...
ئەی خوای گەورە! هەر بە فەتوا، هەرچی هات و کوردی کوشت! عارەب کوشتی و فارس کوشتی و تورک کوشتی و هەندێ جار کورد خۆشی خۆی بە فەتوا کوشت. دەبینم هەرچی کوردی کوشت موسوڵمانە و فەتوادەریش بەرگاوبەرگی قورئانی لەبەرە و بۆ کوردکوشتن حەدیسیش دادەهێنن و جیهاد النكاح لە زینا جیا دەکەنەوە! تیایاندا هەیە کورد دەکاتە قوربانی پێڵاوی موسوڵمانێکی ئەفریقی، وەک ئەوەی هێشتا کورد نەبووبێتە موسوڵمان و زمانی بۆ ئەوە بڕاوە سەربازێکی ئەمەریکا بکاتە قوربانی!
ئەی خوایە! نە جوو هات بۆ
کوردکوشتن نە کەنیسە فەرمانی دا کورد بکوژرێ، نە ڕووس بە فەتوای ئیلحاد هاتە
سەرمان، نە هیچ کام لەو شەڕخوازانەی لە قوئانەکەتدا باست کردوون ئازاریان پێ
گەیاندووین... ئەمە فیرعەونە و ئەوە قەومی لووتە یا کەسوکارە یاخییەکەی نووحە یا
شەیتان و دێودرنجی ڕەجمکراوە، هیچیان بۆ کوردکوشتن نەهاتنە سەرمان و سەر و
ماڵ و نامووسیان حەڵاڵ نەکردین! خوایە گیان دەمێکە کارێکت کردووە بڵێم: خوایە ئەم
نەتەوە ژێردەستە غەدرلێکراوە لە شەڕی خۆی و شەڕی موسوڵمانان بپارێزە و شەڕی
شەیتانیش لە سەر خۆی... تۆ بڵێی کارێکی وەها بکەیت بڵێم: خوایە کورد لە
ئیسلامیش بپارێزە!!
خوایە گیان! جەوهەری بەرنامەکەت
و ڕێی بەهەشتەکەت کوردکوشتن بوو؟! ئەرێ خوایە ئەوە چییە هەرچی حوشترەوانی بیابانە دەست
بە شمشێر و دەم بە فەتوا، بە تەکبیرەوە دێنە سەرمان؟ بۆ وا بە ئاسانی فەتوای
کوردکوشتن و ئابڕووبردنی کورد و داگیرکردنی خاکەکەمان دەدا؟! دەسا خوایە ئایەتێک...
ئا ماژەیەک... نیشانەیەک!! من خەریکە بە هۆی کاردانەوەی ڕەفتاری موسوڵمانان و
ئەخلاقی مەلای کوردەوە وەردەگەڕێم! خوایە کارێ بکە وەرنەگەڕێم! فەتوام بۆ
خۆم داوە حەج لە کورد حەرام بێ! کار وا بڕوا، ڕوکن لە دوای ڕوکن، هەموویان لە خۆم
حەرام دەکەم! ئاخر ئەوەندەم گوت:
"الذين إذا اصابتهم مصيبة قالوا إنا للە و إنا إليە راجعون" و موسیبەتیش
لە "إذا" و "اصابة" دەرچوو و وەک ڕێژنەی باران بە سەرماندا
دادەکا، سەروبەری قورئانم بیر چووەوە!
خوایە گیان
فریای ئەو میللەتە بکەوە با منیش وەرنەگەڕێم! خوایە گیان پێش هەموو کەس هیدایەتی
مەلاکانمان بدەیت با ئەرکی خۆیان بزانن!!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar