)ی بە دوای يەكدا تێدان و يەك سەرچاوەيان هەيە.
٢. ئەم بابەتە، لە یەکێ لە ژمارەکانی ڕووداو بڵاو کراوەتەوە.

lördag 3 augusti 2013

پاڕانەوە لە خوای گەورە


      ...

ئەی خوای گەورە! هەر بە فەتوا، هەرچی هات و کوردی کوشت! عارەب کوشتی و فارس کوشتی و تورک کوشتی و هەندێ جار کورد خۆشی خۆی بە فەتوا کوشت. دەبینم هەرچی کوردی کوشت موسوڵمانە و فەتوادەریش بەرگاوبەرگی قورئانی لەبەرە و بۆ کوردکوشتن حەدیسیش دادەهێنن و  جیهاد النكاح لە زینا جیا دەکەنەوە! تیایاندا هەیە کورد دەکاتە قوربانی پێڵاوی موسوڵمانێکی ئەفریقی، وەک ئەوەی هێشتا کورد نەبووبێتە موسوڵمان و زمانی بۆ ئەوە بڕاوە سەربازێکی ئەمەریکا بکاتە قوربانی!
ئەی خوایە! نە جوو هات بۆ کوردکوشتن نە کەنیسە فەرمانی دا کورد بکوژرێ، نە ڕووس بە فەتوای ئیلحاد هاتە سەرمان، نە هیچ کام لەو شەڕخوازانەی لە قوئانەکەتدا باست کردوون ئازاریان پێ گەیاندووین... ئەمە فیرعەونە و ئەوە قەومی لووتە یا کەسوکارە یاخییەکەی نووحە یا شەیتان و دێودرنجی ڕەجمکراوە،  هیچیان بۆ کوردکوشتن نەهاتنە سەرمان و سەر و ماڵ و نامووسیان حەڵاڵ نەکردین! خوایە گیان دەمێکە کارێکت کردووە بڵێم: خوایە ئەم نەتەوە ژێردەستە غەدرلێکراوە لە شەڕی خۆی و شەڕی موسوڵمانان بپارێزە و شەڕی شەیتانیش لە سەر خۆی... تۆ بڵێی کارێکی وەها  بکەیت بڵێم: خوایە کورد لە ئیسلامیش بپارێزە!! 
خوایە گیان! جەوهەری بەرنامەکەت و ڕێی بەهەشتەکەت کوردکوشتن بوو؟! ئەرێ خوایە ئەوە چییە هەرچی حوشترەوانی بیابانە دەست بە شمشێر و دەم بە فەتوا، بە تەکبیرەوە دێنە سەرمان؟ بۆ وا بە ئاسانی فەتوای کوردکوشتن و ئابڕووبردنی کورد و داگیرکردنی خاکەکەمان دەدا؟! دەسا خوایە ئایەتێک... ئا ماژەیەک... نیشانەیەک!! من خەریکە بە هۆی کاردانەوەی ڕەفتاری موسوڵمانان و ئەخلاقی مەلای کوردەوە وەردەگەڕێم! خوایە کارێ بکە وەرنەگەڕێم!  فەتوام بۆ خۆم داوە حەج لە کورد حەرام بێ! کار وا بڕوا، ڕوکن لە دوای ڕوکن، هەموویان لە خۆم حەرام دەکەم!  ئاخر ئەوەندەم گوت: "الذين إذا اصابتهم مصيبة قالوا إنا للە و إنا إليە راجعون" و موسیبەتیش لە "إذا" و "اصابة" دەرچوو و وەک ڕێژنەی باران بە سەرماندا دادەکا، سەروبەری قورئانم بیر چووەوە!
خوایە گیان فریای ئەو میللەتە بکەوە با منیش وەرنەگەڕێم! خوایە گیان پێش هەموو کەس هیدایەتی مەلاکانمان بدەیت با ئەرکی خۆیان بزانن!!